Skip to Content

من.. شیعری نەوزاد مدحەت

من.. شیعری نەوزاد مدحەت

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 18, 2022 General, Poems

وەکوو دارێک بێ لق و پۆ
لە پەنای دارێک بە لق و پۆ
ڕاست وەستاوم
دوور دەڕوانم لەو شەپۆلانەی دڵی دەریا
لە دوورەوە شەپۆل دەدەن
بێ ماندووبون
شان لە شانی یەکتر دەسوون و
هوڕژم دێنن بەرەو کەنار.
ڕاست وەستاوم، بەبێ جوڵە، دوور دەڕوانم
وەکوو دارێک بێ لق و پۆ
بەڵام ڕەگی من و دارەکەی پەنا دەستم
زۆر لە مێژە لەناو دڵی ئەم زەویەدا
وەک تان و پۆ لێک ئاڵاون.

ڕاست وەستاوم، دوور دەڕووانم
ئاسمان هەتا چاو بڕکا شین
وەکوو کوژەکەی چاوەزاری گەردنی مناڵیم
زەوی تەخت
تۆکمە وەکوو ناو لەپی باوکم
بەبێدەنگی لەبن پێما ڕاکشاوە
شەپۆل دێت و بەسەر پێما دادەکەوێ و
پشتاو پشت بەڕێزەوە و بە ناکامی
بەرەو دڵی دەریا دەڕواتەوە
ئەو دەزانێ من ئاوێزانی
ئەم خاکەم و جارێکی تر بۆ دڵی ئەو ناگەڕێمەوە.

ئەو دەزانێت، من دەزانم
ئەو و دارەکەی پەنادەستم و
من و زەوی و خۆر
لە نیوە دێڕێکی شیعری ژیاندا
هەناسە بە ڕۆحی یەکدا دەکەین.
بەڵێ، من دەزانم ئەو دەزانێت
ئێمە هەموو لە دوڕەکەی دڵی ئەودا
هاتینە بوون.

٢٠/١٢/٢٠١٩

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish