
ڕادێوی کوبانی ڕۆڵە له‌دایکنه‌بووەکەم … بێریڤان جه‌مال حه‌مه سه‌عید
“ڕادێوی کوبانی”، یەکێک بوو لە فلیمە دۆکۆمێنتییەکانی ڤێستیڤالی جیهانی دووهه‌زار و شانزه له شاری ئه‌مستردامی پایته‌ختی هۆله‌ندا، کە به باشترین فلیمی دۆکۆمێنتی هۆله‌ندی هه‌لبژێردرا و خه‌ڵاتی پێبه‌خشرا. هەر لەو پەیوەنددا، ئه‌م فلیمه یانزه جار له هۆلی سینه‌ماکانی ئه‌مستردامدا، نمایش درا.
ئەم فلیمە لە دەرهێنانی ڕێبەر دۆسکییە (٤١ ساله) و بابەتەکەی لەسەر هێرشی داعشە بۆ داگیرکردنی کۆبانی و بەرەنگاربوونەوەی جەماوەری خەڵکەکەیەتی لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا و ڕزگارکردنی. له‌لایه‌ک سیمای دیمه‌نی دڵته‌زێنی شارێکی وێران و کاولکراو پیشان دەدات، که چۆن لاشەی شێواو و پارچه پارچه کراو له‌ناو داروپه‌ردووی ئەم شارە وێرانەدا به شۆفل ده‌رده‌هێنرێن، له‌لایه‌کی تریشەوە، هێزو توانای لەبننەهاتووی دانیشتوانی بەیان دەکات، کە چۆن زاڵ دەبن بەسەر ئه‌م بارودۆخه پڕکارەساتە و چ هەوڵ و کۆششێکی پڕزەحمەت دەدن بۆ دەستپێکردنەوە ژیان و ئاوەدانکردنەوە‌ی شارەکە لەپاش ئەم هێرشە.
له دیمانەیەکدا بۆ ئاوێنه، ڕێبه‌ر دۆسکی ئاماژه بەوە دەکات، “که ده‌یه‌وێت لەڕێگای ئەم فلیمەوە، کۆبانی لە دوای کاره‌ساتی جه‌نگ به جیهان بناسێنیت، جێگەیەک کە لەکاتی ڕوودانی جەنگەکەدا، تەواوی زۆمی کامێراکانی جیهان ڕووی تێکردبوو، سات بەسات ڕووماڵی ڕووداوە پڕ تراجیدییەکانی دەکرد، کەچی کۆبانی دوای جەنگ، کاتێک کە خەڵکەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوە‌ی پێویستی بەوپەڕی هاوکارییە، کامێرەکان باریان کردووە و جیهان لێی بێئاگایە.”
کچێکی گەنجی کوردی تەمەن بیست و دوو ساڵ، دیڵۆڤان کۆکیی هه‌واڵنێر و بێژه‌ری وێستگه‌ی ڕادێوی کۆبانی له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کیدا پرۆگرامه‌کانی پێشکه‌ش ده‌کات. ‘ڕادیوی کۆبانی’ لە زمانی ئەم بێژەرەوە، هەواڵی ڕووداوەکانی ڕۆژانەی شەڕ، پێشڕەوی جه‌نگاوه‌رانی کوبانی، هەلومەرجی ژیانی ئاواره‌کان، خەڵک و جەنگاوەران دەڵێن چی، بڵاو ده‌کاته‌وه و جیهانی لێ‌ئاگادار دەکاتەوە و هەروەها لەگەڵ موزیک. لەپاش جەنگیش ‘ڕادێو کۆبانی’ ڕۆلی خۆی دەگێڕێت له ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌که و دەبێتە هۆکارێکی ئەرێنی بۆ یەکڕیزی وسەرەتای دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ خەڵكەکەی.
دۆسكی له چاوپێکه‌وتنه‌کەیدا ده‌ڵیت: “له‌م فلیمه دکومێنتییەدا، ژن کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کییە، ژن لەناو جه‌نگ، ژن لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی بەرگریدایە لەبەرامبەر شاڵاوی سوپایەکی دڕەندە، هەروەها ژن لە ڕێزی پێشەوەی خەباتی یەکسانیخوازیدایە لەبەرامبەر کەلتووری پیاوسالاری. بەرگری لە باژێڕی کوبانی، ئیتر به‌ته‌نیا کاری پیاوه جوامیر و ئازاکانی گه‌ل نییه. به‌ڵکوو هاوکات و هاوشان، ئەرکی ژنە دلێر و نه‌به‌ردەکانیشە.
ژنانی چەکبەدەستی کوبانی بوون بە سیمبول، سیمبولێک کە هەموو ژنانی کۆمه‌ڵگایەکی پیاوسالاری لە وڵاتانی خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست، چاویان لێیەتی.”
دیڵۆڤانی کۆکیی بێژەر خەیاڵی لەلای منداڵە لەدایکنەبووەکەیەتی، بەو وشانەی کە بوون بە وشەی سەردەم، نامەی بۆ دەنووسێت و له پرۆگرامی ڕادێوکەیدا ده‌یخوێنێته‌وه. چیرۆکی جه‌نگاوه‌ران و شەڕی خوێناوی کۆڵان بە کۆڵانی داعشی بۆ باس ده‌کات. لێره‌دا دیڵۆڤان دەبێت بە دیڵۆڤانی تەواو، ده‌روونی پڕ له ناسۆر و برینداری خۆی، یاده‌وەرییە پڕئازاراوییەکانی و هه‌ستی مرۆڤدۆستی به جوانییەکی بێوێنە و زمانپاراوانە ده‌رده‌بڕێت. ده‌نگی هێمن و ماتی، گۆمێکه پر له ئازار و حه‌سره‌ت، هاوکات هه‌ر هه‌مان ده‌نگه که ئومیدبه‌خش و کۆڵنه‌ده‌رە. پێده‌چێت له‌و رێگایەوە بیه‌وێت زاڵ بێت به سه‌ر بارودۆخەکەدا، ئەمەش پرۆسه‌ی هێوربوونەوەی خۆیه‌تی، له یه‌ک کاتدا خۆی تیغه و خۆشی برینه، ده‌روونبرینداره و ساڕێژی برینی خۆشی ده‌کات … له پرۆگرامه‌که‌یدا ڕابوردووی خۆی، مێژووی شاره‌که‌ی و چیرۆکی ڕادێوی کوبانی بۆ ڕۆڵه له‌دایکنه‌بووه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه:
“ڕۆڵه‌ی من! ڕۆڵە له‌دایکنه‌بووەکەم! له پانزه‌ی ئه‌یلولی دوو هه‌زار و چوارده‌دا، داعشی چه‌ته، وه‌ک په‌ڵه هه‌وڕێکی ڕه‌ش، کەوتنە گیانی شارەکەم، ده‌ستی چه‌په‌ڵیان بۆ درێژکردین، هه‌زارانیان لێئاواره کردین. براکه‌م و باوکم له‌گەڵ هەزاران برا و باوکی تر له به‌ره‌کانی جه‌نگدان.
“ئه‌م چیرۆکه، چیرۆکی من و سه‌دانی وه‌کو منه، هاورێی منداڵیم شیرین حه‌سه‌ن له جه‌نگی بەرگری کوبانیدا، که‌وته ده‌ست تیرۆریسته‌کانی داعش، سه‌ریان په‌ڕاند و له مه‌یدانی جرابلس Jarablus هه‌ڵیانواسی، ئیتر له‌و رۆژه‌وه مرۆڤایه‌تی بۆ من مرد و نه‌ما، پێکه‌نینی ئه‌و، چاوه‌کانی، قژه جوانه‌که‌ی … من و شیرین به‌لێنمان به یه‌کتری دابوو، کە کوبانی ئازاد کرا، بۆ چاوبڕكێ له‌گه‌ڵ کوڕان بچین بۆ پارکی شار”
“ڕۆڵه‌کەم! گه‌ر بێته دنیاوه، هه‌نگاو به هه‌نگای خاکی من، دڵۆپی خوێنی هاورێی منی به سه‌ره‌وه‌یه … ڕۆڵه‌که‌م ئومێد ده‌که‌م ژیانی تۆ له‌م جیهاندا، پڕ خۆشی و شادی بێت” .
هه‌ر چه‌نده شاره‌که وێرانه و که‌لاوه‌یه، دیڵۆڤان له‌ناو ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا گه‌شبینه و بیر له داهاتوو ده‌کاته‌وه. له‌گه‌ڵ کچێکی تری هاوڕێی سه‌ردانی پارک ده‌کات، له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه‌ی که ئاشقی یه‌کتر بوون، ژیانی هاوسه‌رگیری پێکدەهێنێت.
هه‌ر وه‌کو ئەوەی ڕێبەر ده‌ڵێت: “له‌م فلیمە دۆکۆمێنتییه‌دا، دیوێکی تر وێنه‌ی مرۆڤ دەبینین. چاومان بە مرۆڤێک دەکەوێت لە کۆمه‌ڵگا‌یەکدا، که له‌وپه‌ڕی سته‌مدیده‌ییشدا هه‌ستی متمانه به‌خۆبوونی نه‌دۆڕاندووه و بڕوای ته‌واوی به خۆی و ئیراده‌ی پۆڵایینی خۆی، به خه‌ون و تواناکانی و به خه‌بات و تێکۆشانی خۆی هه‌یه.”
ڕێبه‌ر دۆسکی، جیا له‌م به‌رهه‌مه، چه‌ند به‌رهه‌مێکی تری هەیە:
mijn geluk in auschwitz(2012)،
lokroep(2013)
4Ever(2014)
One happy day (2015)
Paardenkracht(2015)
The Sniper of Kobani(2015)
Yezidi Girls(2016)
Meryem de Commmandante (2016)