Skip to Content

پاسوێردی ژیان.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

پاسوێردی ژیان.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2022 General, Literature

پاسوێردی سەرسام “ژیانی پاک” ئەم کۆدانەی هەبوو: قەت مەکوژە، زینا مەکە، مەخۆوە، خیانەت مەکە، لەسەرووی هەمووشیانەوە، هەردەم ڕاستگۆ بە.
لە ٢٠٠٥ لە هەولێر لەبەردەمی دادوەر ئەم پاسوێردەی لە نێو دڵی دانا دوای ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ ئاوات واژۆ کرد.
پێش ئەوەی بچنە دادگە، دەست لەناو دەست لە پارێزگەی هەولێر هاتنە دەرەوە، پێدەکەنین بەوەی لەوێ ڕووی دا.
لەناو پارێزگە، بۆ واژۆیەکی ئەفسەرێک سەعاتێک لەبەردەمی ژوورەکەی چاوەڕێیان کرد. پۆلیسێک لێیان نێزیک بۆوە، دەستی لەسەر دەمانچەکەی دانابوو، دەتگوت مەدالیەیە بە لاقونێکیدا شۆڕ بووەتەوە، پێی گوتن، “ئێرە قەحپەخانە نییە، دەستت لەسەر شانی لابە.”
سەرسام بۆ خۆی ئیمانی لە چاوەڕێکردنەکە و گەرماکە نەما بوو، دوو هەنگاو لە پۆلیسەکە چووە پێشێ و گوتی، “یەکەم، هیچ پەیوەندی بەتو نییە. دووەم، جوان نییە لۆ پۆلیسێک ئەم وشە بەکار بینی لە پێش ئافرەتێک.”
پۆلیسەکە تەریق نەبۆوە، بزەیەکی کرد. پیاوی ئەوە بوو لەم جۆرە دەرفەتانەدا دەسەڵاتی خۆی بجەڕبێنێت. “خۆ ئەمە گەواد نینە کاکە، لەبەر چاوی من یەکترتان ماچ دەکرد.”
بوختانەکە بەرچاوی سەرسامی تاریک کرد. ” وکی سەی درۆی دەکەی. با واش بی، هیچ پەیوەندی بەتو نییە. ئەمە ژن و مێردین.”
ئەفسەرێکی ورگەستور لە ژوورەکەی هاتە دەرێ و گۆتییە پۆلیس و سەرسام ئەو هەرایەیان لە چییە. سەرسام بۆی ڕوون کردەوە ئەوان چاوەڕێی وی دەکەن و پۆلیسەکەش شەڕیان پێ دەفرۆشێت. ئەفسەرەکە لە پۆلیسەکەی خوڕییەوە و ئەویش وەک ڕێوی کلکی لە پاشەڵی نا و کشاوە. پاشان ئەفسەرەکە فەرمووی ژوورەکەی لێ کردن و ئیشەکەی ڕواند.


دادگەی هەولێر، بینایەکی کۆنی بێزراو، کەوتبووە نێوان دەرگەی ڕۆژئاوای قەڵا و هوتێل هەولێر. سەرسام بەنابەدڵی تەلەفۆنەکەی دانا لە پرسگە. پۆلیس جگەرەیەکی بەلا لێوی، تەفتیشێکی سەرپێی کرد. ئاواتیش چووە لای پرسگەی ئافرەتان، ژوورێکی بچووک، بۆنی سەگی تۆپیوی لێ دەهات.
لە نهۆمی دووەم، لەبەردەمی ژووری ٢٢١، هۆردووکیان چوونە کۆتایی سڕەکە. چاوەڕێکردنەکە بڕستی لێ بڕین.
“هەموو دنیا بە لایەک، ئەتووش بە لایەک، ئەم چاوەڕێکردن و ناخۆشییانە هیچ نین، هەر تێدەپەڕن،” سەرسام دەستی ئاواتی ماچ کرد و وای پێ گوت.
لە سڕە درێژەکەدا، سەرسام تەماشای کەپڵەکانی پێش خۆیانی دەکرد. مکیاژی ئافرەتەکان، کە هەموویان حیجاب بوون، شل ببۆوە. پیاوەکانیش لە نێو قاتە ڕەشەکانیاندا ئارەقەی ڕەش و شینیان کردبوو.
“لەو کەپڵانە تێناگەم ،” بە سەبری بە ئاواتی گوت. “تەماشای چارەیان بکە، لۆ ئەوەندە ماتن؟ لەو ڕۆژە خۆشەی دەبی هەر هیچ نەبی دەویان بە خەندە بی.”
“ئەی ئەو جلە گەرمانە؟” ئاوات هاوڕای بوو. “سەیر کە، هەر ئافرەتە و برایەکی لەگەڵ خۆی هێناوە، وەک حەرەس شەخسی. ئەی ئەوە نییە مێردی خۆیانیان لەگەڵدایە؟”
سەرسام لە نێو پانتۆڵێکی ڕەساسی ئاچوغ و تیشێرتێکی نارنجی، ئاواتیش، پانتۆڵێکی سپی و تیشێرتێکی فستقی، بووبوونە موگناتیس و بە چاوی پیاوانی نێو سڕەکەدا نووسابوون.
دوای دوو سەعات، فایلیان لەبەردەمی دادوەرێکی پیری کەچەڵ دانا. هێڕ هێڕ، بۆنی ڤۆدکای لێ دەهات.


لە سفرەوە دەستیان پێ کرد. سەرسام ڕۆژنامەوانێکی فریلانس و ئاواتیش بەرنامەیەکی تەرفیهی هەبوو لە کەناڵێک. بۆ پێشەکیی خانوو و تڕومبێل پارەیان قەرز کرد و مانگانە دەیان داوە.
بڕیاریان دا جارێ منداڵیان نەبێت، هەر هیچ نەبێ، سێ ساڵی یەکەم تا تام لە ژیانیان بکەن. بەس خەڵک بێزاری دەکردن بەم قسە و پرسیارانە: منداڵتان هەیە؟ بۆ نا؟ ئێستە نەتانبێت، دواتر نەزۆک دەبن؛ ژیان بە منداڵانەوە خۆشە؛ هەر منداڵێک ڕسقی لەگەڵ خۆیدایە.
دوای ساڵێک، دێبابی هۆردوو لا تەنگاو بوون. پێشنیازیان کرد بچنە لای دکتۆر. هێندەی نەبرد دەنگۆی نەزۆکی ئاوات بڵاو بۆوە. خەڵک دەیانگوت ئاوات منداڵی نابێت. باوکی سەرسام بە بن گوێی دادا ژنی دووەم بێنێت بۆ منداڵ. دایکی ئاوات دڵی هەر ئەوەتە شەق نەدەبوو لە حەژمەتان.
“دەبێ بەهێز بین و گوێ بە تەداخولاتی ئەملا و ئەولا نەدەین،” ئاوات بە سەرسامی گوت. “بەس ئەوەندە ماوە بپرسن هەفتەی چەند جار گان دەکەین.”
سەرسام سەری لەقاند و پاشان دەستی ماچ کرد.
لە یەکەم ساڵیادی هاوسەرگیرییاندا، لە لای وێنەگرێک هەندێ وێنەیان بە جلی کوردییەوە گرت. ئاوات کراسێکی ڕەش و کەوایەکی زەرد، سەرسام کورتەک و شەرواڵێکی سەوزباو. پاشان چوونە چێشتخانەیەک بۆ نانی ئێوارە.
“کاتی هاتییە.”
“هی چی بە ساقە؟” ئاوات پرسی.
“منداڵ.”
ئاوات بزەیەکی کرد. “ناکا بتەوێ پەیمانەکەمان بشکێنی؟ گوتم گوێ بە خەڵك مەدە.”
“نا، مەسەلە خەڵك نییە، ئەمنم. ئەمن منداڵم دەوێ.”
ئەو شەوە گەمارۆی سەر مەنعی خاریجیان لادا. ئاواتیش حەزی دەکرد لە ژێر فشاری خەڵک دەربازی بێت.


لە زەردەپەڕێکی ساردی ڕۆژێکی پاییزدا، چەند خولەکێک پێش ئاوابوونی خۆر، ئاوات بە پەلە چووە سەر مەغسەل و ڕشایەوە. سەرسام بەپەلە گەیاندییە عیادەیەک. میوانەکانیان بەجێ هێشت. سێ ئامۆزای ئاوات هاتبوونە ماڵیان. پێش ئەوەی ئاوات تێکچێت،پێی گوتبوو، “شانست هەیە. بۆ خۆت کوڕێکی چاکت دەست کەوتووە.”
“پیرۆزە.” دوای سەیرکردنی پشکنینەکان، دکتۆر مزگێنی پێیان دا. ئاوات سوور هەڵگەڕا و سەرسامیش دەمی وێک نەدەکەوتەوە. لەم ساتەدا، هۆردووکیان شاگەشکە و شاناز بوون.
ئاوات لەو جۆرە ئافرەتانە بوو زۆر تێکدەچوو بە سکپڕی. نەیتوانی لە کارەکەی بەردەوام بێت. نۆ مانگان سەرسام خزمەتی کرد لە ماڵەوە. سۆز و لاواندنەوەی سەرسام بووبووە بنێشتە خۆشکەی سەر زاری خەڵك. چۆن هەموو دەمێ ئاگای لێیەتی و هەرچی بیەوێت ناڵێ نا. دەر و دراوسێ سەرسام بووبوون بە سەرسام. دایکی ئاوات پێشنیازی کرد دوو مەڕ بکەنە قوربانی تا لە چاوی پیس بەدوور بن.
مەدح و سەنای سەرسام لەلایەن خەڵکی چەندان مانگی خایاند.
“هەر بەڕاست ئەم خەڵکە بۆ واز ناهێنن لەو مەدحکردنەی تۆ؟” شەوێکیان لەسەر جێ ئاوات لە سەرسامی پرسی. “شانازیت پێوە دەکەم، بەس سیحری ئەم سەرسامبوونەی خەڵک بەتۆوە چییە؟”
سەرسام سکە پێنج مانگییەکەی ماچ کرد و گوتی، “لەبەر پاسوێردی ژیانمە.”
سەرسام پاسوێردەکەی بۆ ئاشکرا کرد. ئاوات ماچی لا ڕوومەتی کرد و پرسی بۆچی تا ئێستە ئەم پاسوێردەی لێی شاردووەتەوە. بۆیە پێی دەڵێن پاسوێرد، سەرسام گوتی، نابێ کەس بیزانێ.
شەوێکیان سەعات سێی شەو ئاوات چووە سەر ئاو و کیسە ئاوی تەقی.
“دیارە یەکەم مندارتانە؟” لە نەخۆشخانە، یەک لە سیستەرەکان لە سەرسامی پرسی.
دەموچاوی ئاگری لێ دەباری، سەرسام پێی گوت هۆشی لای ئیشەکەی بێت.
“بەدی ئەوە یەکەم مندارتانە، لۆیە هەندە تەنگاوی،” سیستەرەکە گوتی. “هەندە گێ مەدێ، ئینشاڵا سەلامەت دەبی.”
بۆنی قاوشەکان و ژوورەکە نەک سەرسام، کەریشیان دەتۆپاند. دکتۆری هێشکگر لەوێ نەبوو. سیستەرەکان لەبەر حریتە حریت ئاگایان لە ئاوات بڕا بوو. سەرسام بڕیاری دا ئاوات بباتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت.
ئاوات پێی گران بوو، گوتی ئەم تایبەتانە خەڵک دەبڕێننەوە.
“تەندروستی تۆ هەموو دنیای دەینی.” سەرسام دڵی داوە.
کاتێ دایکی سەرسام زانی چی ڕووی داوە لە نەخۆشخانە حکوومییەکە، پێی گوت، ” دەویانت چەور کردبا، هەموو ئیشەکیان لۆ دەکردی.”


بە ئیشی فریلانس پێڕانەدەگیشت. دوای شەش مانگ، سەرسام لە کەناڵێکی تەلەفزیۆن بووە دایمی، موچەکەی باش بوو. هێندەی نەبرد لەگەڵ گروپێک ناردیانە هۆڵەندا بۆ ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی. دڵداری کوڕیان ئەو کاتە هەشت مانگان بوو. ئاوات ڕێی دا. هەردەم گاڵتەی بەو ژنانە دەهات کە ڕێیان بە مێردیان نەدەدا لە پێستی خۆیان بجووڵێنەوە. سەرسامی دڵنیا کردەوە ئەوان هیچ گرفتیان نابێت.
کەسوکاری هۆردوو لا ناقایل بوون. بەڵام گوێیان بەم قسانەیان نەدان: چۆن ژنێکی گەنج و جوان و منداڵێکی بچووک بە تەنیا جێ دەهێڵی؟ بۆ لەگەڵ خۆتیان نابەی؟ چ ژنێک ئەوە قەبول دەکات مێردەکەی لە هۆڵەندا کیرم کیرم بسوڕێتەوە؟ دیارە ئاوات نازانێت لەوێ ژن و پیاو لەناو جادەی سواری یەک دەبن؟
بێ ئاگا لە پاسوێردی سەرسام، دەر و دراوسێ گرەویان دەکرد کە هەر مانگی یەکەم سەرسام خیانەتی لێ دەکات.
شەوێ، ئاوات بردییە فڕۆکەخانە، ماچی کرد و ماڵئاوایی لێ کرد. یەک فرمێسکیشی نەڕشت. بۆ ماوەی دوو مانگ، هەموو شەوێ لە ئەمستردامڕا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دەکردن.
دوای تەواوبوونی خولەکە و گەڕانەوەی بۆ هەولێر، سەرسام کرا بە بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ. مووچەکەی سێ ئەوەندە زیاد کرا و تڕومبێلێکی ئاخر مۆدیلیشی پێ درا. ئاوات زانی ڕێپێدانی سەرسام بۆ هۆڵەندا بەلاش نەبوو.
سەری بە مێردەکەی بەرز بوو. هاوڕێیانی لە کار دڵخۆش بوون بە لێهاتوویی سەرسام. بەڵام سەرسام لە ناخەوە جێی پێ جێ نەبوو.
ئەوانەی لەگەڵ ئەو چووبوون بۆ هۆڵەندا، بە ژن و بێ ژن، داستانەکانی خۆیان بە شانازییەوە دەگێڕایەوە بۆ هاوڕێکانیان. شەوانە لەوێ چییان کردووە. سەرسام هەستی دەکرد، تاوانی ئەو لە هیی ئەوان گەورەترە.


دوای ماوەیەک، کەناڵەکەی سەرسام بووە باشترین کەناڵی هەواڵ. ئاهەنگێکیان بۆ ئەوە ساز کرد. نووسیار و پەیامنێران کۆ بوونەوە و پێکی ڤۆدکا و جن و وێسکیان بە خۆشی سەرکەوتنەکەیان نۆش کرد.
سەرسامیش.
درەنگی شەو بە سەرخۆشی لە دەرگەی دا. کاتێ ئاوات دەرگەکەی کردەوە، نەیناسییەوە. بووبووە عارەبانە، سەرسام بە لاکەلاک چووە حەمام و ڕشایەوە. ئاوات باواڕی نەدەکرد ئەوە سەرسامەکەیەتی. بۆنی مەشڕوب، بۆنی ڕشانەوە و خەفەتی سەرسام وایان لە ئاوات کرد هێڵنجی بێتێ.
لە حەمامەکە، دوای ڕشانەوە، سەرسام کەوتە سەر زەوی. ئاوات دووشەکەی کردەوە. سەرسام ورتەیەکی لێوە هات، دەیگوت، “ئای باران، ئای باران.”
ئاوات چی تر نەیتوانی فرمێسکەکانی دیل بکات.
دوای چەند خولەکێک لە ژێر ئاوە ساردەکە سەرسام تۆزێک ئایەخ بوو. ئاوات جلەکانی داکەند و خستییە سەر چیچکان و هەندێ سابونی لە لەش و دەموچاوی دا. سکی پڕی قسە بوو بەڵام لە سوێی مێردەکەی هیچی پێ گۆ نەدەکرا. خاولییەکەی تێ وەرپێچاو و بردییە سەر جێ.
ئاوات چۆوە حەمامەکە و یەک بەخۆی قیژاندی. قیژەکە هەناوی تۆزێک هێور کردەوە. لەبەردەم دووشەکە بیری بۆ ئەوە چوو کە لە هۆڵەندا فێری خواردنەوە بووە. دەبێ چی تری کردبێ؟
ڕۆژی پاشتر، سەرسام بە تۆپ و تەیارە قیت نەدەبۆوە. ئاوات چەندان شەقی لە ڕوومەتی دا هەتا لە خەوێی هەستاند. سەرسامێکی تر بوو. سەرسامی ئاوات سبەینان سەعات پێنج لە خەو هەڵدەستا، نوێژی بە جەماعەت دەکرد لە مزگەوت، کە دەهاتەوە نانی ئامادە دەکرد، ئەوجا ئاوات و دڵداری هەڵدەستاند.
چاوەکانی هەرپڕوشکاند، هەستی دەکرد یەک شاخ لەسەر شانیەتی. سەریشی قورس قورس. نە “بەیانی باش”، نە گۆرانیگوتن، نە لاواندنەوەی ئاوات،هیچ. بەزۆری خۆی گەیاندە حەمامەکە. لە ژێر دووشەکە، هەستی تاوان و پەشیمانی هێرشیان بۆ هێنا. هیچی پێ نەما، گریان نەبێ.
تووڕەیی هەناوی ئاواتی دەهەژاند. چاوەکانی بووبوونە گۆمی خوێن. خاولی بۆ نەبرد، ماچی نەکرد، هەر بەلاشیدا نەچوو. بە کڕی سفرەی داخست بۆ نانی بەیانی. لە ڕکی سەرسام هێلکەی وەک جاران نەکوڵاند، لە ڕۆنی کرد، وەک جاران تەحین و دۆشاوی تێکەڵ نەکرد، بە جیا داینا، وەک جاران زەیتونی بۆ دانەنا. نانەکەشی هێندە تەڕ کرد، سەرسام پێی نەخورێ، حەزی لە نانی نەرم نەبوو.
لەسەر سفرەکە دانیشت. دەستی کرد بە قسەی خۆش و گاڵتە. “چۆنی گوڵەکەم.” ئاوات چی تر خۆی پێ نەگیرا و دەمی لێ بۆوە، “وا تەسەڕوف دەکەی دوێنێ شەو هیچ نەبووبێ. ئەزانی دوێنێ پیاوێکی بێ پاسوێردم بینی.” سەرسام زەردەخەنەی نەما، وشک هەڵگەڕا. دەتگوت سیمی قاپان لەناو دەمیەتی.ئاوات بەردەوام بوو، “خوا ئەزانێ چی ترت کردووە لە هۆڵەندا.”
هەرچی لە دڵیدا بوو پێی گوت. ئەو دەمەی ئاوات قسەی دەکرد، سەرسام بیری هەر لە هۆڵەندا بوو، هێندەی خەمی بەوێ دەخوارد، هێندە دوێنێ شەوی لا گرنگ نەبوو.
هاوسەرەکەی لەپڕ لە قسەکردن وەستا. تەنیا دەنگی دوو شت دەهات: جریوەی چۆلەکە و هەنسکی ئاوات.
سەری داخست، گریانی قوت دایەوە و دەنگی هەڵێنا، “شتەکە ئەوهاش نییە وا گەورەت کردییە.” ئاوات یەکسەر نەڕاندی بەسەریدا. کوڕەکەیان هەستا لە خەو و دەستی کرد بە گریان. ئاوات خێرا فرمێسکەکانی خۆی سڕی و چوو منداڵەکەی هێنایە لای خۆی. بۆ یەکەم جار بەبێ دەنگی نانیان خوارد. بۆ یەکەم جار سەرسام یاری لەگەڵ دڵداردا نەکرد و ڕۆیشت.
بۆ ماوەی دوو هەفتە تەنیا ئەو کاتانە قسەیان لەگەڵ یەکدا دەکرد کە دڵدار لایان با. لەبەردەمی خەڵکیش دوو ئەکتەری باش بوون، کەس هەستی بەوە نەدەکرد درز کەوتووەتە نێوانیان. سەرسام بە دەیان جار داوای لێبوردنی کرد. ئاواتیش بیری کردەوە سەرسام شایەنی هەلێکی ترە. “بەو مەرجەی دەتبورم بەلای مەشڕوبدا نەچی جارێکی تر.”
بەڵێنی پێ دا.


چوار ساڵ دوای بەڵێنەکە، ئێوارەیەک، خۆر مەستانە ڕەنگەکانی ئاسمانی تێکەڵ کردبوو، ژانێکی لەناکاو ئاواتی خست. سەرسام هێشتا چاکەتەکەی دانەکەندبوو، بەپەلە گەیاندییە لای دکتۆر.
تاریکی ڕەنگەکانی ئاسمانی داپۆشی. لە شەقامی پزیشکان سەرسام سەری بە عەمودێک کردبوو، خنکابوو لەنێو بیرەکانی. سەرکۆنەی خۆی دەکرد، ویژدانی ئازاری دەدا. بیری لە کاردانەوەی ئاوات دەکردەوە، بێو بیزانیبا ئەو بە نهێنی دەخواتەوە. کاتێ ئاوات دەستی لەسەر شانی دانا، سەرسام یەک بەخۆی لە خۆی هەڵدا. سیمای ئاوات باش نەبوو. سەرسام پرسی، “چ بوو، فەحسەکان باش بوون؟” نەیزانی بڵێ چی. بێدەنگی چەند چرکەیەکی لێک دوور کردنەوە، پاشان بە دەنگێکی نووساو گوتی، “دووگیانم.” دڵی خێرا لێی دا، چاوەڕێی کاردانەوەی سەرسامی دەکرد. خۆ پلانی منداڵی دووەمیان نەبوو.
سەرسام چاوەکانی داخست، دەستەکانی خستە پشت سەری، ویستی لەو بازاڕە جەنجاڵەدا یەک بەخۆی هاوار بکات، بەس خۆی خواردەوە. پشتی تێ کرد، بە هەنجەت بوو بکەوێتە سەر یەکێک بە کۆڵەمستان. شوفێرێک هۆڕنێکی لێ دا، هیی لۆری بەستا بوو. سەرسام پێیدا تەقییەوە، هەزار جوێن بە فلسەکی. ئاوات حەپەسا، ئەوە قەت سەرسام نەبوو بەم شێوەیە جوێن بدات.
دوای ئەوەی وەک دەبدەبە فش بۆوە، بە ئاواتی گوت، “با بڕۆین.”
دوو مەتر لە پێش ئاوات دەڕۆیشت. بۆ جاری یەکەم بوو لە تەک یەکدا نەڕۆن. تاقەتی دوو منداڵی نەبوو، پێی وابوو دڵدار سەروزیادیان بوو.
لەنێو تڕومبێل پێی گوت لای کەس باسی نەکات. ئاوات گوتی کە سکی گەورە بێت ناتوانێت بیشارێتەوە. بە تۆنێکی دوژمنکارانە پێی گوت بەیانی قسە لەگەڵ دکتۆرێک دەکات بۆ لەباربردنی. ئاوات بەمە داڕما، بەس بێدەنگی هەڵبژارد.
ڕێ هێندە قەرەباڵغ بوو نیو سەعاتیان پێ چوو تا گەیشتنەوە ماڵی خەسووی. لەم ماوەیە یەک قسەشیان نەکرد. ئاوات بە دایکی گوت لە عیادە بوون بۆ پشکنینێکی ئاسایی. سەرسام مڕومۆچ بوو، نانی نەخوارد، قسەی نەدەکرد. هێندەی نەبرد، سەرسام دەستی کوڕەکەی گرت و ڕۆیشت، ئاوات بەدوایدا چوو. دایکی زانی پشکنینێکی ئاسایی نەبووە.
ڕۆژی پاشتر سەرسام تەلەفۆنی بۆ هاوڕێیەکی کرد سەیدەلیەی هەبوو. لێی پرسی هیچ دکتۆرێک پێ نازانێت بۆ لەباربردن. برادەرەکەی گوتی دکتۆر ناوێرن بیکەن، ئەگەر تازەیە ئەو دەتوانێت هەندێ حەبی لەباربردنی بداتێ. دوای تەواوبوونی دەوامی چووە لای هاوڕێکەی و حەبەکانی هێنا. تا گەیشتەوە ماڵ ویژدانی ئازاری دەدا: ئەم منداڵە تاوانی چییە، وا دەیەوێت لەناوی بەرێت؟
لە ماڵەوە، ڕێنماییەکانی بە ئاوات گوت. گوتی سبەی دەیانخوات بەس سەرسام سوور بوو لەسەر ئەوەی هەر ئێستە چوار حەبی یەکەم بخوات و پێش خەوتنیش چواری تر و بەیانی زووش چواری تر. سبەی نیوەڕۆ دەستی بە ژان کرد و پارچە خوێنی فڕێ دا. سەرسام بەپەلە گەیاندییە نەخۆشخانەیەکی تایبەت. بە دکتۆرەکانی گوت ژنەکەی دووگیانە و لەسەر قاندرمە بەربووەتەوە. پێشەکی پارەکەی دا و کورتاجیان بۆ کرد.
لەنێو تڕومبێلەکە ئاوات نەیدەتوانی فرمێسکەکانی سەرکوت بکات. هەنسکەکانی دڵی سەرسامیان پڕ کرد. بۆ چەندان مانگ وشەی “قەتل” لەسەر زاری سەرسام بوو. ئەمانە ڕۆژانە ئازاریان دەدا: ناڕاستگۆیی، کوشتنی منداڵەکەیان، خواردنەوە. ئەمە وای لێ کرد زێتر پەنا بەرێتە بەر مەشڕوب.


بە دەیان سیڤی لەبەر دەست بوو تا سکرتێرێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت لە کارەکەی. ئێستە کەسی دووەم بوو لە کەناڵەکە و لەبەر زۆریی کار پێویستی بە سکرتێرێک بوو. بەخێرایی پێیاندا چۆوە و سیڤی ئافرەتێکی هەڵبژارد، تێلی بۆ کرد بێت بۆ دیمانە. دووشەم سەعات دە.
سێ خولەک پێش دە ئافرەتەکە هات. پێڵاوی بن بەرزی تریقوهۆڕی بوو. چاکەتێکی ماڕۆنی. تەنوڕەیەکی ڕەش تا سەر ئەژنۆ. قژی درێژ تا سەر کلێنجەی بەردا بۆوە. تۆقەیەکی لەگەڵ سەرسام کرد و بەرانبەری، پێ لەسەر پێ، دانیشت. سەرسام بیست خولەکی بۆ دیمانەکە دانابوو. دوو سەعاتی خایاند. قسە قسەی ڕاکێشا. بزاوت و زیرەک بوو، خێرا نۆتەکانی سەرسامی دیتەوە. ئیتر بە کەیفی خۆی دەیژەنین.
وەرگیرا.
ئەم چەند ڕۆژە زۆر سەرقاڵ بوو، ڕووماڵی شەڕی سونە و شیعەیان دەکرد لە عێراق. سەرقاڵی بە هاوسەرگیرییەکەیانی وەدا، هەر ڕۆژەی بستێک لێک دوور دەکەوتنەوە.
ئۆفیشی وەرنەگرت، هەینی لە ئۆفیس خەوت، ئەویشی لا مایەوە.
ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٦)ی گۆڤاری دیواندا بڵاو کراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish