Skip to Content

هێگل.. فۆڵکەر شپییرلینگ.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

هێگل.. فۆڵکەر شپییرلینگ.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2022 General, Opinion, Slider

ئایا کێ بە شێوەیەکى ئەبستراکت و کێ بە شێوەیەکى کۆنکرێت دەهزرێت؟
وشەى کۆنکرێت لە ژیانى ڕۆژانەدا واتاى ئەو شتە دەگەیەنێت کە لەنێو کردەکێتیی جەستەییدا بەردەستە، ئەوەیە کە لە جێیەکى تایبەتى لە کاتێکى تایبەتیدا هەیە، واتا: “ئەم تاکە شتە لێرە”. بە پێچەوانەشەوە، وەک باوە، ئەبستراکت شتێکە کە چیدى خۆى لەسەر زەمینەى لێڕوانین نابینێتەوە، شتێکە کە ڕەچاوى تایبەتێتییەکان ناکات، بەڵکو شتێکى تێگەییە، کەواتە شتێکی جیاوازە لە ڕیالێتى (کەتوار).
هێگل ئەم زمانە باوەی “زەینی سەلیمی مرۆڤ” بەتەواوی هەڵدەگێڕێتەوە. بۆ ئەو ئەبستراکت بریتییە لەو تاکە شتە کە هەنووکە دیارە، لێ کۆنکرێت پەیوەندیى شتى دیارە کە بەڕێی هزرەوە دیاریکراوە.
بۆ نموونە: قەتڵکەرێک دەبرێت بۆ دادگە. ئەو کەسە بۆ مرۆڤەکان کە لەوێ دەیبینن، هیچى دیکە نییە جگە لە قەتڵکەرێک. ئەمە بۆ هێگل واتای “هزرینى ئەبستراکت” دەگەیەنێت؛ لێرەدا لە مرۆڤێک لایەنێکى جیادەکرێتەوە و ئەوجا لە دەرکەوتنی ڕووکەشیانە و ئەگەری ساغکردنەوەی ڕووکەشییانەی ئەم لایەنەدا سەرجەم لایەنەکانى دیکە وەلاوە دەنرێن (بۆ نموونە پەروەردەى نالەبار، سوێی ئازاری بێدادی). “هزرینى کۆنکرێت” بە پێچەوانەوە ئەو واتایە دەگەیەنێت کە سەبارەت بەم پەیوەندییەى مێژووى ژیان پرسیار بکرێت، جا گەرچی زۆر شیاوە ئەم پرسە لە لایەنی زەینى سەلیمی مرۆڤەوە تانوتی ئەوەی لێبدرێت کە گۆیا مرۆڤ بەو ڕێیەوە دەیەوێت لەو بکوژە ببورێت.
کەواتە ئایا کێ بە شێوەیەکى ئەبستراکت، کێ بە شێوەیەکى کۆنکرێت دەهزرێت؟ وەڵامى هێگل بۆ ئەم پرسیارە بریتییە لە: مرۆڤى ناهۆشئاوەڵا نەک هۆشئاوەڵا (gebildet) بە شێوەیەکى ئەبستراکت دەهزرێت. کەسى ناهۆشئاوەڵا خەریکی درشتاندنە/لەقاڵبدانە، پابەندی فاکتە دیارەکانە و یەکسەر تێگەیەکى چەسپیان پێدەدات، لێ کەسى هۆشئاوەڵا بە پێچەوانەوە قووڵتر دەچێتە نێو مەسەلەکەوە، سەرجەمى کاکێشانێک لە تایبەتێتی و پەیوەندى و بزووتن دەبینێت، ئەو ڕازی نییە بە ساغکردنەوە ئەمپیرییەکان، واتا بەوە کە شتێک چۆنە، ئیدی هەر ئەوهایە. لێرەشدا فەلسەفە بە ئەندازەیەکی تایبەتی هزرینى کۆنکرێتە، هزرینى سەرجەم پەیوەندییەکانە لە زەروورەیاندا، هزرینى هەمەکێتیى (تۆتالێتیى) کۆنکرێتە.
ئامانجى هێگل بریتییە لە “مەئریفەی زانستیانەى ڕاستى”. لێ ڕاستى بۆ هێگل ئەوە نییە کە هەر وەک لێرە بابەتێک و لەوێ پێشبینییەکى ڕاستى ئەو بابەتە هەبێت. ڕاستى فاکت نییە، هەرگیز “شتێکى ئەبستراکت” نییە، بە پێچەوانەوە دەبێت لەبارەی ڕاستی بگۆترێت کە ئەو شتێکی زیندووە، شتێکى کۆنکرێتە، شتێکە کە بەردەوام لە گۆڕاندایە.
بۆ نموونە تۆوى ڕووەکێک کەرتى سەرجەمى ڕووەکێکە کە لە گۆڕاندایە (بە زمانی هێگل: بریتییە لە مۆمێنت)، ئەم تۆوە ڕاستییە، لێ جارێ سەرجەم ڕاستى نییە، بەڵکو ڕاستییەکەى لە ئاوەڵابوونی ڕووەکەکەدا دیاردەدات. شتێک ڕاستە، گەر هاتوو گەرەک بێت شتەکە ئەوە بێت (بەگوێرەى تایبەتمەندییە ئیدیالەکەى)، یان گەر ئەو شتە شیمانەکانى خۆى، توانستەکانى خۆى (یان وەک هێگل دەبێژێت): “تێگەکەى خۆى” ڕیالیزە بکات. ڕاستی شتێکى سرەوتوو نییە، بەڵکو پرۆسەى ڕیالیزەبوونە، ئەمەش پرۆسەیەکە کە سەرجەم بوون و سەرجەم هزر دەگرێتەوە، لێرەشدا ئەوە ئەرکى فەلسەفەیە کە ئەم فۆرمە دینامیکییەى ڕاستی ئاشکرا بکات، بیهزرێنێت و بەمەش بەرەو کۆتاییەکەى بەرێت. هێگل لێرەدا تێبینی دەدات: “باوەجو واتای قووڵتری (فەلسەفەیی) ڕاستی تا رادەیەک لە زمانی باوی ڕۆژانەشدا هەیە. بۆ نموونە مرۆ لەبارەی هەڤاڵێکی ‘ڕاستینە’ دەدوێت و مەبەستی لە هەڤاڵێکی ئەوتۆیە کە شێوازی ڕەفتارنواندنی بە تێگەی هەڤاڵێتی دەگونجێت؛ مرۆ هەروەها لەبارەی کارێکی هونەریی ‘ڕاستینە’ دەدوێت. پاشان ئیدی ناڕاستینە واتای خراپ، لە خۆدا نەگونجاو، دەگەیەنێت” (1).
هەموو شتە دوایەکییەکان شتێکی خراپ یان شتێکى ناڕاست لە خۆ دەگرن، چونکە ئەوان جارێ سەرجەم ڕاستیى کۆنکرێت نین. زەین (Verstand) هەقییەتى کاتێک تاکە شتەکان لە ڕەوشی ئەبستراکتیاندا دیارى دەکات، پێناسە دەکات، وەلێ: نابێت فەلسەفە لێرەدا بچەقێت، چونکە هەموو دیاریکردنێک (ئیدێتیفیکاسیۆنێک) کە زەین بەریدەخات، ئەوە بەدەر دەکات کە بابەتە دیاریکراوەکە لەپاڵ ڕەوشی دراوى خۆیدا هەیەتى. زەین ڕەچاوى پەیوەندییە کۆنکرێتەکان ناکات کە بەو بابەتە بنەڕەتین، بەڵکو تەواو بە دابڕێنراوى، تەواو بە ئەبستراکت، لە بابەتەکە دەڕوانێت. بۆیە فەلسەفە دەبێت لە هەموو دیاریکردنێکدا (ئیدێنتیفیکاسیۆنێکدا) ئەو تایبەتمەندییانەش بهزرێنێت کە لە دیاریکردنەکەدا ڕەچاو ناکرێن. ئەم دیارینەکراوە (نائیدێنتە) ڕەچاونەکراوە دژبێژییەک (تەناقوزێک) لەدژى ڕەهایەتیدان بەو ئەوەکەیە دەردەبڕێت کە گۆیا ئەو هەر هەموویەتی. بێگومان لێرەدا فەیلەسوفێک هەروا ئارەزوومەندانە لەم دژبێژییە ناهزرێت، بەڵکو لەنێو خودی شەتەکەدایە؛ دژبێژییەکە خۆی دەبینێتەوە لە گرژیی نێوان ئەوەکەی هەبوو و ئەوەکەی گەرەکی بووندا.
هێگل لە نێوان “زەین” و “ئاوەز”دا جیاوازى دەکات. زەین بریتییە لە هزرینى دیاریکەر (ئیدێنتیفیکاسیۆن)، بە پێچەوانەشەوە هزرینی فەلسەفەیی کە ڕەچاوى نائیدێنتی (دیارینەکراوی) نالەباریش دەکات، “هزرینى دیالێکتیکییانە”ى ئاوەزە. دیالێکتیک بەرهەڵستیکردنی ئاوەزە لەدژى چەسپاندنە دوایەکییەکانى زەین. ئاوەز ڕازی نابێت بە چەسپاندنی فاکتە ئەبستراکتەکان (ئەمە لە ڕوانگەی هێگلەوە)، واتا بەوە کە زەین گرنگییەکى زۆری پێدەدات. هێگل دەبێژێت: “خەباتى ئاوەز ڕوودەکاتە نەهێشتنى ئەو شتە کە زەین چەسپاندوویەتى” (2). دیالێکتیکی ئاوەز خۆی لە سەرووی “ئێسکی مردووی لۆگیک”ی زەینەوە دەبینێتەوە.
دیالێکتیک سەرەتا ڕەخنەیە لە هزرینى سنووردارى زەین، کە هەر لە سەرەتاوە دژبێژى وەک هەڵەى هزر بەدەر دەکات و پابەندی کڵێشەی یان-یان-ە. هێگل بەرپەرچی ئەم هزرینە دەداتەوە: “بەڕاستی لە هیچ کوێ، نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەمین، نە لە جیهانی هۆشەکی و نە لە جیهانی سروشتیدا، یان-یان-ێکی ئەوها ئەبستراکت کە زەین جەختی لێ دەکات، لەگۆڕێ نییە. هەر شتێک کە بە هەر شێوەیەک هەیە، تەنیا شتی کۆنکرێتە و بەمەش لەنێو خۆیدا جیاوازیکراو و دژایەتیکراوە. شتەکان دوایەکین، چونکە لێرەبوونی ڕاستەوخۆیان بە چی-بوونی لە خۆدای ئەوان ناگونجێت.. […] ئەوە کە بەگشتی جیهان دەبزوێنێت، بریتییە لە نەسازی (تەناقوز)، ئەوەش قسەی پڕوپووچە گەر بگۆترێت کە نەسازی ڕێ نادات بهزرێنرێت” (3).
بیرۆکە بناغەییەکەى هێگل ئەمەیە: گشتجیهان، هەمەکێتیى بابەتە هۆشەکى و ماتەریەلەکان، ئاوەزمەندە، یان ئاوەزێک مۆرکى پێداوە کە جارێ لە خودى خۆى بەئاگا نییە، وەلێ هەوڵ بۆ خودناسین (بۆ مەئریفەی خودی خۆی – و) دەدات. ئاوەز لەنێو جیهاندایە، لە ناخی خۆیدا دەگەڕێت و کار لە پێناوى ناسینى خودى خۆیدا، لە پێناوى دۆزینەوەى خۆیدا دەکات. ئەو ئەوەکەیە کە هەموو شتێک کۆششی بۆ دەکات و وەک ئامانج ڕووى تێدەکات، بریتییە لە زانینى بە خۆ زان، بریتییە لە هۆش، لە ڕەها (ئەلموتڵەق)، لە کۆتایشدا بریتییە لە هۆشى ئاشکرا و لەخۆئاگامەند و تا بێدوایەکی ئافرێنەر. هێگل دەبێژێت: “هەر شتێک کە لە ئاسمان و لەسەر زەمین ڕوو دەدات، واتا ئەزەلییانە ڕوودەدات، هەروەها ژیانى خودا و هەر شتێکیش کە کاتەکییانە ئەنجام دەدرێت، تەنیا تەقەلادانن لە پێناوی ئەوەدا کە ئیدی هۆش خۆى بناسێت، خۆى ببەرجەستێنێت، خۆى بدۆزێتەوە، ببێت بە ئەوەکەیەک بۆ خودى خۆى، لەتەک خودى خۆیدا یەک بگرێت” (4). پرۆسەى ئەم خودناسینە پەرەسەندووەى هۆش بریتییە لە پرۆسەى مێژووى جیهان.
سەرەتا ڕەها (ئەلموتڵەق) لە خۆى بەئاگا نییە. ئەو دەبێت لەنێو خۆیەوە دەر-بکەوێت (بچێتە دەرەوە – و)، خۆى ببابەتێنێت، تاکو لەنێو خودئاگایى (Selbstbewusstsein) خۆیدا بە خۆى بگاتەوە، تاکو هەروەها ببێت بە ئەوەیەک “بۆ خۆ”ى، واتا ببێت بە ئەوە کە ئەو هەمیشە “لە خۆدا” هەر ئەوەیە. مەبەستی هەموو شتێک تەنیا گۆڕاندانە بە ئاوەز، تەواوکردنی (کامیلکردنی) هۆشە، یان تەواوکردنی جیهانە لە ڕێکخراویى و دەستووردارییەکەیدا.
مرۆڤ چالاکانە و بە موئاناتەوە لەم پرۆسە مەزنەدا بەشدارى دەکات (مێژووی جیهان). لێ پرسەکە لێرەدا خودى مرۆڤ نییە، هەروەها بە هیچ شێوەیەک بەختیاریى کەسەکییانەى ئەو نییە، بەڵکو بریتییە لە کردەکێتیی ڕاستینەى گشتێتى یان خودمەئریفەی لە تاکەکەس تێپەڕکردووی ئەو گشتێتییە. تاکە مرۆڤان لەنێو سەرجەمدا وەک “کوێر” وان و لە لایەن هۆشى ناخەکییەوە هان دەدرێن، واتا ئەو هۆشە ناخەکییە کە فێڵبازانە لە پشتیانەوە، وەلێ بەبێ ئەوەى ئەوان خۆیان هەر هەستى پێبکەن، بۆ “دوایەمین” ئامانجى خۆى کاریان پێدەکات و دەیانخاتە تێکۆشان. ڕەها مرۆڤان فریو دەدات، ئەویش بەوە کە وایان بۆ دەردەخات گۆیا ئەوان بەهۆى سۆزەکانیانەوە شوێن ئامانجی منگەراییانەى خۆیان کەوتوون. لەبەر ئەوەى مرۆڤان خۆیان بە زەینى سەلیمیانەوە ڕاگرتووە و کوێرانە باوەڕ بە ڕووکەشی چەسپاندنە ئەمپیرییەکان (واتا بە هزرینى ئەبستراکت) دەکەن، ئیدی بەم فێڵە فریو دەخۆن و هەر ئەوهاش شادیی خۆییان بەدیدەهێنن (فێڵى ئاوەز).
ڕەها لە بزووتنێکى سێجۆریدا گۆڕان دەبینێت: لە بناغەى لۆگیکییانەى کردەکێتییەوە بەسەر ئاوەزمەندیى سروشتى دەرەکیدا تا دەگات بە لەخۆتێگەیشتنى هۆش وەک هۆشى سەبژێکتیڤى و ئۆبژێکتیڤى و ڕەها. “لۆگیکێتی دەبێت بە سروشت و سروشت بە هۆش” (5). هێگل بەگوێرەی ئەمە فەلسەفەى خۆى بەسەر سێ لکدا دەبەشێنێت: لۆگیک، فەلسەفەى سروشت، فەلسەفەى هۆش.
پلەى یەکەم: ئیدێى خودایی هەر لە سەرەتاوە لۆگیکێتییە: بریتییە لە شێوەیەکى ئێسکى لۆگیکى، ڕاستیى ڕووتە بەبێ گۆشت، بەبێ ماتەری، بیرۆکە ئەزەلییە پەتییەکانى خودایە پێش ئەفراندنی جیهان (نابێت لە واتایەکى کاتەکیدا لە وشەى “پێش” تێبگەین، بەڵکو بیرۆکەکانى خودا وەک بناغەى لۆگیکی لە “پێش” جیهانەوەن)، ئەوان پێشجیهانى بێئاگاى نەخشەکانى بیناکردنن (“جیهانى سێبەرەکان”)، لێ لە خۆدا سرەوتوو نین، بەڵکو بە بزووتن و گینگل تەنراون.
پلەى دووەم: پرۆسە زیندووەکەى ڕەها سروشت وەک ئەویدییەکەى خۆى دادەنێت؛ “ئیدێى خودایی بڕیاردانیەتی بۆ ئەوە کە ئەم ئەویدییە لەنێو خۆیەوە دەربدات و سەرلەنوێ بۆ نێو خۆى وەریبگرێتەوە، تاکو ئەو خۆی بریتی بێت لە سەبژێکتیڤێتى و هۆش” (6). سروشت هۆشى لە خۆ نامۆبووە و لەوێدا بەردراوە؛ خودایەکى باکخوسییە (مەستە) کە ناتوانێت جڵەوى خۆى بگرێت و بێتەوە سەر خۆ، یان بە شێوەیەکی دیکە ببێژین: ئینتەلیگێنسى بەردێنراوە، هۆشى دیلکراوە. وەلێ ئیدێى خودایی بە بەردێنراوى نامێنێتەوە، ئاخر “بەردەکان دەقیژێنن و خۆیان بۆ بوون بە هۆش هەڵدەگرن” [1].
پلەى سێیەم: هۆش لەنێو سروشتەوە دەردەپەڕێت. هۆش، وەک “هۆشى سەبژێکتیڤى”، لە سەبژێکتیڤێتیى تاکەکەسدا خۆی دەکات بە ئاگایى ئازادیى خۆی [2]، وەک “هۆشى ئۆبژێکتیڤى” هەوڵ دەدات ئازادییە بەئاگالێهاتووەکەى خۆى لەنێو جیهانى ماف و مۆرالێتى و ئاکاردا (ئاکار خێزان و جڤاک و دەوڵەتى مەدەنى لە خۆ دەگرێت) ڕیالیزە بکات، وەک “هۆشى ڕەها” لە خودى خۆى تێدەگات و دەبێت بە زانینى زانەر لەبارەی ئازادیى خۆى، ئەویش بەوە، کاتێک ئەو لە هونەردا لە خۆى دەڕوانێت، لە ئاییندا بەدەم عیبادەتەوە پێشبینى دەکات، لە فەلسەفەشدا بەهزرین لێتێدەگات.
ئیدێى لۆگیکییانەى خودایى کە بە نەسازیى بەردەوامى ناخەکی، بە چقڵی کێماسی سەرجەم قۆناغەکانی گۆڕان پێشڤەدەبرێت، لەنێو هۆشى ڕەهادا لەتەک خۆیدا ئاشت دەبێتەوە. هەر شتێکى باڵاتر تەنیا بەو ڕێیەوە دێتە گۆڕێ، کە پلە نزمترەکانى گۆڕانى ئەو دەکەونە نەسازییەوە لەتەک داخوازییەکانى خۆیاندا، واتا نزمترەکە خۆی وەک نەسازى بۆ (بوون بە – و) بەرزترەکە هەڵدەگرێت (دیالێکتیک). ئیدێ لە هونەر و ئایین و فەلسەفەدا لەتەک سەرجەم فۆرمەکانى ئەویدیبوونى خۆیدا، واتا لەتەک سەرجەم فۆرمەکانى نامۆبوونى خۆیدا، ئاشت دەبێتەوە [3] و دەگات بە ڕەهایەتییەکى تەواوەتیتر لەو ڕەهایەتییە کە لە سەرەتاى پرۆسەکەدا هەیبوو [4]. ڕەها بوو بە ڕێسولتاتی (سەرئەنجامى) خودى خۆى.
بۆیە هێگل دەبێژێت: “ڕاستێتی سەرجەمە [5]، لێ سەرجەم ئەو کرۆکەیە کە خۆى بە گۆڕانى خودى خۆی تەواو دەکات. سەبارەت بە ڕەها گەرەکە بگۆترێت، کە ئەو لە کرۆکەوە سەرئەنجامە، کە ئەو جارێ لە کۆتاییدا ئەوەیە کە ئەو لە ڕاستیدا خۆى هەر ئەوەیە، ئەو بەگوێرەی سروشتى ئەوهایە کە بریتى بێت لە کردەکێتی، لە سەبژێکت یان لە بەخودیخۆبوون” (7).
فەلسەفەى هێگل دەخوازێت گۆڕانى سەرجەم (واتا دیالێکتیک) وێنەبداتەوە، ئەمە بە هەمان شێوەى یەکگرتنەوەى پنتى سەرەتا و کۆتایى (واتا سیستەم). فەلسەفەى هێگل هاوشێوەى گەردوون “گۆیی”ە و هیچ سەرەتا و کۆتاییەک ناناسێت. ڕەها خۆى کردووە بە هزرى هێگل و لەنێو ئەویشدا سەرلەنوێ خۆى دەناسێتەوە، ئێستا هۆش خۆى وەک هۆش دەناسێت. هێگل ڕەها دەهزرێنێت، وەلێ ئەوە تەنیا ڕەهایە کە خودى خۆى دەهزرێنێت – وەک هەمەکێتیى کۆنکرێت [6].
———————————————————

ڕوونکردنەوەى وەرگێڕ:

[1 لە پلەى دووەمدا ڕەها لەنێو پرۆسەى زیندوودایە؛ ڕەها لەنێو ئەم پرۆسە زیندووەدا سروشت لە دەرەوەی خۆی دروست دەکات؛ کەواتە سروشت ئەویدییەکە کە ئیدێى خودایی لەنێو خۆیەوە دەریدەدات و پاشان بۆ نێو خۆی وەریدەگرێتەوە. کەواتە سروشت خودنامۆبوونى ئیدێى خوداییە، باکخوسێکە (هێگل ئەم ناوەى لە میتۆلۆژیى گریکەوە وەرگرتووە)، واتا خودایەکى بەرەڵابووە. نامۆبوونى ئیدێى خودایی لە خۆى بەواتاى کە ئەو سست دەبێت، کەواتە دەبێت بە بەرد (دەبەردێت)، لێ ئەو بەم دۆخە بەردێنراوەى خۆى ڕازی نییە، بەڵکو هەوڵ دەدات تاکو خۆى بکات بە هۆش. ئێستا لەم دەرچوونەوە دەگەین بە پلەى سێیەم.
2] دیل بە هەوڵدان ئاگایی ئازادی بەدیدەهێنێت.
3] ئاشتبوونەوە لای هێگل بەواتای گونجانەوە بە خودی خۆ.
4] واتا لە سەرەتای پرۆسەی خودنامۆبووندا هەیبوو.
5] لای هێگل سەرجەم / هەمەکێتی ڕاستییە.
6] کەواتە هێگل تەنیا زمانحاڵی هۆشی ڕەهایە، وەک چۆن لە ئاینە ئاسمانییەکاندا دەگۆترێت کە پەیامهێنێک تەنیا پەیڤی خودایی ڕادەگەیەنێت.

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

——————————————-

سەرچاوەکان
1) G. W. F. Hegel: Enzyklopädie der philosophischen Wissenschaften im Grundrisse, I. Teil, § 24, Zusatz 2; Theorie-Werkausgabe, Bd. 8, S. 86.
2) A. a. O. § 32, Zusatz; S. 99.
3) A. a. O., § 119, Zusatz 2; S. 246 f.
4) G. W. F. Hegel: Vorlesungen über die Geschichte der Philosophie, I; Theorie-Werkausgabe, Bd. 18, S. 42.
5) G. W. F. Hegel: Enzyklopädie der philosophischen Wissenschaften im Grundrisse, III. Teil, § 575; Theorie-Werkausgabe, Bd. 10, S. 393.
6) A. a. O., II Teil, § 247, Theorie-Werkausgabe, Bd. 9, S.24.
7) G. W. F. Hegel: Phänomenologie des Geistes, a. a. O., S. 24.

سەرچاوەی وەرگێڕان:
Volker Spierling: Kleine Geschichte der Philosophie. München 1992.

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish