Skip to Content

پیاوێک و شارایەک بەرهەمی دەستنووس.. هۆمەر نۆریاوی

پیاوێک و شارایەک بەرهەمی دەستنووس.. هۆمەر نۆریاوی

Closed
by ته‌مموز 29, 2023 General, Opinion


(پەیڤێک بۆ سدیق بۆرەکەیی)

کە ئاوڕێک لە دوێنێی ژین دەدەمەوە،دەچمەوە بۆ قۆناخێكی ژیان و ساڵانی خەبات و کارکردن لە نێو ڕادیۆ کوردیی تاران و سەدان یادەوەری ئەو ڕۆژگارەی تەمەن.
دێتەوە یادم بۆ ساڵانێک نووسەر و توێژەر”سدیق بۆرەکەیی”(سەفیزادە)چەندان بەرنامەی لەسەر ناوداران و وێژەی کوردی بۆ ڕادیۆ دەنووسی. بەرنامەکانی دەهێنا بۆ ڕادیۆ و بۆ چەندان کاتژمێر لە ڕادیۆ دەمایەوە. ئەرکی پێداچوونەوە و هەڵەچنیی بەرنامەکان لە بەشی کوردیی نێوەڕاست وەئەستۆی هاوڕێی زمانناس و توێژەرم،”ئەییووب گازرانی”بوو کە بە شێوەیەکی گشتی،زۆر جاران مشتومڕێک لە نێوان نووسەری دەق و تێکستەکان و هەڵەچندا لەسەر زمان دروست دەبوو. تا ئەرکی پێداچوونەوە و هەڵەچنییەکە کۆتایی پێ دەهات،دەرفەتێک دەڕەخسا و بۆرەکەیی دەگەڵ خەباتکارانی ڕادیۆ لەسەر زۆر پرسی ئەدەبیی و ڕۆشنبیری قسەی دەکرد. پاشان بۆ خۆی دەچوو بۆ نێو ستۆدیۆی ڕادیۆ و هەر بۆ خۆیشی بێژەر و پێشکەشکاری بەرنامەکان بوو.
سدیق بۆرەکەیی کە سەردەمی خۆی لە نێو ئەرتەش(سوپا)دا کەسێکی پلەدار و دەستڕۆییشتوو بووبوو و سەدان شوێن گەڕابوو،لە هەر گەشت و گەڕانێکدا بە سەرپاک ناوچە و دەڤەرە کوردستانییەکانیش،بە سەدان کۆنەبەیاز یان بە واتایەکی ڕاستتر،بەرهەمی دەستنووسی دەست کەوتبوو و دواتر بۆ خۆی و بە ناوی خۆیەوە ئەو بەرهەمە بەبایەخ و ناوازانەی لە چاپ دەدا. بۆیە دەتوانین بڵێین سدیق بۆرەکەیی هەنووکەیش خاوەنی کتێبخانەیەکی دانسقە و گرانباییە کە پڕیەتی لە سەدان کتێبی بەپێزی دەستنووس.
سدیق بۆرەکەیی ڕاستە لەو پێناوەدا ئەرک و زەحمەتێکی فرەی بەر دەکەوێت بەڵام لەو لایشەوە هەر بە پاڵپشتی ئەو سامانە دەوڵەمەندە،خۆی دوو هێندە لە نێو ڕووبەری فەرهەنگیی کورددا دەردەخات. هێشتاکەیش کتێبخانەکەی پڕیەتی لە دەیان بەرهەمی دەستنووسی ناوازە لەسەر ئەدەب،مێژوو و چاندی کوردی و لەسەر کەسانی خەمخۆری نێو ئەم ماڵباتەیە ئەو سامانە گرانباییە پاش تاوتوێ و هەڵسەنگاندن و ڕاستکردنەوە،ڕەوانەی بازاڕی چاپ بکەن و بەرهەمەکان بخرێنە بەردیدەی خوێنەر و نەهێڵن چیدی ئەو کتێبە بەپێزانە گەرد و تۆزی زەمەنیان لێ بنیشێت.


وەبیرم دێتەوە جارێکیان لە سەردانێکی بۆ ڕادیۆ،دیوانێکی دەستنووسی “میرزا شەفیع پاوەیی(1888-1819)کە لەسەر پێستی ئاسک نووسرابوو،دەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ ڕادیۆ و لەسەر نرخ و بایەخی ئەو دیوانە قسەی دەکرد. هەفتەیەکی پێ نەچوو گەڕایەوە بۆ ڕادیۆ و هاواری لێ بەرز بووەوە کە دیوانەکەی هەر لە ڕادیۆدا لێ بزر بووە،ئیدی نازانم بەڕاست دیوانەکەی میرزا شەفیع لە ڕادیۆ ون بووبوو یان لە شوێنێکی دی و چارەنووسی دیوانەکە بە کوێ گەییشت.
کە هەواڵی کۆچی دوایی “سدیق بۆرەکەیی”م بەرگوێ کەوت،ڕاست ئەو دەمانەی ڕادیۆم بیر کەوتەوە.
ئەوەی ئێستاکە ڕوونە و نکۆڵیشی لێوە ناکرێت ئەوەیە کە “سدیق بۆرەکەیی”،کەسایەتییەکی دیاری نێو ڕووبەری ڕۆشنبیریی کوردی نەک لە ڕۆژهەڵات بگرە لە هەر هەموو کوردستان بوو کە بە پاڵپشتی سامانە زەنگین و دەوڵەمەندەکەی لە باری بەرهەمی دەستنووسەوە لە نێو هەر هەموو کورددا بە کەسێكی ناسراو دادەنرا. ئەرچی قسە و باس لەم نێوانەدا زۆرە و وەختی خۆی بەرەوڕووی ڕەخنەیەکی فرەیش بووەوە کە وەک پێویست خۆی بەو بەرهەمە پڕبایەخانەوە خەریک نەکردووە و فرەتر چاوی لە چاپکردنی کتێب بڕیوە.
بۆ نموونە یەک لە دیوانە گرانباییە دەستنووسەکانی شاعیری ناوداری کورد،مەولەویی تاوگۆزی لە بەردەستدا بوو کە بەداخەوە لەبەر نەبوونی شارەزایەتی بەتەواوەتی لەسەر دیالێکتی هەورامی،دیوانەکە بە هەڵە و پەڵەیەکی زۆرەوە کەوتە بەردیدەی خوێنەر و لە چاپ درا. یاخۆ وەختی خۆی بەرەوڕووی ڕەخنەیەکی زۆری مامۆستا هەژار بووەوە کە جارێک وتبووی”زۆر کەس کتێب دەکات”. بۆرەکەیی لە وتارێکدا لە بن ناونیشانی”ڕەخنە لەسەر هەنبانە بۆرینە”هێرشێکی توندی کردە سەر مامۆستا هەژار(1991-1920). لە بەشێکی وتارەکەیدا نووسیبووی”زیانی هەنبانە بۆرینە لە سوودی زۆرترە”.


وتارەکە وەختی خۆی لە گۆڤاری ئاوێنە،ژمارە 12،ساڵی 1372ی هەتاوی(1993)چاپ بووبوو. ئەم هێرشەیش بێ وەرام نەمایەوە. سدیق بۆرەکەیی تا مامۆستا هەژار لە ژیاندا بوو هیچی نەگوت بەڵام پاش مەرگی هەژار،کەوتە ڕەخنەگرتنێکی توند کە گوایە مامۆستا هەژار زمانناس و چی و چی نەبووە و قامووسەکەی هەڵە و پەڵەی زۆری تێدایە. هەر ئەو سەردەمە لە بیرمە ئەم پەلامارە توندەی سدیق بۆرەکەیی بۆ سەر مامۆستا هەژار،بەرەوڕووی ڕەخنەیەکی فرەی ڕۆشنبیران بووەوە. لە هەمان قۆناخدا لە شارۆچکەی “عەزیمییە”ی سەر بە گەورە شاری کەرەج،لە لایەن کۆمەڵە لاوێکی گەلپەروەرەوە،نامیلکەیەک بە ناوی “وڵامنامە”لە بەرسڤی هێرشەکەی سدیق بۆرەکەیی بۆ سەر مام هەژار لە چاپ درا کە هەڵگری خودی وتارەکەی سدیق بۆرەکەیی و وڵامی نووسەرانی تر بە ڕەخنەکەی بۆرەکەیی بوو.
ئێستا کە نە مامۆستا هەژار و نەیش سدیق بۆرەکەیی هیچیان لە ژیاندا نەماون،لەسەر ڕووناکبیرانە بە ویژدانەوە بپەیڤن. چونکە سەرەنجام ئەوەی دەمێنێتەوە و هەرگیزیش لە بیر ناکرێت،ڕاژە و خزمەت بە زمان و کولتووری کوردییە کە هەر کام لەم دوو کەسایەتییە،هەر یەکە و بە گوێرەی توانای خۆ،خزمەتێکی فرەوانیان بە سامانی فەرهەنگیی نەتەوەکەیان کردووە. ئەرچی بە لای منەوە خودی کەسایەتی و بگرە بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار خاوەن سەنگ و قورسایی سەد هێندەن.
وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا مرۆ گەرەک هەمیشە بە ویژدانەوە ڕاستییەکان بخاتە ڕوو. هەر بۆیە وەک خودی خۆم،بۆ نووسینی دەیان بەرنامەی ڕادیۆیی،وەکوو ژێدەر و سەرچاوەیەکی گرینگ،پەنام بۆ چەندان بەرهەم و کتێبی بۆرەکەیی بردووە بۆیە لەم سۆنگەوە خۆم بە قەرزبار دادەنێم.
سدیق بۆرەکەیی بە لەچاپدانی دەیان کتێبی وەک فەرهەنگی ماد،مێژووی وێژەی کوردی، ناودارانی یارسان،پێشبینییەکانی ئێل بەگی جاف،نامەی سەرەنجام و هتد،خزمەتێکی بەرچاوی کورد و کولتوورەکەی کردووە و سەرباری هەموو ڕەخنەکان،لەم پێوەندییەدا ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە.
بۆ وتن دەشێت سدیق بۆرەکەیی(سەفیزادە)ساڵی 1322ی هەتاوی (1943)لە گوندی “زەڕینە”ی سەر بە ناوچەی هەوشار و شارۆچکەی دیواندەرە،چاوی لە ڕووی ژیان هەڵهێناوە و ڕۆژی 4ی گەلاوێژی 2723(2023)یش لە تەمەنی 80 ساڵی، لە تاران کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسییەتی خۆی، تەرمەکەی ڕەوانەی شاری مەهاباد کرا و ڕۆژی پێنج شەممەیش، 5ی گەلاوێژی 2723،لە بەشی ناوداران و هونەرمەندانی گۆڕستانی مەهاباددا ئەسپەردەی خاکی نیشتمان کرا.


ژێدەر:
1 – وڵامنامە،دەقی ڕەخنەی سدیق بۆرەکەیی لەسەر هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار و وڵامی نووسەرانی تر،کۆکردنەوەی ساڵح هەرکی(ڕێبوار)،چاپی گزنگ(لقی ئاوارەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان)،ساڵی 1995
2 – دیوانوو میرزا شەفیعی پاوەئی،کۆکردنەوە و ئامادەکردنی محەممەد خالیدیی مەکی،چاپی یەکەم،دەزگەی چاپ و پەخشی ئارۆ،1401ی هەتاوی(2022)
3 – مێژووی ئەدەبی کوردی،دوکتۆر مارف خەزنەدار،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس،چاپی یەکەم،بەرگی حەوتەم،هەولێر،2006

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish