کورتەچیرۆک: ئاوارە.. نووسینی: ئامانج شێروانی
سەیرێکی بنمیچە کونکونەکەی ڕەشماڵەکەی کرد، ئۆفێکی کرد، سەرنجێکی هیسی لالە شووشە تەنییاوییەکەی دا، ئاخێکی هەڵکێشا. ڕۆژە ڕەشەکانی ژیانی خۆی بیر دەهاتەوە. ئەم ڕۆژەی کەوتەوە بیری کە لەپێش دەرگای ژووری بەڕێوەبەری فێرگەکەیان وەستابوو، مامۆستا پۆستاڵ لەپێیە، ورگنەکەی بەردەمی لێی دەخوڕییەوە و دەم نا دەمیش پێلاقەیەکی بەهێزی دەخێواندێ، گوایە دوو وشەی کوردی لە دەم هاتبووە دەرەوە.
قسەکەی باپیرەی کەوتەوە یادی، کە ئەویش لە باپیری خۆیەوە بیستبووی، کە ئەوان لە نەوەی سەرکردەی قارەمان شێرکۆی مامی سەڵاحەددین بوون، لە دەستی دڕندەیی مەمالیکە تورکەکان لە قاهیڕەوە لە سەرەتای سەدەی چواردە بەرەو گوندێکی نزیک کۆبانێ سەریان هەڵگرتبوو. کەچی هەتاوەکوو ئێستاش عەرەبە گەڕیدەکانی ئەوێ پێیان دەگوتن ئێوە بێگانەن و ئێرە وڵاتی ئێوە نییە!
دایکی دەیگێڕایەوە، کە ماڵباتی وان چەندین جاران لە لایەن تورکە عوسمانییە داگیرکەرەکان، لەم گوند بۆ ئەو گوند ڕاگوێزرابوونەوە، چەندین جار ئاوارەی ئەم دێ و ئەو دێ کرابوون، بە بیانووی ئەوەی کە بە ڕەچەڵەک دەگەیشتنەوە سەر بەدرخانییە بۆتانییەکان و بوونیان هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێتیی خاکی پیرۆزی عوسمانی.
هێشتا بەهاری شانزەهەمی تەمەنی نەبینیبوو، شەڕ چەند ساڵێک بوو هەڵگیرسابوو، لەگەڵ برا گەورەکەی، لە گوندێکی نزیک کۆبانێ، لە دژی دڕندەییەکانی داعش لە سەنگەر بوو، لەم ڕۆژە ڕەشەی کە دڕندە ئیسلامییە داعشییەکان وەکوو جڕوجانەوەر ئەم ناوەیان پڕ کردبووەوە. وەکوو خووی هەمیشەییان، لەم سەربڕین بۆ ئەو پەلبڕین دەڕۆیشتن. هەر لەوێ لاقێکی وییان قرتاندبوو، هەر لەپێش چاوەکانیشی سەری تاقە برایەکەیان بڕیبوو. ئاخ چ ڕۆژگارێکی ڕەش بوو.
چەند حەفتەیەکی بەم شێوەیە، بە لاقێکی قرتاوی تیمار نەکراو، لە ژێرزەمینێکی شێداری تاریک، بەسەر بردبوو. چ ئاواتێکی بەم ژیانە نەمابوو، ئارام ئارام لە چاوەڕوانی مەرگدا بوو. ئەمە بوو ڕۆژێک، سەر لە بەیانی زوو، لەگەڵ یەکەم تیشکی ئاسۆ، لەبری مەرگ، چەند شەڕڤانێکی کوردی دلێر بەژوورێ کەوتن، لەم مردنە مسۆگەرە قوتاریان کرد، دەستبەجێش ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەرەکیی عەفرینیان کرد.
سەر لە بەیانییەک، تازە لە نەخۆشخانە دەرچووبوو، لەگەنە ماستێک لەبەر دەمی و پارچە نانێکیش بە دەستییەوە، بیری لە برایە جوانەمەرگەکەی دەکردەوە، بیری لەم ڕۆژانە دەکردەوە کە بەیەکەوە لە ڕێگای فێرگە، یان بە دەم یاری کردنەوە، باسی داهاتووی خۆیان دەکرد، باسی خەونەکانیان دەکرد. لە ناکاو، حریت و حۆری جەندرمە تورکە توورانییەکان، ئەڵڵاهوئەکبەری تیرۆریستە عەرەبە ئیسلامییەکان ئەویان ڕاچڵەکاند. بەرچاوانی ڕەش بوو، دەنگ و تەراتێنیان هەر لە هی داعشەکان دەچوو. هەتا ئێستاش داخی ئەو ڕۆژەی لە دڵ دەرنەچووە، هەتا ئێستاش جۆگەی فرمێسکەکانی وشک نەبووەتەوە.
چەند ساڵێکە لە کامپێکی نزیک حەلەب، لە ڕەشماڵێکی کونکونی سارد، لەگەڵ چەند سەد کوردێکی تر، لەژێر لێزمەی باران، لەبەر تینی بەهێزی هەتاوی هاوینان، ئاوارەی ئەم دەشت و دەرەن. هەموو ڕۆژێکیان بە ئومێدی گەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان، گوندەکەی خۆیان، زێدی باوباپیرانیان دەکەنەوە، هەموو شەوێکیان بە هیوای دیدەنیی ئازیزانیان بەسەر دەبەن. ئاخ بۆ دەنگی هەناسەی نەنە گیان، ئاخ بۆ چایە گەرمەکەی دەستی دایەی، ئاخ بۆ چیرۆک و بەسەرهاتە خۆشەکانی باپیرە. ئاخۆ دەبێت ئەم ڕۆژانە بێنەوە، ئاخۆ دەبێت جارێکی تر چاوی بە دایک و باوکە پەککەوتووەکەیی، خوشکە بچکۆڵانەکەی، دایە گەورە و باوە گەورە دڵسۆزەکەی بکەوێتەوە.
هەر لەنێو گێژاوی ئەم بیرکردنەوانە بوو، گوێی لە دەنگی هاڕەهاڕی جەندرمە تورکە عوسمانییەکان، تیرۆریستە عەرەبە ئیسلامییەکانی تەحریرولشام بوو، دەنگی زیڕەی منداڵەکان، قیژەی دایکەکان، ناڵەی باوکەکان ئەم ناوەیان پڕ کردەوە. پێش ئەوەی بتوانێت لە شوێنی خۆی هەڵبستێتەوە، شمشێرێکی ژەهراویی بە ملی داهێنرا و ئاڵایەکی خوێناویی تورکییان لەسەر لاشەکەی چەقاند.
ڕاڤەی وشەکان:
هیس: دووکەڵی ئاگر
لالە: چرا
تەنی: واتە ئەو تەنە ڕەشانەی کە لە ئەنجامی سووتان دروست دەبن، تەنییاوی: واتە شتێکی بە تەنی ڕووپۆشکراو.