Skip to Content

ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-4- .. هەڵمەت بایز

ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-4- .. هەڵمەت بایز

Closed
by شوبات 7, 2026 General, Opinion


بەشى چوارەم
ئیشکالیاتى تیۆرى و بۆشایی مەعریفى


لە خوێندنەوەى ئەدەبیات و توێژینەوەى ئەدەبدا، بەپاساوى ئەکادیمبوون وەک دەمڕاستى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی یان ئەوپەڕى سەرڕاستى و دەرخەرى حەقیقەت نییە، لەهەمانکاتدا بە پاساوى چوارچێوەبەندى ئەکادیمى و ئاستلاوازى ئەکادیمییەکان واتاى ڕەتکردنەوەى ئەکادیمیا نییە. جۆرێک لە بەریەکەوتنى ئەو جۆرە تێگەیشتنە، پەیوەندى بە ئیشکالیاتى مێـتۆدى و بۆشایی مەعریفییەوە هەیە، بە واتایەکى دیکە بەشێک لە مشتومڕى ناو گۆڕەپانى توێژنەوەى ئەدەبی کوردى مێتۆد بووە بە پاساوى بۆشایی مەعریفى، بۆشایی مەعریفیش بووە بە وەلانانى پاساوى مێتۆدى و تیۆرى ئەدەبییەوە.
پێویستە ڕاشکاوبین بەرلەوەى ئەکادیمیا کۆمەکى ئارەزووخوازان و فێرخوازانى زانکۆ بکات، پێویستە کایەى مەعریفى و خوێندنەوە وەک پێشمەرجى خوێندن و توێژینەوەى ئەدەبی ئامادەییان هەبێـت. بەشێک لە ئەرکە درێژمەوداکانى ئەدەبیاتناسى بە هەموو لقەکانى و بە کۆى ئەو ژانر و ڕەوت و قوتابخانە و تیۆرییە ڕەخنەییەکانەوە، تۆڕێکى یەک تەواوکەری و پێکهاتەیین، ولانان و حەزپێکردنى بەشێکیان بەسەر ئەوانیتریاندا لە دەرەوەى ئەو تێگەیشتنە دان. دیوێکى دیکەى مەوداى ئەدەبیات دەچێتەوە ناو کۆى کایەکانى هزرى و فەلسەفى پەیوەست بەو کۆپەیوەندییەى درێژکراوەى قۆناغەکان و دۆخى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و مێژووى و دەروونییەوە. ئەدەبیات لەناو ئەزموونە کەسییەکان و کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و فرە مەعریفەییەوە بگرە، تا دەگاتە ئەوەى لە دۆخێکى نامەئلوف و تێکشکاندنى زمان و نەبوونى شوناسێکى دیاریکراوى دەلالى، لە چاوەڕوانى خوێنەرێکى ئاسایدا زەحمەتە بتوانرێت بەو هەموو کەلێنانەوە، کەشفى گوتارى ئەدەبی لە ڕێى خوێندنەوەى چەند چەمکێکى ئەدەبی و گێڕانەوە و تیۆرە ئەدەبییەکانەوە بکرێت، چونکە ئەو زمینەسازییە وەک پێشمەرجى بیرکردنەوەى ڕەخنەیی و مەعریفى شۆڕبوونەوەیە بەناو دیوە شاراوەکانى دەق و دەلالەتە تیۆرى و ڕەخنەییەکانى دەقەوە.
ئەوەى جێى پرسیار و ڕەتکردنەوە و نرخاندنى هەوڵە ئەکادیمییەکانە بەشێکیان پەیوەندى بەو ئاستلاوازییە بەراییەوە هەیە، کە ناکرێت فێرخواز بەپشتبەستن بە فەزاى ناو زانکۆ وەک ئەوەى لە سێ بەشەکانى پێشتر تیشکمان خستەسەرى، دەبێت ئەو ئامادەییەى بۆ دروست بووبێت و ئەگەر لە دەرەوەى هەوڵەکانى خۆیدا خۆماندوکردنێکى پێویست و خولیایەکى پێویستى نەبووبێت و ئەستەمە بتوانێت خۆى لەقەرەى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی بدات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەى بەشێک لە ئەکادیمیادا توشى ڕەخنەوە توانج دەبێتەوە، خودیى خوێندنى ئەکادیمییا نییە، ئەوەندەى پەیوەندى بەتوێژەران و خوێندکاران و هەوڵەکانیانەوە هەیە.
ئەگەرچى چوارچێوەبەندنى ئەکادیمی بەتایبەتى بۆ ئەدەبیات هەر لە زووەوە لە سەدەى نۆزدە وەک توێژینەوەى زانستە مرۆییەکان بووە جێى پرسیار، وەلێ تا ئێستاش ئەکادیمیا نەچۆتە ناو پێویستى ڕەتکردنەوەوە، لەبەرامبەر هەر دوو تێگەیشتندا ڕەوتى ئەکادیمى و ڕەوتى دەرەوەى ئەکادیمیا چ لە خوێندنەوە و چ لە نووسینى ئەدەبی شوێنپەنجەیان هەیە، ئەوەى جیایان دەکاتەوە سروشتى ئاڵۆزى و تایبەتمەندیى ئەدەبی و ڕیشاڵە بەرفراوەنەکانى مەعریفەى ناو ئەدەب و ڕایەڵەى زانستە مرۆییەکانى دیکەى ناو ئەدەبیاتە، بەمەش کردەى خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبی سەخت دەکات، لەناو کڵێشەیی ئەکادیمیدا دەبێتە جێى پرسیار و هەناسەکورتى توێژینەوە لە بۆشاییە مەعریفییەوە دێتەکایەوە، کە پێویستە ڕەخنەگر و توێژەرى بوارى ئەدەبی لە باریدا هەبێت و تا ئەکادیمیاش کۆمەکییان بکات.
لە ئێستادا گرنگە و جێى پرسیارە لەسەر مێژوو و ڕەوت و دۆخ و گەشە و چەقبەستووى سەرخانى ڕۆشنبیرى کوردى لە ماوەى چل ساڵى ڕابردوو بەبەرهەمى هەزاران توێژینەوەى ئەدەبی کوردى کاریگەرییەکەى ئەوتۆى لە فیکرى ڕەخنەیی و ئاست و گەشە و گۆڕانى ئەدەبیاتى کوردى بەدی نەهاتووە. ئەکادیمیا نەیتوانیوە مێژووى ئەدەبیاتى خۆى بەدیدێکى دیکەى دەرەوەى شێوازى باو بنووسێتەوە و ڕۆڵى وەرگر و خوێنەر لە تێگەیشتنى مێژووى ئەدەبیاتى کوردیدا بەدی بێت، کە لە توێژینەوەى مێژووى ئەدەبی ئێستادا زۆر گرنگە، بەتایبەتى لە توێژینەوەى ئەدەبی بەراوردکارى، هەوڵەکانى کاریگەرى ئەدەبیاتى کوردى لەناو ئەدەبیاتى دیکەدا وەک ئەدەبێکى لاسایکەرەوە و پاشکۆ وێناکراوە، ئەو هەوڵانەى ناو توێژینەوەى بەراوردکارى لەئاستێکى سادەى خستنەڕوو و بەراوردکردن و بەرامبەرکردنى فۆرم و چەند دیوێکى دەلالین، نەیانتوانیوە لە ئاستى ئێستاتیکى و بەریەکەوتنى کەلتوورەکان قوڵبێتەوە و تێگەیشتن و ئاستێکى باشتر بە ئەدەبیاتى کوردى بدات. وەک کایەکى کەلتوورى و ناسنامەیی هاوئاستى دیکەى گەلان بڕوات. هەرچى تیۆرى ئەدەبیشە لەبارى تێدامانێکى کلاسیکییانە خەریکى ڕاڤەى چەند مێتۆدێکى کلاسیکى و چەند چەمکێکى تیۆرین، لەنا هزراندن و پێگەى مەعریفى زانکۆیدا هیچ کایەکى ئەوتۆى تیۆرى بۆ خوێندنەوەى خۆماڵییانەى دەق و توێژینەوەى ئەدەبی نەبووە بەسەرچاوە. لە بارى ئێستاتیکى ئەدەبیش وەک دیوێکى گرنگى ئەدەبی زۆر کەم و کورتبینە. بەهۆى ئەو کەلێن و نائامادەیی و خوێندنەوە و هەناسەکورتى لە توێژینەوەى زانکۆکاندا، ئاڕاستەى زۆرترین توێژینەوەکان بەدیوى ڕەخنەى ئەدەبیدا کەوتووە، هەڵەبەتە ئەو ئاڕاستەیە زیاتر وەک کارئاسانی و دەسەڵات بەسەرداشکان و چاولێکەرى دەکرێتە ئامانج لەزۆربەى کاتدا لەچوارچێوەى پاڕادایمێکى تیۆریى ڕەخنەیی یان لەبەکرابردنێکى بنەماییانەى وەسفى بەدەر لە قووڵى ئاستى مەعریفى و پاشخانى ڕۆشنبیرى هیچ گوتارێکى ڕەخنەیی بەدوا خۆیدا ناهێنێت.
زۆرجار بەسەرداهاتنەوەى توێژەرانى کوردناسی و ڕەخنەگرانى دەرەوەى ئەکادیمى کوردى باشتر وردتر لەپاناى بیربۆچوونەکانیاندا ڕوانینێکى باشترییان بۆ مێژووى ئەدەبی و ڕەخنەى ئەدەبی کوردى هەبووە، دواتر ڕێگەیان بۆ دووبارە هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى ئەدەبیاتى کوردى خۆش کردووە. یان بەدوێکى نەرێنى دواى توێژینەوە و خوێندنەوەکانى بەرى توێژینەوە ئەکادیمییەکان بۆتە هەمان ڕێچکەى دووبارەى پێشوترى خۆى، بەمەش هەم دیسان نەیتوانیوە لەو شێوازە باوە دەربچێت، کە وەک پارادیمى ڕۆشنبیرى ئەدەبیاتناسى و ڕەخنەى مۆدە باوبووە. بۆیە ئەو پرۆسەى بەسەرداهاتنەوە ئاگایی زیاتر وردترى دەوێ، لە هەردووبارى ئەرێنى و نەرێنى مامەڵەیەکى هۆشیارانەى پێویستە. بۆ کەشفى ئەو گوتارە زاڵەى وەک بۆشایی مەعریفى و ئاستلاوازییەکانى هزرى لە خوێندنەوەى ئەدەبیاتدا لە ئێستادا پێویستیمان بە توێژیینەوەى ڕەخنەى ڕەخنە و دیدێکى وردبینانەترى ڕەخنەیی هەیە، بەتایبەتى ئەو ئەدەبیاتەى کە ئێستا وەک گۆڕەپانى مەعریفى و کەلتوورى هەیە، زۆرجار بەو چاوەڕوانییەى هەیەتى دۆخێکى گەڵاڵەکراوی چەقبەستووى هەیە، دەرفەتى تەکان و گەشەی ئەدەبیاتیش لە ڕێى توێژینەوەى زانکۆ و خوێندنەوەکانەوە لێیەوە بەرهەم نەهاتووە، بەواتایەکى دیکە ئەکادیمیا لە پەیوەندییەکانى لە دایکبوون و گەشەى ئەدەبیات و خوێندنەوە لاوازە. بەو تێگەیشتنەشەوە ڕێڕەوى گەشەى ئەدەبیاتى کوردى بە لاوازى و ناهاوڕەوتى گەشەى ئەدەبیاتى دیکەى جیهانى ڕێناکات، بۆیە بەشێوەیەکى گشتى زیاتر هەوڵە ئەکادیمیییەکان لەچوارچێوەیەکى کڵێشەسازى و توێژەرێکى مەکینەى و جوینەوەى زمان و دووبارەکردنەوەى شێوازن، یان بەمۆدەبوونى دۆخى ئەدەبی و چەمک زاراوەیەکى ئەدەبی وەک ئامانجى بڕوانامە بووەـ تا ئاواکردنەوەى ئەدەبیات وەک کایەکى مەعریفى و کەلتوورى، هەر ئەم بۆشاییەش وایکردووە میراتى لاوازى مەعریفى، وەک ناسنامەی ئێستا و ڕابردووى توێژینەوەى ئەکادیمیی دەربکەوێت.
یەکێک لەو هەڵوەستانەى پێویستە وەک دیدێکى ڕەخنەیی ڕەچاو بکرێت، ناهاوسەنگى و نابەرابەرى خوێندنەوەى ئەکادیمیى زانکۆکان و دەرەوەى زانکۆکانە. بۆ نمونە لەناو کایەى ئەکادیمیدا بەتایبەتى لە کارپێکردن و بەکاربردنى بەشێکى گرنگى تیۆرییەکانى ئێستاى خوێندنەوە و بۆ ئەدەبیات و تێکستى ئەدەبی لە زانکۆکانى کوردستان ئامادەییان هەیە وەلێ ئەوەى جێى پرسیار و سەرنجى ڕەخنەییە، لەبارى گشتیدا بەکاربردنى مێتۆد و تیۆرییەکان و پارادیمى تۆرییەکان هەڵگرى ئیشکالیەتە، لەسەروی هەموویانەوە تیۆرییە بەکارهاتووەکان بەربنەماى مۆدیەکى نوێخوازى و هەوڵى جیاوازبوونن، ئەوە تێگەیشتنە گرنگە و پێویستیشە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەدیدێکى ڕەخنەییەوە چاوبەسەر ئەو هەوڵانەدا بخشێندرێتەوە، لە لایەک هەوڵەکانى توێژینەوە بە پێى پارادیمى پۆزەتیڤیزمە، زۆرکەم دەبینینى پارادایمى تەفسیرى یان ڕەخنەیی لە توێژینەوەکاندا ئامادەییان هەبێت، بەتایبەتى لە دۆخى ئێستادا ئەدەبیاتى کوردى زیاتر پارادایمى تەفسیرى و ڕەخنەیی دەخوازێت. ئەو شێوە پارادایمە پۆزەتیڤیزمە زۆرتر مۆدەیەکى باوى پێشترى یەک بەدواى یەکدا هاتووى فۆرمگرتووى بێ ماندووبوونە، زۆرتر لە ئاستى هەڵڕژانى زانیارییە نەک لێکدانەوە و تەفسیرکردن و بینینى ڕەخنەییانە، بەمەش زۆرجار هاوئاستى توانستەکانى ئەکادیمیی ئێستایە، بە ئاگایی و بێئاگایی وابەستەى ئەو جۆرە فۆرمگرتنە پارادایمانەن، کە کلاسیکین و وەسفین، یان خوێندنەوەى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى لەناو توێژینەوەى ئەدەبی خوێندنەوەیەکى وەسفییانە فرە گۆشەییە، یان بەپێى چەند پێناسەیەکى بەرتەسک و هەندێک بنەماى ئاسایی توێژەرانى دیکە، دوور لە هەر بەشێک لەو پارادایمە ڕەخنەییانەى پاشبونیادگەرى بەدەر لە تیۆرییەک یان چەند تیۆرییەک، بێ ئەنجامیگیرییەک وەک تێز یان کەشفکردنى گوتارێکى ڕەخنەیی و خوێندنەوەیی ئامادەیی هەبێت.
بوارى ئەدەبیاتناسى هاوڕەوتى دەرکەوتن و پەرەسەندن و توێژینەوەکانى دیکەى زانستە مرۆییەکانە. بەواتایەکى دیکە ئەدەبیات بەپێى گۆڕانى قۆناغەکانى ڕۆشنگەرى و مۆدێڕنیتە و پۆستمۆدێڕن، وەک بزاوت و کاریگەرى هزرى ئامادەیی ناو کایەى گۆڕانکارییەکان بووە هەمیشە هاوئاهەنگبووە لەگەڵ گۆڕان و گەشە و دەرکەوتە تیۆرییەکانى دیکەى ناو کایەى زانستە مرۆییەکانى ناو قۆناغە مێژوووییەکانەوە، بۆیە لە بارى تێگەیشتن لە گەشە و گۆڕانى ئەدەبی پەیوەندییەکى دیالێکتیکییانەى ناو کایەى ئەدەبی پرسێکى حەتمییە، بەدیوێکى دیکە تێگەیشتن لە هەر دۆخ و تایبەتمەندییەکى قۆناغەکان و تێگەیشتنە تیۆرییەکانى دواى سەدەى نۆزدەم بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ، کەم تا زۆر هەموو ئەو گەشە و گۆڕانانە دەبنە بەشێک لە هاوکێشەى دەرکەوتە و لێکەوتەى ئەدەبیاتناسی وەک کۆپەیوەندی (سیاق)یەک لەگەڵ ڕەوتى گۆڕانگارییەکانى ناو قۆناغەکانى گەشەى تیۆرى و خوێندنەوەى جۆراوجۆر و بزاوى هزرى دەخوێندرێتەوە. هەر بەهۆى ئەو تایبەتمەندییەشەوە ئەدەبیاتناسی بۆ کۆى فێرخوزانکێک دەست نادات کە لەناو ئەو کۆپەیوەندییەدا لە ئەدەبیاتناسی حاڵى نەبێت، چونکە کۆى تیۆرییەکانى ناو توێژینەوەى ئەدەبی لەو پەیوەندییە ورد و ئاڵۆز و مشتومڕهەڵرانەوە سەرچاوەى گرتووە، کە هەریەکەیان لە گۆشەیەک و ئەزموونێکى هزرى و ملمالانێ و فرە تیۆری و ڕوانینەوە لە دایک دەبن، بۆیە کۆى ئەو پاشخانەش دەبێتەوە ئەرکى توێژەر لە ڕێبەدینەبوونى ئەو ئاگاییانە ئاستى تێوژینەوە و خوێندنەوە لاواز دەبێت.
لەناو توێژینەوە ماستەرنامە و دکتۆرانامەکاندا ڕێگایەکى ئاسان هەیە لە دەرەوەى هەموو دینابینى و قوڵایی مێتۆد و تیۆرى، زیاتر زاراوەیەکى ئەدەبی یان ڕەخنەى یان شێوازى یان دۆخێکى گۆڕانکارى لە نوێخوازى ئەدەبی یان بوارێکى نیشتماپەروەرى و دڵدارى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و سیاسی و یان بنیاتەکانى گێڕانەوەناسی…هتد بەردەوام لەناو یەک شێواز و یەک جۆر زمانى نووسیندا خۆیان دووپات دەکەنەوە. بەهۆى خۆنەبەستنەوە بەهیچ تیۆرییەک یان پارادایمێکەوە، ئەو مۆدە باوە و ئامادەییەکى مەعریفى ئەوتۆى ناوێت. توێژەر لەچوارچێوەیەکى دیارکراودا دەخولێتەوە، بەڵام ئەوەى جیاواز و جێى پرسیارى زۆرترە لە توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردیدا بەکاربردن و ئامادەیی مێـتۆد و تیۆرى تازەى ئەدەبییە. توێژەر لەلایەک لە هەلومەرجى گوێزانەوەى تیۆر لە کۆپەیوەندى مەعریفى و هەلومەرجى دەرکەوتنى تیۆرییەکە شارەزا نییە، بۆیەشە کاتێک تیۆر وەک ئامراز بەکاردێت لە ئامانجى خوێندنەوەکە دوور دەکەوێتەوە، لەلایەکى دیکەشەوە زۆربەى تیۆرە بەکارهاتووەکانى ناو توێژنەوەى ئەدەبیاتى کوردى وەک باسمان کرد پاردایم و تیۆرییەکە بزرە. بۆ نمونە کاتێک لە لەناسنامە دەکرێت، لەناو ناسنامەدا چوارچێوەى ئەو پارادیمەى ڕوون و دیار نییە لە ڕوانگەى پۆستکۆلۆنیالیزمە یان فێمینیزمە یان کەلتوورى و ئاینیییە، بۆیە لە زۆربەى باردا بەکاربردنى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و مرۆیی و کەلتوورى پێویستە ئەو چوارچێوە تێگەیشتنە ڕوون بێت، بۆئەوەى لە هەموو لایەک و گۆشەیەکى پاشاگەردانى لەچوارچێوەى پێناسەکانەوە بەناوى مێتۆدى وەسفى شکارى وەک قاوغێکى ئامادە هەموو شتێک نەئاخرێتە ناو توێژینەوەکەوە. بەدەر لەوە توێژینەوەکان سروشتێکى ئینشائی وەردەگرن، نەک خوێندنەوە، ئەوەیان سەرکیترین گرفتى ئێستاى توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردییە و نەیتوانیوە بەشێویەکى بەرچاو ئەو تێگەیشتنە تێپەڕێنێت، واتە لە ڕێى ژماردن و خاڵ و پێناسەوە بەشێوەیەکى وەسفى لەژێر کاریگەرى ئەو بنەما تیۆرییانەى کۆپی دەکرێن و دەقە ئەدەبیەکانیش لەگەڵیان دەگونجێنن، وەک ئەوەى تۆ پێوانەیەکت هەبێت، بەدواى قیاسەکەى بگەڕێى بەبەریدا بکەیت، بەبێ ئەوەى هیچ ڕاڤەیەکى ئەوتۆ یان گوتارێکى پشتى تێکستکە بۆ ئێمە کەشف بێت. هەر بەهۆى ئەو نائاگایی و فرەمەعریفییەى کە پێویستە توێژەرى ئەکادیمى هەیبێت، زۆرجار خوێندنەوەى ڕەخنەیی و توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی لە دەرەوەى ئەکادیمیا بەبێ مێتۆدى توێژینەوەى ئەدەبی زۆر کاریگەرترە، لە بەکاربردنى مێتۆدێکى مێتۆدۆلۆژى ئەدەبی ناو زانکۆ، یان بەواتایەکى دیکە ڕووبەرى مەعریفى زاڵتر و کاریگەرترە لەناو خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبیدا، لەبەرامبەر ئەوەشدا مێتۆد و تیۆر لەناو ئەکادیمیا بۆتە بۆتەیەکى ئامادەکراوى ئەو بۆشاییە مەعریفییانەى کە لاى خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆدا هەیە.


هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران ٢٥/١/٢٠٢٥

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next