Skip to Content

چۆن چاكسازییەكمان دەوێت؟ سعودیە بە نمونە …. فەرمان سادق

چۆن چاكسازییەكمان دەوێت؟ سعودیە بە نمونە …. فەرمان سادق

Closed
by شوبات 24, 2018 General

دوای بوونی بە جێنشین، میر محەمەدی كوڕی شا سەلمانی پادشای عەرەبستانی سعودیە لیژنەیەكی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێكهێناو بە بڕیارێك دەیان شازادەو میرو وەزیرو كەسایەتی لە هوتێلێكی پێنج ئەستێرەی وڵاتەكەی دەستبەسەر كردن.
جێگری سەرۆكی داواكاری گشتی سعودیە دەڵێ لیژنەكە ئامانجەكەی خۆی بە زیاتریش پێكاوەو 110ملیار دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاوەتەوە.
ئەوەی شارەزای مێژووی سیاسی و حوكمڕانی سعودیە بێت تێدەگات لیژنەكە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە پلە یەك نەبووە، بەڵكو ئامانجێكی سیاسی هەبووە كە خۆی لە پتەوكردنی پێگەی محەمەدە لە دەسەڵاتدا. بۆیە دەمەوێت هەڵوەستە لەسەر هەنگاوی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بكەم لە وڵاتێك كە لە دیوێكدا هاوشێوەی كوردستانە كە چاكسازی تێیدا بە بنبەست گەیشتووە.

لە كوردستان چاكسازی بە بنەست گەیشتووە و ئەمەش لای هەمووان روونە. پێش خەڵك، سیاسییەكان باش دەزانن چاكسازی لەو وڵاتە مانای مەرگی خۆیان!
ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە دواوە، شەڕی ناوخۆ لەسەر دزینی داهاتی ئەو وڵاتە لەنێوان پارتی و یەكێتی سەریهەڵدا نەك باشتر ئیدارەدانی ئەو وڵاتە، بەو مانایەی لەو كاتەوە پێویستمان بە چاكسازی هەبووە. ئەو دوو حزبە لە بڕی ئەوەی چاكسازی بكەن، ژێرخانی ئەو وڵاتەیان هەموو دزی، ئەوكاتیش ئەوان ریزێك ئۆتۆمبێلیان بەدواوە بوو، خەڵكیش نەوت نەبوو لە ماڵەكەی بیستوێنێت!

دوای دەرچوونی رۆژنامەی هاوڵاتی لە 2001، بەو توانا داراییە كەمەی خۆی زۆر دۆسیەی گەندەڵی ئاشكرا كرد، بەڵام دوو ئیدارەیی و بەرژەوەندی حزبی و نەبوونی ئیرادە رێگر بوون لە چاكسازی.
دوای 2005 كاتێك بە لێشاو پارە لە بەغداوە هاتە كوردستان و بەدوایدا نەوت دەرهێنراو بە ناوی وەبەرهێنانەوە زەوی ئەو وڵاتەیان تەخشان و پەخشان كرد، ئەمانە لەگەڵ خۆیدا قەبارەی گەندەڵی لە چەند سەد هەزار دۆلارێك بۆ ملیۆنان دۆلار بەرز كردەوە. پارتی و یەكێتی تەنیا لەسەر تەخشان و پەخشان كردنی داهاتی ئەو وڵاتە رێككەوتنیان هەبوو، لەولاشەوە دەنگی ناڕەزایەتی زیاترو زوڵاڵتر باسی گەندەڵی هەردوو حزبیان دەكرد.

سەرئەنجام خۆیان دانیان بە بوونی گەندەڵی نا، بەڵام لەمەشدا ئیرادە نەبوو هەنگاو هەڵگرن، بەدوایدا رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕانی پێكهێناو بەرەی دژە گەندەڵی بەهێزتر بوو.
پارتی و یەكێتی بۆ هەڵمژینی ئەو دەنگە چەندان هەوڵی سڕ كردنی رای گشتیان دا لە رێگەی پێكهێنانی لیژنە و دەستەی دەستپاكی و یاسای نەزۆكیان وەك موسەكین بەكارهێنا.
ئەوەی روونە بەرئەنجامی لیژنەكانی مەسعود بارزانی كە سەرۆكی هەرێم بوو نەك نەیتوانی بەردێ بخاتە سەر بەردێ، بەڵكو خودی پێكهێنانی لیژنە پێشێلكارییە، بە پێی یاساكانی پارتی و یەكێتی كە لە پەرلەمان دەریانچوواندووە دەستنیشانی دەكات ئەو پرسە لە دەسەڵاتی كێ دایە. دەبوو بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی لە هەڕەمی دەسەڵات دەستپێ بكات، بەڵام ئەوان لیژنەیان پێكدەهێنا وەك بڵێی ئەوان گەندەڵ نین بەڵكو كەسانی ترن گەندەڵن.

لە یاسای سزادانی عێراقی زۆر بە روونی چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ وەرگرتنی رەشوە و بەكارهێنانی موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندی كەسی و دزی و … باسكراوە و سزایشی بۆ دانراوە. یەكێك لە ئەركەكانی داواكاری گشتی بەدواداچوونە لە خراپ بەكارهێنانی موڵكی گشتی و سوودمەندبوونی نا یاساییە لە پۆست وپێكەوەنانی سەرمایە، جگە لەمە دیوانی چاودێری دارایش هەیە.

لە كوردستان بۆ ئاڵۆزكردنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی، دەستەیەكان دامەزراندووە بە ناوی دەستەی دەستپاكی، من قسەم لەسەر كارەكانی ئەو دەستەیە نیە كە لە هەناوی سیستەمێكی شكستخواردوو لە دایكبووە بۆیە چاوەڕوانی زۆری لێ ناكرێت.
زۆر قسە لەسەر چاكسازی كراوە، بەڵێنی قەبە قەبەش دراوەو نزیكیش دەبینەوە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن كە دڵنیام جارێكی تر لە پاڵ بەڵینە باق و بریقەكان، ئەو پرسەش قەوانی بۆ دەكوترێت. رۆشنبیران چەندان پێشنیازی باش و بەجێیان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی پێشكەش بە دەسەڵات كردووە، بەڵام ئەوان زیاتر وەك موسەكین بۆ كپكردنی رای گشتی بەڵێنیان داوە بۆیە دەرئەنجامەكەی بەوە گەیشتووە كە چاكسازی لە كوردستان بە بنبەست گەیشتووە كە هۆكاری سەرەكی زۆر بە كورتی ئەوەیە ئەوانەی لە دەسەڵاتن و بڕیار بە دەستن لەو وڵاتە بەشی زۆریان ئەگەر هەر هەموویان نەڵێم، ئەوا لە گەندەڵی تێوەگلاون.

وای دەبینم پێویستیمان بە هەمان جولەی میر محەمەد هەیە، هەموو ئەوانەی دۆسیەیان لەسەرە لە هۆڵێك كۆ بكرێنەوە و بە دۆسیەكانیانەوە بدرێنە دادگا، یانیش سەرمایەكەیان هەڵسەنگێنرێت و سێ لەسەر چواری لێ بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت.
ئەوەی منی تووشی نیگەرانی كردووە كێ ئەو كارە بكات؟ ئەگەر ئەوە راستە هەموو بەرپرسانی ئەو وڵاتە گەندەڵ بن، خۆ كەسێك لە دەرەوە هاوردە ناكەین بۆ ئەنجامدانی. كەواتە سێ رێگەمان هەیە، یان هێشتنەوەی ئەو دۆخە وەك خۆی تا متمانە دان بە هێزێكی سیاسی نا گەندەڵ دەسەڵات بگرێتە دەست، یانیش بەر مەبنای زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە قازانجە، چاو لە گەندەڵێكی دەسەڵاتدار بپۆشین ئەو كارەمان بۆ بكات، ئەمەش عەرەب وتەنی ئەزعەفول ئیمانە!

فەرمان سادق

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress