
مای نیم ئز له‌یلا ڕۆمانی حیكایه‌ته ئاڵۆزه‌كانی سه‌رگه‌ردانی مرۆڤ … ن/ شاخه‌وان سدیق
پێویسته مرۆڤ كه‌سێك هه‌بێت له ژیانیدا خۆشی بوێت، ئه‌گه‌رنا هه‌ركارێك بكات، شتێكی هه‌ر كه‌مه. (له ڕۆمانه‌كه‌وه)
له كتێبی دووه‌می یاده‌وه‌رییه‌كانیدا (ئه‌لبێرت كامۆ) باس له ڕۆڵی گرنگی نوسه‌ر ده‌كات و ده‌ڵێت” ئه‌و یه‌كه‌مین شته‌ی نووسه‌ر پێویسته فێری ببێت، هونه‌ری گۆڕینی ئه‌و شتیه كه هه‌ستی پێده‌كات بۆ ئه‌وشته‌ی كه ده‌یه‌وێت ئه‌وانی تر هه‌ستی پێبكه‌ن” ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی ئه‌م وته‌یه‌ی (كامۆ)بده‌ین له‌وه تێده‌گه‌ین كه له دیدی ئه‌وه‌وه (نوسه‌ر) كه‌سێكه كه جیاوازتر له‌وانیتر له دونیا‌و ئه‌وه‌ی له‌ناویدا هه‌یه ده‌ڕوانی و دواتر به شێوازیتر ده‌یانگۆڕێت به كه‌ره‌سته گه‌لێك كه خه‌ڵكانی تری نزیك له ئه‌و بیبینن. واته ئه‌و مرۆڤانه‌ی پێیان ده‌وترێت (نوسه‌ر) مرۆڤگه‌لێكن جیاواز له توێژه‌كانی تر ده‌بینن و تێده‌فكرێن و پرسیار ده‌كه‌ن،وه‌ك (سوهراب) واته‌نی ” چاومان ده‌شۆن و به‌جۆرێكی كه دونیامان پیشانده‌ده‌نه‌وه” به‌ڵام به‌بڕوای من بۆ ته‌واوكردنی وێنه گه‌وره‌كه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه به‌ته‌نها نوسه‌ر گرنگنیه‌و ئه‌وه‌ی ڕوناكی به‌دیوه گرنگه‌ی ئه‌م بابه‌ته دهبهخسَێت، بوونی (خوێنه‌ر) به‌واتای وه‌رگره، چونكه به‌بڕوای من هیچ تێكستێك چه‌ند به‌هێزیش بێت له واتا‌و ده‌ربڕیندا به‌بێ تێگه‌یشتنی خوێنه‌ری وشیار هێشتا ناكامڵه، وه‌ك ئه‌وه‌ی (ڕایمۆند فێده‌رمان)ده‌ڵێت” هه‌ندێك خوێنه‌ر تێكست پڕده‌كه‌ن له مانا” كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی له گۆشه‌یه‌كی دیكه‌وه له ڕێگه‌ی تێكسته‌وه له دونیا بڕوانین و تێبگه‌ین ده‌بێت هاوكێشه‌ی (نوسه‌ر+ دیالۆگ + خوێنه‌ر = ڕه‌خنه‌گر) هاوسه‌نگ بكه‌ین، چونكه به‌بێبوونی ئاماده‌ی هه‌ریه‌كێك له‌مانه مومكین نییه، تێكست هیچ بایه‌خێكی هه‌بێت، چونكه خوێنه‌ری باش، ده‌بێته ڕه‌خنه‌گری باش و دوباره مانا به تێكست ده‌به‌خشێته‌وه، لێره‌وه ئه‌گه‌ر بكرێت وه‌ك خوێنه‌رێك له ژێر ڕۆشنای ئه‌و پێشه‌كییه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌مه‌وێت كه‌مێك ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (مای نیم ئز له‌یلا)ی كچه نوسه‌ری ئێرانی (بی تا مه‌له‌كوتی) بدوێم، كه ئه‌م ڕۆمانه به‌رهه‌می چاپكراوی ئه‌م ساڵی (بیسته‌هه‌مین ڤێستیڤاڵی گه‌لاوێژه) و له‌لایان هاوڕێی وه‌رگێڕ (مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه)ی یه‌وه به زمانێكی پاراو جوان وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی. ئه‌م نوسینه‌ش له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه كه ڕۆژانه كتێبگهلێكی زۆر له دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و له ڕه‌فه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردیدا به‌بێده‌نگی ده‌مێننه‌وه و خوێنه‌ران كه به‌بڕوای من به‌شه گرنگه‌كه‌ی ڕۆحی تێكستن له ئاستیاندا بێده‌نگن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش دوربێت له دیواری ئه‌و بێده‌نگیه ترسناكه،پێم خۆش‌بوو بۆچونی خۆم ده‌رباره‌ی بنوسم. چونكه هاوڕام له‌گه‌ڵ قسه‌كه‌ی ڕۆمان نووس (ئه‌مبرتۆ ئیكۆ)دا كه‌ده‌ڵێت” خوێنه‌ر ته‌نیا ئه‌و كه‌سه نییه كه كتێبێك ده‌گرێت به ده‌سته‌وه‌و چاوه‌ڕوانی نوسه‌ره‌كه ده‌كات شتێكی پێبڵێت، به‌ڵكو هێزێكه له پرۆسه‌ی به‌خشینی مانا‌و تێپه‌ڕاندنی ئاسۆكانی نوسه‌ردا به‌شداره، خوێنه‌ر ئه‌و مانایانه ده‌دۆزێته‌وه كه‌له سنوری خه‌یاڵی نوسه‌ر تێده‌په‌ڕن، واته كه‌سێك نییه ئیشی ته‌نیا وه‌رگرتن بێت، به‌ڵكو كه‌سێكه خۆی به سه‌رچاوه‌ی ته‌فسیر و تێڕوانین ده‌بینێت”
چیرۆكی ڕۆمانه‌كه:
ئه‌م ڕۆمانه باسكردنه له چیرۆكی ژیانی مرۆڤ گه‌لێك كه به‌نه‌وه‌ی بینه‌ری ساته‌كانی شكست و بێهیوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ناوده‌برێن، ئه‌و شۆڕشه‌ی كه‌پاش ئازار‌و مه‌ینه‌تیه‌كان، ئێرانیه‌كان دژی سیستمی شانشینی و هێنانه‌كایه‌ی حكومه‌تێكی نوێ به‌هیوای باشتربوونی ژیان ئه‌نجامیاندا ،به‌ڵام وه زۆرێك له شۆڕشه‌كانی تری دونیا و به پێچه‌وانه‌وه شۆڕش و ئامانجه‌كانی بۆ زۆرێك له ئێرانیه‌كان له‌و وڵاته‌دا ده‌بێته دۆزه‌خ، ئه‌ویش دوای پێكدادانی گروپه چهپو ڕاست ڕه‌وه‌كان و له سێداره‌دانی هه‌زاران لاوی ئازادیخواز به‌ناو تۆمه‌تی جۆراوجۆره‌وه، كه ئه‌مه‌ش وای كرد كۆچی به‌لێشاوی ئیرانیه‌كان بۆ تاراوگه ده‌ستپێبكات و جارێكی تر نیشتمان بۆ زۆرێك له‌وان ببێته‌وه‌به زیندانێكی گه‌وره، وه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ختیار عه‌لیش) له وتارێك ده‌رباره‌ی شۆڕش پێی وایه” مێژووی مرۆڤایه‌تی هیچ نییه، جگه له قه‌سابخانه‌یه‌كی گه‌وره به‌ناوی شۆڕشه‌وه” له‌م ڕۆمانه‌شدا خانمی (مه‌له‌كوتی) باس له چیرۆكی ژیانی پڕ له نه‌هامه‌تی هه‌ندێك له‌و هاوڵاتیه ئێرانیه تاراوگه نشینانه‌ی وڵاتی (ئه‌مریكا) ده‌كات كه خه‌م و دوریه‌كانی غوربه‌ت، هه‌ناوی كه‌رت و په‌رتكردون و یاده‌وه‌ری ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون، به‌جۆرێك كه له چه‌ند شوێنێكی ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ندێك له كاره‌كته‌ره‌كان له خۆ ونكردن نزیك ده‌بنه‌وه، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام یه‌كێك له كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی ڕۆمانه‌كه خود كوژی ده‌كات و له‌سه‌ر پردێكه‌وه خۆی هه‌ڵده‌داته خواره‌وه‌و كۆتای به ژیانی خۆی دێنێَت. به‌گشتی ڕۆمانه‌كه یاریكردنێكه له نێوان هه‌ردوو بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواداو هه‌وڵێكه بۆ پیشاندانه‌كانی نائومێدیه‌كانی ئینسان كه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له هه‌ركوێیه‌كی ئه‌م دونیایه‌دا بژی.
ته‌كنیك و زمان. وه‌ك دوانه‌ی به‌هێزی گێڕانه‌وه.
له ڕاستیدا و بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه حیكایه‌تێكی ساده‌و ساكار و ئاسایی بوو، وه‌ك زۆرێك له چیرۆكی ئه‌و ڕۆمانانه‌ی كه كه‌ڕۆژانه ده‌یانبینین و ده‌یان خوێنینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خ و له‌سه‌ر وه‌ستانه له‌م ڕۆمانه‌دا بونی ته‌كنیكی به‌هێزی گێڕانه‌وه‌و زمانه ئاست به‌رزه‌كه‌یه‌تی كه بوه‌ته هۆی جوان و به‌هێز داڕشتنی ڕسته‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به‌یه‌كه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هاوكاری و بوونی شیعریه‌ت له ساتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا، كه به‌دیلۆگی (پینگ پۆنگ)ی كورت و خێرا ڕسته‌كانی داڕێژاون، ئه‌ویش به‌جۆرێك له‌كاتی خوێنه‌وه‌دا هه‌رده‌ڵێی كورته چیرۆك ده‌خوێنیته‌وه، نه‌ك ڕۆمان. كه به بڕوای من ئه‌مانه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌م خانمه نوسه‌ره خۆی هه‌م (شانۆكارو شیعر)نوسه‌و كاریگه‌ری خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی جیهانیشی له‌سه‌ره كه به ئاسانی له‌كاره‌كه‌یدا هه‌ستی پێده‌كه‌رێت، به‌تایبه‌ت چیرۆكه‌كانی نوسه‌ران (هه‌نگوای ئه‌مریكی و چیخۆفی ڕوسی) ئه‌م ڕۆمانه له ڕووی ته‌كنیكه‌وه دابه‌شكراوه به‌سه‌ر (حه‌ڤده) به‌شی جیاواز‌و سه‌ربه‌خۆدا، به‌جۆرێك هه‌ربه‌شه‌ی ده‌توانرێت وه‌ك چیرۆكێكی سه‌ربه‌خۆی ڕوداو ئامێز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، واته له‌م ڕۆمانه‌دا له هه‌ربه‌شێكه‌وه بته‌وێت ده‌ست به‌خوێندنه‌وه بكه‌یت ده‌توانیت و تیمای سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه تێك ناچێت، ئه‌م ڕۆمانه سێ گێڕڕه‌وه‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه‌و ده‌نگی هه‌ریه‌كێك له‌و حیكایه‌ت خوانانه‌ش سهربهخۆو جیاوازن، به‌جۆرێك هه‌ریه‌كێك له‌وانه به‌جۆرێكی جیا‌و تایبه‌ت چیرۆك و ڕوداوه‌كانی خۆی و به‌شێوه‌ی گرێچنی تایبه‌ت به‌خۆی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گرێته‌وه. ئه‌مه‌ش نیشانده‌ری توانا‌و لێهاتوی و شاره‌زای نوسه‌ره له چۆنێتی نوسینی ڕۆمان و شێوازه‌كانی له‌مڕۆدا.
سه‌رنج له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه:
بێگومان هه‌موو به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی چه‌ند به‌بایه‌خ و گرنگیش بێت، هێشتا به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ش لایه‌نی دیكه ده‌مێنێته‌وه بۆ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی هه‌ندێك خاڵ لاواز تیایدا، به‌بڕوای من ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له جوانیه‌كانی ئه‌ده‌ب كه گۆشه نیگای زۆر و جیاوازی بۆ بینین هه‌یه، من له خوێنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه كه‌وتم كه ناكرێت بوترێت كه‌موكورتین له كاره‌كه‌دا ته‌نها تێبینین و به‌بڕوای من ده‌بوو نوسه‌ر باشتر كاری له‌سه‌ر بكردنایه.
یه‌كه‌م: زۆرێك له ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه ئاڵۆزن، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری شاره‌زا نه‌بێت ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێت هه‌ندێك ڕوداو كاره‌كته‌ر به‌ئاسانی بۆت جیابكرێته‌وه، كه ره‌نگه ئالۆزی گێڕانه‌وه‌كه نوسه‌ر له خزمه‌ت ته‌كنیكه‌كه‌ی به‌كاری هێنابێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌رچۆنێك بیت خوێنه‌ر توشی مهلهل ده‌كات.
دووه‌م/ ته‌واوی ڕۆمانه‌كه به نه‌فه‌سی شانۆیی نوسراوه‌و كه‌متر نوسه‌ر توانیوێتی خۆی له وێنه‌ی درامایی بپارێزێت، كه ده‌كرا باشتر و له ڕێگه‌ی دیالۆكی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه خۆی له‌م حاڵه‌ته بپاراستایه و زیاتر له سینه‌ما نزیك بكه‌وتایه‌ته‌وه.
سێیه‌م/ ئه‌گه‌رچی ڕۆمانه‌كه له وڵاتی فه‌ره‌نساو دوور له سانسۆر چاپكراوه، به‌ڵام له زۆرێك له دیمه‌نه (ئیرۆتیكیه)كاندا، نوسه‌ر خۆی سانسۆری كردوه‌و حه‌قی ته‌واوی به گێڕانه‌وه‌ی ساته‌كانی ڕووداوه‌كه نه‌داوه‌و شه‌رمێكی زۆر به نوسینه‌كه‌وه له‌و ساتانه‌دا دیاره، كه خوێنه‌ر به‌ئاسانی هه‌ستده‌كات نوسه‌ر خۆی سانسۆر‌و ڕێگره له به‌رده‌م (ڕاوی) حیكایه‌ته‌كاندا. بۆ باشتر ته‌عبیركردنی ئه‌و ساتانه.
چواره‌م/ ئه‌گه‌رچی ڕۆمانه‌كه باسكردنه له نائومێدی و نه‌هامه‌تیه‌كانی مرۆڤ به هه‌ردوو ڕه‌كه‌زه‌كه‌یه‌وه، به‌ڵام ساته تراژیدیه‌كانیش له‌م ئیشه‌دا زۆر نه‌رم و نیان گێڕاونه‌ته‌وه به زمانێكی ته‌واو كچانه، كه به‌بڕوای من نوسه‌ر له كاتی قسه‌كردنی كاره‌كته‌ره پیاوه‌كاندا نه‌ی توانیوه له كچ بونی خۆی ده‌ربازببێتن، بۆیه له‌كاتی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا یه‌كڕاست به‌ر نوسین به زمانی (فێمینستیان)ه ده‌كه‌ویت.
ئه‌م ڕۆمانه بۆ بیخوێنینه‌وه:
(هاشمی ئه‌حمه‌د زاده) له كتێبی (جیهانی ڕۆمان)دا پێی وایه” ڕۆمان له‌جیاتی نوێنه‌رایه‌تیكردنی هه‌موو جیهان، ته‌نیا ڕووناكی ده‌به‌خشێته سه‌ر هه‌ندێك خاڵ بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به جیهان” له ئێستادا و به‌گشتی مرۆڤ له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م زه‌ویه‌دا بێت و هه‌رچۆ بژی بێهیوایه‌كی گه‌وره بیركردنه‌وه‌ی ته‌نیوه، بۆیه زۆر جار به‌م سه‌رده‌مه ده‌وترێت چاخی مرۆڤه نا ئومێده گه‌وره‌كان، له‌م ڕۆمانه‌شدا نوسه‌ر هه‌وڵیداوه باس له ئێستای دۆخی مرۆڤ له دوو جه‌مسه‌ر دونیادا بكات و بیبه‌ستێته‌وه به دوو كلتوری جیاوازوه، ئه‌ویش به پیشاندانی ئه‌و نا ئومێدیه قوڵه‌ی كه له ڕۆح و جسته‌ی مرۆڤدا سه‌ره‌ڕای بوونی ته‌كنه‌لۆژیاو پێشكه‌وتن مۆدێرنه دروستی كردوون، نوسه‌ر ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه باس له نه‌هامه‌تیه‌كانی شۆڕش و خه‌مه‌كانی مرۆڤ له ئاواره‌بون و ته‌نهای غوربه‌ت بكات، باس له عیشق و ته‌نهای و جیابونه‌وه و هه‌ستانه‌وه‌ی دواتری دوای شكست، باس له ونبونی مرۆڤ له شاره‌گه‌وره‌كاندا ده‌كات، كه چۆن جۆرێكه مرۆڤ بۆته ڕۆبۆتێكی گه‌وره‌و له قه‌ڵباڵخترین جێگادا هه‌ست به ته‌نهای گه‌وره ده‌كات، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر وشیاری نه‌بێت ئه‌سته‌مه به‌ئاسانی خۆی بدۆزیته‌وه، نوسه‌ر بۆ ده‌ربڕین و داڕشتنی هه‌موو ئه‌مانه‌ش زمانێكی ته‌واو پڕله هارمۆنیای مۆسیقی به‌كارهێناوه كه خوێنه‌ر په‌ره‌گراف په‌ره‌گراف به‌دوای خۆیدا ڕاده‌كێشێت، بۆیه به‌بڕوای من خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه بۆ خوێنه‌رانی ئێستای ئێمه گرنگه، چونكه ڕۆمانه‌كه جگه له ته‌كنیكه به‌رزه‌كه‌ی خاوه‌نی چیرۆكێكیشه كه تاڕاده‌یه‌ك له ژیانی ئێستای زۆربه‌مانه‌وه نزیكه، وه‌ك نوسه‌ریش خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕۆمانه ده‌ڵێت” بۆ نوسینی ئه‌م كتێبه خۆم ده‌سوتام و وشه‌كانی ڕۆمانه‌كه یه‌ك یه‌ك داده‌گیرسان” من به‌هیوام له‌م نوسینه‌مدا ناهه‌قیم له گێڕانه‌وه‌ی تیكسته‌كه نه‌كردبێت و خۆتان به‌خوێندنه‌وه‌ی چێژی ڕاسته‌قینه له ڕۆمانه‌كه وه‌رگرن و ئه‌م نوسینه‌ی منیش ته‌نها وه‌ك ناساندێكی كورت چاولێبكهن. سوپاس بۆ وه‌رگێڕی ئه‌زیز(مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ی) له‌پای ئه‌و وه‌رگێڕنه جوانه به‌و زمانه پاراوه‌و ناساندنمان به‌م به‌رهه‌مه ناوازه‌یه. به‌هیوام له داهاتوودا به‌رهه‌می زیاتری (بی تا مه‌له‌كوتی) بخوێنینه‌وه.
—————————————
بۆ ئه‌م نوسینه سودم له‌م كتێبانه وه‌رگرتووه.
1- خوێنه‌ری كوشنده_به‌ختیار عه‌لی_ 2005
2- جیهانی ڕۆمان_ هاشم ئه‌حمه‌د زاده_2015
3- بیره‌وه‌ریه‌كانی ئه‌لبیرت كامۆ_وه‌رگێڕانی_پێشڕه‌و حسین.