Skip to Content

ھەموو شتەکان ملکەچی ئەقڵی ئامێریی بوون.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ھەموو شتەکان ملکەچی ئەقڵی ئامێریی بوون.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 11, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی چواردە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: ئەوەی من بڕوام پێیەتی ئەمەیە، مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاڵۆزە و تێگەیشتن لێی ئاسان نییە، ھەرچی داھێناوە و ھەرچی دەکات بۆ زیاتر ناسینی خۆیەتی، زانست و ئەدەب و فەلسەفە بۆ لێکدانەوەی ئەو ئاڵۆزییە تێدەکۆشن، ملیارەھا ساڵە مرۆڤ بە فۆرمی جیا جیا لە خۆدۆزینەوەدایە، ھەر جارەش شتێکی نوێ و جیاوازتر لە خۆیدا کەشف دەکات، باوەڕ دەکەم ھێشتاش نەگەیشتۆتە نیوەی رێ. تێگەیشتنی مرۆڤەکان کە ھەریەکەیان جیھانێکی تایبەتی پڕ گرێوگۆڵ و نیمچە رووناکن، لە رێگەی زمانەوە نییە، زمان ئامڕازی مامەڵەکردنە، بەڵام خۆشەویستی کلیلی دەرگاکەیە تا تۆ بچیتە ناو جیھانی مرۆڤێکی ترەوە، ئەگەرچی خۆشەویستیش دەستەپاچەیە لە دەستڕاگەیشتن و بینینی ھەندێک جوگرافیای تاریک و ئاڵۆزکاوی جیھانی تایبەتی مرۆڤ، بەڵام لە خۆشەویستی بەولاوە شتێکی ترمان نییە بۆ ئەو کارە.
خۆم: جارێک وتتان مرۆڤەکان لە رێگەی شیعرەوە لە یەکتر تێدەگەن، شیعریش دواجار گوتنە، ھەروەک چۆن ئەدۆنیس جیاوازیی زۆر لە نێوان زمان و گوتندا دەبینێت. شیعر جیھانێک دادەھێنێت مرۆڤەکان تێیدا لە یەکتر تێدەگەن، بەڵام خۆشەویستی شتێکی ترە و کاتییە، ئەمە شتێکە چوار سەدە پێش ئێستا “پاسکاڵ” بیری لێ دەکردەوە، کە “ئێمە ھەرگیز کەسمان خۆشناوێت، بەڵکو تەنھا ھەندێک سیفەتمان خۆش دەوێت و ھیچی تر”. لای پاسکاڵ ئەو سیفاتانە ھەرگیز “من” دروست ناکەن، بەو پێیەی سیفاتە مرۆییەکان ئەزەلی نین، ھەروەک چۆن ئاوڵە جوانی رووخسار لەناودەبات بێ ئەوەی خودی مرۆڤەکە لە بەین بچێت، ئەو رووخسارە جوانە کە فاکتۆرێکی خۆشەویستییە بینیمان جاویدانی نییە، ھەروەھا بۆ سیفەتەکانی تریش بە ھەمان شێوە. لێرەدا باوەڕم وایە خۆشەویستی داھێنراوە، تەنیا بۆ ئەوەی ئەو ھەقیقەتە لە بیر بکەین ئێمەی مرۆڤ نە لەگەڵ یەکتر ھەڵدەکەین و نە بێ یەکتر ھەڵدەکەین.
من: پەندێکی دێرین ھەیە دەڵێت “کە ئەسپ نەبوو، زین لە کەر دەنرێت”. دەبێت مرۆڤ بەدوای ئەوەدا وێڵ نەبێت نییە، بەڵکو دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکات ھەیە، خۆشەویستی تاکە شتە ئێمە کۆبکاتەوە بە یەکەوە، لەوە بەولاوە چیتر ھەیە؟. تۆ وتەزاکەی “پاسکاڵ”ت ھێنایەوە وەک ئارگۆمێنتێک، بەڵام لە بیرت کردووە ھەر ئەو لە جێگەیەکی تردا دەڵێت “جوانی ژیان لەوەدایە بە خۆشەویستی دەست پێبکات و بە خواست و ئارەزوو کۆتایی پێ بێت”. ئەگەرچی چەمکی خۆشەویستی لەکۆنتێکست و دیدی میتافیزیکی “پاسکاڵ”دا روانگەیەکی لاھوتی و مەسیحییانەی ھەیە، بەڵام خودی خۆشەویستی وەک ناوەڕۆک لە دەرەوەی سیاقە مێژووییەکانە، دەشێ پێناسەکان بە پێی شوێنکات بگۆڕدرێن، بەڵام ناوەڕۆکی خۆشەویستی ھیچ کات ناگۆڕێت. سەبارەت بە شیعر رایەکم ھەیە ئەگەرچی دەزانم لێم قبوڵ ناکرێت، شیعر یان گوتن شتێکە خۆشەویستی دایھێناوە، نەک بە پێچەوانەوە، شیعر گەمەیەکی ئەبستراکتی زمانەوانیی نییە، بەڵکو بەرھەمھێنانەوەی خۆشەویستییە لە فۆرمێکی تازەتردا.
خۆم: لە ئەفسانەی “گلگامێش”دا، کاتێک خۆشەویستی خواوەند “عەشتار” رەت دەکاتەوە، رستەیەکی سەرەتانیی ھەیە، چرکەساتێک گلگامێش بەرەو رووی عەشتار دەڵێت “تۆ کامە عاشقی خۆت بە بەردەوامی خۆشویستووە؟”. ئەمە تەنیا رەخنەگرتن نییە لە سروشتی سۆزانیانەی عەشتار، بەڵکو ئەوەیە خۆشەویستی دەکەوێتە ژێر حوکمی زەمەنەوە، خۆشەویستییەک لە ئارادا نییە بەپێی رێسای ماتماتیکی ژمارەکان کە ھیچ کۆتاییەکی نەبێت، خۆشەویستی مرۆڤ ھەروەک ژیانی خۆی نەمر نییە، بگرە کورتترە لە ژیانی خۆی، “لێرەدا باس لە خۆشەویستی ژن و پیاوە”. جیا لەمەش خۆشەویستی مرۆڤی ترانسێندێنتاڵ دروست ناکات، بەڵکو ھەمیشە مرۆڤەکان لە باری سترێس و نادڵنیاییدا رادەگرێت، جەنگێکە بە بێ گرمەی تۆپ و تانک. بەدەر لە ھەموو ئەم فاکتانەش ئێمەی مرۆڤ مەحکومین بە کردەی خۆشەویستی.
من: باوەڕم وایە مرۆڤی عاشق کەسێتییەکی “گالیڤەر”یی ھەیە، ھەندێک جار ھەست بە ترانسێندێنتاڵی خۆی دەکات، بە پێچەوانەشەوە. خۆشەویستی تەنیا کردەیەکە دەروون و جەستە و تەواوی ھەبوونی خود بەشداریی تێدا دەکات، تاکو ئێستا ئاناتۆمییەکی پزیشکیی بۆ عاشقێک نەکراوە، لەو کاتەی دڵی دەکەوێتە خورپە یان ھەست بە خۆشی و شوھدێک دەکات، چی بەسەردا دێت لە رووی بایۆلۆجییەوە، ئێمە تەنیا لەناو تەئەمولاتدا لە خۆشەویستی دەڕوانین، بەڵام پێموایە خۆشەویستی پەیوەندیی ئۆرگانیکی و پتەوی ھەیە بە مێشکەوە، لە سۆنگەی ئەوەی زانستی نوێ بوونە ماتەرییەکەی مرۆڤ تەنھا بە قەباغ و یەکگرتنی ئەتۆمەکان ناناسێنێت، بەڵکو ئێنرژی بەشێکە لە وجودی، من خۆشەویستی بە ئەو وزەیە دەبینم، کە دەتوانێت کاربکاتە سەر ھۆش و ئاگامەندیی و تەنانەت بۆدی ھەر مرۆڤێک. تۆ پێویستە ئەم میناتۆرییە ببینیت لە ناو تابلۆ گشتییەکەدا.
خۆم: ئەوە راست و تەواوە مێشکی مرۆڤ دەزگایەکی گەورەی بەرھەمھێنانی بیر و ئینرژییەکانە، تەنانەت مێشکی مرۆڤ قابیلیەتی ئەوەی ھەیە لە یەک وانەدا سەد ھەزار وشە فێر بێت، یان ئەو توانایەی ھەیە لە ماوەی یەک ھەفتەدا زمانێک فێر ببێت، توانای ناسینەوەی دە ھەزار کەسیشی ھەیە لە تەنھا ساڵێکدا، کەچی ئەوەی سەیرە ئەم مێشکە ھەمیشە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەویتر، رق و دەستبەراگرتن بەکارھاتووە، ئەو مێشکانەی خۆشەویستی بەرھەم دەھێنن یەک لە ملیۆنی ئەو مێشکانە نین کینە دروست دەکەن، رق و کینەش ئەو مانا کلاسیکییە ناگرێتەوە لە حکایەتە فۆلکۆرییەکاندا باسی لێوە کراوە، بەڵکو ئەو تەکنۆلۆژیایە دەگرێتەوە، مارتین ھایدگەر بە نەریتێکی میتافیزیکیی پێناسەی دەکات، کە لە دواجاردا شارستانێتییەکی ھیچگەرا و ئەنتی خۆشەویستی وەک جیھانی ئەمڕۆی لێکەوتەوە.
من: بادیۆ ئەگەرچی چەپێکی رادیکاڵ و فەیلەسوفێکی شۆڕشگێڕە، دەشزانین شۆڕشگێڕیی بە سروشتی خۆی دژە عەشقە، بەڵام ئەو بە چاوکردن لە ئەفلاتۆن دەڵێت “بەبێ خۆشەویستی فەلسەفەش لە ئارادا نییە”. لێرەدا تانوپۆی خۆشەویستی ئێجگار لەوە گەورەترە بۆ پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو کورت بکرێتەوە، بەڵام سەرئەنجام خۆشەویستی ژن و پیاو دیوە ھەر ریالیتی و ئیستاتیکییەی کردەی خۆشەویستییە. تەنانەت دیکتاتۆرەکانیش بچووک بوونەتەوە لە بەردەم خۆشەویستی ژنێکدا “ھەڵبەتە زۆرینەی دیکتاتۆرەکانی ناو مێژوو پیاوانن”. خۆشەویستی ھۆرمۆنێکە بەبێ ویستی ئەوەی کێیت و لە چ پێگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیدایت، مێشکت دەریدات. بیر لە شانۆنووسی سوێدیی “ستریندبێرگ” دەکەمەوە کاتێک عاشقی ژنێکی مێرددار دەبێت، لە نامەیەکدا بۆی دەنووسێت “ئاگرەکەی من، مەزنترین ئاگرە لە سوێددا”. دەبێت ئەم خۆشەویستییە جیاوازتر بووبێت لە خۆشەویستی “ھیتلەر” بۆ “ئیڤا براون”؟ بە دڵنیاییەوە دەڵێم نەخێر، ھەر عاشقێک ئاگرەکەی خۆی پێ گەورەترە، ئەو ئاگرەی خۆشەویستی لە ژیانی ھەر مرۆڤێک بەربێت، دەیکاتە مرۆڤێکی راستەقینە.
خۆم: خۆشەویستی تەنیا ھەر ئاگر نییە، بەڵکو ئاویشە، ھەروەک “نالی” لە شیعرێکدا دەڵێت: “ناری سینەم گەر نەبێ غەرقم ئەمن.. ئاوی چاوم گەر نەبێ سووتاوم ئەز”. ئەگەر ئەو ئاوەی چاو نەبێت ھەموو دەسووتێین، ئەگەرچی ئەو ئاگرەش نەبێت تێکڕا نقومی دەریای فرمێسک دەبین. ھەروەک چۆن “سالۆمی” لە شیعرێکدا بۆ “فرۆید” باسی ھەمان ئاگر دەکات و بە چێژی سووتان وەسفی دەکات. کەچی وەک ئەوەی خۆشەویستی سەر بە ئەمڕۆ نەبێت، رەنگی کاڵتر بۆتەوە، بەڵکو لەم چاخی سەھۆڵبەندانە جێی ئاگری خۆشەویستی نابێتەوە، ئینسانەکان سەرقاڵی شتی لابەلا کراون، تا بیر لە خۆشەویستی نەکەنەوە، چون ئەم دنیا نادادپەروەرە بە چەکی خۆشەویستی نەبێت لەناو ناچێت، پێموایە شۆڕشی راستەقینە گەڕاندنەوەی خۆشەویستییە بۆ ئەو ئەو مرۆڤەی، نیتچەی گەیاندە ئەوەی بڵێت لە مەیموون مەیموونترە.
من: دروست ھاوڕای ئەم دیدەم، من لە دەلاقەکەی ترەوە دەچمەوە ناو ئەم باسەوە، مرۆڤبوون لەژێر پرسیاردایە، وەک جارێک فەیلەسووفی ئەڵمانی “پیتەر سلۆتەردایک” نووسیبووی “ئەگەر مرۆڤ نەبوایە، ئەنترۆپۆلۆجیا زانستیکی راستەقینە دەبوو”!، کەواتە لە کوێدا مرۆڤایەتی لە ژێر پرسیاردایە؟. لێرەدا لەو فەیلەسووفە جودا دەبمەوە و دەڵێم بە ھۆی موڵکایەتی تایبەتەوە!!، کە بە بڕوای “پرۆدۆن” موڵکایەتی تایبەت “دزییە” و “لە رێگەی دەست بەسەراگرتن و داگیرکارییەوە دروست دەبێت”. کەواتە ئەمە چ پەیوەندییەکی بە خۆشەویستییەوە ھەیە؟. من لێرەدا تاڵە مووەکەی معاویە ئاشکرا دەکەم، بەو پێیەی تا مرۆڤ ھەوڵی دەستبەراگرتنی مرۆڤ بدا، خۆشەویستی تەنیا لە درۆیەک زیاتر نییە. تاکو ژن موڵکی پیاو بێت، خۆشەویستی درۆیە!! مرۆڤایەتی کاتێک ھەیە ھەردوو رەگەز بەشێوەیەکی ھاوسەنگ ژیان و مافەکانیان پیادە بکەن. یەکێکیش لە دەرھاویشتە ھەرە پۆخڵەکانی مۆدێرنێتە دیاردەی لەشفرۆشییە، ئەمەش بە خۆشەویستی دەرمان دەکرێت، چوونکە خۆشەویستی دژی موڵکایەتی و بە کاڵاکردنە. بە پشت بەستن بەم راستییە ساکارانە دەتوانین ئەوە بڵێین خۆشەویستی لەم چەرخەدا زەلیلە، ھەروەک ھەموو شتەکان ملکەچی ئەقڵی ئامێریی بوون، وەک ھەموو پێدراوەکانی تر لاقە کراوە و کراوەتە دیاردەیەکی دیجیتاڵی فەزای دنیا مەجازییەکەی تەکنۆلۆژیا.
خۆم: ئەمە راستییەکی زۆر خنکێنەرە، بەڵام دڵخۆشم بەوەی بە ئاوابوونی ئەم سیستمە پیرەی سەرمایەداریی جارێکی تر، بەھارێک دێتەوە خۆشەویستی تێدا بڕوێت، ھەروەک ئەوەی مارکس وتی “گوڵ لێرەیە، لێرە سەما بکە”.
من: ھەرچەند زۆر گەشبین نیم وەک تۆ، بەڵام با ھەمیشە خەیاڵی جوان بکەین، وەک ئەوەی “کیتس” لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت “با ھەمیشە خەیاڵ گەشت بکات”. خەیاڵی من ھەمیشە لە گەشتی ئەو دنیایەدایە خۆشەویستی بینای کردووە، دەمەوێت ھاووڵاتییەکی ئەو شارە یۆتۆپییەی ناو خەیاڵەکانی خۆم بم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
٢٥-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: شانزە و بیست و حەوت خولەک
رۆژی کریسمسە، شار خامۆش و سەرمایەداران گیرفانیان پڕتر کرد بەم رۆژە
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

Previous
Next
Kurdish