
ناسنامەی سەگەکانی کۆمارەکەی (ئیبراهیم یوسفی)..(١-٢).. غازی حەسەن
(١-٢)
پێشەکی
خوێندنەوە و شیکردنەوە دوو پرۆسەی گرنگن بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە و تەواوکردنی دەقەکە، منی خوێنەر بەپێی تێگەیشتنم لە خودی دەقەکە، ژینگە و هێز و مانایەکی تازە بە دەقەکە دەبەخشم. مەرج نییە وەکو نووسەرەکە بیربکەمەوە و لە پێکهاتە فکری و تەکنیکی و وشەسازی و ڕستەسازی و مانا و هێما و نیشانە زمانەوانییەکان بگەم. من لە دیوێکەوە سەیریان دەکەم، ئەمە ڕەنگە هەمان دیو و خواستی نووسەری دەقەکە نەبێت.
ڕەمز و کۆد و نیشانە و هێما و مانا زمانەوانییەکان، ئاراستەیەکی زهنی و وێناکردنێکی هەمەرەنگ بە دەق دەبەخشن، کە هەندێکجار لە مانا و مەبەستە سروشتییە قووڵتر و فراوانتر و هەمەدەنگتر دەردەکەوێت.
دەق دەسەڵات و هێزێکی خەیاڵی و ئەفسوناوی هەیە، من بەدوای دۆزینەوە و دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی ڕەگەز و پاشخان و مێژووی شتەکانم. ئەو شتانەی لەنێو دەقدا دەبنە ناسنامە و پێناسە بۆ خودی هەمان ئەو شتانەی (ناسنامە و پێناسەکانیان) لێ زەوت دەکرێت.
کۆماری سەگ
ڕۆمانێکی ڕۆمانووس (ئیبراهم ئەلیوسف)ە کوردێکی عەرەبینووسە و ڕۆمانەکەی لە دەزگای (خطوط وظلال للنشر والتوزیع) لە عومانی ئوردن لە ساڵی ٢٠٢٠، لە ٣٦٧ لاپەڕە بە بەرگێکی ڕەنگاو ڕەنگی شایستە و هێلکارییەکی مانابەخش و هاوسەنگ لەگەڵ دەقەکە ڕازاوەتەوە، کە پەیوەندی بە نێوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە هەیە. ناونیشان و بەرگ هیچیان لە نێوەڕۆکی دەقەکە کەمتر نییە، بەپێچەوانەوە وەکو ناسنامە و پێناسە و کلیلی چوونە نێو دەق وایە، دەق چاوی خوێنەر پڕ دەکات، لە وزە بۆ خوێندنەوە. هزری خوێنەر تەژی دەکەن لە وێنە و مانا و پەیام و ڕەهەند و هزراندن و بزاڤ و نیشانە و هێمای شتەکان، کە هەندێکیان بێ کۆتاین.
تەکنیکی دەقەکە
وەکو لەسەر بەرگی دواوەی ڕۆمانە نووسراوە تەکنیکی نووسینی ئەم ڕۆمانە بریتییە لە “سوود وەرگرتن لەشێوازی بیرەوەریی و ژیاننامە، بەڵام لە چوارچێوەی گەمەیەکی هونەری و هاوکێشەیەکی نەخشێنراو و بەزمانێکی دوور لە بریندارکردن و ئاڵۆزیی، تا زۆرترین کەس بیخوێننەوە، بۆ زمانی دیکە وەرگێڕدێت، چونکە ڕۆمانەکە ژمارەیەک دۆزی گرگ لەخۆ دەگرێت، کە پێشتر بەم دیدگایە باسیان نەکراوە. دیدگای جیاوازی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەمەش لە چوارچێوەی بەکارهێنانی نیشانەکانی جیهانی سەگەکان سەرچاوە دەگرێت، کەپێشتر بەم شێوەیە بەکارنەهێنراون”.
لەم ڕۆمانە قسەکەر و هەقایەتخوانی نێو ڕۆمانەکە خودی ڕۆماننووسە، لە چەند شوێنێک ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی (ئالان نەقشبەندییە)، ئەو ئاماژە بەوە دەکات پیشەکەی نووسەرە، نێوبانگی لە نووسین هەیە، هەندێک لەڕێگەی فەیس بووکەوە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی ئەون، کوردە و خەڵکی (کوردستانی سوریایە). لەگوندەکانی کوردستان مامۆستا بووە، ئێستا پەناهەندەیە لە ئەلمانیا. بەزمانی عەرەبی دەنووسێت و زمانی دایکی کوردییە، هەندێک فەرەنسی و ئینگلیزیش دەزانێت، بەڵام ئەلمانییەکەی باش نییە و پێویستی بە وەرگێڕە. خێزاندارە و کوڕەکانی ناویان (دڵشاد و دڵدار)ە. سەر بە فکری چەپخوازییە و شیوعی بووە. لە زارۆکییەوە لە حەپەی سەگ ترساوە و هەنووکەش بەهۆی ئەم ترسەوە ناتوانێت بەئاسایی پێشوازیی لە سەگ بکات و هەتا ئێستاش ئەمە وایکردووە، دۆستی سەگ نەبێت و ئەم دۆخە دەروونییە لە ئەلمانیا تووشی کێشەی دەکات، کە سەگ تێیدا خودان مافە وپارێزراوە و دوای منداڵ سەگ بە پلەی دێت و ئافرەتیش بە پلەی سێیەم.
تەکنیکی گێڕانەوە بەهێزە و خوێنەر ڕادەکێشێت ئەمش وایکردووە خوێنەر نەتوانێت دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێت، یان خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بە چێژە و خوێنەر بێزار ناکات.
ڕۆمانووس خۆی قسە دەکات، خۆی شتەکان دەگێڕێتەوە، خۆی پێناسەی شتەکان دەکات و بڕیاریان لێ دەدات، واتە کارەکتەریکی فرە توانا و وزەیەکی بەهێز و خودانی بیرەوەرییەکی فراوانە.
لەتەک شێوازی بیرەوەریی و گێڕانەوەی شتە هەقییقەکان و ناوە ڕاستەقینەکان و شوێنە باوە ناسراوەکان، لەبیری نەکردووە هونەری نووسینی ڕۆمانی هاوچەرخ چییە. لە بەکارهێنانی (کەلتوور، نەریت، ئەفسانە، خووڕەوشتی مرۆڤەکان، پێکهاتەی کۆمەڵگە، جیاوازی نێوان دوو ژینگەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی ئەوەی لەبیر ناچێت، کە مرۆڤ تەوەرەی سەرکی باسەکانە. شێوازی گێڕانەوە لەنێو گێرانەوە، خەیاڵ لەنیو خەیاڵ و وێناکردنی هونەریانە و دەروونیانە پیادە دەکات. کەسایەتی و کارەکتەری زۆر لەنێو ڕۆمانەکەدا ئاماژەیان پێ دەکرێت، بەڵام لەبیری نەکەین، خودی ڕۆماننووس کەسی سەرەکی و بڕیاردەری کۆتاییە. واتە (قسەرکەر و حوکمدەر و دارێژەی نەخەشەی ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی سەرەکیی خودی خۆیەتی).
لە دوا بەشی ڕۆمانەکە کە ناوی لێناوە (تحت سقف واحد/ لەژێر یەک بنمیچ) گەمە هونەرییەکە ڕاشکاوانە بەدیار دەکەوێت و لەنێوان بە ئاگا هاتن و خەیاڵدا شتەکانمان بیر دەهێنێتەوە و لە لاپەڕە ٣٦٢ ئەو شتەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە پەیوەندی بە خەیاڵ و واقیع، بەئاگاهاتنەوە هەیە. هەزارەها شت، دەیان ڕووداو، گەلێک کێشە، بیرکردنەوەی جیاواز، ڕاکردن، تەسلیمبوون، کۆچ، پەیوەندی، تووڕەبوون، گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، ئینجا تەنیا لە دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکە و لە دواین پەرەگرافدا دەڵێت: “ئەوەی لەپێشتر بەسەرم هاتووە، وەهم بوو، مەزەندە کردن بوو، بیرکردنەوەیەکی ساختە بوو، کە لێی نزیک بوومەوە”. ئینجا دەڵێت: “هاوارام دەکرد، کەچی دەنگم لێوەکانمی تێ نەدەپەڕاند، کەس نەبوو گوێم لێبگرێت، ئەگەر (گازی/ ناوی یەکەمین سەگە و لە منداڵییەوە ناتوانێت لە بیر بکات) نەبووایە”. تا لە شێوازێکی دیکەی بەرچاو کە بەئاگا هاتنەوەیە و بەشێکە لە هونەری نووسینی ڕۆمان دەبێژێت : “ئەی نەفرەت لەو مۆتەکە مەلعونە بێت!!”.
لە دوای ئەم هەموو گێڕانەوەیە، دەڵێت (ئەمە مۆتەکە بوو).. خەیاڵ و ترس و نیگەرانی و دۆخی دەروونی بوو.
دەکرێت هەر بەشێکی ڕۆمانەکە لەڕووی تەکنیکییەوە چیرۆکێکی سەربەخۆش بن، دەستپێک و نێوەڕۆک و بابەت و کۆتایی هەیە، کۆتاییەکی کراوە، کۆتاییەک کە چاوەڕوانی سەرەتایەکی دیکەی نوێ دەکات. کۆتاییەک بەستراوەتەوە بە سەرەتایەکی دیکە. لەنێو هەر بەشێکی ئەم چیرۆک و بابەتانەی کە پەیوەندی بە پەنابەریی کوردێکی سوری، یان سورییەکەوە هەیە، دەیان هورتکە بابەتی دیکەی چیرۆکئامێز لەخۆ بگرێت.
لەبیری نەکردووە (سەگێکی ڕۆژئاوایی چەندە دڵسۆز و بەوەفایە بۆ خاوەنەکەی) و (سەگێکی ڕۆژهەڵاتی/ سوری کە لەڕێگەی گێڕانەوەی بیرەوەریی سەردەمی منداڵی و هەرزەکاریی و مامۆستایەتیشی ئاماژە بە بەدبەختی و بێ مافی و ترس و خراپی سەگ) دەکات.
کۆد چییە؟
زمان لەبەکارهێناندا دەردەکەوێت چەندین کۆدی جیاوازی فکری و زهنی و وێناکردن و مەزەندە و تەنیا وێناکردنەوەی وێنە بینراوەکانیش لەخۆ دەگرێت.
(جوناسان کولەر) خاوەنی پێناسەیەکی زۆر باشی کۆدە و دەڵێت: “کۆد بریتییە لە کۆمەڵێک بابەت، یان پۆل کە لەبوارێکی دیاریکراوی ئەزموونەوە وەرگیراون، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، وەکو ئامرازێکی لۆژیکی و بەسوودن لە دەربڕینی پەیوەندییەکانی دیکەدا”. (جونثان کولر، الشعریة البنیویة، ترجمة السید امام، دار شرقیات، القاهیرة، ٢٠٠٠، ٦٦). لەهەمان کاتدا نووسەر لەپێناو گەیاندنی پەیامێک پەنا وەبەر کۆدەکان دەبات، ئەمەش وا دەکات خوێنەر بیر لە کردنەوەی ئەم کۆدانە بکات. بابەتێک بەکاردەهێنێت، بەڵام مەبەستی دیکەی نەگوتراوی لەپشت ئەم بابەتە ئاشکراو ڕاستەوخۆیانە هەیە.
تیۆری کۆد، یان بە کۆدکردنی شتەکان دەگرێتەوە و کۆد بەرانبەر ڕەمز لە تیۆری دەرککردن (الادراک) بەکارهێنراوە، ئەمەی دواییان پێی وایە بیرکردنەوە لەسەر شێوەی تەنیا زمانی نێوەخۆیی ڕودەدات. یانژی هاندانێکە بۆ پوختەی تەمسیلییە زهنییەکان. فرە ڕەهەندە وەکو شتە گریمان کراوەکان و تەمسیلی ماندار و وەسفە ژمێریارییەکان. ( Jared, D, Poh, R.P.y, and Paivio, A., LI and L2 picture naming in Mandarin- English bilingals: A test of bilingual dual coding theory. Bilingualism: language and congnition 16, 2013, 383- 396. )
بەو پێیەی زمان بریتییە لە کۆدی هەمەجۆری زمان لە ناوەوە و زمان لەدەرەوە. کۆدەکانی نێو دەق هەندێکیان زهنی و فکرین و نەبینراون، هەندێکیشیان بینراون و ئەو شتانەن کە لە دەرەوەی سیستەمی زماندا هەن.
لەکاتێکدا تیۆری کۆد دوو سەرەیە کردەی دەرککردن لە یەکەی تەمسیلی نێوەخۆیی پێکدێت و بە دوو ڕێگا چارەسەر دەکرێت یەکەمیان: سیستەمی گوتنە بە زمان تایبەتە بە تەمسیلی زمان و چارەسەری هەموو کێشەکان لەنێویاندا قسەکردن و گفتوگۆ بەکاردێت. دووەمیشیان سیستەمێکی نازمانییە و (وێناکردنە)، تایبەتە بۆ تێگەیشتنی ڕووداوەکان و پێکهاتە نا زمانییەکان، ئەمەش تەمسیلی زهنی وێناکردن شێوەیەکە لە دەرکی سەرەکی تەمسیلکرن لەدەرەوەی زمان..
پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە سیستەمی کۆدی لە نێو زماندا فرە ڕەهەند و ئەرک و وێناکردنە، وەکو چۆن لە دەرەوەی زمانیش وەکو شتێکی هەقیقی هەیە و دەهێنرێتە نێو زمانی دەق و ڕەنگە مانا و مەبەستی دیکەی جیاواز لە پێکهاتە سروشتییە باوەکەی خۆشی پێبدرێت. بۆ نموونە (سەگ) هەبووێکی سروشتییە و لەدەرەوەی وێناکردن و لەنێو زماندا هەیە، شتێکی سروشتییە، بەڵام کە دەهێنرێتە نێو زمان ڕەنگە ئەم (سەگ)ە مانا و کۆد و شتی جیاوازتر لە خودی خۆی پێ بدرێت. (سەگ) بەمانای شتێکی خراپ، پیس، دڕ، ئیهانە، سووکایەتی لەنێو هەندێک کەلتوور بەکار بێت، ئەمە لە شێوەی داڕشتن و بەکارهێنان لەنێو سیستەمی زماندا دروست دەبێت.
واتە دەکرێت نووسەر کۆدەکان دەستکاری بکات، مانای زهنی و فکری و کەلتووری پێ بدات، لە مانا ڕاستەقینەکەی بیگۆڕێت بۆ مانای وێناکراو، مەزندە و گریمانەی شتی جیاوازتر لەخۆی پێ بدرێت.
بۆیە وەکو (رومان جاکۆبسن) ئاماژەی پێکردووە شەش بنەمای سەرەکی هەیە بۆ لێکدانەوەی گوتاری زمان و بەکارهێنان و ئەرکی لەنێو دەقدا، کە پێم وایە ئەمانە دەبنە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ناسینەوە و لێکدانەوەی کۆدەکانیش لەوانە:
١-نێرەر پەیامی هەڵچووانە.
٢- پەیام، پەیامی شیعری
٣- وەرگر، پەیامی کارتێکردن
٤- کەناڵی پەیام.
٥- سەرچاوە، پەیامی سەرچاوەکە
٦- زمانی پەیامە وەسفییەکە
https://www.facebook.com/lissaniyat/posts/%D9%88%D8%B8%D8%A7/
کردەی پەیوەندیکردن یەکێکە لە ئامانج و مەبەستە سەرەکییەکانی دەق و ئامانج لەمە ئەوەیە نووسەر چۆن دەتوانێت پەیوەندییەکی سەرکەوتوو لە نمایش و کارتێکردن و هاندنای خوێنەر دروست بکات و لەهەمان کاتیشدا بەکارهێنانی کۆدی جیاواز لەپێناو بەخشینی دەرفەت و زەمینە بەکار بێنێت بۆ ئەوەی خوێنەر بیر بکاتەوە و شتەکان لێک بداتەوە. وێنەکانی نێو دەق، یان شتە وێناکراوەکان وا دەکات کردەی پەیوەندیی تەمسیلییەکی نێوخۆیی بێت. هەروەها ڕەفتار و ڕەوشتێکی ڕەمزی لە خۆ دەگرێت، پشت بەنێوەڕۆکی تەمسیلی کردنەکە دەبەستێت. ئەمەش وا دەکات بیر لە هەڵسوڕاندنی شیکردنەوەی ڕەفتاری ڕەمزی بکات. ( D.H. Mellor, Ways of Communicating, Cambrige Universty Press, 1990, 4).
دەقی (کۆماری سەگ) لەتەک ئاماژەکردن و بەکارهێنانی بابەت، ئەو شتە هەستپێکراوە بینراوە هەقیقییەشە کە هەموومان دەتوانین بیانبینین، بەڵام نووسەر لەئاستێکی دیکەی زمان ئەم شتانە بەکاردەهێنێت، کە پەیوەندی بە ناوەوەی خودی زمانەکە و ئاستەکانی هەیە، ئەویش بریتییە لە (مانا و مەبەست و وێناکردن و شتە زهنی و فکرییەکان و پەیام و شتە ناڕاستەوخۆکان)، هەندێک ناوی دەنێن تەکنیکی نووسین، من پێی دەڵێم هێزی پێویستی بەرهەمهێنانی گوتاری دەق.
(٢-٢)
کۆدەکانی ڕۆمانی (کۆماری سەگ)
ئەم ڕۆمانە ژمارەیەکی زۆر کۆدی تێدایە، کۆدەکان هەندێکیان بەئاسانی دەبینرێن و هەست پێ دەکرێن، هەندێکیشیان پێویستی بە لێوردبوونەوەی قووڵە. من لێرەدا تەنیا هەندێکیان ئاماژە پێ دەکەم:
بەهەشتی پەناهەندە و دۆزەخی ڕۆژهەڵات
پەیامی گوتاری ئەم ڕۆمانە کارکرکردنە لەبارەی دۆخی دەروونی و کەلتووری و نەریت و ناسین و ناسنامەی کەسێک/ یان گروپێک و کەلتوورێک و وڵاتێک و پتریش لەوانەی پەناهەندەن، لە دۆزەخی ڕۆژهەڵات/ سوریا دەرباز دەبن بەرەو بەهەشتی ئەوروپا و ڕۆژئاوا دەچن. لەوێ لەتەک هەموو شتە جوانەکان، ڕووبەڕووی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گیانەوەر و بەتایبەتی سەگ دەبنەوە. ئەمەش پێشوازیکردن و لەهەمان گاڤیشدا ڕەتکردنەوەی تێدایە.
بۆ ئەوەی پێکهاتە و زمان و تەکنیکی ڕۆمانەکە لەئاستێکی سەرنجڕاکێش بێت، بەشێوازێک بەراوردی دۆخی سەگ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات، کە مرۆڤ بەرەو فەلسەفەیەکی جیاوازتر لە هەقیقەتی (سەگ، یان ناسنامەی سەگبوون) دەبات. لە یەکێک لەئاماژە هونەرییەکان، کە دواتر دەبێتە ئاماژەیەکی فکری قووڵ بەزمانێکی یەکجار سادە، کە هەموومان لەئاستی ڕۆشنبیریی جیاواز دەتوانین تێی بگەین، کە دەڵێت:
“سەگ پەناهەندە نییە لای من، من لای سەگ پەناهەندەم”. لای گەلێک ئەمە قسەیەکی ئاساییە، بەڵام لەکردەوەدا تێروانینێکی فکری و دەروونی و کاردانەوەی بەهێزی تێدایە. هێز لە ئاڵؤزیی و جڕکردنەوەی زمان نییە، هونەر ئەوەی فکرێکی قووڵ بە زمانێکی ببێژیت.
یان لەبارەی ترس، ئەو ترسەی لە ڕۆژهەڵاتدا هەموو کەسێکی کردۆتە (بنیادەمێکی سەرکوتکراوی دەروونشکاوی قرتێنراو لە ڕەسانەیەتی) دەڵێت:
“ترس خراپترین گێژاوەی دەروونییە”، “لە منداڵییەوە لەترسی ئەم مۆتەکەیە لەخەو هاوارم دەکرد”، ” ئەگەر بۆ مانگێک ئەم گیانەوەرانەمان بۆ فێربوونی ترس بناردبایە ڕۆژهەڵات” لە “وڵاتەکەمان هەموو شتێک وەکو بنیادەم دەترسێت، کێ هەیە نەترسێت، هەتا پۆلیس دەترسێت، وەزیر دەترسێت، تەنیا خودی سەرۆکیش دەترسێت”.
لەبارەی دۆخی دەروونی و هەقیقەتی پەناهەندەی سوریی لە ئەلمانیا دەبێژێت:
“ئێمە نامۆین، بێ نیشتمانین، هیچ ناونیشانێکی دیکە نییە، بۆ ئەوەی بچینە سەری، ئەگەر ئەلمانەکان دەرمان بکەن”.
ئەم ناکۆکیی و ململانێیە دەروونییە بەردەوام دەبێت، هێزی گوزارشت و دەربڕینە زمانەوانییەکە بەستراوەتەوە بە چیرۆکی سەگ، ئەو سەگانەی لە ڕۆژئاوا هەموو مافێکیان هەیە و ئەو مرۆڤانەی لە ڕۆژهەڵات لە سەگ خراپتر سەرکوت دەکرێن. سەرباری ناکۆکی لەنێوان کەلتووری ڕۆژهەڵاتی لەبارەی بە سەگکردنی هەموو شتێک و کەلتووری ڕۆژئاوایی و گەورەکردنی هەموو شتک، تەنیا گیانەوەرەکانیان لە مرۆڤ ڕێزلێگیراوترن و مافیان هەیە. لە سەرەتا تاکو کۆتایی وەکو پەناهەندەیەک لەو ناکۆکی و ململانێیە دەروونییە دەژیت و تووشی چەندین فشار و لێکدانەوە و پۆلیس و دادگا و گریمانە و کێشەی بەردەوام دەبێت.
یاسای نوێ و شوێنی نوێ
هەقایتخوان کە خودی نووسەر (ئیبراهیم یوسفە) ناوی هەقیقی و کارەکتەر و شوێن و ڕووداوی ڕاستەقینەشی بەکارهێناوە، چونکە ئەو پشت بە تەکنیکی گێڕانەوەی بیرەوەریی دەبەستێت. ئەو لە شوێنێکی نوێی جیاواز، دەکەوێتە بەردەم گێژاوی یاسای نوێش. یاسای پۆلیس و دەوڵەت، یاسای شەقام، یاسای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یاسای شێوەژیانی نوێ، یاسای مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ و گیانەوەرە بەخەتەوەر خودان ناسنامەی تایبەتی. ئەمەی دواییان گەڕانە بەدوای پێناسەکردنەوەی چەمکی (مرۆڤبوون و گیانەوەرناسی).
دەبێژێت:
“دەمگوت پۆلیس لەهەر شوێنێک بن، تۆقێنەرن”. و “دروستکەرانی توندوتیژی خودی بەرپرسەکانن”. پێش ئەوەی بێژێت تەواو ڕۆمانەکە کۆتایی هات مردنی ئەو سەگە بەوەفایەی خاوەنەکەی (بیانکا) کە هەولی خۆکوشتن دەدات، دوای پشکنینی پۆلیس و دادوەریی و پزیشک دەردەکەوێت “سەگەکە بەداخ و ئازارەوە مردووە، ئەمەش ئەو کاتە ڕوویداوە کە پێش ئەوەی بگاتە ماڵی هەقاتیخوان”. تا دەگاتە ئەوەی بەراوردی سەگی پۆلیس دەکات، کە چۆن لە سوریا دەزگای هەوالگری بۆ ئازاردان و سزادان و کوشتنی بەرهەڵستکارانی ڕژێم بەکاریان هێناون. لەهەمان کاتدا نووسەر دەمانباتە نێو بابەتێکی یەکجار گرنگ و هەستیار ئەویش ئەوەیە:
“وەرگێڕە سودانییەکە گوێی لێیان دەبێت، ڕەنگی دەموچاوی محامییە کوردەکە گۆڕا، ئەوە لەدەموچاوی دەرکەوت، کە هەست بە ناخۆشی و دڵگیری بکات، کە دەبیستێت کوردێک تاوانی کردووە”.
ئینجا نووسەر، کە خۆی قسەکان دەگێێتەوە و دەڵێت:
” من کوڕی ڕۆشنبیریەکی کۆنم، پەروەردەیەکی ڕەسەنم هەبووە، مرۆڤ لای من پیرۆزە، ئازاری مێروولەیەکم نەداوە، وەکو چۆن باوکم فێری کردووم”.
بێ ئەوەی لە ڕۆمانەکە ناسنامەی کوردبوون بکاتە هێمایەکی سەرەکی دەقەکە، بەڵام ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە کە ئەو کوردە، کوردیش لە تاوانکردن دوورن، خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی کۆنی ئاشتەوایی و ڕێزگرتنی مرۆڤە و دوورە لە توندوتیژی و کوشتن و ئازاردانی ئەوانی دیکە، ئەوانە ئەگەر مێروولەش بن، ئازاریان نادات.
نووسەر کەسێک نییە بەشێوەیەکی سۆزدارانەی خراپ، تووندڕەو، دەمارگیرانەی شۆڤینایانە بیر بکاتەوە، نەخێر ئەو تەنیا مرۆڤە و هەموو هەستەکانی لەنێو دەقەکە لە خودی مرۆڤ و چەمک و ئەرک و نیەتی مرۆڤانە سەرچاوەی گرتووە.
لە دەقەکەدا دەردەکەوێت یاسای نوێی ئەلمانیا، مرۆڤانەیە، بەڵام بۆ پەناهەندەیەک نوێیە، وەکو چۆن شوێنەکە و دەوروبەر و مرۆڤ و سەگ و دیوار و شەقام و پۆلیس و هاتوچۆ و شێوەی ژیان و وەرزش و خوێندنەوە و زمان و بیرکردنەوە و نەریتیش جیاوازن. ئەمانە و دەیان دیارد و هورتکە بابەی دیکە خودنای کۆدی تایبەتی خۆیانن. کۆدەکان نهێنی شتە نەگوتراوەکانمان پێ ئاشنا دەکەن.
ئەم هەستە مرۆییانەی (ئیبراهیم یوسف) وەکو پەناهەندە و قەیران و کێشە دەروونی و ئەخلاقی و مێژووییەکانی نێوان دوو کەلتووری جیاواز لە ڕۆمانەکەدا لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئافرەتێکی ئەلمانی قژزەرد (بیانکا شنیدر) دەسست پێ دەکات، ئەم ئافرەتە یارمەتی فێربوونی زمانی ئەلمانی دەدات، ئافرەتەکە خۆشی ناسنامەیەکی تایبەت و ئاڵۆزیی دەروونی و ڕاکردن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە.
سەگ ڕەمزی شارستانییەکان
(ئیبراهیم یوسف) لە خۆڕا و تەنیا لەپێناو دروستکردنی ژینگەیەکی ئەدەبی سەگی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک و وەکو کەرەستە و ئامرزێک بەکار نەهێناوە تاکو بیروڕا و بیرۆکە و وێناکردنی دەقێکی ئەدەبی بەرهەم بهێنێت، سەگ لای هەقایەتخوانی ڕۆمانەکە (کۆماری سەگ) پەیوەندییەکی قووڵتر و مانایەکی فرەتر و گوتارێکی جیاوازتری لە خودی سروشتی سەگ وەکو دیاردە و بوونەوەرێکی سروشتی هەیە. زمانێکی سادە، بەڵام قووڵ لە مانا و مەبەست، زمانێک هانی خوێنەران دەدات، خۆیان بزر نەکەن و ڕووداوەکان بە ئاسانی وەرگرن و لێکدانەوەکانیان وەکو فکر و ئینتما و ناکۆکی بۆ شارستانییەتە دیارەکان بەکار بهێنن. لەزۆر شوێنی پێویستە خوێنەر کۆدەکان بکاتەوە.
سەگ لەم دەقە ئەدەبیەدا ، هێما و نیشانەیەکی زهنی و فکرییە بۆ بوونی ئەم گیانەوەرە لە کۆنەوە تاکو ئێستا لەنێو شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی.
لەم دەقەدا سەگ لە چوارچێوە سروشتییە باوەکە دەردەچێت، دەبێت ڕەمز بۆ ڕەفتار و نەریت و کەلتوور و ناسنامە مرۆڤەکان. ئەو لەڕێگەی گێڕانەوە و گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی ، ئاماژە بە سەگ لە ئەشکەوت وەکو هێمایەکی ئایینی دەکات، سەگ لە کۆمەڵگە وەکو کەرەستەیەکی باو بەدەست چینە کۆمەڵایەتییەکان گوزارشتی لێکراوە، سەگ وەکو کەرەستەیەکی بەکارهێنراوی جەنگ، زیندان، ئینجا سەگ وەکو بوونێکی پلە دوو لەدوای (منداڵ) لە ئەلمانیا و ئەوروپا دێت.
مێژووی سەگ، بە وردی دەگێڕێتەوە، زانیارییەکان پشت بە سەرچاوە مەعریفییە ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و گیانەوەردۆستی و هەتا هەواڵەکانی ڕاگەیاندن دەبەستێت، لە گێڕانەوەدا پێمان دەڵێت ئەم ڕەمز و نیشانە ئەدەبییەی لە دوای پشکنین و خوێندنەوەی دەیان سەرچاوە بەرهەمهێناوە، سەرباری سوود وەرگرتن لە دۆستەکەی کە ئافرەتێکی ئەلمانییە. ئەم ئافرەتە لەلایەک سەرچاوەیە و لەلایەکی دیکەش ناسنامەیە بۆ بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن و ئینجا گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ناسنامەی سەگ.
لە تەک پێناسە و بایەخی سەگ و سازدانی ڕۆژی جیهانی سەگ، نایشارێتەوە کە ناکۆکی و تێڕوانینی (ئایینی و کۆمەڵایەتی) لەنێو خێزانەکەی وەکو پێکهاتەیەکی ڕۆژهەڵاتی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە ئەوروپا هەیە و دەڵێت: “خانەوادەکەم خاوەنی ڕۆشنبیریی ئایینین، بەڵام هیچ کام لەم هەوڵانە نەگەیشتنە تاموچێژ لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەخێوکردنی سەگ”. لە کاتێکدا ئەو ناسنامەی خۆی بەم شێوەیە وەسف دەکات: ” مەسەلەکە پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، من کەسێکی عیلمانیم، پەیوەندیم بە جیهانی ئایینەوە نییە، بەڵام کەسێکی مولحیدیش نیم”.
چیرۆک و گێڕانەوە و بەکارهێنانی سەگ وەکو ڕەمز بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی پەیوەندیکردن و لێکدانەوە و دابەشکردنەوەی سەر لەنوێی فکر و کەلتوورەکان، ئەو لە قسەکردن لەسەر سەگ ئەوەمان نیشان دەدات، کە بەشێک لە چۆنیەتی مامەڵەکردن پەیوەندی بە ڕۆشنبیریی ئایینی خێزانەکانەوە هەیە. ئەو پێناسەی خۆشی وەکو کەسێکی عیلمانی، کە مولحید نییە نمایش دەکات.
“سەگ لە جیهانی ڕەگەزپەرستیدا داکۆکی لە خاوەنەکانی دژی کەسانی بێگانە دەکات و تەنیا دژی سەگە بێگانەکانیش دەوەستێتەوە”. تەنیا دەگاتە ئەوەی بڵێت “لۆکانیکۆس ساڵی ٢٠١٠ وەکو سەگێک بۆتە ڕەمزی خۆپیشاندانەکانی یۆنان”. لە ئاماژە بە ئازایەتی ئەم سەگە، دەیبەستێتەوە بە هێما و نیشانەیەکی دیکەی زیندووی وڵاتەکەی و کۆدێکی جیاوازتر لە کۆدە ئاساییەکەی لەبارەی سەگ پێ دەدات و دەڵێت: “کە شۆڕش لە وڵاتەکەم دەستی پێکرد، ئاواتەخواز بووم خۆپیشاندەران هەر یەکەیان سەگێکی ڕاهێنراو لەگەڵ خۆی ببات، تاکو بیانپارێزێت”. ئەم جیاوازییە هێما و نیشانەیە بۆ ئینتمای سەگ، سەگ وەکو بوونەوەرێکی باڵای هەستیار و دڵسۆز و خزمەتگوزار و خوادنی هێزی قوربانیدان. ئینجا کۆدی ناسنامەشە بۆ سەگێک لە دەبێتە ڕەمزی خۆپیشاندانەکانی یۆنان و لەهەمان گایشدا کۆدی سەگێکی دیکە، کە تەنیا (خۆزیە و ئاواتە) ئەویش پەیوەندی بە شۆڕشی سوریا هەیە.
ڕەمزە بەکاهێنراوەکانی بەراورد لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤ، کەلتوور و کەلتوور، ژینگە و جوگرافیای جیاواز بەکارهێناوە. لەهەندێک شوێن سەگ سیفەتە گیانەوەرییەکەی دەگۆڕێت، بۆ شتێکی دیکەی نزیک لە مرۆڤ ئەمە کۆدێکی ماناداری زهنییە، نوێنەرایەتی فکر و مەبەست و گوتارێکی جیاواز لە سروشتە باوەکەی خۆشی دەکات.
لەبیری نەکەین، ئەو کە قوربانی سیاسەتە لە وڵاتێکی سەرکوتکاری پۆلیسی، ئاماژە بەوە دەکات کە “بەرەو ماڵ بوومەوە فکرم لەوە دەکردەوە کە ئەوروپاییەکان چەند بایەخ بە سەگەکانیان دەدەن، کەچی لە وڵاتەکەمان جەژنەکان تایبەتکراون بە ڕۆژی کودەتای ڕژێم و وەرگرتنی دەسەڵات، جەژنەکانی دیکەش لەبیرکراون هەتا جەژنە ئایینەکانیش بایەخیان نەماوە.. ئەی خودایە لێرە (ئەوروپا) سەگیش جەژنی خۆیان هەیە”.
لێرەدا کۆد و ڕەمز و نیشانەکان شتی جیاوازتر لە جیهانی سەگمان پێ دەبەخشن.
پۆلیس و لێکۆڵینەوە
لایەنێکی دیکە ئەوەیە دوای ئەوەی (بیانکا شنیدر) تووشی ڕووداوی خۆکوشتن دێت و سەگەکەشی دوای ئەم ڕووداوە تووشی دۆخی دەروونی دەبێت و لەداخی خاوەنەکەی گیان لەدەست دەدات، بەم هۆکارەوە (ئالان نەقشبەندی/ هەقایتخوانی ڕۆمانەکە/ نووسەر/ خودی ئیبراهیم یوسف) لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێت و تووسی لێکۆڵینەوە دێت، لم بوارە دەیان ڕووداو، کە پەیوەندی بە پۆلیس و سزا و لیکۆڵینەوە و پشکنین و ترس و سزا و نیگەرانی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەکاردێنێت. وەکو شتەکانی دیکەش هەریەکێک لەم دیاردە و دۆخە دروونییانەی هەیە، دەکرێت کۆدێک و پتر لە کۆدێکیان هەبێت. ئەمە پەیوەستە بە هێزی گوزارشت و بەرهەمهێنانی گوتاری دەق.
گرنگترین خاڵ ئەوەیە (سەگەکە) بەهۆی پەیوەندی بەهێز و سۆز و ئینتما لەگەڵ خاوەنەکەی تووشی کێشە دەروونی و ناڕەحەتی دێت و لەداخ و پەژارەییەوە دەتۆپێت (دەمرێت). ئەمە نیشانە و هێمایەکەی زهنی قووڵە سەبارەت بە پەیوەندی (ڕۆمانووس، بیانکای ئەلمانی، سەگ، پۆلیس و لێکۆڵینەوە، دادپەروەریی و باڵادەستی یاسا، ڕەفتاری پۆلیس و سەگی پۆلیس و مرۆڤانە هەڵسوکەوتی پۆلیس و پشکنین. تاد….).
لە پۆلیسخانە دەردەچن و پێیان دەبێژن “تۆ هیچ تاوانێکت نەکردووە، سەگەکە خۆی مردووە و بیانکاش چاوی هەڵێناوە”. لە درێژەی ئەم ڕووداوانە پەنا وەبەر هێما و کۆدێکی دیکە دەبات و دەبێژێت:
” لە ڕێگا باسی دەسەڵاتی سەگ و ترس لەسەگمان کرد، هێندە باسی ئەفسەری پۆلیسمان نەکرد کە کەسێکی میهرەبان بوو… سەگی ئێرە عاقڵە”. ئەم گوزارشتە کۆتایی لەبارەی سەگەکە بۆچوونی کوڕەکەیەتی، (عەقڵ) هێمایە بۆ دونیایەکی جیاواز لە جیهانی سەرکوتکردن و بەکارهێنانی سەگ بۆ ئازاردانی مرۆڤەکان لە (زیندانی بارەگای هەوالگری سوریا). مەبەستم ئەوەیە ئەم کۆد و نیشانە زمانەوانیانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە ڕۆماننووس ڕاستە مێژووی سەگ، ڕەفتار و کێشە و پێگەی سەگ دەگێڕێتەوە، بەڵام لەبیری نەکردووە کە سەگ لەم دوو کەلتوورە جیاوازەدا بۆ دوو ئەرکی جیاواز بەکارهێنراوە. کۆدی سەگ دەکرێت کۆدی خودی مرۆڤیش بێت، یان هەڵگەڕاوەی ڕەفتاری مرۆڤ و سەگ بێت.
پۆلیس بۆ دۆزینەوە تاوان بەکاری دەهێنێت و پۆلیس لە سوریا بۆ ئازاردانی بەرهەلستکارە سیاسییەکانیان بەکاری دەهێنێت و لە یۆنان سەگ دەبێتە ڕەمزی قوربانی و هاوکاری مرۆڤ.
تاوانی سێکسی سەگ
پەیوەندی خۆشەویستی و سێکس دوو بابەتی گرنگ و دوو کۆدی کارای نێو دەقی ڕۆمان و چیرۆک و شیعرن. مەرج نییە نووسەر ئەم کۆدە وەکو بەشێک لە ڕەفتار و خواستی خۆی بەکار بهێنێت، بەڵکو دوو بابەتن، سەرتاپای مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو دووچاری کاردانەوە و بەکارهێنان و کارەسات و ئاسودەیی دەروونی و کێشەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و خودیشی کردووە. سێکس بەشێکە لە پێکهاتە جەسەتەیی و دەروونی و خواست و چێژی مرۆڤ، ئەم دیاردەیە لە ڕۆژهەڵاتدا جۆرێکە و لە ڕۆژئاوا جۆرێکی دیکەیە.
(ئیبراهیم یوسف) لە ڕۆمانی (کۆماری سەگ)دا ئەم پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەکان و ئینجا لەنێوان گیانەوەرانیشی نمایش کردووە. کۆدێک دروست دەکات، کە سێکسی سەگ بێ رەزامەندی خاوەنەکانیان کارێکی بڤەیە. کۆدی ئەم باسە ئەوەیە، ئافرەت بەئارەزووی خۆی سێکس دەکات، کەچی سەگ ڕێگە پێدراو نییە، سەگێکی دیکە بە ئارەزووی خۆی سێکسی لەگەڵ بکات.
پەیوەندی قسەکەری سەرەکی و بگێڕەوەی یەکەم و پاڵەوانی فرەزان و فرە ئەرک و تێڕوانین و فکرە، باسی ئەو شەوە دەکات کە لەڕۆژی جیهانی سەگ لەگەڵ ئافرەتە ئەلمانییە شۆخەکە پەیوەندیی و وێناکردنێکی سێکسی دروست دەبێت.
دواتر کێشەی بەزۆر سێکس کردنی سەگێک لەگەڵ سەگێکی دیکە ئاماژە پێ دەکات، کە چۆن ئەمە دەبێتە کێشەیەکی یاسایی و خاوەنی سەگی گایراو، سکالای یاسایی لەسەر سەگی گانکەر تۆمار دەکات. خوێنەری وریا لە کۆدی وێنە کۆمیدییەکە دەردەچێت و ژیرانە سەیری زەمینەسازی پەیوەندی جدی نێوان دوو سەگ دەکات.
لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا ئەوە ئاماژە پێ دەکات، کە دراوسێیەک سکالای یاسایی لەدژی دراوسێیەکەیان تۆمار دەکات، لەبەر ئەوەی سەگەکەیان لەلایەن سەگی ئەوانی دیکەوە سێکسی لەگەڵ کراوە، بێ ئەوەی پرسیان پێ بکەن. مەسەلەکەش پەیوەندی بەوە هەیە حەز لە ڕەگەزی سەگە گانکەرەکە ناکەن. لەکاتێدا وەکو ڕۆماننووس ئاماژەی پێکردووە و دەڵێت “ئافرەکانیان ئازادن لەوەی بە چ جۆرێک و لەکێ سکیان پڕ دەبێت”. بەڵا گیانەوەرەکانیان ڕێگە پێدراو نین. ئەمە کۆدێکە پەیوەندی بە عەقڵ و کەلتوور و شێوەژیانی کۆمەڵگەوە هەیە.
کۆدی سەگ وەکو قوربانی
لەنێو ڕۆمانەکەدا کە سەربردە و مێژووی سەگ و پەیوەندییەکانی ئەم گیانەوەرە بە هاووڵاتیان و پەناهەندە و کەلتووری جیاوازەوە دەگێڕدرێتەوە، سەگ چەندە پلەیەکی بەرزی لە کەلتووری ڕۆژئاوا پێدراوە و بەکردەوە سەگ وەکو گیانەوەرێکی خۆشبەختی خودانی پلەیەکی ڕێزلگیراوە، لەهەمان کاتدا هێما و نیشانەیەکی زەقیشە بۆ قوربانی وەکو کەرەستە و شتێکی بەکارهێنراوی نمایشکراو، بەتایبەتی لەسەردەمی جەنگ و بینیمان ڕوسەکان بە سەدان سەگیان بۆ تەقاندەوەی تانک و هێزەکانی دوژمنانیان بەکار هێناوە و مینڕێژیان دەکەن بۆ تەقاندنەوە. ئەمە کۆدێکی دیکە کە مرۆڤ چەندە دڕندانە سەگ بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاردەهێنن و پیشێلی مافی گیانەوەرانیش دەکەن.
ئەمە کۆد و هێما و نیشانەیەکە بۆ کەرەستە و شتێک کە (دڕندەیی و تاوانکاری مرۆڤ) نیشان دەدات و سەگ وەکو ئامێرێکی قوربانی و جێگەی بەزەیی ئاماژەی پێکراوە، لەکاتێکدا ڕۆمانەکە دەیان نموونەی دیکەی تێدایە کە ئاماژە و هێمایە بۆ (شکۆ و دەسەڵات و پێگە و هێزی) سەگ. تەنیا ناونیشانی ڕۆمانەکەش، کە ناونراوە (کۆماری سەگ) ئاماژە و هێما و کۆدێکی ڕاستەوخۆیە بۆ نیشاندانی پێگە و دەسەڵات و هێزی سەگ لە کەلتوور و کۆمەڵگە جیاوازەکان.
ڕۆماننووس دەڵێت : “سەگ بە خراپی و بەدیی لەدایک نابن، بەڵکو ئێمە وا لە سەگەکان دەکەین خراپ بن، یان باش… “. لەم ئاماژەیەدا ئەوەمان پێ دەبێژێت، کە مرۆڤ ژینگەی سەگەکە دەگۆڕێت و دروستکەری دۆخەکانە، نەک خودی سەگەکان. سەگ بە پاکی و بێ تاوان دەترەکێن. کۆدەکە ئەوەیە هەرچەندە ئەو لە منداڵییەوە لە حەپەی سەگ تۆقیوە، بەڵام سەگ گیانەوەرێکە بەسروشت بە باشی دێتە ژیان و مرۆڤ کۆدەکانی دەگۆڕێت.
(ڕۆماننووس/ ئالان نەقشبەندی/ ئیبراهیم یوسف) نزیکەی چوارسەد لاپەڕی لەبارەی سەگ و جۆرەکانی و سایکۆلۆژیا و مێژوو و کێشە و پەیوەندییەکانی سەگ و مرۆڤ لە دوو شارستانیەتی جیاوازدا نووسیوە، کەچی (بیانکا)ی ئەلمانی کە لەڕێگەی سەگەکەییەوە دەبێتە هاوڕێی پێی دەڵێت: “ڕۆشنبیریەکی هەژار و کەمت لەبارەی سەگ هەیە”.
کۆدی زمان
زمان یەکێکە لە کۆدە گرنگ و دیارەکانی نێو دەق، ڕۆماننووس بە دووجۆر لە مەبەست و کاریگەریی و توانای زمان لە بیناکردنی تەکنیکی ڕۆمانەکە و ئینجا وەکو ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی (کردەی پەیوەندیکردن) پەنای وەبەر زمان و کۆدەکانی بردووە.
لەنێو ڕۆماناکەدا لە چەندین شوێن ئاماژە بە زمان وەکو ئامرازی پەیوەندیکردن و گەیاندن و تێگەیشتن و خۆ لەقالبدان و گۆشەگیریی و لەدەستدانی توانای تێگەیاندن و تێگەیشتن ئاماژە پێکردووە.
دەڵێت ” لەڕێگەی بەکارهێنانی قاموسی ئەلەکترۆنی بەزمانێکی ناڕێک نامەیەکم نووسی”.
” تۆ نەخوێندەواری لەبەر زمانەکەت، فەرهەنگی زمانەکەت بایی ئەوە ناکات لە هەواڵی ئەلمانی بگەیت و یان لە هەواڵی سادەی تەلەڤزیۆنیش بگەیت… لەناخەوە هەستم بە ئازارێکی توند کرد..”.
سەرباری ئەوەش لە چەند شوێنێکدا بەمەبەست بۆ ئەوەی دوو شت بسەلمێنێت، هەندێک دەستەواژەی پەندی کوردی بە کوردی دەنووسێت، یان هەندێک ناوی کوردی بەکاردەهێنێت، دیارە ئەمەش نیشانەیە بۆ گوزارشت لە هەندێک کۆدی دیکە لەڕێگەی زمانەوە، وەکو:
یەکەم: بۆ ئەوەی کۆدی هەبوونی زمانی کوردی و ناوی کوردی و بوونی (نەتەوە و ناسنامەی نەتەوە) لەئاکامی بەکارهێنانی زمان، نەک بەکارهێنانی سیاسەت و مێژوو بسەلمێنێت. وەکو ناوی (گازی و شیا و دڵشاد و دڵدار و ئالان.. تاد).
دووەم: پێمان دەڵێت کۆدی دووەم پەیوەندی بە جیهانی کوردییەوە هەیە سەبارەت بە سەگ و پەیوەندیی لەگەڵ ئەم گیانەوەرە و کاردانەوەی لەسەر نەریت و ڕەفتار و بیرکردنەوەی تاکی کوردی و کۆمەڵگەی کوردستانی.
کۆدی زمان یەکێکە لەو کۆدە دووبارە بەکارهێنراوەکەی نێو ڕۆمانەکە، ئامانج و مەبەستی جیاواز دەگەیەنێت، گوتاری زمان، گوتارێکی فرە ڕەهەند و شێوازە. گوتارێکە پەیوەندی بە هزر و زهن و وێناکردنی شتەکان لەنێو زمانەوە هەیە.
کۆدی زمان بریتییە لە:
کۆدی پەیوەندیکردن بە دەوروبەر.
کۆدی تێگەیشتن و لێکدانەوە
کۆدی ئاخاوتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانی دیکە.
کۆدی زمانی سەگ
کۆدی ساخکردنەوە
کۆدی ناسنامەی نەتەوە (کوردی) و (ئەلمانی) و (عەرەبی) بە نموونە.
بۆ نموونە ئاماژە بەوە دەکات، کە بوونی دیالەکتیک مانای دەوڵەمەندی خودی زمانەکەیە، کورد چەندین دیالەکتیکی وەکو کرمانجی و سۆرانی و زازایی و کەرمەشانی و گۆران.. هەیە
کۆدی زانینی چەند زمانێک
کۆدی خوێندن و کۆرسی زمان
کۆدی سایکۆلۆژیای زمانی سەگ
کۆدی زمانی سەگ
ڕۆماننووس دەبێژێت ” چوارسەد هۆزی سەگ هەیە سەگ زمانی خۆی هەیە، هەروەها کۆدی خۆشیان هەیە، لە توێژینەوەیەک دەرکەوتووە سەگ نۆزدە کردەی ئاماژەی هەیە، لەنێویاندا داواکردنی خواردن، خواردنەوە، یان داوای یاریکردن و کردنەوەی دەرگا..”.
بۆ ئەم ئاماژەیە، گرنگە لەپێناو گەڕان بەدوای دۆزینەوە و شیکردنەوەی کۆدێک، کە پێمان دەڵێت ئەی مرۆڤ لەوە بگە، سەگ وەکو گیانەوەرێک زمانی تایبەتی ئاماژەی هەیە، لەپێناو بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن بە دەوروبەرەکەی خۆی ئەم ئاماژانە بەکاردەهێنێت. کردەکانیشی هەمەجۆرە و بریتین لە داواکردن و ئاگادارکردنەوە و خواست و پێویستیی و تووڕەیی و ڕەتکردنەوە… تاد.
ئەم کۆدە وا لە مرۆڤ دەکات وردتر لە کۆدی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گیانەوەران بڕوانێت، فکریان لێ بکاتەوە و شیکاریان بکات. ئەم کۆدە لەکردەوەدا پێویستی بە کردەی (تێگەیشتن، شیکردنەوە و حووکم و بڕیار) هەیە.
لە ئاماژە و بەکارهێنانی زماندا گوتارێکی گرنگمان پێ ئاشنا دەکات، کە دەڵێت:
سروشتی مرۆڤ هەمووی یەکە، زمانەکان لێکمان جیا ناکاتەوە، زمانی ڕۆح، هەست و نەست، هوشیاری، دەرککردن، ئەمانە زمانی نێونەتەوەیین زمانی سەرتاپای جیهانن”.
بێگومان زمان هێما و نیشایەکەی فکری گرنگە، هەر تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە نییە، بەڵکو ئامانجە لەپێناو پێکهێنانی ژینگەیەکی یەکسان و هاوبەشی مرۆیی لەگەڵ ئەوانی دیکە. زمان پەیوەستە بە ژینگەی و دەوروبەری فکریی و تێڕوانینی مرۆڤەکان. نەک هەر تەنیا لای مرۆڤەکان، بەڵکو سەگیش لەم کۆمارەی (ئیبراهیم یوسف)دا خودانی دەیان کۆدی تایبەتی خۆیەتی و بەکردەوە خواست خۆیان و سایکۆلۆژیای خۆیان بەم ڕەفتار و جووڵە و ئاماژانە دەردەبڕن.
کۆدی کوردبوون
یەکێک لە کۆدەکانی نێو ڕۆماناکە پێناسەکردن و دیارکردنی ناسنامەی نەتەوەییە بێ ئەوەی دەمارگیر بێت، یان نەتەوەپەرستانە بئاخڤێت. بەپێچەوانە ئەوی کارەکتەری سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانە و هەقایەتخوانی سەرەکی ئاماژە بەوە دەکات کۆمۆنیست بووە، عیلمانییە بێ ئەوەی مولحید بێت. زمانی دایکی کوردییە و ئینجا لە قتابخانە فێری عەرەبی بووە و بەم زمانەش دەنووسێت، سەرباری فەرەنسی و ئینگلیزی و دەیەوێت فێری ئەلمانیش بێت. ڕاشکاوانە ئاماژە بە سوری بوون دەکات، بەڵام ئەو لە زۆر شوێندا ڕاشكاوانە کۆدی کورد بوون وەکو زمان، کیانێکی جیاواز لە زمان و ڕەگەز و نەتەوەکانی دیکە دەبینێت، بێ ئەوەی پلەبەندی لەم دیتنە بکات.
تەنیا شتێک وەکو پرسیار و گریمانە و لێکدانەوە ئاماژە پێ دەکات ئەویش (تێکەڵبوون و توانەوەی یەکلایەنە/ اندماج) وەکو پرسێک و کۆدێکی دیکە دەبینێت بۆیە پێی وایە “تێکەڵبوونی یەکلایەنە، قوتدانی ئەوی دیکەیە”. ئەمە لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات، کەچی لە ئەلمانیا کە نزیکەی ١٨٠ زمانی جیاوازی تێدایە، ئەم تێکەڵبوون و توانەوەیە ڕوو نادات.
ئەم کۆدە لەکردەوەدا گوتارێکی فکری و سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتیشە، کردەیەکە لە ڕۆژهەڵاتدا توانەوە و قووتدانی ئەوانی دیکە، وەکو بەرنامە ستراتیژی سیاسی باڵا دەستە، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و پێناسە و توانەوەی ئەوانی دیکە دێت.
کۆدی تێکچوونی هاوسەنگی
لە ئەلمانیا کۆدێکی دیکەی گرنگ هەیە، کە سەگێک، یان گیانەوەرێک دەمرێت، دەیبەنە گۆڕستانی تایبەتی گیانەوەران و بەڕێز و بایەخەوە ڕێوڕەسمی ناشتنی گیانەوەرە مردووەکە لە گۆڕاستان ئەنجام دەدرێت، کەچی لە ڕۆژهەڵاتدا ئاماژە بە دۆخی سوریا دەکات، لەڕێگەی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان لەلایەن قسەکەری سەرەکی نێو ڕۆماناکە دەبێژێت: “چیرۆکی منداڵەکان، چیرۆکی ئەو منداڵانەی لەبرسان دەمرن، یان لەژێر خانووە ڕووخاوەکانیان دەیاندۆزنەوە…”. ئەمە کۆدی تێکچوونی هاوسەنگی و شکاندنی شکۆی مرۆڤ و ڕێزگرتنی گیانەوەرانە لەهەمان کاتدا.
کۆدی نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان بایەخدان و ڕێزگرتن لەنێوان مرۆڤ و سەگ، لەنێوان کەلتووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە نێوان مرۆڤ لە وڵاتی ڕۆژهەڵات، سەگ لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا. تێکچوونی ئەم هاوسەنگییە، لە کۆتایدا دەبێتە هۆکار بۆ بەدبەختی و کۆچکردن و ئاوارەیی و ڕووکردنە پەناهەندە و لەهەمان گاڤیشدا نیشانە و هێمایە بۆ دروستبوونی کۆدی تێکچوون و نەبوونی یەکسانی و هاوسەنگی لەنێوان دوو جیهانی جیاوازدا.
کۆدی ناوەکان
ناو بەگشتی لەنێو دەقدا ئاماژە و هێمایە بۆ چەندین کۆدی دیکەی نادیار، کە نووسەر لەپێناو گەیاندنی مەبەست و پەیامی جیاواز بەکاریان دەهێنێت و هەندێکیان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ کار دەکەن. هەر ناوێک لەتەک ئەرکە سروشتییە باوەکەی خۆی، چەند ئەرکێکی دیکەی ناڕاستەوخۆ و شاراوە و جیاواز لەپێکهاتە سروشتییەکەی دەگێڕێت.
ناوی شوێن، ناوی کارەکتەرەکان، ناوی شتەکان، ناوی پێکهاتە و کەرەستەکانی نێو دەق. ئەمانە نیشانەی زمانەوانی و هێمای فکری و ئاماژەی دەروونی و کۆمەڵایەتین بۆ دۆزینەوە و پێناسەکردن و بەدیهێنانی کۆدی زمان بۆ راپەڕاندنی گوتاری نێو دەقەکە.
(ئیبراهیم یوسف) لە بەکارهێنانی ناوەکان (کەس، شوێن، فکر، شت و کەرەستەکان) مەبەستی قووڵتر لە مەبەستە ڕۆتینییە باوەکەی هەیە. کە دەڵێت (ڕوس، ڕوسیا) سەگیان بۆ تەقاندنەوە بەکار دەهێنا، ئەمە جۆرێک لە داپچڕینی بەرگی مرۆبوون و هەستی مرۆیی. کاتێک ئاماژە بە شت، یان فکر و نەریت دەکات، دەڵێت دوای دەست لەسەگ دان، پێویستە لەنێو ئەلمانیا (دەست بە خۆڵ بشۆن) ئەمە هەم ئاماژەیە بە ناوی نەریتی کۆمەڵگەی موسلمانی کوردی و هەمیش جۆرە گومانێکە لە پیسی و ڤایرۆسی سەگ و خۆدوورگرتنە لە ڕاگرتن و بەخێوکردنی سەگ لە ڕوانگەی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە. ئەم کۆدە نیشانەیە بۆ کەلتووری ڕۆژهەڵاتی.
ناوی کارەکتەرەکان، و ناوی شوێنەکان ئاماژەن بۆ پەیوەندی قسەکەری سەرەکی و پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە لەگەڵ کەسەکان و مێژوو، شوێن و نەریتەکان. ئەمانە هەر یەکە خودانی کۆدێک، یان پتر لە کۆدێکن و لەم ڕێگەیەوە نووسەر دەرگای (بیرکردنەوە و لێکدانەوە و ناسینەوە و پێناسەکردنەوەی شتەکان) دەداتە دەست خوێنەر، خوێنەری وریاش دەبێت بەدوای ئەو شتانەدا بگەڕێت، کە نادیارن.
کۆدی نەریت و ڕەوشت و ڕەفتار
لەنێو دوقی ڕۆمانی (کۆماری سەگ) ڕۆماننووس بە مەبەست و لەپێناو دروستکردنی وێنەیەکی زهنی پشت ئەستوور بە کەلتوور و بەراوردی نەریت و ڕەوشتی دوو شارستانیەت، یان دوو شوێن و کەلتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی جیاواز، ئاماژە بە هێما و نیشانەکانی (نەریت و ڕەفتار و کەلتوور) دەکات.
لەڕێگەی ئەم ئاماژانە بێ ئەوەی وەسفی درێژداذڕ و ڕێگە بزرکەر بۆ خوێنەر دروست بکات، بە ئاماژەی خێرا، بە کورتە نموونەی پووخت بەشێوازی گێرانەوەی چڕکراوە، بەراوردی دوو نەریتی جیاواز دەکات، لەبارەی ڕاگرتنی سەگ، پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ گیانەوەر و بەتایبەتیش سەگ، کاردانەوەی دەروونی کەسەکان و میهرەبانی و دڕندەیی مرۆڤ لە بەرانبەر سەگ ئاماژە پێ دەکات. مەبەستیش لەمانە هەمووی ئەوەیە، کە پەناهەندەی سوریی، چۆن لەنێو کۆمەڵگەیەکی نوێی ئەوروپایی خۆیان دەگونجێن،یا کۆدەکانی کەلتوور چۆن ڕێگریان لێ دەکات، سەگ بەخێو بکەن، سەرباری کۆدی ململانێی خۆ گونجاندن و شێواز هاوچەرخانە و تەکنیکی پەیوەندیی و ئامانجی کەسەکان لەپێناو مانەوە لە بەهەشتی پەناهەندەیی.
کۆدەکان دەداتە دەست خوێنەر و بەزمانێکی سادە بە خوێنەر دەڵێت، پەناهەندە لە چ دۆخێکی دەروونی و کەلتووری ئاڵۆزدا لە شوێنە نوێیەکەدا دەژین و تووشی چ دۆخێک دێن، کە پەیوەندی بە خودی مرۆڤەوە هەیە،ئەو پێچەوانەی ململانێی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ لە شوێنە نوێیەکە، ململانێکە دەبەستێتەوە بە مرۆڤ و گیانەوەر.
هیچ کەسێک لەسەر شەڕ و کێشە لەگەڵ مرۆڤەکان تووشی زیندان و پۆلیس و لێپرسینەوە نەبووە، بەڵکو لەبەر خراپ پێشوازیکردن لە گەڵ سەگ تووشی کێشەی یاسایی دێن، یان سەگ لەبەر خاوەنە میهرەبانەکەی تووسی دۆخێکی دەروونی خراپ دێت و لە ئاکامدا دەتۆپێت.
ئەمانە کۆدێ فرە ڕەهەند و فرە ئەرکی نێو دەقی (کۆماری سەگ)ن. هەر کۆدێک ژمارەیەک کۆدی بچووکتر، یان فرە ڕەهەندتر لەنیو خۆیاندا هەڵدەگرن، هەندێک دیارن و هەندێکیشیان نادیار و ناڕاستەوخۆن و پەیامی شاراوە دروست دەکەن، خوێنەریش دەتوانێت لەتەک ئەم کۆدانە کۆدی دیکە بە دەقەکە ببەخشێت، چونکە بیرکردنەوە لەنێو دەقەکە کراوەیە، لێکدانەوە فرە ڕەهەندە، وێناکردنی بابەتەکان و ڕووداوەکان شایانی گریمانەی هەمەجۆرن.
٥٦ کۆدی ناونیشان
بێگومان ناونیشان ڕەنگە کۆدێک و پتر لە کۆدێک لە خۆی بگرێت، ئەم ڕۆمانە لەتەک ناونیشانی سەرەکی (کۆماری سەگ)، ٥٦ کۆدی دیکە وەکو سەرە بابەت لە خۆگرتووە، کە دەکرێت هەر یەکێک لەوانە چیرۆکێکی سەربەخۆ بن، لەنێو ڕۆمانەکە و یەکتر تەواو دەکەن.
مەبەستم ئەوەیە بێژم ئەم ناونیشانانەش مەبەست و مانا و گوتاری خۆیان هەیە، گوزارشت لە زۆر دۆخ دەکەن، کە هەر هەموویان خزمەتی ناونیشانە سەرەکەییەکەی ڕۆمانەکە دەکەن. پەیوەندییەکی توند و سەرکەوتووش لەنێوان ناونیشانە لاوەکییەکان و کۆماری سەگ و ڕووداوەکان و بابەتە ئاماژەپێکراوەکان و خودی کۆدەکانیش لەنێو ڕۆمانەکە هەیە.
کۆدی خۆ لەبیر نەکردن
خاڵێکی گرن ئەوەی کە رۆمانووس هەقایتخوانی سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانەکەی خۆیەتی، خۆی لەبیر ناکات و کۆنترۆڵ لەدەست نادات و کەس ڕەت ناکاتەوە، بیروڕاکانی میناڕەوانەن، ئامادەی گفتوگۆیە، تەنیا لەهەندێک بواردا منداڵەکانیشی ڕەخنەی لێ دەگرن و ئەویش نەرمونیانانە پێشوازی لە ڕەخنەکانیان دەکات. لە سەردەمی دیکاتۆریەت لە سوریا، لە کۆچكردن، لەمانەوەی لە ئەلمانیا و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ، دۆستایەتی لەگەڵ ئافرەتی ناسک و نازداری ئەلمانی کۆنترۆل لەدەست نادات، مرۆڤێکی هێمن و ئارامە، دەزانێت چی دەڵێت و چۆن دەئاخڤێت و مەبەستی لە قسەکردن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان چییە، هەرچەندە درێژ درێژ شتەکانی گێڕاوەتە، بەڵام هەر شتێک شوێنی سروشتی خۆی لەنێو دەقەکە پێ بەخشراوە و ئەو معاناتی زمانی ئەلمانی لە تێگەیشتن و گەیاندنی مەبەست و لێکدانەوە و شیکردنەوە و گێڕانەوەی بابەتەکان هەیە، بەڵام دیسان ئەمانە نەبوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕۆمانووس دوور لە نەریتی باو، بەتوڕەیی و کاردانەوەی خراپ و هەڵچوونەوە بیر بکاتەوە و کۆدەکانی نێو دەقەکە دروست بکات.
دوا کۆدی ڕۆمانەکە
کۆتایی دەق لە سەرەتا و دەستپێک و زمانە خۆشە بەیەک بەستراوەکەی گرنگترە، دەکرێت لە کۆتایدا هەموو دەقەکە بە تەنیا وێناکردنێکی بچووک پڕ بکرێت لە مانا و مەبەست، پەرەگرافێکی کورت چەند وشەیەکی فرە مانا و مەبەستدار لەکۆتایی دەقەکەدا دەتوانێت تەواوی شتەکان هەڵبگێڕێتەوە. لە ٣٦٢ لاپەڕەدا کە پرە لە کۆد، پڕە لە وێناکردن و لێکدانەوە و تێفکرین و جووڵە و ململانێ و بیرکردنەوە و ڕاکردن و پێشوازیی و ڕەتکردنەوە و دەیان شتی پڕ لەشت، ئەو باسی ململانێ مرۆڤ لەگەڵ سەگ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە کەلتوورە جیاوازەکان دەکات و (بیانکا)ی ژنە ئەلمانیش تووسی دۆخی خۆکوشتن دێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەگەکەی (رۆکی) بەهۆی ئەم ڕووداوە دۆخی دەروونی تێکبچێت و لە کۆتایدا، پێش تەواو بوونی ڕۆمانەکە بتۆپێت.
کەچی نووسەر لە دواین پەرەگرافدا دەبێژێت ” دەبووژێمەوە، ئەوەی بەسەرم هات وەهم بوو، بیانکا ژیانی بۆ گەڕایەوە و ڕۆکی بەدوایدا دەڕوات، ئەوەتە ئاواتەکەم هاتە دی. مەزەندەکانم هەڵە بوون.
دوای ئەوەی (بیانکا) دەکەوێتە نەخۆشخانە پۆلیس هەواڵی ئەوەی پێ دەدەن، کە چاوی کردۆتەوە و گوتیەتی ئەو خۆی هەولی داوە خۆی بکوژێت، بەمە (ئالان نەقشبەندی) پەناهەندە ئاهێکی دێتەوەبەر و لە تۆمەت وگومان و تاوانباریی دەردەچێت و ڕاست دەبێتەوە. لەکردەوەدا دەسەلمێت ئەو هیچ پەیوەندییەکی بەم ڕووداوە نییە. لە کۆتایی ڕۆمانەکە هەموو شتەکان، ڕووداوەکان، هەستەکانی و کۆدەکان لەم چەند پەرەگرافە کورت دەکاتەوە و دەڵێت:
“لێی نزیک بوومەوە، بێدەنگ بوو و قسەی نەکرد، بانگی سەر جێگاکەی خۆمم کرد و یازدە سەگەکە تووڕەبوون و لە شوێنی خۆیان متبوون و نەجووڵان. سەگەکان وەک لە ڕۆژی جیهانی سەگەکاندا قسەیان نەدەکرد و هیچ بەرپەرچێکیان نەدەدایەوە. سیمایەکی سارد، بەڵام پڕچێژ و تام بوو، لە جاران جوانتر بوو. وەک مێینەیەکی ئەفسانەیی ورووژێنەر دەرکەوت، بەردەوام بوو لە داکەندنی جلەکانی پارچە لە دوای پارچە دای دەکەند: کراسەکەی ژێرەوە، شۆرتەکە، ستیان، ئەو ڕووت بۆوە و بەرەو ڕووی چووم، لە شوێنی خۆمدا، چەقیم و پێم نەکرا چێ دیکە بجوولێم، پێی ناگەم، کەواتە بۆ کێ خۆت ڕوت دەکەیتەوە؟
…. دەمەوێت هەڵبستم، بەرەو دەرگا بچم، ژوورەکەم هیچ دەرگایەکی نییە، ئای چی ڕوودەدات؟ چیم بەسەر هاتووە؟”.
تا دەڵێت:
“نەفرەت لەم مۆتەکە نەعلەتییە!”. ئەمە دوا کۆدی ڕۆمانەکەیە و ئیدی ئەمە دیماهیی دەقەکەیە.
(بیرەوەریی و ژیاننامەی من و سەگ ئازار بەخشە، سەرچاوەی مەعاناتی منە لە منداڵییەوە…. ئەوەی ئەم شەوە ڕوویدا، وەکو نامەیەک بوو بۆ من، بۆیە دەبێت بڕیارێک بدەم، بڕیای کۆتایی!!”. بەم وشە و پەیڤانە دەقەکە کۆتایی دێت. ڕۆمانووس دەگاتە ئەو بڕیارەی کۆدی هەموو دەقەکە دەبەستێتەوە بە (پێویستی بڕیاردان). خوێنەر دەبێت بیر لە کۆدی بڕیار بکاتەوە.
کۆدی (بڕیار) و (هۆکاری ترس و معانات لە منداڵییەوە) و (ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بەم دۆخەی لە منداڵییەوە هەیەتی، لە ئەلمانیا و لە سەردەمی پەناهەندەیی دەردەکەوێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی ڕۆمانێکی دوور و درێژ، ڕۆمانێک کە هەم بیرەوەرییە و پەیوەستە بە ڕووداوە هەقیقی و واقیعەکانەوە و دەیان ڕووداوی هەقیقی و ناوی هەقیقی و شتی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە، لەهەمان کاتیشدا خەیاڵە و مەزەندە و لێکدانە و تێڕوانینی دەروونی و فکری لەخۆگرتووە.
ئەمە کۆدی کۆتایی ڕۆمانەکەیە، لەڕووی هونەرییەوە بەشێوەیەک کۆتایی پێهێناوە، کە خەیاڵ و هەقیقەت تێکەڵە. بە جۆرێک لەجۆرەکان ئامانجی دروستکردنی کۆدی دیکەیە، کە پەیوەندی بە (خۆشەویستی، سێکس، ئیرادە و بیرکردنەوە لەبارەی کەسایەتی) پەناهەندەیەک لەگەڵ (بیانکا)ی شۆخ و شەنگی ئەلمانی هەیە. سەرەتا (بیناکا) ئەو ڕادەکێشێت بۆ نزیکبوونەوە و خۆی بۆ ڕووت دەکاتەوە، کەچی لەکۆتایدا ڕۆماننووس وا شتەکانی وێنا کردووە، کە دەیەوێت (ئافرەتەکە ڕابکێشتە شوێنی نووستنی خۆی)، بەڵام دیسان دوای خۆڕووتکردنەوەی ئافرەتەکە، ئەو لەجێی خۆی دەچەقێت و ئیرادە ناکات دەستی بۆ ببات.
ئەمە کۆدی سەرەتا و کۆتایی ڕۆمانەکەیە.. هەمووشی لەڕێگەی فێربوونی زمانەوە دەست پێ دەکات لە (پەناهەندەیی)… ! ئیدی ئەمە کۆدەکانی دیکە بەخۆی دەبەستێتەوە و درفەتی شیکردنەوە و لێکدانەوەیان بۆ دروست دەکات و هەمووشیان گوتاری ڕۆمانەکە پێکدەهێنن کە بریتییە لە ژیانی پەناهەندەیی و پەیوەندی نوێی پەناهەندە لەگەڵ ژینگە و شوێنی نوێ، بە هەموو ڕەهەند و پێکهاتە و جۆرێکەوە.. !
دیماهی و پوختە
ڕۆمانێکە مرۆڤ شوێنی خۆی داوەتە (سەگ)ی گیانەوەر، ئەو گیانەوەری لە کەلتوور و شارستانییە جیاکانی جیهان هەمیشە نزیک مرۆڤ بووە. لە کەلتووری بیابان مرۆڤ ناوی زارۆکانی ناوە سەگ، سەگ لەنزیک مرۆڤ ژیاوە، لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلام وەکو بەشێک لە خۆپارێزی سەگیان وەکو گیانەوەرێکی پیس وەسفکردووە، لەکاتێکدا لە ئەشکەوت ڕۆڵێکی پاڵەوانانە دەگێڕێت.
لە کەلتووری ڕۆژئاوایی سەگ بەپلەی دووەم لە دوای منداڵ دێت، ئینجا ئافرەت شون پێیان دەکەوێت.
تەکنیکی بیرەوەریی و ژیاننامەی لەخۆگرتووە، شتەکان و بەشەکانی ڕۆمانەکە لەنێوان هەقیقەت و خەیاڵدا ڕۆنراوە، پشت بە گێڕانەوە دەبەستێت، سوودی لە کەلتوورە جیاکان وەرگرتووە، زمانێکی سادە هەموو کەسێک دەتوانێت بیخوێنێتەوە و تێی بگات، لەهەمان کاتدا پڕە لە (مانا و مەبەست و پەیام) و ئاوسە بە فکر و کەلتوور و وێناکردن و شتی زهنی ورد.
ڕۆمانێکی کوردییە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، خودانی ناسنامەی (کوردبوونە)، لەهەمان کاتدا هیچ خۆتواندنەوە، یان توندانەوەی ئەوانی دیکە لەنێو زمان و بوونی کوردیدا بەدی ناکرێت. تەوەرەی سەرەکی قسەکردن لەسەر سەگ و ڕیشە و نەژاد و جۆر و پەیوەندی ئەم گیانەوەرەیە بە خودی مرۆڤەوە لەڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، دەروونی و سەربازی و هەواڵگری و یاسایی.
خاڵێک سەرنجی راکێشام، وەکو زۆر لەو فیلمانەی لەبارەی سەگەوە ئامادەکراون، کە ئەوانیش پشتیان بە دەقی نووسراوی چیرۆک، ڕۆمان بەستووە، فیلمەکە سەرەتای هەیە، کێشە و گرفت و ناکۆکی و زانیاریی لە نێوەڕاستی بابەتەکە هەیە، لە کۆتایدا ئەوانەی سەگ ڕەت دەکەنەوە، دەرگای دڵ و عەقڵ و ویژدانیان بۆ خودی سەگەکە دەکەنەوە و پێشوازی لە دۆستایەتی و بایەخ و گرنگی و شایستەیی سەگ دەکەنەوە، ئەم ڕۆمانەش هەمان شتە، دوای ناکۆکی و ڕەتکردنەوە و خۆپارێزییەکی دوور و درێژ و دەیان کێشە لە دیماهیدا ڕۆماننووسەکە ئەوەمان پێ دەڵێت، کە مرۆڤ شایەنی بەخۆداچوونەوە و گۆڕان و چاکسازیی و گۆڕینی ڕەفتار و هەڵسوکەت و بیرکردنەوەیە.
ئەویش لەکۆتایدا پێشوازی لە سەگ دەکات، وەکو چۆن لە فیلەمکان ئیرادە و دەسەڵاتی سەگ سەردەکەوێت لەم ڕۆمانەشدا ئەمە ڕوودەدات.
ناونیشانی ڕۆمانەکە ئەگەر هەندێک بیریان بۆ ئەوە بچێت، کە بەکارهێنانی سەگ وەکو نیشانە و پێناسەی کۆمارەکە جۆرێک لە سوکایەتی و ناولێنانێکی خراپە، لە کردەوەدا دەقەکە شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت و خودی ناونیشانەکەش سوکایەتی نییە، بەڵکو گێڕانەوەی بەسەرهاتی سەگە، کە سەگ (دەسەڵات و پێگە و توانا و ڕێزگرتنێکی یەکجار زۆر و بەهێزی) هەیە. بۆیە ڕۆماننووس ڕاشكاوانە ئەمە بە (دەسەڵاتی سەگ) ناو دەبات. واتە ناونیشانەکە شکاندن و سوکایەتی نییە، بەپێچەوانەوە بەرزکردنەوەی پێگە و بوونی سەگە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مرۆڤ، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا. تەنیا وای لێهاتووە لیستێكی دوور و درێژی ئەو سوریانەش تۆمار بکات، کە لە ئەوروپا سەگ بەخێوە دەکەن و ڕادەگرن.
لە کردەوەدا بەشێوازێک و زمانێک ڕۆمانەکە نووسراوە، کە دەستت پێکرد، حەز ناکەی وازی لێبهێنیت، ئەمەش توانا و بەهرە و دەسەڵاتی ڕۆماننووسەکە نیشان دەدات، ڕووداوەکان یەکتر ڕادەكێشن و خوێنەر هان دەدەن، بە سەلیقەی پترەوە دەقەکە بخوێنێتەوە.
دووجۆر خوێندنەوە بۆ ڕۆمانەکە دەکرێت:
یەکەم: خوێنەری ئاسایی، ڕەنگە حەز لە زانیارییەکان بکات و بۆ خوێندنەوە ئەم لایەنە ڕەچاو بکات.
دووەم: خوێندنەوەی قووڵ و فکرییە. دەقەکە چەندە لە زمان سادەیە، سەد بەقەد ئەوەش فکر و تێڕوانینی مرۆیانە و کەلتووری و مەدەنی و زهنی و ژین بگۆڕی (توند و میانڕەوانە) لەخۆگرتووە.
ئەم کتێبەم لە سەفەرێک بە دیاری لە خودی ڕۆمانووسەکە دەستکەوت، کە تەواوم خوێندەوە، تێگەیشتم باشترین دیاری ساڵی ٢٠٢٤ کە بەدەستم کەوتبێت ئەم کتێبە بەهرەدارەیە. هیوای بەردەوامیی لە نووسین و داهێنان و تەنکینک و بەرهەمی نوێتریان بۆ دەخوازم.
گوتاری دەقەکە شیکردنەوە و گەیاندنی پەیامێکی مرۆییە کە پەیوەندی بە پەناهەندەوە هەیە، کە لەوڵاتەکەی خۆیدا هەموو شتێکی بە ترس و ڕاونان و کوشتن و قڕکردن و توندوتیژی ئابلوقەدراوە، لە ئەلمانیا ژیانێکی نوێی ئازاد و کراوە بەهەموو مانایەکەوە دەست پێ دەکات، بەڵام ئەو ترسەی لەمنداڵییەوە لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە دەروونیدا ماوە، لە پەناهەندەیش کێشەی بۆ دروست دەکات.. بۆیە پێویستی بە (بڕیارە، بڕیار).
غازی حەسەن