دژایه‌تی شیعه‌ی عیراق بۆكورد خه‌تای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆمان نیه؟ … عیماد عه‌لی
زۆرجار ئه‌و پرسیاره له‌خۆمان ده‌كه‌ین؛ بۆچی ده‌نگی كاندیده‌كانی عیراق به دژایه‌تی كورد زیاد ده‌بێت؟ وه‌ك دیاره ئه‌م حاڵه‌ته؛ واته دژایه‌تی كورد له نێو پێكهاته‌ی شیعه‌دا زیاتربووه، كه له كاتی رژێمی به‌عسدا به‌پێچه‌وانه‌وه بوو، ئه‌میش؛ واته ئه‌م گۆرانكاریه گه‌وره‌یه له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكه كه له پاش روخانی سه‌دامه‌وه هاتۆته ئاراوه و به تایبه‌تی له هه‌ڵبژاردنی پێشووه‌وه بۆته دیارده له نێو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی باشوور و ناوه‌راستی عیراقدا، لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ر كۆنه‌به‌عسیه‌كان و پیاوانی رژێمی پیشوو نیه و ته‌نها باسم له‌پێكهاته شیعه‌كیه به گشتی، بۆ؟
له رووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه كه هه‌ردوو پێكهاته شیعه و كورد هاوبه‌شێكی نزیك بوون له زوڵم‌وزۆری سه‌دام و له پاش روخانی ئه‌و رژێمه، ناوچه‌كانی ناوه‌راست و باشوور له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی به‌چاو نه‌بینی كه‌له كوردستان و له‌به‌ر كۆمه‌ڵیك هۆكاری بابه‌تی و خودی له رووی سیاسی و ئابووریه‌وه روویدا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وێ زیاتر له سه‌قامگیرنه‌بونی سیستمی سیاسی عیراق و هاتنه ئارای قۆناغێكی كاتیی بێ یاسای تایبه‌ت به هه‌رێم و پارێزگاكان و پشتبه‌ستن به چالاكی كه‌سی و میزاجی شه‌خسی كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دیدی پێكهاته‌ی شیعه بۆ كورد فه‌رزكرد . هه‌ستكردنی شیعه به دواكه‌وتنی له زۆرینه‌ی ئاسته‌كاندا، له ژیانی تایبه‌تی و گستیاندا له كوردی هاوخه‌م و هاوبه‌شیان له زوڵم و زۆری رژێمی سه‌دام به پێچه‌وه‌انه‌وه كه‌وته‌وه و ئه‌وه‌ی لایان جێگیربوو كه كورد له مافه‌كانی ئه‌وان ده‌خوات و له‌سه‌ر حساب و نه‌وتی ئه‌وان پێشده‌كه‌وێت و ژیانی هاوڵاتیانی په‌ره‌ده‌سێنێت، بۆیه زیاتر خه‌ڵكانی شۆفینی و كۆنه‌به‌عسی و ره‌گه‌زپه‌رست؛ رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو له گۆرینی دیدوبۆچۆنی پێكهاته‌ی شیعه له‌سه‌ر كورد، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد به‌خۆی هیچ كارێكی ئه‌وتۆی نه‌كرد بۆ مانه‌وه‌ی هاوخه‌می و هاوسۆزی له ده‌رئه‌نجامی هاوناڵاندنی ئه‌م دوو پێكهاته‌یه، له پێناو هاوبه‌شی و به‌شداری هه‌مه‌چه‌شنی هه‌ردوولا و پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش و درێژه‌پێدانی تادواجار و یه‌كترته‌واوكردن له لایه‌كه‌وه، له لایه‌كی تریشه‌وه له رووی ستراتیجیه‌وه هیچ هه‌وڵێكیان نه‌دا بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت كه بۆهه‌تایه پێویستمان به‌وان نه‌بێت. بۆیه ته‌نانه‌ت هاوكێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه كۆرانێكی ئه‌وتۆی تێدا دروست بوو كه گۆرانی هاوكێشه‌ی سیاسیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا دروستكرد .
بێگومان دیدوبۆچونی سیاسی زاده‌ی به‌رهه‌می بیر و دیدی كۆمه‌ڵایه‌تیشه، به تایبه‌تی به پێی ئه‌و میكانیزمه‌ی هه‌ڵبژاردن كه ده‌رهاویشته و به‌رهه‌می دیدی خه‌ڵكه بۆ به‌رنامه و هه‌ڵوێست و دیدوبۆچونی كاندیده‌كان بۆ پرس و بابه‌ته هه‌مه‌گیره‌كان و بۆچونی كاندیدیش له‌مه‌ر كورد و ژیان و گوزه‌رانی له ده‌رئه‌نجامی كارگه‌ریی بینینه مێژووییه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كه‌ی تێڕوانینی عه‌ره‌ب بۆ كورد و ئه‌و ره‌گه‌زپه‌رستیه‌یه كه وه‌ك پشكۆی هه‌میشه گه‌شاوه له هه‌ناویاندا ده‌تروسكێته‌وه و، زۆرجار له ئیره‌یی و چاوچنۆكی له‌هه‌ر جموجوڵێكی كورد وایانلێده‌كات ئاواته‌خوازن مانه‌وه‌ی كورد به ژێرده‌سته‌یی ئه‌وانبن. ئه‌مه ئه‌گه‌ر ژماره كه‌مێكی خه‌ڵكی رۆشنبیر و مرۆڤدۆست و به تایبه‌تی زۆرینه‌ی چه‌په‌كانیان لێده‌ركه‌یت، به‌ڵام زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ر له جۆری یه‌كه‌من و ئه‌وان ده‌رچوونی كاندیده‌كان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ده‌نگی باڵایان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هێنا له‌م جۆرانه‌بوون كه دژایه‌تی ئاشكرا و نهێنی خۆیان بۆ كورد ده‌رده‌بری و زیاده‌رۆییان له ره‌خنه‌گرتن له‌كورد ده‌كرد.
بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه” ئه‌وه‌ی تا ئێستاش عه‌بادی له‌سه‌ر ده‌روات و سڵی لێده‌كاته‌وه و له‌به‌رچاوی گرتووه، پشتبه‌ستنه به‌و بۆچونانه له‌مه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ئه‌م جاره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، وا به‌ئاشكرا ده‌یبنین كه هه‌موو بریاره‌كانی له‌مه‌ر كورد له‌م روانگه‌وه ده‌دره‌كرێن و ته‌نانه‌ت له‌به‌ر ئه‌و ترسه مافه ده‌ستوریه‌كانی كورد ناسه‌لمێنێت، تاگه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی جه‌خت له پێشێلكردنی زۆرێك له‌یاساكانیش ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی به كورده‌وه هه‌بێت . بۆچی ئه‌م هاوكێشه‌یه كۆراوه؟ ئه‌مه زیاتر بۆ خودی ئاستی رۆشنبیری خه‌ڵكی عه‌ره‌بی عیراق و ره‌فتاری سه‌ركردایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی كورد و خۆنواندن و هه‌ڵوێستی نادروست بوو كه وای له‌عه‌ره‌ب كرد بگه‌نه ئه‌م وه‌زعه و حه‌سودی به كورد به‌رن و هه‌موو شتێك بكه‌ن بۆ گه‌رناه‌وه‌ی كورد بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م. خه‌تای ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌وه‌دا بوو كه هیچ پلانێكی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نه‌بوو و ره‌فتاری وای ده‌كرد كه هانی ئه‌م بۆچونه بدات، بۆ نمونه؛ ئیدعای هه‌ولێركردنه دوبه‌ی ده‌كرد بێ گرنگیدان به دوارۆژی كورد و، وه‌ك خۆنیشاندان و له‌خۆباییبوون ده‌جوڵایه‌وه، به‌رزكردنه‌وه‌ی باڵاخانه‌كان و پۆزلێدان، نمونه‌یه‌كی زۆر زه‌قن له‌مباره‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ جێگیربونێكی سیاسی له‌گه‌ڵدا بێت، كێ له‌دونیادا بینیوه‌تی كه تۆ رزقت به‌ده‌ست كه‌سێكه‌وه بێت و له رزقه‌كه‌ی خۆی پیاوه‌تی به‌سه‌ره‌وه بكه‌یت؛ كه‌س هه‌یه چاكسازی گۆره‌پانی یاری تۆپی پێی شه‌عبی به‌غدای له لایه‌ن نێچیروان بارزانیه‌وه له‌بیر نه‌بێت، كه‌س هه‌یه یارمه‌تی مادی خه‌ڵكی ناوه‌راست و باشووری عیراق زۆر جار له زۆر بواردا له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌بیربكات كه جگه له هه‌ستوروژاندن هیچیتری لێسه‌وز نه‌بوو. به ئه‌زمونی شه‌خسی له‌و كاتانه‌دا بۆمان دركه‌وت كه ئه‌و كه‌سانه‌ی ناوه‌راست و باشووری عیراق چه‌ند له‌مه‌ر ئه‌و كرده‌وانه له رووی سایكۆلۆجیه‌وه بریندار ده‌بوون. له لایه‌كی تره‌وه سیاسه‌تكردن و هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ سونه‌ی عیراق كه‌شیعه زه‌ده‌دیده‌ی ده‌ستی ئه‌وانبوون وایلیكردن كه ئه‌و هاوخه‌میه‌یان كزبێته‌وه و له‌بیربچێت و رۆژانی سه‌ختیان له‌به‌رچاونه‌مینێت.
بۆیه ته‌نانه‌ت دژایه‌تی پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی شیعه‌ی عیراق بۆ كورد به رێژه‌یه‌كی گه‌وره له ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی كار و به‌رهه‌می سیاسی ده‌ستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه زیاتر له‌وه‌ی خه‌تای ئه‌وان بێت.