گفتوگۆ له‌گه‌ڵ جه‌بار مسته‌فا ….ئامادەکردنی سالار ڕەشید
“یه‌کێتیی تێکۆشانی کارگه‌ران”، “ئه‌ڵقه‌ی کۆمۆنیستیی بڵێسه”،
“یه‌کێتیی خه‌باتی کۆمۆنیزمی کرێکاری”
(گفتوگۆ له‌گه‌ڵ جه‌بار مسته‌فا )
————————————–
“یه‌کێتیی تێکۆشانی کارگه‌ران” یه‌کێکه له سازمانه کۆمۆنیستییه سه‌ره‌تایییه‌کانی چه‌پی نوێ له کوردستان، که سه‌نگ و کاریگه‌ریی دیاری له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستیدا هه‌بوو. “ئه‌ڵقه‌ی کۆمۆنیستیی بڵێسه” که دواتر ناوه‌که‌ی کرا به “ده‌سته‌ی کرێکارانی پێشڕه‌و” یه‌کێک بوو له‌و ئه‌ڵقه کۆمۆنیستییه چالاکانه‌ی ده‌یه‌ی هه‌شتاکان که بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستیدا ڕۆڵ و کاریگه‌ریی هه‌بوو. هه‌روه‌ها “یه‌کێتیی خه‌باتی کۆمۆنیزمی کرێکاری”یش که له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ه‌وه پێک هات، یه‌کێک بوو له‌و سازمانه کۆمۆنیستییانه‌ی که قورسایی خۆی هه‌بوو، وه دواتر کۆڵه‌که‌یه‌ک بوو له بنیاتنانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق.
بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی چه‌ندین لایه‌نی ئه‌م گرووهانه، گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ “جه‌بار مسته‌فا” وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی ناسراو و کاریگه‌ر، وه‌ک یه‌کێک له ڕابه‌ران و بنیاتنه‌رانی ئه‌و گرووهانه ساز ئه‌که‌ین.
سالار ڕەشید: به‌ڕێز جه‌بار مسته‌فا! هه‌ر وه‌کوو تێبینی ئه‌کرێ، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ڕابه‌ران و کادرانی سه‌ره‌تایی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستیی نوێ له کوردستان، که هه‌ڵسووڕاوی دوو ده‌یه‌ی ساڵه‌کانی حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بوونه، له هه‌ناوی ڕێکخراوی “کۆمه‌ڵه‌ی مارکسیی لێنینیی کوردستان/ کملک”ه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه، که دیاره خۆشت نه‌ک هه‌ر یه‌کێکی له‌و هاوڕێیانه، ڕه‌نگه تاکه که‌سێکیش بیت، که له به‌ره‌به‌یانی چه‌پی نوێوه ده‌ستت پێ کردبێ و تا هه‌نووکه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان ڕه‌وت درێژه به‌کاری خۆت بده‌یت. ئه‌کرێ بڵێین، مێژووی سیاسیی خودی جه‌بار مسته‌فا، به‌شێکی گرنگ و لایه‌کی گه‌وره‌ی مێژووی چه‌پ و کۆمۆنیستیی نوێی کوردستانیشه. بۆیه سه‌ره‌تا پرسیاره‌کانمان له “کۆمه‌ڵه”ه‌وه ده‌ستپێ ئه‌که‌ین.
له چ ساڵێکدا په‌یوه‌ندیت به “کملک”ه‌وه کرد و که‌ی وازت هێنا، بۆچی وازت هێنا؟ کاتێک که وازتان هێنا ژماره‌تان چه‌ند که‌س بوو؟
جه‌بار مسته‌فا:
سوپاس بۆ پێشه‌کییه‌که‌ت. پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانت بده‌مه‌وه، پێم خۆشه، ئاماژه به چه‌ند خاڵێک بکه‌م: ئه‌وه ڕاسته من وه‌ک هه‌ڵسووڕاوێكی کۆمۆنیست له سه‌ره‌تای حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه نه‌رم ده‌که‌م، به‌ڵام هێشتا ئاگاداری مێژووی لایه‌نێکی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌م، نه‌ک هه‌مووی. نووسینه‌وه‌ی سه‌رتاپا‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌که، ده‌بێ کاری ده‌سته‌جه‌معی و به‌کۆمه‌ڵ بێت. من که له‌م مێژووه ده‌دوێم، له ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه لێی ده‌دوێم، چۆن ڕووداوه‌کانم دیوه و چۆن تێ‌یان گه‌ییشتووم، ئاوا باسیا‌ن ده‌که‌م. دڵنیام، ئه‌مه سه‌رجه‌می ڕاستییه‌کان نییه و گێڕانه‌وه‌ی تر و تێگه‌ییشتنی تر هه‌یه. من دڵنیام، هه‌موو ڕاستییه‌کان لای من نین و ئه‌وه‌ی من باسیا‌ن ده‌که‌م، به‌شێکن له ڕاستییه‌کانی ئه‌م مێژووه. جگه له‌مانه و ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگه به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌یه، که خه‌سڵه‌تی هه‌ره سه‌ره‌کیی مێژوو، هه‌ر مێژوویه‌ک بێت، “بابه‌تیبوون”ه‌که‌یه‌تی، ناکرێ مێژوو له‌پێناو ئامانجی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، یان هه‌ر ئامانجێکی تر ئاره‌زوومه‌ندانه لێی بدوێیت، یان بینووسیته‌وه، چونکه مێژوو مێژووه. هه‌ڵسووڕاوان و ڕابه‌رانی خه‌باتی چینی کرێکار و کۆمۆنیسته‌کان پێویستییان به پاڵه‌وانبازی و پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی نییه، به‌ڵام زۆر پێویستییان به‌وه‌یه که شاڕەزایی ڕه‌وتی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی مێژووی خه‌باتی چینه‌که‌یان بن، به هه‌موو خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانییه‌وه.
ئێستا ئێمه خه‌ریکین قسه له‌سه‌ر نزیکه‌ی ٤٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌که‌ین، بێ ئه‌وه‌ی نووسین و ئامار و دۆکومێنتی ئه‌و سه‌ردەمه له‌به‌رده‌ستماندا بێت، ته‌نها پشت به‌هێزی وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی خۆمان ده‌به‌ستین. من دڵنیام ئه‌م هێزه‌ش له‌م ته‌مه‌نه‌ی ئێمه‌دا و دوای ئه‌م هه‌موو ساڵانه سه‌د ده‌رسه‌د پێرفێکت نییه. بۆیه من داوای لێبووردن له‌و هاوڕێیانه ده‌که‌م، که وه‌ک خۆی باسیانم نه‌کردووه، یان له باسکردنی هه‌ر بڕگه‌یه‌کدا هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی ترم کردبێت.
کۆتایی ساڵی ١٩٧٢ و سه‌ره‌تای ١٩٧٣ کاتێک وه‌رزی خوێندن له زانکۆکان له مانگی ٩ به‌دواوه ده‌ستپێ ده‌کات، هاتمه زانکۆی سلێمانی. ئه‌و کاته ماڵمان له شاری به‌سره‌ی خواروو‌ی عێراق بوو. ئه‌و سه‌رده‌مه له ڕێگای به‌دواداچوونی خۆمه‌وه ده‌مزانی ڕێکخراوێک یان گرووپێکی مارکسیستی له کوردستاندا هه‌یه و به‌نهێنی کار ده‌کات.
له‌ڕاستیدا من به‌دوایدا ده‌گه‌ڕام و هیچم له‌سه‌ر نه‌ده‌زانی، هه‌ر ئه‌وه‌نده نه‌بێت، که جیاوازه له هه‌ردوو باڵی حیزبی شیوعیی عێراق. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی خوێندن، زۆر زوو به هیوا غه‌فوور ئاشنا بووم. له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا بووینه دوو هاوڕێی نزیک و خۆشه‌ویستی یه‌کتر و قسه و باسی سیاسی لەنێوانماندا زۆر زوو کرایه‌وه و من به‌ئاشکرا خۆم وه‌ک مارکسیستێک ده‌ناساند و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر ئاسایی بوو، ته‌نانه‌ت له پۆلی ده‌رسه‌کانیشدا له‌به‌رامبه‌ر بیروبۆچوونی هه‌ندێ مامۆستادا قوتابی زۆر به‌ئاسایی قسه‌ی خۆی ده‌کرد. به هه‌ر حاڵ هاوڕێ هیوا که دواتر له ساڵی ١٩٧٤ له بۆردوومانه‌که‌ی شاری قه‌ڵادزێ گیانی له‌ده‌ست دا، به چه‌ند که‌سێکی تری ناساندم و پێشنیار‌ی ئه‌وه‌ی کرد، که مارکسیزم به شیۆیه‌کی جه‌ماعی دیراسه بکرێت باشتره.
من یه‌کسه‌ر تێگه‌ییشتم و پێشنیاره‌که‌یم په‌سه‌ند کرد. هه‌ر ئه‌و کاته کۆمه‌ڵێک جیاوازیم له‌گه‌ڵ هیوا هه‌بوو و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه بابه‌تی ئه‌وه‌ی: ئایا چینی کرێکاری کوردستان پێویستی به حیزبی مارکسیست_ لێنینیستی خۆی هه‌یه، یان نا؟ من موخالیفی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بووم و ده‌مزانی، که ئه‌مه به ته‌نها بۆچوونی خۆی نییه. پاش به‌سه‌ربردنی ماوه‌یه‌کی کورت له ئه‌ڵقه ڕۆشنبیرییه‌کاندا له ڕێگای هیواوه زانیم، که ئێمه به‌شێکین له “کۆمه‌ڵه‌ی مارکسیی لێنینی/ بیروباوه‌ڕی ماوتسیتۆنگ” و له سه‌ره‌تای ١٩٧٤ به‌فه‌رمی بوومه ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه و بۆ یه‌که‌م جار له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د فه‌تحوڵا به سه‌رپه‌رشتی که‌مال عه‌لی ده‌ستووری کۆمه‌ڵه‌مان خوێنده‌وه. ده‌ستووری کۆمه‌ڵه بریتی بوو له کورته‌یه‌ک له ناو و ئامانج و شێوه‌ی ڕێکخراوه‌یی کۆمه‌ڵه، که‌سێک ئه‌ندام نه‌بووایه نه‌یده‌بینی.
له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٧٤دا که ورده‌ورده شه‌ڕ هه‌ڵگیرسانه‌وه له‌نێوان پارتی و ڕژێمی به‌عس مه‌علووم ده‌بوو، سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه له سه‌ره‌تای مارتدا نووسراوێکی ده‌روونی له ڕیزه‌کانی خۆیدا (بۆ ئه‌ندامان) بڵاو کرده‌وه، که قسه له شه‌ڕی هه‌ردوو لا ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌م شه‌ڕه له لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه شه‌ڕێکی ڕەوایە، چونکه به‌شێکه له خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، به‌ڵام سه‌رکردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌که کۆنه‌په‌رسته، بۆیه به‌شداریکردن له شه‌ڕه‌که‌دا به ئه‌رکی خۆمان ده‌زانین، به‌و ئامانجه‌ی که سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی وه‌لا بنێین و حیزبێکی مارکسیست_ لێنینست سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی بگرێته ئه‌ستۆ. ئه‌وه‌بوو، به‌شێکی به‌رچاو له سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندام و دۆستانی کۆمه‌ڵه ڕێی شاخیان گرت و چوونه ده‌ره‌وه.
له پایزی ١٩٧٤دا که من له ماوه‌ت له شانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵه‌دا له‌گه‌ڵ فوئادی مه‌جید میسریی نووسه‌ر له شانه‌یه‌کدا کارم ده‌کرد، نووسراوێکی ده‌روونیمان بۆ هات، که به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئاشکرا له بۆچوونی کۆمه‌ڵه بگرێت، ڕه‌خنه له بزووتنه‌وه‌که ده‌گرێت و به بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌رتاپا کۆنه‌په‌رستی ده‌ناسێنێت، چونکه سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی کۆنه‌په‌رسته و ئامانجی بزووتنه‌وه‌که‌ی به سیاسه‌تی شای ئێران و ته‌نانه‌ت ئیسرائیلیشه‌وه به‌ستۆته‌وه.
وا بزانم، ئه‌م بۆچوونه هی سه‌رکردایه‌تیی هه‌رێمی سلێمانی بوو، که ئه‌و کاته ئاوات عەبدلغەفوور لێپرسراوی بوو، که‌چی پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌و نووسراوه ڕه‌ت کرایه‌وه. ئێمه ئه‌ندامان و هه‌ڵسووڕاوانی ڕێکخراو زانیمان، که ناکۆکی له سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه‌دا هه‌یه. له سه‌روبه‌ندی ئاشبه‌تاڵدا زۆر کت‌وپڕ کۆمه‌ڵێک هاوڕێی کۆمه‌ڵه به لێپرسراوێتی دلێر تاهیر به کۆمه‌ڵێک چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه گه‌ییشتینه ماوه‌ت و پێیان وتین، که پارتی ئاشبه‌تاڵی کردووه و سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه بڕیاری به‌رگری له ناوچه‌ی شارباژێره‌وه (که شه‌هابی شێخ نووری خه‌ڵکی ئەم ناوچەیە و گوندی بارێی گه‌وره‌یە) داوه و له‌م ڕۆژانه‌دا له ڕێگای ئێران و پێنجوێنه‌وه ده‌گه‌نه ناوچه‌که. تا گه‌ییشتنی دلێر و هاوڕێیانی تر نه پارتی و نه خه‌ڵکی ماوه‌ت نه‌یان بیستبوو، که ئاشبه‌تاڵه. کاتێک ئێمه هه‌واڵه‌که‌مان بڵاو کرده‌وه، پارتی و پاراستن خه‌ریک بوون، دلێر بگرن.
ئێمه به‌په‌له چووینه لای لێپرسراوی ئه‌وسای ناوچه (تالیب ڕۆسته‌م) و ئەو هه‌واڵه‌که‌ی پشتڕاست کرده‌وه. له‌ڕاستیدا ئه‌وه له گرتن ڕزگاری کرد، که برازای عومه‌ر ده‌بابه بوو. بەهه‌ر حاڵ بڕیاری سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه شۆڕوشه‌وقێکی سه‌یری به ئێمه دا، ڕه‌نگه بڵێم، چرکه و ساتمان له چاوه‌ڕوانی گه‌ییشتنی هاوڕێیاندا ده‌ژمارد.
که‌چی دوای چه‌ند ڕۆژێک له کۆتایی مانگی مارتی ١٩٧٥دا له سلێمانییه‌وه بڕیارێکی سه‌رکردایه‌تیمان بۆ هات، که ده‌بێ، بۆ شار بگه‌رێینه‌وه و کۆمه‌ڵه‌ش به‌رگری ناکات. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نائومێدی و نیگه‌رانییه‌کی زۆری له‌ناوماندا درووست کرد و بووه مایه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر له سه‌رکردایه‌تی. هه‌ر ئه‌و ساڵه ئێمه له‌ناو شار، مه‌به‌ستم ئه‌و ئه‌ندام و کادرانه‌ی که له شاخ بووین، له هێڵێکی ڕێکخراوه‌یی جیاوازدا سازمان دراین و له‌و ده‌مه‌شدا ده‌نگۆی ئه‌وه‌مان بیست، که سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه خۆی بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عس ئاماده ده‌کات.
ئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی به‌هێز کرد، قسه‌کردنی لێپرسراوانی نزیک له سه‌رکردایه‌تییه‌وه، له‌وه‌ی که کۆمه‌ڵه ده‌بێ له‌م کاته‌دا، که له کوردستاندا ته‌نیا هێزی سیاسییه، به ئۆتۆنۆمییه‌کی فراوان قایل بێت و دیاره ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕژێمدا ده‌چێته پێشه‌وه. لێره‌وه ناکۆکی له ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا ته‌قییه‌وه و ڕۆژبه‌ڕۆژ قووڵ ده‌بووه‌وه. من له‌گه‌ڵ سه‌ڵاح حوسێن و که‌مال عه‌لی له یه‌ک شانه‌دا بووین و لێپرسراوی شانه‌که‌مان حه‌مه سه‌عیدی فه‌قێ عه‌لیی شاور بوو، هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان بۆ ته‌واو نه ده‌کرا، تا وای لێ هات، سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه هه‌رچییه‌کی ده‌ووت، ئێمه پێی موخالیف بووین.
له‌ولاشه‌وه سه‌ڵاح په‌یوه‌ندی به دلێر تاهیر و چه‌ند کادرێکی تره‌وه هه‌بوو، ناکۆکییه‌کان له‌سه‌ر سێ مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی چه‌قیان به‌ستبوو: هه‌ڵوێستی نادرووستی کۆمه‌ڵه له مه‌سه‌له‌ی به‌شداریکردن له شه‌ڕی ١٩٧٤دا، چونکه بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆنه‌په‌رستانه بوو و کاتێک که ئاشبه‌تاڵ بوو، ده‌بووایه، سه‌رکردایه‌تی مقاوه‌مه‌تی بکردایه. ئۆتۆنۆمی درووشمێکی بۆرژوازییانه بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه و کۆمه‌ڵه ده‌بێت مافی دیاریکردنی چاره‌نووس به درووشمی خۆی بزانێت و له‌ڕاستیدا ئۆتۆنۆمی ڕێگاخۆشکردنه بۆ مفاوه‌زات له‌گه‌ڵ ڕژێمدا. له هاوینی ساڵی ١٩٧٥دا دلێر تاهیر و سه‌ڵاح حوسێن سه‌ره‌تا به ڕه‌سمی ده‌ستیان له‌کار کێشایه‌وه و منیش به ڕێکخستنم ڕاگه‌یاند، به مه‌رجێک ده‌مێنمه‌وه، که مافی ده‌ربڕینی جیاوازییه‌کانم له ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا هه‌بێت. وه‌ڵامی ئاسۆی شێخ نووری که ئه‌و کاته لێپرسراوی کۆمیته‌ی هه‌رێمی سلێمانی بوو، وابزانم ناوی “ئه‌ستێره‌ی سوور” بوو، ئه‌وه بوو، که ڕێگا ناده‌ین جه‌بار مسته‌فا پشێوی له ڕیزه‌کانی ڕێکخستندا بنێته‌وه.
دوابه‌دوای ئه‌م وه‌ڵامه به فه‌رمی ده‌ستم له‌کار (له‌گه‌ڵ سه‌ڵاح حوسێن و محه‌مه‌د فه‌تحوڵا) کێشایه‌وه. هه‌ر ئه‌و کاته سه‌ڵاح، زه‌ینه‌دین نه‌جمه‌دین (که له ساڵانی دواییدا له‌ناو یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان به د. ساجید ناسرا و چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر به نه‌خۆشی گیانی له‌ده‌ست دا، یادی به‌خێر)ی پێ ناساندم. سه‌ڵاح په‌یوه‌ندی به به‌ختیار مسته‌فا و ئازاد جه‌لال و دلێر تاهیر و دلێریش په‌یوه‌ندی به عه‌لی موراد (یادی به‌خێر له ساڵانی دواییدا به نه‌خۆشی گیانی له‌ده‌ست دا)ه‌وه هه‌بوو.
له سلێمانی هه‌روه‌ها سه‌ڵاح یان دلێر په‌یوه‌ندییان به هیوا و ئاسۆ ڕه‌ئووفه‌وه، که له به‌غدا قوتابی بوون، هه‌بوو. جگه له‌مانه و له هه‌مان کاتدا ئیبراهیم خه‌لیل (یادی به‌خێر، له ڕووداوێکی ناڕۆشندا له ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کی چه‌کداریدا گیانیان له‌ده‌ست دا)، ئیبراهیم حه‌سه‌ن، وه‌ستا که‌مالی کاره‌باچی (یادی به‌خێر له گرتنه‌که‌ی ١٩٧٧دا له سێداره درا) ناکۆکییان هه‌بوو، به‌ڵام به بۆچوونێکی جیاواز له ئێمه. ئاگادار بووم، که سه‌ڵاح زۆر له‌گه‌ڵ ئیبراهیم خه‌لیل قسه و باسی ده‌کرد، به‌ڵام نه‌گه‌ییشتنه ئه‌نجام.
به کورتی پاش ماوه‌یه‌کی که‌م سه‌کردایه‌تیی کۆمه‌ڵه نووسراوێکی ده‌روونی له سه‌ر ئه‌و جیاوازی و وازهێنانه ده‌رکرد و ده‌ڵێ، ئه‌وانه ١٣ که‌سن، به‌شێکیان به هه‌لپه‌رستی ڕاستڕه‌و ناو ده‌بات، که مه‌به‌ستی گرووپه‌که‌ی ئیبراهیم خه‌لیل بوو، که دواتر “ڕێکخراوی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان”یان دامه‌زراند. به‌شه‌که‌ی تریان به هه‌لپه‌رستی چه‌پڕه‌و ناو ده‌بات، که ئێمه بووین، دواتر به عێراقییه‌کان ده‌ناسرێن و پاش چه‌ند ساڵێک ده‌بن به یه‌کێتیی تێکوشانی کارگه‌ران.
سالار ڕەشید: هه‌ر وه‌کوو ڕۆشنه، دوو_ سێ ساڵی کۆتایی شەستەکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، ساڵانی شکڵ‌گرتنی ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه بوو. هۆکاری ئه‌م شکڵگرتنه به زۆر شت لێک ئه‌درێته‌وه، وه‌کوو له‌ئارادابوونی چینی کرێکار به‌وێنه‌ی چینێک به‌تایبه‌ت له‌دوای ڕێفۆرمی زه‌ویی ساڵی ١٩٥٨ و ساڵانی دواتر، ئیعتیباری کۆمۆنیزم وه‌کوو بزووتنه‌وه و تیۆرییه‌کی شۆڕشگێڕانه بۆ ڕزگاریی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و گه‌لانی بنده‌ست له ئاستی جیهاندا. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا حیزبی شیوعیی عێراقی به هه‌ردوو باڵه‌که‌یه‌وه جێگای ڕه‌خنه‌ی به‌شێکی زۆری که‌سانی چه‌پ و کۆمۆنیست بوون. ئه‌مانه گشت وای کرد، بیر له بنیاتنانی ڕێکخراوێکی ماویستی وه‌کوو کۆمه‌ڵه بکرێته‌وه. قسه‌ی تۆ له‌م ڕووه‌وه چییه؟
جه‌بار مسته‌فا:
ئه‌گه‌ر هه‌ندێک وردتر قسه له‌سه‌ر هۆکاری شکڵ‌گرتنی کۆمه‌ڵه له‌و ڕۆژگاره‌دا بکه‌ین، ده‌بێ بڵێم، گه‌شه‌کردنی چینی کرێکار له سه‌رانسه‌ری عێراق و هاتنه‌کایه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی خواسته‌کانی ئه‌م چینه که به ڕاده‌یه‌کی فراوان له‌پاڵ بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کانی تردا به‌تایبه‌تی قوتابییان فشاری زۆریان خستبووه سه‌ر ڕژێمی عەبدلڕەحمان عارف. ڕێپێوان و مانگرتن له کۆتایی شه‌سته‌کاندا ببووه دۆخێکی ڕۆژانه و فشارێکی زۆری بۆ ئه‌م ڕژێمه هێنابوو، جگه له‌مه سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی توێژێکی ڕۆشنبیر له شاره‌کانی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی، که به ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو بێزار بوون له سه‌رکردایه‌تیی خێڵه‌کیی مه‌لا مسته‌فا و باڵی جه‌لالییه‌کان (پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان) و شه‌ڕی ناوخۆیان و ئه‌نجامه کاره‌ساتباره‌کانی ئه‌م شه‌ڕه بێهووده‌یه و ئه‌وه‌ی که مه‌لایییه‌کان چوونه‌ته پاڵ شای ئێرانی کۆنه‌په‌رست و جه‌لالییه‌کان پاڵیان به ڕژێمی به‌غداوه داوه و هاوکاری ته‌واوی ده‌که‌ن، ئه‌مه ئیتر جاشایه‌تییه‌کی ته‌واوه و له ئاستی کۆمه‌ڵگادا بۆ هیچ که‌س پاساو نه‌ده‌درا.
جگه له‌مه به‌رجه‌سته‌بوونه‌وه‌ی جیاوازی و ناکۆکییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی نێوان حیزبی کۆمۆنیستی شووره‌وی و حیزبی کۆمۆنیستی چین، که له ناوچه‌که به بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی جیهانی ناسرابوون، به‌تایبه‌تی له عێراق و ئێران که‌م تا زۆر هۆکارێک بوون له شکڵپێدانی کۆمه‌ڵه‌دا، له لایه‌که‌وه سیاسه‌تی ڕێفۆرمیستی و هه‌لپه‌رستانه‌ی حیزبی شیوعیی عێراق، نه‌بوونی هه‌ڵوێستێکی ڕۆشن به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ملکه‌چبوونی بۆ باڵێکی ناسیۆنالیستی کورد و پیاده‌نه‌کردنی سیاسه‌تێکی درووست به‌رامبه‌ر به داخوازییه ڕه‌واکانی خه‌ڵکی کوردستان له ڕژێمه‌کانی به‌غدا، فرسه‌تی بەوە دا، که حیزبێکی قه‌ومپه‌رستی وه‌ک پارتی و سه‌رەک خێڵێکی وه‌ک مه‌لا مسته‌فا ببێته مه‌یدانداری خه‌باتی به‌رحه‌قی خه‌ڵکی کوردستان و به‌پێی قازانجی کۆنه‌په‌رستانه‌ی چینه دواکه‌وتووه‌کانی کوردستان ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به لاڕێدا به‌رێت و له کوردستانیشدا ببێته قاره‌مانێکی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌م واقیعه‌ته به پشتگیری حیزبی شیوعی له ڕژێمی قاسم، هه‌وڵی نزیکبوونه‌وه‌ی له ڕژێمی عەبدلسەلام عارف ئه‌وه‌نده‌ی تر له کوردستاندا چه‌سپا و بۆ ساڵانیکی دوورودرێژ ناسیۆنالیزمی کوردی کرده مۆته‌که‌یه‌ک به سه‌رسه‌ری جه‌ماوه‌ری کوردستانه‌وه.
هه‌رچی باڵی جیاوەبووی حیزبی شیوعیی قیاده‌ی مەرکەزی بوو، ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێک سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستدا له باڵی لیژنه‌ی مەرکەزی ڕادیکاڵتر بوو، به‌ڵام ئه‌و گێژاوه فکری_ سیاسییه‌ی، که تووشی هاتبوو و ئه‌و شکسته قورسه‌ی که له ساڵی ١٩٦٨ له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ئه‌هواره‌کاندا به‌سه‌ریاندا هات، بووه هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌رگیز نه‌توانن ڕۆڵێکی سیاسیی کاریگه‌ر له گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراقدا بگێڕن.
لە لایه‌کی تره‌وه هاتنی چه‌ند ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی باڵی جیاوەبووی حیزبی توده‌ی ئێران به ناوی “سازمانی شۆڕشگێڕی حیزبی توده” له ئه‌ورووپاوه بۆ کوردستان و نیشته‌جێبوونیان له به‌کره‌جۆ، که باره‌گای سه‌ره‌کیی جه‌لالییه‌کان بوو و په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵیان به‌یه‌که‌وه، بووه مایه‌ی ئاشنابوونی کۆمه‌ڵێک کادر و هه‌ڵسووڕاوی ئه‌م باڵه‌ی پارتی و ته‌نانه‌ت خودی جه‌لال تاڵه‌بانیش به ماویزم.
ده‌ڵێن، کۆرش لاشائی که له به‌کره‌جۆ به د. جه‌لال ناسرابوو، له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی و که‌سانی تری سه‌رکردایه‌تیی حیزبه‌که‌یدا به‌رده‌وام له‌سه‌ر ماویزم خه‌ریکی گفتۆگۆ و سیمینارگێڕان بوون. کارکردی ئه‌م بۆچوونانه به شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌سه‌ر هه‌ڵسووڕانی جه‌لالییه‌کان ڕه‌نگیدابووه‌وه، به‌تایبه‌تی له گۆڤاری ڕزگاری، که زۆربه‌ی ژماره‌کانی باسی ته‌رجومه‌کراوی ماوتسیتۆنگی بڵاو ده‌کرده‌وه.
نووسه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی گۆڤاری ڕزگاری، نەوشیروان مسته‌فا (سه‌رنووسه‌ر)، به‌کر حوسێن، عومه‌ر فه‌تاحی قوتابیی کۆلێجی ئه‌ندازیاری، فازیلی مه‌لا مه‌حموود، مه‌حموودی مه‌لا عیزه‌ت و کۆمه‌ڵێکی تر سه‌رباری خودی جه‌لال تاڵه‌بانی باسه‌کانیان له “ڕزگاری” و له‌و سیمینار و کۆڕ و کۆبوونه‌وانه‌دا که له به‌کره‌جۆ ده‌یان به‌ستن، له‌به‌ر ڕۆشنایی وته‌کانی سه‌رۆک ماودا ده‌کرد. ده‌ڵێن، نامیلکه‌ی “چه‌پکێك له وته‌کانی سه‌رۆک ما‌و” خودی برایم ئه‌حمه‌د کردوویه‌تی به کوردی. کتێبخانه‌ی بیری نوێ له به‌غدا که ته‌نها کتێبه‌کانی ماوی به نرخێکی زۆر هه‌رزان ده‌فرۆشت، هی ئه‌مان بوو.
ڕاسته کۆمه‌ڵه له ساڵی ١٩٧٠دا واته، ساڵی ڕێکه‌وتننامه‌ی ١١ی ئازار و لێخۆشبوونی مه‌لا مسته‌فا له سه‌رکردایه‌تیی پارتی شۆڕشگێڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕێکخستنه‌کانی ئه‌م حیزبه بۆ باوه‌شی پارتی دایک پێک هات، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من له کادره دێرینه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه‌م بیستووه، بیرۆکه‌ی پێکهێنانی ڕێکخراوێکی له‌م جۆره له ساڵی ١٩٦٨وه هاتۆته ئاراوه و ته‌نانه‌ت به جیا له جه‌لال تاڵه‌بانی. ئه‌وه‌ی که لێره‌دا گرنگه ئاماژه‌ی پێ بده‌م ئه‌وه‌یه، که فه‌لسه‌فه‌ی پێکهاتنی کۆمه‌ڵه واته، پێویستیی پێکهێنانی کۆمه‌ڵه، له ڕوانگه‌ی دامه‌زرێنه‌رانییه‌وه، له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ئاماژه به درووشمێکی چکۆله ده‌که‌م، که به‌وردی و به‌ده‌ستخه‌تێکی ڕۆشن له‌سه‌ر یه‌کێک له دیواره‌کانی گه‌ڕه‌کی ئیسکانی شاری سلێمانی به‌بێ ناو نووسرابوو و تا دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩٢ش هه‌ر مابوو، دیاره ئه‌م درووشمه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی جه‌لالییه‌کاندا نووسرابوو، پێده‌چی به‌شێکی چالاکی ئه‌و باڵه ماویستییه‌ی ناو جه‌لالییه‌کان بێت، هه‌موو ڕۆژێک که له ماڵه‌وه بۆ زانکۆ ده‌چووم، ده‌م خوێنده‌وه، درووشمه‌که ده‌ڵێت: “سۆشیالیزم باشترین چاره‌سه‌ره بۆ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی”. دیاره مه‌به‌ست له مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده. به بۆچوونی من ئه‌م درووشمه زۆر به‌ڕوونی و به‌کورتی به‌رنامه و ئامانجی کۆمه‌ڵه به‌یان ده‌کات و دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه به‌دوای چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده‌وه بوون و له ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا مارکسیزم و سۆسیالیزم له ماویزمدا به‌رجه‌سته ده‌بووه‌وه.
سالار ڕەشید: هه‌ر وه‌کوو باس ده‌کرێت، له سه‌ره‌تادا، کاتێک که کۆمه‌ڵه له به‌رواری ١٠/٦/١٩٧٠ پێک دێت، ئه‌وه گرنگ بووه، ڕێکخراوێک بنیات بنرێ، وه‌کوو ئاڵته‌رناتیڤی حیزبی شیوعی (به هه‌ردوو باڵه‌که‌یه‌وه) له عێراق و پارتی (به هه‌ردوو باڵه‌که‌یه‌وه) له کوردستان. ئیتر ئه‌وه زۆر جێگه‌ی بایه‌خ نه‌بووه، بازنه‌ی کار و سنووری هه‌ڵسووڕانی ئه‌و ڕێکخراوه کوێیه. به‌ڵام زۆر نابات. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه وه‌کوو ناکۆکییه‌ک سه‌رهه‌ڵئه‌دات و له مانگی ته‌مووز یان ئابی ساڵی ١٩٧١ ئه‌م ڕێکخراوه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ئه‌بێته دوو که‌رته‌وه. ئه‌م دووکه‌رتبوونه‌ش به جۆرێک ئه‌بێت، ئه‌و چوار که‌سه (شه‌هابی شێخ نووری، فەرەیدوون عەبدلقادر، مه‌حموودی مه‌لا عیزه‌ت، فوئاد شێخ ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی)ی که دامه‌زرێنه‌ری کۆمه‌ڵه بوون، ئه‌بنه دوو به‌شه‌وه: دووانی یه‌که‌میان لایه‌نگری “کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی_ لێنینیی کوردستان/ بیری ماوتسیتۆنگ” ئه‌بن، دووانی دووه‌میشیان لایه‌نگری “کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی_ لێنینیی عێراق/ بیری ماوتسیتۆنگ” ئه‌بن.
لێره‌دا پرسیارێک دێته ئاراوه: ئێوه وه‌ک ده‌سته‌یه‌ک له ئه‌ندام و کادرانی کۆمه‌ڵه له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما له‌و ڕێکخراوه جیا ده‌بنه‌وه، به‌ڵام دیاره بۆ ئه‌وانه‌ی ساڵی یه‌که‌م به‌جۆرێکی تر بووه، چونکه هه‌ر وه‌کوو وتمان له سه‌ره‌تای پێکهێنانی کۆمه‌ڵه‌دا، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌کلا نه‌کرابووه‌وه، هه‌رچی به ئێوه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به جۆرێکی تر بووه، چونکه ئه‌و ده‌مه کۆمه‌ڵه یه‌کلا بوو، که عێراقی نییه! ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه، که ئێوه سه‌ره‌تا کوردستانی (یان ڕاستر: داش عێراق) بوونه و پاشان له پرۆسه‌یه‌کدا ئاڵوگۆڕتان به‌سه‌ردا هاتووه. ئایا ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه بۆ ئێوه درووسته؟ ئه‌گه‌ر وایه ئه‌و پرۆسه‌یه چۆن بووه؟
جه‌بار مسته‌فا:
ده‌بێ ئه‌وه بڵێم، که زانیاری وردم له‌سه‌ر ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه نییه، من له مانگی ٩/١٩٧٢ به‌دواوه له ڕێگای “ئه‌ڵقه ڕۆشنبیرییه‌کانه‌وه” به کۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ست بووم، هه‌رچییه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڵێم، کۆمه‌ڵێک زانیارین، له هاوڕێکانی تره‌وه بیستوومن. به بۆچوونی من ئه‌و کێشه‌یه جیابوونه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکوو واز‌هێنانی کاک فوئاد قه‌ره‌داغی و مه‌حموودی مه‌لا عیزه‌ت و هه‌ندێک که‌سی تر بوون (فازیلی مه‌لا مه‌حموود، فه‌وزی مه‌لا مه‌حموود، ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی، عه‌بدوڵا ده‌باغ و…). فازیل هه‌ر زۆر زوو به قیاده‌ی مەرکەزییەوە په‌یوه‌ست بوو، بۆیه له‌ناو کۆمه‌ڵه‌دا ده‌وترا، فازیل به‌نیاز بووه، کۆمه‌ڵه به‌رێته ناو ئه‌و حیزبه‌وه. ئه‌وانی تر بۆ ماوه‌یه‌ک درێژه‌یان به هه‌ڵسووڕانی سه‌ربه‌خۆی خۆیان دا و پێیان ده‌ووتن، عێراقییه‌کان.
دواتر یان له کاری حیزبی دوورکه‌وتنه‌وه، وه‌ک کاک فوئاد قه‌ره‌داغی و مه‌حموودی مه‌لا عیزه‌ت، یان به حیزبێک له حیزبه‌کان په‌یوه‌ست بوونه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، ئه‌م گرووپه تا ساڵی ١٩٧٤ چالاکییان هه‌بوو، به‌ڵام له هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕی ئه‌و ساڵه به‌دواوه ده‌نگیان نه‌ما. بڕیار وا بوو، کۆمه‌ڵه ببێته ئاڵته‌رناتیڤی هه‌ردوو باڵی حیزبی شیوعی و پارتی له کوردستاندا. هه‌رچی باڵی پارتی شۆڕشگێڕی کوردستانه، دامه‌زرێنه‌ران و لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵه هه‌وڵێکی زۆریان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دا، به‌تایبه‌تی دوای لێخۆشبوونه‌که‌ی مه‌لا مسته‌فا لێیان. ئه‌وه بوو، له دوا کۆنگره‌ی خۆیان له ساڵی ١٩٧٠دا سه‌رباری ناڕه‌زایه‌تییه‌کی زۆری باڵه‌که‌ی عومه‌ر ده‌بابه ئه‌و بڕیاره‌یان دا.
ئه‌و ناکۆکییانه له وه‌ڵام به‌و پرسیاره‌ی، که ئایا کۆمه‌ڵه ده‌بێت ڕێکخراوێك بێت بۆ کوردستانی گه‌وره (له هه‌ر چوار پارچه‌که‌دا)، یان بۆ کوردستانی عێراق، یاخود بۆ عێراق، له درێژه‌ی قسه و باسه‌کاندا مه‌سه‌له‌ی کوردستانی گه‌وره زۆر زوو ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه. به‌ڵام ناکۆکیی نێوان لایه‌نگرانی دوو بۆچوونه‌که‌ی تر به‌رده‌وام ده‌بێت و سه‌رئه‌نجام لایه‌نگرانی کوردستانی عێراق و سه‌رکردایه‌تیی دواتری کۆمه‌ڵه ده‌ڵێن: کۆمه‌ڵه تا ئێستا ڕێکخراوێکی نهێنییه و هێشتا خۆی به جه‌ماوه‌ر نه ناساندووه. مه‌سه‌له‌یه‌کی له‌م جۆره‌ش ده‌بێ جه‌ماوه‌ر خۆی بڕیاری له‌سه‌ر بدات. بۆیه یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌م کێشه‌یه بۆ کاتی ئاشکراکردنی کۆمه‌ڵه هه‌ڵده‌گرین. لایه‌نگرانی عێراقیبوونی حیزب ئه‌م پێشنیاره ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه به‌جێ ده‌هێڵن.
هه‌ر وه‌کوو و‌تم، ئه‌م گرووپه تا ماوه‌یه‌ک درێژه به هه‌ڵسووڕانی خۆیان ده‌ده‌ن و دواتر بڵاوه‌ی لێ ده‌که‌ن. له‌و که‌سایه‌تییانه‌ی ئه‌م گرووپه که ناسیمن، عه‌بدوڵا ده‌باغ، مامۆستای زمانی ئینگلیزی له کۆلێجی ئادابی سلێمانی بوو. که‌سێک بوو، به‌ئاشکرا لەنێو قوتابییاندا ته‌بلیغی بۆ مارکسیزم ده‌کرد و ته‌نات یه‌کێک له کتێبه‌کانی ماکسیم گۆرکی کردبووه بابه‌تی خوێندنی ئه‌ده‌بیی ئه‌و زمانه. له ڕاده‌به‌ده‌ر که‌سێکی ساده بوو و په‌یوه‌ندیی فراوانی به قوتابییانه‌وه هه‌بوو. له‌وه ده‌چوو، که‌م تا زۆر ئاگاداری په‌یوه‌ندیی من به کۆمه‌ڵه‌وه بێت.
یه‌ک_ دوو جار قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردم، هه‌ر دوو جاره‌که باسی کۆمه‌ڵه‌ی کرد و وتی: ئاگاداری خۆت به، ئه‌مانه هه‌ر جه‌لالییه‌کانن و کۆمه‌ڵه‌ش پرۆژه‌ی خودی جه‌لال تاڵه‌بانییه! من ئه‌م قسانه‌ی ئه‌وم له کۆبوونه‌وه‌کاندا باس کرد، وه‌ڵامی لێپرسراوی ئه‌ڵقه‌که‌مان (هیوا غه‌فوور) ئه‌وه بوو، که ئه‌م که‌سه سه‌ربه عێراقییه‌کانه و هه‌وڵ بده زۆر قسه و باسی له‌گه‌ڵدا نه‌که‌یت. که‌سی دووهه‌م فه‌وزی مه‌لا مه‌حموود بوو، که به‌هۆی خزمایه‌تیی نزیک و تێکه‌ڵاویی زۆری له‌گه‌ڵ هیوای ڕێکخه‌رمه‌وه، ئاشنایه‌تیمان بۆ درووست بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر هانی ده‌دام بۆ خوێندنه‌وه‌ی کلاسیکی مارکسیزم و زۆرێک له بۆچوونه‌کانی بە لای هه‌ندێک هاوڕێی کۆمه‌ڵه‌وە به ترۆتسکییانە له‌قه‌ڵه‌م ده‌دران. به هه‌ر حاڵ له ساڵی ١٩٧٧دا باسی له په‌یوه‌ندیی دۆستایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی قیاده‌ی مەرکەزیدا بۆ کردم، که ئه‌و کات بڵاوکراوه‌ی “وحدة القاعدة”یان ده‌رده‌کرد و چه‌ند نووسینێکی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی ئه‌و کاته به‌ده‌سته‌وه بوو. دواتر له ساڵه‌کانی ١٩٧٧ به‌دواوه زانیم که چووه‌ته‌وه ڕیزی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران و تا ساڵه‌کانی ٨٧ به‌دواوه دۆستایه‌تیمان هه‌ر مابوو.
له‌وه به‌دوا به ماڵ و منداڵه‌وه بۆ هه‌نده‌ران ده‌ربازبوون. له ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩٢دا ناویم له یه‌کێک له دۆسییه‌کانی ئاساییشی سلێمانی به‌رچاو که‌وت، که له‌گه‌ڵ شانه‌یه‌کی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵه‌دا هاتبوو. به‌داخه‌وه له‌م ساڵانه‌ی دوایی له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا خوێندمه‌وه که فایلداره و وه‌ک ئه‌ندامێکی ده‌زگای زانیاری سه‌ربه یه‌کێتیی نیشتمانی هاوکاری ده‌زگای موخابه‌راتی ڕژێمی به‌عسی کردووه.
وه‌ک ئاماژه‌م پێ دا، کاتێک که من به کۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ست بووم، ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵه ده‌بێ ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤی پارتی و هه‌ر دوو باڵی حیزبی شیوعیی عێراق بڕابووه‌وه، ئه‌گه‌رچی سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه به‌ڕاشکاوی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان باس نه ده‌کرد. هەر لە سه‌ره‌تای ئاشنابوونم به هیوا غه‌فوور و محه‌مه‌د فه‌تحوڵا، که دواتر له یه‌ک شانه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا ڕێک خراین، مه‌سه‌له‌ی عێراقیبوونی کۆمه‌ڵه بۆ من مه‌سه‌له‌یه‌کی جیدی بوو.
بۆچوونی من ئه‌و کاته ئه‌وه بوو، که پێکهێنانی ڕێکخراوێکی مارکسیستی له‌سه‌ر بناغه‌ی قه‌ومی شتێکی نادرووست و دژ به فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆجیای مارکسیزمه و له‌ڕاستیدا بۆچوونێکی قه‌ومییه. لە لایه‌کی تره‌وه ئه‌گه‌ر پێکهێنانی ڕێکخراوێکی مارکسیستی له سه‌رانسه‌ری عێراقدا درووست بێت، ئێمه بۆ نه‌چینه ناو قیاده‌ی مەرکەزییەوە، ناکۆکییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا چین؟ دیاره باڵی لوجنه مەرکەزیمان به ته‌حریفی ده‌زانی، که له بناغه‌وه له مارکسیزم لایانداوه. له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته زۆر دواین و ماوه‌ی چه‌ند مانگێک من له‌گه‌ڵ هیوا و محه‌مەد‌دا مشتومڕم له‌سه‌ر کرد. هه‌ستم ده‌کرد، هیوا ئه‌و بابه‌تانه له‌گه‌ڵ که‌سی تردا، له سه‌روو پله‌ی ڕێکخراوی خۆیدا باس ده‌کات و زۆر جار ده‌هاته‌وه، شتی تازه‌ی ده‌هێنایه ناو باسه‌کانه‌وه.
سه‌باره‌ت به قیاده‌ی مەرکەزی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێک که‌وتین، یان وردتر بڵێـم، چووینه سه‌ر بۆچوونی هیوا که ده‌یووت: ئه‌م ڕێکخراوه زیاتر گیڤاریستین، تا ئێستاش له‌ناو خه‌ڵکی کوردستاندا خۆشه‌ویست نین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی لەگەڵ له‌باڵی لوجنه مەرکەزیدا زۆر لێکیان ناکاته‌وه و… هتد. هه‌رچی خاڵی یه‌که‌میشه کۆمه‌ڵه له سه‌ره‌تای درووستبوونیدایه و تا ئێستا زۆر به‌نهێنی له چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکدا کار ده‌کات، ئێمه با یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ کاتێک هه‌ڵبگرین، که کۆمه‌ڵه خۆی به خه‌ڵکی کوردستان دەناسێنێت.
با ئه‌و کاته جه‌ماوه‌ر خۆی بڕیار بدات، که چ جۆره ڕێکخراوێک پێک ده‌هێنێت. هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌مه بڕاینه‌وه. که‌چی دوای تێپه‌ڕاندنی نزیک به ساڵێک له ئه‌ڵقه ڕۆشنبیرییه‌کاندا واته، ئه‌و کاته‌ی به‌فه‌رمی له کۆمه‌ڵه‌دا سازمان درام، بۆ یه‌که‌مجار ده‌ستووری کۆمه‌ڵه‌مان له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا خوێنده‌وه، زانیم، که هه‌م ده‌ستووره‌که (ده‌ستووری کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی_ لێنینی ماوتسیتۆنگ/ کوردستانی عێراق) بۆ کوردستانی عێراقه، هه‌م کوردستانی عێراق و ئه‌و کوردانه‌ی عێراق که له شاره‌کانی ناوه‌ڕاست و باشوور نیشته‌جێن پانتایی جوگرافی و ئینسانیی هه‌ڵسووڕانی کۆمه‌ڵه‌یه. به‌کورتی ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای درووستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا هه‌ندێک ناڕۆشنی یان تێکه‌ڵاوییه‌ک سه‌باره‌ت به کوردستانیبوونی کۆمه‌ڵه هه‌بووبێت، ئه‌وه له‌دوای وازهێنانه‌کانی ١٩٧١وه کۆمه‌ڵه، یان لانیکه‌م سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی، به‌ته‌واوی له‌سه‌ر کوردستانیبوونی ساخ ببوونه‌وه و ئه‌وه‌ی که ئه‌م مه‌سه‌له‌یه دواتر بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت، زیاتر بۆ بێده‌نگکردنی ئه‌و ئه‌ندام و کادرانه بوو، که ئه‌م بابه‌ته‌یان باس ده‌کرد.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م بابه‌ته تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه هه‌ر مایه‌وه و هه‌ر ماوه‌ماوه به جۆرێک سه‌ری هه‌ڵده‌دا و ڕۆژ به‌ڕۆژ سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه توندتر به‌ره‌و ڕووی لایه‌نگرانی ئه‌م بۆچوونه ده‌بووه‌وه. تا وای لێهات له سه‌رده‌می مەترەحبوونی کۆمه‌ڵه و خه‌باتی شاخدا، له ساڵی ١٩٧٦ به‌دواوه به ده‌یان شێوه لایه‌نگرانی ئه‌م بۆچوونه ئازار ده‌دران، تۆمه‌تیان بۆ هه‌ڵده‌به‌سترا، ده‌گیران و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی تێرۆرکردنیشیان ده‌درا. ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه به‌سه‌ر مه‌لا به‌ختیار و ئاڵای شۆڕ‌شیان هێنا، له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زۆر دیار و مه‌علوومه.
ئه‌وه‌نده‌ی به جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ی ئێمە ده‌گه‌ڕێته‌وه، وا نییه، که له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی عێراقیبوون و کوردستانیبوونی کۆمه‌ڵه وازمان هێنابێ، دیاره مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، که ئێمه عێراقی نه‌بووین. من ته‌نها ئه‌وه ده‌ڵێم، که ئه‌م مه‌سه‌له‌یه با‌به‌تێکی سه‌ره‌کی، یان ته‌نانه‌ت بابه‌تی ئه‌و باس و جیاوازییانه‌ی ئێمه و سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه نه‌بوو. ئێمه دواتر له‌درێژه‌ی باس و لێکۆڵینه‌وه‌کانی خۆماندا به‌و ئه‌نجامه گه‌ییشتین. ئه‌مه له لایه‌ک، له لایه‌کی تره‌وه هه‌ر ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌و کاته (هاوینی ١٩٧٥) به‌ته‌نها ئێمه نه‌بووین، که له‌گه‌ڵ خه‌تی فه‌رمی کۆمه‌ڵه‌دا که‌وتینه ناکۆکییه‌وه، بەڵکوو هاوکات له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا گرووپێکی تر جیابووه‌وه، زۆر ناسیۆنالیستتر له کۆمه‌ڵه، که پاش چه‌ند مانگێک سازمانی “ڕێکخراوی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان”یان پێک هێنا (ئیبراهیم خه‌لیل و ئیبراهیم حه‌سه‌ن و…) و هه‌ر زۆر به‌په‌له مه‌فره‌زه‌یه‌کی چه‌کداریان پێک هێنا و زۆر زوو له شه‌ڕێکدا دژ به هێزه‌کانی به‌عس هه‌موو چه‌کداره‌کانیان تێداچوون.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه ڕوونی بکه‌مه‌وه ئه‌وه‌یه، له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک مه‌سه‌له‌ی سیاسیی ئه‌و سه‌رده‌مه و کۆمه‌ڵێک هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵه، ناکۆکی که‌وته ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه. عێراقیبوون و کوردستانیبوونی کۆمه‌ڵه یه‌کێك له‌و بابه‌تانه نه‌بوو، به‌ڵکوو هه‌ندێک بابه‌تی دیکە بوون، که باسیا‌ن ده‌که‌م. ئه‌و ئه‌ندام و کادرانه‌ی که له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه که‌وتنه ناکۆکییه‌وه، نه له ڕه‌خنه‌کانیاندا له سه‌رکردایه‌تی و خه‌تی باوی کۆمه‌ڵه، نه له ئه‌نجامگیرییه‌ک، که له کۆتایی ئه‌و ده‌ورانه‌دا به‌ده‌ستیان هێنا، یه‌کخه‌ت و هاوبه‌ش نه‌بوون، به‌ڵکوو جۆرێک له تێکه‌ڵاویی فکری و سیاسی هاتبووه ئاراوه، که ماوه‌ی چه‌ند مانگێکی پێویست بوو، تا ڕه‌وه‌ندی باسه‌کان ڕۆشن ببنه‌وه و مه‌علووم بن، هه‌ر گرووپه چی ده‌وێت و چی ده‌کات. ئه‌نجامی ئه‌و كێشمه‌کێشانه به واز‌هێنانی کۆمه‌ڵێك کادر و هه‌ڵسووڕاوی مامناوه‌ندی واته، له‌خوار سه‌رکردایه‌تییه‌وه کۆتایی هات و دواتر بوونه دوو گرووپی زۆر جیاواز له‌یه‌کتر له ڕووی سیاسییه‌وه. جیاوازییه‌کی تری ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ساڵی ١٩٧١دا ئه‌وه بوو، که گرووپی یه‌که‌م درێژه‌یان به هه‌ڵسووڕانیان نه‌دا، به‌ڵکوو هه‌ر وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌م پێی دا، پاش چه‌ند ساڵێک له هه‌ڵسووڕانی فکری واته، خوێندنه‌وه، گفتوگۆ، نووسین و په‌یوه‌ندیکردن به که‌سی تازه‌وه له ئاستێکی زۆر ته‌سکدا، بڵاوه‌یان لێ کرد.
له کاتێکدا جیابوونه‌وه‌ی دووهه‌م به هه‌ر دوو گرووپه‌که‌وه که‌وتنه هه‌ڵسووڕانی به‌رده‌وام و یه‌کێکیان له ئه‌نجامی هه‌ڵسووڕانیاندا و له‌و باره سه‌خت و دژواره‌دا که ڕژێمی به‌عس سه‌پاندبووی له‌ناو چوو. ئه‌وی تریان مایه‌وه و ئاڵوگۆڕی زۆری به‌سه‌ردا هات و له‌ڕاستیدا بووه هێزیکی سه‌ره‌کیی چه‌پی کوردستان (کارگه‌ران، ڕه‌وتی کۆمۆنیست، بڵێسه، کرێکارانی کۆمۆنیست و… هتد) و دواتر هه‌ڵسووڕاوانی ڕۆڵی دیاریان له دامه‌زراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا هه‌بوو.
هه‌ر وه‌کوو ئاماژه‌م پێی دا، جیاوازییه‌کانی ئه‌و گرووپه‌ی ئێمه تاوه‌کوو جیابوونه‌وه‌شمان له کۆمه‌ڵه مه‌سه‌له‌ی عێراقیبوون یان کوردستانیبوونی کۆمه‌ڵه نه‌بوو. سه‌ره‌تای ئه‌و جیاوازییانه له‌ڕاستیدا بۆ ساڵی ١٩٧٤ ده‌گه‌ڕێته‌وه، کاتێک که په‌یوه‌ندیی ڕژێمی به‌عس و سه‌رکردایه‌تیی پارتی ڕۆژبه‌ڕۆژ به‌ره‌و ئاڵۆزبوون ده‌چوو و به‌ته‌واوی مه‌علووم بوو، که پارتی خۆی بۆ شه‌ڕ ئاماده ده‌کات. سه‌ره‌تای مانگی مارتی ١٩٧٤ سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه ڕاگه‌یاندنێکی ناوخۆیی بڵاو کرده‌وه، که باس له‌وه ده‌کات، شه‌ڕهه‌ڵگیرسانه‌وه مسۆگه‌ره و ئه‌م جه‌نگه جه‌نگی عادیلانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان دژ به ڕژێمی فاشیستی به‌عسه، به‌ڵام به سه‌رکردایه‌تییه‌کی کۆنه‌په‌رست. ئه‌رکی کۆمه‌ڵه له‌م جه‌نگه‌دا بریتییه له به‌شداریکردن، به‌ڵام بۆ گۆڕینی سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی به سه‌رکردایه‌تییه‌کی مارکسیست، که ئامانجه‌کانی میلله‌تی کورد له دیاریکردنی چاره‌نووسیدا به‌ده‌ست بهێنێ. من یه‌کێک له‌و ئه‌ندامانه‌ی کۆمه‌ڵه بووم، کە به کۆمه‌ڵێک ڕێنمایییه‌وه، پێم ڕاگه‌یه‌ندرا، له‌گه‌ڵ قوتابییانی زانکۆی سلێمانی بچمه ده‌ره‌وه و له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی تردا درێژه به کاره‌کانی خۆمان بده‌ین. شه‌وی ١٠ له‌سه‌ر ١١ی مارت به ڕێنمایی پارتی به‌شێکی زۆری خه‌ڵک شاری سلێمانی و شاره‌کانی تریان چۆڵ کرد. چه‌ند تیـمێکی کۆمه‌ڵه له سلێمانی کۆمه‌ڵێک درووشمیان له‌سه‌ر دیواری چه‌ند گه‌ڕه‌کێکی شار به‌بێ ناو نووسی. سه‌ره‌کیترین درووشمیان ئه‌وه بوو، که ده‌ڵێت: “مارکسیزم ئاڵامانه، حه‌مرین سنوورمانه”.
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا ڕوویان کرده ده‌ره‌وه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، پاش ئه‌وه‌ی له بۆردوومانی شاری قه‌ڵادزێدا ٣ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه و قوتابییانی کۆلێژی ئادابی سلێمانی (محه‌مه‌د هیوا غه‌فوور، هاوڕێی نزیک و یه‌که‌مین ڕێکخه‌رم له کۆمه‌ڵه‌دا، حه‌مه ساڵح سامسام و بورهان عه‌بدوڵا شاسوار) له‌گه‌ڵ ٢٠٥ کەسی تردا گیانیان له‌ده‌ست دا، سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه ئاگاداری کردینه‌وه، که له وه‌رگرتنی کار و ئه‌رکی مه‌ترسیدار خۆمان بپارێزین و به‌تایبه‌تی هه‌وڵ بده‌ین نه‌چینه ڕیزی پێشمه‌رگه‌وه.
له هاوینی هه‌مان ساڵدا ڕاگه‌یاندنێکی ترمان (له‌وه ده‌چوو، له سه‌رکردایه‌تیی هه‌رێمی سلێمانییه‌وه بێت) ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆکی بزووتنه‌وه‌که و هه‌لوێستی کۆمه‌ڵه بۆ هات، که تیایدا هاتبوو: ئه‌م جه‌نگه لە لایەن هه‌ردوو لاوه ناڕه‌وایه، چونکه سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی کۆنه‌په‌رسته و سه‌رتاپا‌ی بزووتنه‌وه‌که‌ی به سیاسه‌تی ئێران، ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکاوه به‌ستۆته‌وه و به‌ته‌واوی ڕێگای بۆ خۆش کردوون، که ده‌ست له کاروباری وه‌ر بده‌ن و… هتد. پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌و به‌یانه سه‌حب کرایه‌وه و پێمان ڕاگه‌یه‌ندرا، که هه‌ڵوێستی ڕه‌سمیی کۆمه‌ڵه هه‌ر ئه‌وه‌یه، که له ڕاگه‌یاندنی سه‌ره‌تای مارتی ١٩٧٤دا هاتووه. ئێمه تێگه‌ییشتین، که جیاوازی، یان ناکۆکی له نێوان سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه و ڕابه‌ریی هه‌رێمی سلێمانیدا هه‌یه.
پاش نزیکه‌ی یه‌ک ساڵ، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌بێته، یه‌کێک له خاڵه‌کانی ناکۆکیی ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه. له سه‌روبه‌ندی ئاشبه‌تاڵدا دلێر تاهیر ئه‌ندامی کۆمیته‌ی سلێمانی و برازای عومه‌ر ده‌بابه که ئه‌و کات له دارایی له چۆمان فه‌رمانبه‌رێکی به‌رز بوو، له‌گه‌ڵ مه‌فرزه‌یه‌کی کۆمه‌ڵه که بریتی بوون له هاوڕێیان: دڵشاد عه‌بدوڵا، ئه‌نوه‌ر شاکه‌لی شاعیر و چه‌ند هاوڕێیه‌کی تر که به‌داخه‌وه ناویانم نایه‌ته‌وه بیر، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ ناوچه‌ی ماوه‌ت هاتن و بڕیاری سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه‌یان پێ ڕاگه‌یاندین، که بریتی بوو، له به‌رگری.
ئێمه ئه‌و کاته که‌وتینه خۆمان و چه‌ند هاوڕێیه‌کی کۆمه‌ڵه که ئه‌و کاته له‌و ناوچه‌یه بووین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێک کاری کۆمه‌ڵایه‌تیمان کردبوو، تا ڕاده‌یه‌ک ناسراو بووین و متمانه‌ی به‌شێک له خه‌ڵکی ناوچه‌که‌مان به‌ده‌ست هێنابوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ی که دلێر وته‌نی خزمه‌کانی خاڵه شه‌هاب له ده‌وروبه‌ری دێی بارێی گه‌وره‌ن، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌یه‌کی باشه بۆ ده‌ستپێکردن. به‌گوێره‌ی قسه‌کانی دلێر ده‌بووایه ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه له ڕێگای ئێرانه‌وه بۆ پێنجوێن بچن و له‌وێشه‌وه بۆ ناوچه‌ی ماوه‌ت بێن. له چاوه‌ڕوانیی گه‌ییشتنی سه‌رکردایه‌تیدا ڕۆژێک له‌ناکاو سه‌ڵاح حوسێن گه‌ییشته لامان و وتی، ده‌بێ خۆتان ته‌سلیم بکه‌نه‌وه، سه‌رکردایه‌تی هه‌موویان ڕۆیشتوونه‌تەوه و چه‌ند ڕۆژێکه له شارن! ئه‌م هه‌واڵه بۆ ئێمه شۆکێکی گه‌وره بوو، کە دواتر دەبێتە خاڵی دووهه‌می ناکۆکییه‌کانمان.
پاش گه‌ڕانه‌وه‌مان به تووڕه‌یی و په‌ستی له سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه، سه‌ڵاح حوسێن، که‌مال عه‌لی و من له شانه‌یه‌کی سه‌ره‌کیدا سازمان دراین، که به‌شێک بوو له ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی کۆمه‌ڵه که چوونه‌ته ده‌ره‌وه. هه‌ر له‌و کاته‌دا هه‌واڵێک به نا فه‌رمی له ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا بڵاو بووه‌وه، که گوایه سه‌رکردایه‌تی وا بار و دۆخی کوردستانی دوای ئاشبه‌تاڵ و ئه‌و بۆشایییه سیاسییه‌ی هاتۆته ئاراوه شی ده‌کاته‌وه، گوایه: ئه‌گه‌ری بوونی کۆمه‌ڵه به ئاڵته‌رناتیڤی پارتی له کوردستاندا زۆره و ڕه‌نگه ڕژێمی به‌عس مفاوه‌زاتمان له‌گه‌ڵدا بکات! شانبه‌شانی ئه‌مه‌ش باسی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له سه‌ره‌وه‌ی ڕێکخستنه‌وه بۆ ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه دابه‌زی و قسه‌یان له ڕازیبوون به جۆرێک له خودموختاریی فراوان ده‌کرد.
ئه‌م بابه‌ته بار و دۆخه‌که‌ی ته‌قانده‌وه و کار وای لێ هات، که کۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌مان مشت‌ومڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رکردایه‌تی و له ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا درێژه‌ی کێشا بۆ باسکردنی ئه‌و دوو خاڵه‌ی تریش که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێی دابوو.
کار به‌وه گه‌ییشت، له شانه‌که‌ی خۆماندا که هاوڕێ حه‌مه سه‌عیدی فه‌قێ عه‌لیی شاور لێپرسراوی بوو، ته‌نات کۆکردنه‌وه‌ی ئابوونه‌ش ده‌بووه جێگای مشت‌ومڕ و سنووری ڕێکخستن به‌های نه‌ما و له هه‌موو لایه‌که‌وه ده‌ست به قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌ی که له‌و مه‌سه‌لانه‌دا به خاوه‌ن بۆچوون ده‌ناسران، کرا. له‌و ڕۆژانه‌دا بوو، به سه‌ڵاح حوسێن و منیان ڕاگه‌یاند، که له ناوچه‌ی سلێمانییه‌وه که‌سێک بۆ لێکۆڵێنه‌وه له بار و دۆخێک که هه‌ردووکتان له شانه‌که‌ی خۆتاندا پێکتان هێناوه، دێت بۆ لاتان. پاشان هاوڕێ محه‌مه‌د فه‌تحوڵا قوتابیی ئه‌ندازیاری له زانکۆی سلێمانی و ئه‌ندامی ناوچه هات و دانیشتنه‌که‌مان یه‌ک شه‌وی ته‌واوی خایاند.
سه‌رله‌به‌یانی زوو له کۆتایی دانیشتنه‌که‌دا ڕایگه‌یاند، که ئه‌ویش به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی ئێمه‌دایه و دێته پاڵ ئێمه. به هه‌ر حاڵ ئه‌م مه‌سه‌لانه لە لایەن سه‌رکردایه‌تیی “کۆمه‌ڵه”وه نه‌ک هه‌ر وه‌ڵام نه‌درانه‌وه، به‌ڵکوو ڕۆژبه‌ڕۆژ جیاوازییه‌کان قووڵتر ده‌بوونه‌وه، تا کار به‌وه گه‌ییشت، دلێر تاهیر، سه‌ڵاح حوسێن، محه‌مه‌د فه‌تحوڵا بڕیاری ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌یان دا و منیش و‌تم، ئه‌گه ڕێگام پێ بدرێت، بۆچوونه‌کانی خۆم ئازادانه له‌ناو ڕێکخستندا باس بکه‌م، ئه‌وا ده‌مێنمه‌وه. له ڕێگای ڕێکخه‌ره‌که‌مه‌وه ئه‌م داخوازییه‌م به‌رز کرده‌وه. وه‌ڵامی ئاسۆی شێخ نووری که ئه‌و کات ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ئه‌ستیره‌ی سوور واته، سه‌رکردایه‌تی و لێپرسراوی سلێمانی بوو، ئه‌وه بوو، که جه‌بار مسته‌فا ده‌یه‌وێت له ڕیزه‌کانی ڕێکخستندا ئاشووب بنێته‌وه.
ئیتر زانیم، که جگه له ده‌ستکێشانه‌وه چارێکی ترم نییه. هه‌تا ئێره‌ش مه‌سه‌له‌ی عێراقی و کوردستانی لەئارادا نه‌بوو. مه‌سه‌له سه‌ره‌کییه‌کان ئه‌وانه بوون، که باسم کردن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که لەدرێژه‌ی مشتومڕه‌کاندا مه‌سه‌له‌ی سه‌یرکردنی خودی کۆمه‌ڵه بۆ مارکسیزم_ لێنینزم و بیروباوه‌ڕی ما‌و درایه به‌ر باس و ئێمه به‌وه گه‌ییشتین، که بیروباوه‌ڕی ما‌و به‌شێکه له مارکسیزم_ لێنینزم و له درێژه‌ی ئه‌واندایه، به‌ڵام له‌ناو کۆمه‌ڵه‌دا بووه به هه‌موو شتێک و بووه به ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌وان. ئێمه تا ئێستا نه مارکسیزم دیراسه ده‌که‌ین، نه لێنینزم، هه‌رچییه‌کمان هه‌یه، هه‌ر ماویزمه. ئه‌مه کارێكی نادرووسته و ده‌بێ بۆ مارکسیزم بگه‌ڕێینه‌وه، چونکه ئه‌وه سه‌رچاوه‌ی خودی ماویزمیشه.
دلێر تاهیر که ئه‌و کات له‌باری تیۆرییه‌وه که‌سێکی زۆر به‌توانا بوو، کۆرسێکی دیراسه‌کردنی ئاماده کرد، له هیگڵ و فۆیه‌رباخه‌وه ده‌ستپێ ده‌کات. مه‌به‌ستم، له فه‌لسه‌فه‌وه تا ده‌گات به ئابووری و سیاسه‌ت، به‌ڵام وابزانم سه‌رمایه‌ی تێدا نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوایه، زۆر قورسه. به‌هه‌ر حاڵ هه‌رگیز ئه‌و کۆرسه‌مان بۆ ته‌واو نه‌کرا، به‌ڵام خاڵی پۆزه‌تیڤی ئه‌وه‌بوو، که سه‌رنجی به‌لای سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی کلاسیکی مارکسیزمدا ڕاکێشاین و که‌م تا زۆر هه‌ر یه‌که‌مان له شوێنی خۆیه‌وه ده‌ستمان دایه دیراسه‌کردنیان.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا و له‌ناو خۆماندا مه‌سه‌له‌ی کوردستانی و عێراقیبوون به جۆرێکی تر هاتنه پێشه‌وه و گه‌ییشتینه ئه‌وه‌ی که سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه به جۆرێک ئه‌م پرسه دێنێته ئاراوه، که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ڵامه‌که‌ی به قازانجی لایه‌کدا بشکێته‌وه، که خۆیان مه‌به‌ستیانه. ئه‌وان پرسیاره‌که وا ده‌که‌ن: ئایا میلله‌تی کورد، که مافی دیاریکردنی چاره‌نووس به مافی جیابوونه‌وه‌شه‌وه مافێکی ڕه‌وای خۆیه‌تی، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، که ڕێکخراو یان حیزبی مارکسیستی خۆی هه‌بێت، یان نا؟ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسیاره‌دا ئێمه وتمان: ئه‌مه وانییه، پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه: ئێستا، که عێراق له ڕووی ئابوورییه‌وه وڵاتێکی نیمچه ده‌ربه‌گیی نیمچه داگیرکراوه و کوردستانیش له ڕووی ئابووری و سیاسی و یاسایییه‌وه به‌شێکه لێی.
مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌تییه‌کانی شۆڕش له ڕوانگه‌ی مارکسیسته‌کانه‌وه بریتین له: ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و دامه‌زراندنی ڕژێمێکی دیموکراسی نوێ و چاره‌سه‌رکردنی ته‌واوه‌تیی مه‌سه‌له‌ی زه‌وی و چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردستان به دیاریکردنی مافی چاره‌نووسیشه‌وه، ئایا جێبه‌جێکردنی ئه‌م ئه‌رکانه حیزبێکی مارکسیستی کوردستانی ده‌خوازێ، یان حیزبێکی عێراقی؟ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که یه‌کپارچه‌یی چینی کرێکار له چوارچێوه‌ی یه‌ک یه‌که‌ی ئابووریی سیاسیی قانوونی‌دا مه‌سه‌له‌یه‌کی پایه‌یی مارکسیزمه و قابیلی گۆڕین نییه. هه‌ر زۆر زوو له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ساخ بووینه‌وه. له‌ولاشه‌وه سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه ڕاگه‌یاندنێکی ناوخۆیی بڵاو کرده‌وه، که باس له ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی ١٣ ئه‌ندام ده‌کات و ده‌ڵێت، ئه‌مانه به‌شێکیان هه‌لپه‌رستی ڕاستڕه‌ون (ئیبراهیم خه‌لیل و ئه‌وان) و به‌شێکی تریان هه‌لپه‌رستی چه‌پڕه‌ون (که مه‌به‌ستی ئێمه بوو).
وه زۆر به‌خێرایی لە لایەن سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه‌وە به عێراقییه‌کان ناسراین و هه‌ڵسووڕاوان و لایه‌نگرانمان یه‌کبه‌یه‌ک له لایه‌ن لێپرسراوانی کۆمه‌ڵه‌وه بۆ ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه ده‌ستنیشان ده‌کران. هه‌ر بۆ نموونه، خۆم له زانکۆ زیاتر له که‌سێک و دووان، که به‌ڕێکه‌وت و به‌بێ ناسینی له‌وه‌وپێش هاتوونه‌ته لام و به‌بێ پێشه‌کی وتوویانه: کاک جه‌بار! من کوردستانیم له عێراقی پێ باشتره. ئه‌م کاره ناڕه‌وایه به‌رامبه‌رمان، ئه‌گه‌رچی له‌و کاته‌دا له ڕووی ئه‌منییه‌وه زۆر مه‌ترسیدار بوو، به‌ڵام لە لایه‌کی تره‌وه زۆر خزمه‌تی به ناساندنمان کرد و ڕێگای بۆ گفتوگۆ و پێکهێنانی په‌یوه‌ندیی سیاسی و فکریی له‌گه‌ڵ چه‌ندین که‌سدا خۆش کرد، که دواتر بوونه هاوڕێ و هه‌ڵسووڕاوی گرووپه‌که‌مان.
سالار ڕەشید: ئه‌و ساڵانه‌ی تۆ له‌نێو کۆمه‌ڵه‌دا بووی، قسه و باسه‌کانی نێو کۆمه‌ڵه چی بوون و ناکۆکییه‌کان له‌ده‌وری چی ته‌وه‌ره‌یان به‌ستبوو؟ ئه‌وه‌نده‌ی تۆ ئاگادار بیت، ئایا تێڕوانینێکی له‌و جۆره هه‌بوو، که کۆمه‌ڵەش وه‌کوو حیزبی شیوعیی عێراقی له‌گه‌ڵ حیزبی به‌عسدا به‌شداری به‌ره‌ی نیشتمانی بێت؟
جه‌بار مسته‌فا:
سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندیی هه‌ر که‌سێک به کۆمه‌ڵه‌وه، له ئه‌ڵقه ڕۆشنبیرییه‌کانه‌وه دەستی پێ ده‌کرد. دیاره ئه‌و که‌سه‌ی، که تازه په‌یوه‌ندی پێوه ده‌کرا، به‌م ناوه ئاشنا نه‌بوو و نه‌یده‌زانی، که ئه‌مه ئه‌ڵقه‌یه‌کی ڕۆشنبیرییه. ئه‌م ناوه ته‌نها ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه یان ئه‌وانه‌ی که زۆر له ڕێکخستن نزیک بوون، ده‌یانزانی. ئه‌ندامان و هه‌ڵسووڕاوان سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندییان به که‌سانێکه‌وه ده‌کرد، که مارکسیزمیان قبووڵ بێت، یان لانیکه‌م بۆ بڕواهێنان پێی ئاماده بن، به‌ڵام هه‌ندێک ناڕۆشنییان له‌سه‌ری هه‌بێت. ده‌بووایه به‌ته‌واوی لای کۆمه‌ڵه ناسراو بووایه و هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌کی به پاراستن و ڕژێمی به‌عس یان هیج ڕێکخراوێکی سیاسیی دیکەوە نه‌بووایه.
سه‌ره‌تای کار له‌گه‌ڵیدا به‌وه دەستی پێ ده‌کرد، که مارکسیزم پێویسته به کۆمه‌ڵ دیراسه بکرێت و هه‌ر زۆر زوو لێپرسراوی ئه‌ڵقه‌که لیستێک له کتێبی ده‌هێنا و پێشنیار‌ی ده‌کرد، که به‌یه‌که‌وه بخوێندرێنه‌وه. هه‌موو ئه‌ڵقه‌یه‌ک به‌زۆری له ٣ که‌س پێک هاتبوو. لیستی کتێبه‌کان که هه‌مووی عه‌ره‌بی بوون، له “المادیة االدیالکتیکیة” و “المادیة التاریخیة”یه‌که‌ی “یاخود دۆبۆستنیک”ه‌وه دەستی پێ ده‌کرد، تا کتێبه‌که‌ی “ل. سیگال” له‌سه‌ر قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵ و نامیلکه‌کانی ما‌و له‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی چینایه‌تیی کۆمه‌ڵگای چین و کتێبه‌که‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی “کردستان والحرکة القومیة الکردیة” به تایبه‌تی دوابه‌شی که باس له پێویستیی پێکهێنانی حیزبی پێشڕه‌و ده‌کات و تا به کتێبێکی مونیر شه‌فیق که باس له حیزبی مارکسیست_ لێنینستی پێشڕه‌و ده‌کات، ده‌گه‌ییشت.
هه‌ر که‌سێک ئه‌م کۆرسه‌ی ته‌واو بکردایه، لێپرسراوی ئه‌ڵقه‌که، که ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه بوو، گوزارشی له‌سه‌ر ده‌دا. ئه‌گه‌ر چالاک بووایه له‌باری خوێندنه‌وه و په‌یوه‌ندیکردن به که‌سی تازه‌وه و… هتد.، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که زۆر جار به که‌سێکی تازه ده‌ناسێنرا، پێیان ڕاده‌گه‌یاند، که تۆ له ئێستاوه ئه‌ندامی “کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی_ لێنینیی گۆشکراو به بیروباوه‌ڕی ماوتسیتۆنگی کوردستان”یت. ده‌ستووری کۆمه‌ڵه‌ی بۆ ده‌خوێندرایه‌وه، ئه‌گه‌ر ڕازی بووایه، ئەوا بڕی ئابوونه‌ی مانگانه‌ی بۆ دیاری ده‌کرا و ده‌چووه شانه‌ی ئه‌ندامانه‌وه. ئینجا ئه‌و به‌گوێره‌ی چالاکیی خۆی، ده‌بووه لێپرسراوی ئه‌ڵقه‌یه‌ک، یان چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌کی ڕۆشنبیری، یان لانیکه‌م چه‌ند که‌سێک، که ئاماده‌ی ده‌کردن بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌ڵقه‌دا ڕێکیان بخات.
له شانه‌کانی ڕێکخستندا به‌رنامه‌یه‌کی دیراسه‌ی فراوانتر و موشەخه‌ستر به‌ڕێوه ده‌چوو. کتێبه‌کانی ستالین، ماوتسیتۆنگ، مونیر شه‌فیق ده‌خوێندرانه‌وه. دیاره هه‌ر وه‌کوو و‌تم، هه‌مووی به زمانی عه‌ره‌بی بوون. جگه له‌مانه، گۆڤاری ناوخۆیی کۆمه‌ڵه (ئاڵای سوور) ده‌خوێنرایه‌وه و قسه و باسی له‌سه‌ر ده‌کرا. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، له ماوه‌ی ٣ ساڵدا دوو ژماره‌ی لێ ده‌رچوو. بابه‌ته‌کانی سیاسیی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون. له یه‌کێک له ژماره‌کانیدا شیکردنه‌وه‌یه‌کی چینایه‌تی بۆ شاری ڕانییه کرابوو، به هه‌مان شێوه‌ی ما‌و، که کۆمه‌ڵگای چین شی ده‌کاته‌وه، سه‌رنجی هه‌موومانی زۆر ڕاکێشا.
له وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژه‌م به‌و ناکۆکییانه دا، که دوای ئاشبه‌تاڵ هاتنه کایه‌وه و بووه مایه‌ی جیابوونه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ک له هاوینی ساڵی ١٩٧٥. جگه له‌مه و ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم، تا ساڵی ١٩٧٥ ناکۆکییه‌کی ئه‌و‌تۆ له‌ناو کۆمه‌ڵه‌دا نه‌بووه، به‌ڵام له‌سه‌ر کاری ڕۆژانه که زیاتر بریتی بوون، له ڕاکێشانی که‌سانی تازه بۆ ناو ئه‌ڵقه ڕۆشنبیرییه‌کان، یاخود له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کارکردن له‌ناو یه‌کێتیی قوتابییانی کوردستان، که بۆ هه‌ڵسووڕانی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه مه‌یدانێکی سه‌ره‌کی بوو، هه‌ندێک جار جیاوازی ده‌هاته ئاراوه. ئه‌م جیاوازییانه نه ده‌گه‌ییشتنه ڕاده‌ی ناکۆکی و ئه‌گه‌ر تا ڕاده‌یه‌ک به‌رده‌وام بووایه، بۆچوون و بڕیاری سه‌ره‌وه ده‌یبڕانده‌وه.
سه‌باره‌ت به دوابه‌شی پرسیاره‌که هه‌ر وه‌کوو له پرسیاری پێشوودا باسم کرد، تا ساڵی ١٩٧٥ واته، ساڵی ئاشبه‌تاڵ، باسێکی له‌و جۆره له‌ناو کۆمه‌ڵه‌دا نه‌بوو. به‌ڵام دوای ئاشبه‌تاڵ باسێکی له‌و جۆره هاته ئاراوه، ئه‌و باسه‌ش به‌شداریکردنی کۆمه‌ڵه له “به‌ره‌ی نیشتمانی…” به‌عسدا نه بوو، به‌ڵکوو باسکردن بوو، له ڕازیبوون به ئۆتۆنۆمییه‌کی فراوانتر له‌وه‌ی به‌عس که له ساڵی ١٩٧٤دا ڕایگه‌یاند. ئه‌م بابه‌ته‌ش، وه‌کوو و‌تم، له‌و بۆچوونه‌ی سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه‌وه هاتبوو، که گوایه، دوای ئاشبه‌تاڵ بۆشایییه‌کی سیاسی له کوردستاندا هاتۆته کایه‌وه، ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ندیکردنی ڕژێمی به‌عس به کۆمه‌ڵه‌وه له ئارادایه. ئه‌م بۆچوونه ئه‌گه‌رچی به‌فه‌رمی له‌ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا باس نه‌کرا، به‌ڵام پێده‌چێت، له‌ناو سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه‌دا هه‌بووبێت، چونکه دوای چه‌ند ساڵێک واته، ١٩٧٨ له به‌ندیخانه‌ی ئه‌بوغرێب یه‌کێک له ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تیی کۆنی کۆمه‌ڵه که له‌گه‌ڵ ٧ که‌سه‌که‌ی له دووهه‌م شاڵاوی گرتندا بۆ ئێران ڕۆێشتن و گیران و ڕاده‌ستی ڕژێمی به‌عس کرانه‌وه، به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ گێڕامه‌وه و وتی: ڕژێمی ئێران له سنووری پێنجوێنه‌وه ڕه‌وانه‌ی عێراقی کردینه‌وه. ته‌نها ٢ پۆلیسیان له‌گه‌ڵدا ناردین و له کاتێکدا ئێمه ٧ که‌س بووین. ئه‌و دوو پۆلیسه‌ش زۆر به‌خاوی و به‌بێ خه‌م له‌گه‌ڵماندا ده‌ڕۆیشتن.
هه‌ندێکمان وتمان، با ئه‌م دوو پۆلیسه بگرین، چه‌کیان بکه‌ین و خۆمان ده‌رباز بکه‌ین، فه‌رەیدوون عەبدلقادر زۆر سه‌رسه‌ختانه دژمان وه‌ستایه‌وه و کارێكی وای کرد، پۆلیسه‌کان هه‌ستیان به شتێک کرد. ئینجا که‌وتنه خۆیان و هه‌ندێک لێمان دوور که‌و‌تنه‌وه، تا گه‌ییشتینه سنووری عێراق. که لێم پرسی، باشه فه‌رەیدوون بۆ وای کرد؟ له وه‌ڵامدا وتی: ئه‌و بڕوای وابوو، که ڕژێم وه‌ک سه‌رکردایه‌تیی سیاسی نه‌ک هه‌ر هیچمان لێ ناکات، به‌ڵکوو مفاوه‌زاتیشمان له‌گه‌ڵدا ده‌کات.
سالار ڕەشید: تۆ له ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٧٧ و به‌هۆی ئیعترافاتی ئیبراهیم حه‌سه‌ن، یه‌کێک له ڕابه‌رانی “ڕێکخراوی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان”ه‌وه ده‌سگیر و زیندانی کرایت و نزیکه‌ی دوو ساڵ له زیندانی ئه‌بوغرێب مایته‌وه. شێوه‌ی کاری سیاسیی ئێوه له‌نێو زینداندا چۆن بوو؟ ناکۆکی و ململانێکان چۆن ڕیزی به‌ستبوو؟ په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان، که دوای وازهێنانت له کۆمه‌ڵه پێکه‌وه له ئه‌ڵقه‌یه‌کدا یه‌کتان گرتبوو، چۆن بوو؟
جه‌بار مسته‌فا:
ژیان به‌سه‌ربردن له به‌ندیخانه‌دا به شێوه‌یه‌کی گشتی زۆر له ژیانی ئاسایی ناو کۆمه‌ڵگا جیاوازه. یه‌کێک له جیاوازییه هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌موو به‌ندیخانه‌یه‌ک له زۆربه‌ی شوێنه‌کانی جیهان ئه‌وه‌یه، که تۆ ناچاریت، ئه‌و ماوه‌یه‌ی که بۆت دیاری کراوه، له‌گه‌ڵ که‌سانێکدا به‌سه‌ر به‌ریت، که له‌وه‌وپێش نه‌تناسیون، نه‌تدیون، نازانی چۆنن، یان بەبێ پرس و ئیراده‌ی خۆت و ئه‌وانیش ده‌بیته هاوشوێن و هاوده‌م و هاو زۆر شتیان. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له زیندانه‌کانی ڕژێمی به‌عسدا زۆرتر ده‌بن، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به به‌ندکراوی سیاسی. چونکه له‌و سه‌رده‌مه‌دا کار و ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی به‌عس و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه به‌ندیخانه‌کان، له یه‌ک ئه‌رکی سه‌ره‌کیدا چڕ ده‌بووه‌وه، ئه‌ویش، تێک‌شکاندن و هاڕینی گیانی ڕێزله‌خۆگرتن و به‌رگریکردن له‌و پرانسیپ و به‌هایانه‌ی که به‌ندکراوێكی سیاسی بڕوای پێیانه و په‌شیمانکردنه‌وه‌ی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی که له‌سه‌ری گیراوه و ئه‌شکه‌نجه و حوکمیش دراوه. وه ئه‌وه‌ی که هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر به “ڕژێمی نیشتمانی” کردووه، ده‌بێ هه‌تا زووه له‌و هه‌ڵه‌یه به پراکتیک په‌شیمان بێته‌وه.
په‌شیمانبوونه‌وه، خۆ به ئاژاوه‌گێڕ و موخەڕیب سه‌یرکردن، چاوه‌ڕوانی زه‌لیلانه‌ی “مه‌رحه‌مه‌تێکی”ڕژێم به بۆنه‌ی جه‌ژنه‌کانی ڕه‌مه‌زان و قوربان یان به بۆنه‌ی ساڵیادی له‌دایکبوونی سه‌رۆکی فه‌رمانده‌وه، ئامانجی سه‌ره‌کیی سیاسه‌تێکی داڕێژراوی ڕژێمی به‌عس بوو، که ده‌بووایه ده‌زگاکانی سه‌رکوت له به‌ندیخانه‌کاندا به‌رامبه‌ر به هه‌موو زیندانییه‌کی سیاسی به‌بێ جیاوازی جێبه‌جێی بکه‌ن. ئه‌م پرۆسه‌یه له یه‌که‌م ڕۆژی گرتنه‌وه دەستی پێ ده‌کرد، به‌ڵام له ماوه‌ی لێکۆڵینه‌وه و تەحقیقدا ئامانجی ڕاسته‌وخۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین و وردترین زانیاری له‌سه‌ر هه‌ڵسووڕان و په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کانی گیراوه‌که بوو. ئێمه که ئه‌م پرۆسه‌یه‌مان تێپه‌ڕاند، وامانزانی له به‌ندیخانه‌ی ئه‌بوغرێب پشوویه‌ک، هه‌ناسه‌یه‌ک ده‌ده‌ین، به‌ڵام که گه‌ییشتینه ئه‌وێ، هه‌ر زۆر زوو تێگه‌ییشتین، که بار و دۆخی ئه‌بوغرێب بواری هه‌ناسه و پشوودانی نییه.
یان ده‌بێ به‌گوێره‌ی بار و دۆخی ئه‌و به‌ندیخانه‌یه که له زیندانیی سیاسی و نا سیاسی لێوان‌لێو بوو، درێژه به هه‌ڵسووڕانی خۆمان بده‌ین، یان سه‌رتاپا‌ی ژیانمان ده‌بێته شتێکی پووچ و به‌تاڵ. یه‌که‌م خاڵ که سه‌رنجمانی ڕاکێشا، قه‌ره‌باڵغی به‌شه‌کانی ئه‌بوغرێب بوو. هه‌موو به‌شه‌کانی حوکمه قورسه‌کان (أحکام ثقیلة) واتە، له ٥ ساڵ زیاتر، له زیندانی جمه‌ی ده‌هات. که به‌سه‌ر به‌شه‌کاندا دابه‌شیان کردین، مامۆستا ئازادی مه‌لا محه‌مه‌د و من به‌ر قاف ٦ که‌وتین. زیاتر له ٣ هه‌فته، به‌ڕۆژ، له‌دوای هاتنه‌وه‌مان له کارگه‌ی فه‌رشچنین به نۆره له‌سه‌ر جێگای دوو هاوڕێی تر (ڕه‌فیق و جه‌بار)، که پێش ئێمه گه‌ییشتبوونه ئه‌وێ، دائه‌نیشتین و ئێوارانیش جێگاکانمان ده‌برده حه‌وشه‌ی قافه‌که‌وه. دوای ئه‌و ٣ هه‌فته‌یه هه‌ردووکمان سه‌رو ٢ مه‌تر ئه‌رز و یه‌ک قه‌ره‌وێڵه‌مان له ڕێڕه‌وی نهۆمی سه‌ره‌وه‌دا ده‌ستکه‌وت. دوای چه‌ند ڕۆژێک هاوڕێ ته‌های حه‌مه ڕه‌ش هاته لامان و هه‌رسێکمان تا ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی تر له‌و شوێنه ماینه‌وه.
گه‌ور‌ه‌ترین کێشه له‌و چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا که بۆمان هاته پێشه‌وه، دزینی شته‌کانمان بوو. ڕۆژێک له کارگه ئه‌هاتینه‌وه سه‌ره‌غازه‌که‌مان دزرابوو. ڕۆژێکی تر مه‌نجه‌ڵێکمان دیار نه‌بوو. کاتێکی تر جانتاکانمان شکێنرابوون…هتد. ئه‌م بار و دۆخه به‌رده‌وام بوو، تا محه‌مه‌د ڕه‌حیم هه‌ڵه‌بجه‌یی که دواتر له‌ناو یه‌کێتیدا به ئاسۆ ناسرا و ئێستا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی “گۆڕان”دایه، هاته لامان. محه‌مه‌د له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا و له ئه‌نجامی هه‌ڵواسیندا هه‌ر دووده‌ستی له‌کار که‌و‌تبوون. زۆر به‌سه‌ختی خواردنی بۆ ده‌خورا. نه‌یده‌توانی ڕیشی بتاشێت و خۆی بشوات. به هه‌ر حاڵ هاتنی ئه‌و له دزیی ڕزگاری کردین. چونکه ئه‌و نه‌یده‌توانی بۆ کارگه بێت و به‌ڕۆژ به‌دیار جێگاکانمانه‌وه داده‌نیشت.
له ئه‌بوغرێب سزای هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندییه‌کی سیاسی، ڕێکخراوه‌یی، به ده‌ره‌وه‌ی زیندان، چه‌ند ساده و سه‌ره‌تایی بووایه، له‌سێداره‌دان بوو. هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندییه‌کی ڕێکخراوه‌یی، سیاسی له‌ناو خودی به‌ندیخانه‌دا به په‌تی سێداره‌ی ده‌گه‌یاندیت.
ئاسایشی به‌ندیخانه که ئه‌و کاته نه‌قیب مه‌دحه‌ت کۆیی لێپرسراوی بوو، تۆڕێکی زۆر فراوانی له هاوکارانی خۆی بڵاو کردبووه‌وه و به‌زۆری له حوکمدراوه نا سیاسییه‌کان (دز، پیاوکوژ، تاوانی سێکسیی جۆراجۆر…) بوون. زۆر دڵسۆزانه و زۆر جار له‌سه‌ر هیچ گوزارشیان له‌سه‌ر ده‌نووسیت. ده‌سه‌ڵاتی به‌عس به‌وه‌ش نه‌وه‌ستابوو، که زیندانییه سیاسییه‌کانی تێکه‌ڵاوی زیندانییه‌کانی تر کردبوو، ماوه‌ماوه به بیانووی جۆراوجۆره‌وه بانگیان ده‌کردین و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کردین. گوایه له‌گه‌ڵ که‌سی تردا قسه و باسی سیاسیمان کردووه، یان په‌یوه‌ندیمان به‌ده‌ره‌وه هه‌یه، یاخود کتێبی قه‌ده‌غه‌کراو ده‌خوێنینه‌وه… به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن، له‌سه‌رچی بانگ کراوین، ده‌یانپرسی تۆ له‌سه‌ر چی گیراوی؟ له وه‌ڵامدا ده‌بووایه بڵێیت، که‌من ئاژاوه‌گێڕ (مخرب) بووم. ئه‌وسا ده‌یان گوت: ده‌ی باشه! مادام په‌شیمانی له‌و کاره‌ی کردووته، به‌ڵێنی نووسراومان بده‌رێ، که هاوکاری ئاسایش بکه‌یت و گوزارش له هه‌ر که‌س بده‌یت، که دژی حیزبی سه‌رکرده و شۆڕش هه‌ڵسوکه‌وت بکات. ئه‌گه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بتوتایه، من سیاسیم، یان به به‌ندی یاسایی ٢٠٤ یاخود له‌سه‌ر (قضایا ألشمال) گیراوم، ئه‌وه یه‌ک ژه‌می باش ئه‌شکه‌نجه‌ت ده‌خوارد و ئیتر وه‌ک که‌سێکی حاقد و قین له‌دڵ به‌رامبه‌ر به “حیزب و شۆڕش” ده‌چوویته ڕیکۆردیانه‌وه.
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌که‌ت، ئه‌م پێشه‌کییه‌م به‌پێویست زانی، چونکه یه‌که‌م مه‌سه‌له که زیندانی سیاسی له‌و ساڵانه‌دا ڕووبه‌ڕووی ده‌بووه‌وه، مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوێستگیری به‌رامبه‌ر به سیاسه‌تی ئاساییشی به‌ندیخانه بوو. زیندانه سیاسییه‌کان، به کورد، عه‌رەب، تورکمان و ئاشووری و… هتد.، به‌گوێره‌ی هه‌ڵوێستیان له‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌بوونه دوو به‌شه‌وه، به‌شی یه‌که‌میان ده‌یانگوت: پێویست ناکات، ڕووبه‌ڕووی ئاساییش ببینه‌وه و با زۆر تێکه‌ڵاوی یه‌کتر نه‌بین. تێکه‌ڵاوی ئه‌و سیاسییانه نه‌بین، که له‌وه‌وپێش نه‌مانناسیون. سیخوڕه‌کان بدوێنین و که‌مه‌که‌مه په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت. پێویست ناکات، ئێمه کارێک بکه‌ین، که ئاساییش لێمان تووڕه بێت. ئاخر ئێمه له‌به‌رده‌ستیانداین.
با خۆمان بۆ ده‌ره‌وه ئاماده بکه‌ین… به‌کورتییه‌که‌ی، ئه‌م به‌شه ده‌ستیان به کڵاوی خۆیانه‌وه گرتبوو، با نه‌یبات. هه‌رچی به‌شی دووهه‌مه، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ڕه‌ت ده‌کرده‌وه به‌وه‌ی، که ئێمه تازه حوکم دراوین، واته، لای ڕژێم ئاشکرا بووین. ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی، که ڕێز له خۆمان و له مه‌سه‌له‌یه‌ک بگرین، که له‌سه‌ری زیندانی کراوین.
ملکه‌چکردن بۆ سیاسه‌ته‌کانی ڕژێم، جگه له‌وه‌ی کاری وا، بێ ئه‌ندازه سووکایه‌تی به‌خۆکردنه و له ئاستێکیشدا ناوه‌ستێت. له کارێک‌دا ملکه‌چیان بوویتایه، دوو شتی تریان لێ داوا ده‌کردیت. ئه‌م به‌شه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تێکه‌ڵاوی سیخووڕه‌کانی ئاساییش نه ده‌بوون، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌زۆر شێوه‌ی جیاواز ئه‌وان هه‌وڵیان ده‌دا، که په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا پێک بهێنن. هه‌ر له یه‌که‌م جاره‌وه که بۆ ئاساییش بانگ ده‌کران، به هیچ جۆرێک ملیان به‌وه نه‌ده‌دا، که ئاژاوه‌گێڕ بن، خۆیان به سیاسی ده‌زانی و ده‌یانگوت، ئێمه به مادده‌ی ٢٠٤ (ئاسایشی ده‌وڵه‌ت) زیندانی کراوین. ئێمه ئاژاوه‌گێڕ نین، ئێمه کاری سیاسیمان کردووه و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش حوکم دراوین. له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته تووشی ئه‌شکه‌نجه‌دان ده‌بوون، به‌ڵام به‌م هه‌ڵوێسته‌یان مشتێکی توندیان به‌ناو ده‌می ئه‌و دڕندانه‌دا ده‌کێشا.
مه‌یدانێکی تری هه‌ڵسووڕانی ئێمه، تێکه‌ڵاوبوون به زیندانییه سیاسییه‌کانی تر و ئاڵوگۆڕی بیروڕای سیاسی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له سیاسییه‌کانی ڕۆژ و مه‌سه‌له فکری و ئایدیۆلۆجییه‌کان، مارکسیزم، مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد و عه‌ره‌ب، مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین، ناکۆکییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی، ماویزم، کۆمۆنیزمی ئه‌لبانی، خه‌باتی چه‌کداری له کوردستاندا بوو. له‌و ڕۆژانه‌دا گردبوونەوەی نیشتمانی عێراقی (التجمع الوطني العراقي) هه‌بوو، که ڕێکخراوێکی به‌ره‌یی بوو و زۆربه‌ی حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی عێراقی له‌خۆ گرتبوو. یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستانیش هه‌ر له سه‌ره‌تای پێکهاتنییه‌وه بووه ئه‌ندامی. هه‌واڵی تازه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه، به‌رنامه، درووشم و ئامانجه سیاسییه‌کانی (که ئێمه زیاتر ئاگاداریان بووین، چونکه تازه بووین له ئه‌بوغرێب)، مه‌سه‌له‌یه‌کی تر بوو، که ماوه‌یه‌ک سه‌رقاڵی قسه و باس بووین له‌سه‌ری و له ئه‌نجامدا کۆمه‌ڵێکمان گه‌ییشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که ئه‌م به‌ره‌یه، به‌ره‌ی حیزبه بۆرژوازیییه‌کانی عێراقه و مافی به‌سه‌ر چینی کرێکاره‌وه نییه.
پرۆسه‌ی تێکه‌ڵاوبوونمان به زیندانییه‌کانی تره‌وه (جگه له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه) هه‌تا ده‌هات فراوانتر ده‌بوو. ئێمه که گیراین، ته‌نها من و هاوڕێ زه‌ینه‌دین نه‌جمه‌دین، بەڕه‌سمی ئه‌ندامی چالاکی گرووپه‌که‌ی خۆمان بووین. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بگیرێین، له‌گه‌ڵ مامۆستا ئازادی مه‌لا محه‌مه‌ددا له ڕووی فکری و سیاسییه‌وه زۆر نزیک بووین، که به‌ڕێکه‌وت ڕۆژێک پێش گرتنه‌که‌ی نا‌مه‌ی ده‌ستله‌کاركێشانه‌وه‌ی به کۆمه‌ڵه دابوو. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ له‌تیفی شێخ عومه‌ریش، که ئه‌ندامێکی چالاکی یه‌کێتیی خوێندکاران بوو.
جگه له‌مه، هه‌ر له کاتی لێکۆڵینه‌وه له ئیستیخباراتی فرقه‌ی ٧ له سلێمانی نزیکایه‌تی و هاوفکریییه‌کی ته‌واو له‌نێوان ته‌های حه‌مه ڕه‌ش و مندا درووست بوو. هه‌روه‌ها له هه‌یئه‌ی که‌رکووک له گه‌ڵ ستار محه‌مه‌د کەریم (فوئاد سادق)، عوسمان محه‌مه‌د کەریم، ئیسماعیل عەبدلقادر. جگه له‌م هاوڕێیانه، عه‌لی موراد که له زانکۆی سلێمانی کرێكاری بیناسازی بوو و پێش ئێمه له‌گه‌ڵ ئاسۆی شێخ نووری‌دا گیرابوو، هاوڕێیه‌کی تری گرووپه‌که‌ی ئێمه بوو و یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی که له سه‌ره‌تای وازهێنانمانه‌وه له‌گه‌ڵماندا بوو. ئه‌مه جگه له به‌ختیار مسته‌فا، که ماوه‌یه‌کی که‌م پاش گرتنی ئێمه ئازاد کرا و فرسه‌تی یه‌کتربینینمان له ئه‌بوغرێب نه‌بوو.
تێکه‌ڵاوبوونمان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هه‌ڵسووڕاوی قیاده‌ی مەرکەزی که له ساڵی ١٩٧٤وه گیرابوون، تا ده‌هات قووڵتر ده‌بووه‌وه. ئه‌مانه هه‌موویان پێشتر بڕیاری له سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووبوو، به‌ڵام دواتر کرابوو به بڕیاری ئه‌به‌دی. ئه‌م کۆمه‌ڵه هاوڕێیه به سه‌رسه‌خترین زیندانیی سیاسی ئه‌و ساڵانه له عێراقدا ناسرابوون. ئه‌مانه له‌ڕووی فکری و سیاسییه‌وه به‌توانا بوون. له‌به‌رامبه‌ر سیخوڕ و ئاساییشدا بوێر و چاونه‌ترس بوون.
له ڕاستیدا ئاساییش له به‌رامبه‌ریان دۆش دامابوو و نه‌یده‌زانی چی‌یان لێ بکات. جۆری ئه‌شکه‌نجه و ئازاردان نه‌مابوو، له‌گه‌ڵیاندا تاقی نه‌کاته‌وه. سیخوڕی چه‌قۆكێش نه‌مابوو، بۆ ترساندنیان که نه‌ینێرێته گیانیان. ڕۆژانه یه‌ک دووانێکیان بۆ ئاساییش بانگ ده‌کران و به جۆره‌ها شێوه ئازار ده‌دران. به‌ڵام ئه‌مان چاونه‌ترسانه به‌رگرییان له خۆیان ده‌کرد. به‌کورتی، هه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان وای لێ کردبوون، که زیندانه ئاسایییه‌کانی ئه‌بوغرێب ڕێزی زۆریان لێ بگرن و سیخوڕه‌کانی ئاساییش سڵیان لێ بکه‌نه‌وه،
ئه‌م هاوڕێیانه هه‌ر که بیستیان ئێمه خه‌ڵکانێکی مارکسیستیین، زوو به پیرمانه‌وه هاتن و هه‌ر زۆر زوو هه‌ر دوو لا بووینه جێ متمانه‌ی یه‌کتر و قسه و باسی سیاسی له‌سه‌ر مارکسیزم، ڕیڤیژینیزمی سۆڤێت، تێزی سێ جیهان، کۆمۆنیزمی ئه‌لبانی، بابه‌ته‌کانی بڵاوکراوه‌ی “وحدة القاعدة” (که تا کاتی گرتنمان ١٢ ژماره‌ی لێ بڵاو کرابووه‌وه و من خوێندبوومنه‌وه)، هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕێکخراوی قیاده‌ی مەرکەزی و کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی_ لێنینی/ ماوتسیتۆنگ کوردستان له‌نێوانماندا دەستی پێ کرد.
پاش ماوه‌یه‌ک له قسه و باس و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه گه‌ییشتینه ئه‌وه‌ی، که له ئێستادا حیزبی سه‌رتاسه‌ریی چینی کرێکار له عێراقدا بوونی نییه و ئه‌رکی له‌مه‌ودوامان بریتییه له خه‌باتکردن بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و حیزبه. بڕیارمان دا، وه‌ک یه‌ک گرووپ کار بکه‌ین. یه‌که‌م کار دوای ئه‌م بڕیاره، کردنه‌وه‌ی خولێکی فکریی سیاسیی ڕۆشنبیری بوو. مه‌سه‌له‌که له سه‌ره‌تادا له‌نێوان سه‌باح عه‌بدلڕەزاق، عه‌لی عه‌باس، ئه‌بو سه‌ڵاح و مندا باس کرا و دواتر من له‌گه‌ڵ مامۆستا ئازاد و له‌تیفی شێخ عومه‌ر باسم کرد. بابه‌ته‌کانی خوله‌که له فه‌لسه‌فه‌وه دەستی پێ ده‌کرد و سه‌ره‌تایه‌ک له فه‌لسه‌فه و مێژووی فه‌لسه‌فه تا ده‌هاته سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم و ڕه‌خنه له فه‌لسه‌فه‌ی هیگل و فۆیه‌رباخ، ئابووریی سیاسی و ڕژێمی سه‌رمایه‌داری و تیۆرییه ئابوورییه سه‌ره‌کییه‌کانی مارکسیزم و دواتر مه‌سه‌له‌ی خه‌باتی سیاسی، دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا، حیزبی سیاسی و حیزبی مارکسیی لێنینیی چینی کرێکاری عێراق و… هتد. هه‌ر یەکه‌مان له ڕێگای په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆیه‌وه ئه‌م کاره‌ی ده‌کرد و بار و دۆخێک له قسه و باس و جه‌ده‌لی گه‌رموگوڕ هاته کایه‌وه، که تا ڕۆژی ئازادبوونمان له زیندان هه‌ر به‌رده‌وام بوو.
سالار ڕەشید: ئێوه له سه‌ره‌تای جیابوونه‌وه‌تان له کۆمه‌ڵه، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم نزیکایه‌تیتان له‌گه‌ڵ حیزبی شیوعیی عێراقی/ قیاده‌ی مەرکەزی زۆر بوو. به‌ڵام جیاوازییه‌کانتان چی بوون؟
جه‌بار مسته‌فا:
کاتێک ئێمه وازمان له کۆمه‌ڵه هێنا، قیادەی مەرکەزی وه‌ک ڕێکخراوێکی سیاسی نه‌مابوو. چونکه ئه‌و به‌شه‌ی که له کوردستان چه‌ند ئۆردووگا و بنکه‌یه‌کیان هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئاشبه‌تاڵی پارتیدا خۆیان ڕاده‌ستی ڕژێم کردەوە. بۆ چه‌ند ساڵێک دوای ئه‌وه، واته، له ساڵی ١٩٧٦وه ڕۆژنامه‌ی “وحدة القاعدة” ده‌رچوو، که ئه‌رکه سه‌رەکییه ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی به سه‌رله‌نوێ ڕێکخستنه‌وه‌ی ڕیزه‌کانی قیاده‌ی مەرکەزی دانابوو. له‌و ژمارانه‌ی که من فریایان که‌وتم، که بیانخوێنمه‌وه، لەسەر ناکۆکییه‌ک له‌نێوان یه‌کێک له نووسه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ڕۆژنامه‌که (به‌ناوی “عادیل”وه بابه‌تی ده‌نووسی، که وابزانم، ئه‌و که‌سه فازیلی مه‌لا مه‌حموود بوو) و چه‌ند نووسه‌رێکی تر، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ناساندن یان سروشتی ڕژێمی ئه‌وسای به‌عس بوو.
لایه‌نێک ڕژێمیان به نیمچه ده‌ره‌به‌گی_ نیمچه داگیرکراو ده‌ناساند و شۆڕشی داهاتووی عێراقیان به شۆڕشی ڕزگاریی نیشتمانی به ڕابه‌ریی چینی کرێکار ده‌زانی. لایه‌نه‌که‌ی تر ڕژێمیان به سه‌رمایه‌داری و شۆڕ‌شیان به شۆڕشی سۆسیالیستی ده‌زانی. په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێمه زیاتر له ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون‌دا بوون و زیاتر له ڕێگای هاوڕێیان ئازاد جه‌لال و سه‌ڵاح حوسێنه‌وه بوو. کاتێک هێرشی گرتنه‌کانی ساڵی ١٩٧٧ ده‌ستی پێ کرد، ئازاد و سه‌ڵاح دوای چه‌ند مانگێک ڕوویان له ئه‌ورووپا کرد و په‌یوندیمان نه‌ما. پاش ماوه‌یه‌ک دووبه‌ره‌کی که‌وته نێو ڕێکخراوی “وحدة القاعدة”وه و بوون به دوو به‌شه‌وه.
به هه‌ر حاڵ ئه‌و نزیکایه‌تییه له‌گه‌ڵ گرووپێکی عێراقیدا، که هێشتا ساغ نه‌بوونه‌ته‌وه و مه‌علووم نییه، به‌ره‌و کوێ ده‌ڕۆن، زیاتر په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه بوو. به‌داخه‌وه سیاسه‌تی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی به‌عس مه‌ودای درێژه‌دانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی پێ نه‌داین. به‌ڵام بیروبۆچوونمان له‌سه‌ر قیاده‌ی مەرکەزی له ساڵانی دواتر و له زیندانی ئه‌بوغرێب یه‌کلا کرده‌وه.
سالار ڕەشید: له ماوه‌ی کاری ئه‌ڵقه‌ییتاندا چۆن کارتان ئه‌کرد و سه‌ره‌نجام چۆن هاتنه‌سه‌ر بیرۆکه‌ی پێکهێنانی “یه‌کێتیی تێکۆشانی کارگه‌ران/ کارگه‌ران”؟ له ساڵی چه‌ند ئه‌و ڕێکخراوه‌تان پێک هێنا و دامه‌زرێنه‌رانی کێ بوون؟
جه‌بار مسته‌فا:
ماوه‌یه‌کی که‌م پاش جیابوونه‌وه‌مان له کۆمه‌ڵه، دلێر تاهیر که که‌سایه‌تیی سه‌ره‌کی گرووپه‌که‌مان بوو، ئیعتیرافی له‌سه‌ر کراو له کاتی تاقیکردنه‌وه‌کانی خولی دووهه‌مدا ئاسایش بۆی هاتن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له‌ده‌ستیان ڕای‌کرد و ده‌رباز بوو. دلێر پێش واز‌هێنانی له کۆمه‌ڵه ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شاری سلێمانی بوو. ئیتر ماوه‌یه‌ک خۆی شارده‌وه و دواتر مامی (عومه‌ر ده‌بابه) ناردی به‌دوایدا و ڕووی کرده شاخ و پاش ماوه‌یه‌ک بۆ هه‌نده‌ران ڕۆی و په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نه‌ما. تا ئه‌و له کوردستاندا بوو، خۆی و سه‌ڵاح حوسێن و من جارجار یه‌کترمان ده‌بینی و قسه و باسمان له‌سه‌ر کاره‌کانمان ده‌کرد. دواتر له سلێمانی، سه‌ڵاح حوسێن و محه‌مه‌د فه‌تحوڵا و من یه‌کترمان ده‌بینی و ڕاستییه‌که‌ی زۆربه‌ی کات هەر پێکه‌وه بووین. ئەویش، هه‌م به‌هۆی نه‌بوونی شوێنی خۆحه‌شاردان، تا دوای دادگایی‌کردنی گیراوه‌کانی خولی یه‌که‌م (عه‌لی موراد، ئاسۆی شێخ نووری، شێخ شه‌هاب و هاوڕێکانی) و هه‌م به‌هۆی ئه‌وه‌ی که تازه ده‌که‌وتینه سه‌رخۆمان و سه‌رقاڵی دیاریکردنی سه‌رخه‌تی گشتیی کاره‌کانمان بووین. ئه‌و سه‌رده‌مه ئێمه بووبووین به ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌کیی گرووپه‌که‌مان له سلێمانی. له مانگی ٥/١٩٧٧ من و زەینه‌دین نه‌جمه‌دین گیراین. دیاره پێش ئه‌و کاته‌ش محه‌مه‌د فه‌تحوڵا ده‌ستی له کاری سیاسی کێشابووەوه.
سه‌ڵاح خۆی حه‌شار دا و پاش ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئازاد جه‌لالدا بۆ لای مه‌فره‌زیه‌کی قیاده‌ی مەرکەزی له شاخ چووبوون و له وێشه‌وه به‌ره‌و هه‌نده‌ران. له ماوه‌ی دوو ساڵ زیاتر له زیندانیی ئێمه‌دا، هیوا ڕه‌ئووف، عه‌لی حه‌مه فه‌ره‌ج، به‌ختیار مسته‌فا (که پاش ماوه‌یه‌ک له گیرانی ئێمه له ئه‌بوغرێب ئازاد کرا) ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌کیی گرووپه‌که‌یان پێک هێنابوو و کۆمه‌ڵێک په‌یوندیی تازه‌شیان درووست کردبوو. که ئێمه ئازاد کراین، من په‌یوه‌ندیم به ئه‌ڵقه سه‌ره‌کییه‌که‌وه کرد و که‌وتینه هه‌ڵسووڕانێکی فراوانتر. په‌یوه‌ندییه‌کان له فۆرمی هه‌ره‌میدا نه‌بوو، به‌ڵکوو جۆرێک بوو له په‌یوه‌ندیی بازنه‌یی و له‌ناو ئه‌ڵقه سه‌ره‌کییه‌که‌دا ناوی که‌س له په‌یوه‌ندییه‌کان نه‌ده‌هێنرا. له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردنی هه‌ڵسووڕانماندا، ژماره‌ی ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌کی ده‌گۆڕا. له پایزی ١٩٨٢دا هاوڕێیان به‌ختیار مسته‌فا و عه‌لی حه‌مه فه‌ره‌ج له شاخ، عوسمانی حاجی مارف، هیوا ڕه‌ئووف، له‌تیفی شێخ عومه‌ر و من له‌ناو شار ئه‌ندامی ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌کی بووین.
له‌و هاوڕێیانه جگه له له‌تیف و هیوا، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئاسۆی که‌ریم زه‌ند سه‌ردانی کۆمه‌ڵه‌ی ئێرانمان له نزیک شاری بۆکان کرد. ئه‌و دەمە له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی تێکۆشه‌رانی کۆمۆنیست‌دا سه‌رقاڵی پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو. بۆ یه‌که‌م جار ئه‌وان پێشنیار‌ی ئه‌وه‌یان بۆ کردین، که ناوێک بۆخۆمان دیاری بکه‌ین. ئێمه‌یش پاش بەجێهێشتنی ئەوان و هه‌ر له ڕێگاوه سه‌رقاڵی دیاریکردنی ناوێک بووین. پاشان له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا، که عوسمانی حاجی مارف، له‌تیفی شێخ عومه‌ر، به‌ختیار مسته‌فا و من ئامادەی بووین، ناوی “یه‌کێتیی تێکۆشانی کارگه‌ران”مان په‌سه‌ند کرد. هه‌ر وه‌کوو و‌تم، ئه‌مه له پایزی ساڵی ١٩٨٢دا بوو.
سه‌باره‌ت به دامه‌زرێنه‌رانی کارگه‌ران، ئه‌گه‌ر ئه‌ڵقه‌ی ناوه‌ندی به دامه‌زرێنه‌ران دیاری بکرێن، ئه‌وا ئه‌و که‌سانه بوون، که ئاماژه‌م پێیان دا، سه‌رباری ئاسۆی که‌ریم زه‌ند، که هاوڕێی سه‌ردانه‌که‌ی ئێرانمان بوو. ئه‌گه‌ریش سه‌رجه‌می هاوڕێیانی ئه‌ندام له گرووپه‌که‌دا به دامه‌زرێنه‌ر دیاری بکرێن (که خۆم ئه‌مه‌م پێ درووستره)، ئه‌وه من ناتوانم گشت ناوه‌کان دیاری بکه‌م، چونکه زۆرن و من هه‌موویان ناناسم.
سالار ڕەشید: ئایا کارگه‌ران هیج به‌رنامه و په‌یڕه‌وێکی هه‌بوو؟
جه‌بار مسته‌فا:
نەخێر، کارگه‌ران هیچ به‌رنامه و په‌یڕه‌وێکی ناوخۆی نووسراوی نه‌بوو. کارگه‌ران تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی و درووستبوونی ڕه‌وتی کۆمۆنیست شێوه‌کاری ئه‌ڵقه‌یی پیاده ده‌کرد. به‌و هیوایه‌ی که له قۆناغێکی گه‌شه‌کردنیدا به‌رنامه و په‌یڕه‌وی ناوخۆ بنووسێته‌وه و کۆنفرانسیش بگرێت. به‌ڵام تا ئه‌و ده‌مه‌ی هه‌ڵوه‌شایه‌وه، هیچیانی نه‌کرد. کارگه‌ران له ژیانی ناوخۆیی خۆیدا پشتی به کۆمه‌ڵێک پرانسیپ و شێوه‌کاری ڕێکخراوەیی ده‌به‌ست، که له‌ناو ڕێکخراو و حیزبه مارکسیسته‌کانی جیهاندا باو بوون. ئه‌مه سه‌رباری کۆمه‌ڵێ ڕه‌وشت و سوننەت که له زه‌ین و بیری ڕابه‌رانیدا بوون و له ژیانی سیاسییانه‌وه فێریان بووبوون.
کارگه‌ران له سه‌ره‌تای درووستبوونییه‌وه هەتا کۆتایی ته‌مه‌نی، سه‌ره‌ڕای ده‌ور و کارکردی له شه‌پۆلی خۆپێشاندانی قوتابییان و جه‌ماوه‌ریی شاره‌کاندا، وه‌ک ئه‌ڵقه‌یه‌کی فکری مایه‌وه و نه‌یتوانی ببێته ڕێکخراوێکی سیاسی.
سالار ڕەشید: ئه‌و قسه و باسه ته‌وه‌ره‌یییانه چی بوون، که کارگه‌ران پێوه‌ی خه‌ریک بوو؟ ئایا ئه‌وانه‌ی به وێنه‌ی نووسراو بڵاو کرده‌وه؟
جه‌بار مسته‌فا:
به‌کورتی، ئه‌و باسانه دوو جۆر بوون: یه‌که‌میان، قسه و باس و لێدوان له‌سه‌ر مه‌سه‌له بناغه‌یییه‌کانی مارکسیزم، مه‌سه‌له گرنگه‌کانی بزووتنه‌وەی کۆمۆنیستیی جیهان، مه‌سه‌له سیاسییه پایه‌یییه‌کانی عێراق و ناوچه‌که، ناوه‌ڕۆکی ڕژێمی به‌عس و سیاسه‌ته‌کانی، ناوه‌ڕۆک و سیاسه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستیی کوردستان بوو. ئه‌م باسانه زیاتر بۆ لێدوان و ڕۆشنکردنه‌وه بوون. به‌شی دووهه‌میان، مه‌سه‌له سیاسی و هه‌نووکه‌یییه‌کانی ڕۆژ بوون، که ده‌کران به نووسراو و هێندێکیان له بازنەیەکی ته‌سکدا بڵاو ده‌کرانه‌وه و ئه‌وانی تریشیان ده‌کران به به‌یاننامه و له ئاستێکی “فراوان”دا به‌نێو شاره‌کاندا بڵاو ده‌کرانه‌وه.
سالار ڕەشید: کاریگه‌ریی شۆڕشی ئێران و به‌دیاریکراوی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان و یه‌کێتیی تێکۆشه‌رانی کۆمۆنیست له‌سه‌ر ئێوه چۆن بوو؟ ئه‌و باسانه‌ی ئه‌وان که کاریگه‌ریی ته‌واوی له هه‌ڵته‌کاندنی بنه‌مای فکریی ئێوه‌دا هه‌بوو، کامانه بوون؟
جه‌بار مسته‌فا:
زێده‌ڕه‌وی ناکه‌م، ئه‌گه‌ر بڵێم هێڵی فکری_ سیاسیی کارگه‌ران ڕه‌نگدانه‌وه‌ی کارکردی شۆڕشی ئێران و ده‌ور و نه‌خشی ڕاسته‌وخۆی کۆمه‌ڵه له‌سه‌ر مه‌حفه‌لێکی پۆپۆلیستی ماویست_ ئه‌لبانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه بوو. ئێمه که له کۆمه‌ڵه جیابووینه‌وه، مه‌حفه‌لێکی ته‌واو ماویستی بووین. نووسراوه‌کانی ماوتسیتۆنگ و مونیر شه‌فیق سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی دید و بۆچوونه‌کا‌نمان بوون. ته‌نانه‌ت له زۆر کاتدا جێگای نووسراوه‌کانی مارکس، ئه‌نگڵس و لێنینیشی بۆمان ده‌گرته‌وه.
له ساڵی ١٩٧٧ به‌دواوه ناکۆکیی نێوان چین و ئه‌لبانیا له‌سه‌ر تیۆری سێ جیهانی قووڵ ده‌بێته‌وه و به‌ره و جیابوونه‌وه‌ی یه‌کجاری ده‌ڕۆن. له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جیاوازییانه‌وه له‌نێو خۆماندا بڕیارمان دابوو، که یه‌کێتیی گرووپه‌که‌مان تا ئه‌و کاته‌ی که بۆمان ڕۆشن ده‌بێته‌وه، ئه‌م جیاوازییانه چ کارکردێکیان له‌سه‌ر به‌رنامه و هێڵی سیاسیمان سه‌باره‌ت به عێراق ده‌بێت، بپارێزین. بڕیاره‌که‌مان ئه‌وه بوو، که له چوارچێوه‌ی یه‌کێتیدا ناکۆکییه‌کانمان بۆ پێشه‌وه به‌رین. کاتێک ئازاد بووین، سه‌رتاپا‌ی هاوڕێیانی ده‌ره‌وه، جگه له عوسمان پێنجوێنی، لایه‌نگری تیۆری سێ جیهانی بوون.
به‌تایبه‌تی ده‌سته‌ی ڕابه‌ریی گرووپه‌که که ئه‌و کات له هاوڕێیان هیوا محه‌مه‌د ڕه‌ئووف، به‌ختیار مسته‌فا، عه‌لی حه‌مه فه‌ره‌ج پێک هاتبوو. له کاتێکدا ئه‌و به‌شه‌ی که له به‌ندیخانه له‌ده‌وری یه‌ک کۆبووینه‌وه، که له ڕۆژی ئازادبوونماندا نزیکه‌ی ١٥ که‌س (زه‌ینه‌دین نه‌جمه‌دین، مامۆستا ئازاد محه‌مه‌د، له‌تیفی شێخ عومه‌ر، محه‌مه‌د ڕه‌حیم، ته‌های حه‌مه ڕه‌ش، سه‌رداری قه‌ڵادزێ، عه‌دنان که‌ریم، ستار محه‌مه‌د، عوسمان محه‌مه‌د، ئیسماعیل عەبدلقادر، خالید سه‌رسپی، عه‌لی موراد، محه‌مه‌د عوسمان، جه‌بار مسته‌فا) ده‌بووین، جگه له کۆمه‌ڵێک دۆست و لایه‌نگر و کۆمه‌ڵێک هاوڕێی عه‌ره‌بزمان که تا ساڵی ٢٠٠٣ به‌دواوه نه‌مان دینه‌وه، سه‌رتاپا‌مان نه‌ک هه‌ر دژی تیۆری ناوبراو بووین، به‌ڵکوو خودی بیروباوه‌ڕی ماویش له‌لامان که‌وتبووه ژێر پرسیاره‌وه و کۆمه‌ڵێک له بۆچوونه سه‌ره‌کییه‌کانیمان ڕه‌ت ده‌کرده‌وه. دیاره له ڕوانگه‌ی کۆمۆنیزمی ئه‌لبانییه‌وه.
له ساڵی ١٩٨٠ جموجووڵێک که‌وته نێو گرووپه‌که‌مانه‌وه. هه‌ندێک نووسراومان به ده‌ستنووس له چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکدا له‌سه‌ر مانگرتنی ١٩٨٠ شاری پێنجوێن، جه‌نگی عێراق ئێران و… بڵاو کرده‌وه. که‌وتینه په‌یوه‌ندیکردن به هاوڕێیانی به‌ندیخانه و کۆمه‌ڵێک په‌یوه‌ندیی تر. هاوڕێیان به‌ختیار مسته‌فا، ئاسۆی که‌ریم زه‌ند، کامیل محه‌مه‌د، عه‌لی حه‌مه فه‌ره‌ج، نه‌جمه‌دین فاتیح… چوونه ده‌ره‌وه بۆ ناوچه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانی، به‌بێ ئه‌وه‌ی ببنه ئه‌ندامی هیچ ڕێکخراوێکی ناو “یه‌نک”.
له هاوینی ساڵی ١٩٨١دا له کاتێکدا زانکۆی سلێمانی به‌نیازی گواستنه‌وه بوو بۆ هه‌ولێر، له کا‌تژمێر ٢ی نیوه‌ڕۆدا و له ئه‌نجامی چالاکییه‌کی چاونه‌ترسانه‌دا، تیپێکی گرووپه‌که، که له نه‌جات محه‌مه‌د دەروێش ناسراو به نه‌جاتی موهه‌ندیس، نووری که‌ریمی موهه‌ندیس، جه‌مال مسته‌فا، له‌تیف شێخ عومه‌ر، جه‌بار مسته‌فا پێک هاتبوو، ده‌ستمان به‌سه‌ر ڕۆنیۆ و تایپێکدا گرت و ئیتر له به‌ده‌ستنووسین و کۆپیکردن ڕزگارمان بوو.
لە لایه‌کی تره‌وه، له ئاستی کاری جه‌ماوه‌ریدا و له چله‌ی مامۆستا ئازاد‌دا، که ڕێکه‌وتی نه‌ورۆز بوو، بۆ یه‌که‌مین جار له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، سه‌رباری هه‌وڵه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران به ڕێگرتن له ڕێکخستنی خۆپێشاندانی جه‌ماوه‌ری، له‌سه‌ر گۆڕی هاوڕێ ئازاده‌وه له گردی سه‌یوان، ڕێپێوانێکمان به‌ڕێ خست. تا گه‌ییشته به‌رده‌م ئاماده‌یی سلێمانی کچان و له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو ئۆتۆمبیلی پۆلیسی فریاکه‌وتن ده‌رگیر بووین، هاوڕێ هیوا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌ناو ڕێپێوانه‌که‌وه هاواری کرد: به‌رد هه‌ڵگرن! کاتێک پۆلیسه‌کان له ڕێپێوانه‌که نزیک بوونه‌وه، به‌رد به‌سه‌ریاندا باری و له یه‌ک چرکه‌دا شووشه به ئۆتۆمبێله‌کانیانه‌وه نه‌ما و ئیتر به‌په‌له پاشه‌کشه‌یان کرد. ڕێپێوان تا نزیک فلکه‌ی ئاسۆی ده‌لاک به‌ردەوام بوو. کاتێک که هێزی تایبه‌ت به‌سه‌ریاندا دابارین، ئه‌وجا بڵاوه‌یان پێ کرد. هه‌ندێ که‌س گیران، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕۆژه بۆ ئێواره‌که‌ی هه‌موویان به‌ربوون.
له ڕێکه‌وتی ٢٤/٤ی هه‌مان ساڵدا، له ڕێگه‌ی هاوڕێیانی شاخه‌وه و وه‌ک به‌شێک له ئاماده‌کاری بۆ یادکردنه‌وه‌ی بۆمببارانکردنی شاری قه‌ڵادزێ، هاوڕێیانمان له هه‌رێمی جووتیاران چوونه مزگه‌وتی سه‌ره‌کیی شاری قه‌ڵادزێوه و بانگه‌وازی دانیشتووانی شاره‌که‌یان بۆ ڕاپه‌ڕین کرد. له هه‌مان ڕۆژدا ئێمه له سلێمانییه‌وه ئاماده‌کاری ته‌واومان بۆ هه‌مان بۆنه کرد. ئیتر ڕێپێوان له هه‌موو لایه‌که‌وه ته‌قییه‌وه.
له‌م بار و دۆخه‌ی هه‌ڵسووڕانی گرووپه‌که‌دا و پاش ئه‌وه‌ی هاوڕێیانی شاخ (به‌ختیار مسته‌فا، ئاسۆی که‌ریم زه‌ند)، چه‌ند جارێک چه‌ند لێپرسراوێکی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی ئێرانیان دیبوو، سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر دیدارێک ڕێکه‌وتبوون، که چه‌ند ئه‌ندامێکی ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌کیی ناو شاریش تیایدا به‌شدار بن. ئه‌وه‌بوو عوسمانی حاجی مارف و من له‌ناو شار و ئاسۆی که‌ریم زه‌ند، به‌ختیار مسته‌فا و عه‌لی حه‌مه فه‌ره‌ج له شاخه‌وه بۆ باره‌گای ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه به‌ڕێ که‌وتین، که ئه‌و کات له گوندی ئاجیکه‌ندی نزیک بۆکان بوو. له دوو کۆبوونه‌وه‌ی دوورودرێژدا له‌گه‌ڵ هاوڕێی گیانبه‌ختکردوو د. جه‌عفه‌ری شه‌فیعی و هاوڕێ حه‌سه‌ن ئه‌ندامانی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه قسه و باسی زۆرمان کرد. به‌کورتی ئه‌توانم بڵێم، که له‌و دوو ڕۆژه‌دا سیسته‌می فکری و سیاسیی پۆپۆلیستیی کارگه‌رانیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به مارکسیزمی شۆڕشگێڕ ئاشنایان کردین.
ئاشنایان کردین به‌وه‌ی، که ئیمپریالیزم هه‌ر سه‌رمایه‌دارییه، به‌ڵام له قۆناغێکی باڵادا، مه‌سه‌له‌ی نیشتمانیبوون و پێشکه‌و‌تنخوازیی به‌شێک له چینی بۆرژوازی ئه‌فسانه‌یه‌کی ڕووته، عێراقیش وه‌کوو ئێران وڵاتێکی سه‌رمایه‌دارییه، به کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌وه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا (ژێرده‌سته‌یی)، ناکۆکیی سه‌ره‌کی له‌م وڵاتانه‌شدا هه‌ر ناکۆکیی نێوان کار و سه‌رمایه‌یه، شۆڕشی بێ وچان و…هتد.، هه‌روه‌ها ده‌یان گوت: کارکردن به‌بێ ناو، بێ ئه‌ندازه هه‌ڵسووڕانێکی بێ هوده‌یه. هه‌وڵ بده‌ن، له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی کوردستاندا بوونی سه‌ربه‌خۆ و هێزی چه‌کداری سه‌ربه‌خۆتان هه‌بێت و ئێمه‌یش بۆ هه‌موو جۆره یارمه‌تییه‌ک ئاماده‌ین. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه، که ئه‌م دیداره نه‌ک هه‌ر سیسته‌می فکری و سیاسیی گرووپه‌که‌مانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌ڵکوو کردی به شێوه ڕێکخراوێک و ڕێکخراوه‌که‌شی خسته سه‌ر ڕه‌وتی بنبه‌ست.
ئه‌نجامی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه له دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیدا ده‌رکه‌وتن: یه‌که‌م، خۆئاشکراکردن و فراوانکردنی هه‌ڵسووڕانی جه‌ماوه‌ریمان. یه‌که‌م کارێک دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڕێیانی ناوشار، دیاریکردنی ناو (کارگه‌ران) و ڕاگه‌یاندنی به به‌یاننامه‌یه‌ک که له سلێمانی، که‌رکووک و دواتر له هه‌ولێر بڵاو کرایه‌وه. چڕکردنه‌وه‌ی هه‌ڵسووڕانمان له شاره‌کاندا به تایبه‌تی له‌ناو قوتابییانی زانکۆکانی سه‌ڵاحه‌دین، مووسڵ و تا ڕاده‌یه‌کیش به‌غدا. هه‌روه‌ها له ئاستی جه‌ماوه‌ری و له ڕیزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا.
لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بڵێم، که یه‌کێک له‌و پرانسیپانه‌ی که هه‌میشه ده‌ستمان پێوه گرتبوو، ئه‌وه‌بوو، که هیچ ئه‌ندامێکی حیزبێکی سیاسیی تر وه‌رنه‌گرین و هه‌رگیز خه‌ت مایلمان وه‌رنه‌گرتووه، چونکه کارمان پێی نه‌بوو.
به‌هه‌ر حاڵ به‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌ڵسووڕانمان له شاره‌کاندا فراوانتر ده‌بووه‌وه، به هه‌مان ڕاده دۆست و لایه‌نگرمان له‌ناو ڕیزی پێشمه‌رگه‌دا زیادی ده‌کرد و له هه‌مان کاتیش‌دا فشاری سه‌رکردایه‌تیی “یه‌نک” و لێپرسراوانی بۆ سه‌ر هاوڕێیانمان چڕتر ده‌بوونه‌وه. له زۆر شوێندا هاوڕێیانمان بۆ لێپرسینه‌وه بانگ ده‌کران. زۆر جار نه‌یان ده‌توانی له هه‌ندێک شوێن ته‌نانه‌ت وه‌ک سه‌ربازی ڕاکردووش بژین. له‌ناو شاره‌کاندا له ڕێگای هه‌ندێک چه‌قۆکێشەوه هاوڕێ نووری که‌ریمیان به مه‌ستی کوشتن به‌رچه‌قۆ دا.
به‌ڕاستی ته‌نها لێهاتوویی و چاونه‌ترسیی خۆی که به‌ده‌ستی به‌تاڵه‌وه به‌ره‌نگاریان بوه‌وه، پاراستی. کار به‌وه گه‌ییشت، ده‌نگۆی هه‌وڵی چه‌ند لێپرسراوێکی “یه‌نک” بۆ تێرۆرکردنی چەند هاوڕێیەکمان بڵاو بووه‌وه. له دوا هه‌وڵی سه‌رکردایه‌تیی “یه‌نک”دا، لەپێش مفاوه‌زاتی ساڵی ١٩٨٤دا، جه‌لال تاڵه‌بانی داوای کرد، کە له‌گه‌ڵمان کۆ بێته‌وه. کۆبوونه‌وه‌که ئه‌نجام درا و ئه‌و داوای لێمان کرد، که ئه‌ندامانی خۆمان جیا بکه‌ینه‌وه و باره‌گا دابمه‌زرێنین.
به‌ڵێنی یارمه‌تیشی پێ داین. به‌ڵام ئێمه به‌و ئه‌نجامه گه‌ییشتین، که “یه‌نک” هه‌رگیز ئه‌وه‌نده دیمۆکراتی نییه و ئه‌م داوا و به‌ڵێنه ته‌نها بۆسه‌یه‌که بۆ لێدانمان.
ته‌وه‌ره‌ی دووهه‌م، کێشانه‌وه‌ی هاوڕێیانی ئه‌ڵقه‌ی ناوەندی و ئه‌ندامان له شاخ، چه‌قبه‌ستن له‌ناو شاره‌کان و سه‌رکردنه سه‌ر دیراسه‌کردنی مارکسیزم به‌تایبه‌تی کلاسیکی مارکسیزم، نووسراوه‌کانی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کانی ئه‌وسای کوردستان، که له سه‌ره‌تادا ڕۆڵی سه‌ره‌کیمان تیایاندا گێڕا. هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی ناسیۆنالیزم و بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد به‌گشتی. ئه‌م کاره له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨٤وه به‌چڕی دەستی پێ کرد و تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کارگه‌ران له پاییزی هه‌مان ساڵدا درێژه‌ی کێشا.
سالار ڕەشید: سه‌ره‌نجام کارگه‌ران له ساڵی ١٩٨٤ هه‌ڵوه‌شایه‌وه. ئایا نه‌ده‌کرا به‌شێوه‌ی پلمیک و وتووێژ ئاڵوگۆڕی فکری به‌سه‌ر کارگه‌ران بهێنرایه و هه‌ڵنه‌وه‌شێنرایه‌ته‌وه، هه‌ر وه‌کوو کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان، که چۆن ڕه‌خنه‌یان له پۆپۆلیستیی خۆیان گرت؟ وه یان هه‌ر وه‌کوو ڕه‌وت بۆ خۆیشی، که چۆن ڕه‌خنه‌یان له دیدی مارکسیزمی شۆڕشگێڕی خۆیان گرت و ڕه‌وتیشیان هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه؟
پاشان ده‌پرسین: تۆ یه‌کێک بووی له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و هێڵه‌ت به‌ردا و له‌گه‌ڵ ڕه‌وت نه‌که‌وتی، هۆکاری ئه‌مه چی بوو؟
جه‌بار مسته‌فا:
به بۆچوونی من ده‌کرا به شێوه‌ی وتووێژ و پلمیک ڕێگا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کارگه‌ران به‌و جۆره‌ی که ڕووی دا بگیرێت. ئه‌مه وه‌ڵامی کورتی به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که‌ته. به‌ڵام من پێم خۆشه بڕێک زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه بڕۆم. له ساڵی ١٩٨٤ کارگه‌ران له‌باری سیاسی و فکری و ڕێکخراوه‌یییه‌وه به قۆناغێک گه‌ییشت، که ده‌بوو ئاڵوگۆڕێکی ڕیشه‌یی به‌سه‌ردا بێت. ڕۆژ به‌ڕۆژ باسه‌کانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و مارکسیزمی شۆڕشگێڕ له‌سه‌ر سیسته‌می فکری_ سیاسیی پۆپۆلیستیی گارگه‌ران سه‌نگینی ده‌کرد و فشاری بۆ ده‌هێنا. من پێشووتر ئاماژه‌م به‌وه دا، که جگه له من زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ڕابه‌ری سه‌ر به تیۆری سێ جیهانی و ئه‌وانی دیکه (به خۆیشمه‌وه) سه‌ر به خه‌تی ئه‌لبانی بوون. که‌چی له ساڵی ١٩٨٤دا هیچ که‌سێک باسی نه ماویزم و نه فکری ئه‌نوه‌ر خۆجه‌ی ده‌کرد. هه‌ر دوو لا به خشکه‌یی و به بێده‌نگی و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ باس و لێکۆڵینه‌وه و ڕه‌خنه‌یه‌ک نه له ئاستی کۆمه‌ڵگادا و نه له‌ناو ڕیزه‌کانی ڕێکخستندا بکرێت، وازمان له هه‌ر دوو خه‌ته‌که هێنا و خۆمان به مارکسیزمی شۆڕشگێڕ ناساند.
له‌باری ڕێکخراوه‌یییەوە کارگه‌ران زۆر فراوان ببووه‌وه، به تایبه‌تی له‌ناو شاره‌کاندا. شانه‌کانی ڕێکخستن گه‌ییشتبوونه شاره‌کانی هه‌ولێر، که‌رکووک، گه‌رمیان، مووسڵ و بادینان. سه‌رباری لایه‌نگرانی تر، کە له هه‌موو شوێنێکه‌وه سه‌ریان هه‌ڵده‌دا و کاریان بۆ ڕێکخستن ده‌کرد. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که فشاری “یه‌نک” له‌سه‌رمان زۆر زیادی کردبوو. هه‌ر له‌و کاته‌دا جه‌لال تاڵه‌بانی کۆمه‌ڵێک هاوڕێی ئێمه‌ی بانگ کردبوو و پێی ڕاگه‌یاندبوون، که ئه‌وان باش ده‌زانن، که ئه‌وان سه‌ر به کارگه‌رانن و داوای لێ کردبوون، که له‌ناو “یه‌نک”دا کاری ڕێکخستن نه‌که‌ن و خۆیان جیا بکه‌نه‌وه و پێشنیار‌ی کردبوو، که باره‌گا بکه‌نه‌وه و به‌ڵێنێ یارمه‌تیشی پێ دابوون. ئێمه‌ش ئه‌م بابه‌ته‌مان زۆر باس کرد و به ئاشنایه‌تییه‌ک که تا ئه‌و کات له‌سه‌ر “یه‌نک” هه‌مان بوو، بڕوامان به‌و به‌ڵێنانه نه‌کرد و وتمان ئه‌مه ته‌ڵه‌یه‌کی سه‌رکردایه‌تیی “یه‌نک” و تاڵه‌بانییه. ئه‌گه‌رچی ئێمه هه‌رگیز کاری ڕێکخستنمان له ڕیزه‌کانی “یه‌نک”دا نه کردووه، به‌ڵام دوای دانیشتنی دووهه‌م و پاشان ئاگربه‌ست و مفاوه‌زاتی ١٩٨٤ “یه‌نک” له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسدا، بڕیارمان دا، گشت هاوڕێیانمان بۆ ناو شاره‌کان بێنه‌وه و به‌نهێنی بژین و کاری سیاسی بکه‌ن.
دیاره ئه‌م بڕیارەش قورسایییه‌کی زیاتری خسته سه‌رمان. له هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر دۆشدامانی ڕابه‌ریی ئه‌وسای کارگه‌ران بوو، به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌و سه‌رده‌مه‌دا، که گرنگترینیان مه‌سه‌له‌ی جه‌نگی عێراق_ ئێران و مه‌سه‌له‌ی مفاوه‌زاتی یه‌نک_ به‌عس و هاتنه‌وه‌یان بۆ ناو شاره‌کان و شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری دژ به سیاسه‌تی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی به‌عس و نادیاری و نه‌بوونی ستراتیژێکی ڕۆشن له‌به‌رده‌م کارگه‌راندا، که ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات.
به‌کورتییه‌که‌ی، ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌کان به‌تایبه‌تی له زانکۆکانی هه‌ولێر و مووسڵ و تا ڕاده‌یه‌ک به‌غداش شه‌پۆلی ده‌دا، هه‌زاران سه‌ربازی هه‌ڵاتوو له جه‌نگ نه‌یان ده‌زانی چی بکه‌ن و ڕوو له کوێ بکه‌ن. که‌چی سه‌رکردایه‌تیی کارگه‌ران خه‌ریکی تێپه‌ڕاندنی پۆپۆلیزمه‌که‌ی بوو، ئه‌ویش به دیراسه‌کردن. نه‌بوونی ئاسۆیه‌کی ڕۆشن وای کرد، ئه‌وه‌نده‌ی تر قەیرانی کارگه‌ران قووڵ بێته‌وه و له ئاستی قەیرانێکی ده‌روون ته‌شکیلاتیدا ده‌ربکه‌وێت. له‌و هاوڕێیانه‌ی ناوه‌ند ئاسۆی که‌ریم زه‌ند بڕیاری دا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڕوات. هاوڕێ هۆشیار قادر له ناوه‌ند دابڕا و که‌متر ئاماده‌ی کۆبوونه‌وه‌کان ده‌بوو. هاوڕێ به‌ختیار مسته‌فا قسه‌ی له‌سه‌ر سه‌ختیی پێکهاتنی ڕێکخراوی کۆمۆنیستیی چینی کرێکار له وڵاتانی جیهانی سێهه‌مدا ده‌کرد و جارجار بیری له ڕۆیشتن بۆ ده‌ره‌وه ده‌کرده‌وه. بار و دۆخێکی وا هاته پێشه‌وه، که باسکردن له بچووکترین مه‌سه‌له له ناوه‌نددا ناکۆکیی زۆری لێ ده‌که‌وته‌وه. کۆبوونه‌وه‌ی لاوه‌کی و نا شه‌رعی له ئاستی ناوه‌نددا ده‌ستی پێ کرد. ناڕه‌زایه‌تی، داپچڕان و وازهێنان له‌ناو کادر و هه‌ڵسووڕاوانی ڕێکخستندا ده‌ستی پێ کرد.
زۆرێک له مه‌سه‌له شه‌خسی و تایبه‌تییه‌کان ده‌بوونه مه‌سه‌له‌ی گه‌وره و هه‌ڵوێستیان لێ وه‌رده‌گیرا. له‌بیرمه، ئه‌و کات بار و دۆخێكی سه‌یر هاته ئاراوه، هه‌ندێک له هاوڕێیانی ناوه‌ند (که خۆم یه‌کێکیان بووم) گله‌یی ئه‌وه‌یان ده‌کرد، که گوشارێکی ته‌شکیلاتی ڕۆژانه‌ی زۆریان له‌سه‌ره و به‌هۆی کۆبوونه‌وه و کاری زۆری ڕێکخستنه‌وه، بواری دیراسه‌کردنیان نییه، تا زیاتر به مارکسیزمی شۆڕشگێڕ ئاشنا ببن. هه‌ندێکی تریشمان (وه‌کوو هاوڕێ موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، که ئه‌و ده‌مه به هاوڕێ ڕێبوار ده‌ناسرا) گله‌یی ئه‌وه‌یان هه‌بوو، که هه‌رچی کاره تیۆرییه‌کانه ئه‌وان ده‌یکه‌ن، که‌چی ده‌د‌رێنه پاڵ که‌سانی (دیاره مه‌به‌ستی من بوو) دیکە. به‌کورتییه‌که‌ی، هەر وەکوو و‌تم، کارگه‌ران بە بنبه‌ست گه‌ییشت.
تا ئه‌و کاته‌ی که سکرتێری ڕێکخستن نه‌بوو، ئه‌توانم بڵێم، که‌سایه‌تیی یه‌که‌می کارگه‌ران بووم. له‌دوا کۆبوونه‌وه‌ی ناوه‌نددا که من ئاماده‌ی بووم، به‌ڕاشکاوانه و‌تم: تا ئێستا هیچ که‌سێک له ئێمه نوێنه‌رایه‌تیی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ ناکات و به بۆچوونی من، کارگه‌ران له ئه‌زمه‌دایه و هه‌م خودی خۆشم هه‌ست ده‌که‌م، که له ئه‌زمه‌ی فکریدام. بۆیه بڕیارم داوه، واز له ئه‌ندامێتیی ناوه‌ند بهێنم و بچمه خواره‌وه، دیراسه بکه‌م.
پاش ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه، ئەو هاوڕێیانە کۆبوونه‌وه‌یه‌کی دیکەیان ڕێک خستبوو، من دواتر زانیم، که به دانیشتنی تری لاوه‌کی خۆیان ئاماده‌یان کردبوو، منیشیان بۆ کۆبوونه‌وه‌که، که لە ماڵی هاوڕێ هیوا حه‌مه ڕه‌ئووف بوو، بانگ کرد. له‌ڕاستیدا من چووم. به‌ڵام هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف که کۆبوونه‌وه‌که‌ی ساز دابوو، کا‌ته‌که‌ی به هه‌ڵه به من و‌تبوو. کاتێک که چووم، زۆرم له ده‌رگا دا، که‌س نه‌ی کرده‌وه، ئیتر منیش بۆ ماڵه‌وه گه‌ڕامه‌وه. پاش ماوه‌یه‌ک عوسمان به‌دوامدا هات و وتی، وه‌ره بۆ کۆبوونه‌وه‌که! من که له‌و هه‌ڵه‌یه زۆر په‌ستبووم، نه‌چووم و و‌تم، من هیچ باسێکم نییه، بڕیاری خۆمم ڕاگه‌یاندووه، ده‌چمه خواره‌وه و دیراسه ده‌که‌م. پاش ماوه‌یه‌ک هاوڕێ جه‌مال (نادر عەبدلحەمید) بۆ لام هات و پێی ڕاگه‌یاندم، که ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تیی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ ده‌که‌ن و من (جەبار) له‌و ڕه‌وته‌دا نیم و ئه‌وان نووسین له‌سه‌ر ئه‌و بار و دۆخه بڵاو ده‌که‌نه‌وه. له وه‌ڵامدا و‌تم، ئه‌وه‌ی که ئێوه ماركسیزمی شۆڕشگێڕن، ئه‌وه بۆچوونی خۆتانه، من قسه‌ی خۆمم له‌م باره‌یه‌وه کردووه. سه‌باره‌ت به‌وه‌ش که نووسراو بڵاو ده‌که‌نه‌وه، زۆر باشه.
به‌ڵام منیش شت ده‌نووسم و مافی خۆشمه له‌ناو ڕێکخستندا بۆم بڵاو بکه‌نه‌وه. له وه‌ڵامدا وتی، ئه‌گه‌ر ناوه‌ند له‌سه‌ری ڕازی بێت، بۆتی بڵاو ده‌که‌ینه‌وه. من زۆر به وه‌ڵامه‌که‌ی پێکه‌نیم و و‌تم، من له دژ ئه‌و بۆچوونانه‌ی ئێستا باسی ده‌که‌یت، که هی ناوه‌نده شت ده‌نووسم، ئیتر چۆن ئه‌وان ڕازی ده‌بن! به‌هه‌ر حاڵ من دڵنیام بڵاوی ناکه‌نه‌وه، به‌ڵام خۆم ئاگاداری هه‌موو هێڵه‌کانی ڕێکخستنم و پێیانی ده‌گه‌یەنم. پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی تر به مه‌لا سیروانی برامدا، که ئه‌ویش کارگه‌ران بوو، هه‌واڵی ده‌رکردنمیان بۆ نارد. به بیستنی هه‌واڵه‌که به‌په‌له بۆ ماڵی موئه‌یه‌د که له نزیک ماڵی خۆمان بوو، چووم، هه‌ستم کرد، خۆی لێ شاردمه‌وه و نه‌هاته ده‌ره‌وه! دوای چه‌ند ڕۆژێک عوسمانی حاجی مارف بۆ ماڵه‌وه بۆ لای مه‌لا سیروان هات، تاوه‌کوو هه‌ندێک چه‌ک و که‌لوپه‌لی تر که له لای بوو، وه له حه‌شارگه‌یه‌کدا هه‌ڵگیرابوو، وه‌ربگرێته‌وه. به عوسمانم وت: حه‌قی خۆمه بزانم، له‌سه‌ر چی ده‌رتان کردووم؟ به‌بێ زه‌حـمه‌ت ده‌قی ئه‌و بڕیاره‌م بۆ بنێرن! له وه‌ڵامدا وتی، کە ئێمه هیچت بۆ نانێرین، نووسین له‌سه‌ری بڵاو ده‌که‌ینه‌وه. و‌تم، نووسین شتێکی تره، من داوای ئه‌و به‌شه له گوزارشی کۆبوونه‌وه‌که ده‌که‌م، که په‌یوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه.
دیسانه‌وه وتی، کە ئێمه هیچ نانێرین. هه‌روه‌ها پێم وت، هه‌ندێ قسه‌ی شه‌خسیم له‌سه‌ر ئێوه بیستۆته‌وه، ڕایگرن، جوان نییه! ئه‌م قسانه ئاسانه هه‌موو که‌سێک بیکات، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی بۆ کرد و ڕۆیشت. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، نازانم، له‌سه‌ر چی ده‌رکرام! به‌ڵام ئیتر من په‌یوه‌ندی شه‌خسیم له‌گه‌ڵ پچڕین و یه‌کمان نه‌دییه‌وه، تا پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق. له‌وه ئه‌چێت، هاوڕێیانی ناوه‌ند بڕوایان به قسه‌کانی دوا کۆبوونه‌وه‌م نه‌کردبێت و وایان زانیبێت، که من به نیازی جیابوونه‌وه‌م. چونکه پێشتر هه‌ندێکیان (به تایبه‌تی هاوڕێ موئه‌یه‌د) زۆر له‌وه نیگه‌ران بوون، که من جارجار هه‌ندێک هاوڕێی ڕێکخستنم به شه‌خسی ده‌بینی. له‌وانه، سه‌رداری قه‌ڵادزێ که زۆر له نزیکه‌وه ئاگاداری باسه‌کانی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ بوو و فارسییه‌کی باش فێر ببوو. ته‌های حه‌مه ڕه‌ش و نه‌بیلی موهه‌ندیس، که هه‌رسێکیان له شاخ بوون و تازه بۆ ناوشار گه‌ڕابوونه‌وه. هه‌روه‌ها نه‌جات محه‌مه‌د ده‌روێش و نووری که‌ریمی موهه‌ندیس. ئه‌م هاوڕێیانه له کارگه‌ران ناڕازی بوون و ڕه‌خنه‌ی جیدییان لێی هه‌بوو. لێره‌دا به پێویستی ئه‌زانم، ئاماژه به چه‌ند خاڵێک بکه‌م:
یه‌که‌م، ئه‌زمه و بنبه‌ستی کارگه‌ران له ڕاستیدا ئه‌زمه‌یه‌ک بوو، که گشت چه‌پی عێراقی گرته‌وه. باسه‌کانی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ ئه‌گه‌رچی له ئێران و له‌سه‌ر ده‌ستی هاوڕێ مه‌نسوور حیکمه‌ت هاته ئاراوه، به‌ڵام به‌وه نه‌وه‌ستایه‌وه، که پۆپۆلیزم ته‌نها له ئێران‌دا تێک بشکێنێ، به‌ڵکوو ئه‌م کارکرده‌ی له کوردستانی عێراقیشدا درێژه‌ی هه‌بوو. کارگه‌ران که سه‌ره‌کیترین باڵی چه‌پی ئه‌وسا بوو، به‌رزه (به‌ره‌ی ڕزگاریی زه‌حمه‌تکێشان)، هه‌روه‌ها “گرووپی کار”یش، ئه‌گه‌ر چی ئه‌مان هه‌ندێک جیاوازییان له‌گه‌ڵ دوو ڕێکخراوه‌که‌ی تردا هه‌بوو، که زیاتر چه‌پی لیبراڵ بوون، که‌چی ئه‌مانیش هه‌ر ئه‌و کاته به‌و بیانووه‌ی که پرۆلیتاریا له عێراقدا وه‌کوو پرۆلیتاریای ئه‌ورووپا پێشکه‌وتوو نییه، بارگه‌یان به‌ره‌و ئه‌ورووپا پێچایه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه که خودی تێكشکانی پۆپۆلیزم له ئێران ئه‌نجامێکی عه‌مه‌لیی به‌رجه‌سته‌ی لێ که‌وته‌وه و به پێكهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆتایی هات، که‌چی له عێراقدا یان له کوردستاندا ئه‌م ئه‌نجامه‌ی به‌ده‌سته‌وه نه‌دا، به‌ڵکوو ٧ تا ٨ ساڵی تر و ئاڵوگۆڕی زۆر جیدیتری ویست، تا بگاته ئه‌وه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق پێک بێت.
دووهه‌م: بنبه‌ستی کارگه‌ران و درووستبوونی ڕه‌وتی کۆمۆنیست نه‌ک هه‌ر نه‌بووه مایه‌ی یه‌کریزی یاخود هاتنه‌کایه‌ی هێڵێکی سیاسی_ فکری و پێکهاتنی ڕێکخراوی سه‌ربه‌خۆ، که زۆربەی مه‌حفه‌ل و گرووپه چه‌په‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه کۆ بکاته‌وه و له ئاستی سیاسی‌دا بتوانێت ببێته هێزێکی به‌رچاو، هه‌م له‌ناو چینی کرێکاردا و هه‌م له ئاستی کۆمه‌ڵگادا، بەڵکوو ئه‌وه‌ی که درووست بوو، مه‌حفه‌لێک یان له باشترین حاڵ‌دا ڕێکخراوێکی تر چووه پاڵ مه‌حفه‌له‌کانی تر به هه‌ندێک ئاڵوگۆڕی زۆر مه‌نفییه‌وه، که له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه سیکتاریزمه.
به درووستبوونی ڕه‌وت کۆمه‌ڵێک کادری به‌رجه‌سته په‌رته‌وازه بوون و ناوه‌ندیی ڕه‌وت ته‌نها به بیانووی ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه ڕه‌خنه‌یان هه‌یه، ئیجرائاتی له‌گه‌ڵدا کردن، که ئه‌ویش دوورخستنه‌وه بوو.
دۆخەکە گه‌ییشته ئاستێک که به پێوانه‌ی زۆر و‌رد ڕاده‌ی یه‌کڕابوون، یان جیاوازی له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی “ڕه‌وت”دا ببووه پێوانه بۆ ئه‌ندامه‌تی له ڕه‌وتدا.
جگه له‌مانه، مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی به‌رنامه کرایه بیانوویه‌ک بۆ ده‌رگا داخستن له‌سه‌ر هه‌ر جۆره هه‌ڵسووڕانێکی سیاسیی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌تی له‌ناو چینی کرێکاردا. ئه‌مه به‌ده‌ر له ڕاستی و درووستی ئه‌و قسه‌یه‌ی که ئه‌و سه‌رده‌مه به‌ناوی هاوڕێ نادر عه‌بدلحه‌میده‌وه بڵاو بووه‌وه، که گوایه وتبێتی: ئێمه ڕۆشنفکرێکی کۆمۆنیست به ١٠ کرێکاری پێشڕه‌و ناگۆڕینه‌وه. خودی ئه‌م وته‌یه باری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ڕه‌وتی عه‌کس ده‌کرده‌وه.
خوێندنه‌وه و دیراسه هه‌موو شتێک بوو. ماوه‌یه‌ک هه‌واڵی ئه‌وه بڵاو بووه‌وه، که هاوڕێیانی ڕه‌وت خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ن. ماوه‌یه‌کی تر، ئاها ڕه‌وت ته‌واوی دانراوه‌کانی لێنینیان ده‌ستکه‌وتووه. من نه ئێستا و نه ئه‌و کاتیش له بایه‌خی ئه‌م کارانه که‌م ناکه‌مه‌وه، به‌ڵام کاتێک که ئه‌مانه جێی هه‌ڵسووڕانی سیاسی ده‌گرێته‌وه، ئیتر مه‌سه‌له‌که شتێکی تره.
سێهه‌م: مارکسیزمی شۆڕشگێڕ که له‌به‌رامبه‌ر پۆپۆلیزمی باوی ناو چه‌پی ئێران‌دا سه‌ری هه‌ڵدا و تێکی شکاند، بۆ خۆی ڕه‌وتێکی فکریی سیاسی بوو و له ڕاستیدا له یه‌ک خاڵی سه‌ره‌کیدا چڕ ده‌بووه‌وه: گه‌ڕانه‌وه بۆ ئوسووڵی مارکسیزم و پاککرنەوەی ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ی که له ئه‌نجامی باڵاده‌ستی ڕه‌وته بۆرژوازییه جۆراوجۆره‌کانی وه‌ک، ستالینیزم، ماویزم، ترۆتسکیزم… له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیدا، لێی نیشتووە، کە خه‌باتی چینی کرێکار به لاڕێدا ده‌بات. ئه‌م بزووتنه‌ویه له ڕاستیدا بزووتنه‌ویه‌کی فکری بوو و به پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆتایی هات. ئه‌رکی له‌وه به‌دوای کۆمۆنیسته‌کان بریتی بوو، له‌وه‌ی که هاوڕێیانی ئێران له کۆنگره‌ی دووی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانه‌وه ناویان لێ نا، به کرێکاریکردنی کۆمۆنیزم و دواتریش له سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا به‌رجه‌سته بووه‌وه. هاوڕێیانی ڕه‌وت له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م گرووپ و مه‌حفه‌له‌کانی چه‌پی کوردستاندا کاتێک شه‌ڕیان له‌سه‌ر به مارکسیزمی شۆڕشگێڕبوون ده‌کرد، که‌چی خودی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ کۆتایی هاتبوو و له‌م شه‌ڕه‌شدا تاکه پێوانه قبووڵکردنی تێگه‌ییشتنی ڕه‌وت له مارکسیزمی شۆڕشگێڕ بوو. ئیتر بواری هیچ جۆره جیاوازییه‌ک نه‌بوو، ده‌نا ده‌بوویته ئیکۆنۆمیست، پاسیڤیست و زۆر شتی تر.
به‌کورتییه‌که‌ی بڵێم، ڕه‌وت هه‌ر ئه‌و کاره‌ی کرد، که گرووپ و مه‌حفه‌له‌کانی تری چه‌پ کردیان و هه‌ر هه‌موویان به‌یه‌که‌وه بوونه مارکسیزمی شۆڕشگێڕ. دیاره له کاتێکدا و به‌ده‌ر له‌وه‌ی که کامیان زۆر مارکسیست بوون، پێداویستی به‌ره‌وپێشبردنی خه‌باتی چینایه‌تی شتێکی تر بوو، نه‌ک ئه‌وه‌ی ڕه‌وت و مه‌حفه‌له‌کانی تر. له‌دوا قۆناغیشدا هه‌ر به‌یه‌که‌وه، ڕه‌نگه بڵێم، هه‌ندێکیان ئاسانتر له ڕه‌وت به‌ره‌وپیری کۆمۆنیزمی کرێکاری چوون و به ڕۆحییه‌تێکی کۆمۆنیستی کراوه‌تر و به‌مه‌رجی که‌متر و سیکتاریزمێکی سووکتر له‌وه‌ی ڕه‌وت حیزبیان پێک هێنا.
سالار ڕەشید: لە لایەن ته‌واوی سازمان و ئه‌ڵقه کۆمۆنیستییه‌کانه‌وه ڕه‌وتی کۆمۆنیست وه‌ک ڕێکخراوێکی سیکتاریست و ئاکادیمیست، وه لە لایەن یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان و باقی حیزبه ناسیۆنالیسته کوردستانییه‌کانه‌وه ته‌نها ڕه‌وت وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیست دەناسرا. بۆ ئه‌م دوو حاڵه‌ته چ شرۆڤه‌یه‌کت هه‌یه؟
جه‌بار مسته‌فا:
ئه‌م دوو حاڵه‌ته ناکوک و دژ به‌یه‌ک نین. ده‌کرێ ڕێکخراوێك له ئاستێکی عه‌له‌نی و فراواندا هه‌م لە لایەن حیزب و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانه‌وه و هه‌م له ئاستی جه‌ماوه‌ریشدا بناسرێت، له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌مان ڕێکخراو ده‌کرێت، سیکتاریست و ئاکادیمیست و ته‌نانه‌ت شتی تریش بێت. ئه‌وه‌ی که ته‌نها ڕه‌وتی کۆمۆنیست له لایه‌ن حیزبه ناسیۆنالیسته کورده‌کانه‌وه دەناسرا، به بۆچوونی من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ته‌نها ڕێکخراوی ڕه‌وت له یه‌که‌مین ڕۆژه‌کانی مارتی ١٩٩١وه خۆیان وه‌ک ڕێکخراوێکی سیاسی ناساند و هه‌ر زوو باره‌گا و مه‌قه‌ڕیان کرده‌وه و ئاڵای سووری ڕێکخراوه‌که‌یان له‌سه‌ر به‌رز کرده‌وه، هێزی چه‌کداریان له چه‌ند شارێک پێک هێنا، ئه‌وان ته‌نانه‌ت له شووراکانیشدا جه‌ختیان له سه‌ربه‌خۆیی و جیاوازیی خۆیان له‌گه‌ڵ ڕێکخراو و گرووپه چه‌په‌کانی تر ده‌کرده‌وه. هه‌ڵسووڕاوه‌کانیان به ناوی ڕه‌وته‌وه قسه و بانگه‌وا‌زیان ده‌کرد و وتاریان ده‌خوێنده‌وه. له کاتێکدا باقی هه‌ڵسووڕاوانی تر وه‌ک که‌سانێکی کۆمۆنیست یان چه‌پ، واته، به‌بێ ناو هه‌مان کاریان ده‌کرد. له ڕۆژانی دواتریشدا ڕه‌نگه له گه‌ڵ حیزب و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی تردا گفتوگۆ و په‌یوه‌ندییان گرتبێت. ئه‌م کاره‌ی ڕه‌وت بێگومان کارێکی ئیجابییه و ئه‌و ئه‌نجامه‌ی لێ که‌وته‌وه.
سالار ڕەشید: تۆ یه‌کێک بووی له بنیاتنه‌رانی “ئه‌ڵقه‌ی کۆمۆنیستیی بڵێسه”، له چ ساڵێکدا ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه پێک هات؟ کێ بوون بنیاتنه‌رانی؟ چ کاره بوون؟ خه‌ڵکی چ شار و ناوچه‌یه‌ک بوون؟ ئه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی که ده‌که‌وێته نێوان وازهێنانت له هێڵی “کارگه‌ران” تا ده‌گاته پێکهێنانی ئه‌ڵقه‌ی کۆمۆنیستی بڵێسه هیچ کۆڕ و کۆمه‌ڵێکتان هه‌بوو؟ بیرۆکه‌ی پێکهێنانی ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه چۆن په‌یدا بوو؟ ئامانجێک که له‌به‌رده‌م خۆی داینابوو، چی بوو؟ پاش ماوه‌یه‌ک نێوی ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه به ده‌سته‌ی کرێکارانی پێشڕه‌و ده‌گۆڕن! ئایا په‌یوه‌ندی به چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی ئه‌ڵقه‌که‌تانه‌وه هه‌بوو؟
جه‌بار مسته‌فا:
له‌ڕاستیدا من که وازم هێنا، یان له کارگه‌ران “ده‌رکرام”، ته‌نها نه‌بووم، ئه‌و پرۆسه‌ی وازهێنانه یان ده‌رکردنه، پر‌ۆسه‌یه‌کی به‌کۆمه‌ڵ بوو، سه‌ر تا پێی کارگه‌رانی گرته‌وه، له خوارەوە بۆ ئه‌ڵقه‌ی ناوه‌ند. له ئاستی ناوه‌نددا له‌تیفی شێخ عومه‌ر وازی هێنا و تا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک دوای ئه‌وه له‌کاری سیاسیماندا به‌یه‌که‌وه ماینه‌وه. ئاسۆی که‌ریم زه‌ند هه‌ر زوو به‌ره‌وه ئێران ڕۆی و له‌وێوه بۆ ئه‌ورووپا. هۆشیار قادر له کاری سیاسی و ڕێکخراوه‌یی کشایه‌وه. به‌ختیار مسته‌فا پاش ماوه‌یه‌ک بۆ ئه‌ورووپا ڕۆیشت. هیوا حه‌مه ڕه‌ئووف وازی هێنا. به‌کورتییه‌که‌ی، له ناوه‌ندی کارگه‌ران ته‌نها موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، عوسمانی حاجی مارف و نادر عەبدلحەمید (که تازه ببووه ئه‌ندامی ناوه‌ند) مانه‌وه. له ئاستی کادر و هه‌ڵسووڕاوانی خوار ناوه‌ند، ژماره‌یه‌کی زۆر وازیان هێنا، یاخود ناوه‌ندی ڕه‌وت لێیانی نه‌پرسییه‌وه، که ئه‌سته‌مه ناوی گشتیانم بیر بێته‌وه. به هه‌ر حاڵ له‌گه‌ڵ واز‌هێنانمدا باسه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه تا چه‌ند مانگێک به‌رده‌وام بوو.
له‌و کاته‌دا په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆم به‌م هاوڕێیانه‌وه هه‌بوو: نه‌جات محه‌مه‌د ده‌روێش، نووری که‌ریمی موهه‌ندیس، عه‌دنان که‌ریم (ئه‌حمه‌د موعین)، له‌تیفی شێخ عومه‌ر، ته‌های حه‌مه ڕه‌ش، سه‌رداری قه‌ڵادزێ، نه‌بیلی موهه‌ندیس، سیروان مسته‌فای برام، کامیلی پارێزه‌ر، هه‌روه‌ها ستار محه‌مه‌د که‌ریم (فوئاد سادق) و عوسمان محه‌مه‌د که‌ریم له گه‌رمیان. دیاره ئه‌م هاوڕێیانه‌ش که‌م تا زۆر په‌یوه‌ندیی تریان هه‌بووه.
ئێمه به‌هیچ جۆرێک هه‌وڵی لەتبوونی ڕەوتمان نه‌دا. هه‌ر وه‌کوو و‌تم، باسه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه زیاتر هه‌ڵسه‌نگاندنی کارگه‌ران و پرۆسه‌ی واز‌هێنانی هه‌ڵسووڕانی تازه‌ی ڕه‌وت بوو. له‌و هاوڕێیانه هێندێکیان ڕۆیشتن بۆ ئه‌ورووپا.
پاش چه‌ند مانگێک و له وه‌ڵام به‌وه‌ی چی بکه‌ین، وه به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کادری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا پته‌و کردبووه‌وه، هاتینه سه‌ر ئه‌وه‌ی که له زستانی ساڵی ١٩٨٥دا ئه‌وه‌ندەی بیرم بێت، هاوڕێیان نه‌جاتی موهه‌ندیس، سیروان مسته‌فا، عه‌دنان که‌ریم و من ئه‌ڵقه‌ی کۆمۆنیستیی بڵێسه‌مان دامه‌زراند و یه‌کسه‌ر په‌یوندیمان به گشت ئه‌و هاوڕێیانه‌ی که پێشتر ناوم هێنان، جگه له سه‌رداری قه‌ڵادزێ کرد. له‌گه‌ڵ نه‌بیلی موهه‌ندیس که ڕۆیشت بۆ ئه‌ورووپا، ڕه‌خنه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان له ڕه‌وت ئه‌وه بوو، که ئه‌وان به بیانووی نه‌بوونی به‌رنامه‌وه، ڕێگای هه‌ڵسووڕانی سیاسی به‌تایبه‌تی له‌ناو کرێکاراندا ده‌به‌ستن. ده‌کرێ هه‌ر ئێستا به‌م توانا فکری و سیاسییه‌ی خۆمانه‌وه بۆ کاری هۆشیارکردنه‌وه ده‌ستبه‌رین.
به ڕێکخستنی کرێکاران له ئه‌ڵقه و مه‌حفه‌لی کۆمۆنیستیدا، وه‌ڵام به مه‌سه‌له‌ی خه‌باتی ڕۆژانه‌یان بده‌ینه‌وه. هه‌ر زۆر زوو و به نووسراو وه‌ڵامی بڕیاری حکوومه‌تی به‌عسمان سه‌باره‌ت به به‌فه‌رمانبه‌رکردنی چینی کرێکار که له نووسینی من بوو، دایه‌وه. نووسراوێکمان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی که له نووسینی عه‌دنان بوو، بڵاو کرده‌وه. یه‌کێک له باسه سه‌ره‌تایییه‌کانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به سۆڤێت، که من بۆ عه‌ره‌بی وه‌رمگێڕابوو، بڵاو کرده‌وه.
له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین نووسراو، ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌کی که بریتی بوون له: نه‌جاتی موهه‌ندیس، سیروان مسته‌فا، عه‌دنان که‌ریم و من (هه‌ر هه‌موومان له سلێمانی ده‌ژیاین) له‌سه‌ر ناوی ئه‌ڵقه‌ی کۆمۆنیستیی بڵێسه ڕێک که‌وتین. له تاقیکردنه‌وه‌ی ساڵانی پێشووه‌وه ئه‌وه فێربووین، که هه‌رگیز بەبێ ناو کار نه‌که‌ین.
ئه‌ندامانی بڵیسه به‌واقیعی له شاره‌کانی سلێمانی، که‌رکووک، هه‌ولێر، که‌لار بوونیان هه‌بوو. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌ستمان بۆ پێکهێنانی ئه‌ڵقه‌ی کرێکاری له شوێنی ژیان و کاریاندا برد. هاوڕێ نه‌جات له گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قامی سلێمانی که‌سێکی ناسراو و به ئۆتۆریته بوو. هه‌ر ئه‌و کات هه‌ستمان ده‌کرد و له ساڵانی دوایشدا بۆمان ده‌رکه‌وت، که تۆڕێکی فراوانی له هه‌ڵسووڕاوانی کۆمۆنیست که ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ له سلێمانی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان دەستی پێ کرد، پێک هێنابوو. من ده‌ستم گه‌ییشت به کارگه‌ی چیمه‌نتۆی سه‌رچنار و ئه‌ڵقه‌یه‌کی دوو که‌سیم له‌وێ پێک هێنا.
خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کیی بڵێسه کرانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به هه‌ڵسووڕاوانی چه‌پ چ وه‌ک ڕێکخراو چ وه‌ک تاک بوو. ئه‌و سیکتاریزمه ڕێکخراوه‌یییه‌ی که به درووستبوونی ڕه‌وتی کۆمۆنیست ته‌شه‌نه‌ی کرد، به درووستبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی بڵێسه پاشه‌کشه‌یه‌کی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی.
ئه‌وه‌نده‌ی من له ڕووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی چه‌پ ئاگادار بم، سه‌رجه‌م ڕێکخراوه‌کان و زۆرێک له هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌ڵقه و مه‌حفه‌له جیاجیاکانی چه‌پ له‌و سه‌رده‌مه‌دا، جگه له ڕه‌وت، جۆرێک له په‌یوه‌ندیی دۆستانه، هاوکاری، بیروڕاگۆڕینه‌وه له‌نێوانیاندا هه‌بوو. به‌ڵام هاوڕێیانی ڕه‌وت هیچ جۆره حیسابێکیان بۆ ئه‌و ته‌یفه فراوانه نه ده‌کرد. له‌بیرمه که هاوڕێ سه‌ڵاحی موهه‌ندیس (حه‌یده‌ر هیدایه‌ت)مان ناسی، هاوڕێیانی ئێمه له که‌لار (فوئاد و عوسمان) بۆ ماوه‌یه‌کی باش له ماڵی خۆیاندا حه‌شاریان دا و ته‌نانه‌ت مه‌سره‌فی ڕۆژانه‌شیان ئەکێشا. پاش ئه‌وه‌ی بڕیاری دا، بۆ سلێمانی بێت، ئێمه نه‌ک هه‌ر شوێنی ژیانیمان بۆ ماوه‌یه‌کی باش بۆ دابین کرد، به‌ڵکوو له‌و پرۆژه مالییه‌ی که له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هاوڕێی تردا هه‌مان بوو، مانگانه‌مان بۆ بڕییه‌وه. من بۆخۆم چه‌ند جارێک له هه‌ڵه‌بجه (که له ماڵیکدا له‌گه‌ڵ سامان که‌ریم ده‌ژیا و بەمەرجێک من نه له‌گه‌ڵ سامان و نه له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر له‌باری سیاسییه‌وه ده‌گونجاین) سه‌ردانیم کرد. هه‌روه‌ها به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ په‌یوه‌ندییه‌کی هاوڕێیانه‌مان له‌گه‌ڵ هاوڕێ ڕێبوار ئه‌حمه‌دی ئێستا هه‌بوو، که بۆ ڕۆژێکیش ئه‌ندامی بڵێسه نه‌بوو. له‌ڕاستیدا په‌یوه‌ندیمان گه‌ییشتبووه ڕاده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵسووڕانی زۆر تایبه‌ت، که مه‌ترسی زۆر جدی بۆ سه‌ر ژیانی هه‌ر دوو لامان هه‌بوو.
به هه‌ر حاڵ، یه‌کێک له مه‌یدانه زۆر گرنگه‌کانی هه‌ڵسووڕانی بڵێسه ئه‌و کۆمه‌که مالییه بوو، که مانگانه بۆ کۆمه‌ڵه و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی ده‌نارد. سه‌رچاوه‌ی ئه‌و کۆمه‌که پرۆژه‌یه‌کی دەستبەسەراگرتن له به‌غدا بوو. ئه‌وه‌نده‌ی بیرم بێت، له ناوه‌ڕاستی ١٩٨٧ه‌وه دەستی پێ کرد و نزیکه‌ی ٢ ساڵی خایاند. ٢ تیم ئه‌نجامیان ده‌دا، تیمی یه‌که‌م، ڕێبوار ئه‌حمه‌د و وه‌ستا عه‌لی کفری، تیمی دووهه‌م فوئاد سادق و من. له‌و کۆمه‌که یارمه‌تی مانگانه‌ی هێندێک هاوڕێ ده‌درا، له‌وانه من و ته‌های حه‌مه ڕه‌ش. هه‌روه‌ها مانگانه‌مان بۆ هێندێک هاوڕێی ده‌ره‌وه‌ی بڵێسه بڕیبووه‌وه، له‌وانه حەیده‌ر هیدایه‌ت و مانگانه‌ش ١٠٠٠ دیناری عێراقیمان بۆ کۆمه‌ڵه به‌ناوی هاوڕێیانی کۆمۆنه‌وه ده‌نارد، که هه‌موو جارێكیش له ڕادیۆ‌ی کۆمه‌ڵه‌وه ده‌خوێنرایه‌وه. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی که جارجار داوای کۆمه‌کی فه‌و‌رییان به‌تایبه‌تی بۆ ڕادیۆ‌ی کۆمه‌ڵه لێ ده‌کردین.
نووسراوه‌کانی بڵێسه هه‌ر هه‌موویان جگه له به‌یاننامه‌کان که به ڕۆنیۆی ده‌ستی ئاماده‌مان ده‌کردن، ده‌ستنووس بوون. دیاره تیراژیان که‌م بوو، باسه سیاسییه‌کان له ١٠ ژماره و به‌یاننامه‌کانیش له چه‌ند سه‌دێک تێنه‌ده‌په‌ڕین.
ماوه‌ته‌وه ئه‌وه بڵێم، که ئه‌ڵقه‌ی کرێکارانی پێشڕه‌و هه‌مان ئه‌ڵقه‌ی بڵێسه‌یه و له‌ڕاستیدا پاش گرتنی هاوڕێ نه‌جات من و عه‌دنان بڕیارمان دا، که تا چاره‌نووسی نه‌جات ئاشکرا نه‌بێت، هیچ شتێک به ناوی بڵێسه‌وه بڵاو نه‌که‌ینه‌وه، نه‌وه‌ک فشاری لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر زیاتر بکات. به هه‌ر حاڵ پاش ئه‌وه‌ی بۆمان ده‌رکه‌وت، که ئه‌و هاوڕێ ئازیزه‌مان له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیانی له‌ده‌ست داوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک وشه بدرکێنێت، دیسانه‌وه ناوی بڵێسه‌مان به‌کار هێنایه‌وه.
هاوڕێ نه‌جات له ڕۆژی ٢٩/٤/١٩٨٧ له خاڵی پشکنینی که‌رکووک_ سلێمانی به کۆمه‌ڵێك به‌یاننامه‌ی بڵێسه‌وه که به بۆنه‌ی یه‌کی ئایاره‌وه ده‌ریکردبوو و به‌ته‌ما بوو بۆ هەولێر بیانبات و له‌وێ بڵاویان بکاته‌وه گیرا. هه‌ر له‌وێ هه‌وڵی ڕاکردنی دابوو، به‌ڵام گرتبوویانه‌وه و پاش چه‌ند ڕۆژێکی که‌م له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیانی له‌ده‌ست دا. پاش چه‌ند مانگێک که ئەو هەواڵەمان بیست، من بۆ که‌رکووک چووم و له‌ڕێی دۆستێکمانه‌وه (ئیسماعیل عەبدلقادر) زانیمان، که ته‌رمه‌که‌یان داوه‌ته شاره‌وانی که‌رکووک و له گۆڕستانی شێخ محێدین له که‌رکووک ناشتوویانه.
سالار ڕەشید: له‌و ده‌مه‌دا چ ئه‌ڵقه و سازمانێکی دیکه‌ی کۆمۆنیستی له ئارادا بوون؟ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵیاندا چۆن بوو؟ قه‌واره‌ی ئه‌م ڕێکخراوه پێش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌ند بوو؟ بازنه‌ی هه‌ڵسووڕانتان کوێی گرتبووه‌وه؟
جه‌بار مسته‌فا:
پاش پێکهاتنی بڵێسه به ماوه‌یه‌کی که‌م و له ڕێگای فوئاد سادق و عوسمانی برایه‌وه و هه‌ر له ماڵی خۆشیان له که‌لار به هاوڕێ حەیده‌ر هیدایه‌ت ئاشنا بووم. دیاره پاش قسه و باسێکی کورت ئێمه زانیمان که ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به چه‌ند هاوڕێیه‌کی تره‌وه هه‌یه و به‌بێ ناو کار ده‌که‌ن. هه‌ر دوو لامان بۆمان ده‌رکه‌وت، که جیاوازیی فکریی سیاسیمان هه‌یه و ناکرێ داوای کارکردنی له بڵێسه‌دا لێ بکه‌ین. به‌ڵام هاوکاری و نزیکایه‌تیمان وه‌ک خۆی مایه‌وه. پاشان ئه‌و ڕۆیشته سلێمانی و له‌وێ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کی تری‌دا (خه‌سره‌و سایه‌ی ئێستا، سامان که‌ریم و…) “ده‌سته‌ی پێشڕه‌وانی پرۆلیتاریا”یان پێک هێنا. دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیمان تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سته و بڵێسه هه‌ر مایه‌وه. جگه له‌و، هه‌ر وه‌کوو پێشتریش ئاماژه‌م پێی دا، هه‌ر له ماڵی فوئاد و عوسمان ڕێبوار ئه‌حمه‌دم ناسی، که ماوه‌یه‌ک بوو له کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران جیا بووبووه‌وه و ده‌مان زانی که ئه‌وانیش گرووپێکن و نزیکایه‌تی فکریی سیاسی و ته‌نانه‌ت شه‌خسیش له‌نێوانماندا زۆر به‌هێز بوو.
پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌و چووه لای کۆمه‌ڵه بۆ ده‌وره‌ی ئامووزشی و پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ندێک ورده‌کاری ڕێک نه‌که‌وتین، ڕه‌نگه ئێستا بڵێم، بیرم نایات، که چی بوون. پاشان ئه‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێیان: سالار ڕه‌شید و ڕەحمان داود “کۆمه‌ڵه‌ی تێکۆشه‌رانی کۆمۆنیست/ کۆتک”یان پێک هێنا و بڵاوکراوه‌ی “به‌ره‌و سۆسیالیزم”یان ده‌رده‌کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وەشدا ئێمە په‌یوه‌ندیی سیاسیی پته‌ومان لەنێواندا هه‌بوو. به‌جۆرێک که هه‌موو ژماره‌کانی “به‌ره‌و سۆسیالیزم”ی بۆ ده‌هێناین و له‌سه‌ر زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه بیروڕامان ده‌گۆڕییه‌وه. ئه‌مه جگه له‌و چالاکییه‌ی که پێشووتر باسم کرد. په‌یوه‌ندیمان هه‌ر به‌رده‌وام بوو، تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کێتیی خه‌باتی کۆمۆنیسته‌کان و بڵێسه. له‌ڕاستیدا دوای ئه‌و قۆناغه په‌یوه‌ندیی من و ڕێبوار چووه ئاستێکی تره‌وه.
به تایبه‌تی لەدوای سه‌رهه‌ڵدانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئاشنابوونمان پێی. ئیتر وه‌ک دوو که‌سی نزیک له‌یه‌ک، بێ ئومێد له چه‌پی ئه‌وسا، به‌دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤێکدا ده‌گه‌ڕاین. تا کار به‌وه گه‌ییشت، هاته سلێمانی و بۆ ماوه‌یه‌ک له ماڵی خۆمان ده‌ژیا. سه‌ره‌تا هه‌ردووکمان به “کۆمه‌ڵه‌ی کرێکارانی ١ی ئایار”ه‌وه په‌یوست بووین و دواتر “یه‌کێتیی خه‌باتی کۆمۆنیزمی کرێکاری”مان له‌گه‌ڵ تاهیر حه‌سه‌ن و عه‌دنان که‌ریمدا پێك هێنا.
سالار ڕەشید: ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه که‌ی هه‌ڵوه‌شایه‌وه؟ بۆچی؟
جه‌بار مسته‌فا:
بڵێسه وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌ڵقه و ڕێکخراوه‌کانی چه‌پ، به سه‌رهه‌ڵدانی باسه‌کانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئاشنابوونی هه‌ڵسووڕاوانی چه‌پ پێیان، هه‌روه‌ها بەبێ وه‌ڵام مانه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر بار و دۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌وسای عێراق، تووشی قەیران و بنبه‌ست بوو. ئه‌گه‌رچی چه‌پی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کوردستان زیاتر ڕه‌وتێکی فکری بوو و که‌متر بار و دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی کۆمه‌ڵگا و به‌تایبه‌تی ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتی چینی کرێکار کاری تێ ده‌کرد. هه‌ر بۆیه به بۆچوونی من له بنبه‌ستبوونیدا فاکته‌ری یه‌که‌م زیاتر ڕۆڵی بینی.
من پێشتر ئاماژه‌م به‌وه دا، که مارکسیزمی شۆڕشگێڕ وەک ڕه‌وتێکی فکریی سیاسی، له ئه‌نجامی شۆڕشی ئێران و له‌به‌رامبه‌ر پۆپۆلیزمدا سه‌ری هه‌ڵدا و به پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران به ئه‌نجامی خۆی گه‌ییشت. له کۆنگرەی دووهەمی هه‌مان حیزبه‌وه هاوڕێیانی ئێران به‌تایبه‌تی مه‌نسوور حیکمه‌ت ئه‌م ڕاستییه‌ی وتووه، که به‌ره‌وپێشبردنی خه‌باتی چینی کرێکار به‌تایبه‌تی له ئاڵوگۆڕه جیهانداگره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، پێویستی به شتێکی تری زیاتر له مارکسیزمی شۆڕشگێڕه. که‌چی چه‌پی عێراق هه‌تا ماوه‌یه‌کی زۆر و نزیک له ساڵی ١٩٨٧_ ١٩٨٨ له هه‌مان پرۆسه‌ی بوون به مارکسیزمی شۆڕشگێڕ‌دا بوون.
به هه‌ر حاڵ، بار و دۆخی سیاسیی ئه‌وسای عێراق و کوردستان، جه‌نگی عێراق و ئێران و درێژه‌کێشانی بۆ ماوه‌ی ٨ ساڵ و ئاکامه فه‌لاکه‌تباره‌کانی، خه‌ستبوونه‌وه‌ی له ڕاده‌به‌ده‌ری سه‌رکوتی به‌عس و ئاڵوگۆڕه جیهانییه‌کان لە لایه‌ک و بێ وه‌ڵاممانه‌وه‌ی چه‌پ، زۆربه‌ی مه‌حفه‌له‌کانی گه‌یاندبووه بنبه‌ست. ئه‌وه‌نده‌ی به “بڵێسه”وه په‌یوه‌سته، که من یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی بووم، دوو فاکته‌ری گرنگ له‌و ئه‌ڵقه‌یه بێ ئومێدیان کردم.
له سه‌ره‌تای ١٩٨٧وه بۆ دابینکردنی زینده‌گی که‌وتمه پرۆژه‌یه‌کی میرییه‌وه له شاری بێجی که هه‌ندێک کاری کاره‌بامان له‌گه‌ڵ سیروان مسته‌فا و چه‌ند که‌سێكی تردا گرت. ئه‌و پرۆژه‌یه زیاتر له ٤٠٠٠ کرێکاری لێ بوو، که له شوێنه جۆراوجۆره‌کانی عێراق و وڵاته عه‌رەبییه‌کان و ئاسیاوه هاتبوون. ماوه‌ی نزیک به دوو ساڵ له‌وێ ماینه‌وه و تێکه‌ڵاوییه‌کی زۆرمان له‌گه‌ڵ ئه‌و کرێکارانه‌دا په‌یدا کرد. به‌ڕاستی ئه‌وه ده‌رفه‌تێک بوو که تێ بگه‌م، جیهانی ئه‌و چه‌په‌ی کوردستان و جیهانی چینی کرێکار زۆر جیاوازن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی باسه‌کانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و مه‌نسوور حیکمه‌ت و ئیره‌جی ئازه‌رینم ده‌ست ده‌که‌وت و ده‌مخوێندنه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌و بۆچوونه‌م لا پته‌و ده‌بوو. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا عه‌دنان که‌ریم، له‌تیفی شێخ عومه‌ر، فوئاد سادق نووسراوێکیان به ده‌ستخه‌ت نووسی، له ڕوانگه‌ی مارکسیزمی شۆڕشگێڕه‌وه ڕه‌خنه‌یان له بڵێسه گرتبوو و به ئیکۆنۆمیست باسیا‌ن کردبوو، چونکه زیاتر خه‌ریکی کاری عه‌مه‌لییه، نه‌ک به‌رنامه‌یی. که نووسراوه‌که‌م بینی، تێگه‌ییشتم ئه‌مه باسی چه‌ند ساڵێک له‌مه‌و‌به‌ره و پێم وتن، هاوڕێیان: ئه‌م مارکسیزمه شۆڕشگێڕه‌ی ئێوه باسی ده‌که‌ن، له خێو ده‌چێت، هیچ شتێکی دیار نییه، ئاخر کوا ده‌رکه‌وته‌کانی، کوا سوننەتی خه‌بات و هه‌ڵسووڕانی؟! باسه‌که زیاتر له باسه‌کانی ده‌سته‌ی پێشڕه‌وان ده‌چوو و دواتریش زانیم، که هه‌ر به کارکردی ئه‌وان ده‌رچووه. به هه‌ر حاڵ، من له‌گه‌ڵیان نه‌ڕۆیشتم. ئه‌وانیش ناوێکی تریان له خۆیان نا، به‌داخه‌وه ئێستا بیرم نایات که چی بوو.
له‌ولاشه‌وه من له‌گه‌ڵ ڕێبوار ئه‌حمه‌ددا قسه و باسمان ده‌کرد، ئه‌توانم بڵێم، هه‌ردووکمان له چه‌پی ئه‌و ڕۆژگاره بێ ئومێد بووبووین و ورده‌ورده ئومێدی زۆرمان به باسه‌کانی کۆمۆنیزمی کرێکاری په‌یدا ده‌کرد. دیاره هیچ نووسراوێکمان نه‌دیبوو، به‌ڵام بیستبوومان که ڕه‌خنه له مارکسیزمی شۆڕشگێڕ ده‌گرن. به‌م جۆره ئیتر که‌س نه‌ما، به‌ناوی بڵێسه‌وه هه‌ڵسووڕێت و قسه بکات. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد، سه‌رجه‌م ئه‌ڵقه و سازمانه‌کانی تر، جگه له ڕه‌وت چوونه ڕیزی بڵێسه‌وه.
له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٩٠ یان کۆتایی ١٩٨٩ ڕه‌وت نووسراوێکی بڵاو کرده‌وه به ناوی “کۆمۆنیزمی کرێکاری و واقیعه‌تی ئێمه”، که تیایدا ڕایگه‌یاندبوو، ئیتر له‌مه‌ودوا ڕه‌وت سه‌ر به کۆمۆنیزمی کرێکارییه.
سالار ڕەشید: هاوڕێ جه‌بار! یه‌کێتیی خه‌باتی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ ده‌وره‌ی خۆی سازمانێکی چالاک و هه‌ڵسووڕاو بوو. ئه‌گه‌ر بکرێ، ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کمان له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تیی پێکهێنانی ئه‌م سازمانه پێ بده‌یت. کێ بوون بنیاتنه‌رانی؟ چ کاره بوون؟ خه‌ڵکی کوێ بوون؟ هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و ده‌مه، به‌چی خۆتان له‌گه‌ڵ باقیی سازمان و گرووهه‌کانی دیکه جیا ده‌کرده‌وه؟
جه‌بار مسته‌فا:
پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڵێسه، من په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ئه‌ڵقه‌یه‌کی کرێکاری له کارگه‌ی چیمه‌نتۆی سه‌رچنار هه‌ر به‌رده‌وام بوو. له‌ملاشه‌وه له ساڵی ١٩٨٩وه له‌گه‌ڵ ڕێبوار ئه‌حمه‌د په‌یوه‌ندیی سیاسی و شه‌خسیی نزیکمان هه‌بوو، هه‌م به‌یه‌که‌وه کارمان ده‌کرد، هه‌م بۆ ماوه‌یه‌ک له ماڵی ئێمه له سلێمانی ده‌ژیا. له ڕێگای ئه‌وه‌وه به کۆمه‌ڵه‌ی کرێکارانی ١ی ئایار ئاشنا بووم. ڕێبوار هه‌ندێکیانی به شه‌خسی ده‌ناسی. وه‌کوو، تاهیر حه‌سه‌ن و ئیبراهیم محه‌مه‌د (بله سوور). پاش قسه و باسێک له‌سه‌ریان بڕیارمان دا، له‌گه‌ڵیان کار بکه‌ین و بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک بۆ بڵاوکراوه‌که‌یان (خه‌باتی کرێکار) که به‌ده‌ست ده‌نووسرایه‌وه و به تیراژێکی که‌م بڵاو ده‌بوه‌وه، ده‌ستمان به نووسین کرد.
داگیرکردنی وڵاتی کوێت لە لایەن ڕژێمی به‌عسه‌وه بار و دۆخی سه‌رانسه‌ری عێراق و کوردستانی گۆڕی و له ئاستی جیهانیشدا که گه‌رمه‌ی ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات و سه‌رهه‌ڵدانی نه‌زمی نوێی جیهان بوو، مه‌علووم بوو، که عێراق تووشی جه‌نگێکی خوێناوی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا ده‌بێت و ئه‌مه‌ش به ئه‌گه‌ری زۆر ڕاپه‌ڕینی لێ ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌و سه‌رده‌مه ئێمه وه‌ک به‌شێک له چه‌پ که‌وتینه خۆمان و کەوتینە قسه و باس و گفتوگۆی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌و بار و دۆخه.
له میانه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌دا من که عه‌دنان که‌ریمم ده‌ناسی، هه‌ستم ده‌کرد، ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه‌ی دوای بڵێسه پێکیان هێنابوو نه‌ماوه. ڕێبوار و تاهیریش هه‌واڵیان پرسی و سه‌رئه‌نجام له ساڵی ١٩٩٠ له ماڵی ئێمه له سلێمانی له‌سه‌ر پێکهێنانی یه‌کێتیی خه‌باتی کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕێکه‌وتین. ئه‌وه‌ندی من بیرم بێت، له‌و دانیشتنه‌دا ڕێبوار به نوێنه‌رایه‌تی ئه‌ڵقه‌ی ١ی ئایار ئاماده بوو. منیش به نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌ڵقه کرێکارییه‌که‌ی کارگه‌ی چیمه‌نتۆ و عه‌دنانیش به نوێنه‌رایه‌تیی گرووپێک له هه‌ڵسووڕاوان به‌تایبه‌تی له گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قام و جووله‌کانی سلێمانی، له‌وانه: نه‌به‌ز خالید، شه‌ونمی هاوسه‌ری، خالیدی مه‌لا عه‌لی، له‌تیف محه‌مه‌د ده‌روێشی برای هاوڕێ نه‌جاتی موهه‌ندیس و کۆمه‌ڵێک هه‌ڵسووڕاوی تر، که به‌داخه‌وه ناوه‌کانیان نازانم. دیاره ئه‌م هاوڕێیانه له شوێنی خۆیانه‌وه په‌یوه‌ندی تریان هه‌بوو، که من نایانزانم. به‌ڵام ئه‌زانم له که‌رکووک و هه‌ولێریش یه‌کێتیی خه‌بات هه‌ڵسووڕاوی هەبوو.
یه‌که‌م کارێک که ده‌ستمان بۆی برد، ده‌رکردنی پلاتفۆرمێک بوو له‌سه‌ر شۆڕش یان ڕاپه‌ڕینێ که پێمان وابوو، له عێراقدا به‌رپا ده‌بێت. ئه‌وه‌نده‌ی له یادم بێت، له‌و پلاتفۆرمه‌دا باسمان له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی دیمۆکراتیی شۆڕشگێڕ له ڕێگای شوورای کرێکاران و شووراکانی خه‌ڵکه‌وه له کارگه و گه‌ڕه‌که‌کاندا کردبوو. دوابه‌دوای ئه‌وه، که‌وتینه پێکهێنانی کۆمیته‌کانی ڕاپه‌ڕین یان ڕوونتر بڵێم، ده‌ستماندایه هه‌ڵسووڕان له‌و کۆمیتانه‌دا. چونکه ئه‌و کۆمیتانه له زۆر شوێن هه‌ر درووست ده‌بوون.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا جگه له ڕه‌وتی کۆمۆنیست و یه‌کێتیی خه‌بات، سازمان و ئه‌ڵقه‌یه‌کی تری وا نه مابوو، یان لانیکه‌م ئێمه ئاگاداریان نه‌بووین. ده‌سته‌ی پێشڕه‌وانی پرۆلیتاریا دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی باسه‌کانی کۆمۆنیزمی کرێکاری وه‌ک زۆربه‌ی ڕێکخراوه‌کانی چه‌پ تووشی ئه‌زمه‌یه‌کی فکریی سیاسی بوون و به‌تایبه‌تی دوای ده‌ستکێشانه‌وه‌ی حه‌یده‌ر هیدایه‌ت له هه‌ڵسووڕانی سیاسی (که به بڕوای من که‌سی یه‌که‌می ده‌سته بوو) ئه‌زمه‌که‌یان ئه‌وه‌ندەی دیکە قووڵ بووه‌وه. بۆ نه‌گبه‌تیش له‌و ڕۆژگاره‌دا ژماره‌یه‌کی زۆریان که‌وتنه به‌ر زه‌ربه‌ی ئاساییشی ڕژێم و تا ڕاپه‌ڕین له ئه‌منه سووره‌که مانه‌وه.
سه‌باره‌ت به جیاوازی ئێمه و ڕه‌وتیش، جگه له‌و بۆچوونه کۆنه‌ی له‌گه‌ڵ درووستبوونی ڕه‌وتدا هاته کایه‌وه و زۆر جار باس کراوه، مه‌به‌ستم سیکتاریزمی ڕه‌وت و ئاکادیمیستبوونییه‌تی، ئه‌و ڕۆژانه ڕه‌وت هیچ بوارێکی بۆ قسه و باس یان کاری هاوبه‌ش نه ڕه‌خساندبوو و به تێڕوانینێکی تاکڕه‌وانه‌وه ده‌یڕوانییه سازمان و ئه‌ڵقه‌کانی تری چه‌پ. ئه‌م بۆچوونه له ڕۆژانی ڕاپه‌ڕیندا زۆر به‌ڕۆشنی ده‌رکه‌وت و هه‌ڵسووڕاوانیان تا بۆیان بکرایە، نه‌ده‌هاتنه نێو شوورای گه‌ڕه‌که‌کانه‌وه، ئەویش به‌و بیانووه‌ی که ئه‌مانه شوورای خه‌ڵکن و هی کرێکاران نیین. ئه‌گه‌ریش بهاتبانایه، ئه‌وه به ده‌مامکه‌وه ده‌هاتن، بۆئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵک نه ناسرێن. ئه‌مانه جگه له خۆیان هه‌موو چه‌پیان به پۆپۆلیست ده‌زانی. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌م بۆچوونانه له پێکهاتنی حیزبیشدا که‌م تا زۆر ڕه‌نگی دایه‌وه.
ئابی ٢٠١٢
لە کتێبی:
مێژوویەک لە یادەوەریدا
(دیدار سەبارەت بە مێژووی چەپ و کۆمۆنیزم لە کوردستاندا)
ئێدیتۆر
سالار ڕەشید
ل(٢٥-٧٢)