Skip to Content

بەرژەوەندخوازیی، تیرۆریستان دابەشدەکات …. جیهاد موحەمەد

بەرژەوەندخوازیی، تیرۆریستان دابەشدەکات …. جیهاد موحەمەد

Closed
by ئاب 18, 2018 General, Opinion

گومانی تیا نییە، گەورەترین هێزی تیرۆرستیی و داگیرکاریی ئەمەریکا و سیستمی سەرمایەداریە، لەم سەردەمەدا بە دەگمەن وڵاتانێک هەبن توانیبێتیان خۆیان لە هەژموونی سەرمایەداری بپارێزن، یان توانیبێتیان دژایەتی هەژموونی سەرمایەداری بکەن، ئەگەر خۆپاراستن و دژایەتیکردنێکیش هەبێت لە ئارادا بەرامبەر بە ئەمەریکا ئەوە لەو حاڵەتانەدا دروست دەبێت، کە لایەنی دژ و خۆپارێز هەست بە ترسی تەواو هەڵلوشین دەکەن لە لایەن سەرمایەداریەوە، لە ترسی تووشبوون بە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرامبەر بە ئەمەریکا دەوەستنەوە. بۆیە لە دواجاریشدا هەموو یەکدەگرن و بەردەوام لە شەڕ و ئاشتیدا دەبن، ئەم ئامڕازە (شەڕ و ئاشتی) لە نێوان وڵاتانی سەرمایەداریدا سیاسەتێکە بەردەوامی دەدات بەم (نەزمە نوێە) کە لە ڕاستیدا نەزمی نوێ نییە بەڵکو بەزمی نوێیە.

سیاسەتی ترامپ بە ئاشکرا جیاوازە لە سیاسەتی ئۆباما، ئەم پیاوە سەرشێتە هەر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار هەڕەشەو گوڕەشەکانی خۆی لە دەوڵەتانی ئیسلام و دەوڵەتی ئێران نەشاردۆتەوە، ئەم هەڕەشە و تۆقاندنانەش لە پێناوی کۆکردنەوەی سەرمایەیەکی نەختینەیی زەبلاحدا بووە. ترامت بە هەڕەشەکانی دەیەوێت هەژموونە ئابوورییە زەبەلاحەکەی ئەمەریکا کە خۆی دەبینێتەوە لە بازرگانییە گەوەرکان و ناردنی کەلوپەل بۆ وڵاتانی دەرەوەی ئەمەریکا لە بچوکترین ئامێرەوە تا دەگات بە ئوتومبیل و گەمێ و فڕۆکە و چەک و چۆڵێکی زۆری خەزنکارو، هیچ وڵاتێکی وەک چین و روسیا نەتوانن کێبڕکێکی بکەن، لە لایەکی تریشەوە دەخوازێت جگە لە سەپاندنی ئەو هەژموونە ئابووریی و بازرگانیە، سامانێکی نەختینەی گەورەش کۆبکاتەوە لە وڵاتانی وەک سعودیەی عەرەبی و قەتەر و ئێران و چەندین وڵاتی دیکە.

ترامپ زەوینەیەکی باشی لە بەردەستایە بۆ مسۆگەرکردنی ئەم سیاستە هەژموونکاریە، جەنگ و پێکدادانەکانی نێوان سعودیە و ئێران، کە خۆی لە جەنگە نەگریس و نەبڕاوەکەی نێوان هەردوو ئایینزای سوننیگەرایی و شیعەگەریی دەبینێتەوە. لە لایەکی تریش سەرکێشییەکانی ئەکپارتی و ئەردۆغانی سەرشێت، کە دەخوازێت هەڕەشە لە هەموو جیهان بکات و خەلافەتی عوسمانی بهێنێتەوە سەر سەحنی حکومڕانی و ببێت بە کوێخا و دەمسپی هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بە تایبەتی کاتێک کە تورکیا زانیان لە یەکێتی ئەوروپادا قبووڵناکرێن ئیتر بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستیان شت لە رۆژئاوا. لە لایەکی تر دەوڵەمەندیە گەورەکەی قەتەر بووە بەو دوگە چەورەی کە چاوچنۆکانە ئەمەریکا چاوی تێبڕیەوە، دەیەوێت سەدان ملیار دۆلار لە قەتەر بسێنێت، هەموو ئەمان زەوینەی لەبارن بۆ سیاسەت گڵاوەکەی ترامپ.
ئەم چاوچنۆکییانەش بوونەتە هۆکاری دابەشکردنی تیرۆریستانی جیهان. لە لایەک ئێران و سعودیە، لە لایەک تورکیا و ئەمەریکا، لە لایەکی تر ئێران و ئەمەریکا. لە لایەکی تر ڕوسیا و چین لە هەوڵی ئەوەدان ئەم سیاسەتە قێزەونەی ئەمەریکا سەرنەگرێت و هەرچۆنێک بێت بەرژەوندی خۆیان لە جیهاندا بپارێزن.

ئەم سیاسەتەی ترامپ و بە گشتی سەرمایەداری جیهانی، بە تەواوەتی ترسێکی گەورەی دروستکردووە بۆ هەموو خەڵکی ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند باری سایکۆلۆژی خەڵک لە حاڵەتێکی زۆر خراپ و ترس و تۆقاندندان لە قەیران و شەڕ و پێکدادانی ئەم هێزە تیرۆریستانە، باری سایکۆلۆژی حوکمڕانانی ئەم دەوڵەتانەی ناوچەکە بە هەمان شێوە لە حاڵەتێکی خرپادایە و پەلەقاژەی مەرگیانە. کەواتە جیهان بە گشتی و وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و جیهانی سێ بە تایبەتی کەوتوونەتە دووڕیانێکی تاریک و ئاڵۆزەوە، بە جۆرێک کە هیچ کام لەم دەوڵەتانە ناتوانێت بڕیاری تەواوەتی خۆی بدات، ئەوەی کە هەیە تەنها هەڕەشەکردن و خۆ گیڤکردنەوە زیاتر هیچی لێ سەوز نابێت.

هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئێرا لە یەکتری بەردەوامە، هەڕەشە و نیگەرانییەکانی ئەمەریکا و تورکیا بەردەوامە. عێراق و کوردستانیش لەم هەڕەشە و گوڕەشە و نیگەرانی و تێکچوونی باری دەروونیە بێ بەش نییە. عەبادی لە لایەک دەڵێت ئێمە ناچارین بڕیارەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکەین، لە لایەکی تر پەشیمان دەبێتەوە، دەچێت بۆ تورکای و پەیمانیش بە تورکیا دەدات، کە چیتر ڕێگە بەو هەڕەشانە نادات کە لە عێراقەوە دەکرێت لە تورکیا، هەر دوای ئەم پەیمانەی عەبادی یەکسەر تورکیا دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر شەنگال و چەدنین کەسی سەرکردەی یەبەشەیان تیرۆرکرد بە بۆمببارانکردنی فڕۆکە جەنگیەکانیان. عەبادی دەیەوێت سەفەری ئێران بکات و لەولاشەوە ئێران قبووڵی ناکەن، لە لایەکی ترەوە هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و سوننە و کورد، ناتوانن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان جێبجێ بکەن و حکومەتی نوێ پێک بهێنن. قەتەر لەگەڵ ئەوەی پشی پشی بۆ ئەمەریکا دەکات لە هەمانکاتدا خۆی دەگەیەنێتە لای ئەردۆغان و پەیمانی ئەوە ئەدات کە بایی ١٥پانزە ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە تورکیادا ئەنجام بدەن. سعودیە بە جۆرێک سەرشێت بووە، کە محەمەد بن سەلمان دەیان لە شازادەکانی دەستبەسەر کردووە و داوای سەدان ملیار دۆلاریان لێ دەکات، بۆ ئەوەی حوکمی بنەماڵەکەیان بپارێزن و خۆیان دەرباز بکەن لە هەڕشە و هەژموونی شیعەگەرایی و ئێران، ئەمەریکاش هەرچی داواکرد بڵێن بەسەر چاو. ئەم سەرشێتیەی محەمەد بن سەلمان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بە ساروخ لە قوتابخانە سەرەتای و ناوەندییەکانی یەمەن بدەن و بە دەیان منداڵ خەڵتانی خوێن بکەن و هیچ هیزێکیش لە دنیادا ئیدانەی نەکات.

لە هەموو ئەمانە ناخۆشتر ئەوەیە، کە خەڵکی ستەمدیدەی ئەم ناوچەیە لەگەڵ هەموو نیگەرانیەکانیاندا، لەگەڵ هەموو ترس و تۆقاندنیاندا، بەش بەش بوون بەسەر ئەم هێزانەدا، کۆمەڵە حیزبێکی ئیسلامی سیاسیی کاریگەریەکی ئاشکرای هەیە لەسەر گەوجاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکیەوە بۆ لایەنداری ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت. بە داخێکی گەورەوە، ئەو هێزانەی خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن، ئەو هێزانەی دژی تیرۆریستان چەندین ساڵە دەجەنگن، وەک پەکەکە و پەیەدە و شەڕڤانان و یەپەژە و پەژاک و هەروەها هێزی پێشمەرگە و گەریلا، دڵیان خۆشە بەوەی ئێران و تورکیا و ئەم دەوڵەتە فاشیانە تووشی قەیران و شەڕ و پێکدادان دەبن لەگەڵ ئەمەیرکادا، بێ ئەوەی ورد بیربکەنەوە کە هەموو ئەم شەڕخوازی و هێڕش و پەلاماردان و جەنگانە هیچیان لە بەرژەوەندی شۆڕشگێران و خەڵکی ستەمدیدە نییە. جگە لەمانیش حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بە چەپ و ڕاستەوە شەرمنانە ئیدانەی ئەم جەنگ و پێکدادانانە دەکەن، دەنا لە دڵەوە هیوایان بەوەیە بەم شەڕ و پێکدادانانە با سەدان هەزار کەسیشی تیا بچێت، با ماڵی سەدان هەزار کەسیش وێران بێت، با بە سەدان هەزار منداڵ تووشی مردن و لە ناوچوون و نەخۆشی و لانی کەم تووشی نەخوێندەواری و تووندوتیژیی بن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لایان کە ئەم دەوڵەت وحوکمڕانانە لاواز دەبن و ئەمان دەتوانن لەگەڵیان رێکبکەون یان جۆرێک لە حوکمڕانیە گەندەڵەکەی باشوریان پێ ببڕێت.

هەرچی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانی باشوریشە، ناتوانن هیچ بڕیارێک بدەن، وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەمان خۆیان ڕادەستی چارەنووسی عێراق کردووە، ئەو عێراقەی کە ڕیفراندۆمیان دژی دەکرد و، دەیانوت ئەوی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نەبێت خائینە، ئێستاش وشەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەر دەمیانەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەداوانیانە چۆن کۆمەڵێک پۆستی گەورە لە عێراق وەربگرن.

جیهاد موحەمەد/
١٦/٨/٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish