Skip to Content

دۆڕان هەر دۆڕان دەهێنێت… کاوە جەلال

دۆڕان هەر دۆڕان دەهێنێت… کاوە جەلال

Closed
by ئایار 12, 2022 General, Opinion, Slider

دۆڕان دازناندن و لێڵبوونی پێشچاو دەهێنێت، بۆیە دۆڕاوانی کۆڵنەدەری سیاسی توانستی بیناکردنیان نییە. بێگومان بەبێ ڕەچاوکردنی کردەکێتی ناتوانین تا ڕادەی شیان لە پرۆسەی دۆڕان نزیک بکەوینەوە.

سەرەڕۆیی هەوەسی چەکداری و زیتکردنەوەی “گەلەکۆمەکێ” کە ناوی “پارت”ی پێدا هەڵدەواسرێت، “ڕێکخستن” نییە، چونکە ڕێكخراو دامەزراوەیە و لە نێویدا هەر ئەندامێک / بەکرەیەک کارایی بزواندن و پێشڤەبردنی وەردەگرێت. ڕێکخستن لە بنەڕەتدا پرۆژەی نێو جڤاکی مۆدێرنە کە تێیدا تاکەکەسان، بەئاگاهاتوو لە کەرامەتی مرۆڤی و پێداویستیی سۆسیال و رۆڵی تاک لە ژیانی سیاسیدا، مەبەستمەندانە هەڵوێست وەردەگرن، خۆیان ڕێکدەخەن، بەمەش دامەزراوە دەهێننە گۆڕێ. بێگومان ئەمە ڕەوشێکی ئیدیال نییە، کەواتە بەدەر نییە لە ناکۆکیی نێوکەسیی. لە گەلەکۆمەکێدا بە پێچەوانەوە هەڵوەستانی بونیادنەری تاکەکان لەگۆڕێ نییە، بەڵکو ناسیاری و هاوسۆزیی نێویەکی هەن، بۆیە لە نێویدا هەنگاونانی سۆزمەند و هەستەکی باڵادەستی وەردەگرێت، لێرە ئاوەزی پراکتیکی (وەک چۆن بۆ نموونە لەکاتی پەڕینەوە بە شەقامێکدا لە مەترسیی سەر ژیان دەمانپارێزێت) دەشێت کەم یان زۆر ژیانپارێز بێت، یان بەرژەوەندیی خۆیی دابینبکات.

لە گەلەکۆمەکێدا کە دامەزراوە نییە، هەر کەسێک خۆی مەبەستە، ئەوجا گەلەکۆمەکێکەران پێکڕا بە تەکنیکی لە دەرەوە وەرگیراوی ڕێکخستن بەسەر خوارەوەی خۆیاندا زیتی دەکەنەوە، بەتایبەتی بەسەر گەنجانی ناسەلاردا کە ناخیان سۆزمەندانە بۆ ڕەوشە سیاسییەکەی گەلەکەیان وروژاوە. گەلەکۆمەکێکەران کە بەدەرن لە ئاوەزی تیۆرییانە، هیچ ڕێبازێکیان نییە، بەڵێ ڕێباز بە دەروونی ئەوان نامۆیە، ئاخر ڕێباز، بەگوێرەی “هەنبانە بۆرینە”، “ڕێگەی ناسراو”ە، وەک ئەوەش ئامانجی پێناسەکراوی هەیە و پلانی گەیشتن پێی دانراوە. ئێمە دەتوانین ڕێباز وەک تێگە کوردییەکەی ستراتیژی دابنێین.

لەم ڕوانگەیەوە گەلەکۆمەکێی بێڕێباز، هەر ئەوەندەی بەنێو ژیانی جڤاکدا زیتکرایەوە، لەتەک خۆیدا چەندین دەروو بۆ هەڵپەی پێگەگرتن ئاوەڵا دەکات و فاکتەرێکی کاریگەرە بۆ دۆڕان، چونکە ئەم ڕەوشە، گرێدراو بە ڕەوشە ناوبراوەکەی سەرەڕۆیی هەوەسی چەکداری و بێڕێبازییەوە، بەدپەیوەندی لە کایەی سیاسیدا دەخاتەوە: سەرەڕۆیان کە لە گەلەکۆمەکێدا خۆمەبەستن، هەموو پلان و تاکتیکیان ئاڕاستەی پێگەگرتن یان لەپێگەلابردن (درەنگتر پۆستگرتن یان لەپۆستلابردن) دەکەن. پرسی پۆست لە هەلی هەڵکەوتووی سیاسیی دامەزراوەییدا دێتە نێو جەرگەی چالاکبوونە سیاسییەکانەوە و تەنانەت دەبێت بە بەدنەریتی سیاسی. ئاخر لە هەڵپە سیاسییەکاندا کە پاڵهێزی پسیکۆییان هەیە، بەرژەوەندییەکی گشتی وەک ئامانجی سیاسی لەگۆڕێ نییە، ئەویش چونکە سەرەڕۆیانی دۆڕاو کە بەتایبەتی تێهەڵدراوەکانی کۆتایی هەشتاکانن، ناتوانن لە هەقیقەتی پسیکۆییانەی خۆیان و پیاوانی بندەستیانەوە گشت-بین بن، هاوکات توانستی بیناکردنیان هەبێت.

بێگومان ڕووداوی دۆڕان تەنیا ئەوە نییە کە گرووپێک لە شەڕدا دەیدۆڕێنێت، واتا دەرەقەتی گرووپی بەرانبەری نادات و ئەوجا دەشێت بێئابڕووانە ببێژێت: “خۆ مارەیی دایکمم لەسەر ئەم شاخە دانەناوە، ئەم نا یەکێکی دی”! (ئەوە گۆیا شەڕی پارتیزانی دەکات!). دۆڕانی گەلەکۆمەکێکەران هەروەها بریتیشە لە: کوژران و لەداردانی لەڕادەبەدەر زۆری گەنجان، وێرانبوونی گوند و ڕاگواستنی گوندنشینان، سووتاندنی ڕەز و باخ، تەقاندنەوەی کانی، فرۆشتنی کچان بە مەلهاکان، تێکدانی مێژووی شارەکان، لە هەمووشیان ستەمتر: ژاربارانی شار و ناوچان یان کۆمەڵکوژی. بە شێوەی کۆنکرێت بڕوانین، پرۆسەی دۆڕان لای کوردەکانی ئێراق لە 1961 بەدوواوە، بەسەر ئاشبەتاڵ و تێهەڵدانە بەهێزترینەکەی کۆتایی هەشتاکان و ماوە مێژووییەکەی دوای ڕاپەڕیندا، تا هەنووکە درێژدەبێتەوە، چونکە خۆدەوڵەمەندکردن و تەنینەوەی هەژاری، کۆچکردنی گەنجان و خانەواندان بۆ هەندەران، شەڕی نێویەکی، تەقاندنەوەی ناکۆکی لە پێناوی پۆستدا، تێکدانی ژیانی ئابووری و نەریتی زانستی-سوننەتییانەی زانکۆکان، پێکڕا سەر بە دۆڕانەکانی تێهەڵدراوانی سنگدەرپەڕیون.

لەبەر ئەوەی ئێمە دۆڕان دوای دۆڕانمان هەیە، ئەوا بەمە هەروەها ناڕاستەوخۆ گۆتومانە کە “هەرێم” بەرهەمی سەرکەوتن نییە، یان ئەوە نییە کە دۆڕاوەکان درۆزنانە وەک “بەرهەمی خوێنی شەهیدان” پێیدا هەڵدەدەن، واتا گۆڕانێکمان نییە کە هەنگاو بە هەنگاو ناوچە بە ناوچەی ڕزگار کردبێت و هاتبێتە نێو شارەکانەوە، ئەوجا پرۆگرامی سیاسیی خۆی لەنێو پێکرای جڤاکدا خستبێتە بواری پراکسیسەوە. نەخێر، هەرێم بەهۆی جەنگی کەنداو و هێنانی بێگانان و خۆگرێدان پێیانەوە، کەواتە سەرلەنوێ بە خۆفرۆشی باوی دەسەڵاتگەرایان، “زیتکرایەوە”. لەم ڕوانگەیەوە “هەرێمی کوردستان زۆڵێکی سیاسییە“. بەڵی ستەمتر لەوەش، “هەرێم” وەک زۆڵی سیاسی تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە ڕیشە دابکوتێت، بەڵکو لە سەرەتای زیتکردنەوەیەوە جۆلانە دەکات، لە نێوەندی ئەو جۆلانەکردنەشدا خواست و داواکاری بۆ “پۆست و پارە و سێکس” پێشترییان هەیە. ئاغاکانی دۆڕاوان چەندین جار بەئاشکرا ئەم هەقیقەتەیان داوە بە ڕووی ئەوانی نۆکەریاندا.

دۆڕانی بەردەوام کۆتایشی هەیە کە دوا-دۆڕانە. ئەوە بێگومان مایەی خۆشحاڵی نییە، چونکە دۆڕانی سیاسی دەشێت نەهامەتیی بۆ جڤاک، تەنانەت دەشێت کارەساتی لێبکەوێتەوە، هاوکات – ئەمەش زۆر شیاوە بەهۆی بێئابڕووییەوە – دۆڕاوان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچن. بۆیە ئەو پرسیارە بەکراوەیی دەمێنێتەوە کە داخۆ ئەو زۆڵە سیاسییە سەرباری نا-جۆرێتییەکەی هێشتا هەر بەهۆی ڕەوشی کوردانەوە باشتر نەبێت لە لەناوچوونی و هەرچۆنێک بێت هەوڵ بۆ چاککردنی بدرێت. وەلێ کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە زۆڵی سیاسی وەک نا-جۆر چاک ناکرێت، چونکە ئەو بێڕیشەیە و بە حەواوە جۆلانە دەکات، ئەوجا باوک دەیدات بە کوڕ، ئەویش وەک بەدخوو و پێنەگەیشتوو و چڵێس ناتوانێت جۆلانەکردنی بگیرسێنێتەوە، بەڵکو گوڕی پێدەدات.

سەرباری هەموو شتێک، دوا-دۆڕان هیچ نەبێت شیمانەی دەستپێکردنەوە لەتەک خۆیدا دەهێنێت، هاوکات ڕەنگە بۆ هەمیشە لە مۆتەکەی “کوردایەتیی ڕیال” ڕزگارمان بێت کە هەرگیز هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییە(کە)وە وەک ناسیۆنالیزم نەبووە، نەخێر ئەو بە ڕەوانبێژی تەنیا خۆی پێوە باداوە، بەو ناوەوە بازرگانیی کردووە. ئاخر ناسیۆنالیزم “جۆر”ە، وەک ئەوەش دەشێت وەربگیرێت یان ڕەتبکرێتەوە.

بێگومان بەبێ پرسیاری ئێتیکی (ئەخلاقناسی) کورتهێن دەبین. ئاخر کردنی ئەو پرسیارە زۆر گرنگ و ڕۆشناییدەرە کە داخۆ دۆڕاوەکان چە پەرچەکردارێک لەسەر دوا-دۆڕانی خۆیان بنوێنن. ئێمە دوای 1991 بینیمان کە دۆڕاوەکان، تێهەڵدراوەکان، هەروەک نە با و نە بۆرانیان دیبێت، دەستیان بەسەر ژیانی سیاسیدا گرت، ئەوە تەنانەت بە سنگی دەرپەڕیوەوە!! ئەوەندە بێئابڕوو بوون!! لەم ڕوانگەیەوە پەشیمانی و دانیشتن، خۆکوشتن وەک سەرئەنجامی قبووڵنەکردنی ئەو نەهامەتیانە کە بەسەر خەڵک و وڵاتیاندا هێناوە، لە ئەوانی دۆڕاو ناوەشێتەوە. ئەوان ویژدانیان پووکاوەتەوە، ئاخر هەر ئەوەندەی “ئاڵۆشی دەسەڵات” وروژا، تا مەرگ دانامرکێتەوە گەر هاتوو “لە دەرەوە” دانەمرکێنرێتەوە.

گومانی تێدا نییە کە واژەی “ئاڵۆش” سێکسوێلییە، بە پێچەوانەی دەستەواژەی “شەیدایی بۆ دەسەڵات” کە دەشێت پسیکۆلۆگییانە، یان تەنانەت هۆزانی بێت. وەلێ واژەی “ئاڵۆش” گونجاوترە، چونکە دەسەڵات و سێکس دوو دیوی ڕەوشەکەن. مرۆڤ با لەو هەموو “کچ کوونکردن” و دەستبردنە زۆرەکییە بۆ کەرامەتی ژنانی نێو فەرمانگە و بارەگا بەناو حیزبییەکان بروانێت کە دۆڕاوەکان دوای گەڕانەوەیان بۆ نێو شارەکان ئەنجامیاندان! ئەوە بێگومان وەک درێژکراوەی دەستبردن بۆ کەرامەتی کەیبانووی گوند!

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish