Skip to Content

دانیشتن لەناو کتێب دا، داگیرکردنی تاریکی بەختیار عەلی.. ڕانانی: بەکر ئەحمەد

دانیشتن لەناو کتێب دا، داگیرکردنی تاریکی بەختیار عەلی.. ڕانانی: بەکر ئەحمەد

Closed
by كانونی دووه‌م 17, 2021 General, Literature



کاتێک ( تشارلی مارلۆ)ی پالەوانی ” دڵی تاریکی” ( جۆزیف کۆرنارد) لەسەر کەشتی هەڵمینی “یاوڵین”، بە ناو روباری کۆنگۆدا بەڕێوەیە بۆ ویستگای سەرەوەی کۆمپانیای کۆڵۆنیاڵی یەکێک لە کۆلۆنییە ئەوروپییەکان، ئەو مەبەستییەتی چاوی بکەوێ بە نوێنەری کۆمپانیاکە کە میستەر کۆرتزە و لەوێ نیشتەجێیە. بەلام وردە وردە هەستدەکات کە شتەکان لەشوێنی خۆیاندا نین. لەوێ چی دەگوزەرێت و چی دەکرێ، دەبیتە کرۆکی وەسفکردنی کۆرنارد بۆ ئەم سەفەرەی کە لە کتێبێکی بچووکدا، گۆشەیەکی کەمی ئەم کۆلۆنییالیزەکردنەی بەشێکی ئەفریقامان نیشاندەدات.
“دڵی تاریکی” بە یەکێک لە کلاسیکە گەورەکانی ئەدەب لە قەلەمدەدرێت بۆ نیشاندانی جومگەیەکی بچووکی پرۆژەی کۆلۆنیالیزم لە کۆنگۆدا. پرۆژەیەک کە لەسەر دەستەمۆکردن و بنبڕکردنی “ئەوی دی” کێویە کە لەدەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپای سپی و شارستانیدا نیشتەجییە، تا بە پێی تێڕوانینەکانی پیاوی سپی، دەستەمۆ بکرێ و بکرێتە کەسێکی شارستانی.

میستەر کورتز:” پاڵنەرێکی سەرەکی هەیە کە ڕق و ئاروزووە لە بەرانبەر ئەوی دی کێویدا. ئەو نزیکی خۆی لەگەڵ دانیشتوانی خۆماڵی ناوچەکەدا وەک ئاکتێکی سێکسی سەیردەکات و تەنانەت سنوورەکانی ئارەزوویەکی رێپێدراوانە دەبەزێنێ. ئەو بەرلەوەی سەفەری کۆنگۆ بکات، لە وتارێکدا دەنووسێ کە چۆن پیاوی سپی دەتوانێ ژیانی ئەفریقا و هاولاتییەکانی بگۆریت. بەڵام لە دوا بەشەکانی رۆماندا، پێشنیارێک بۆ میتۆدێک دەخاتە بەردەم. میتۆدەکەش هیچ نییە جگە لە سێ وشە: Exterminate all the brutes. . بە کوردی: هەمو شەیتانەکان بنبڕبکە!” (1)
” سڤێن ڵیندکڤیست” لە کتیبە بەناوبانگەکەی خۆیدا کە هەمان ناونیشانی پەیامەکە سێ وشەییەکەی میستەر کورتزی کۆرناردە لە دڵی تاریکیدا، جەختدەکاتەوە لەوەی کە پرۆسەی هۆلۆکۆست لە ئاوشویتزەوە دەستپیناکات و ئەم تێروانینە بۆ ئینسان کە لە کوورەکانی ئینسانسووتاندندا جێی بۆدەکرێتەوە، قووڵ بە مێژووی ئەوروپادا ڕۆچووە.
بە کورتی: “دڵی تاریکی” کۆرنارد، نیشاندانی دید و تێروانینێکی راسیستی کۆلۆنیالیستەکانە لە بەرامبەر ئەوی دیدا، ئەوی کیوی، ئەوی ناشارستانی کەمن لە خوێندنەوەمدا بۆ (داگیرکردنی تاریکی) بەختیار عەلیدا پیویستم دەبێت.
“بەختیار عەلی” لە (داگیرکردنی تاریکی)دا (2) وەک جۆزیف کۆرنارد، ئەم پرۆسەی سەرنجدانە “لەوی دی” لە شوێن و جوگرافیایەکی دیکەدا دەکاتە تەوەری یەکێک لەو رۆمانە گرنگانەی کە پرسی کەمایەتییەکی ئەتنی و کۆشس بۆ سڕینەوەی شووناسی ئەو لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی کۆمەلایەتی نوێدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستی تورکیادا ، بە هەمان پێوەرە ئایدیۆلۆژییەکانی میستەر کورتزەوە، دەخاتە بەردەستی خوێنەر. بە کورتییەکەی: ئامادەیی پرۆژەیەکی “راسیستی زانستی” بۆ مالیکردن و دانانی “ئەوی دی” یان ڕاستتر ” ئەوانی دی” لەو دیو سنوورەکانی پێکەوەبوونێکی کۆمەلایەتیدا کە دروستکردنی جمهورییەتی تورکیای نوێ دەیهێنێتە پیش. بە بڕوای من، ئەم گۆشەنیگایە بۆ سەرنجدان لە کەیسی کوردەکان لە تورکیادا وەک ئەوەی لە “داگیرکردنی تاریکی”دا نیشاندەدرێ، دیدێکی تازەیە و دەچیتە دەرەوەی ئەو تێروانینە باوەی کە لەسەر ناسیونالیزمی کوردە. ئەم خاڵە دەکرێ وەستانی زیاتری لەسەر بکرێت و ڕوونکردنەوەی زیاتر بەشوێن خۆیدا بێنێ.
ئەمجارەیان “تاریق ئاکانسۆ” دەبێتە جێگرەوەی “میستەر کۆرتز” و خۆرهەلاتی تورکیاش دەبێتە رووباری کۆنگۆ. بەلام سەفەر هەر هەمان سەفەرە و دوا ئامانجیش هەر هەمان شت.

بورجی بابل
” هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ رۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار دۆزیەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

ئینجا بە یەکتریان گوت: وەرن با خشت دروست بکەین و تەواو سووری بکەینەوە. ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیریش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان : وەرن با شارێک بۆ خۆمان دروست بکەین لە گەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین ، تاکو بەسەر هەموو رووی زەویدا پەرت نەبین. بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لە لایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین. بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات. ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیاتنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناو نرا بابل. چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو رووی زەویدا پەرتی کردن” (3)
ئەمەی سەرەوە یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانی تەوراتە لە پەیوەند بە دروستکردنی بورجی بابلەوە. لەم چیرۆکەدا خوا پەیوەندییە زمانەوانیەکانی نێوان ئینسان دەشێوێنێت و “بەلبەلە” دەخاتە نێوان ئاخاوتنیانەوە تاکو لە یەکتری تێنەگەن. بە مەبەستی ، وەک لە تێکستەکەدا ئاماژەی پێدەکات، بڵاوەپێکرنیان و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی دیکەدا تا فرەزمانی و دروستکرنی تیرە و قەبیلەی جیاوازتر بێتە بەرهەم. بێگوومان ئەمە لەبەر ڕۆشنایی تێکستێکی مێژووی نووسراودا کە لە پیرۆزی ئاینەوە دەئاڵێنرێت.
بەڵام چەندەها سەدە لە دوای لافاو و نیشتنەوەی کەشتی نوح وەک دەڵێن لە کێوی “ئارارات” و بلاوەپێکردنی خواوەند بۆ ئینسانەکان کە لە ئێستادا بە زمانی جۆراوجۆر قسەدەکەن، لە رۆژگاریكی واهیدا، دەسەلاتێکی سیاسی دێت و ئەم ڕیسەی خواوەند دەکاتەوە بە خوری و بە نیازە دۆخەکە بگێڕیتەوە بۆ ئەو زەمەنەی یەکزمانی باڵی بەسەر زەویدا کێشابوو.
“داگیرکردنئ تاریکی”، چیرۆکی کۆششی دروستکردنی یەک زمانییە لە تورکیای کەمالییەکاندا لە ڕێگەی لێسەندنەوە و بیربردنەوەی زمانی کوردییەوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا لەم وڵاتەدا.
ئەوەتانێ ڕێک لە مایسی ساڵی 1945دا، “تاریق ئاکانسو”، یەکێک لە پالەوانە سەرەکییەکانی (داگیرکردنی تاریکی) بە مەئمورییەتێکی تایبەتی لە ئەستەنبوڵەوە ڕەوانەی باشووری خۆرهەلاتی تورکیا دەکرێت بۆ ئەوەی، یەکزمانی بکاتەوە بە ئامرازی ئاخاوتنی تیرە و قەبیلە جیاوازەکانی مەملەکەت.
ئەو بەرلەوەی بێت: ” چاوی بەسەرۆک کۆمار عیسمەت ئینۆنۆ کەوتبوو، دانیشتنێکی درێژ و داخراوی لەگەڵیدا سازکردبوو، فەرمان و هێزی لێوەرگرتبوو زمانی تورکی لە هەموو خۆرهەلات و باشووری خۆرهەلاتدا بچەسپێنێت. “
تاریق ئاکانسۆ بە وەرگرتنی ئەم مەئموریەتە تازەیەی، بەرپرسیارێتی وەک بەڕیوەبەری لیژنەی ئەمنیەتی زمانەوانی کۆتایی پێدەهێنێت. ئەو لە کارە کۆنەکەیدا وەک فەرمانبەری لیژنەکە، فەرمانی بوو لە ” ریگای پاککردنەوەی زمانی تورکییەوە لە هەموو وشەگەلێکی بیگانە، زەمینە بۆ دروستکردنی ولاتێک سازبکات، رەگەزێکی سافی تورک تێیدا نیشتەجی بێت ، بێ هیچ رەگەزێکی تێکدەر و خوێنی پیس و عەقڵێکی جوداخوازانە.”
ئەو کاتێک لە ئەستەنبوڵەوە بەرێکەوتبوو، بەو هەست و زانیاریانەوە هاتبوو کە : ” لە ناوچە شاخاوییەکان و شوێنەسەختەکانی خۆرهەڵاتی تورکیادا هێشتا ئەو خێلانە دەژین کە گەشەو ئیرتیقای تەواویان نەکردووە. “
فێرکردنی ئەم خێڵە نیشتەجێبووانەی خۆرهەڵاتی تورکیا بۆ شارستانی نوێ و ئیرتیقاپێدانیان، ئەو هێڵە سوورەیە کە بە جەستەی ئەم ڕۆمانەدا دەچێتەخوار و لەگەڵ چوونەپێشەوەی ڕووداوەکاندا، ئەم دیدە ڕاسیستییەی ئاکانسۆ ڕۆشنتر دەبێتەوە و خوێنەر هەستیپێدەکات.
ئەوەتانێ، “عەدنان عاریف پاشا” لە دانیشنێکی هاوڕییانەدا لەگەل ئاکانسۆدا، پێیوایە هەر بەتەنها سڕینەوەی زمانی جانەوەرەکانی خۆرهەڵاتی تورکیا کۆتایی بە گرفتەکە ناهێنێ و بەروونی ئەو پەیامەی بۆ دەردەخات:” گەر دەتەوێت خۆت و منداڵەکانت لەم مەملەکەتەدا گیان بە باشی دەربکەن ، ئەوەیان تێبگەێنە ، پیشانیان بدە دیوارێکی ئەستوور لە نێوان ئێمە و ئەواندایە، دیوارێک دەبێ هەتا هەتایە بمێنێتەوە. هاتووم پێت بڵێم متمانە بە کەسیان مەکە،….. یەک یاسای دیکەش ڕەچاو بکە ، یەک شتی دیکەش بزانە، ئەمانە خۆیان چین شتێکی ترە، خۆیان مارن، دووپشکن، پشیلەن، کەروێشکن، کۆترن گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تۆ دەبێ وەک جانەوەر تەماشاین بکەیت. تاریق ئاکانسۆ! فریونەخۆیت، ئاگاداربە، جانەوەر دەستەمۆناکرێت، جانەوەر ڕاودەکرێت. “

لەپاڵ ئەم ئامۆژگارییەی عەدنان پاشادا، ئیتر ئاکانسۆ دیدە فاشیستیەکەی خۆی بە ئاستێکی بالاتر دەگەێنێت و راسیزمێکی پەتی دێتە ناو دیدگاو هەڵسوکەوتی ئەوەوە. چیرۆکی ڕاوشکاری ئاکانسۆ و گرتنی پلنگی تینوو ورچی هەکاری بۆیە دێتە ناو داگیرکردنی تاریکییەوە و جیگایەکی تایبەتی لە هەڵسوکەوتی پاڵەواندا داگیردەکات، چونکە ڕاسیزمی ئاکانسۆ پێویستی بەسەرنجدان “لەوی دی” هەیە وەک کێویەک، وەک دڕندەیەک یان “ئەوی دی کێوێ” کە لە ئینسانییەت خراوە، تاکو سنوورەکانی نێوان ئەمی شارستانی و ئەوی کێوی هەمیشە بە تۆخی بهێڵرێتەوە. پەیامێک کە تا کۆتایی ڕۆمان ئاکانسۆ وەفاداری دەبێت.
لێرەوە ئیتر بە تەنها سیاسەتی تواندنەوەی کوردەکان لە ناو دەسەلاتی تورکیای ناو ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکدا، قەدەغەکردنی زمانەکەیان و تورکاندنییان، ئەوان ناکاتە هاوڵاتییەکی توورک، بەڵکو هەمیشە ئەوانی کێوی کە دەکرێ بە زمانی توورکیش بپەیڤن، هەڕەشەیەک بن و دەبێ ڕاوبکرێن.

ئامادەیی ئەم ترسە گەورەیە کە بە ماڵیکردنی نێچیرەکەیشی ڕازی نییە ، بە ڕۆشنی ناونیشانی داگیرکردنی تاریکیمان بۆ ڕووندەکاتەوە. ئیدی دەبێ ئەو رووبەرەش لە تاریکی داگیربکرێت کە دڕندەکان تیایدا ئازادن. ئایا کارێکی وا دەکرێ ئەنجام بدرێت، پرسیارێکە و خوێنەر خۆی دەتوانێ لە دووتووێی ڕۆمانەکەدا بەشوێنییەوە بێت.
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا (2)، زەمەنی ئەم ڕۆمانە دابەشدەکاتە بەسەر دوو هێڵێ زەمەنی جیاوازدا کە لە 12ی تەمووزی ساڵی 1977وە دەستپێدەکات و خوێنەریش لە چوونەناوەوەی رووداوەکانی دوای ئەم مێژووەوە ئاشنای میژوویەکی دیکەی پالەوانە سەرەکییەکانی دیکەی ڕۆمان دەبێت کە سەروکارێکی گرنگی لەگەڵ ناوەراستی ساڵەکانی 1945دا هەیە . لەگەل چنینێکی وەستایانەی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەدا، ئەم دوو زەمەنە جیاوازە بەیکدەگەن و لە سالەکانی نێوان 1978 و 1994وە، ئەم دوو مێژووە تێکەڵدەبن.

12ی تەمووزی ساڵی 1977
“عیسمەت ئۆکتای”، بەیانییەک خەبەری دەبێتەوە و بە زمانێکی دیکە قسەدەکات کە زمانی دایکیی خۆیی نییە. ئەو لەمرۆوە تورکی بیردەچێتەوە و بە زمانی ئەو جڕوجانەوارانە قسەدەکات کە تاریق ئاکانسۆ لە ئیستەنبوڵەوە هاتووە تا لەبیریانبەرێتەوە.
بەڵام ئەو تەنیا نییە. لێرە و لەوێ، هەواڵی ئەم پەتایەی کە خەڵکانێک زمانی تورکییان بیرنامێنێت و بە زمانی کوردی دەپەیڤن، ئەو سیحرە ئەدەبییە جوانەیە کە بەختیار عەلی “ساراماگۆ” ئاسا لە خوێنەری دەکات. ئەگەر دروستکردنی جمهورییەتی تازە: یەک ولات، یەک زمان، یەک ئالا، پەیامی ئاکانسۆیە کە نوێنەرایەتی تیروانینی دەسەلاتی سیاسی جمهۆرییەتە، ئەوا لەبیرچوونەوەی زمان لای ئەو هاولاتیانەیشی کە خوێنی توورکی بە دەمارەکانیاندا دەگەڕێ، کاردانەوەیەکی هیستیریکی لای دەوڵەت و دەسەلاتە نهێنییەکەی دەخوڵقێنێ کە تەواو شێتانەیە. شێتانە بەوەی کە هاولاتییانی تووشبوو بەم واگرەیە دەبێ لە کەرەنتینە بکرێن و وەک شیت مامەلەیان لەگەڵدا بکرێت. ئاخر دەرکەوتنی زمانی کێوییەکان لە سەرزمانی هاولاتییانی ئەم وڵاتە تەواوی پرۆژەی : یەک دەوڵەت، یەک زمان، یەک ئاڵا دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورەوە.
لێرەوە، عەلی ئیحسان کوڕی بچووکی ئاکانسۆ دێتە سەر شانۆی ڕووداوەکان وەک وەرگێڕێک کە پێشووتر بە فەرمانی باوک فێری زمانی جانەوەرەکان کراوە، جێگایەکی گەورە لە رووداوەکانی ناو رۆماندا داگیردەکات.

زەبروزەنگ وەک برینێک لە ناخ دا
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا ، بە تەنها زەبرەزەنگی کردەی داگیرکردن لەسەر جەستەی قوربانییەکان جیناهێڵیت، بەلکو بارە سایکۆلۆژییەکەی ئەم بێزمانکردنەی ئینسانەکان لە ریگای بەشێک لە پالەوانەکانەوە بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە نمایشدەکات.

زەکی ڕەزا باکلان، باشترین نموونەی خوێندنەوەی کاریگەری دەروونی ئەم پرۆسەی لەبیربردنەوەی زمانە کە خوێنەر کێشدەکاتە ئەو دیوو سنوورەکانی ئازاری جەستەوە و لە ناخەوە ڕایدەچڵەکێنێ. :” بەڵام من هیچ کەس نازانێت تورک نیم، هیچ کەس نازانێت. من هەموو توورکەکانم خەڵەتاند، هەموو وادەزان تورکی ڕەسەنم، تەنیا کەسێک ناتوانم بیخەڵەتێنم خۆمم. من هیچ کەس بە بچووکی سەیری نەکردووم، کەس پێی نەگوتووم تۆ مەخلوقێکی کەمتری لە ئێمە، چونکە لە منداڵییەوە باوکم فێریکردم چۆن وەک تورکێکی ڕەسەن خۆم دەربخەم، ئەو قسانە بکەم تورکەکان پێیان خۆشە. ڕۆژێک بووم بە میت بۆ ئەوە بوو خۆم لەخۆم ىشارمەوە، بۆ ئەوە بوو فێل لە خۆم بکەم و بڵێم زەکی ڕەزا تۆ تورکێکی ڕەسەنیت…..من کەس وەک شتێکی نزم سەیرمناکات خۆم نەبێت. بەڵام ڕاستی من بۆیە خۆم نزم سەیردەکەم چونکە خۆم بەشتێک سەیردەکەم ئەوە نیم، وەک شتێکی ڕاستەقینە لە مندا هەبێت و شاردبێتمەوە، وەک ئەوەی هەموو ژیانم دەمامکێکم لەسەردا بێت و نەتوانم دایبکەنم. عەلی ئیحسان گەر ئەو زمانە فێرنەبم، ناتوانم دەمامکەکە دابکەنم.”

پرسیاری شوناس
خاڵێکی تر کە دەکرێ ئاماژەی پێبدرێ، ئەوەیە کە بەشێک لە پرسیارە گرنگەکانی دەسەلاتدارانی دەولەت لە داگیرکردنی تاریکیدا لەسەر ئەوەیە کە کێ تورکی ڕەسەنە و کێ وا نییە، هەندێک لە پالەوانەکانیش لە نێوان پرسیارەکانی من کوردم یان تورکدا دێن و دەچن. بۆیەش دەکرێ پرسیاری شوناس بکرێت بە یەکێک لەو پرسیارانەی دی کە داگیرکردنی تاریکی لە دەووری دەسوڕێتەوە. بە بڕوای من، مەراقی عیسمەت ئۆکتایی و ڕەزا باکلان، بۆ ئەوەی یەکەمیان بێتەوە بە تورک و دووەمیشییان بە کورد لەسەر بناغەی فڕیدانی شوناشێک و بەدەستهێنانی شووناسێکی دیکە نییە وەک لە ڕووکەشدا خوێنەر دەکرێ بەو دەرئەنجامە بگات. ئەگەرچی لە هەردوو دۆخەکەدا جەبرێک ئامادەیی هەیە کە بۆ ئەوەی یەکەمیان ( عیسمەت ئۆکتای) تورکی بە ناچاری بیردەچێتەوە و دووەمیشیان (ڕەزا باکلان) بە شوێن خەونی بەدەستهێانی ئەو زمانەوەیە کە لە ناخیدا چەپێنراوە و بیریان بردۆتەوە. بەلکو پرسیاری شووناس لەم ڕۆمانەدا لەسەر بەدەستهێنان و قبووڵکردنی گەرانەوەیە بۆ زەمەنێکی بەرلە شوناس، زەمەنی رووتبوونی ئینسان و بێبەرگی ئەو. دواتریش چ بەرگ و رەنگێکی دیکە بەسەر ئەم شوناسە ئینسانییەدا دەدرێت، جێگایەکی ئەوتۆی نیە چونکە لە بناغەوە ئینسان، ئینسانیبوونی خۆی دۆزیوەتەوە و دووچاری دووکەرتبوونێکی سایکۆلۆژی نابێت. ئەم تێروانینە بۆ پرسیاری شوناس، کردنەوەی پرسیاری شوناس و دانەخستنی وەک ئەوەی لە تێروانینی دەسەلات و بەشێک لە کاراکتەرەکانی رۆماندا بەرجەستەیە، خاڵێکی درەخشاوەی ڕۆمانە و وادەکات خوێنەرێکی کورد یان تورک کە ئەم دیدەی بۆ لەخۆڕوانین پێ قبوڵنەبێ، بەلام ئاگاهییەکی تازەی پێ دەگات کە دەتوانێت بگەرێتەوە سەری. دۆخێک کە خوێناویبوونی کۆمەلگا بەهۆی تەسکبوونی بەرگی شوناسەکانیانەوە، ئەم ڕووتبوونەوەی ئینسانی لە هەموو شتێکی دیکە بۆ پێویستردەکات.

ئەوەتانێ لەبەرابەر هات و هاواری ڕەزا باکلاندا بۆ ئەوەی مرۆڤە لەبیرکراوەکەی خۆی ببینێت و فێری زمانی کوردی ببێتەوە، عەلی ئیحسانی بەچکە میت و جەلادی زیندانەکانی دیاربەکر، لە ئاخاوتنێکی هەتا بڵێی سەرنجڕاکێشدا، گوومانی لە کردەوەیەکی وا هی هەیە کە ئەگەرچین دوای چینیش ئەو مەخلوقە بشکێنێت دەوڵەوت لە منداڵییەوە لە ناویدا دروستیکردووە، دەکرێ لە ژێر دوا چیندا چی هەبێت:” گەر وابێت خۆت وێران دەکەیت و ناگەیتە هیچ. من باوکم وا هەستیدەکرد لە ناخی مندا، لە قوڵایی قوڵایی مندا تورکێکی رەسەن هەیە، وادەکات من تورکێکی ئەبەدی بم، من خۆشم تا ماوەیەکی زۆر هەروام هەستدەکرد، بەڵام ڕاستی هیچ لە ناخمدا نییە، تۆش هیچ لە ناختا نییە، لە ناخی مرۆڤدا تەنیا مرۆڤ هەیە، تورک و کورد و ئەرمەنی بوونیان نییە”

گیاکەڵەکانی دیکە
لە داگیرکردنی تاریکیدا، ئەوە بە تەنها جروجانەوەرەکانی خۆرهەلاتی ئەنادۆڵ نین کە دەبێ رامبکرێن و بکوژرێن، بەلکو گرێکییەکان، ئەرمەنییەکان، سۆشیالیستەکان و سەندیکالیستەکان… بەشێکی دیکەی ئەو گیاکەلانەن کە جمهورییەتی تازە ناتوانێت لە ناوخۆیدا جێیان بکاتەوە. ئاخر ترس لەوی دی و دەوڵەتێک کە یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک دەوڵەت بە شوێنیەوەیەتی ، هەموو ئەوانە دەکاتە ئەو مەترسییە نەبینراوەی کە هەمیشە دەبێ دەولەت لە ئامادەباشیدا بێت لە بەرابەریاندا.
لاکردنەوە لەم گرفتە جۆراوجۆرانەی دی ناو هەناوی جمهورییەت کە قەوارەی ئەم ڕۆمانە هێندەی دی گەورەتردەکات، تابلۆیەکی گەورەتر پیشانی خوێنەردەدات تا ڕۆشنتر ئەو مۆزایکە ببینێت کە سیاسەتی رەسمی دەولەت دەیەوێ فرەرەنگی لێبسەنێتەوە. ئەم وێنەیە، دەموچاوی “ئەوانی دیکە”ی ناو تورکیا زیاتر دەردەخات و دیمەنێکی ڕۆشنتر بەدەسەلات و ناوەڕۆکی ئەو دەدات.

هێنانەناوەوەی خەون و مەراقی گروپە ئەتنی و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەی ناو تورکیا بەو زانیاریانەی بەختیار عەلی لە رۆمانەکەدا پیشکەشی دەکات، دەرخەری ئەوەیە کە نووسەر چ ڕەنج و ماندووبوونێکی گەورەی لە بەدەستهێنانی زانیاریدا بە خەرجداوە. بەختیار بەم کۆششە نوێیەی، کۆکردنەوەی کۆمەڵی بابەتی گرنگتر کە هەریەکەیان دەکرێ کەرەستەی ڕۆمانێکی سەربەخۆ بێت لە دوو توویی کتێبێکدا، تواناییە شەخسییەکانی خۆی هێندەی دی دەباتە سەر و نیشانی دەدات کە هیچ جوگرافیایەکی تایبەتی ناتوانێ ڕیگری ئەوەی بۆ پێکبێنێ تا بیکاتە سەرزەمینی رۆمانێکی نوێ. ئاخر خوێنەر لەم کتێبەدا هەر ڕووبەرووی زانیارییەکی هاکەزایی نییە لە بەرانبەر ناوی شوێن و گۆرانی و کەسایەتی سیاسی و هونەری کۆمەلگایەکی دیکەوە کە هی خۆی نییە، بەلکو بەشێکی شاراوەی مێژووی قەتل و عامی گرێکییەکان و سۆشیالیستەکانی ئەم ولاتە زیندوو دەکاتەوە و ئەم مێژوویە گرنگەی ناو تورکیا، لە ڕیگای پالەوانەکانی ناو داگیرکردنی تاریکییەوە، تیشکی دەچیێتە سەر.

کاتێک جەللاد دەدوێت
بەختیار عەلی یەکێک لە نووسەرانی کوردە کە زۆرترین پەڕەی لەسەر پەیوەندی نێوان سەردار و کۆیلە، جەللاد و قوربانی ڕەشکردۆتەوە. دووبارە جەختکردنەوە لەم بابەتە، دەکرێ هەستی خۆدووبارەکردنەوەی نووسەر لای خوێنەر بەجێبێڵێ. بەڵام لە رۆمانێکدا کە دەربارەی سەردەستیی و ژێردەستەییە، ڕاسیزم و کێویە و دەربارەی یەکێک لە خوێناویترین جومگەکانی مێژووی نوێی تورکیایە، ناکرێ ئەم بابەت و پەیوەندییانە نەبنە تەوەری ڕۆمانەکە، ئەگەر بڵێم، شاتەوەری ڕۆمانەکە. بەڵام بەوەی بەختیار هەژموونییەکی گەورەی لە پەیوەند بە کارکردن لەسەر ئەم پرسیارانە هەیە، هەموو تواناییەکانی خۆی لە ئاستێکی بالاتردا لەم ڕۆمانەدا تەرخاندەکات بۆ دووبارە سەرنجدانەوە لەم پرسیارە کە بە بڕوای من، دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە لە بەرانبەر خوێندنەوەی داگیرکردنی تاریکیدا لە تورکیادا کە لە کۆمەلگای کوردستان زیاتر پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بتوانێ بە نیگایەکی دیکەوە سەرنج لە خۆی بدات.
نووسینی داگیرکرنی تاریکی بۆ بەختیار عەلی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مافی زمانداری و نەبوونی ئەو مافە لە کۆمەلگای تورکیادا، وەک ڕۆیشتن وایە بە ناو کێڵگەیەکی میندا. نەبوونی دیدێکی هیومانیستانەی بەهێز لە کاتی تێپەڕین بە ناو ئەم کێڵگەی مینەدا، دەکرێ نوسەر بخاتە ناو بازنەکانی نەبوونی متمانەی خوێنەرەوە، کاتێک ئەگەری تاوانبارکردنی ئەو بۆ ئینتیما بۆ گروپی زمانلێزەوتکراوەکان وەک تارماییەک بەسەرییەوە، سێبەردەکات. بەڵام بەختیار عەلی لەم تاقیکردنەوەیەدا، بە بڕوای من زۆر سەرکەوتووانە دێتەدەر.

با سەرنجێک لەم ئاخاوتنە سەرنجڕاکێشەی نێوان دوکتۆر سینان و عەلی ئیحسان بدەین لە جێگایەکی رۆمانەکەدا:( ڕاستی زۆر دەترسم، بەشی ئەوە گوناهی گەورەم هەیە کوردەکان لێمنەبوورن. هەندێ جار هەستدەکەم رۆژێک تۆلەم لێدەکەنەوە، ترسێکی گەرەم لەوە هەیە. دەزانیت چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەفسەرێک چی پێگووتم؟ گووتی: ترسناکترین ساتی مێژوو ئەوەیە کە قوربانی جەللادەکەی دەکوژێت”. لێم پرسی بۆ وادەڵێت، وەلامەکەی ئەوە بوو:” چونکە ئەو ڕقەی لە مەچەکی قوربانی دایەکاتێک تەورەکەی دەکیشێت بەسەری جەللادا، زۆر لەو ڕقە گەورەتر کە لە دەستی جەللاددا بووە”
داگیرکردنی تاریکی ناکرێ وەک تۆلەی قوربانی لە جەللاد سەرنجی بدرێتێ، بە تایبەت لە بوونی ئەگەرێکی واهیدا کە گوایا رۆمان لە زمانی زمانلێزەوتکراوەکانەوە دێتەگێڕانەوە. بەلکو ئەم ڕۆمانە کۆششێکە بۆ ئەوەی جەللاد و قوربانی لە دوای میراتی ئاکانسۆ و جەنەرالەکانی دین و سوپاوە، پێکەوە لە بەرانبەر ئاوێنەیەکدا راوەستن و لە رووخساری یەکدی وردببنەوە.

تاقی ناو دیوارەکە (4)
ڕۆژگارێک لە مەیدانی سەرەکی گەورەی پایتەختی عوسمانییەکاندا، لەسەر دیوارێکی نزیکی مەیداندا، تاقێک لە ناو دیوارەکەدا دروستکرابوو. لەو تاقەدا، کەللەسەری ئەو یاخیی و شۆڕشگێرانەیان دادەنا تا خەلکی سەرنجی لێبدەن و بزانن دەرئەنجامی سەربەرزکردنەوەیان لەبەرانبەر دەسەلاتی خەلافەتدا ، سەریان بە کوێ دەگەێنێ. ئەم تاقە، هیچ کاتێک بێ کەللەیەکی سەربڕدراو نەبووە. ئەوەتانێ ” تونجی هەتا” لە دەشتایە تاریکەکانی ناو بالکانەوە، بە خۆیی و عەرەبانەی ئەسپەکان و سندوقی پڕلەسەهۆڵ و کەللەسەرێکەوە ، بەڕێوەیە تا سەری بڕدراوی “عەلی پاشا” کە نوێنەری سوڵتانی عوسمانی بووە لە ئەلبانیا بگەێنێتە پایتەخت.
“تونجی هەتا” بۆ گەیاندنی کەلەی عەلی پاشا بۆ پایتەخت، بەناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی ژێردەسەلاتی خەلافەتدا دەڕوات و ئەو تاریکی و بێدەنگییە دەبێنێت کە دەسەلاتی سوڵتان لە سڕینەوەو زمانلێسەندنەوەی هاولاتیانی ناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی مەملەکەتدا، دروستی کردووە.
ئەمەی سەرەوە کورتەی رۆمانی” تاقی ناو دیوارەکە”ی (ئیسماعیل کادارە)ی نووسەری ئەلبانیایە بۆ دەرخستنی ئەو بەربەرییەتەی کە دەسەلاتی سوڵتانەکان لە بالکاندا خوڵقاندبوویان.
ئەو بە وردی ئەو سیستەمە نیشانی خوێنەردەدات کە چۆن سڕینەوەی زمانەکان و ئەو دەستگاو ئیدارانەی لە دەوری سازکرابوو کاردەکات.
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا، ئەم نەخشەی سڕینەوەی زمانە لە مەملەکەتی بچووکبووەوەی دوای خەلافەت و دروستکردنەوەی جمهوریەتی تازەدا لەلایەن دەسەلاتدارانی تازەوە، بەشیوەیەکی فراوانتر و وەستایانە، لە بەرانبەر زمانێکی تایبەتیدا ، دەکێشێت و ئەو ترس و بێدەنگی و بێزمانییەی ناو کۆماری ترس، لە ئەفسانەیەکی مۆدێرندا پیشانی خوێنەر دەدات.
دەڵێن: نیگارکێشی چینی ” هو تاو تزو” ڕۆژێک لە زەمەنی دەسەلاتی فەرمانڕەوایی بنەماڵەی “تانگ”ەکاندا ، سەرنج لە تابلۆیەکی تازەکێشراوی سەر دیوارەکەی بەردەم خۆی دەدات. لە پڕێکدا دەستی دەدات بە یەکدا و دەرگای پەرستگاکانی ناو نیگارەکە دەکرێنەوە، ئەویش دەچیتە ناو تابلۆکەی خۆیەوە و وندەبێت.
من کاتێک لە خوێندنەوەی “داگیرکردنی تاریکی” دەبمەوە، ئەو کاتانەی کتێبەکەی بەردەستم دادەخەم، هەستدەکەم ئەم کتێبە دەبێتە تابلۆیەکی گەورەی بەردەمی من و بێ هیچ ئەرک و زەحمەتلەخۆکردنێک ، تەنانەت بێ هیچ چەپلەلێدانێک کە “هو تاو تزو” پێویستی بوو بۆ ئەوەی دەرگای ناو تابلۆکەی بۆ بکرێتەوە، دەچمە ناو تابلۆی ” داگیرکردنی تاریکی”یەوە. راستتان دەوێت، من خۆیشم نازانم، کەی تیایدا دێمەدەر.

2021-01-03

  1. http://www.litteraturmagazinet.se/joseph-conrad/morkrets-hjarta/recension/sebastian-lonnlov
  2. بەختیار عەلی، داگیرکردنی تاریکی ناوەندی ڕەهەند 2020
  3. کتیبی پیرۆز بیبلیکا لاپەرە 12 2017
  4. Nischen i muren Ismail Kadare Bonniers 1986
  5. Myten om Wu Tao-tzu Sven Lindqvist Norhaven Paperback A/S 200
Previous
Next
Kurdish