سوژەی فرۆیدیی برینێکی قوڵی لە نەرگسییەتی مرۆڤدا دروستکرد.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی
مۆنۆلۆگی پازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا
خۆم: نامەوێت وەک “ھۆسرەل” بچمە ھەوڵی بەراوردکاریی نێوان لەش و جەستەوە، ئەوەی جێگەی بایەخمە لێرەدا، ئەوەیە: جەستە تەنھا پێدراوێکی بایۆلۆژیی و فیزیکیی نییە، بەڵکو رەھەندێکی وجودیشی ھەیە، تاکە رایەڵە مرۆڤ و بوون پێکەوە گرێبداتەوە، بەدیوێکی تردا مرۆ ناتوانێت ھەست بە ھەبوونی خۆی بکات لە رێگەی جەستەوە نەبێت، ھەر کات جەستە فیزیکییەکە لەناوچوو، چیتر ناتوانین ھەست بە بوون بکەین، کەواتە مێژووی مرۆڤ بریتییە لە مێژووی جەستە. لەگەڵ ئەمەشدا تاکو راددەیەکی زۆر باوەڕم بەو تێزە “دیکارت”ییە ھەیە کە لە ئەرەستۆوە درێژەی پێدراوە و جەخت لەسەر پەیوەندیی تۆکمەی نێوان جەستە و دەروون دەکاتەوە، بەڵام لەدیتنی مندا جەستە پێش ھەموو شتێکی تر کەوتووە، تاکو جەستەیەکی بایۆلۆژیی لە ئارادا نەبێت دەروونێکیش لە ئارادا نییە. ئەمەش ژەنینەوەی ھەمان ئەو ئاوازەیە “سپینۆزا” بەر لە چوار سەدەیەک لە بارەی جەستە و نەفسەوە دەیژەند.
من: ئەمە وروژاندنێکی فەلسەفیی بابەتەکەیە، لە راستیدا فەلسەفە جیابوونەوەی تێڕامانی زانستییە لە تێڕامانی ئەفسانەیی، ئەگەر سەیری یەکەمین قوتابخانەی فەلسەفە بکەین “فەلسەفەی ئایۆنی” لە پێشەوەیاندا “تالیس” پێداگریی لەوە دەکات ھەموو شتەکان لە “ئاو”ەوە سەرچاوەیان گرتووە، تەنانەت خودی زەویش دەفرێکە لەسەر ئاو راوەستاوە، گرنگێتی ئەم تێزە لەوەدا نییە سەرکەوتنێکی زانستی بەدەستھێناوە، بەڵکو ئەمە یەکەمین ھەوڵێکە بۆ شرۆڤەی بوون و گەردوون لە دەرەوەی جیھانبینییە میتۆلۆژییەکان، یەکەمین ھەوڵە سروشت بە سروشت راڤە بکات، بەھای بیرۆکەکە لێرەدایە نەک چەندێک زانستی نوێ پەسەندی دەکات. دەمەوێت ئەوە بڵێم فەلسەفە وەگەڕخستنی فەنتازیا نییە، ئەوەشی پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی باسەکەوە ھەبێت، بە دیدی خۆم گەردوون و خودی مرۆڤ بوونێکی ماتەرییان ھەیە، ئەمە ھەمان روانگەی “ھۆبز”ە کە من لێرەدا جەختی لەسەر دەکەمەوە، ھەروەک د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام لە روونکردنەوەی ئەم کۆنسێپتە “ھۆبز”ییەدا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات: شتێک بە ناوی دەروون یان رۆح، واتە شتێک لە خۆیدا ماددە نەبێت یان گەوھەرێکی ماددیی نەبێت، ھیچ ئاسەوارێکی نییە. بۆ جەستە و دەروونیش ھەمان شتە ھەر راستە، دەروون و گیان شتێک نین لە دەرەوەی ماددە، جەستەی مرۆڤیش پێدراوێکی ماتەرییە.
خۆم: ئەمە لە کەمکردنەوەی شکۆی مرۆڤ نییە کاتێک تۆ مرۆڤ بە پێدراوێکی ماددیی پێناسە دەکەیت؟. بەم پێیە بێت ھەمان ئەو تێزە کلاسیکییە ماتەرییە راستە کە دەیانووت مرۆڤ چییە جگە لە دوو تەڵ بزمار و سێ سەلک سابوون!!. بە راستی ئێمە تەنیا رووداوێکی بایۆلۆژیین یان شتێکی تر.؟.
من: نەخێر بابەتەکە لێدان نییە لە شکۆی مرۆڤ، بەڵکو خۆناسینە، گەڕانە بەدوای بەرسڤی ئەو پرسیارە ھەمەکی و ھەمیشەییەی مرۆڤ لە خودی خۆی دەکات: من چیم؟. کرۆنۆلۆژیای مرۆڤ لەسەر زەوی و لە ژیاندا گەڕان بووە بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا. مرۆڤی پێشین نەیویستوە بڕوا بەوە بھێنێت لەناوچوونی فیزیکیی خۆی کۆتاییە، نەیتوانیوە ئەوەش قبوڵ بکات ئافرێندراوێکی پیرۆز و تایبەت نییە، بەڵام فەلسەفە و زانست ئەو نەرگسییەتەی مرۆڤیان بەتاڵ کردەوە، یەکەمین جار شۆڕشی کۆپەرنیکۆسیی ئەم خودئەڤینییەی مرۆی تێکشکاند بە سەلماندنی ئەوەی زەوی نەک چەقی گەردوون نییە، بەڵکو ھەسارەیەکی بچووکی شێوە ھێلکەییە. دووەم لێدان تیۆری پەرەسەندن بوو کە لە لوتکەدا داروین وەستاوە، ئەم بیرۆکەیە ئەوەی سەلماند مرۆڤ بەرئەنجامی پەرەسەندنی بایۆلۆژییە نەک ئەو ئافرێندراوە پیرۆز و ئایدیاڵییە بێت ئاین و ئەفسانەکان لە مرۆڤیان گەیاندبوو. سێھەم زام زامی فرۆیدییە، سوژەی فرۆیدیی برینێکی قوڵی لە نەرگسییەتی مرۆڤدا دروستکرد، بەوەی لە رووی دەروونییەوە مرۆڤی دابەشکرد بەسەر سێ کارەکتەردا “من Ego، ئەو id، منی باڵا super Ego”. بۆ ئەوەشی بەسەرماندا تێنەپەڕێت ناڵێین مادام مرۆڤ بوونێکی ماتەریی ھەیە، شیاوی ژیان نییە، نا مرۆڤ لە ھەموو بوونەوەرانی تر زیاتر ژیانە، چوونکە تاکە بوونەوەرە لە ژیان تێدەگات.
خۆم: ئەوەی ھەمیشە ئیستم پێ دەگرێت ئەوەیە ھێشتاش زانست و فەلسەفە نەیتوانیوە، مرۆڤێکی نوێ بەرھەم بھێنێت، ئەو باوەڕە ئاینییە میتۆلۆژییە تێپەڕێنێت پێیوایە جەستەی ژن پاشکۆی جەستەی پیاوە، بەو پێیەی لە کتێبی پیرۆزدا “پەیمانی کۆن” لە “سفری تەکوین”دا باس لەوە کراوە، دایکە حەوا “یەکەم ژن” لە پەراسووە گێڕەکەی بابە ئادەم “یەکەم مرۆڤ” ئافرێندراوە. ھێشتا ئەم دیدە ئەفسانییە بەشێوەیەکی تر و لە قاڵبێکی نوێتردا مێشکی مرۆڤ سەبارەت بە بوونی ژن و جەستەی مێینە ئاڕاستە دەکات. کەواتە سوودی فەلسەفە و زانست چییە کە نەتوانێت ئەو باوەڕە ئەفسانەییە تێپەڕێنێت لە کاتێکدا مرۆڤایەتی ھاوچەرخ جاڕی پیادەکردنی سوپەر عەقڵانییەت دەدات؟.
من: کێیە دەڵێت لە ناو عەقڵی ئامێریی و مۆدێرنێتەدا جێگەی خورافات نابێتەوە؟. ھەندێک لە ئەنترۆپۆلۆژیستەکان مێژووی مرۆڤایەتی بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکەن “قۆناغی جادوو، قۆناغی ئاین، قۆناغی زانست”. ھەردوو قۆناغەکەی سەرەتا لەسەر بنەمای خورافات و میتۆلۆژیا وەستاون، بەڵام ئایا ئێمە ئێستا کە لەناو قۆناغی زانستداین جێگەیەک نەماوە بۆ ئەفسانە؟ ئایا مودێرنە جیا لە ئەفسانە نوێیەکان، توانیویەتی ئەو رۆحە خورافییەی مرۆڤ بکوژێت؟ باوەڕم وایە توخمی ھەرە سەرەکی لە پێکھاتنی نەتەوەکاندا ئەفسانەیە، کەواتە ھێشتا ئامادەگیی ئەو ئەندێشەیە لە ژیانی ئەمڕۆماندا زیندووە، ئەم تێزەش بە روونی لای “یۆنگ” بەرجەستە بووە، کە بۆ ناسینەوەی تاک پەنا دەباتە بەر ئەم میتۆلۆژییانەی نەست و نائاگاییەکەی پێکدەھێنن. ئەگەر سەیر بکەین “دایە رێزبار” لە ئاینی یارساندا خواوەندە، ئەمەش دیسان ناکاتە ئەوەی ئێمەی کورد ژن وەک رەگەزێکی یەکسان دەبینین، بە پێچەوانەوە ئەمە بەرزکردنەوەی ژنە بۆ سوپەر ژن یان بۆ ژنێکی ئایدیاڵی وەھا کە خاوەنی جەستەی خۆی نییە، بۆیە لە ھەر پەیوەندییەکی جەستەییدا ئاستی لە خواوەندەوە دادەبەزێت بۆ ئاستە “ئاژەڵییەکە”،!! لە دابەزینی ئەم لیڤڵەشدا ژن کە لە دیدی ئێمە بوونێکی بەرجەستەی نییە، دەگاتە راددەی قێزلێبوونەوە، نھێنی توندوتیژیی و کوشتنی ژنی کورد بەشێکی زۆری لێرەدا خۆی حەشارداوە. بە زمانێکی سادەتر ئێمە دایکی خۆمان وەک نموونەیەکی ئایدیاڵی و سوپەر دێتە بەرچاو، کە نموونەی پاکیزەییە، بەڵام ئەگەر ھەست بکەین ئەم دایکە جگە لە باوکمان پەیوەندیی سێکسیی بە پیاوێکی ترەوە ھەبووە، وێنا ئایدیاڵییەکەی وەک ئاوێنەیەک دەشکێت، لەم کاتەدا بەرگەی بوونە بەرجەستەکەی ناگرین و لە نزمترین ئاستی کاردانەوەدا بە نەفرەتی دەکەین.
خۆم: بابەتێکی ھەستیارە، بیروباوەڕی ئاینیی و میتافیزیکیی جەستەی مرۆڤ وەک سروشتێکی ئاژەڵی چاو لێدەکات، ئەم روانگەیە لە بواری فەلسەفیشدا رەنگدانەوەی زۆری ھەبووە، بەتایبەت لای “ئەفلاتۆن” کە ئەو پێیوایە بەختەوەریی شتێکی رۆحییە و لەسەر ئەشکەنجەدانی جەستە رۆنراوە، ھەمان شت لای سۆفیزمی ئیسلامی و تەوژمە جیھادییەکان بەرجەستە بووە، تەنانەت لە قورئاندا ئایەتێک ھەیە لە وەسفی بێباوەڕاندا دەڵێت “ئەوان وەکو ئاژەڵ وان، بەڵکو خراپتریش”! تاوانی ئەو بێباوەڕانەش ممارەسەی ئازادییەکانی جەستە بووە. لەم سیاقەشەوە باوەڕی ئاینی پرۆسەی سێکس وەک کردەیەکی ئاژەڵی دەبینێت، ھەربۆیە دوای تەواوبوونی ئەو کردەیە پێویستمان بە کرداری خۆپاککردنەوە ھەیە. ئەوەشی پێویستە ئاماژەی پێ بدەم، داروین و زانستەکان سەلماندیان مرۆڤ ھەر رەگەزێکی تری ئاژەڵە، پێموابێ ئەرەستۆ بوو دەیووت “مرۆڤ ئاژەڵێکی قسەکەرە”، بەڵام لەوە زیاتریش مرۆڤ ئاژەڵێکی بیرکەرەوەیە. لە کاتی سێکسدا مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی راستەقینەی خۆی و ئەو ھیومانیزمەی لەسەر سروشتە ئاژەڵییەکەی رۆنراوە.
من: مرۆڤ چۆن لە رێگەی جەستەوە ھەست بە بوونی خۆی دەکات، ھەر لە رێگەی جەستەشەوە خۆشەویستی ممارەسە دەکات، ئەوەی پێی دەوترێت پەیوەندیی رۆحی ئەبستراکت شتێکی پێکەنیناوییە، ئاخر تەنھا خێوەکان کۆمەڵێک رۆحی نابەرجەستەن، دەکرێت بڵێین پەیوەندیی رۆحی دیاردە و پەیوەندیی نێوان خێوەکانە نەک مرۆڤەکان.
خۆم: جەستە زۆر گرنگە، بە تایبەت بۆ توخمی مێینە، ئەو جەستەیە نا بووەتە شتومەک و بزنسی پێوە دەکرێت، بەڵکو ئەو جەستە ئازادەی ماناکانی ژیانی لێوە ھەڵدەقوڵێت. نووسەری فێمینیست “ژولیا کریستڤیا” پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات ئەگەر ژن جگە لە جەستەی خۆی ھیچی تریش بەدەستەوە نەبێت، دەتوانێت ئەو جەستەیە بکاتە میکانیزمی بەرەنگاریی و ئازادیی خودی خۆی، چوونکە ئەگەر پیاوان بتوانن ھەموو شتێکی ئەویتری ژن مۆنۆپۆل بکەن، ناتوانن جەستەی ئازادی ژنان داگیر بکەن، لەم کاتانەدا ئەوەی بەدەست ژنەوە ماوەتەوە جەستەی ئازادی خۆیەتی کە وەک باسمان کرد دەلالەتی بوونی خۆیشیەتی لە ژیاندا. ھەر لەژێر کڵاورۆژنەی ئەم دیدگایەوە سەرلەبەر دژی پرۆسەی بە کاڵاکردنی جەستەی مێیەنم کە بەرھەمی سیستمی مەسرەفگەرایی کاپیتالیزمە، بە تایبەت لەناو ژنانیشدا وێنەی ژنێکی روخسار جوان و شیک پۆش و خاوەن جەستەی سەرنجڕاکێش وەک ژنێکی ئیدیاڵ زەق دەکرێتەوە، ھەم لە بواری ریکلام و رشتەکانی تری بازرگانیدا، ئەمەش لە کتێبەکەی “نەوامی وۆڵف” بە ناوی “ئەفسانەکانی جوانی” بە روونی و چڕیی ورد کراوتەوە.
من: ھەموو کۆکین شارستانێتی سەرمایەداریی ئەمڕۆ خۆشەویستی تێدا نییە”خۆشەویستی بە رەھەندە فراوانەکەی خۆیەوە”، رەنگە داکۆکیکردن لە خۆشەویستی، وەک داکۆکی لەو شەمەندەفەرانە بێتە بەرچاو بە خەڵوز دەبزوان، یان وەک مرۆڤێکی دابڕاو لە ژیانی ھاوچەرخ تەماشا بکرێین، لە باشترین حاڵەتدا بەوە رازی دەبین وەک لایەنگری کەلەپورێکی دێرین ناوزەدمان بکەن. کێشەکە ئەوەیە مرۆڤی نوێ سەرقاڵی چێژی کاتییە، ھەر بۆیە ژن وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی چێژ سەیر دەکات، لە راستیدا ھەموو پەیوەندییەکی خۆشەویستیی پەیوەندیی جەستەییە، بەڵام مەرج نییە ھەموو پەیوەندییەکی جەستەیی خۆشەویستی بێت,. سەبارەت بەم پرسە من گومانم لە خودی زمانیشە “چ زارەکی، چ نوسراو” کە ئامێرێکی نێرسالارانەیە، تەنانەت رەخنەی من لە شیعری ئیرۆتیکی کوردیی ئەوەیە داوا لە ژنی کورد دەکات بە فۆرمێک ئارایشت و مامەڵە لەگەڵ روخساری خۆی بکات وەک لە کەناڵەکانی پۆرنۆدا دەبینرێت، بە پێی حەز و ھەوەسی منی پیاو مامەڵە لەگەڵ لەشولاری خۆی بکات، داواکردنی فۆرمی فۆتۆ مۆدێل لە مێینەی کورد لە رێگەی تێکستی شیعرییەوە ئەنگیزەیەکی نێرسالاریی دەیجوڵێنێت، شیعر نابێت نێرسالارانە بێت، بەڵکو دەبێت مرۆڤسالارانە بێت. ئیلیەت وتەنی “شیعر دەتوانێت شۆڕشێک لە ھەستیاریماندا بەرپا بکات”. کەچی شیعری کوردیی یان توخنی ژن ناکەوێت یان بەشێوەی نێرسالارانە باسی جەستەی ژن دەکات، مێژووی ئەدەبی کوردیی ھەر لە “نالی”یەوە تاکو ئێستا شەڕی جەستەی لەگەڵ ژن کردووە، ئەوەتا “نالی” لە رێی شیعرەوە “مەستوورەی ئەردەڵانی” رووت دەکاتەوە، لە رێی باسی جەستە و سێکسوالێتییەوە رووبەڕووی مەستورە دەبێتەوە، ئەم نەزعە نێرسالارییەش لە ناو چەندان پەرەگرافی رۆمانەکانی “بەختیار عەلی”دا بە زەقی رەنگیداوەتەوە.
خۆم: شیعری ئیرۆتیکی کوردیی داوا لە ژنی کورد دەکات وەک قەحپەیەک خۆی نمایش بکات، ئەمە کارەساتێکی ئەدەبی گەورەیە، لە کاتێکدا “پۆل ریکۆر” باوەڕی وابوو “ئەوەی شیعر دەیکات یارمەتی فەیلەسووف دەدات”!!. بەو پێیەی “رزگارکردنی وشەکانی ناو زمان و فراوانکردنی سنووری دەلالەتەکانی لە ئەستۆی شاعیردایە”. بەڵام پرسیارە سەختەکە ئەوەیە لەم شەوەزەنگەدا کێ مۆمەکەی باشلار ھەڵدەکات تا تۆزێک ژووری تاریکی شیعرمان رووناک بێتەوە؟.
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
١٠-١-٢٠١٩
کاتژمێر: بیست و دوو و پەنجا خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
ئەڵمانیا- بیلەفێڵد