ساڵ چۆن وەکو چەقۆ دەتسمێ …. نیگار نادر
کۆی ئاڵوگۆڕی ئەو ژمارەو ئەو رۆژو مانگانەی لەوەر چەرخانی زەمین دا ڕوودەدەن ناوزەدکراون بە نوێبوونەوەی ساڵ ، بەرزبوونەوەی ئەو ژمارانە بەڕوێکدا لەتەمەنی نیوەمان کەم دەکاتەوەو لەتەمەنی نیوەی ترمان زیاد دەکا ، پێموایە هەر حەوت ملیارد مرۆڤی ئەو جیهانە هەریەکێکیان ساڵێکی جیاواز بە خۆیان هەیە و ساڵی هیچ یەکێکشمان لەئەویترمان ناچێت ، هەر ساڵێکش سیحرێکی خۆی هەیە بەجۆرێک مرۆڤ دەبڕێێتەوە ، بۆ نموونە ساڵ هەن وەک مشار دەتبڕنەوە ، ساڵ هەن وەک تێزاب دەتتوێنەوە ، ساڵ هەن وەک شەکر شیرینت دەکەن ، ساڵ هەن وەکو پەیژە دەتبەنە سەرەوە ساڵ هەن وەکو چاڵ بزرت دەکەن ، ساڵ هەن مرۆڤی گەورەیان تێدا دەبینیەوە ، ساڵ هەن وەکو موس بە زامداری بەجێتدەهێڵن ، ساڵ هەن وەکو درەخت وشکت دەکەن ، ساڵ هەن دەبن بە پرد ، ساڵ هەن بەچۆکدا دەخەن، ساڵ هەن وەکو پوش بەباتدا دەدەن ، ساڵیش هەن لە خودا نزیکترت دەکەن ، ساڵ هەن کەنەفت و دەردارت دەکەن ، ساڵ هەن پرشنگدارت دەکەن ، سالیش هەن وەکو چەقۆ ئەگەر نەشتکوژن دەتسمن و زامدارت دەکەن.
من ساڵ وەک داشی دامە بە هەستیاری دەبزێوم چونکە ساڵ پڕە لەو سیحرانەی لەسەرەو ئاماژەم پێداون ئەگەر زۆر زیت نەبی ئەوا لەناو گێژەنی ئەو سیحرانەدا لە چاوەڕوانی بەرزبوونەوە و دابەزینی ئەو گۆڕانکاری و ژمارانەدا دەبی بە مرۆڤێکی گشتی و ژیانێکی ڕواڵەتی و ڕۆبۆتی دەژی .
وەرسوڕانی ساڵ لەو سەردەمەدا کە ناوزەدکراوە بە سەردەمی خێرایی پڕە لە تەڵە ،تەڵەی هەمە جۆرو تەڵەی هەمەڕەنگ، مرۆڤ هەرچی هێزی هەیەتی بەکاریدەهێنێ تا خێرا باژوێ ، لە زانست دا ، لە سیاسەت دا ، لەکار دا ، لە ئابووری دا ، لە جوانی دا ، لە بەناوبانگ بوون دا ، لە دەوڵەمەند بوون دا بەبێ ئەوەی هەست بکا کە لەو ڕاکەڕاکەدا خۆشبەختی و سادەیی و بەهای ژیان لە بنڕا لەدەست دەدات و قوماری تەمەن دەکات ساڵەکەی با دەیبات .
ساڵی ٢٠١٦ وەکو بڕمەند بریندارکەربوو ساڵێک کە بۆ برینی کوردبوون زۆر بەسوێ و پڕژان ، ساڵێک پڕ لە ڕژانی خوێنی کوردان و بەهەدەردانی ئامانجی نیشتیمانی بوو ، پڕ لە ساویلکەیی و خۆبەدەستەوەدان و پڕ لە سازش و دەستەبەسەری و دانەوان ، پڕ لە مرداربوون لە نەوتدا و دەستخەڕۆ بوون لە فەریکە سیاسەتدا ،ساڵیک تژی لە چەقبوستوویی گەندەڵی و بەستەڵەکی چاکسازی، ساڵێک ئەو هەرێمە تێیدا گەیشتە ترۆپکی دووڕوویی و فیشاڵی سیاسی ،هەرزانتین سینارێۆیی سازان و یەکخستنی لایەنەکان،سالێک پڕلە دووڕوویی پوچی ئەدەبی و هونەری ، دووڕوویی و داڕوخانی کومەڵایەتی ، لەو ساڵەدا بەشە ناڕازی و قوتزەوتکراوەکەی کۆمەڵگە بە دووڕوویی سەرقاڵی ماروپێێژەی خۆوەشاندان و بە خۆپێشاندانی دروستکراو خەریک بوون ، بەشە ڕازی و نەوتقۆرخکەرەکەی هەر خەریکی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی کەسی وحیزبی بوون .
٢٠١٦ساڵێک بوو وەک مووس ڕوشاندمی و جۆرەها برینی دروست کردن و ڕۆژەکانی پڕ لە خوێ بوون و زامەکانی ئەودیوئەودیو کردن ، ساڵێک نیوەی تیژ لەلەندەن تێپەڕی و شوختی بەزەبری بە تەندروستیدا هێنا ، ساڵێک دووبارە پڕ لە گێژەنی دەستهەڵگرتن و سەرهەڵگرتن لە کوردستان ، ساڵێک وەک دەستتاڕ متمانەی هاڕی ، ساڵیکی وەک چەقۆ لە پشتەوڕا بریندارکەر .
لەسەردەمی خێرایی دا سیاسەت ساڵی بۆخۆی قورخکردوە ، پتر لەهەر شتێک ئەوەی ئەو حەوت ملیارد مرۆڤەی سەر ئەو ئەستێرەیەی گێژ کردوە هێرشی تیرۆریستی، هەڵبژاردن ، داهێنانی تەکنەلۆژیا ، بازرگانی نەوت . سیاسەت لەڕێگەی مێدیایەوە بەهۆی بازرگانەکانی هەواڵ و لە شاشەکانیانەوە موگناتیسانە زەینی لەسەدا نەوەدی مرۆڤەکانیان ڕاکێشاوەو قوڵاپتێکردوەو بەدوای خۆیاندا ڕایانەکێشاوە، لەکۆی ئەو ٣٦٦ ڕۆژەی ساڵدا مێشکی مرۆڤ کەم رۆژی تیدایە سیاسەت بۆخۆی نەیکێڵی .
لەو سەردەمەدا ئەگەر سەرنج لە تێپەڕینی ساڵ بدەین دەبینین ساڵ چۆن مرۆڤی کردوە بە سەنتەرێکی کاڵا ئایکۆنێکی بازرگانی ، مرۆڤ بەبەردەوامی سەرقاڵە بە کۆکردنەوەی کاڵا بەجۆری جیاواز ، ئەوڕۆ لەپاش قوڵاپەکانی سیاسەت چەقۆیەکانی جوانکاری و شاشەی سمارتفۆنەکان ئەو جیهانە بەڕێوەدەبەن و فیکر و جوانی و هونەر لە قولینچێکێكی گچکە سەرەتاتکێ لەگەڵ ژیان دەکەن .
ساڵ وەکو پەرجوو هەم لێت زیاد دەکا و هەم لێتکەمدەکا ، ماتماتیکیانە ژمارەیەکت پێوە دەنوسێنێ و ژمارەیەکت لێکەمدەکا ، وەکو تیر ئەگەر بەوریایی نەیهاوێژی ئەوا ئەو دەتهاوێژێ ، بەو مانایەیی لەهەر ساڵێکدا ئەگەر ئامانجێک دەستنیشان نەکەی تا بیپێکێ ئەوا ساڵ دەتپێکێ و پلەیەک لەتەمەنت دێنێتەخوار مرۆڤ هەمیشە ترس ودڵەڕاوکێی هەیە لەو کەموزیادیەی لە ڕێگایەتی . ساڵی نوێ کە دێت وەکو شەمەندەفەر وایە ئەگەر دروست لەکاتی خۆیدا ئامادەنەبی ئەوا تیژ بەجێتدەهێڵێ ، وەکو فڕۆکەش ئەگەر سەردەکەوی دڵنیا نیت دەتگەیەنێتە شوێنی مەبەست یا نا! وەک کەشتی هەرگیز بە پیچەوانەی ئاراستەوە ناتوانین بجوڵێین .
نیگار نادر /١/١/٢٠١٧