Skip to Content

ئەلیزابیس گورلی فلین(١٨٩٠ – ١٩٦١)، ڕابەرێکی یەکسانیخوازی کرێکاریی..ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ئەلیزابیس گورلی فلین(١٨٩٠ – ١٩٦١)، ڕابەرێکی یەکسانیخوازی کرێکاریی..ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ئایار 6, 2023 General, Literature

ئەلیزابێس گورلی فلین ڕابەرێکی کرێکاریی و هەڵسوڕاوێکی بواری خەباتی یەکسانی ژن و پیاو، کە ڕۆڵی سەرەکی لە نێو بزووتنەوەی چینی کرێکاری ئەمریکا بەگشتی و ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان بەتایبەتی بینیوە. ئەلیزابیس فلین ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا و هەروەها لایەنگرێکی دیاری مافەکانی ژنان و کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوون و دەنگدانی ژنانی ئەمریکا بوو. لە ساڵی ١٩٣٦ پەیوەندی بە حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکاوە کردووە و لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا، لە ساڵی ١٩٦١ بووەتە یەکەم سەرۆکی حزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا. ئەلیزابێس گورلی فلین لە ٧ی ئابی ١٨٩٠ لە شاری کۆنکۆرد لە ویلایەتی نیو هامپشایر لەدایک بووە، خێزانەکەیان لە ساڵی ١٩٠٠ ڕوویان لە نیویۆرک کردووە و لەوێ لە قوتابخانە حکومییەکانی ناوچەکە خوێندوویەتی. دایک و باوکی سۆسیالیزمیان پێ ناساند و ئاشنایان کرد بە مارکسیزم. کاتێک تەمەنی تەنها پانزە ساڵ بوو یەکەمین وتاری خۆی بە ناوی “سۆسیالیزم چی بۆ ژنان دەکات” لە یانەی سۆسیالیستی هارلم پێشکەش کرد. وەک بەرئەنجامێک هەستی بە پێویستی تێکۆشان لەپێناو گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کرد و بڕیارێکیدا کە دواتر پەشیمان بووەوە، کە پێش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، قوتابخانەی مۆریس بەجێبهێڵێت. بەڵام سەرچاوەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە بەهۆی تێوەگلانی بە سیاسەتەوە لە قۆناغی ئامادەییەوە لە قوتابخانە دەرکراوە.

هەڵسوڕابوون لە یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهان
لە ساڵی ١٩٠٧وە، ئەلیزابیس فلین ژیانی خۆی وەک ڕێکخەر و هەڵسوڕاوی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهان تەرخان کرد و بەشداری یەکەم کۆنفرانسی ئەو ڕێکخراوەی لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا کرد. چەند ساڵ پاشتر ئەلیزابیس کەمپەینێکی لە نێوان کرێکارانی جلوبەرگ لە پێنسیلڤانیا و کرێکارانی ئاوریشم لە نیوجێرسی و کرێکارانی چێشتخانەکان لە نیویۆرک و کرێکارانی کانەکان لە مینیسوتا و میسۆلا لە مۆنتانا و سپۆکەین لە واشنتۆن و هەروەها کرێکارانی قوماش لە ویلایەتی ماساشوستس بەڕێخست، کە بەرجەستەبوون و لێهاتوویی ئەم ڕابەرە کرێکارییە نیشان دەدات. هەو لەو ساڵە ١٩٠٧ ئەلیزابیس بە ڕابەرێکی کرێکارانی پیشەسازی جیهان لە ویلایەتی مینیسوتا بە ناوی جەی ئەی جۆنز ئاشنا دەبێت کە شانزە ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو، بەڵام ئەلیزابیس لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت “عاشقی بووم و لە کانوونی دووەمی ١٩٠٨ هاوسەرگیریمان کرد. لە ساڵی ١٩٠٩ ئەلیزابیس بەشداری لە گفتوگۆکانی تێکۆشان لەپێناو ئازادی ڕادەربڕین لە شاری سپۆکەیندا کرد، کە تێیدا خۆی بە زنجیر بە عەموودی کارەباوە بەستەوە بۆ ئەوەی کاتێک دەستگیری دەکەن،دەستگیرکردنەکەی دوابخات. پاشان ئەلیزابیس پۆلیسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە خانەکانی باڵەخانەی زیندانەکە وەک خانەی لەشفرۆش بەکار دەبەن. تۆمەتێک کە وای لە پۆلیس کرد هەوڵی کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەی کرێکاری پیشەسازی بدەن کە ڕاپۆرتەکەی بڵاوکردبۆوە. لە ٤ی ئازاری ١٩١٠، دەسەڵاتدارانی شاری سپۆکەین پاشەکشەیان کرد و مافی ئازادی کۆبوونەوە و ڕادەربڕین و خۆپێشاندانی ئەندامانی یەکێتیی پیشەسازی جیهانیی بە فەرمی دان پیانا. ئەلیزابیس فلین لەو ماوەیەدا دە جار دەستگیرکرا، بەڵام بە هیچ چالاکییەکی تاوانکاری سزا نەدرا. ئەلیزابێس بەردەوام بیانووی پێدەگیرا. لەساڵی ١٩١٦، دەرکردنی ئەلیزابیس فلین و جۆ ئیتۆری هاوڕێی لە ڕێکخراوی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی ڕویدا کە بەپێی وتاری مێژوونووس ڕۆبەرت ئێم ئێلیف کە لە گۆڤاری مێژووی مینیسۆتا کە لە هاوینی ١٩٨٨ بڵاوبۆتەوە، سێ کرێکاری کانەکانی مینیسۆتا کە لەڕووداوێکی نەخوازراودا بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکرابوون و بەم بۆنەشەوە سێ لە ڕابەرانی یەکێتیی کڕێکارانی پیشەسازی جیهانیی تۆمەتبار کران، هەرچەندە هیچ کام لەو سێ ڕابەرە لەو کاتەدا لەو شوێنە نەبوون و لە شوێنی دیکە بوون. ئەو سێ کرێکارەی کانەکان کە هیچیان بە شێوەیەکی ڕەوان بە ئینگلیزی قسەیان نەدەکرد، ڕووبەڕووی زیندان بوونەوە. ولیەم هەیوود؛ ئەلیزابیس و جۆ ئیتۆری بە بەرپرسیار زانی کە ڕێگەی بە کرێکاری کانەکان داوە کە دان بە تاوانەکانیاندا بنێن کە ڕەنگە هەر لە سزای تاوانەکەیان تێنەگەیشتبێتن. هەیوود لە ژیاننامەی خۆیدا نووسیویەتی کە ئەلیزابیس فلین و ئیتۆر بەهۆی ئەو کارەساتەوە لەڕیزەکانی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانی وەدەرنران.

هەڵسوڕاوبوون لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان
ئەلیزابیس فلین لە ساڵی ١٩٢٠ ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا بوو، کە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە هەڵمەتی دژی سزادانی ساکۆ و ڤانزێتی. ئەلیزابیس بە تایبەتی خەمی مافەکانی ژنان بوو، پشتگیری لە مافەکانی کۆنتڕۆڵکردنی لەدایکبوون و دەنگدانی ژنان دەکرد. هەروەها ئەلیزابیس ڕەخنەی لە ڕابەرایەتی سەندیکاکان گرت کە پیاوان زاڵن و ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی ژنان نین. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٦ بۆ ١٩٣٦، ئەلیزابیس فلین لە باشووری ڕۆژئاوای پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگن لەگەڵ وۆبلی ماری ئیکوی هاو سەنگەر و هاورێبازیدا ژیاوە. هەرچەندە ئەلیزابیس زۆربەی کاتەکانی لە پۆرتلاند تەندروستی باش نەبووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٤ لایەنگرێکی چالاک و هەڵسوڕاوی مانگرتنی لۆنگشۆری کەناری ڕۆژئاوا بوو. لە ساڵی ١٩٣٩ ئەلیزابیس دووبارە بۆ دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە؛ بەڵام کاتێک ئەدۆلف هیتلەر و جۆزێف ستالین لە ساڵی ١٩٣٩ پەیماننامەی نادەستدرێژییان واژۆ کرد، یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا لەساڵی ١٩٤٠، سەرجەم ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی لە ڕیزەکانی خۆی دەرکرد، کە ئەلیزابیس یەکێک بوو لەو دەرکراوانە. لە ساڵانی ١٩٢٧-١٩٣٠ ئەلیزابیس وەک سەرۆکایەتی بەرگری نێودەوڵەتی کار دەکات. لەو ماوەیەدا چالاک بوو لە تێکۆشان لەپێناو ئازادکردنی ڕێکخەرانی کرێکاری زیندانیکراو و دەستبەسەر.

ئەلیزابیس و کەمپی زیندانی فیدراڵی ئەلدەرسۆن


لە ساڵی ١٩٣٦ ئەلیزابیس پەیوەندی بە حزبی کۆمۆنیستەوە کرد و گۆشەی فێمینیستی بۆ ڕۆژنامەی دەیلی وۆرکەر دەنووسی. دوای دوو ساڵ بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیست هەڵبژێردرا. ئەلیزابیس لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە وەڕێخستنی کەمپەینی هەلی ئابووری یەکسان و هەقدەستی ژنان و دامەزراندنی دایەنگە و باخچەی ساوایان بۆ ژنانی کرێکار. لە ساڵی ١٩٤٢ لە نیویۆرک خۆی بۆ هەڵبژاردنی کۆنگرێس کاندید کرد و ٥٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا. لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٤٨دا دەیان سەرکردەی حزبی کۆمۆنیست دەستگیرکران و تۆمەتبارکران بە پێشێلکردنی یاسای بە داکۆکیکردن لە ڕووخاندنی حکومەتی ئەمریکا لەڕێگەی توندوتیژییەوە. دوای ئەوەی لە دادگا تانەیان لە بڕیارەکەیاندا. ئەلیزابیس فلینیش هەڵمەتێکی بۆ ئازادکردنیان دەستپێکرد بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥١دا خۆی لە شەپۆلی دووەمی دەستگیرکردنەکاندا دەستگیرکرا و پاشان لەگەڵ شانزە ئەندامی دیکەی حزبی کۆمۆنیست؛ دادگایی کرا. ئەوان تۆمەتبار کران بە پیلانگێڕی دژ” حکومەت دوای دادگاییکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کەمپی زیندانی فیدراڵی لە شاری ئەلدەرسۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیای ڕۆژئاوا زیندانی کرا. دواتر بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی نووسی بە ناوی چیرۆکی ئەلدەرسۆن: ژیانی من وەک زیندانییەکی سیاسی. دوای ئازادبوونی لە زیندان، ئەلیزابیس دەستی بە چالاکییەکانی لە نێو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەمریکا کردەوە. لە ساڵی ١٩٥٧ وەک کۆمۆنیستێک خۆی بۆ ئەنجومەنی شاری نیویۆرک کاندید کرد و ئەمجارە تەنها ٧١٠ دەنگی بەدەستهێنا.

ژیانئاوایی ئەلیزابیس فلین
ئەلیزابیس فلین لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٦٤ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە یەکێتیی سۆڤییەت کۆچی دوایی کرد. حکومەتی یەکێتیی سۆڤییەت پرسەیەکی فەرمی دەوڵەتی لە گۆڕەپانی سووردا بۆ ئەلیزابیس فلین ئەنجامدا و زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد. بەپێی خواستی لەوەوپێشی ئەلیزابیس خۆی، دەسەڵاتدارانی یەکێتیی سۆڤییەت تەرمەکەیان بە فڕۆکە ڕەوانەی ئەمریکا کردەوە بۆ ئەوەی لە گۆڕستانی والدهیم لە شیکاگۆ لە نزیک گۆڕی یوجین دێنیس، ولیەم هەیوود، ئیما گۆڵدمان و شەهیدانی شۆڕشگێر هایمارکێت بە خاک بسپێردرێت. ئەلیزابیس دوای مردنی کتێب و جل و بەرگ و ماڵوحاڵەکەی بەجێهێشت بۆ خانەی کرێکارانی کاسۆلیکی دۆرۆتی دەی لە شاری نیویۆرک. ئەلیزابیس و دۆرۆتی دەی بۆ یەکەمجار لە ساڵانی ١٩١٠ یەکتریان بینی و ئەلیزابیس فلین بە بەردەوامی جل و بەرگ و بەتانی دەنارد بۆ خانەی کرێکارانی کاسۆلیکی نیویۆرک. ئەلیزابیس لە ٧١ ساڵی تەمەنی پڕ لە تێکۆشانی خۆیدا، جگە لە سەدەها وتاری ئیرتجالی، ٢٩ کتێب و نامیلکە و چەندین وتاری سیاسی و جەماوەری نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە.

ڕەنگدانەوەی تێکۆشانی ئەلیزابێس فلین لە ئەدەب و هونەر
ئەلیزابیس فلین بۆ جۆ هیڵی هونەرمەند و سووردخوێنی چینی کرێکاریی ئەمریکا دەبێتە ئیلهامبەخش و لەساڵی ١٩١٥ لە گۆرانی (کچە یاخیبووەکە) کە هەر خۆی نووسیویەتی، باس لە ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی ئەلیزابیس لە خەباتی ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان دەکات. جگە لەمەش ئەلیزابیس فلین لە ڕۆمانی (جوانی سوسنەکان)ی جۆن ئاپدایکدا وێنا کراوە کە دەوترێت پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کارلۆ ترێسکای ئەنارکیست هەبووە، کە بە نامە و بیرەوەرییەکانی فلین پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها ئەلیزابیس فلین لە ڕۆمانی (ملیۆنە ساردەکان)ی جێس واڵتەرشدا بۆتە بابەتی ئەدەبی گێرانەوە.

سەرچاوە : https://en.wikipedia.org/wiki/Elizabeth_Gurley_Flynn

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish