Skip to Content

گەندەڵی، توێژی بۆرژوازی گەورە و پەیوەندیی بە سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە لە عێراقدا.. موئەیەد ئەحمەد

گەندەڵی، توێژی بۆرژوازی گەورە و پەیوەندیی بە سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە لە عێراقدا.. موئەیەد ئەحمەد

Closed
by شوبات 19, 2023 General, Opinion, Slider

لەگەڵ داگیرکردنی عێڕاق لە لایەن ئەمریکاوە و ڕووخانی ڕژێمی (بەعس) و دامەزراندنی “دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتی” لەژێر ئیدارەی (پۆڵ بریمەر) فەرمانڕەوای دانراو لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا، و پاشان “ئەنجومەنی حوکمڕانی”، هەروەها بە درێژایی ماوەی داگیرکاری ڕاستەوخۆی ئەمریکیـیەکان و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئەو ماوەیە و دواتری و تا ئێستاش، سیاسەتی ئابووریی فەرمی هێزە داگیرکەرەکان و ڕەوتی بۆرژوازی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی دەسەڵاتدار، گۆڕینی ئابووری سەرمایەداری بووە لە عێراق بۆ ئابوورییەکی سەرمایەداریی نیولیبراڵ و چەسپاندنی بە شێوەیەکی قووڵ و هەمەلایەنە و خێرا.

لە ماوەی “دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتی” و ئەنجوومەنی حوکمڕانیدا، (پۆڵ بریمەر) سەد بڕیاری دەرکرد کە بەشێکی زۆریان ڕێکاری ئابووری بوون بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە لە ئابووری عێراقدا. بەشێک لەو فەرمانانە جێبەجێ نەکران، بەهۆی بوونی ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەریان و ترس لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەریی بە دژیان. لەنێو ئەم بڕیارانەدا دەرکردنی “یاسای وەبەرهێنانی بیانی” لە لایەن ئەنجومەنی حوکمڕانییەوە لە (٢٠ی ئەیلولی ٢٠٠٣)دا، بوو، کە بەپێی ئەو بڕیارە “هەموو ئەو دامودەزگایانەی کە دەوڵەت خاوەنداریـیەتیان دەکات، دادەنرێن بۆ فرۆشتن و بەتایبەتکردن…” .

ئەمە، و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق درێغییان نەکرد لەوەی کە هەموو ئەو سیاسەت و یاسا و ڕێکارانەی کە بۆرژوازی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی پیادەیان کردبوو بۆ چەسپاندنی سەرمایەداریی دارایی (مالی) نیۆلیبراڵ (Neoliberal financialised capitalism) لە وڵاتەکانیاندا و لە ئاستی جیهانیدا لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە پێش داگیرکردنی عێراق و دەکران بگۆێزرینەوە بۆ عێراق بیانگۆێزێتەوە و جیبەجێیان بکات لەم وڵاتدا. لەوانە، ئەزموونەکانی تایبەتکردنی پیشەسازی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییە گشتیەکان، لابردنی قەید و بەند لەسەر نرخی کاڵاکان، دامەزراندنی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی، دەرکردنی یاسای بانکەکان، کردنەوەی “بانکە ئیسلامییەکان”، کەمکردنەوەی بودجەی سیستەمی پەروەردە و تەندروستی گشتی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تر، و تێکشکاندنی دەسەڵاتی سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکان.

لەم ڕاستایەدا، “هەر لە یەکەم ڕۆژی داگیرکارییەوە، بەشێوەیەکی سیستماتیک، کار کرا بۆ کردنەوەی بازاڕی عێراق بە فراوانی، بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کەرەستەی کشتوکاڵی و پیشەسازی، بە بیانووی دابینکردنی کەلوپەل بۆ عێراقییەکان، هاوکات لەگەڵ زیادکردنی مووچە و دروستکردنی مەفاهیمی بەکاربردن و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر (استهلاکی). وە بۆ سەقامگیرکردنی ئابووری ڕەیع (رینت)، هیچ هەوڵێک بۆ نۆژەنکردنەوە و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئابووری، پیشەسازی، کشتوکاڵی و خزمەتگوزاری گشتی نەدرا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پێداگرییان لەسەر ڕێگریکردن لە وەبەرهێنانی حکومەت لە پرۆژەکانی کەرتی گشتیدا کرد…” . جگە لەوەش دەسەڵات بە ئەنقەست کاری کردوە لەسەر دروستکردنی قەیران سەبارەت بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دەوڵەت وەک ئاو، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی و پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ بە تایبەتکردنی ئەو دامەزراوانەی حکومەت کە ئەم خزمەتگوزارییانە دابین دەکەن.

لە (حکومەتی ئەیاد عەلاوی)ەوە تا حکومەتەکانی (جەعفەری) و (مالیکی) و (عەبادی) و (عەبدالمەهدی) و (کازمی) و حکومەتی ئێستای (محەمەد شیعاع ئەلسودانی) لە پیادە کردنی ئەم سیاسەت و ڕێبازە نەوەستاون و ناوەستن.

حیزبە بۆرژوازییە ناسیۆنالیستەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان تەنانەت پێش ڕووخانی ڕژێمیش دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکان، بەڵام نەیانتوانی بە قەبارەیەکی فراوان و هەمەلایەنە پەرەیان پێبدەن هەتا دوای ئەوەی کە دەرگاکان بە فراوانی کرانەوە بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت لەسەر بنەمای پشکی تائیفی و قەومی، و تاڵانکردنی ئاشکرای پشکی هەرێم لە لایەن ئەو دوو حزبە گەندەڵە میلیشیاییەی لەسەر حوکمن، (پارتی) و (یەکێتی).

ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبدرێت، ئەوەیە کە هێزەکانی ڕژێم لە هەموو قۆناغەکاندا و لە هەموو ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئەمنییە کارەساتبارانەی کە عێراق پێیدا تێپەڕیوە، جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەیان درێژەپێداوە، لە کاتی شەڕەکانی هێزەکانی ئەمریکا، شەڕی تایفەگەری، ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان، شەڕی (داعش) و داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق. هەموو ئەمانە بە هەماهەنگی سیستماتیک و ملکەچ بوون بۆ مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە بە ئامانجی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد لە عێراق و “داڕشتنەوەی ئابووری” بەو پێیە.

هێزەکانی ڕژیم و لایەنگرانیان لە وڵاتانی ئیمپریالیستی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیان درێژەیان بەم هەڵمەتەی “داڕشتنەوەی ستراکچەری ئابووری”دا لە عێڕاقدا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، و سیاسەت و پڕۆژەی یاساییان خستۆتەڕوو و جێبەجێیان کردووە، کە دواترینیان “لاپەری سپی”یە لەم ڕووەوە. ئەم هێزانە و بەرگریکارانی سەرمایە و سەرمایەداری، لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە ناسیۆنالیست و ئایینی و نیولیبراڵەکان و تەنانەت بەشێک لەوەی کە خۆیان بە چەپ ناودەبەن، هەروەها ڕەوتە فیکریـیە بۆرژوازییەکان و ڕۆشنبیرانی ئەم چینە، هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە بۆ “دووبارە داڕشتنەوەی سترکچەری ئابووری”، هەڵمەتی پڕوپاگەندەیی بەردەوامیان دژی سۆسیالیزم و یەکسانی ئابووری نێوان هاووڵاتیان دەستپێکرد کە ئێستاش بەردەوامە. هەموو ئەمانە بەو بیانوەی کە مۆدێلی ئابووری سەرمایەداری نیولیبراڵ باڵادەستە لە ئاستی جیهانیدا، و گوایا “سیستەمی سۆسیالیستی” نەیتوانیوە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنێت، دیارە مەبەستیشیان لەم سیستمە “سەرمایەداری دەوڵەتی” بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕژێمی فاشیستی بەعسە لە عێراق.

ڕاوێژکارە ئابورییە فەرمییەکانی ڕژیم و ئەو بەشە لە ئابووریناسەکانی بۆرژوازی کە نوقمی ملکەچی سیاسەت و مۆدێلەکانی ئابووریی سەرمایەداری نیولیبراڵن، دەستیان کرد بە تەپڵ لێدان بۆ ئەم گۆڕانکارییە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبراڵیە و ئەم هەڵمەتانە بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم بازاڕ و لە ئەنجامدا لەبەردەم سەرمایەی تایبەت و جووڵەکەیدا بەجۆرێک کە پابەندی هێچ قەیدوبەندێک نەبێت. ئەوەی کە چی ڕوودەدا لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی سەرمایە و گەشەی ئابووری سەرمایەداری لە عێراقدا بەپێی ئەم مۆدێلە نوقمبووە لە گەندەڵیدا و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە وێرانکەرەکانی لە هەژاری و زیادبوونی بێکاری و تێکچوونی گوزەران و باری تەندروستی و پەروەردەیی زۆرینەی دانیشتووان، نەبووە و نابێتە هۆکاری نیگەرانی بۆ ئەوان، چونکە وێنەی خۆشخەیاڵی باو لە نێوانیاندا، یان باشتر بڵێین ئەو وێنەیەی کە دەیانەوێت جەماوەری پێ فریوو بدەن، سەبارەت بە گەشەی ئابووری سەرمایەداری، بەدەرە لە ناکۆکیـیەکان، ئەوان دەیانەوێت وامان تێبگەیەنن کە ئەم جۆرە گەشە ئابوورییە خۆی توانای سەرکەوتنی هەیە، لە ڕێگەی میکانیزمی بازاڕ و ئازادکردنی دەستی سەرمایەوە، بەسەر ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە “نەگەتیڤانەی” کە لە ئەنجامی ئەوەوە دروست دەبن.

سەبارەت بە گەندەڵی بەربڵاو لە تەواوی ستراکچەری سیستمی پشکپشکێنە، و کاریگەرییە وێرانکارەکانی لەسەر ئابووری و ژیان و گوزەرانی زۆرینەی دانیشتوان، ئەو ئابووریناسە بۆرژوازیـیانە، گەندەڵی بە دیاردەیەکی نەخوازراوی لاوەکی ناودەبەن کە گوایا دەتوانرێت تێپەڕێنرێت لە پرۆسەی ئەنجامدانی گەشەی ئابوری و چەسپاندنی بناغەکانی سەرمایەداری بازاری ئازاد. لەم ڕاستایەدا ئاماژە بەوە ئەدەن کە سەرمایەداری و بنکە کۆمەڵایەتییەکەی لە بۆرژوازی ناوەنجی (متوسط) بە شێوەیەکی سروشتی “دیموکراسی”یە! بۆیە سیستەمە ئابوورییەکە خۆی میکانیزم بۆ لێپرسینەوە دەڕەخسێنێت و دەسەڵاتی “هەڵبژێردراوی خەڵک”! بە تێپەڕینی کات سنوور بۆ نەخۆشی گەندەڵی دادەنێ. پاساویان بۆ سەرمایەداری نیولیبراڵ و گەندەڵی و ئاسەوارە وێرانکەرەکانی، کە خەسڵەتی لێکهەڵپیکراون لەگەڵ ئەم سەرمایەداریـیە کۆنکرێتە لە عێراق، وتنەوەی هەمان ئەو قسە پوچ و خوڕافاتانەی بۆرژوا ئیمپریالیست و لیبراڵ و بەرگریکارانی سەرمایەداری سەردەمە کە لە سەرەوە ئاماژم پێدان، بەبێ هیچ باسکردنێکی ئەو ڕاستیە کە سەرمایەداری، بە دانپێدانانی هەندێک لە ئابووریناسە بۆرژوازییەکان خۆیان، قەیرانێکی کارەساتباری خوڵقاندووە کە خەریکە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی ئەکات لە ڕیگەی هەژاری و نابەرابەری بێ ئەندازە و جەنگ و ماڵوێرانی و هەڵکشانی فاشیزم و کارەساتی ژینگەیی وێرانکەر.

یادەوەرییەکانی تێپەڕاندنی یاسای بە تایبەتکردنی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت هێشتا لە بیرنەچوونەتەوە کە چۆن پەرلەمانی عێراق، واتە ئەوەی پێی دەوترێ پەرلەمانی “هەڵبژێردراوی گەل”!، ویستی لە ساڵی (٢٠١٨)دا ئەم یاسایە تێپەڕێنێت لە ڕیگەی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەتیـیەوە کە بەپێی ئەو ئەجیندەیە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ڕیگەیەوە ئەبێت واتە لە ڕیگەی “کۆمپانیایەکی نیشتیمانی”وە دەبێت و بەشیوەیەک لەسەدا (٩٠)ی داهاتەکانی دەگوازرێتەوە بۆ دەوڵەت لە شێوەی باج و ڕێگەی تری پڕ پێچوپەنای نیولیبراڵانە لە بواری بە تایبەتکردندا. ئەم یاسایە، کە (برێمەر) نەیتوانی بیسەپێنی، کەچی پەرلەمانی عێراق، دوای (١٥) ساڵ، دەرفەتی قۆستەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەسەندی بکاتەوە و بیسەپێنی بە سەر جەماوەردا. دادگای فیدراڵی بە بیانووی ئەوەی کە یاساکە نادەستوورییە، ڕەتیکردەوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەتکردنەوەکە ئەنجامی ترسی ئەم دامەزراوەیە و ترسی هێزەکانی ڕژیم بوو لەوەی کە جێبەجێکردنی یاساکە ناڕەزایەتی جەماوەریی لێ دەکەوێتەوە.

بە کورتی، گەورەترین هێرش بۆ سەر هەلومەرج و ژیان و گوزەرانی جەماوەر لە عێراق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە ڕێگەی سیاسەتی ئابووریی فەرمی ڕژێم و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانییەوە ئەنجام دراوە، کە جگە لە سیاسەتی ئابووری نیولیبراڵ و دامەزراندنی مۆدیلە ئابووریەکەی شتیکی دیکە نەبووە. ئەو مۆدیل و سیاسەتە ئابوریانەی کە زۆرێک لە کۆمەڵگاکان و وڵاتانی وێران کرد و گەورەترین هێرشی بەرێخست بۆ سەر ژیان و گوزەرانی پرۆلیتاریای جیهانی کە ئێستاش بەردەوامە. سەرمایەداری نیولیبرالی جیهانی لە بنەڕەتدا و هەر لە دەستپێکیەوە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، وەک وەڵامێک بۆ قەیرانی سیستەمی سەرمایەداری سەریهەڵدا، و ئامانجی چڕکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و کەمکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی و بژێوی چینی کرێکاری جیهانی بوو، و ئامانجی ڕاکێشانی بژێوی و چارەنوس و کار و خۆشگوزەرانی ئینسان بوو بۆ ژێر ڕکێفی میکانیزمەکانی بازاڕ، و هەروەها کۆتاییهێنان بوو بە ڕۆڵی دەوڵەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە خۆڕاییەکان بۆ هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی ئەو خزمەتگوزاریانە، ئەمە سەرباری سرەواندنی گورزێکیش لە هێزی سەندیکا و فیدراسیۆنە کرێکاریـیەکان.

ستراتیژی ئابووری بۆرژوازی و فاکتەری خەباتی چینایەتی
گرنگترین شت لە هەموو ئەم ڕەوندە ئابووریانەدا، دەستنیشانکردنی توخمی خەباتی چینایەتییە لەناویاندا. ئەوە ئاشکرایە کە ئابووری بەگشتی و ئابووریی سەرمایەداری بە تایبەتی لە پەیوەندی چینەکان و ناکۆکی چینایەتی و ململانێی نێوان ئەم چینانە جیا نییە، و هەر بەوپێیەش جیا ناکرێتەوە لە هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە هەر دۆخیک لە دۆخەکانی پڕۆسەی پەرەسەندنی سەرمایەداریدا. بۆرژوازی جیهانی و لۆکاڵی و داکۆکیکارانی بەرژەوەندییەکانی ئەم چینە و نوێنەرانی، خەباتی نیوان چینەکان وەک فاکتەرێک ناهێننە ناوەوە لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی ئابووریدا، تەنها بۆ ئەوە نەبێ کە هەمان ئەم خەباتە کۆنترۆڵ بکەن. ئەوان لە پێشدا ململانێی چینایەتی بەردەوامی نێوان کرێکاران و سەرمایەدارن و نێوان کرێکاران و دەوڵەت لە چوارچێوەی یاساکانی خاوەندارێتی بۆرژوازیدا لە قاڵب دەدەن، و دواتر لە ڕێگەی یاسای کارەوە و بە ئامانجی دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ پرۆسەی چەوساندنەوەی کرێکاران یان ئەوەی ناوی ئەنین “پرۆسەی وەبەرهێنان” ئەو ململانێیە کەنەڵایزە ئەکەن. ئەمە جگە لە دامودەزگای دەوڵەت خۆی کە لەبنەڕەتدا ئامرازی چەوساندنەوەی دەستی چینی بۆرژوازی دەسەڵاتدارە لە دژی چینی چەوساوە.

بۆیە دەبینین بۆرژوازی دەسەڵاتدار و ڕاوێژکارە ئابوورییەکانی، و بانک و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە پلانە ئابوورییەکانیاندا خەباتی چینایەتی لەبەرچاو دەگرن و فاکتەری ململانێی نێوان چینەکان لە ستراتیژی ئابووری خۆیاندا جێگە دەکەنەوە. هەروەک دەبینین لە عێراق بەردەوامن لە بەکارهێنانی یاسای ڕژێمی فاشیستی بەعس بۆ ڕێگریکردن لە پێکهێنانی سەندیکای کرێکاران لە کەرتی حکومیدا، لە لایەک، و لە لایەکی تریش قبووڵ دەکەن کە ئەم ململانێ و خەباتە لە چوارچێوەیەکدا دابنێن و ڕێکبخەن ئەویش لە باشترین حاڵەتدا لە ڕێگەی یاسای کارەوە کە ئێستا کاری پێدەکرێت، و بەهۆی ڕۆلی بەشێک لە چالاکوانە کرێکارە سەندیکایـیەکان لە عێراق توانیان هەندێک بڕگەی تێدا جێبکەنەوە لە بەرژەوەندی کرێکاران.

هەروەها شایانی باسە لیرەدا ئەماژە بەوە بدەین کە بە هۆی ئەوەی تای هاوسەنگیی هێزی چینایەتی نیوان کرێکاران و بۆرژوازی بە ڕادەیەکی زۆر لە قازانجی ئەمەی دووەمیان شکاوەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا، بۆرژوازی قەومی دەسەڵاتدار لە هەرێم، کە نوقمی دوژمنایەتیـیە لە دژی سۆسیالیزم و بزووتنەوەی کرێکاری، نەک هەر ڕێگری لە پێکهێنانی سەندیکای کرێکاری سەربەخۆ دەکات و تا ئێستاش هەر بەردەوامە لەو کارە، بەڵکو ئەو یاسای کارەش کە حکومەتی ناوەندی پیادەی ئەکات ئەم دەسەڵاتەی هەرێم وەلای خستووە و کاری پێ ناکات. فەرمانڕەواکانی هەرێم هەوڵ دەدەن، لەبری ئەوە، یاسایەکی کاری تایبەت بۆ هەرێم بسەپێنن کە بەپێی پیداویستیەکانی بۆرژوازی کورد، بەتایبەتی بۆرژوازی دەسەڵاتداری میلیشیای گەندەڵ و سەرمایەی بیانی و “وەبەرهێنانەکانیان” دادورابێت، کە تاسەر ئێسک دژ بە بەرژەوەندیەکانی کرێکارانن.

وەک ئاشکرایە، یەکێک لەو پاساوە ئایدیۆلۆژیانەی کە بۆرژوازی نێودەوڵەتی و داکۆکیکار و نوێنەرە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداریی نیولیبراڵ بەکاریان هێنا و ئێساتش بەکاریدەهینن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هێرشی سیستماتیکی و بەردەوام بۆ سەر چینی کرێکار و ڕێکخراوە خەباتکارانەکان و سەندیکاکانیان، لابردنی هەموو قۆرخکارییەکی بەردەم میکانیزمەکانی بازاڕە و بە تایبەتی ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی دەوڵەت و خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران و سەندیکاکانیان لەم میکانیزمەدا. ئەوان بەم شێوازە فریودەرانەیە هاندان بەڕێ ئەخەن دژی ڕۆڵی سەندیکاکان و خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران، هەر بەم پێیە خەباتی سەندیکایی وەک قۆرخکارییەک پێناسە دەکەن کە ڕێگری لە بازاڕی ئازادی کار دەکات تا کرێکاران هێزی کاری خۆیان ئازادانە بفرۆشن وەک “تاکی ئازاد”، و خۆشباوەڕی لە نێوان کریکاران و ڕیزەکانی دانیشتووان بڵاودەکەنەوە وەک بەشیک لە ئامادەکاریی و ڕیگەخۆشکردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکانیان دژی کرێکاران و سەندیکاکانیان.

لە عێراقدا هێزە داگیرکەرەکان و ڕەوتە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکان پێویستیان بە هەوڵێکی زۆر نەبوو بۆ وەهمدارکردنی کۆمەڵگا و جەماوەری کرێکاران و قەناعەت پێکردنیان بە پلانە ئابوورییەکانیان و دوژمنایەتییان بەرامبەر بە کاری سەندیکاکان و خەباتی دەستەجەمعی ڕێکخراوەی کرێکاران، چونکە ڕژێمی بەعس پێش تر لە ساڵی (١٩٨٧)دا بە هەڵوەشاندنەوەی کاری سەندیکاکان لە دامەزراوە حکومییەکان و پیشەسازییەکانیدا ئەم ئەرکەی بۆ ئەنجامدابوون، بە بیانووی گۆڕینی کرێکاران بۆ فەرمانبەر. نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە ڕژێمی بەعس یەکێک بوو لە دەستپێشکارانی جێبەجێکردنی سیاسەتە نیولیبراڵییەکان لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە عێراق لە ڕێگەی بە تایبەتکردنی بەشێک لە پڕۆژە پیشەسازییە حکومییەکان و قەدەغەکردنی کاری سەندیکاکان لە کەرتی گشتیدا، بەڵام لە هەلومەرج و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و سەربازی جیاوازی ئەو کاتەدا.

بەم پێیە، چیتر هێزەکانی ئەمریکا و ڕژێم پێویستیان بەوە نەبوو شتیک بکەن جگە لە کارکردن، بەبێ هیچ شەرمێک، بە یاسای (صەدام) و جێکردنەوەی لە ستراتیژی چەسپاندنی میکانیزمەکانی بازاڕ و سەرمایەداریی نیولیبراڵدا، و بەم شێوەیەش ڕێگری بکەن لە هەر چالاکیـیەکی ڕێکخراوەیی سەندیکایی یان چالاکیی بەکۆمەڵی کرێکاران لە کەرتی حکومیدا. ئەمش بە دەرئەنجامەکانیەوە هەر لە سزادانی چالاکوانانی کرێکار لە کەرتی پیشەسازی و خزمەتگوزاری لەسەر هەر ناڕەزایەتی و چالاکیـیەکی ڕێکخراو کە لەدژی تاڵانکردن و فرۆشتنی کۆمپانیاکان و دەرکردنی کرێکاران ئەنجامی دەدەن، و سزای سەرکوتگەرانەی دیکە بەرامبەریان. ئەمەش ئارگومێنتی هێزەکانی دەسەڵات و بەرگریکارانی شێوازی ئابووری نیولیبراڵ لە عێراقدا تێکدەشکێنیت کاتێک دەڵێن سەرمایەداری “دیموکراسییە” و لە هەمان کاتدا یاساکانی فاشیستەکان دژی کرێکاران جێبەجێ دەکەن بۆ چەسپاندی “سەرمایەداری دیموکراسی”!

تۆێژی گەورە سەرمایەداران، سەرمایەی کۆمەڵایەتی
و گۆڕانی چۆنایەتی لە پەیوەندی ئابووری و سیاسەتدا

لە سەردەمێکدا کە عێراق لە گێژەڵوکەی کارەساتەکانی داگیرکاری و شەڕی تائیفی و ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی و کێشمەکێشی میلیشیادا دەژیا و تا دەهات دەبووە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ جیۆسیاسی و سەربازی و جیۆئابوورییەکانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئیمپریالیستی و ناوچەیی بەتایبەتی ئەمریکا و ئێران، و جەماوەر بەدەست کارەساتەکانی ئەو ڕەوەندە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە بەردەوام دەیناڵاند، لەجەرگەی ئەو بارودۆخەدا بوو ئازارەکانی زیاتر و زیاتر دەبوون بەهۆی هەژاری، نەخۆشی، نەبوونی، بێکاری، فراوانبوونی نەخوێندەواری، داڕمانی خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە و خۆیندن، و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکە، لە ئاکامی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت و ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبراڵانەی کە وڵات شاهیدی بوو.

هاوکات و وەک لایەنێکی تری “پڕۆسەی سیاسی”، هەمان ئەو ڕەوەندانە ڕژێمێکی سیاسی سەربازی و میلیشیایی لە وڵاتدا بەرهەم هێنا، و ئەمەش زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی حزب و هێزە میلیشیاکانی ئیسلامی سیاسی شیعەدا، کە تیایدا حزبە میلیشیا ناسیۆنالیستەکانی کورد و هێزەکانی ڕەوتی ناسیۆنالیستی عەرەبی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێڕاق، لەگەڵیان هاوبەشن. لە ئەنجامی بیست ساڵ تاڵانکردنی سیستماتیکی سەروەت و سامانی وڵات و دابەشکردنی داهاتی نەوت بە شێوەیەکی سەرەکی لەنێوانیاندا و بەپێی سیستمی پشکپشکێنە و لەڕێگەی میکانیزمەکانی دابەشکردنی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت لەسەر دەستی ئەو حزب و ڕەوتە دەسەڵاتدارانە، تۆێژیک لە بورژوازی گەورە سەریهەڵداوە لەناو سیستەمەکە و لە ئاستی کۆمەڵگادا کە فراوانە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە و گرێدراوە بە تۆڕێکی ئاڵۆز لە ئەوانەی بە دەوروبەریەوەن. ئەم تۆێژ کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بازنەی چەتە سیاسیەکان و خاوەن میلیشیا و کەسە گەندەڵە کاریگەرەکان و سەرکردەی حیزبەکانی دەسەڵات و بنەماڵەکانیان و سەرمایەدارە گەورەکانی دەورووبەریانن، ئێستا خاوەنی نەک سەدان ملیۆن دۆلار، بەڵکو دەیان و دەیان ملیار دۆلارن. بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەداریانەی قووڵ و ڕیشەدار ئەم زلهێزە ئابوریانەی بەیەکەوە گریدەداتەوە بەدەر لە ململانی بەردەوامی نێوانیان لە ئاستی سیاسی و پەیوەندیەکانیان بەم هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی یان ئەوی تریان و بەدەر لە کێشمەکێشەکانیان لەسەر بەشکردنی سامان و دەسەڵات.

لە دەوری ئەم تۆێژە بۆرژوازیـیە گەورەیە تۆڕێکی بەرفراوان لە بریکار و سەرمایەدارەکانی تری هەمەچەشنە هەیە کە زۆربەی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری و پڕۆژە ئابوورییەکانی حکومەتیان بە دەستەوە گرتووە. سپیکردنەوەی پارە و دزینی ملیارەها دۆلار و بەقاچاخ ناردنی بۆ دەرەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ڕژیم لە ئێران، یان وەبەرهێنانیان لە لایەن ئەوانەوە دوای ئەوەی لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی مامەڵەی دەرەکی و ناوخۆدا سپیکراونەتەوە، ئێستا بە ئاستیکی وەها گەیشتووە کە وێنەی کەمە لە جیهانی گەندەڵیدا و هەڕەشەیەکی کارەساتبارە لە کۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی جەماوەر.

وەبەرهێنانەکانی مافیاکانی ناو دەسەڵات و دەوروبەریان لە بوارەکانی جێبەجێکردنی گرێبەست و پڕۆژەی مەدەنی و سەربازی حکومی، و بازرگانی دەرەوە و ناوخۆی عێراق، یان سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خانووبەرە، مۆڵ، زانکۆ ئەهلیەکان و خزمەتگوزاری تر، هەروها وەبەرهێنانەکانیان لە کەرتی پیشەسازی، گواستنەوە و کۆمۆنیکەیشن و کشتوکاڵ لە ناوخۆی عێراق، ئەمە سەرباری وەبەرهێنانی دارایی لە بانکە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە داراییەکان، هەموو ئەمانە نەک تەنها ڕیزێکی بەرینی لە خاوەن پارە، بەڵکو تۆێژێکی سەرمایەداری گەورەی دروست کردووە. ئەم تۆێژە ئێستا وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی بازرگانی و پیشەسازی و داراییدا دەکات و جوڵە و کەڵەکەبوونی سەرمایەکانیان و خولەکانی بە ڕوونی دەرکەوتووە، و لە سەرمایەی بازرگانی و پیشەسازی (کشتوکاڵ و گواستنەوە و کۆمۆنیکەیشن، بەشێکن لە پیشەسازی) و داراییدا بەرجەستە بوتەوە.

بنچینەی کۆمەڵایەتی سەرمایە و بزووتنەوەکەی تەنیا لەم تۆێژە بۆرژوازییە گەورەیەدا قەتیس نییە، بەڵکو لە ئاستی کۆمەڵگادا لە بواری بازرگانی و پیشەسازی و داراییدا کارلێک و تێکەڵاوبوونی هەیە لەگەڵ ئەو سەرمایەی کە لە کۆمەڵگەدایە و نیوەی کۆی “بەرهەمی گشتی وڵات” پێک ئەهێنێ.

باسی وردەکارییەکانی ئەم پرۆسە ئاڵۆزەی جوڵەی سەرمایە و کەڵەکەبوون و گۆڕانکارییە چۆنایەتییەکانی لە بازاڕی ناوخۆیی و پەیوەندییە جیهانییەکانیدا، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی ئابووریی و ئامارهەیە، و ئەمەش لە دەرەوەیی فۆکۆسی ئەم وتارەیە.

ئەوەی مەبەستە لێرەدا ڕۆشنایی بخەمەسەر ئەوەیە کە لە ئاکامی پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریە ئابووریە سەرمایەداری و مۆدێلە نیولیبراڵەی جێگیر بووە لەسەرانسەری عێراقدا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، تۆێژێک لە سەرمایەدارانی گەورە هاتۆتەئاراوە کە لە بناغەدا لە نێو هێزەکانی ڕژێمەوە سەریهەڵداوە. ئەم تۆێژە قۆرخکاری جومگە سەرەکیەکانی ئابووری کردووە و پەیوەندی توندوتۆڵی هەیە لە ناوخۆیدا و سنووری دابەشکردنی “پێکهاتە”یی تائیفی و قەومی شکاندووە، ئەمە جگە لەوەی تێکەڵە لەگەڵ سەرمایەی ناوخۆیی چالاک لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکاندا. ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییە بنەڕەتییانەی کە ئەم دەستودایرە دەسەڵاتدارە گرێدەداتەوە بەیەکەوە، بواری کردۆتەوە و ئەو ئیمکانیەتەی ڕەخساندووە کە ئەو ململانێیانەی ناوبەناو لە نێوان بەشە پێکهێنەرەکانیدا سەرهەڵدەدەن کۆنترۆڵ بکات و نە‌‌هێڵێ تەشەنە بکەن، وەک ململانێی نێوان (ڕەوتی سەدر) و هێزەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی)، یان نیوان (پارتی) و (یەکێتی)، یان ململانێی نێوان هێزە قەومی و تائیفیەکانی تر.

بنکەی کۆمەڵایەتی سەرمایە و چینی سەرمایەدار بەرفراوان و ڕیشەدار و پتەوە لە ناوخۆی وڵاتدا، و پڕۆسەی چەوساندنەوەی چینی کرێکاریش لە سەرتاسەری عێراقدا لە ڕێگەی وەبەرهێنانی سەرمایە لە لایەنە ئابورییە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوامە و ناوەستێت. ئەو پارەیەی لە گەنجینەی دەوڵەت دەدزرێت و دەگۆڕێت بۆ سەرمایە لە ئابووریدا، جەستەیەکی بیانی پێکناهێنی لە پێکهاتەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ئاستی کۆمەڵگادا، بەڵکو ئەو بەشە قۆرخکارە پێکئە‌‌هێنێ کە ئەتوانێ پەیوەندیی جۆری تایبەت لەگەڵ سەرمایە تاکە تایبەتەکاندا دامەزرێنی لە کەرتە ئابووریە جوراوجۆرەکاندا و بکەویتەگەڕ وەک بەشی سەرەکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا. ئاشکرایە، سەرمایە لێپرسینەوە لەخۆ ناکات کە کەڵەکەبوونی سەرەتایی خۆی لە کۆێوە هاتووە بۆ ئەوەی ببیتە سەرمایەی وەبەرهێنەر و گرنگ نیە بۆی لەڕێگەی چەتەیی، یان ڕاوڕوتی دەریایی، یان تاڵانکردنی داهاتی نەوتەوە ‌هاتبێت.

گەندەڵی و سەرمایەداریی نیولیبراڵ لە عێراقدا بەجۆرێک تێکەڵاون کە لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، بۆیە کاریگەریی گەندەڵی و ڕۆڵی بەرجەستەی ئەو تۆیژەی سەرمایەی گەورە کە لێیەوە سەریهەڵداوە، لە پێکهاتەی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا، هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە خەسەڵەتی دژە کرێکاری سەرمایەداری لە عێراقدا پێکناهێنی لەڕووی ئەوەی کە سیستەمێکی چینایەتی دوو چینی دژ بەیەکە.

ئەو سیتسمە ئابوریەی لە عێراقدا هەیە و زاڵە سەرمایەداریە و مۆدیلی ئابوری نیولیبرالیزمی هەیە، بەڵام ئەوەی کە فۆڕمێکی کۆنکریتی داوە بەم سەرمایەداریە جوڵەی سەرمایەیە لە بازاڕێک کە سەرمایەی گەورە و قۆرغکراو تیایدا بە شیوەیەکی سیستماتیک لە پەیوەند بە دەسەڵات و پرۆژە ئابوری و سەربازی و سیاسیـیەکانیـیەوە خۆی بەرهەم ئەهێنێتەوە و جیگە و ڕێگەیەکی مۆنۆپۆڵی بۆ خۆی دابین کردووە لە بازاری سەرمایە و ململانێ نیوان تۆێژەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا. ئەم ململانێیەیەش لەسەر دابەشکردنی زیادەبەهای بەرهەمهاتوو یا بەرهەمهێنراوە لەئایندەدا، زیادەبەهایەك کە لە ئاکامی چەوساندنەوەی چینی کرێکار لەناو پرۆسەی “وەبەرهینانی” سەرمایە لە بواری بازرگانی و پێشەسازی و خانووبەرە و مالییدا بەرهەم دەهێنرێ.

ئەوانەش هەمووی بەو مانەیەیە کە جەوهەری سەرمایەداری لە عێراقدا هەمان ئەوەی نیزامی سەرمایەداریە لە هەر وڵاتێکی تر، واتە ئەوەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر چینی کریکاردا بەگشتی لە پەیوەندێکی ناکۆک و چەوسێنەرانەدایە و هەموو تۆیژەکانی سەرمایە بەگەوەرە و بچوکەوە هاوبەرژوەندن لە چەوساندنەوەی چینی کرێکار. هەر بەو پێیەش، باسکردن لە تۆیژی سەرمایەی “نیشتمانی” و “نا نیشتمانی” و “بەرهەمی نیشمانی” و “نا نیشتمانی” و لە دوا شیکردنەوەدا “نیشتمان پەروەری” و “خەباتی نیشتمانی” مانایەکیان نیە بۆ چینی کرێکار جگە لە خەسڵەتی چینایەتی بورژوازیانەی ئەو کۆنسێپتانە کە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی خەباتی چینایەتی سەربەخۆ و یەکگرتووی خۆیان و چەوساوەکان و نەگرتنەبەری کۆنسێپتی سۆشیالیزم و ئینترناسێۆنالیزمی پرۆلیتاری، داڕێژراون.

گۆڕانکارییە ئابوورییە نیولیبراڵەکان و کرانەوەی بازاڕەکان بەڕووی بەرهەمی وڵاتانی جیاوازدا، بە شێوەیەکی سەرەکی ئێران و تورکیا، و تێکەڵبوونی ئابووری وڵات لەگەڵ جوڵەی سەرمایەی جیهانی و وەبەرهێنانە جۆراوجۆرەکانی، بەتایبەتی لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت وغاز، بەرهەمهێنانی وزە، کۆمۆنیکەیشن، بیناسازی و کەرەستەی بینا و… هتد، بۆ خۆیان و بەشێوەیەکی سروشتی گۆڕانکاریەکی ئابووری هەمە لایەنەن کە سەرمایەی ناوخۆی بە جۆڵەی سەرمایەی جیهانی و گێژەلوکەکانی و سیستمە مالیـیەکەی، گریداوەتەوە.

لەژێر کاریگەریەکانی ئەو پێشهاتە ئابوری و گۆڕانکاریانەیدا، پەیوەندیی دیالکتیکی نێوان ئابوری و سیاسەت، و لێرەدا مەبەستم پەیوەندی نێوان سیستەمی سیاسی قەومی و ئیسلامی و ئەو واقیعە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبراڵەی کە ئەم سیستەمە دەپارێزێت، لە ئێستادا فۆرمێکی دیاریکراوی بەخۆوە گرتووە و لە قۆناخێکی پێشکەوتووتردایە، کە دەتوانین بڵێین گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بەسەرداهاتووە. گۆڕانکاریەکی لەو چەشنە و بەجۆرێک کە فاکتەری ئابووری ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی ڕوونتر لە جاران کاریگەری لەسەر سیستەمی سیاسی هەبێت، واتە کاریگەری هەبێت لەسەر بەرهەمهێنانەوەی سیستماتیکی ڕژێمی سیاسی ئێستا و پەیکەرە (ستراکچەرە) پشکپشکێنکەی و دابەشبوونە تائیفی و قەومیـیەکەی.

بە واتایەکی تر، دوای ئەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییە نیولیبراڵەکان لە ڕێگەی سیستەمی سیاسی و هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکاوە چەسپێنران، ئەم پرۆسەیە ئەمڕۆ و دوای بیست ساڵ لەم گۆڕانکاریـیانە گەیشتووەتە دۆخێکی دیکەی باڵاتر، ئەویش ڕاوەستانی ڕژێمی سیاسییە زیاتر و زیاتر لەسەر زەمینەی واقیعی ئابووری نوێ و تەنانەت بەردەوامی پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەیەتی لەسەر بنەمای ئەم واقیعە. من پێم وایە پاشەکشەی (سەدرییەکان) و پڕۆژە پۆپۆلیستییەکەیان کە نەگونجا بوو لەگەڵ پێداویستییەکانی جووڵە و کەڵەکەی سەرمایە بەو شێوە کۆنکریتەی ئێستای لە عێراقدا، هەروەها بوونی یەدەگی دارایی زەبەلاحی دەوڵەت لە ئەنجامی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت و گرانبوونی نرخی ئێستای لەو هۆکارانەن کە بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە چۆنایەتییەیان لە پەیوەندی سیاسەت و ئابووریدا خێراتر کرد. دیارە هەموو ئەمانە بەدەر لە فاکتەری ئاڵۆزی جیۆ سیاسی و ململانێی ئایدیۆلۆژیای ئایینی نیوان (سەدریـیەکان) و هێزەکانی (چوارچیوەی هاوئاهەنگی) و ململانێیان لەسەر دابەشکردنی سامان و دەسەڵات کە بە شیوازی جوراوجۆر بەردەوامن.

بنەمای کۆمەڵایەتی سەرمایە لە ناوخۆی هەر وڵاتیکدا لایەنی جیهانی هەیە و سەرمایەی ناوخۆیی پەیوەستە بە جوڵەی سەرمایەی جیهانییەوە، هەر لەم ڕاستایەشدا بورژوازی لە هێزی کۆمەڵایەتی جیهانی سەرمایە بەهرمەندە بەڕووی پرۆلیتاریادا و ئەمە لە کاتیکدا زیاتر دەر ئەکەوێت کە پرۆلیتاریا‌ بێەوێت سەرمایە بڕوخێنێ. ئەم پەیوەندییە بەیەکەوە گرێدراو و لێکئاڵێنراوە جیهانیـیە لە بواری ململانێی سەرمایەی نێو بازاڕی جیهانیدا خۆی بەرجەستە ئەکاتەوە و ڕەنگدانەوەی خۆی لە سیاسەت و ململانێی جیۆ سیاسی و ستراتیژی و شەڕەکاندا دەردەخات.

خەسڵەتی چینایەتی کرێکاری لە خەباتی شۆڕشگێڕانەدا
لەژیر سایەی ئەو هەلومەرج و گۆڕانکاریە ئابوری و کۆمەڵایەتیانەدا، ئێستا چینی کرێکار و جەماوەری هەژار و پەراوێزخراو ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بوونەتەوە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا، و کاریگەریـیە ئابووریـیەکانی گەندەڵی و سەرمایەداری نیولیبرال لەسەر داڕمانی ئاستی ژیان و گوزەرانی بە پێست و خوێنیانەوە ئەیچێژن. هەر بۆیە بەناچاری ئەبێ بە سەروکاری هەوڵەکانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و ڕۆڵی پارە و قاچاخ و سپیکردنەوەی پارەوە بن و لە ڕۆڵیان بكۆڵننەوە لەناو ئابووری سەرمایەداری و کاریگەریـیەکانیان لەسەر ژیانیان.

سەرەڕای هەموو بانگەشەکانی بۆرژوازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئابووری سەرمایەداری لە ڕووی حیساباتی قازانج و زەرەر و تێچووی بەرهەمهێنان و کۆنسێپت و هاوکێشە بیرکارییەکانی دیکەی ئابووری و ئاڵۆزییەکانی پاکێج و مۆدێلی دارایی و بابەتی تەکنیکی دیکە، ئاشکرایە کە ئابووریی سیاسی لە دواشیکردنەوەدا هەر لە جیگەی خۆیەتی و پەیوەستە بە خەباتی چینایەتی لەناو فۆرماسیۆنی ئابووری-کۆمەڵایەتی سەرمایەداری لە هەر وڵاتێکدا لە ئاستی جیهاندا.

هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی فاکتەر و هۆکارێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی باری ئابووری و گوزەرانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان. هەر لەم ڕاستیەدا، ئاشکرایە کە سیاسەتە نیولیبراڵییەکان بە هۆی کارامەتربوونیان لە بواری گەشەسەندنی ئابووری و پڕوپاگەندە درۆینەکانی لەم چەشنە کە لەلایەن بۆرژوازی جیهانییەوە بڵاوکرایەوە و ئێستاش دەوترێتەوە، نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵکو لە ئەنجامی قەیرانی سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لە ناوەڕاستی ‌‌هەفتاکانی سەدی پێشووەوە و لە بەرژەوەندی بەهێزکردنی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا گیراونەتەبەر. لە عێراقدا لە لایەن دەسەڵاتی ئەمریکا و هێزەکانی ڕژێمەوە سەپێندراوە، بەو پێیەی سیاسەتێکی ئابوری دارێژراوە بۆ سەپاندنی مۆدێلێکی دیاریکراوی ئابووری لە سەرمایەداریدا.

گۆڕینی هاوسەنگی ‌هێزی چینایەتی نیوان کرێکاران و بۆرژوازی دەسەڵاتدار بە قازانجی یەکەمیان کەفیلە بە وەڵامدانەوەی ئەو نەهامەتی و وێرانکارییەی سەرمایەداریی نیولیبراڵە کە بەسەر چینی کرێکاردا سەپاندوویەتی. جێبەجێکردنی سیاسەتە نیولیبراڵییەکان و سەپاندنی بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشاندا لەگەڵ ئاڕاستەکردنی گورزی یەک لە دوای یەک لە دژی خەباتی یەکگرتووی چینایەتی کرێکاران و جەماوەری هەژار بووە و هەمیشەش هەروا دەبێت، ئەم هێرشە ڕێکخراوانەی بۆرژوازی تەنیا بە خۆڕاگری و پێداگری زیاتر لەسەر بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە چینایەتییە سەربەخۆکانی کرێکاران و یەکخستن و پتەوکردنی ڕیزەکانی خەباتیان دژی چینی دەسەڵاتدار وەڵام دەدرێتەوە. و ئەمە کاریگەری لەسەر گۆڕێنی ڕەوەندی ئابووری بە قازانجی چینی کرێکار و بێبەشان دەبیت و لە بەرژەوەندیان ئەشکێنێتەوە، بەدەر لە زەبەلاحی هێزی بۆرژوازی دەسەڵاتدار.

هەریەک لە دوو چینە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، بۆرژوازی و پرۆلیتاریا، بەدیلێکی ئابووری جیاوازیان هەیە. بەدیلی پرۆلیتاریا سۆسیالیستی جیهانی بریتییە لە ڕووخاندنی سەرمایە، هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و كۆمۆنیکەشن، ڕزگارکردنی کاری کۆمەڵایەتی لەو فۆرمە سنووردارەی کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا وەک سەرمایە دەیگرێتەبەر و گێڕانەوەی بەرهەمی هێزی کاری کرێکاران بۆ بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆ و ئازاد لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای ئازادی تاک و یەکسانی ئابووری نێوان تاکەکان دامەزراوە.

ڕوونی زیاتر لە پەیوەندی نێوان چین و توێژەکان لە عێراق و پەرەسەندنی جەمسەرگیری چینایەتی لەسەر بنەما و زەمینەی گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە نیولیبراڵەکانی سەرمایەداری دوو دەیەی ڕابردوو، و هەروەها توندوتیژتربوونەوەی دژایەتیی بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی جەماوەر لەبەرامبەر چینی بۆرژوازی و هێز و ڕەوت و حزبە ناسیۆنالیستی و ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکانیدا، بێگۆمان کاریگەری لەسەر تایبەتمەندییەکانی خەباتی سیاسی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگادا بە گشتی دادەنێت.

ئیتر ناکری لاوانی شۆڕشگێر لە خولگەی سیاسەت و گۆڕانکارییە سەرەوەیـیە (فەوقی) سیاسییەکاندا بمێننەوە، تەنانەت ئەگەر ڕادیکاڵیش بن، و خەباتیان دابراو بێت لە ململانێی نێوان چین و توێژەکان لە وڵاتدا. هەر لەم ڕاستایەشدا ئیتر ناکرێ بەبێ بەرگری و بەرجەستەکردنەوەی، سەربەخۆیی چینایەتییان وەک گەنجانی کرێکار و بەشێک لە چینێکی کۆمەڵایەتی کە بەدیلی سۆسیالیستی خۆی هەیە، خەباتیان بەرەوپێش نەبەن. بەهەمان شێوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە خەباتی چینایەتی خۆیاندا و لە خەباتیاندا دژ بەو ستەم و چەوساندنەوەیەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، دەبێ سەربەخۆیی چینایەتی خۆیان وەک ژنانی کرێکار و بەشێک لە خەباتێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی سۆسیالیستی زامن بکات بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت.

پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان کە ناوەستێ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، و هەر گۆڕانکارییەکی جددی لە هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر بۆرژوازی دەسەڵاتداردا بە قازانجی ئەوان و سەپاندنی چاکسازی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەسەریدا، ڕێگا بۆ گەشەسەندنی زیاتری خەباتی ڕزگاریخوازانە و ئاسۆ و بەدیلی ڕەوتی سۆسیالیستی لەناو ڕیزەکانی جەماوەری کرێکاراندا دەکاتەوە.

هەر لەم ڕیگەیەوە ئاسۆی سۆسیالیستی پرۆلیتاری و بزوتنەوەی سۆشیالیستی ئەم چینە ئەتوانی سەرمەشق و پێشەنگی مارشی ڕزگاریخوازانەی ڕیزی بەرینی هەموو جەماوەری بێبەش و ئازادیخوازن بێت بۆ ڕزگاری و خۆش گوزەرانی و یەکسانی و دەرچوون لەم بنبەستەی کە کۆمەڵگە دەرگیری بووە لە ژیردەستی کەپیتالیزم و نوێنەرە ئیسلامی و قومیـیەکانی.

٨-٢-٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish