Skip to Content

کرێکارانی کارگەکانی وڵاتی چین شیعر لە تەلەفۆنەکانیان دەنووسن

کرێکارانی کارگەکانی وڵاتی چین شیعر لە تەلەفۆنەکانیان دەنووسن

Closed
by ئایار 6, 2023 General, Literature

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

دەرفەتێکی بێ وێنە لە مێژووی ئەدەبیاتی چینی کرێکاردا

زەحمەتە بیر لە هیچ شوێنێکی جیهان بکەیتەوە کە بوون بە شاعیر هەنگاوێکی پیشەیی و دۆستانە بێت، بەڵام ئەمە بە تایبەتی بۆ هەژارترین و بێبەشترینەکان ڕاستە کە هەوڵدەدەن پێگەیەک لە ناوچە ئابوورییە تایبەتییەکانی وڵاتی چین بەدەستبهێنن.
لەم ساڵانەی دووایدا کۆمەڵێکی زۆر لە بەڵگەنامە بڵاو بووەوە سەبارەت بە بارودۆخی کرێکارانی چین، بە ڵام فیلمی ” مانگی ئاسنین- Iron Moon” لە ٢٠١٥دا سەرنجیان خستە سەر بابەتێکی زۆر تایبەت ئەوەش شیعری کرێکارانی پەناهەندە بوو. سەرنجەکان خرایە سەر چەند لاوێک کەچۆن ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخە ئابووری و کلتوورییە دەبنەوە لە رێی تەوزیفکردنی ئەو ١٤ سەعات کارە تاقەت پڕوکێنەی رۆژانەی سەر هێڵەکانی کۆکردنەوە و لە پاکەت نان لە شیعردا. ئێمە دەبینین شاعیری هەست ناسک ( وو نیاونیاو) کە بەمانای ( چۆلەکەی ڕەش دێت) چۆن لە مەیدانێکی کارەوە بۆ مەیدانێکی تری کار لە شاری گووانژۆ لەخواروی وڵاتی چین وێڵە بۆ بەدەست هێنانی کارێک لە بواری رۆژنامەوانی لە رۆژنامە نێوخۆییەکانی کارخانەکاندا. خۆ و بەخت خۆی دەکات بە کارخانەکاندا و شیعرێکی کرێکارییان بۆ دەخوێنێتەوەو بە پێکەنینێکی شەرمنانەوە چاوەڕێی وەڵام دەبێت.
کەسێک لە ناو نووسکەرانی کرێکاران بە شێوەیەکی گاڵتە ئامێزانەوە وتی: ” دەزانم لاوان بە دوای خەونەکانیان دەکەون، بەڵام….” کەسێکی تر قسەکەی پێ دەبڕی و لەسەر چاویلکەکەیەوە بە فیزێکەوە سەیرێکی دەکات و دەڵێ: ” بەڵام چیدەکەی؟ ئەگەر بروانامەیەکی باشی خوێندنت هەبێت دەتوانی موچەیەکی باشت هەبێت، بە بێ بوونی بڕوانامە ناتوانی کارێکت چنگ کەوێ. یەکێکی تر لە ئەندامانی نووسینگەکە زۆر بە سادەییەوە وتی ئەگەر “وو” دەیەوێت شتێک بنووسێت ئەوا باشترە تۆزێک گەشبین تربێت.
مەینەتی کرێکارانی کۆچکردووی لادێ بۆ شار دیاردەیەکی نوێ نییە لە وڵاتی چین. بزووتنەوەی ڕۆشنگەری لە ١٩١٠ کان و بیستەکاندا بەهۆی نیگەرانیان لە پرۆسەی بە مۆدێرنەتەکردنی چین، تیشکیان خستە سەرپەراوێز خراوەکانی سیستمی دەرەبەگایەتی کۆن و هەروەها ئەو جووتیارانەی لە گوندەکانەوە کۆچیان دەکرد بۆ شار. ئەم دۆخە لەسەر دەستی یەکێک لە گەورە نووسەرانی سەدەی بیستی وڵاتی چین ” لۆ شۆن” کە لە ڕێی زمانی خەڵکی ڕەش و ڕووتەوە چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیانی جووتیارانی لادێی لە شاردا خستە ڕوو. ئەم کارە لە دەیەی سییەکان و چلەکاندا درێژەی کێشا لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە نووسەر و هونەرمەند لەوانە: لۆ شی بە ڕۆمانی ” کوڕە عەرەبانچییەکە- Rickshaw Boy ” و ژانگ لپینگ بە درێژترین کاری کارتۆنی بە ناوی “سان ماو”.
لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکوو ئێستا چیرۆکی کرێکارانی پەنابەر پشت گوێ خراوە، ئەگەر چی لەو چەند دەیەیەی کە ماوییزم دەسەڵاتدارە و کرێکاران و جووتیاران و سەربازان گوایە ناوەندی دەسەڵات پێک دێنن، کەچی ئەو ئەدەبەی پێشتر بە شێوەیەکی زۆر کەم کاریگەری هەبووە، لە ئێستادا لەلایەن دەسەڵانی ناوەندەوە بێ بایەخ کراوەو کاریگەرییەکی کەمی لەسەر ئەزموونی ڕاستەقینەی ئەو کەسانە هەبووە کە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنیان دەکرد.
پاش ئەو ریفۆرم و کرانەوانەی وڵاتی چین لە ساڵانی هەشتاکاندا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بەتایبەت کردنی کەرتی پیشە سازی و هەنگاونان بەرەوە بازاڕی سۆشیالیستی وەکوو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن، مەزەندە دەکرێت ٢٧٤ ملیۆن کرێکاری پەنابەری چینی لە لادێکانەوە روویان کردبێتە شارەکان بۆ کارکردن لە کانەکان و کارگە زەبەلاحەکان. بە ناوی شۆرشی کۆمۆنیستییەوە کرێکاران داماڵران لە هەموو پێداویستییەکانیان. ئەم بارو دۆخە لە هۆنراوەیەکی زۆر جواندا دەخرێتە ڕوو لە لایەن کرێکارێکی بیناسازییەوە بە ناوی ” شی شیانگنان”ەوە. ئەم گەنجە لە ڕێی بەراوردکردنی ئەو وێنە شکۆدارەی لینین لەسەر سەکۆی قوتابخانەکەی بەو کرێکارە پەنابەرانەی وێستگەی شەمەندەفەرەکان کە ماڵەکانیان لە کیسەیەکی پلاستیکدایە بەسەر شانیانەوە وەکوو ” کۆڵێکی پڕ لە تەقینەوە” بەراورددەکرد.

لەسەرەتاکانی پۆست سۆشیالیزمدا هێشتا نائومێدی باڵی نە کێشابوو بەسەر بارودۆخەکەدا شیعرییەتی کرێکارانی پەنابەر ( ناکرێت تێکەڵاوی بکەین لەگەڵ پروپاگەندەکانی ” شیعری کرێکاری” بە هەنگاوی گەورە بۆ پێشەوە) کە ئەمە یەکێک بوو لەو ژانرە ئەدەبییانەی بە دووای مەرگی ” ماوتیسۆنگ”دا لە ١٩٧٦ دا وەکوو کلتوورێک چرۆی کرد.
ئەم ڕێچکەیە لە ئەدەب بە پێچەوانەی ” ئڵیتی چەواشەکار”ەوە ناسراو نییە. ئەم ژانرە بە چەند ناوێک دەناسرێتەوە لەوانە: ” ئەدەبی برین یان شیعری تەمتومان”، ئەم ئەدەبە تا ئەم کاتەی ئێستاش هەر بە پشت گوێ خراوی ماوەتەوە. لە ئێستادا ئەم شێوە ئەدەبە شكڵ و شێوەی بە خۆی داوە و ناکرێت لە بیربکرێت.
نووسینی ئەم شێوەیە لە شیعر لە خۆییدا پیشاندانی خودە، هاواری ئەوانەیە کە دەنگیان نییە لە بەرانبەر دابڕانیان لە یەکتر، لە کارەکەیان و ئەو بەرهەمەی بەرهەمی دێنن و گەڕانەوەی هەستی مرۆڤ بوونیانە.

چەند نمونەیەک لە شیعرە کرێکارێکان:
(١)
گوێگرتن لە گۆرانیی سەر شەمەندەفەرە بێ کۆتاییەکان
داسەکەت دانێ
خاکەنازەکەت دانێ
کوڕەکەت جێبهێڵە
هەروەها دایکت جێبهێڵە
بەرازو مەڕەکەت بفرۆشە
دەستهەڵگرە لە زەوییەکەت
لە ژنەکەت جیابەرەوە
ئێمە دەچیین بۆ شار

ئێمە دەچیین بۆ شار
دەمانەوێت بچیین بۆ شار
چی دەکەین لە شار
کە گەشتیینە ئەوێ دەبینیین.

(٢)
کرێکارەکان ناتوانن جیاوازی نێوان شەو ڕۆژ بکەن

لەبەر دەکەین
جلە ئیلکترۆستاتیکەکان
کڵاوە ئیلکترۆستاتیکەکان
پیڵاوە کارەباییەکان
دەستکێشە کارەباییەکان
ملوانکەی کارەبایی
هەموو شتێک ئامادە
بێدەنگ چاوڕێی فەرمان دەبین
ئەو دەمەی زەنگەکە لێدەدات
دەمان گەرێننەوە بۆ دوواوە بۆ سەردەمی چن*.

*چن – زنجیرە فەرمان ڕەواکانی چین لە ٢٠٦ پ ز دیواری چینیان درووستکرد.

(٣)
لەگەڵ ئامێرەکان سەما دەکەین
بەلێدانێکی نەگۆڕ،
لێدە و لێدە…
ڕۆژان دەڕواو ئێمە سەما دەکەین
لەگەڵ ئەو ئاوازەدا، پێیەکانمان ناوەستێ
هێزم دەپروکێ، ئەم یاسا پۆڵاینە ناگۆڕێ
هەمیشە قەرەباڵغییەکی زۆر، هێشتا هەستکردن بە تەنیایی
لە پڕێکدا ئامێرێک ئاوازەکەی دەگۆڕێ
لە چاو تروکانێکدا دەستی کەسێک دەپەڕێ
هاوارت لە ناو دەنگی ئامێرەکاندا دەخنکێ
خوێنی گەرمی تۆ ناتوانێت ئاگر لەو ئامێرانە بەردا
ئەوەتانێ ئەوانی تر خوێن ساردانە جێیان هێشتی
هەروەک ئامێرێکی شکاو
کێ بوو خوێنی تازە ڕژاوی تۆی، وەک ئەوانی تر سڕییەوە
ئاوا بێ ئەسەر؟

———————

تێبینی : ئەم بابەتە لەم سەرچاوەیەی خوارە ئامادەکراوە.
Iron Moon: An anthology of Chinese Worker poetry
Translated by: Eleanor Goodman

—————————

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٣ی (بانێژەی ئەدەب و کەلتوور) بڵاوبۆتەوە..

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish