Skip to Content

هـانـدانی منداڵانی ئارەزوومەنـدی نووسینی چـیرۆک.. رەزا شـوان

هـانـدانی منداڵانی ئارەزوومەنـدی نووسینی چـیرۆک.. رەزا شـوان

Closed
by تشرینی دووه‌م 23, 2023 General, Kids Literature

چـیرۆکی منداڵان، رۆڵێکی گرنگی لە فـێرکردن بە ئاسانی و لە پەروەردەکردنی دروست و لە ئـاراسـتەکـردنی راسـت و لە دەروون ئاسـوودەیی و لە خـۆشی و شادیی منـداڵانـدا هـەیە. هـۆکـارێکی گرنگە بۆ گەشـەکـردنی زەیـن و هـۆش هـزر و زمـان و کەسایەتـیی هـاوسەنگی منـداڵان. چـیرۆکی منـداڵان، دەرگـاکانی ژیـان بە هـەمـوو جـوانییەکـانییەوە لەسەر منـداڵان دەکاتەوە. گەشبین و هـیواخـواز و ئازادیخـواز متمـانە بەخۆیان دەکات.
چـۆن هـانی منـداڵەکانتان دەدەن بۆ نووسینی چـیرۆک؟
(پـیکسلـیز) دەڵـێت:”بۆ ئەوەی منـداڵان بتوانن چیرۆک بنووسن، پێویستە لە سەرەتادا بە خوێندنەوەی چـیرۆکی جۆراوجـۆر، بەپێی تەمەن و ئارەزووەکانیان دەستـپێبکەن”.
لەبـەر گـرنـگی رۆڵی چـیرۆک لە فـێرکـردن و لە پـەروەردەکـردنـدا، پەروەردەکاران و ستافی مامۆستایان، حەزدەکـەن، کـە منـداڵان فـێری شارەزایی چـیرۆکـنووسـین بـکەن. چونکە چـیرۆک شێوازێکی بەسوودە، بۆ ئەوەی منـداڵان بیرۆکەکانیان رێکبخەن و لە لە چـیرۆکـدا دایـانبڕێـژن و زمـانی نووسراو بەکاربهـێن، بۆ گەیانـدنیـان بە منـداڵان.
چـوونە ناو جیهـانی نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان، نەک هـەر بـۆ منـداڵان بەڵکـو بـۆ گەورەکانیش کارێکی ئاسان نیـیە. چونکە نووسینی چـیرۆک پێـویسی بە بەهـرە و بە زمـان پاراوی و بە مانـدووبـوون هـەیە. پێویستە هـەنگاو بە هـەنگاو دەست پێـبکات. نووسینی چـیرۆک لە لایـەن منـداڵانەوە، رێگەیەکی خۆش و داهـێنەرانەیە، لە بـواری رێزمان و رێنووس و زمان بە گشتی. بەڵام زانینی چۆنیەتی دەستپێکردن بە نووسینی چیرۆکـێک زۆر جار قورسترین بەشە. باشتر وایە، لە سەرەتاوە هـانی منـداڵان بـدەین بـۆ نووسینی کـورتە چـیرۆک.
بە کورتی باس لە بنەما سەرەکییەکان نووسینی چـیرۆک لە لایەن منـداڵانەوە دەکەین:
١ـ خوێنـدنەوەی چـیرۆکی منداڵان: بۆ ئەوەی منـداڵان ببن بە چـیرۆکنووس، پێویستە چـیرۆکی زۆر بخـوێنـدنەوە. تا لە شـێواز و لە ئامـانج و لە زمـان و لە پێویستییەکانی نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان بـزانن. پێویستە دایکان و باوکان و مامۆسـتاکان، ئـەو پەرتووکانەیان بۆ دابین بکەن، کە بە پێی تەمەنی منداڵان، چیرۆکی خۆش و ئاسانیان لەخـۆگرتـوون. چونکە تا منـداڵان زیاتر خـوو بە خوێنـدنەوە بگـرن، زیاتر فـێردەبن و زۆرزانتر دەبـن و ئاسۆی خەیـاڵ و بیـر و هـزریان فـراوانـتر دەبێت. زمـانیان پاراوتـر دەبێت. منداڵان لە سەرەتاشەوە ئەوە تێدەگەن، کە هەر نووسەرێکی منـداڵان شێواز و تەکـنیکی جیـاوازی لە نووسینی چـیرۆکـدا هـەیە.
٢ـ هەڵـبژاردنی بیـرۆکە: گـرنگە کە منـداڵان پێش ئـەوەی دەست بە نووسینی چـیرۆک بکەن، بیرۆکەیان هەبێت، لەسەر جۆری چیرۆکەکانیان. بەهـرەی دۆزینەوەی بیرۆکەی باش بۆ چیرۆک ئاسان نییە و بیرکردنەوەی وردی دەوێت. دەتوانن بۆ بەهـرەی بیرۆکە سـوود لە سەرەتـا یا کۆتـایی هەنـدێک لەو چـیرۆکانە وەربگـرن کە خـوێنـدوویانەتەوە. منـداڵان ئەنـدێـشەیەکی فـراوانیـان هـەیە، دەزانـن کە چـۆن لە رێـگەی چـالاکـییەکـانی نووسینی داهێنەرانەوە پەرە بە بەهـرەکانیـان بـدەن.
٣ـ ئامـانج لە نووسینی چـیرۆک: زۆر گرنگ و پێویستە منـداڵان ئەوە بـزانن، کە پێش دەستپێکـردنیان بە نووسین، ئامانجـیان لە چـیرۆکەکانیان چـییە؟ بۆ کێی دەنووسـن؟ و بـۆچی دەینـووسـن؟هـەمـوو چـیرۆکـێک مەبەسـتـێک یا پەیـامـێک لەخـۆدەگـرێـت، کە نووسەر دەیەوێت بە خوێنەرانی بگەیەنێت. ئەو چیرۆکانە ریالیزمی بن، یا ئەفسانەیی بن. خوێنەران دەیانەوێـت سوود و ئەزمـوون لە ئامـانجی و ئەو چـیرۆکانە وەبگـرن.
٤ـ دانانی پـلان و نەخـشەی نووسینی چـیرۆک: پێویستە منـداڵان نەخـشەی نووسینی چـیرۆکەکانیان دابنـێن، دەتوانن هـێڵکارییەکیان بۆ رووداوەکانی چیرۆکەکانیان هەبێت. هـەنگاو بە هـەنگاو ئـەم هـێڵکارییـە جـێبەجـێـبکەن. وەک، چـۆن دەست بە نووسینی چـیرۆکەکانیان بکەن و چۆن کۆتاییان پێبهـێنن. ئەوەش بزانن کە هەموو چـیرۆکـێکی بـاش بۆ منـداڵان، سـەرەتـا و ناوەڕاسـت و کۆتـاییـان هـەیە.
٥ـ پاڵەوان و کارەکتەرەکانی چیرۆک: چیرۆک بەبێ کارەکتەر نابێت. پێویستە منداڵانی چیرۆکنووس. کارکتەری سەرەکیی چیرۆکەکانیان بە باشی دیارییـان بکەن و دیزاینیان بکەن، لەگەڵ رۆڵ و ئەرکەکان و تەمەن و توانایاندا بگونـێن. ئەوە کارەکتەرەکانـن کە ژیان دەخەنەبەر چیرۆکەکان. ئەوانن رووداوەکان بەرەو پێـشەوە دەبەن. کێشە و کردار دەهـێننە ناو ملمـلانێ و شەڕەکەوە. مەرجـیش نییە کە کارەکان لـۆژیـکی بن. زۆربـەی چـیرۆکەکانی منـداڵان، پاڵەوانی سەرەکییان (کـوڕ یا کـچی باشـن) و دژەبەرەکانـیشـیان (کەسی خراپـن). کارەکتەری پاڵپشتی هەردوولاشیان هەیە. بۆ کورتە چـێرۆک ژمارەی کارەکـتەرەکان کەمـترن. پاڵەوان و کارەکتەرەکانی چـیرۆکی منـداڵان، مـرۆڤـن، یا ئاژەڵ و باڵـندە و زینـدەوەر و شـتی تـرن. منداڵان هەمیشە لەگەڵ سەرکەوتنی پاڵەوانەکاندان، ئەگەر لە پێناوی باشی و ئـازادی و ئاشتی و خێرخوازی و مـرۆڤـایەتیـدا خەبات بکەن.
٦ـ ملمـلانێ لە چـیرۆک: پێویسـتە دایکان و باوکان و مامۆستاکان، یارمـەتیی منـداڵان بـدەن، بۆ تێگەیشـتن لە چەمکی ململانێ لە چـیرۆکـدا. هـانیان بـدەن بۆ دروستکردنی ململانێ لە چـیرۆکەکانیانـدا. توانای سەرکەوتنی پاڵەوانەکان لەململانێـدا دەردەکەوێت. ململانێیەکانیش نابێـت درێـژ و بـێزارکەربـن.
٧ـ زمـان لە چـیرۆکی منـداڵان: بێگـومـان زمـان گـرنگـترین فـاکـتەر و کـۆڵـەکەیە لە چـیرۆکی منداڵانـدا. نووسینی چـیرۆکی منـداڵان، بە زمـانێکی پەتی و پـاراو و شیرینی کوردیمـان. بە بەکـارهـێنانی وشـەی ئاسـان و واتـازانـراو و رسـتەی کـورت. مـەرجی چـیرۆکی باش و سەرکەوتووی منداڵانە. بە داخەوە بەشێکی زۆری منداڵانی کوردمان، بە هـۆی ئـەوەی کە لە تەمـەنـێکی بچـووکـدا ناخـوێـننەوە و نانـووسـن، یان بە زۆری بە هـۆی ئـەوەی کە دەوڵەتـانی داگیرکەری کوردسـتان، بە تـۆبـزی و بە زۆرداری، لە قـوتابخـانەدا زمانی خۆیان بەسەر منـداڵانی کوردمان سەپـانـدوون و خـوێنـدنیشیان بە زمانی کوردی قـەدەغـەکـردوون. هـۆی سەرکـیی لاوازی منـداڵانی کوردمانە لە زمـانی کوردیـدا. لایەکی کەشەوە، دوو رێنـووس و نەبوونی زمانێکی ستانـداردی یەکگرتووی کوردی، هـۆیەکی تری لاوازیی خوێندنەوە و نووسینی منداڵەکانمانە بە زمانی کوردی.
٨ـ کات و شوێن لە چیرۆکی منداڵان: کات و شوێن دوو رەگەزی سەرەکین لە چیرۆکدا. بەبێ کـات و شـوێن لێکـدانەوە بۆ رووداوەکان ناکرێت. چونکە کات و شوێـن رۆڵـێکی گرنگیان هـەیە لە بنیاتنان و لە ریـزبەنـدیی رووداوەکانی چیرۆک. بۆیە پێویستە کات و شوێنی رووداوەکان دیاریـبکەن، کات ئەو ماوەیەیە کە رووداوەکانی چیرۆکەکان تێیاندا روویان داوە یا روودەدەن، وەک: بەهار، هاوین، شەو، رۆژ، رابردوو، ئێستا، داهاتوو، …هـتد. شوێنیش ئەو چـوارچـێوەیەیە کە رووداوەکان تێـیدا روویان داوە یا روودەدەن، وەک: ماڵێکی ئاوەدان، قـوتابخانە، پارکێک، سەیرانگایەک، دارستانێکی ئەفـسووناوی، ئەشکەوتێک، زەوی، بۆشایی ئاسمان، دەریا، گوندێک، شارێک، کوردستان، کەرکوک، یا وڵاتێکی کە،… هـتد. پێویستە منداڵانی چیرۆکنووس، پێش دەستپێکـردن بە نووسین، لە خەیـاڵ و هـۆشیانـدا، کـات و شـوێـنی روودەوەکـانی چـیرۆکەکـانیان دیـاری بـکەن.
٩ـ دیالـۆگ لە چـیرۆکی منـداڵانـدا: دیالـۆگ یەکـێکە لە کـۆڵەکەکانی بنیاتـنانی چـیرۆکی منـداڵان. دیالـۆگ بـریتییە لە گـفتوگـۆ لە نێوان دوو کارەکتەر یا زیاتردا، مرۆڤ بن، یا ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و زیندەوەر و شتی تر. منداڵانی چیرۆکنووس، دەتوانن سوود لە ئەزمـوونی چـیرۆکنووسانی تر وەربگـرن.
١٠ـ خاڵی وەرچەرخان لە چیرۆکی منداڵان: بە زۆری خاڵی وەرچەرخان لە ناوەڕاستی چـیرۆکی منداڵان دایە. یارمەتیـدەرە بۆ ئەوەی چـیرۆکەکە سەرنجـڕاکێش بێت. دەکرێت وەرچەرخـان، ساتێکی دۆزینـەوە بێـت، یان کاتـێک بێـت کە کارەکـتەرێک، هـێزێکی لە تـوانـابەدەری تـرسناک بـدۆزێتـەوە. واتە کارێـکی کـوتـوپـڕ و چـاوەڕوان نەکـراوە.
١١ـ دانانی خاڵبەندی لە شوێنئ خۆیاندا: پێویستە منداڵانی چـیرۆکنووس، فـێری دانانی خاڵبەندییەکانـبن لە شوێنی راستییاندا.
١٢ـ نووسینی چـیرۆک لە ئینتەرنێتـدا: دایکان و باوکان دەتـوانـن، ئیمـێڵێک بو منـداڵە چـیرۆکنووسەکانیان بکەنەوە، بۆ ئەوەی چیرۆکەکانیان لە ئینتەر ێتدا بنووسن. چونکە نووسـین لە ئینـتەرنێـت دا، خـۆشی و شادی و شارەزایی بە منـداڵان دەبەخـشـێـت.
١٣ـ پیاچـوونەوە بە رەشـنووسی چـیرۆک: دوای ئـەوەی کە منـداڵانی چـیرۆکـنووس، لە نووسینی رەشنووسی چـیرۆکەکانیان دەبنەوە، پێویستە دووبارە و سێبارە بە وردی بە چـیرۆکەکانیاندا بچـنەوە، دوایش بیانـدەن بە دایک و باوکیان یان بە مامۆستاکانیان یان بە چیرۆکنووسێکی گەورە بۆ منداڵان، بۆ ئەوەی لە هەموو روویەکەوە، سەرنج و تێـبینییەکانیان دەرەبـارەی چـیرۆکەکانیان دەربـڕن و هەڵـەکانیان بـژاربکەن. سوودیش لە رەخـنە و لە پێشنیار و لە رێنماییەکـانیان وەربگـرن.
١٤ـ هـانـدان و پیـرۆزبـایی و دەستخـۆشی: دایـکان و باوکان و مامۆسـتاکان، رۆڵـێکی سەرەکی و گرنگـیان هـەیە، لە هانـدان و لە پشتگیریکردن و رێنمایکردنی منداڵەکانیان و قـوتابییەکانیان. لە نووسین و درێـژەدان بە ئـەو چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشانانەی کە منـداڵەکانیان دەیانووسن. هانـدانیش شێوازیان زۆرە. هانـدانەکە گەر خەڵاتێک بێـت، یا پیرۆزبایی و ئافـەرین و دەستخۆشی و چەپڵەلێـدان بێت. دەست کـێشان بە دەستا بێت. مایەی دڵخۆشی و پێـزانین و رێـزن بۆ منداڵانی نووسەر. دەکرێت زیاتر هـانیان بدەن بۆ ئـەوەی چـیرۆک یا هـۆنـراوەکـانیان بۆ گـۆڤـارەکانی منـداڵان بنێـرن بـۆ بڵاوکـردنەوە.
پێویستە ئەوەش بڵـێین هەرگـیز نابێت، گاڵـتە بە نووسینەکانی منـداڵان بکەن، یان پێیان پـێبکەنـن و تەریـقـیان بـکەنەوە.
١٥ـ کۆتـاییەکی دڵخۆشکەر و هـیوابەخـش: پێویستە منـداڵان ئەوەش بـزانـن، پێویستە کۆتـایی چـیرۆکەکانیان بە چـارەسەرکـردنی کـێشەکان کۆتاییان بێت. کۆتاییەکانیشیان بە گەشبینی و بەهـیوابەخـشین و بە سەرکەوتن و بە خۆشی کۆتاییان بێت. هەرگیز نابێـت کۆتـایییەکانی چـیرۆکی منـداڵان، بە کارەساتی تـراژیـدیا و بە رەشـبینی و بە نائـومیـدی و شکـستی و ناخـۆشی کۆتـاییان بێـت.
هـیچ بە دووریشی مەزانـن، کە لەنێـوان منـداڵانی ئەمـڕۆی ئارەزوومەنـدانی نووسینی چـیرۆک، لە داهـاتـوودا چـیرۆکـنووس و رۆمـانـنووسی باشیان تێـدا هـەڵـبکەوێـت.
رەزا شـوان
نەرویج: ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish