ململانێی عهقڵو شێتی ناو ڕۆمانی (له به‌رزایی شوراكانه‌وه)ی به‌یان سه‌لمان
شاخه‌وان سدیق
)هه‌ركاتێك مرۆڤ پێی وایه شێت نییه. ئه‌وا به‌دیوێكی تردا شێتێكی بێ ئاگایه(
باسكال
له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك ڕۆمانی كوردی و بیانیم خوێنده‌وه، كه هه‌ریه‌كێك له‌وانه بۆخۆیان خاوه‌نی جۆرێك تایبه‌تمه‌ندێتی له چیرۆك‌و ته‌كنیك‌و شێوازی گێڕانه‌وه‌دا بوون. ئه‌گه‌رچیش هه‌ریه‌كه‌یان هی نوسه‌رێكی جیا له وڵاتێك‌و له كلتورێكی جیاوازه‌وه نوسرابوون، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی تاموچێژی تایبه‌تی خۆیان بوون، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ڕاكێشام و به‌بڕوای من شیاوی له‌سه‌ر وه‌ستان بوو. ڕۆمانی (له به‌رزایی شوراكانه‌وه)ی نوسه‌ر (به‌یان سه‌لمان)بوو، ئه‌م ڕۆمانه به قه‌باره‌ی نیو ئه‌ی فۆڕو له‌دوتوێی (332) لاپهڕهداو له‌لایان به‌رێوبه‌رایه‌تی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانیه‌وه چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه، بۆخۆشی چیرۆكی ڕۆمانه‌كه باسكردنه له ژیانی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ناو (قه‌ڵا)یهكداو نوسه‌ر ناوی ناوه (به‌رزایی شوراكان) كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه كچێكی شێته به‌ناوی (زه‌كییه) كه له‌منداڵیدا دایك و باوكی دوای ئه‌وه‌ی ده‌زانن شێته‌و ته‌واو نییه فڕێی ده‌ده‌ن كه دواتر ژنێك به‌ناوی (میم خونچه) ده‌ی دۆزێته‌وه‌و ده‌یكاته كچی خۆی، پاشان ئه‌م كچه به‌تێپه‌ڕبوونی ڕۆژ گه‌وره‌ده‌بێت، باڵق دهبێتو سنگ ده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات ببێته جێی سهرنجو دواتر نێچیری پیاوه هه‌وازبازه‌كان‌و به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر‌و ناشیرین ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كه‌نه‌سه‌ر، سكی پڕده‌كه‌ن‌و كۆمه‌ڵێك منداڵی پێده‌خه‌نه‌وه، به‌بێئه‌وه‌ی كه‌س خۆی به‌خاوه‌نی بزانێت، دواتر پیاوێك به‌ناوی مامۆستا وه‌ردی هه‌وڵی پارێزگاری كردن له‌م كچه شێته ده‌دات، به‌ڵام بێ‌سود دهبێتو له‌یه‌كێك له ڕۆژه‌كاندا‌و له‌لایان بكوژێكی نه‌ناسه‌راوه‌وه (زه‌كییه) ده‌كوژرێت، ئه‌م ڕوداوه كار له مامۆستا وه‌ردی دهكاتو پاش ماوه‌یه‌ك ده‌ست ده‌كات به فرۆشتنی ده‌رمانی شێتی و وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك له خه‌ڵك ته‌واوی دانیشتوانی ناو قه‌ڵا به ڕێگای جۆراوجۆر شێت ده‌كات. هه‌موو ئه‌م به‌سه‌رهاته‌نه‌ش له ڕۆمانه‌كه‌دا بۆ چه‌ند به‌شێك له ڕێگای بیره‌وه‌ری كه‌سایه‌تیه‌كانه‌وه دابه‌ش كراوه.
بابهتو چیرۆك له پانتای ڕۆمانه‌كه‌دا :
هێڵی گشتی ڕۆمانی (به‌رزای شوراكان) له‌سه‌ر دوبنه‌مای سه‌ره‌كی كارده‌كات، كه ئه‌وانیش بریتین له چیرۆك وه‌ك بابه‌ت بۆ گێڕانه‌وه و هونه‌ری ته‌كنیك بۆ ڕێكخستنی كاره‌كه. كه به‌كاركردن له‌سه‌ر هه‌ردوكیان هێڵی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه. ڕۆمانه‌كه گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێكه كه مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵانی (شهستو حه‌فتاكان)ی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه نوسه‌ر به گێڕانه‌وه‌ی چپرۆكه‌كه‌ی ده‌مانباته ناو ڕۆمانه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی هه‌مووشت زانه‌وه كه ئاگاداری ته‌واوی ڕووداو به‌سه‌رهاته‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌یه. ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێك شوێندا ڕێگه به هه‌ندێك له كه‌سایه‌تیه‌كان دراوه خۆیان ببنه ڕاویی‌و ڕووداوه‌كان بگیڕنه‌وه، به‌ڵام دواتر چیرۆك خوان خۆی جڵه‌وی ته‌واوی ڕۆمانه‌كه ده‌گرێته دهستو وه‌ك شاهیدێك ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌كان له زمانی ئه‌وه‌وه ده‌بیستین. ده‌ستپێكیش خاڵی جهوههریو سه‌رنج ڕاكێشی ناو ڕۆمانه‌كه‌یه كه‌وا له خوێنه‌رده‌كات په‌لكێشی ناو ڕوداو له‌دوای ڕوداوی چیرۆكه‌كه ده‌ببێت، به‌بڕوای منیش ده‌سپێك كلیل‌و سه‌ره‌تای چونه‌ژوره‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یه، كه دواتر به ئیستاتیكاو ته‌كنیكی كاره‌كه‌مان ئاشنا ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر (بابهتو ته‌كنیك)یش دوولایه‌نی سه‌ره‌كی به‌هێزی داڕشتنی ڕۆمان بن، ئه‌وا ده‌ستپێك به‌بڕوای من ئه‌و خاڵه‌یه كه ده‌بێت نوسه‌ر به‌وردی ئیشی له‌سه‌ر بكات، به‌یان سه‌لمان له‌م ڕۆمانه‌دا ئاقڵانه ئیش له‌سه‌ر ده‌ستپێك دهكاتو له دێڕه‌كانی سه‌ره‌تاوه گه‌مه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كانیدا ده‌كات، ئه‌ویش به‌وه‌ی سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌ی به دوو ڕوداوی تراژیدی ده‌ستپێده‌كات، كه یه‌كه‌میان (ده‌ركه‌وتنی حه‌وێز قه‌سابه بهخۆیو كێردێكی گه‌وره‌و تیژی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ كه هه‌رله‌ویا گۆلكێك سه‌رده‌بڕێ‌و خوێنی كیاندارێك ده‌ڕێژێت، دووه‌م پێدانی هه‌واڵی كوشتنی كچێكی شێت به‌ناوی (زه‌كیه) كه دواتر‌و له درێژه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا نوسه‌ر به‌گه‌مه‌ی زمان‌و له‌ڕێگه‌ی گرێچنینێكی ورد‌و به تكنیگی سه‌رنج ڕاكێش له گێڕانه‌وه‌دا وا له خوێنه‌ر ده‌كات كه گومان بكات ئه‌م دوو ڕووداوه په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه‌و پێده‌چێت بكوژی (كۆلكه‌كه هه‌مان بكوژی كچه‌كه (زه‌كیه)بێت له‌كاتێكدا خۆی ئه‌وه یه‌كێكه له ئه‌گه‌ره‌كان‌و ڕه‌نگه هه‌رگیز وانه‌بێت. چونكه له‌ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌دا كه‌سی بكوژی زه‌كیه دیارنیه‌و ونه. ئه‌مه‌ش هه‌وڵی ئاقڵانه‌ی نوسه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كوشتنه‌كه به‌كراوه‌ی بهێڵته‌وه‌و هه‌مووان وه‌ك به‌شێك له تۆمه‌تباری ڕوداوه‌كه بزانێت. ئه‌وه‌تا له لاپه‌ڕه(86)دا به‌م جۆره باس له كوشتنه‌كه ده‌كات
ئه‌و ڕۆژه‌ی زه‌كیه‌یان به‌كوژراوی دۆزییه‌وه،نۆ چه‌قۆی زلی لێدرابوو، كونی لێدانه‌كان هێنده گه‌وره‌بوون به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م خوێنی له به‌ربڕییبوو، زه‌كییه سارد، بێ خوێن، ڕه‌نگی سووری كراسه سورمه‌كه‌ی و خوێنه‌كه‌ی تێكه‌ڵاو بوبون، بۆیه‌كه‌م جار چاوی داخست بوو، به‌ئاگاركردنه‌وه‌ی مامۆستا وه‌ردی به‌په‌له شه‌رواڵێكی له‌پێكردوو له‌ماڵه‌وه ده‌رچوو، وه‌ك هه‌موو خه‌ڵكی دی چووه سه‌ر شوێنی ڕوداوه‌كه، له‌لاشه‌كه چوه‌پێشێ‌و ته‌ماشای كرد، لهخۆییو له‌وانه‌ی به‌ده‌وریدا وه‌ستانبوون ده‌یپرسی: كێ كوشتویه‌تی؟؟ كاممان ئه‌مه‌ی كردووه
به‌یان سه‌لمان وه‌ك ڕۆمان نوسێك:
)فارگاس یۆسا) له كتێبی (نامه بۆ ڕۆماننوسێكی لاو)دا‌و له به‌شی (نامه‌ی دووه‌مدا) سه‌باره‌ت به نوسه‌ری ڕۆمان ده‌ڵێ” ڕۆماننووس ئه‌زموونی ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌پشكنێ وبه‌شوێن پایه‌و پێگه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت تا چیرۆك دابهێنێت، ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ خاتری ئه‌وه‌نییه ئه‌و كهسو ڕووداو‌و دیمه‌نانه دووباره‌بكاته‌وه له‌و كه‌ره‌سته سه‌ره‌تاییانه‌ی كه یاده‌وه‌رییه‌كانی بۆی دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له‌نێو دانیشتوانی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ئه‌و سووته‌مه‌نییه ده‌دۆزێته‌وه كه پێویستێتی تا ئه‌و پرۆسه درێژ‌و قورسه كه داڕشتنی ڕۆمانه به‌سه‌ر كه‌وتن كۆتایی پێبێت” (به‌یان سه‌لمان)یش یه‌كێكه له‌و نوسه‌ره وردوو دیارانه‌ی بواری نوسینی ئێمه، كه هه‌میشه بابه‌ته‌كانی جێگای سه‌رنجی منه، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ڵبژاردن‌و وردبونه‌وه له‌و بابهتو چیرۆكانه‌ی كه بۆ ڕۆمانه‌كانی هه‌ڵیان ده‌بژێرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌میشه وه‌ك نوسه‌رێك زۆربه‌ی بابه‌تی ڕۆمانه‌كانی له‌سه‌ر كێشه‌ی ژن دادهڕێژێتو زۆرێك له ناشیرینیه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كانی به پیاو دهبهخشێتو كه‌م جار هاوسه‌نگی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان ڕاده‌گرێت، به‌ڵام هێشتا من وه‌ك پیاوێك چێژێكی زۆری لێده‌به‌م، چونكه پێم وایه ئه‌وه‌ندی ئامانجی ئه‌و پیشاندانی لایه‌نه‌شاراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای پیاوسالاری ئێمه‌یه ئه‌وه‌ندی مه‌به‌ستی له دروستكردنی دیواری جیاكاری نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان نییه، چونكه هه‌ر له ڕۆمانه‌كه‌دا ئێمه به‌ر كه‌سایه‌تی مامۆستا (وه‌ردی) ده‌كه‌وین كه پیاوه‌و كه‌سایه‌تی دووه‌می ناو ڕۆمانه‌كه‌یه، كه دواتر ده‌بێته فرۆشیاری شێتی، ئه‌م پیاوه ڕۆحێكی فریشته‌ئاسای پاكی هه‌یه‌و هه‌میشه پارێزه‌ری (زه‌كیه)یه، كه ڕۆڵه‌كه‌ی به‌ته‌واوی مانا ئینسان دۆستیه، ئه‌مه‌ش واده‌كات تێبگه‌ین كه‌نوسه‌ر پێمان ده‌ڵێت(په‌نجه‌كانی ده‌ست) وه‌ك یه‌ك نین‌و ده‌كرێت هه‌میشه كه‌سانی چاك‌و خراپ هه‌بن. به‌یان سه‌لمان له شوێنێكی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه ئیشده‌كات كه ڕاسته‌خۆ كار له هزرو بیركردنه‌وه‌مان ده‌كات، له‌و شته‌وه كه زۆر نزیكه لێمانه‌وه‌و فه‌رامۆشمانكردوه، له‌و مرۆڤ‌و هاو ڕه‌گه‌زانه‌مانه‌وه كه ئێمه له بری هاوكاریكردنیان به (شێت) ناویان دهبهینو بۆ سه‌رگه‌رمی‌و ڕابواردنه‌كانی خۆمان به‌كاریان ده‌هێنین، ئه‌و جارێكی كه ده‌مانخاته‌وه ژێر پرسیاری ئه‌وه‌ی كه داخۆ ڕۆژێك هه‌ریه‌كه‌مان بیرمان له ئازار‌و ژیانی شێتێك كردۆته‌وه، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و شێته (میینه)ش بوو،چی؟؟ به‌راست له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا مرۆڤ نه‌توانێت ڕێز له مێینه بگرێت ئه‌ی چۆن ده‌توانێت ڕێز له شێتێك بگرێت كه ئه‌و مێینه‌یه له ڕووی ئه‌قلیه‌وه ناته‌واو شێت بێت؟؟!!
بۆیه ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری چیرۆك و هه‌ڵبژاردنی بنه‌ماكای چه‌مكی(شێتی یان عه‌قڵ) وه‌ك تیمای سه‌ره‌كی ڕۆمانی (له به‌رزایی شوراكان) بكه‌ین ئه‌وا تێده‌گه‌ین كه ئه‌م خانمه خه‌می گه‌وره‌و پرسیاری سه‌ره‌كی نوسه‌رانه‌ی ئه‌وه‌یه كه بپرسێت”له‌و دنیا جوانه‌ی هه‌موان بانگه‌شه بۆ باشتر بونی ده‌كه‌ین، ئه‌م هه‌موو ناشیرینیه چییه مرۆڤ ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌رهه‌می ده‌هێنێت” هه‌ر وه‌ك چۆن (سادقی هیدایه‌ت) ده‌ی وت ” بۆ به‌دۆزه‌خ كردنی جیهان، به‌هه‌شت باشترین بیانووه”
هه‌ڵبژاردنی چه‌مكی شێتی وه‌ك تێمای سه‌ره‌كی كاره‌كه:
تێمای سه‌ره‌كی ڕۆمانی (له به‌رزایی شوراكانه‌وه) برتییه له به‌ریه‌ك كه‌وتنی هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی (عاقڵی + شێتی) نوسه‌ر به‌م دوانه‌وه هێڵی گشتی ڕۆمانه‌كه داده‌ڕێژێت، ئه‌ویش له ڕێگای كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌وه كه كچێكی شێته به‌ناوی (زه‌كیه) له كۆمه‌ڵگایه‌كی عاقڵدا، كه له جوگرافیایه‌كی دیاری كراودا ده‌ژین به‌ناوی (ماڵه‌كانی ناو قه‌ڵا) یان ماڵه‌كانی ناو (به‌رزایی شوراكان). ئه‌مانه مرۆڤ گه‌لێكن له هه‌موو چین‌و توێژهكانو به‌ناوی جیاجیاوه كه سه‌رگه‌رمی ئیش‌و كاری جیاجیان، به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌یان له‌دوو كه‌سایه‌تی به‌ماسك داپۆشراودا، كه له‌كه‌سایه‌تی یه‌كه‌مدا وێنا‌و ته‌مسیلی چاكه دهكهنو له‌وه‌ی دووه‌میشدا و له‌ژێر په‌رده‌وه به‌نهێنی تاوان به‌رامبه‌ر به خۆیان‌و ئینسان‌و هاوڕه‌گه‌زه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌ناوی عادهتو پاراستنی كلتور، كه به‌بڕوای من ئه‌مانه نه‌ك پارێزه‌ری كلتوری چه‌ق به‌ستووی خێڵه‌كی نین، به‌ڵكو ئه‌وان قوربانی ده‌ستی كلتور‌و عاده‌تن‌و هه‌رده‌بێت واش ته‌ماشایان بكرێت، هه‌ر بۆیه نوسه‌ریش له ڕێگه‌ی پرسیاری (شێت كێیه؟ عاقڵ كێیه؟ خوێنه‌ر ڕادهگرێتو كۆمه‌ڵگاش ده‌خاته به‌رده‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرسه‌وه و ده‌پرسێ خودی شێتی واتای چییه؟ ده‌كرێت چۆن ئێمه سه‌یری مرۆڤی شێت بكه‌ین، ئایا قه‌د بیرمان له‌وه كردۆته‌وه ئه‌وانه بۆ شێتن؟؟ به‌ڕاست شێت بوون چ جۆره نه‌خۆشییه‌كه‌و ده‌بێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشانه‌دا بكه‌ین؟؟ ڕه‌نگه بۆ ئه‌مه‌ش واباشبێت ئێمه گه‌شتێكی خێرا به مێژووی شێتی له دنیادا بكه‌ین‌و بزانین له كۆنه‌وه چۆن سه‌یری ئه‌م جۆره له مرۆڤ كراوه، بۆخۆشی ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌كی شێتی بكه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بڵێین: شێته‌كان ئه‌و مرۆڤانه‌ن كه توانای تێگه‌یشتنی عه‌قلیان كه‌مه له مرۆڤی ئاسایی‌و بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان ناتوانن وه‌ك پێویست خۆیان كۆبكه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ئه‌مانه مرۆڤن و هه‌رده‌بێت واش سه‌یریان بكرێت. ڕه‌نگه كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی (میشێل فۆكۆ) (شێتی‌و ناعه‌قڵ) باشترین یارمه‌تیده‌ربێت بۆ تێگه‌یشتن له‌م مێژووه. فۆكۆ: مێژووی به‌ریه‌ك كه‌وتنی كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ شێته‌كاندا دابه‌ش ده‌كات بۆ سێ بهشو سه‌رده‌م، كه ئه‌وانیش سه‌رده‌می (كلاسیك‌و ڕۆشنگهریو ڕێنسانسه) پێشی وایه جگه له (ڕێنساس) هیچ سه‌رده‌مێك نه‌ی توانیوه له‌نرخ‌و به‌های شێته‌كان تێبگات، چونكه له‌سه‌رده‌می كلاسیك‌دا شێته‌كان كۆده‌كرانه‌وه‌و به كه‌شتی ده‌بران‌و ده‌خرانه ده‌ریاوه‌و پێیان وابوو ئه‌وانه كه‌سانی بێكه‌ڵكن، سه‌رده‌می ڕۆشه‌نگه‌ریش سه‌رده‌می به‌ره‌وپێش چوونی داهێنانبووه‌و بۆ ئه‌مه‌ش جگه له عهقڵو عاقڵێتی هیچ شتێكی تر بایه‌خی نه‌بووه، ته‌نها به‌هاتنی ڕێنیسانس شێت وه‌ك مرۆڤ سه‌یركراوه‌و حاڵه‌ته‌كه‌شیان وه‌ك نه‌خۆشی ئه‌ژمار كراوه‌و نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تیان بۆ كراوه‌ته‌وه. جگه له‌مانه‌ش (فۆكۆ) ڕه‌خنه له‌كۆمه‌ڵگای كلاسیكی فه‌ره‌نسی دهگرێتو پێی وایه ئه‌وانیش نه‌یان توانیوه مامه‌ڵیه‌كی دروست له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره مرۆڤانه‌دا بكه‌ن. فۆكۆ بۆ خۆشی ماوه‌یه‌كی زۆر دوچاری نه‌خۆشیه‌ك ده‌بێت كه له شێتبون نزیك ده‌بێته‌وه، بۆیه دواتر پێی وایه” شێتی وه‌ك عه‌قڵ ڕاستی هه‌ڵگره‌و گشت عه‌قڵێ بڕێك شێتی تیا به‌رجه‌سته‌یه” خۆئه‌گه‌ر سه‌یری مێژوی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵگا سونه‌تیه‌كان بكه‌ین ئه‌وا توشی نائومێدیه‌كی گه‌وره ده‌بین له بینینی چۆنێتی مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ شێته‌كاندا، ئه‌گه‌رچی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه زۆربه‌یان باروه‌ڕدارن‌و به‌پێی خودی ئاین(شێته‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه هیچ ئه‌ركێكی ئاینی نایان گرێته‌وه‌و له‌هه‌موو شتێك به‌خشراون) به‌ڵام هه‌میشه لای ئه‌مانه شێت یان له‌ماڵه‌كاندا به‌سراوه‌ته‌وه‌و زیندانی كراوه، یاخود بۆته هۆكاری سه‌رگه‌رمی‌و ڕابرواردنی كه‌سانی تر له بازاره‌كاندا. بۆیه به‌هه‌موو دیوه‌كاندا شێته‌كان كه‌سانی قوربانی بوون له مێژووی به‌شه‌ریه‌تدا. هه‌ربۆیه به‌یان سه‌لمانیش له لاپه‌ڕه (200) ئه‌م ڕۆمانه‌دا‌و له‌زمانی مامۆستا وه‌ردیه‌وه ده‌ڵێت ” بۆ ئه‌وه‌ی له شێت تێبگه‌ین ده‌بێت شێتبین” خۆ ئه‌گه‌ر چاوێك له مێژووی ده‌ست درێژی مرۆڤ بۆ سه‌ر مرۆڤ بكه‌ین ئه‌وا ده‌بێت بۆ مێژووی دورو درێژی ژیاری مرۆڤایه‌تی بگه‌رێینه‌وه، چونكه به سروشت مرۆڤ گیاندارێكی توندوتیژه‌و ئاره‌زوی داگیركاری‌و ده‌ستدرێژی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌م جۆره‌كانی ده‌ستدرێژی سێكسی دا بوه‌ستین ئه‌وا به‌ر چه‌ندین جۆر له شێوازی ده‌ستدرێژی ده‌كه‌وین له‌وانه‌ش ده‌ستدرێژی به‌زۆری ناچاری مرۆڤ له‌گه‌ڵ هاوڕه‌گه‌زی خۆیدا واته (نێر له‌گه‌ڵ نێر)دا یان گه‌وره له‌گه‌ڵ منداڵانی خوار ته‌مه‌نی یاسایدا، یان مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا یان مرۆڤ له‌گه‌ڵ كه‌سانی نوقسان‌و كه‌م عه‌قڵدا. كه هه‌ریه‌كێك له‌مانه به‌هه‌رجۆرێك له جۆره‌كان حاڵه‌تی ناشازو نایاساین‌و ئه‌نجامده‌رانیان ده‌كرێت وه‌ك مرۆڤی ناته‌ندروست له‌ڕوی دینی‌و یاسایی‌و ئه‌خلاقیه‌وه سه‌یر بكرێن. ئه‌گه‌ر نوسین. به‌تایبه‌ت ڕۆمان جگه له كه‌ره‌سته‌یه‌كی ئیستاتیكیانه‌ی ئه‌ده‌بی جۆرێكیشبێت له پهیامو ئایدیا بۆ گه‌یاندنی بیرۆكه‌ی گه‌رانه‌وه بۆ مرۆڤ بوون، ئه‌وا له‌م ڕۆمانه‌دا (به‌یان سه‌لمان) خوێنه‌ر له به‌رده‌م دوو بابه‌تی گرنگ بۆ پیشاندانی دیوه شاراوه‌كانی تاوان له كۆمه‌ڵگادا ڕاده‌گرێت ئه‌وانیش (شێتی‌و مینه)بوون، كه هه‌ردوو بابه‌ته‌كه نیشانه‌ی بێدهسهڵاتیو به‌رائه‌تن به‌تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگایه‌كی پیاوسالاری وه‌ك كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا. ئه‌م ڕۆمانه بیرخستنه‌وه‌ی بابه‌تگه‌لێكه كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌یه مێژویه‌كیان ئه‌وانیش (پیاوسالاری، كوشتنی ژنان، سێكسی ناته‌ندروست یان نادروست ، خیانه‌ت) كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش هۆكارن بۆ به‌رده‌وامی دان به ده‌ستدرێژی ڕهگهزایهتیو له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی بنه‌ماكانی خۆشه‌ویستی له‌نێوان تاكو خێزانه‌كاندا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئه‌و كپته گه‌وره جنسیه‌ی كه له‌كۆنه‌وه تائێستا كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی گرتۆته‌وه، به‌جۆرێك جنس كردن به‌ته‌ندروستی بۆ چێژ وه‌رگرتن له چوارچێوه‌ی خۆشه‌ویستیدا نییه، به‌ڵكو ئه‌نجامدانی حاڵه‌تێكی ئاژه‌ڵانیه كه ئاماج لێی یان به‌تاڵبوونه‌وه یان سه‌لماندنی پیاوه‌تی نێرینه‌كانه. ئه‌وه‌تا له‌لاپه‌ڕه (76)ی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌نوسێت” كه‌سمان نه‌بوو زه‌كییه وه‌ها ته‌ماشا نه‌كات، كه هه‌رچی هێزی باڵایه له‌ناو لنگیدایه”
ئه‌م ڕۆمانه بۆ گرنگه:
)ئێزرا پاوه‌ند) له وتارێکدا ده‌رباره‌ی نوسه‌ر باش ده‌ڵێت” نووسه‌ره باشه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن زمانێكی چالاك به‌كار ده‌هێنن، واته زمانێكی ووردو ڕوون‌و ئاشكرای بێ گرێ‌و گۆڵ ” لێره‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌میشه نوسین به‌لای منه‌وه ئه‌و په‌یامه گرنگه‌یه كه به‌زمانێكی ساده‌بتوانیت پرسیاری گه‌وره بخیته‌ڕوو، هه‌روه‌ك چۆن له‌م ڕۆمانه‌دا (به‌یان سه‌لمان) وای كردووه، هه‌ندێك جار نوسین له دنیای ئێمه‌دا بۆته بابه‌تێكی وشك‌و بێزراو ئه‌ویش به‌هۆی به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵێك له زاراوه‌ی بیانی كه ڕه‌نگه تێگه‌یشتنیان بۆ نوسه‌ره‌كه‌شی بڕێك قورس بێت، به‌ڵام من له كۆی ئیشه‌كانی ئه‌م نوسه‌ره‌دا به‌ر جۆرێك له ساده نوسین و قۆڵ ده‌ربڕین ده‌كه‌وم كه به‌بڕوای من بۆ نوسه‌ری باش ئه‌مه زۆر گرنگه، بۆ منیش ئه‌م ڕۆمانه‌ی وه‌ستان بوو له‌به‌رده‌م پرسێكی قۆڵی ئینسانی‌دا كه جارێكی كه به‌تێڕوانینێكی كه‌وه له مرۆڤانێك بنواڕم كه به‌داخه‌وه به‌شێت ئه‌ژمارده‌كرێن، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه یه‌كێك بوو له‌و شته چێژبه‌خشانه‌ی كه ڕه‌نگه كه‌م جار مرۆڤ بتوانێت شانسی به‌ده‌ستهێنانی هه‌بێت. سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ش جگه له جوانی چیرۆكه‌كه‌و ساده‌ی له ده‌ربڕیندا به‌شێكی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندی به خودی به‌رائه‌تی كه‌سایه‌تییه‌كه‌وه هه‌بوو كه (زه‌كییه) چونكه ئه‌م كه‌سه ئه‌گه‌رچی شێت بوو، به‌ڵام له ژیان‌و مردنیشدا خاوه‌نی مێژوویه‌كی جوانه كه ده‌كرێت وه‌ك نمونه‌ی مرۆڤی زوڵم لێكراو ته‌ماشای بكه‌ین. هه‌ر وه‌ك له لاپه‌ڕه (226)ی ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه.” پاش مردنی زه‌كییه مێژووی بۆخۆی نوسیه‌وه. كه‌س له قه‌ڵادا مێژووی له دوی خۆی وه‌ها جێ نه‌هێشت. ئه‌و كه به‌شێتیی به‌های له‌لایان نه‌بوو، ئه‌وه‌تا له مردنیدا به‌های بۆخۆی دروست كرد، بووه ئه‌و عاقڵه‌ی كه به‌ته‌نها میژوو بۆ خۆی ده‌نووسێته‌وه، كه‌س له جه‌سته‌ی مردوویه‌ك شێتیی‌و ئاقڵیی نابینێ، ته‌نها ئه‌وه ده‌بینێ كه لاشه‌یه‌كه، ئه‌گه‌ر زه‌كییه له قه‌ڵا نه‌كوژایه‌و له هه‌رچ كوییه‌كی دی فڕێیان بدایه‌و بدۆزرایه‌ته‌وه، كه‌س نه‌ی ده‌زانی ئه‌مه جسته‌ی شێته یان عاقل، بۆیه جسته‌ی زه‌كییه له‌مردنیشدا هه‌ر براوه‌بوو.
به‌هیوام ئه‌م نوسینه ته‌نها وه‌ك سه‌رنجێكی كورت سهیربكرێتو له ئاینده‌دا چه‌ندین نوسینی تر به‌دوای خۆیدا بهێنێت، چونكه دڵنیام گه‌لێك لایه‌نی شاراوه‌ی تر له ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌یه كه‌ده‌كرێت شرۆڤه‌و ئاشكرا بكرێت.
——————————————————-
بۆ ئه‌م نوسینه سودم له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگرتووه.
ئێزرا پاوه‌ند …له‌شیعردا بلیمه‌ت‌و له‌سیاسه‌تدا دۆڕاو. هاشم ساڵح . وه. هه‌ورامان وریا قانع.
نامه بۆ ڕۆماننوسێكی لاو (فارگاس یۆسا) وه. شیرینز ك
دیداری (به‌یان سالمان) له پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر سازدانی ئارام سدیق.
Shaxi83@yahoo.com
www.facebook.com/shaxi.shafiq
شاخه‌وان سدیق