
داگیرسان … ستار ئه‌حمه‌د
له په‌یكه‌ر مناڵ دروست ده‌كه‌ن
كه باران به سه‌ریا ده‌بارێ
به ده‌لاقه‌ی ئاسمانه‌وه خۆر هه‌ڵده‌واسن
هیوا له دیده‌ی ئاسن هه‌ڵده‌كێشن
بروسكه ده‌كه‌نه خه‌نده‌ی جه‌نجاڵی
به خوێن لێوه‌كانی ده‌نه‌خشێنن
شه‌و ده‌كه‌نه له‌دایك بوونی كه‌نیزه‌و
ژه‌هره بارووت دابه‌ش ده‌كه‌ن
بۆ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی
داخ له‌و زامانه‌ی.. په‌نجه شه‌خته‌ییه‌كان
له ته‌وێڵی ئاگردانه كوژاوه‌كان
به لاسكی ووشكه‌وه بوو
بۆ یادگاره گۆڕ ئامێزه‌كان
ده‌بنه به‌رواری مێژوو
داگیرسان.. لوتكه‌ی خه‌مڵیوی چڵه به‌ردینه‌كان
له پاكیا رووناكی له ده‌نكه باران هه‌ڵده‌مژن
به سه‌رمه‌ستی چاره‌نووسی ئاده‌میزاد
له ده‌ریای راستیا ده‌شۆنه‌وه
هه‌ست له‌به‌ری داره خه‌ماویه‌كانا
له شیله‌ی هه‌نگ ده‌دزن
له ئه‌هریمه‌نه گوڵ تاجه‌كان تووڕه ده‌بن
بووكی خه‌ون.. شیكردنه‌وه‌ی چه‌ڵه‌مه تازه‌كان
له سیمای گوڵه سوور بیره‌كان موتوربه ده‌كه‌ن
له كفنی خۆڵا جه‌سته‌ی ئاو ده‌نێژن
له چۆڕاوگه‌ی زوقما رووی چیا گڕڕێژده‌بینن
لوتكه‌كان به ئه‌هرامی فیرعه‌ونه‌كان هه‌ڵده‌واسن
له سڕینه‌وه‌ی رووی دۆنده‌كانا
خوێن به‌سه‌ر مه‌لۆتكه‌ی كانیا ده‌بارێنن
له كزه‌ی رۆژه رووته‌كانا
له په‌ڕی كه‌و كڵاوی ئه‌زهه‌ریه‌كان
له‌سه‌ر بڕوانامه‌ی تۆرانیه‌كان ده‌نێن
بیناكاری له توێی زامه‌كانی ئێمه‌دا ده‌ماشنه‌وه
له ژماره‌ی له ناوچووه‌كانما فێری
ماتماتیكی سه‌ر كێڵهكان ده‌بن
به گژ خۆشه‌ویستی ئه‌لبوومی خۆر په‌رسته‌كانا ده‌چن
له تینی تروسكه‌ی خۆری دیده‌ی هه‌تیوی خه‌ونه مه‌رگه‌كانا
له پێڵووی كوژاوه‌ی ئه‌ستێره‌ی دوڕو مهرجانا
بۆ خاڵی بنه‌چه‌ی پاكڕه‌وی
به گڵی چیا ده‌ست نوێژ ده‌گرین
له‌سه‌ر هه‌وره چاو شینه‌كان
كۆڕی خوا په‌رستی ده‌به‌ستین
له گلێنه‌ی رۆژا په‌رده‌ی خه‌و هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه
له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێكی ئه‌م كوێستانه
تۆزی خاكه‌كه‌مان وه‌كو زاد دهخۆینو
وه‌نه‌وز ئه‌ده‌ین.. ناسره‌وین هه‌تا ده‌مرین
ستار ئه‌حمه‌د