Skip to Content

باوکایەتی، ڕابەری منداڵ و زامنکەری ئایندەی نەتەوە.. فازیل شەوڕۆ

باوکایەتی، ڕابەری منداڵ و زامنکەری ئایندەی نەتەوە.. فازیل شەوڕۆ

Closed
by ته‌مموز 31, 2021 General, Opinion


“هەرگیز بە هیچ کەسێکی سەر ئەم ئەرزە مەڵێن باوک.” ئەگەر ئەمە مەتنی دەقێکی پیرۆز بێ لە ئینجیل مەتی، ئەوا باڕەک ئۆباما، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمەریکا دەڵێ:”بە وەچەنانەوە، تۆ نابیت بە باوک، شەڕەفمەندیی پەروەدەکردنی منداڵێک تۆ دەگەێێنتە مەرتەبەی باوکایەتی.” لەوەتەی ئادەم و حەوا، لەژێر بنمێچی خانووێکدا، بوون بە خەمخۆر و تەواوکەری یەکتری، پێگە و مەقامی باوک و باوکایەتی، نەک هەر لە چوارچیوەی خێزاندا سەنگ و بەها و کاریگەریی مەزنی هەبووە، بەڵکو لە بونیاتنانی ئایندەی نەتەوە و زامنکردنی ئاسوودەیی ڕۆڵەکانی و شکۆمەندیی زێد و وڵاتیش کەسێکی بەوەج بووە. تا لەگەڵ رۆژگاردا وای لێهاتووە، خەسڵەتە جوانەکانی باوکایەتی، لە باوک بسێندڕینەوە و بخرێنە گەردن خوداوەندەکان. خوداوەندی جوپیتر(هەسارەی موشتەری) لە میتۆلۆیژیی ڕۆمانی کۆندا، باوکی هەموو خوداوەندەکان بووە. کاتێکیش، نێردراوەکانی خودا، کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکانیان ، لە ئاسمانەوە بۆ بەندەکانی سەر زەوی کردە دیاری، دیسان نازناوی (باوک و باوکایەتی) بوون بە ئاوەڵناو بۆ پەسنی مەزنایەتیی و پیرۆزیی خودای گەورە و بەخشندە… .

کەواتە، هەریەک لە ئێمە، جگە لە ئەو باوکە بایەلۆژییەی جیناتەکانی (DNA) خۆیمان پێدەبەخشێ، بە چەندان شێوە، باوک و باوکەکان لە تەمەن و ژیانی ئێمەدا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ، بوونیان هەیە، لە شێوەی خودا و مامۆستا و شێخ و مەلا و ڕابەر و بەرپرس و حاکم و باوکی ڕۆحی و باوکی مەجازی… .

با نەختێ، سادەتر، بچینە نێو مەتنی بابەتەکە، بۆ چەند چرکەیەک چاوەکانی خۆت داخەوە، ئەو ساتەوەختە کورتە بێنەوە پێش چاوی خۆت، کە لە پۆلی دوو و سێی سەرەتایی بوویت و لە دەستپێکی دەرسەکاندا، پێش گەیشتنی مامۆستا، لەگەڵ هاوپۆلەکانت چ فەرتەنە و بەزم و گۆبەندێکتان دەنایەوە، جا لەگەڵ بیستنی خشپەی پێی مامۆستا، ئەو پۆلە دەبووە، ئاشی و ئاولێبڕاو، وەک ئەوەی ژوورێکی چۆل و هۆل بێ، کەس فززەی لێوە نەدەهات… . یان لە دیوەخانێکی گەورەدا، چ سمڕسمڕان و هەرا و قاقا و پێکەنینێکە، لێ هەرکە، ڕیش سپی دیوەخان، یان کەسێکی بە هەتیبەت و شکۆ و قورس وگران، دیتە ژوورەوە، دیوەخان دەبێتە، دیوەخانێکی هێمن و ئارام و موحتەبەر… . نموونەی دیکەش زۆر… .

بەبێ، ئەوەی ئێمە هەستمان پێکردبێ، ئەوا بوونی کەسێک، لە مەرتەبە و مەقامی باوک، وایکردووە، کە ئەو کەسە بتوانێ تەواوی ئاوهەوای ئەو ژینگەیە، لە بارێکە و بگۆڕی بۆ بارێکی دیکە. لەم حاڵەتەشدا، دوو ڕایەڵە بەیەکەوە گرێدەدرێن و ئەو دۆخە دەهێننە کایەوە، ڕایەڵەی یەکەم، ئەو سەنگ و بەها و مەقامەیە کە مامۆستاکە یان شیخەکە یان کەسایەتییەکە توانیویەتی بۆ خۆی بەدەستی بێنێ وە دووەمیان، ئەو گوێڕایەڵی و ئیتاعەت و ڕیز و حورمەتەیە، کە ئێمە، بەرانبەری، بێئاگایانە، نیشانی دەدەین و گوێڕایەڵی دەبین، ئەوجا چەمکێ بنەما و یاساوڕێسای کەلتووری و کۆمەڵایەتی هەیە، ناچارمان دەکات، ڕیز لەو کەسە بگرین و وەک باوک سەیری بکەین.

مرۆڤ، هەر چییەک بێت و هەرچەند سامان و دەسەڵات و هێزیشی هەبێ، هەمیشە حەزدەکات، باوکی یان باوکێکی هەبێ، ڕێنمایی بکات و ڕابەرایەتی بکات و جەرگسۆز و خەمخۆری بێت و پشیتوانی بێ… .

کاتێک، مەهاتما غاندی، یان کینگ مارتن لۆسەر یان ماو تسیتۆنگ، دەتوانن ببنە باوک و ڕۆڵی ڕابەر و پێشەوا و سەرکردەی ملیۆنەها کەس ببینن و بتوانن ئایندەی ئەوان بگۆڕن و ئاسوودەیی داهاتوویان، بەشیوەیەک لە شێوەکان زامن بکەن، ئەوا لەبەر دوو خاڵی سەرەکی بووە: یەک، ئەو زاتە مەزنانە، خەسڵەتەکانی باوکایەتییان وەدەست هێناوە و باوکایەتی بووە بە واقیعێکی بەرجەستەکراو لە خودی ئەوان و فەلسفە و بیروبۆچوون و عەقیدەیان، دووەم، هەموو ئەو کۆمەڵ و کەسانەی ئەوان ڕابەرایەتییان کردوون و تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتنیان تێدا وەدەست هێناوە، لە بارودۆخێکی دەروونی و هزری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی ئەوتۆ دابوون، کە پێویستیان بە (باوک)ێک هەبووە، بێئاگایانە ئەوان وێڵ و سەرگەردان بوون بە دوای ئەو (باوک)ەدا. بە بەیەکگەیشتنی ئەو دوو جەمسەرە، سەرکردە و جەماوەرەکەیان، توانیتیان بگەن بە ئامانج، گەر بە نیوەچڵیش بێت!
با ئێستا پەو پەیوەندییە ڕۆحییەی ی نێوان (باوک و منداڵ / سەرکردە و جەماوەر)، بە شێوەیەکی دیکە خووردبکەینەوە و بپرسین:

بۆچی، دەستە دەستە خوێندکار و دەرچوانی زانکۆکان، هەنە لە کوردستان، بە پۆشینی جلکوبەرگێکی یەکپۆشی سەردەمییانە، لە زیکر و تەهلیلەی دەروێشایەتیدا، ئەلقەدەبەستن و حاڵدەگرن؟ ـ گرتە ڤیدیۆیەکان بەردەستن.
بۆچی گەنجی کوردی تەمەن بیست بەهاری خۆی بە دەریایی ئیجەدا دەدات و دەشزانێ، مەرگ چاوەڕێیەتی لەوێ؟
بۆچی کچێکی هەژدەساڵان، پەنجە دەخاتە سەر پەلاپیتکەی دەمانچەی باوکی و خۆی دەکوژێ؟
بۆچی لەنێو چین و توێژ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی باشووردا، بە نموونە، بێ متمانەیی و داشۆران لە ئینتیما و سەرلێشیواویی، بوونتە سیمای دیار و نائومێدی؟
نموونەکان یەکجار زۆرن… .

لەپاڵ قامتێک هۆ و هۆکاری دیار و نادیار، سەبەبێکی سەرەکی ئەو دیاردە نەخوازراوانە، لە کۆمەڵی کۆردەواریدا، نەبوونی (باوک)ە ـ بەمانا پیرۆز و مەزن و فراوانەکەی.

زانکۆییەکەی لە حەڵقەی زکری دەروێشایەتیدا راوەستاوە، بەدوای باوکێدا دەگەڕێ، کە لێی ونە… ئەو لەو حەڵقەیەدا ئەو باوکە دەدۆزتەوە.
گەنجەکەی نێو دەریای ئیجە، بۆ گەیشتن بە باوکێک خۆی بە خنکان دەدا، کە لێسەندراوەتەوە و لێی زەفتکراوە، کە دادپەروەری و یاسایە… .
خانمە تەمەن گوڵەکە، خۆی دەکوژێ، چونکە باوەشی باوکێک نادۆزێتەوە، ببیتە ڕابەر و پشیوانی… .

ئەگەر، سەرەتای ئینقلابەکەی قاسم بکەینە دەستپێکی، کاری حزبایەتی و هەڵگیرسانی شۆڕش، ئەوا، هەرچی حزبی نەتەوەیی کوردی هەیە، لەو(٦٣) ساڵەدا نەیانتوانی ببن بە (باوک)ی نەتەوە و ڕۆڵی (باوکایەتی) ببینن. ئاکامەکان ئێستا لەبەر چاوانن.

هەرچی پارت و ڕێکخراوی چەپ و چەپگەرایی هەبووە، لەبەر هەر هۆکارێک بوبێ، ئەوانیش، ئەگەرچی لە هێندێ قۆناغدا، خاوەنی گەورەترین جەماوەر بوون، نەیانتوانی بە کردەوە بیسەلمێنن کە (باوکی میللەتن) و باوکانە ڕەفتار دەکەن. هەموو ئەو گروپ و تایفە و تاقمانەی ئایین و درووشمەکانی ئایین و ئایینزایەکانیان کردە، بەرنامە و پڕۆگرامی بزووتنەوە و جولانەوەکانیان، نەیانتوانی، هەرنەبێ ڕۆڵی (باوکی ڕۆحی) هەوادار و لاینگرەکانی خۆشیان بن. جوانترین نموونەش، گۆرەپانەکانی بەهاری عەرەبی بوو لە ناوچەکەدا. لە هەموو ئەوانەش گرنگتر، سیستەمی پەروەردە فێرکردن، لە عیراق و لە باشووریش لەم (٣٠) ساڵەی دوایدا، فەشەلی هێنا، لە داتاشینی پەیکەری (باوک) و نیشاندانی (کەسیتیی باوک) و بەرجەستەکردنی ئەو (باوک)ە لە نێو ڕۆح و هزر و ویژدانی نەوەکاندا.

ڕەنگىی، هەبێ، بڵێ، ئەو نووسەرە، چ تاریکپەرست و کۆلکە کۆنەپەرستێکە، تازە بەتازە، دەیەوێ ڕۆحی ئاغایەتی و کوێخایەتی و شێخایەتیمان بۆ زیندکاتەوە و بمانگەڕێنتەوە سەدە تاریکەکان!
ئەوەی، لێرەدا مەبەستە، هەرگیز، نەتەوە و کۆمەڵ و تاکەکان، ناگەن بە ئامانجەکانیان، ئەگەر (باوکێکی دڵسۆز و ئاقڵمەند و فیداکاریان) نەبێ. مەرج نییە، ئەو باوکە، هەر مەهاتما غاندی و نڵسن ماندێلا و دایە تیرێزا بێ. دەکرێ ئەو باوکە (بیروباوەڕ و عەقیدەیەک) بێ. لەوانەش گرنگتر، دەکرێ ئەو باوکە، (دەستوور و یاسا) بی. ئێستا ئەو (باوک)ە بەهێز و دەسەڵاتدار و بەتوانایەی کە هەر یەک لە وڵاتانی ڕۆژاوا بەڕیوەدەبات و ــ تا ڕادەیەکی باشیش لە ڕابەرایەتی و زامنکردنی ئاسوودەییشدا سەرکەتووە، (دەستوور و یاسا)یە.

دەکرێ(دەستوور)ێک دەسەڵات و هێزی داپەروەریی لە پشتبێ، ڕۆڵی (باوک) ببینێ و داهاتووی نەوەکان لە خۆشگوزەرانی و ژیانی شەرەفمەندانە مسۆگەر بکات. دەرکرێش (ڕابەرێک)ی شیاوی بەتوانا، ئەو ڕۆڵە ببینێ، هەرنەبێ، بۆ گواستنەوە قۆناغیک بۆ قۆناغێکی باشتر و خۆشتر و چاکتر.

بێ (باوکی)یە، وای کردووە، ئیمڕۆ نەک ڕەش و رووت و عەوامەکە، بەلکۆ مامۆستای زانکۆ و وەزیر و گەورەپیاواەکانیش، بچنەوەە ژێر دەواری خێڵ و هۆز و ئاغایەتی و شێخایەتی… .

نە بوونی (باوک) ونبوون و لەدەستدانی (ئایندیە)، نەبوونی خوودە.

فازیل شەوڕۆ ـ دوبلن

Previous
Next
Kurdish