Skip to Content

رەشیدە تڵێب و چەپ و هەڵای ئیسلامیەكان … عەلی مەحمود محەمەد

رەشیدە تڵێب و چەپ و هەڵای ئیسلامیەكان … عەلی مەحمود محەمەد

Closed
by ئاب 12, 2018 General, Opinion

حەلیمە یەعقوب موسڵمانی لەچك لەسەر بە ڕەچەڵەك هیندی كە لە بەرواری 13-9-2017 بووە سەرۆك كۆماری سەنگافورە، یەكێك لە دەرئاساكانی ئابووری جیهانی، زۆرینەی چینی، ورتەیان لێوە نەهات، چونكە خۆیان بە حاكمیەتی ژنان و لە ناویشیدا ژنێكی غەیرە دین، سەرباری ئەوەی بێ هەڵبژاردن پۆستەكەی بەدەست هێنا قایل نابن، كە قایلیش نەبن ئەوا وڵات خەڵتانی خوێن دە كەن، خۆ كەمایەتی چینی و هیندی 3 بەرابەری رێژەی موسڵمانانی سەنگافورەیە لە مالیزیا، وەلێ پیاوەكانیان نەخوازەلا ژنەكانیان ناوێرن بە تەنیشت حوكمڕانیشدا بڕۆن، هەرچەندە هەموو پێشكەوتنەكانی ئەم وڵاتە بەرهەمی دەست رەنگینی چینیەكانە، بۆ ئەندەنوسیاش لە بواری ئابووری و سیاسی هەر راستەو ئەزموونەكە تاقیكراوەتەوە.

لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سێشەمە 7 ی ئاب، دیاردەیەكی دیكەی هاوچەشن رویدایەوە، كە نموونەیەكە لە هەزاران تا ئێستا رویان داوە لە ئەوروپاو ئەمەریكای لاتین و …… لە هەڵبژاردنی بەرایی بازنەی 13 ی مشیگان لە ئەمەریكا، بۆ دیاریكردنی كاندیدی دیموكراتەكان بۆ بازنەی هەڵبژاردن، كە شوێنی نفوزی ئەوانەو كۆمارییەكان ناتوانن تیایدا ركابەری بكەن، بێ سندوقی دەنگدان ئاڵای سپییان بەرز كردۆتەوە، رەشیدە تڵێبی 42 ساڵە لە دایك بووی شاری دیترۆیتی ئەمەریكی بە رەگەز فەڵەستینی، وەلێ كاندیدی پارتی سۆسیالست دیموكراتی ئەمەریكی لەسەر ناوی پارتی دیموكرات ئاراستەی پێشكەو تنخواز كە بیرنەر ساندەرزی بە رەگەز جو سەركردایەتی دەكات هەڵبژێردرا، وەك كاندیدی بەرایی بۆ هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەمەریكا كە بڕیار وایە 6 ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، لەو بازنەیە كۆمارییەكان كاندیدیان نییە، بەمەش چوونی بۆ پەرلەمان مسۆگەرە، ئەوەی شایانی ئاماژەیە لە هەڵبژاردنی بەرایی هەرێمەكەش بیرنەر ساندەرز بەسەر هیلاری كلنتۆندا سەركەوت، وە تەنها 2٪ ی هاووڵاتیانی هەرێمەكە عەرەب زمانن، واتا زەمینەی سەركەوتنەكەی پێشتر بۆ خۆشكراوە، ئەوەی ئەوی گەیاندۆتە ئەو پێگەیە بێ هەڵبژاردن بچێتە كۆنگرێسەوە باڵی سۆسیالستی دیموكراتەكانە، كە سۆسیالستخوازە جووەكە ساندەرز جەماوەریترین سیاسی ئێستای وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات، نەك عەرەب و ئیسلام و فەڵەستینیەكان، هەرچەندە رەشیدە نە یەكەم موسڵمانە و نە یەكەم عەرەبیشە دەچێتە كۆنگرێسەوە پارساڵ ئیلهان عومەری سۆماڵی عەرەب و موسڵمان نوێنەرایەتی بازنەی مینیسۆتای كرد و ئێستاش كیس ئەلیسۆن و ئەندری كارسۆن هەردوك موسڵمان ئەندامی كۆنگرێسن.

ئەو بازنەیەی ئێستا رەشیدە كاندیدێتی لە ساڵی 1965 ەوە جۆن كۆنێرزی دیمكراتی هەڵبژاردووە بۆ كۆنگرێس, وەلێ بەهۆی تۆمەتی لاقەكردنی ژنانەوە, بزووتنەوەی #MeToo هەڵمەتیان دژی ئەنجامدا, بۆیە خۆی كاندید نەكردەوە لەم خولەدا .
لە هەڵبژاردنی سێشەمە 7ی ئۆگستسدا رەشیدە كە ساندەرزو ئەسكەندەریە كۆرتیز بانگەشەیان بۆی دەكرد و نوێنەرایەتی باڵی پێشكەوتنخوازەكانی دەكرد لەناو دیموكراتەكان, توانی 27803 دەنگ لە كۆی 89179 بەشداربووی دیموكراتەكانی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكە بەدەست هێنا, كە دەیكردە 31,2%ی كۆی دەنگەكان, لە بەرامبەردا بریندا جۆنیس سەرۆكی شارەوانی دیترۆیت 30,2%ی دەنگەكان و و بیل وێڵد سەرۆكی شارەوانی وێستلاند 14,1%ی دەنگەكانیان هێنایەوە, لە پاڵ 3 كاندیدی دیكە .

رەشیدە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی هیچ پارەیەكی لە دیموكراتەكان و كۆمپانیاكان وەرنەگرت و توانی 893030 دۆلار كۆمەك لە خەڵك كۆبكاتەوە .
بەمەش لە گەڵ ئەسكەندەریە ئۆكاسیۆ كۆرتیز وەك دوو سۆسیالست و لایەنگری بیرنی ساندەر و ئەندامی پارتی سۆسیالست دیموكرات DSA لە خولی داهاتووی پاش 6ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ ,دەچنە كۆنگرێسی داهاتوەوە, بۆ داكۆكی لە پڕۆژە سیاسیە مەزنەكەی بیرنی ساندەرزی 77 ساڵانە, كە نەك تەنها ئەمەریكا چاوی لە هەنگاوەكانیەتی بگرە پێشبینی گەورەتری لێدەكرێت, ئەگەر تەمەن رێگای پێبدات.

دەرچوونی رەشیدە وەك ئاگر بەردان لە پەرێز بووە سەردێری هەزاران هەواڵ, بەتایبەتی راگەیاندنی عەرەبی و ئیسلامی, چونكە راگەیاندنی بیانی دەرچونی ئۆكاسیۆ كۆرتیزی 28 ساڵانە زیاتر رایانی چەڵەكاند , رەشیدەی چەپگەرا لە پڕ بووە یەكەم موسڵمان, یەكەم عەرەب , یەكەم فەڵەستینی كە دەچێتە كۆنگرێسی ئەمەریكاوە, وەلێ ئەوەی باسیان نەكرد, ئەو پارتەی ئەوی كاندید كردووە كە پارتی سۆسیالست دیموكراتی چەپگەرایە, ئەوكەسایەتیە سیاسییەی پشتیوانی سەركەوتنەكەی بووە كە جووەو ناوی بێرنارد ساندەرزە, تەنانەت لە هەمووشی سەیرو سەمەرەتر ئەوە بوو رێكخراوی كیری سەر بە ئیخوان موسلمین پیرۆزباییان لێكرد, لە كاتێكدا رەشیدە پشتیوانی دەكات لە زەواجی هاوڕەگەزەكان, كاتێكیش رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بە دواداچونیان بۆ ئەكاونتەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كرد, هیچ حەماس و پشتیوانییەكان بۆی لە كێشەی فەڵەستین نەبینی, لە كاتێكدا پارتەكەی لایەنگری سەرسەختی كێشەی فەڵەستینە, ئیتر هەڵاكەیان نازانم بۆ چی بوو؟.

رەشیدە یەكێكە لەو 5 ژنە بە رەچەڵەك موسلمانە و 185 ژنە ئەمەریكیەیە, وەك پەرچە كردار لە هەمبەر سیاسەتی دوژمنكارانەی ترەمپ لە هەمبەر بە ژنان خۆیان كاندید كردووە, دەیانەوێت بە چالاكی سیاسی بەرەو روی ببنەوە, رەشیدە پێشتریش پەرلەمانتاری هەرێمی مشیگان بوو لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2014 دا, بەوە ناسراوە لە هەرێمەكەی خۆی داكۆكی لە هەژاران كردووە, بەشداری لە داكۆكی لەو خاوەند ماڵانە كردووە كە توانای دانی قستی مانگانەیان نەبووەو لە دەركردن پاراستوونی, بەشداری كارای لە هەڵمەتی 15 دۆلار لانی كەمی كرێ بۆ كاژێرێك كاری كردووە.

رەشیدە وەك لە بەرنامەی سۆسیالستە دیموكراتەكان هاتووە كار دەكات بۆ بیمەی تەندروستی گشتی, خوێندنی زانكۆ بە خۆڕایی, قەدەغە كردی چەك, لانی كەمی كرێ 15 دۆلار بۆ كاژێرێك كار , داكۆكی لە ژینگە , داكۆكی لە هاوڕەگەز بازەكان, مافی لەبار بردن بۆ ژنان, داكۆكی لە پەنابەران و …. , ئیتر نازانم شەكراو خواردنەوەی ئیسلامییەكان بۆ كام لەم كارانەیە.دەرهێنەری ناسراوی چەپی جیهانی مایكل مۆر دوای دەرچوونی وەك سۆسیالستێكی دیموكراتی پیرۆز بایی لێكرد.

رەشیدە یەكەم نەبوو بیرنارد ساندەرز لە دایك بووی 8-9-1941 برۆكلین لە نیویۆرك, بە ڕەچەڵەك جو, لێ ئیماندار نییە,نوێنەری فێرمۆنتە لە ئەنجومەنی پیران و یەكەم سۆسیالستخوازیشە لە ئەنجومەنەكە, ركابەری سەرەكی هیلاری كلنتۆن بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری و كاندید بوونی پارتی دیموكرات.
ناوبراو جگە لە رەشیدە هاوكات پشتیوانی عەبدالڕەحمان سەیدی میسریشی كرد بۆ نوینەرایەتی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی حاكمی هەرێمی میتشگان, وەلێ ناوبراو لە هەڵبژاردنەكە دۆڕا” 27% بە 33%”, بەهۆی پەیوەندی بە ئیخوان و لایەنە ئیسلامیەكانەوە, واتا پەیوەندی بە لایەنە ئیسلامییەكانەوە خاڵی لاوازە لە هەڵبژاردنەكان, نەك هێز بێت وەك ئیسلامییەكان هەڵایان ناوەتەوە.

هەرچەندە سەید وەك هاوڕێكانی لە نیویۆرك و فۆرمێنت سۆسیالستخواز نییە وەلێ بەرنامەی هەڵبژاردنەكەی سۆسیالستێكی رادیكاڵە, باوەڕی بە بەخششی كۆمپانیاكان نییە و پشتیوانی لە بیمەی تەندروستی بۆ هەموان دەكات …. .پێشتریش شاریس دیفیدز بە رچەڵەك هندی لە شاری كاسناسی پارێزگار دەرچوو, هەرچەندە ساندەرز و ئۆكاسیۆ كۆرتیز پشتیوانی جیمس تۆمبسۆن و راشدە تلیبیان كرد لە میشیگان, وەلێ جیمس دەرنەچوو, لە بەرامبەر باڵەكانی دیكەی ناو دیموكراتەكان, نەبووە كاندیدی باڵی پێشكەوتنخوازی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی 6ی نۆڤەمبەر.

ئۆكاسیۆ كۆرتیز موعجیزەكەیە ئەلەكسەندەریا ئۆكاسیۆ كۆرتیز لە دایك بووی 13ی ئۆكتۆبەری 1989,ئەندامی پارتی سۆسیالست دیموكرات و كاندیدی براوەی تەوژمی پێشكەوتنخوازی دیموكرات لە حوزەیران لە ولایەتی نیویۆرك.
ئۆكاسیۆ كۆرتیز لە هەڵبژاردنی بەرایی دیموكراتەكانی نیوۆرك بە هێنانی 57,13% لە جو كراولی بردەوە , كە بۆ 10 خول پۆستەكەی بە دەستەوە بوو, بەدوای ئەمە گۆڤاری تایم نوسی گەورەترین پشێوی لە هەڵبژاردنی 2018ەدا, نیۆرك تایمزیش نوسی دۆڕانی یەكەمی جەرگبڕە , گاردیانیش نووسی گەورەرەترین موفاجەئەی مێژوی سیاسی نوێی ئەمەریكایە, دوای ئەو بردنەوەیە گەڕان بە دوای وشەی سۆسیالیزم لە ئەمەریكا 1500% چووە سەر, هەر ئەو رۆژە 1000 گەنج داوای ئەندامەتیان لە پارتەكەی كرد , رۆژەكانی دواتریش شەپۆڵی ئەندامگیری بەردەوام بوو, ساندەرز وتی : سەلماندمان دەكرێت سیاسەتی پیشكەوتنخوازی پیادە بكرێت, چومسكیش وتی : روداوێكی ئاوازەی گەورە بوو, ئەگەر سەركەوتوو بێت لە 6ی نۆڤەمبەر ئەوا ئۆكاسیۆ كۆرتیز دەبێتە بچوكترین ژنی پەرلەمانتار لە ئەمەریكا.

حیزبی DSA چی دەوێت و چی دەكات؟

حیزبێكی دژ بە سەرمایەداری ژینگە پارێزی سۆسیالستخوازی دژ بە رەگەزپەرستی دژ بە ئیمپریالییە, لە ساڵی 1982 دامەزراوە , تا ساڵی 2002 تەنها 8000 ئەندامی هەبوو, ئێستا خاوەند 48000 ئەندامە,كە ترەمپ دەرچوو لە 8ی نۆڤەمبەری 2016 خاوەند 30000 ئەندام بوو, تا كۆتایی ساڵی 2017 بووە خاوەند 32000 ئەندام, بە هاتنی ترامپ گەنجان بە كۆمەڵ پەیوەست بوون پێوەی , ناوەندی تەمەن تیایدا لە ئێستادا 33 ساڵە , كە لە ساڵی 2013 ەدا 68ساڵ بوو, لە دوای دەرچوونی ئەلەكسەندراوە دەرگای بە ئەندام بوون جەنجاڵ بوو, یەكێكە لە 25 پارت و رێكخراوی ناسراوی چەپ لە ئەمەریكا كار دەكات بۆ سۆسیالیزم , لە كاری پراتیكدا باوەڕی بەوەیە پشتیوانی باڵی چەپ بكات لەناو پارتی دیموكرات, پشتیوانی ژنان و كەمایەتییەكان و هاووڵاتیانی رەسەن دەكەن بۆ ئەوەی ببنە كاندید لە ریزی باڵی پێشكەوتنخوازی دیموكرات, هەنگاوی یەكەمی كار ی دژ بە كۆمپانیاكان بێت, لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو پشتیوانی ئال گۆرو ئۆباما و بیرنی ساندەرزی كردووە .

ئەم پارتە كار دەكات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنە جیا جیاكانی نۆڤەمبەری ئەمساڵ , 100 پۆست بباتەوە, هەرچەندە وەك سەرۆك وەزیرانی 2 خولی پێشوی بەریتانیا هاروڵد ویلسون” 1916-1995 ” وتەنی هەفتەیەك ماوەیەكی دوورە بۆ ساسەت نەك 3 مانگ, وەلێ مانگ سەر لە ئێوارەش دیاردەبێت شەو وەزعی چۆنە بێت.
پارتی سۆسیالستی دیموكرات باوەڕی بە سەركەوتنی سۆسیالیزم و كۆمپانیای هەرەوەزی كرێكاری و موڵكداری گشتی هەیە, هاوكات پەندو وانە لە لایەنی باشە حوكمڕانی ئێستای جیهان وەردەگرێت وەك دەوڵەتی خۆشگوزەرانی سوئیدی, بیمەی تەندروستی كەنەدی, سستەمی پەروەردە منداڵان لە فەرەنسا, بەرنامەی نەهێشتنی نەخوێندەواری نیكاراگوا , تا رادەیەك یەكسانی ئابوری وڵاتانی ئەسكەندەنافیا…

چەپ و كاندیدكردنی پەنابەرانلە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا, بەهۆی هەڵوێستی عەدالەتخوازانەی پارتە چەپەكان و پشتیوانیان لە پەنابەران و نەبوونی جیاكاری لە ریزەكانیان , خەڵكانێك لە ناوەڕۆكدا پارێزگار و ناسیۆنالست و كۆنە پارێز دزە دەكەنە ریزەكیانیانەوە بۆ وەرگرتنی پۆست و دەرچوون لە هەڵبژاردنەكان, كەسانێك لە وڵاتەكان خۆیان دژ بە بەها سۆسیالستییەكانن, وەلێ هەلپەرستانە بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست دەچنە ریزی چەپەكانەوە, لەم نمونەیە سەدان كورد هەیە, كە زۆرینەیان لە رێگای پارتە چەپەكانەوە چونەتە پەرلەمانەكانەوە, وەلێ لە سیاسەتی ناوخۆی كوردستاندا دژ بە بەها چەپیەكانن, زۆرینەیان كردارو رەفتاریان كۆنەپەرستانەو سەرمایەداریانەیە, بونەتە نەخۆشی كوشندە بۆ بیری چەپ و ئامانجەكانی.

Previous
Next
Kurdish