گه‌ڕان به‌دوای بوونێكی ڕه‌سه‌ن … غه‌مگین بۆڵی
كتێبی شیعری (ڕۆژه‌كانم به ڕیمۆت كۆنتڕۆڵ ده‌گۆڕم)ی گۆران ڕه‌سول به نموونه:
ده‌ستپێكی پێویست:
ئه‌گه‌ر شیعر بریتی بێت له ڕووداوێك، ئه‌وه به‌بێ هیچ گریمانه‌یه‌ك ڕووداوێكی دانسقه‌یه له‌ناو زماندا ڕوو ده‌دات، بۆیه ته‌نیا كاری دانسقه‌یش ڕووداوێكی ڕه‌سه‌نه. ڕهسهنبوونیش له كرده‌ی ئه‌ده‌بیاتدا دوو ڕه‌گی قووڵی هه‌یه، ئه‌وه‌ی هه‌م په‌یوه‌سته به هه‌بوونێكی داهێنه‌رانه‌وه، هه‌میش هه‌بوونێكی ڕووت و دوور له ئایدیای پێشوه‌خته. داهێنان له هه‌ر ژانه‌رێكی ئه‌ده‌بیدا په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵی هه‌یه به كرده‌ی یاخیگهرییهوه، ده‌شێت وه‌ك دوو په‌یڤی هاوواتا و ته‌واوكاری یه‌كتری له كرده‌ی نووسینی نه‌مردا درێژه به هه‌بوونی یه‌كتری بده‌ن. ” داهێنان پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام و ڕاستی ناسه. گۆڕانكاری هه‌ڵنابژێرێت. لێره‌دا داهێنان له نه‌بوونی شاعیربوونه‌وه بۆ شاعیربوون”. (1) بوونه‌وه بۆ بوون پێناسه‌ی داهێنانی به‌سه‌ردا نابڕێ. كه‌سێك جارێك ده‌بێ به شاعیر، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه شاعیر بێت پرۆژه‌ی بوون به شاعیر هه‌ڵنابژێرێت. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌و ئایدیا پێشوه‌خته‌یه درێژبۆته‌وه هه‌تا ناو كایه‌ی ڕه‌خنه‌وه و ڕه‌خنه‌گران به ئایدیایه‌كی پێشوه‌خته ده‌قی به‌رده‌ست هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.
نووسین وه‌ك چۆن پرۆسه‌یه‌كی سه‌خته، ئه‌وه‌نده‌یش پرۆسه‌یه‌كی ئه‌خلاقییه. ئه‌خلاق له كرده‌ی ئه‌ده‌بیاتدا ڕۆڵی ته‌رازوو له ناوه‌وه‌ماندا ده‌بینێت، زۆرجارانیش له ڕێگه‌ی هاوسه‌نگی ئه‌م ته‌رازووه‌وه د‌رك به بوونێكی ڕه‌سه‌نیش ده‌كه‌ین. ڕینه ماریا ڕیلكه جوانی نووسیوه: ” تاڕاده‌یه‌ك هه‌موو شتێكی جددی سه‌خته، هه‌موو شتێكیش جددییه.” بۆیه نووسین پرۆسه‌یه‌كی هه‌م جددییه و هه‌میش سه‌خته. ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ڕینه ماریا ڕیلكهوه بڕوانین نووسین پرۆسه‌یه‌كی جددی سه‌خته، وه‌لێ سه‌خترین لقی ناو ئه‌م پرۆسه‌یه نووسینی شیعره. له ناو دونیای ڕۆشنبیریی و كولتووریی كوردیدا هه‌بوونی شیعر ئاسانتر دێته به‌رچاوان، كه ئه‌وه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنیادی كولتوور و كه‌له‌پووری كوردی كه زیاتر بنیادێكی شیعری هه‌یه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی خێرا به مێژووی فه‌رهه‌نگی كوردیدا بكه‌ین، ده‌بینین زۆربه‌ی نووسیاران له ڕێگه‌ی شیعره‌وه ده‌ستیان به نووسین كردووه و دواتر خزاونه‌ته ناو لقه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بیاته‌وه. لێره‌دا پرسیارگه‌لێك دروست ده‌بن، ئایا له ناو لقه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بیاتدا هونه‌ری شیعرنووسین هونه‌رێكی ئاسانه؟ ئایا بۆچی ده‌گوترێت كوردی هه‌مووی شاعیره؟ ئایا ئه‌م گوته‌یه له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و ئایا هه‌ر به‌ڕاست كورد هه‌مووی شاعیره؟ ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن شاعیرن؟ دیاره ئه‌م پرسیارانه و چه‌ندان پرسیاری دیكه‌یش پێویستیان به توێژینه‌وه‌ی قووڵ و درێژ و مه‌یدانیش هه‌یه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته بینووسین، نووسینه له باره‌ی هه‌بوونی فه‌رهه‌نگی كوردییه‌وه كه فه‌رهه‌نگێكی شیعرییه. چۆن ئه‌م فه‌رهه‌نگه شیعرییه هه‌ر له‌گه‌ڵ له دایكبوونمان و له‌ناو لانكه‌وه گوێبیستی شیعر ده‌بین، ئه‌م فه‌رهه‌نگه به‌درێژایی ته‌مه‌نمان له‌گه‌ڵمان دێت و تا ئه‌وكاته‌ی كه ده‌شمرین له‌سه‌ر كێلی قهبرهكانمان ڕسته‌ی شیعری هه‌ن.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕهههندانهیشدا شیعر زۆرترین ژانه‌ره‌كانی ئه‌ده‌بیات له خۆیدا كۆ ده‌كاته‌وه، چۆن شیعر ڕووداوێكه له ناو زماندا ڕووده‌دات، نه‌وه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی زمان. ئه‌م ڕووداوه پێویستی به چڕكردنه‌وه‌ی زمانه و زمانی شیعر چڕ ده‌كرێـته‌وه، چۆن زمانی ئاسایی توانای به‌رهه‌مهێنانی ڕووداوێكی دانسقه‌ی نییه. له‌م ڕووداوه‌دا زمان وه‌ك هه‌بوونێكی بزۆز و سڕك ده‌رده‌كه‌وێت و مه‌دلووله‌كانی شیعرییه‌ت خه‌ست و قووڵتر ده‌كاته‌وه. بۆیه ڕووداوی دانسقه له زمانی شیعردا مه‌دلول ده‌خاته ناو فه‌زایه‌كی خودگه‌رایی بێسنووره‌وه و ده‌یهێنێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و فه‌زا ساختانه و ئه‌و فه‌زا ڕووكارییانهی كه هه‌ن. ئه‌وه‌یش وای كردووه كه هه‌بوونی ئه‌و فه‌زا تایبه‌تیانه‌ی ناو شیعر نه‌وه له دوای نه‌وه درێژ ببنه‌وه و هه‌ر یه‌كه‌یان له زه‌مه‌ن و ڕۆژگاری خۆیدا مانیڤێستی هه‌بوونی خۆی بكات.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر شیعری شاعیرانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی كوردی بكه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی كه شاعیران ئاگامه‌ندانه سوودیان له سروشت بینیوه. سروشتی كوردستانیش كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر شاعیران دروست كردووه. ئه‌م درێژبوونه‌وه‌یه له قۆناغه‌كانی داهاتوودا جیاوازی به‌خۆیه‌وه بینیوه، چۆن شاعیر كوڕی ڕۆژگاری خۆیه‌تی و هه‌ر شیعره‌و مۆڕكی زه‌مه‌نی خۆی پێوه دیاره. له‌دوای نه‌وه‌ته‌كانه‌وه فه‌زایه‌كی دیكه‌ی شیعری دروست بوو، ئه‌م فه‌زا شیعرییه دووركه‌وته‌وه له هه‌بوونی سروشت و كه‌مترین دالی شیعرییه‌تیان له سروشت وه‌رده‌گرت. ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت له‌باره‌یه‌وه هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی ڕاڤهگهرایی بكه‌ین و له‌باره‌یه‌وه بنووسین، ئه‌زموونی شیعری شاعیرێكی ئه‌م نه‌وه‌یه، كه (گۆران ڕه‌سول)ی شاعیری نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینه. كتێبه شیعری (ڕۆژه‌كانم به‌ڕیمۆت كۆنتڕۆڵ ده‌گۆڕم)، دووه‌م ئه‌زموونی شاعیره. با بزانین ئه‌زموونی شیعری گۆران ڕه‌سول ده‌كه‌وێته كوێی شیعری كوردییه‌وه؟ ئایا گۆران ڕه‌سول چی كردووه بۆ ئێستای شیعری كوردی؟
ناوهڕۆك:
شاعیر ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی گوزارشت له‌په‌یوه‌ندی خودی خۆی به‌و قۆناغه‌ی ژیانه‌وه بكات، شاعیرێََكی زیندوو نییه. شاعیری زیندوو له چه‌قی خۆیدا ده‌ژیت و هه‌بوونی خۆی وه‌ك شاعیر به‌م ژیانه‌وه به شیعر مانیڤێست ده‌كاته‌وه، وه‌لێ مانیڤێستێك دوور له بابه‌تی ڕووتی ڕۆژگارانه. چۆن ڕۆژگاری زه‌مه‌ن به‌سه‌ر ده‌چێت، ته‌نیا ڕۆژگاری شاعیر كه په‌نجه‌مۆری شیعره و له په‌راوێزی زه‌مه‌نی خۆی ده‌دات و ده‌مێنێته‌وه. شاعیر له‌م كۆمه‌ڵه شیعره‌دا وه‌ك بوونێكی بزۆز و مرۆڤێكی یاخی به‌یان ده‌كات، كه هه‌م ده‌یه‌وێت وه‌ك بوونێكی بزۆز ده‌سته‌مۆی ناو ڕووكاره‌كانی ڕۆژگار نه‌بێت و له‌ناویشدا بژیت، هه‌میش وه‌ك مرۆڤێكی یاخی به‌دوای بوونێكی ڕه‌سه‌ندا بگه‌ڕێت و بیدۆزێته‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی هایدگه‌ر ئاماژه‌ی بۆ بوونی ڕه‌سه‌ن كردووه، وه‌لێ ئه‌م بوونه‌ی شاعیر به‌دوای وێڵه و ده‌گه‌ڕێت له ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌یه و ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی رووداوی زمانه‌وه بگات به‌م بوونه ڕه‌سه‌نه (1). كه‌وایه ئه‌م به‌دواگه‌ڕانه‌ی شاعیر له رێگه‌ی زمانه‌وه، به‌ر گوته‌یه‌كی دیكه‌ی هایدگه‌ر ده‌كه‌وێت و ده‌چێته‌وه ناو هه‌مان گوزارشتیشهوه: ” زمان ماڵی بوونه”. وه‌لێ بوونێك به‌هۆكارگه‌لی جیاوازیشه‌وه عه‌وداڵه بۆ خه‌یاڵكردنی زمان، زمانێك به مانیڤێستێكی یاخیگهرانهوه. بوونێك هۆگری هزری زمانه، ئاخر ئه‌وه هه‌ر هێزی زمانه ده‌بێته وزه‌ی بوون به‌م كه‌ونه‌وه. وزه‌ی بوونیش له‌لای شاعیر درێژ ده‌بێته‌وه بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنی خۆی وه‌ك مرۆڤێكی یاخی به دونیای ئه‌لیكترۆنی و ته‌كنه‌لۆژیاوه. له‌م نێوانه‌دا شاعیر وه‌ك مرۆڤێك یاخی ده‌بێت و له ڕێگه‌ی هێزی زمانه‌وه بوونی خۆی دووباره و دووباره مانیڤێست ده‌كاته‌وه و ده‌نووسێت:
” له نێوان ئه‌م بوون و نهبوونانهدا
ئێستا برینه‌كانم ئهلیكترۆنین
ڕۆژانه به خوێنی ناو وایه‌ره‌كان
بارگاویییان ده‌كه‌مه‌وه”. (2)
یه‌كێكه له سیما گه‌شه‌كانی ئه‌م نه‌وه‌یه دووركه‌وتنه‌وه‌یه له شاعیرانی به‌ر له خۆیان و پشتكردنه سروشته، وه‌لێ ئه‌وه‌ی گۆران ڕه‌سول له‌وانه‌ی دیكه جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌م شاعیره له‌بڕی ئه‌وه‌ی شیعری دژه‌سروشت بنووسێت و ڕووبكاته كه‌رسته‌كانی ناو ژیان و سه‌رده‌م، ئه‌و شیعری دژهئامێر و ئاسن ده‌نووسێت. چۆن دونیای شاشهگهورهكان، دونیایه‌كی ڕووكه‌شانه‌ی بێ ڕۆحه و بوون له ڕه‌سه‌نبوونی خۆی دوور ده‌خاته‌وه، هه‌ر كاتێكیش بوون له ڕه‌سه‌نبوونی خۆی دووركه‌وته‌وه مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئێستێتیكا و مۆڕاڵ و ئایدیا زۆر ده‌بێت و گه‌نده‌ڵی هزری و كه‌لێنی قووڵی ئه‌خلاقی ته‌شه‌نه ده‌كات. دونیایه‌كی ڕازاوه له ڕووكار و وێرانه له ناوهڕۆك به‌رهه‌م دێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا به‌شێكی زۆری كۆمهڵگهكهكان به‌م سیسته‌مه بازاڕگهرییهدا تێده‌په‌ڕن. شاعیر له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م دونیایه مه‌جازی و ماسكبازییهدا هیچ به‌هایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی جوان بۆ بوون نابینێت و ناچار له ڕێگه‌ی ڕووداوی زمانه‌وه بۆ بوونی ڕه‌سه‌ن ده‌گه‌ڕێت و ده‌نووسێت:
“له بڕی موزیك
گوێمان به وژه‌ی ئۆتۆمبێل خه‌ساوه
له جیاتی ته‌پۆلكه و گردی درهختڕهنگ
چاومان به شاشه‌ی چه‌قیوی ڕێكلامه ساخته‌كان ڕاهاتووه.(3)
كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی شاعیر له ناو شیعره‌كانیدایه و شیعر وه‌ك په‌نجه‌مۆری زه‌مه‌نی شاعیره. وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی نیتچه له‌ناو نامهكانیدایه، نه‌وه‌ك له بابه‌ته فه‌لسه‌فییه‌كانیدا. ئاخر نیتچه له نامه‌كانیدا ته‌واو كه‌سێكی راسته‌قینه و دوور له میزاج بوو. بۆیه‌ش نیتچه هه‌میشه له هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و سنوورانه بوو كه ڕۆژگار و زه‌مه‌ن بۆی دروست كردبوون. ئه‌وه‌ته شاعیریش كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه په‌یوه‌ستكردووه به دۆزینه‌وه‌ی بوونێكی ڕه‌سه‌نه‌وه، كه پێی وایه شاره‌كان سه‌ره‌تای ونبوونی بوونی ڕه‌سه‌نن. چۆن له شاردا هیچ شتێك سیمای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی نامێنێت، شار واته ڕازاندنه‌وه و كوشتنی به‌های جوانی و دووركه‌وتنه‌وه له مرۆڤی پاك. بۆیه شاعیر ئه‌مجاره وه‌ك مرۆڤێكی شارنشین یاخیبوونی خۆی مانیڤێست ده‌كاته‌وه و بێزاری خۆی ده‌رده‌بڕێت له شیعری (شار) دا و له باره‌ی دووكه‌ڵ و باڵه‌خانه به‌رزه‌كان و كارگه و شه‌قامی پڕ ئۆتۆمبێل و شۆستهجهنجاڵهكان…هتد. ده‌په‌یڤێت.
“له شاردا
ته‌نیایی په‌یژه‌ی دۆزینه‌وه‌ی خود نییه
ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ش
نهخاڵی سه‌ره‌تا، نه خاڵی كۆتایی!
هه‌موو شوێنێك جه‌نجاڵییه
بۆن و هه‌ناسه و شێوه جۆربه‌جۆره‌كان
سهركاس ده‌كه‌ن.(4)
ته‌كنه‌لۆژیا چۆن هاتۆته ناو ژیان و ورده‌كاریی ڕۆژانه‌مانه‌وه، ئه‌واش بۆته به‌شێك له هه‌بوون و به‌شێكی زۆری ئێمه‌ی داگیر كردووه. شاریش وه‌ك شاعیر ئاماژه‌ی بۆی كردووه جه‌نجاڵ و خنكێنه‌ره. لێره‌دا به‌ر ئه‌و گوته‌یه ده‌كه‌وین كه نووسیارانی شار زووتر ده‌رده‌كه‌ون، وه‌لێ ده‌ركه‌وته‌كانیان ده‌ركه‌وته‌یه‌كی قووڵ نین. به پێچه‌وانه‌شه‌وه نووسیارانی گوندنشین دره‌نگتر ده‌رده‌كه‌ون و دهركهوتهكانیشیان قووڵن و مانه‌وه‌شیان درێژخانهیه. بۆیه ده‌رككردن به‌م حاڵه‌تانه شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه گوند و له شیعری (گونده‌كه‌مان) دا (5) به‌دوای ئه‌و بوونه ڕاسته‌قینه‌یه ده‌گه‌ڕێت و له‌وێدا به‌ر ناشیرینییه‌كانی جه‌نگ و ئاسه‌واری ساخته‌كاری و سیسته‌می گه‌نده‌ڵكاری ده‌كه‌وێت. له وێدا شاعیر به‌ر تهقینهیهكی دیكه‌ی زمانی شیعر ده‌كه‌وێت و بێ‌ئومێد ده‌بێت له‌و وێنه و خه‌یاڵه‌ی كه بۆ هه‌بوونی گوند هه‌یه‌تی. بۆیه شاعیر دووباره ده‌ست ده‌كاته‌وه به گه‌ڕان و گه‌یشتنه به ڕووداوێكی دیكه بۆ ته‌قینه‌وه‌ی زمان له‌ناویدا.
ده‌رئه‌نجام و دوو سه‌رنج:
له دوای كتێبه شیعری (ناته‌با له‌گه‌ڵ خۆم، كۆك له‌گه‌ڵ ناكۆكیدا)-(6). ئه‌مه دووه‌م ئه‌زموونی شاعیره كه ده‌یخوێنمه‌وه. ئه‌م كۆمه‌ڵه شیعره ئه‌گه‌ر له ئاستی ئێستای شیعری كوردیشدا وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ی نه‌كردبێت، ئه‌وا له ئاستی ئه‌زموونی خۆیدا وه‌رچه‌رخان و تێپه‌ڕینی كردووه. ئه‌وه‌یش بۆ هه‌ر شاعیرێك گرنگه كه ئه‌زموون و له‌دوای ئه‌زموون داهێنان بكات و ئه‌زموونی پێشووی تێبپه‌ڕێنێت. چۆن ئه‌زموونی داهێنان ته‌واو كرده‌یه‌كه ده‌چێته‌وه ناو گه‌ڕان و دۆزینه‌وه و دووباره گه‌ڕان به‌دوای خودگه‌راییه‌وه. زۆرجارانیش كرده‌ی هه‌ڵوه‌دابوونه به‌دوای په‌ی پێ بردن و په‌ی بردنیش فره‌دیوه. ئه‌مه له به‌رچاوی خه‌یاڵمان جیاوازه و له ئاستی جیهانبینیمانه‌وه چێژ و لێدانهوهیهكی هێرمێنیۆتیكانه بۆ ده‌قی به‌رده‌ست ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رنج ده‌مێنێته‌وه، دووخاڵه:
یه‌كه‌میان: وه‌ك ده‌بینین له ئێستای هونه‌ری شیعردا گرنگییه‌كی زۆر به ته‌كنیكی شیعر ده‌درێت و شاعیران به ته‌كنیكی جۆراوجۆر شیعر ده‌نووسن، وه‌لێ گۆران ڕه‌سول كه‌متر به‌لای ته‌كینكی شیعردا چووه و ئه‌وه‌ی وه‌ك ته‌كنیكیش له‌م كتێبه شیعرییه‌دا هه‌یه، ته‌كنیكی تازه‌نین.
خاڵی دووه‌میان: شاعیر له‌م كتێبه شیعرییه‌دا ئه‌وه‌نده له هه‌وڵی شیعرییه‌تی شیعره‌كاندا بووه، ئه‌وه‌نده گرنگی به ئێستێتیكای گه‌مه‌كردن به په‌یڤه‌كان نه‌دواوه و كه‌متر به‌لای گرێچنینی وشه‌كانه‌وه چووه، به‌ڵكوو گرنگی به وێنه‌ی شیعری و گه‌یاندنی په‌یامی شیعرییه‌ت داوه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا شاعیر به‌م كتێبه شیعرییه توانیویه‌تی هه‌بوونی خۆی وه‌ك شاعیرێكی نه‌وه‌ی نوێ مانیڤێست بكات و له رێگه‌ی شیعره‌وه ڕه‌هه‌ندێكی دیكه بكاته‌وه بۆ گه‌ڕان و گه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ی بوونێكی ڕه‌سه‌ن.
——————————————–
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
1- بوون و داهێنان – فه‌لسه‌فی – د. محه‌مه‌د كه‌مال – له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م – زنجیره (272) چاپی یه‌كه‌م 2004. لاپه‌ڕه 126.
2- ڕۆژه‌كانم به ڕیمۆت كۆنتڕۆڵ ده‌گۆڕم- شیعر – گۆران ڕه‌سول – چاپی یه‌كه‌م 2017. لاپه‌ڕه 112.
3- بڕوانه هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو- لاپه‌ڕه 17
4- بڕوانه هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو- لاپه‌ڕه 16
5- بڕوانه هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو- لاپه‌ڕه 89
6- بۆ زانیاری زیاتر و په‌ی بردن به‌م هه‌قیقه‌ته، خوێنه‌ر ده‌توانێت هه‌ردووك كتێبی (ناته‌با له‌گه‌ڵ خۆم، كۆك له‌گه‌ڵ ناكۆكیدا) و (ڕۆژه‌كانم به ڕیمۆت كۆنتڕۆڵ ده‌گۆڕم) بیانخوێنێته‌وه و به‌راوردیان بكات.