Skip to Content

مامۆستا و فێرخواز.. ئاراس سەعید

مامۆستا و فێرخواز.. ئاراس سەعید

Closed
by نیسان 12, 2024 General, Opinion


“مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
فرێدریک نیتشە


بەبۆچوونی من بەشێکی سەرەکی ئەو قەیرانانەی لە کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فیکری و ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا هەن، ڕیشەکەی لە هەناوی سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدایە. بەتاییبەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکوو کۆمەڵگەی کوردی کە سایکۆلۆجاییەکی بندەستەی هەیە، ئەوکێشە گەورەیەی لە سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئۆرگانی بە دنیا بینیی و سیستەمی فیکری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کولتووری کۆمەڵگەی ئێمەوە هەیە. سیستەمی پەروەردەی کوردی سەر بە تەرزینی کولتووری ئایینی و پارتریایکییە و لەهەناوی ئەو سیستەمەشدا پەیکەربەندی و پایەکانی خۆی داڕشتووەتەوە. کولتوورێکە پێی وایە، حەقیقەتی ڕەها و موقەدەسی پێیە و دژی تەفسیر و ڕەخنە و کرانەوە و نوێگەرییە، هەر وەکوو چۆن تابۆی ئایین هەموو تەفسیر و ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەیەکی ئەحکام و توراسی ئایینەکەیە، ئا بەوجۆرەش سیستەمی پەروەردە دژی هەموو ڕوانین و تەفسیر و ڕەخنەیەکە لە تێکست و پڕۆگرامەکانی.
لە کولتووری ئایینیدا ڕاڤەکردن و تەفیسرکردن تەنها مافێکە بۆ مەلا و مامۆستایانی ئایینی ڕێگەپێدراوە و هەموو بۆچوون و تەفسیرێکی دیکە، بۆ ئەحکامەکانی ئایینەکە لەلایەن باوەڕدارانەوە گوناه و تاوانێکی موقەدەسە. بەوجۆرەش لە سیستەمی پەروەردەدا مامۆستا و وانەبێژەکانی خاوەنی شەرعییەتی ئەکادیمین و حەقیقەتی ڕەهایان پێییە و مافی ڕاڤەکردن و تەفسیرکردنی تێکست تەنها مافێکە بۆ ئەوان ڕێگەپێدراوە و ڕەخنەگرتن و تەفسیر و ڕاڤەکردن و ڕوانین لە گۆشەنیگای دیکەوە بۆ تێکست و پەرتووک و مەلزەمەکان تاوانێکی موقەدەسە. لێرەوە ئیشی هەرە گەورەی سیستەمی پەروەردە و فێرکاری ئێمە پوچەڵکردنەوەی هەر ئایدیایەکە، لە دەرەوەی مەعریفەی خۆی بنواڕێتە کۆی ئەو کێشە گەورانەی لە سیستەمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دینی ئێمەدا هەن. سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکوو ماشێنێکی ترسناک کاردەکات تا کۆبیر و گۆشەنیگای ڕوانینی فێرخواز لە درزێکی بچوکدا قەتیس بکات، بۆئەوەی درز و شەبەقە گەورەکانی سیستەم پەردەپۆش بکات.
لەناو سیستەمی فێرکاری ئێمەدا، پەیوەندی مامۆستا و قوتابی لەچوارچێوەی پەیوەندییەکی قووڵی دەسەڵات دایە، هاوشێوەی پەیوەندی (ئاغا و کۆیلە) وەکوو ئەوەی هیگڵ ئاماژەی بۆ کردووە؛ “بوونی ئاغا بەنده دانپێدانانی ئەویدیکەی کۆیلەوە.” لە سیستەمی پەروەدەی ئیمەشدا مەرجی بوونی ئاغایەتی مامۆستا بەندە بە دانپێدانانی ئەویدیکەوە وەکوو سمیبول و باوکی مەعریفە. ئەمەش پەیوەندی بەو سیستەمە باوکسالارییەوە هەیە، کە سیستەمی پەروەرده پایەکانی خۆی تێدا داڕشتووەتەوە. (بەختیار عەلی) لە کتێبی (خوێنەری کوشندە)دا خوودی ئەو کێشەکە دەگەڕێنتەوە بۆ ئەوەی “کە قوودسییەتی مامۆستا یەکسان کراوەتەوە بە قوودسییەتی مەعریفەوە.” مامۆستا باوکی ئایدیاڵ و باوکی زانین و باوکی مەعریفەیە و ئەویدیکەی گەورەیە کە دەبێت کوڕنووش و سوژدەی بۆ بەرین. ڕیشەی ئەم پەیوەندییەش لە هەناوی ئەو کولتوورە ئاینییە باوکسالارە ترسناکەوە دێت کەدەڵێت: گۆشتی بۆ من و ئێسیکی بۆتۆ. یان (من علمنی حرفا صرت لە عبدا) کە ڕیشەیەکی ئایینی هەیە و فەنتازییایەکی ئۆدیبییە بۆ کوورتکردنەوەی وێنەی جیهان بۆ وێنەی باوکی باش و باوکی خراپ، باوکی خەسێنەر و باوکی داڵدەدەر، مامۆستای باش و مامۆستای خراپ، مامۆستایی خەسێنەر و مامۆستای میهرەبان.
دامەزراوەی پەروەدەکارانە ئاماژەیە بۆ ئەو شوێنە ماددیی و ڕەمزیانەی کە تێدا دەسەڵات نواندن و مومارەسەدەکرێت بۆ ملکەچکردن و ڕامکردن و دەستەمۆکردنی سوبێکت. سیستەمی ڕەمزی سیستەمی ئەویدیکەی گەورەیە، کە جێگرەوەی شتە ڕاستەقینەکانە بە ئەلتەرناتیڤەکان. یان وەکوو ئەوەی (ژیل دۆڵۆز و فلێکس گوتاری) لە کتێبی (ئەنتی ئۆدیب) کایەی زانیارییەکان بە بەشێک لە “پێکهاتی فالووسی کولتووری باڵادەست پێناسەدەکەن.” هەروەها فەیلەسووفی فەڕەنسی (ژاک ڕانسییەر) سیستەمی پەروەردەکارانە وەکوو نەزمێک پێناسەدەکات، کەتێدا دەسەڵاتی ئەوانەی دەزانن بەسەر ئەوانەدا کەنازانن مومارەسە دەکات. ڕانسییەر لە کتێبی (مامۆستای نەزان Le maître ingnorant) دا ئوستووڕەی سیستەمی پێداگۆجی بەوە تەعریف کردووه، کە سیستەمێکە لەسەر بنەمایی دابەشکاری بۆ دوانەیەک درێژە بەبوونی خۆی دەدات، دوانەی زانا و دانا، تەوەزەل و زیرەک. بەدیدی ڕانسییەر هیچ مرۆڤێک لە بنەمادا تەوەزل نییە. ئەو بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی (مسیۆ ژاکۆتۆ) تێزەکەی خۆی دادەڕژێت و دەنووسێت:( لە ئەنجامی گشت فێربوونە هزرییە جۆراوجۆرەکاندا، ئەوەی گشت منداڵێکی مرۆڤ بەیەکسانی باشتر لە هەر شتێک فێری دەبێت، ئەو فێربوونەیە کە هیچ مامۆستایەک ناتوانێت بۆی ڕوونبکاتەوە، ئەویش فێربوونی زمانی دایکییە.) لێرەوە ڕانسییەر وتە بەناوبانگەکەی ژاکۆتۆ دەڵێتەوە: “هیچ زانینێک لە کەللە سەرێکەوە ناگوازرێتەوە بۆ کەللەسەرێکی دیکە.” بەو مانایەی مامۆستای نەزان لە ڕاستیدا هیچ شتێکی نیە بیبەخشێت بەویدیکە. بەدەربڕینە فۆکۆییەکە کایەی پەروەدەکارانە و مەعریفە لە بنەمادا، کایەی دەسەڵات و پەیوەندییەکانییەتی.
مامۆستا سەر بەکایەی زانین و مەعریفە نیە، بەڵکو سەر بەکایەی دەسەڵات و حکوومەت و ئایدۆلۆژیا و حیزبە. لە بنەمادا مامۆستا ناوێک نیە بۆ ئەو کائینەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەدە سەپاندوویەتی و سەرقاڵی خەساندنی تواناکانی ئەقڵمانە، بەڵکو ئەو کائینەیە لەڕێگە تاریکەکاندا وێڵی بینین و دۆزینەوەین. وەکوو ئەوەی (جۆن هێنری نیومان) لە کتێبە گرنگەکەیدا (ئایدیای زانکۆ) دا دەڵێت: “پەروەردە بوار ڕەخساندنە بۆ عەقڵ ڕیسککردن، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی مامۆستا لە ڕێگەی کتێبە مەزنەکانەوە.” بۆ دەستنیشانکردن و ناسینی شوناسی ڕاستەقینەی (فێرخواز و مامۆستا) پێویستە بگەڕێنەوە بۆ گوتارەکەی (بەختیار عەلی) سەبارەت بە (ئارەزووی فێربوون لەنێوان دۆڵۆز و لاکان) دا، بەدیدی (بەختیار عەلی) “خوێندکاربوون دۆخێکی وجوودییە، هەر بوونەوەرێک بیەوێت لە خۆیی و ئەوانیدیکە تێبگات خوێندکارە.”
ئەو لەو گۆشەنیگایەوە ناڕوانێتە خوێندکار کە تەنها لە ڕوانگەی پەیوەندیەکانی دەسەڵاتەوە لە قوتابی دەڕوانێت، ئەو ڕوانییەی تەنیا بوونە کۆمەڵایەتیی و کارەکتەرە بچوک و شوناسە کۆمەڵایەتییە تەسک و ڕاستەکەی لەبەرچاو دەگرێت و مانایی قوتابی کورتدەکاتەوە بۆ مانا مەکتەبی و زانکۆییەکەی و تەنیا لە بازنەی هاوکێشەی دەسەڵاتدا قوتابی دەبینێتەوە و لە چوارچێوەیەکدا تێدا قوتابی لایەنە لاواز و گوێگرەکەیە و مامۆستاش لایەنە بەهێز و قسەکەرەکەیە. ئەو بۆچوونە سونەتییەی بۆ دۆخی قوتابی کە لەمنداڵییەوە لە ڕووحی خۆماندا هەڵمانگرتووە:”قوتابی باش ئەو قوتابییە کە بێدەنگ و گوێڕایەڵی مامۆستایە.”
بەدیدی بەختیار عەلی: ” قوتابی بوون، ئەو هەستە وجوودییەیە کە دەتوانین پرسیار لەتاریکی بکەین، تارکییەکی ناکۆتا.” دەکرێت پرسیارکردن لە تاریکی بەوە مانا بکەین پرسیارکردنە لەوەی کە نایزانین. ئەو تاریکیەی پێ دەڵێن:” کایەی نادیار.” وەکوو نەستی (ئەرنست بلۆخ) (ئەوەی هێشتا پێی هۆشیار نین.) بلۆخ نەست بەسەر زەمینی ئەو بابەتانە دەزانێت کە پێی هۆشیار نین.
جیاوازی مامۆستا و فێرخوازیش لەوەدا دەردەکەوێت، کە قوتابی ئەو کەسەیە کە دەزانێت سنووری بچوکی زانینی زۆر بچوکترە لە سنووری گەورە و بێکۆتای زانین. بەپێچەوانەوە مامۆستا هەمیشە پێی وایە دەزانێت، نەزانی خۆی لە ژێر ناسناو و کڵێشەی سادەی مەعریفیدا دەشارێتەوە و لەیەک گۆشەنیگای ڕوانیندا چەقی بەستووە و مردووە. مردن بەو مانایەی نیگارکێشی بەناوبانگ (ئادگار دیگاس) لە شوێنێکدا دەریدەبڕێت:(زۆر بەختەوەرم ستایلی خۆم نەدۆزیوەتەوە، گەر ستایلی خۆم بدۆزیبایەتەوە له وەڕەزیدا دەمردم.)
دەکرێت جیاوازی نێوان مامۆستا و قوتابی ئەوەبێت، کە مامۆستا لەیەک ستایل و مۆدێلی مەعریفەدا گیری خواردووە، بەڵام خوێندکار ئەو کەسەیە کە تەنها یەک ڕێگە و یەک ڕوانینی نیە، بەڵکو هەرجارە و ڕێگەیەک تاقی دەکاتەوە. یان وەکوو ئەوەی بەختیار عەلی دەڵێت: (دەزانێت هێشتا تێنەگەشتووە، ئەم هێشتایە ئەبەدییە و شتێک نیە لای مامۆستایەک و حەکیمێک و فەیلەسووفێک بگیرسێتەوە بەڵکو لە مەرگدا ڕادەوەستێت بێ ئەوەی گەیشتێبێتە وێستەگەیەکی کۆتایی. قوتابی ئەو کەسەیە کە قوتابخانەی نیە، قوتابی لە قوتابخانەدا ناگاتە مەقامی قوتابی بوون بەڵکو ئەو کاتە پێی دەگات لەناو کتێبخانەیەکدا بمرێت، بمرێت و هێشتا ئەو کتێبەی نەدۆزیبێتەوە کە بۆی دەگەڕێت. مەقامی قوتابی لە مەقامی مامۆستا گەورەترە، مامۆستا لە جێگایەکی بچووکی مەعریفەدا گیر دەخوات، زانیارییەک دەگەیەنێت، بەڵام هەمیشە قوتابی شتێکی زۆرتری دەوێت لەوەی مامۆستا دەتوانێت بی بەخشێت، مامۆستابوون هەمیشە ڕۆڵێکی کاتییە، قوتابی دەتوانێت بۆ هەتا هەتایە و لە هەموو جێگایەکدا قوتابی بێت، بەڵام مامۆستا ناتوانێت هەمیشە قوتابی بێت.) کەم تازۆر (بەختیار عەلی) ئەم بۆچوونەی لە هزری نیتشە وەرگرتووە کاتێک دەڵێت: “مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
بەدیدی نیتشە پێویستە مرۆڤەکان خاوەنی مۆدێل و تێڕوانینی خۆیان بن بۆ ژیان، نەک لە پنتێکی ڕوانیندا چەق ببەستن. (زەرادەشت شاگردەکانی بەجێدەهێڵێت، خۆت لەمن دووربخەرەوە، دووربە لێم. من ڕێگەی خۆم هەیە و تۆش ڕێگەی خۆت هەیە، باشترین و تەواوترین ڕێگا بوونی نییە، تەنها ڕێگایەک بوونی نیە. هەموو ڕێگایەک بەشێکە لە ڕێگایەکی ناکۆتا) بەمانەیەکی دیکە، هەموو ئایدیایەک بەشێکە لە زنجیرەیەکی ناکۆتایی لە ئایدیا، یان وەکوو ئەوەی لاکان بە (زنجیری دالەکان) گوازرشتی لێ دەکات، (بۆ ئەوەی لەیەک تێبگەین، پێویستیمان بە دوو هەیە).
من ناوی (فێرخواز) بۆ (قوتابی) بەکاردەهێنم، فێرخواز کەسێکە کە خوازیار و (ئارەزوو)ی فێربوونە. چەمکی ئارەزوو لای لاکان جۆرێکە لە نوقستانی ئارەزووی ئەوشتەیە کە نیمانە. تێنوێتییە بۆ پڕکردنەوەی نوقستانییەک، لەزەت ساتی چێژ بینینیە لەو نوقستانییە. بەختیار عەلی بەکۆمەکی لاکان چەمکی (سوبێکتی نوقستان) وەکو ناوێک بۆ سوبێکتی قوتابی بەکاردەهێنت. سوبێکتی قوتابی ناوێکی دیکەیە بۆ سوبێکتی کەرت و چاڵ چاڵ و نوقستانی خۆمان، قوتابی ناوی سوبێکتە هەمیشە نوقستانەکەمانە کە لەکایەی فێربووندا بۆ ئارەزووە مەحاڵەکەی خۆی دەگەڕێت، ئارەزووی هەمیشەیی و تێرنەبووی فێربوون.
فێرخواز ناوێکە بۆ ئەو کائینەی نوقستانەی هەرگیز لەکایەی زانیدا تێرنابێت. وەکوو قەلەڕەشەکەی (ئیدگار ئالان پۆ) کە پێمان دەڵێت( نا نا هەرگیز) هەرگیز تاریکی و ناخمان تەواو نابێت. هەرگیز منێکی ساف و بێگرێ و بێپرسیار و بێدوودڵی بوونی نیە، خوود یان نیە یان بوونێکی هەلا هەلایە.

Previous
Next
Kurdish