ئەیوب ناگەڕێتەوە.. فەرەیدوون سامان
ئەمشەو ئیدریس شەیداهۆی شاعیر، گۆڕەکەی هەڵتەکاند و هاتە خەونم و ئەو شیعرەی بۆ خوێندمەوە:
خۆزی گوڵە کێویلەیەک دەبووم
لەو بنار شاخانە
بۆن و بەرامەم بەو تڕۆپکە سەرکەشانە پەرت دەبۆوە..
لە ناو قەدی ئەو تاشە بەردانەش
هێلانەی ئەو بێچووە کەوانە دەبووم
کە زایەڵەی بەقبەقەیان ئاسمانی بێسنووری دەتەنیەوە…
پردێک دەبووم بۆ پەڕینەوەی
ئەو کارمامزانەی
سەر رێی ئەو چەمە سەرخۆشە
کە بە خەیاڵی دیداری عاشقەکانیان شاد دەبوون ..
مخابن بۆ تۆ
لەو بەهەشتەت دەركردم
بەر نەفرینی سەرزەوی کەوتم
ئەو سەرزەوینە خۆڵەمێشەی
کە نەوە دوای نەوە
بە رۆڵە دڕندەکانت
ئاوەدان كردەوە
ئەگەرچی لە داوێنی تۆدا
سەدان پێغمبەر هاتنەدەر،
لەسەر سێوێكیش ڕۆڵەی خۆت وەدەرنا ..
نەوە چڕنووک بە خوێنەکانت
بە ناوی کتێبی پیرۆزی تۆوە
شمشێر و نێزەیان دایە دەستی یاوەرەكانیان
هەرچی بە دوای بانگەوازەكەت نەچوو،
بۆی نەچەمایەوە
کەللەسەری پەلدان..
پەریزادەكانی كردن بە كەنیزە و
ماڵی تۆی پڕكرد لە جەنگاوەرە دڕندەکان..
لە پێدەشە تێنووەکانی گەرمیانەوە
تا چیا سەرکەشەكانی کوێستان
لە هەڵەبجەی لەخاچدراو
تا مەتینا و ئاڤاشین…
بۆنی سێوەكەی تۆ بوو
گوڵەگەنمەکانی مەست کردن
بەناوی پیرۆزی تۆوە
عاشقانی خۆرەتاوی
رەوانەی بیابانی مەرگ کردین…
تۆ لە کوێ بووی
کاتێک لەبەردەم گۆڕەپانی چوارچرادا
منداڵەکانی تۆیان لە خاچ دەدا
لە کوێ بووی
کاتێ لەبەردەم دەرێی چیادا
رۆڵەکانتیان
لەژێر زنجیری زرێپۆشەکان
دەپلیشاندەوە..
کاتێ زەیتوونەکانی عەفرینیان
شەهید دەکرد
سەرێ کانییان وشک دەکردەوە
تۆ لە کوێ بووی؟!
هەر نەهاتی
کتێبە سوتاوەکەی ناو میحرابت
ناو مینارە روخاوەكانت هەڵگرییەوە
نە دایە حەوا
نە بابە ئادەمیش
چوونەوە بەردەمی تۆ
تا پێت بڵێن
خودایە گیان
تۆ لەسەر سێوێك ئێمەت
لەو بەهەشتە سەرگەردان كرد..
ئێستا بۆنی سێوەکەی تۆیە
رۆڵەکانت دەخنکێنێ
مینارەکانت
بە دەنگی سەركەوتنی سوپای قەعقاق و
قشوونی گورگەبۆرەکانی مەغۆل
دەگاتە عەرشی ئاسمان..
دەنگی ئازارەکانی تۆ
بە بەرچاوی هەموو دنیا
دیسان بێچووە کەوەکانی كوێستان و گەرمیان
ژەهراوی دەکات
چەم و کانیلەکان
کوێر دەکاتەوە..
وەرە کتێبەکەت ببەوە
بیدەوە بەو یارانەی لە بەهەشتدا
بە خەیاڵی گەیشتن بە حۆرییەکانت
گیانیان بەخشی…
ئیدی
چاوەڕێ مەبە
جارێکی تر ئەیوب بگەڕێتەوە
بانگی رزگاریت بۆ بدا
ئەیوبەکەی تۆ
هەموو رۆژێ
لە گۆڕەپانی چوارچرادا هەڵدەواسرێت
ئەیوبەکەی تۆ
رۆژ نییە
لە کانی عاشقانی هەڵەبجەدا
قوڕگی پڕنەکەن لە خەردەل و سیانید..
ئەیوبەکەی تۆ
رۆژانە لە شنگال
لە خاچ دەدرێت..