Skip to Content

تاوانی شاشە: باجی ناوبانگی خێرا.. سارا ئازاد محمد

تاوانی شاشە: باجی ناوبانگی خێرا.. سارا ئازاد محمد

Be First!
by ئەیلوول 21, 2026 General, Opinion
image_print


لە جیهانی مۆدێرن و لەناو ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە تەکنەلۆژیا بەسەر ژیانی مرۆڤدا هێناوییەتی، کۆمەڵگە لە قۆناغی پیشەسازییەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەوەی زانایانی کۆمەڵناسی ناویان لێناوە «کۆمەڵگەی مۆدێرنیتە». لەم کۆمەڵگە نوێیەدا، شێوازی پەیوەندییەکان، ڕێساکان ،دابونەریت و بەهاکان گۆڕانکاریی ڕیشەییان بەخۆوە بینیوە. یەکێک لە دیارترین سیماکانی ئەم سەردەمە، سەرهەڵدانی دیاردەی «بازاڕی سەرنج» (Attention Economy)ـە؛ بازاڕێک کە تێیدا “سەرنج” بووەتە گرانبەهاترین و قازانجەدارترین کاڵا، و پێگەی تاک لەسەر شاشەی مۆبایلەکان بە ژمارەی لایک، ڤیو و شوێنکەوتووەکان دەپێورێت. لێرەوە پرسیارێکی قووڵی کۆمەڵناسی سەرهەڵدەدات: ئایا ئارەزووی بەدەستهێنانی ناوبانگی خێرا تا چەند تاک بەرەو پێشێلکاریی یاسایی و سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە “تاوانی سەر شاشە” دەبات؟
لە بۆشایی جیهانی مەجازیدا، مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی ناسنامەیەکی مەجازی و خەیاڵی بۆ خۆی دروست بکات کە زۆر دوورە لە ژیانی ڕاستەقینەی. لەم دۆخەدا، سۆشیۆلۆجیای بەکاربردن ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە؛ چونکە تاک نەک تەنها کاڵا دەکڕێت، بەڵکو تەنانەت کەرامەتی کەسانی تریش، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی ، نهێنییەکان ، هاککردن و دزینی زانیاری ، چوونە ناو ئەکاونت (فەیسبووک، ئینستاگرام، واتسئەپ) یان کۆمپیوتەری کەسانی تر بەبێ مۆڵەت، و ڕەوشتی گشتی دەکاتە کەرەستە و کاڵایەک بۆ بازرگانیکردن پێوەی لە پێناوی بەدەستهێنانی بەناوبانگبووندا یان هەندێک جار بۆ پارە. کاتێک بەهای مرۆڤ بەستراوەوە بە ژمارەی جەماوەرەوە، کێبڕکێیەکی ترسناک بۆ ڕاکێشانی سەرنج دروست دەبێت کە تێیدا بەها ، ڕەوشت و یاسا پشتگوێ دەخرێن.
ئەم حەزە بۆ بەناوبانگبوون، ڕێگەخۆشکەرە بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی (Cyberbullying) و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نەگونجاو. بڕیاردان بۆ سووکایەتیکردن و شکاندنی کەسانی تر، دروستکردنی هەستی ڕق و کینە، یان پێشێلکردنی یاسا کەسییەکان، لەمڕۆدا زۆر جار دەبینین تەنها بۆ تۆڵەسەندنەوە یان کینەی کەسی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی هەڵبژێردراوە بۆ «ترێندبوون». کارلێکی جەماوەر لە ڕێگەی کۆمێنت و هاوبەشکردنەوە هاندەرێکی گەورەیە، چونکە جەماوەر بە ناهۆشیارانە و بێئاگایی خۆی بەشداری لە ئاساییکردنەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم جۆرە تاوانە ئەلیکترۆنییانەدا دەکات.
دەرئەنجامی ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە زۆر قورسە. کاتێک خەڵک دەبینن سووکایەتیکردن و بێئابڕۆیی دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوون و ناوبانگی خێرا، بەهای کارکردن، زەحمەتکێشی ، ماندوبوون بۆ کاتێکی زۆر و ڕەوشتی بەرز لە کۆمەڵگەدا لاواز دەبن و جۆرێک لە داڕمانی بەهای کۆمەڵایەتی روو دەدات. لە لایەکی ترەوە، گوشاری دەروونیی قوربانیانی ئەم تاوانە سەر شاشەییانە زیانێکی گەورە بە ئارامی و تەندروستیی دەروونیی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.
لە کۆتاییدا، تاوانی سەر شاشە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی یان تاکەکەسی نییە، بەڵکو برینێکی نوێی کۆمەڵایەتییە و ڕەگ و ریشەی لە قەیرانی بەهاکانی کۆمەڵگەی مۆدێرنیتەدا هەیە. بۆ چارەسەرکردن و سنووردانان بۆ ئەم دیاردەیە، پێویستە لە هەموو لایەکەوە هۆشیاریی بەرفراوان بڵاو بکرێتەوە، یاسای توندتر بۆ پاراستنی ئاسایشی تاکەکان لە جیهانی مەجازیدا پەیڕەو بکرێت، و لە هەمووی گرنگتر، تێڕوانینی کۆمەڵگە بگۆڕێت بۆ ڕەتکردنەوەی ناوەڕۆکی پووچ، و پێشوازیکردن لە بەها ڕاستەقینەکان، نەک لەوانەی کە تەنها لەپێناوی لایک و ڤیودا یاسا و ئاکار پێشێل دەکەن.

سارا ئازاد محمد
ماستەر لە كۆمەڵناسی تاوان

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply