
نەهەنگی جەنگ … جەلال عەبدوڵا سالح
پاپۆڕ هەنگاو دەنێت
شەو ئەستێرە دەژمێرێت
شەپۆل کەفی مردوی ئاو ڕادەماڵێت
من لەقاتی یەکەمی پاپۆڕەکە
تەنیایی نیشتمانمە
بیر لە مەرگی لقێ گیاو
تەنایی مانگ دەکەمەوە
بۆنی شەرابی پیر دەکەم
لای گۆشەی چەپی دیواری شووشەی چینی
نێرگەلەی ئەفغانی
چاوەڕێی پیاوێکی ئەمەریکی دەکات
دووکەڵی چێشتخانەی مەغریبی
دەڵێی ڕاوی دەنێن
ڕادەکا بەدوای درزی پەنجەرەیەکی شکاودا
پیرە مێردێکی ئەفریقی
گۆچانی تەمەن ڕادەژەنێت
ژنێکی سۆمالی
كڵاوێکی ڕووسی لەسەردایە
سەیری بازدانی ماسی یە خوێناویەکان دەکات
من بەدوای تەنیایی خۆم دا دەگەڕێم
کەس نابینم
دەڵیی مرۆڤەکان لە ڕەگەزی من نین
خەڵکی وان لە شایی بەختەوەریدا
هەموو مەستن
بە کۆمەڵ دەڕشێنەوە
بەسەر بەرکۆشی بیرەوەری ژیاندا
بەپەلە هەنگاو دەنێم بۆ قاتی دووەمی پاپۆڕ
لە ناو حەوزی ژوور سەری ئاسمانی شین
تێکەڵاوە ڕەنگی پێستی
گەنم ڕەنگ و
ڕەش و سپی
تەماشا ژیان چەند مەستە بە مەلەی مانەوە
ئافرەتێکی ئێرانی
دەگری بۆ ڕەفتەی با بردوی هەنگاری
شەرابی فەڕەنسی
لەسەر کۆشی مێزێکی ئیتالی دانیشتووە
بیر لە لێوی کچێکی مەکسیکی دەکاتەوە
لاولاوێکی ڕۆمانی
هەڵزناوە بە سنگی پەنجەرەی ڕۆژهەڵاتتدا
بۆنی عەتری مەمک و قژی دەکات
ژیان تامی بادەمی تاڵ دەدا
چاو دەگێڕم جگە لە خۆم کەس نابینم
دەزانم تەنیایی جوانترین نیشتمانی منە
لە پڕ دەنگ دێ
کاپتنی پیر هاوار دەکات
کەوتینە جەنگی نەهەنگەکان
بەرەو ڕۆژئاوای
ئۆقیانووسی خوێناوی ڕێگا دەبڕین
مەرگ لە دەرگای ژیانمان دەدا
پاپۆڕ تەکاندەدا
خەڵکی ئارامیان دەشڵەقێت
باڵندەی ژوور سەری پاپۆڕی بریندار
باڵ لێک دەنێ بۆ باوەشی نووری هەتاو
بێباك لە مەرگی مرۆڤی لەناکاو
من هیچم نییە بیدۆڕێنم
هیچ لە دەست نادەم
ئاسمانی تەنییایم ڕەنگی ئاو دەگرێت
چارەکی بوێت بۆ مەرگ
دەبم بە خۆراکی جوانترین نەهەنگ
……
جەلال عەبدوڵا سالح