Skip to Content

لە پەڕاوێزی ململانێی ژیان و مەرگەوە … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

لە پەڕاوێزی ململانێی ژیان و مەرگەوە … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 7, 2020 General, Opinion

-1-

ئەزموونی نەخۆشخانە

کێ لە ئێمە هەیە نەچووبێتە ئەو جێگەیەی پێی دەوترێت نەخۆشخانە؟ گرنگ ئەوەیە کێ لە ئێمە دیقەتی ئەوەی داوە، ئەو شوێنە جێگەی زۆرانبازییەکی گەورەیە لە نێوان هەردوو پاڵەوانە مەزنەکە “ژیان و مردن”؟!. کە بە داخەوە زۆر جار ئەنجامی ئەو زۆرانە بە شکستی ژیان کۆتایی دێت و رۆژانە چەندان کەڕەت ژیان لەو گۆڕەپانە بە دۆڕاویی سەردەنێتەوە. ئەگەرچی چەندان جاری تر میدالیای سەرکەوتن لە گەردن دەکات.
هەمیشە لە کاتی چوونم بۆ نەخۆشخانە بیر لەو ململانێ سەختە دەکەمەوە لە نێوان ئەو دوو هێزەدا لەوەتی وجودی زیندەوەران هەیە لە ئارادایە لە کێشمەکێشی یەکتردان. من وای نابینم مردن درێژکراوەی ژیان بێت، هەمیشە مردن کەوتۆتە دەرەوەی ژیان، بەڵام لە گەمەی مەرگ و ژیندا، یارییەکە بە دۆڕاندنی جاویدانیی ئەو هێزە کۆتایی دێت هەمووان خۆشیان دەوێت ئەویش وەک وتم ژیانە. وابزانم کەسمان گوومانمان لەوە نییە لە کۆتاییدا مردن گرەوەکە دەباتەوە؟ لە زانینی ئەم فاکتە گرنگتر، ئەمەیە: مادام وایە بۆچی بیر لەوە نەکەینەوە چێژ لەو ژیانە وەربگرین کە تاکە سەرمایەمانە لە بووندا؟.
فرۆید هەموو کات جەختی دەکردەوە ژیان بەهایەکی بەرزی نییە، بەڵام تاکە سەرمایەشمانە لە وجوددا.
مادام ئێمە مەحکومین بە یەک جار ژیان، دەبێت بیر لە کوالێتی ژیانمان بکەینەوە و هەوڵ بدەین پانتاییەکەی بۆ ژیانکردن نەک هەر تەنێ هەناسەدان کەڵک لێ وەربگرین، بەو نۆرمە تێفکرینە مامەڵە بکەین ئەگەرچی ژیان لە خۆیدا سەرمایەیەکی زۆر بەنرخیش نەبێت، تاکە شتە سروشت پێی بەخشیوین، ئەو چەند ساڵەی لەناو شانۆی ژیاندا ئەکتەرین زۆرترین چێژی لێوەربگرین.
مارکس ئاسا پرسیاری ئەوەی بۆچی دەژین بگۆڕین بۆ ئەو پرسیارە جددییەی چۆن دەژین؟ لە روانگەی منەوە ئەمە کرۆکی هەموو پرسەکەیە.
لە نەخۆشخانە کاتێک لەسەر ئەو قەرەوێڵە رەقە دەکەویت، جەستەت جگە لە ئازار هیچ تەزوویەکی تری پێدا نایەت، لەشت جگە لە بێهێزیی و داهێزران هیچ شتێکی تر ناگرێتە خۆی.

هەمیشە بیر لەوە دەکەیتەوە هەلێکی تری ژیانت دەستبکەوێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە تا ممارەسەی خۆشییەکانی بکەیت. لە سۆنگەی ئەوەی ئەو کاتانەی لە نەخۆشخانە بەسەری دەبەین، نە بەشێک لە ژیان، نە مردنە، بەڵکو راوەستانێکی سەیرە لەو نێوانەدا.
لەگەڵ ئەوەش مرۆڤ بێ ویژدانانە سەرقاڵی لەناوبردنی خۆشییەکانی ژیانە! نازانم بۆچی وا دەکات؟ بۆچی دەبێت خۆشیی خۆمان لەسەر حیسابی وێرانکردنی گەردوون و فرمێسکی مرۆڤانی دیکە رۆبنێین؟. مرۆڤ تاکە گیاندارە ژینگە پیس دەکات و سروشت وێران دەکات، مرۆڤ مرۆڤی تر برسی و ئاوارە دەکات.
مرۆڤ چەکی کۆکوژ دروست دەکات!. مرۆڤ مرۆڤی تر لە پێناوی خۆپەرستی خۆیدا لەناو دەبات. مرۆڤ مرۆڤی تر دەکاتە کۆیلە. لە نەخۆشخانەوە بەدەر لەم وردبوونەوەیە، فیکر دەکەمەوە فرسەتێکی ترم هەبێت بە فۆرمێکی باڵاتر چێژ لە ژیان وەربگرم، زۆرجاریش بیر لە دڕندەیی مرۆڤی ئەم زەمەنە دەکەمەوە، دەستم دەخەمە ژێر چەناگەم و داڵغە دەمبات، رەنگم هەڵدەپڕوسکێ، ئارەقی بۆن ناخۆش دەرئەدەم.
پزیشکەکان تێبینیم دەکەن وا دەزانن لە مردن دەترسم، لەوە حاڵی نین ژیانی هاوچەرخ و کۆیلایەتی سەردەمی لیبرالیزمی نوێ تۆقاندوومی.
نەخۆشخانە تاکە شوێنە تێیدا بە زەقی هەست بە کێشمەکێشی ژیان و مردن بکەم، هەمیشە وەک لایەنگرێکی سەرسەختی ژیان بە تامەزرۆییەوە سەیر ئەو جەنگە بێ دووکەڵە دەکەم. کاتێک نەخۆشێک بە کەیف خۆشیی نەخۆشخانە جێدەهێڵێت چەپڵە بۆ سەرکەوتنی ژیان لێ دەدەم، بەڵام هەر کات پێچەوانەکەی دەبینم لەبەر خۆمەوە دەڵێم هەموو جارێ گۆزە بە ساغی لە کانی نایەتەوە.
وا دەهزرێم هەموو کات بیرکردنەوە لە ژیان وا دەکات وادەی مەرگی مرۆڤ دواتر بکەوێت. هەر کات رێمان کەوتە نەخۆشخانە بە هەر هۆکارێک بێت کەمێک بە وردی وەک ئەوەی لە میدیتاشیۆندا بین، کەمێک لەو ململانێیە رابمێنین، سەیری ئەو ژیانە بکەین کە هەموو جەنگە دژی مەرگ، رەنگبێ وانەیەکی ئاکاریی و مرۆڤدۆستیمان بداتێ بەقەدەر رقمان لە مەرگ، ژیانی خۆمان و مرۆڤانی دیکەمان خۆشبوێت. کەواتە با ئەوەندەی لە ژیاندا رۆڵ دەگێڕین وەک زیندوویەک رۆحمان لە خڵتەی مەرگدۆستی پاک بکەینەوە، هەوڵی ئەوە بدەین بۆشاییە تاڵەکانی بوونمان بە ئیرۆسیزم پڕ بکەینەوە، گرەنتی دەکەم ئەوسا مەرگ لە بەخیلیدا جەڵدە لێیدەدا. دەی هاوڕێیان وەرن بە هەستی ژیاندۆستی مەرگ بکوژین. ئەم قەتڵە جوانە ئەنجام بدەین.

-2-

چیرۆکەکەم لەگەڵ نەخۆشی سەرەتان

هیچ کات بیرم لەوە نەدەکردەوە لە سییەکانی تەمەندا تووشی نەخۆشییەک دەبم سەرلەبەر ژیان و بیرکردنەوەم لەگەڵیدا دەگۆڕێت. پێموابوو ئەم ژیانە بە گوڵ و رووداوە خۆشەکانییەوە چاوەڕوانمە. ئێوارەیەکی باراناویی زستان بوو، دروست ئێوارەی 12-2-2012 لە ناکاو هەموو شتەکان گۆڕان. هەرچەند ئەو هەواڵەی پێمدرا کە تووشی ترسناکترین جۆری سەرەتان بووم، نەیلەرزاندم. ئێشی هەر ئەوەندە هەبوو وەک ئەوەی دەرزییەک بکەیت بە کێوێکدا. ئەزموونی نەخۆشی سەیرە. هەندێک وا تێگەیشتوون نەخۆشی مرۆڤ لاوازتر دەکات، لای من ئەمە تەواو پێچەوانەوەیە و نەخۆشی مرۆڤ فێری خۆڕاگریی دەکات. بیرم دەکردەوە نەخۆشی درێژخایەن ژیان تاڵ دەکات، ئێستا دەزانم دەکرێت بە نەخۆشی درێژخایانیشەوە ژیان هەر هەنگوین بێت. ئەوە خۆمانین بڕیار لەسەر شێوەی ژیانمان دەدەین.

لای من مردن وەهێمکە مرۆڤ دروستی کردووە و خۆی پێ تۆقاندووە، ئەگەرنا جیاوازیی نێوان ژیان و مردن شتێکی ئەوتۆ نییە، مرۆڤ لە مردندا تەنیا دیوە فیزیکییەکەی ون دەبێت، تەنانەت ئەو خانە زیندووانە هەر دەمێننەوە و شێوەیان دەگۆڕێت. ئەمەش مانای ئەوەیە مەرگ تەنها گۆڕانکارییەکی فیزیاییە و هیچی تر. باوەڕم بە خودایەک هەیە هەریەک لە ئێمەش خۆمان بەشێکین لێی، تۆ دەتوانیت لە رێگەی ئەو خودایەوە کە خۆت بەشێکیت لەو خۆت زیندوو بهێڵیتەوە. جارێک هاوڕێیەکم وتی سروشت خۆی خودایە!! ئەمن ئەودەم لە قووڵایی ئەو دەربڕینە تێنەگەیشتم، بەڵام هەنووکە دەزانم ئەو هێزەی لەناو گەردووندایە نەک لە پشتی گەردوونەوە خودایە، ئێمەش هەریەک بەشێوەی خۆمان جەستەی ئەو خودایە پێکدەهێنین. واتە خودا هێزێکی میتافیزیکیی نییە بەڵکو ئەو وزە چاکەیە لە ناو سروشت و لەناو خودی خۆماندایە. کەواتە ئەو سروشتە ئیلاهییەی مرۆڤ مومکین نییە بمرێت.

پێموانییە سەرەتان هێندە مەترسیدار بێت. کێ بیری لە جەنگەکان کردۆتەوە چەند مەترسیدارترن؟. کێ بیری لە هەژاریی کردۆتەوە چەندە سامناکە؟. تۆقین لە شێرپەنجە تراومایەکی ساختەیە و هیچ کات لە جێگەی خۆیدا نییە. من وەک خۆم نەشتەرگەرییم کردووە، هەردوو چارەسەری کیمیایی و رادیۆلۆجیم وەرگرتووە و بەردەوامیشم لەسەریان. بەڵام لەسەروو هەموو ئەمانەوە دەرمانێکی گرنگتر هەیە، ئەویش بڕوابوونە بە مانەوە لە رێگەی ئەو ویستەی بۆ ژیان هەتە.

ئەوە سێهەم جارە کات بۆ مردنم دادەنرێت، کەچی ئەوە منم بڕیار نادەم بمرم! زانستی پزیشکیم تووشی ئیحراجی کردووە. مردن ئەو کاتەیە تۆ بڕیار بدەیت بمریت. لەوانەشە زۆرجار هەناسەدان بە تەنیا مانای زیندووبوون نەگەیەنێت. ئەوەی من کردوومە لەگەڵ کەنسەر، شتێکی سەیرە، خودی سەرەتانم تووشی سەرەتان کردووە، چوونکە ئەو چەند شاڵاو بهێنێت بۆ من، ئەز بە چەکی ژیاندۆستی و عیشق سەر دڵی داخ دەکەم. خۆشەویستی دەرمانی راستەقینەی شێرپەنجەیە. خۆشەویستی ئەو هێزەیە دوای مردنە فیزیکییەکەش هەر بە زیندوویی دەتهێڵێتەوە.

رەنگە خەڵکانێک هەبن پێیان سەیر بێت دوای یەک دوو رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی یان پاش چەند کاتژمێرێک لە رادیۆ تێراپی، بە “شیکی” خۆم دەگۆڕم و دەچمە رێستۆرانت و وێنەی سێڵفی خۆم بە زەردەخەنەوە دەگرم!، یان شیعر دەنووسم و کار دەکەم لە بواری هۆبییەکانی خۆمدا، دەخوێنمەوە و دەنووسم، بەڵام ئەگەر تۆ بڕیارت دابێت سەرەتان بکوژیت نەک ئەو تۆ بکوژێت، دەبێت ئەوە بکەیت من دەیکەم. وەنەبێ کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسمەوە هیچ ئازار و ژانێکم نەبێت، بەڵام هەموو ئەو ژانانە لەناو ئەم نووسینەدا دەمرن، لەگەڵ تایپکردنی هەر وشەیەکدا جۆرێک لە هەڵوەرینی ئازارەکانم هەست پێدەکەم. دەرزییەکی کیمیایی رەنگە بتوانێت سەدان هەزار گەردیلەی سەرەتانیی لە لەشماندا بکوژێت، بەڵام یەک جار وتنی “خۆشم ئەوێی” بەو کەسەی دڵت هەڵیبژاردووە هێندەی سەد دەرزی کیمیایی کاریگەریی هەیە. نووسینی یەک شیعر لای من لە دەیان دەرزی کیمیایی زیاتر گورز لە خەلایا سەرەتانییەکان دەوەشێنێت. کەواتە ئێوەش وەک من بکەن. عیشق و موزیک و بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ وەک ئاگربەردان لە پووش سەرەتان دەسووتێنێت. تۆش تاقی بکەرەوە پێش ئەوەی سەرەتان ببێتە میوانێکی چارەگران.

-3-

کاتێک بە زۆر هەناسەی ژیان هەڵدەمژم

جیاوازیی زۆر هەیە لە نێوان زیندووبوون و ژیانکردندا، من بەسەر زیندووم بەڵام ژیان ناکەم، دەمەوێت قاچم لە نێو ژیاندا بچەقێنم نەک بە راکردن بە ناویدا تێپەڕم. من ئەو بەهرەیەم هەیە گۆرانی زۆر نەرم بۆ شتی فرە رەق بڵێم، هەڕەمەکانی میسر و گاشە بەردی چیاکانی کوردستان بۆ من هەر هێمای رەقی نین، دەتوانم نەرمی لەواندا بدۆزمەوە و لانیکەم لەگەڵ دیوە نەرمەکەیان بدوێم. هەر کاتێکیش نۆبە هاتە سەر مردنم. نامەوێت مەرگم ببێتە دیاردەیەکی عاتیفی و زەلکاوی فرمێسکی درۆزنانە. نا، دەمەوێت مەرگم ببێتە شۆکێکی رۆشنبیریی، مەگەر خۆم دیاردەیەکی رۆشنبیریی دژەباو و یاخی نیم؟. یاخیبوون ئەوە نییە دڵداریی لەگەڵ هەستی مێگەل و زۆرینە بکەیت، بەڵکو لەوەدایە زۆرینەی بیرنەکەرەوە رەت بکەیتەوە. مەگەر من لە 17ی شوبات و لە سلێمانی وام نەکرد؟. تاکە دەنگی جیاواز و میلۆدیەکی پێچەوانەی ناو ئەو شارە نەبووم؟.
بەڵێ دەمەوێت مردنم ببێتە تاسانێکی رۆشنبیریی و شلەقاندنی گۆمی مەنگی بیرکردنەوە. دەخوازم ویژدانی ئەوانەش بچزێنم هەمیشە سەرقاڵی کێشانی وێنایەکی شەیتانیانەی منن، لێ جاڕی فریشتەبوون لێ نادەم، نەخێر مرۆڤێکی ئاساییم، بەڵام هیچ نەبێت ئەو ئەهریمەن و بوونەوەرە شەڕئەنگێزە نەبووم نەیاران سکێجیان کردووە بۆم و بۆیشیان چووەتە سەر.
دەمەوێت چیرۆکێکی سەیری لە بیرکراوتان بۆ بگێڕمەوە، جان دەمۆ، شاعیری کەلاوەکان بوو، پیاوێکی سوریالی بوو، وەک بۆهێمییەک لە هیچ شوێنێک نەدەسرەوت، یاخیبوون لە خوێن و هزریدا بوو، هەمیشە جڕتی بۆ دەسەڵات و مێگەل لێدەدا، لە شوێنە گشتییەکاندا میزی دەکرد، جنێوی بە هەموو کەس دەدا، گاڵتەی بە هەموو شت دەهات. لە سەدام نەدەترسا، جنێوی سوکی پێ دەدا، بەڵام لە زەواج دەترسا و هەمیشە بە رەبەنی مایەوە!! چەندان وڵات گەڕا لە شتاقیان ئۆقرەی نەگرت، یەک دیوانی لە دوا بەجێما بەناوی “شڕوشیتاڵ”! دیوانێکی سەیر و عەنتیکە، دیوانێکی تا ئەندازەیەک سوریالی. ئەو ئاسوورییەکی کەرکووکی و نەوەی شارستانییەکی دێرین و عەشتار بوو، کەچی سەعلوکیانە ژیا، رووت و رەجاڵانەش مرد. هەرچەند سەیری خۆم دەکەم، شێوەی ژیان و چارەنووسم دەچێتەوە سەر ئەو.

ئاخر ژیانی منیش زنجیرەیەک رووداون. بەرەڵایی و یاخیبوون، سەرخۆشی و مەستی، عەشق و تێکشکان، جگەرەکێشان و خوێندنەوە، سیاسەت و ناڕەزایەتی، نەخۆشی و ناخۆشی. وەلێ هیچ کات ناپاکیم لە خۆم و هیچ کەسی تر نەکردووە، کەچی زۆرترین ئازار دراوم، هەرچەند من کەسم ئازار نەداوەتەوە نەک لەبەرئەوەی نامەوێت بەڵکو ناتوانم ئازاربەخش بم. مرۆڤێکی باش نیم، هەر مرۆڤێک بانگەشەی باشێتی خۆی کرد ترسناکە. پیاوێکی سەرکێش و بزۆزم، زۆرجار وەک شێتێک لەسەر جادەکان میزم کردووە، جڕتم بۆ مامۆستا لێداوە، جارێکیش جڕتم بۆ وەزیرێک لێدا. حەزم لە ئاشوبە، ئاشوبی جوان. پارەم نییە هەمیشە ئەو پارەیەی دەستم کەوتووە نەچۆتە گیرفانم هەر لە بناغەوە گیرفانم نییە. رقم لە درۆ نییە چونکە ئەدەب درۆیە.

رقم لە مرۆڤی دووفاقیی و ئۆپۆرتۆنیستە، خوام هەیە بەڵام جڕت بۆ ئاینەکان لێ دەدەم، مێشکم وەک جیوە یاری دەکات و جێگیریی ناناسێت. ژنم خۆش دەوێت، وەلێ زوو دڵم لێیان دەشکێ، ئاخر ژنێکی وەهام نەناسیوە بەرگەری ئەو سروشتە نائاساییەم بگرێت. من بەو جۆرە ژیام و بەردەوامم لەسەر ژیان، هیچ کات لە مردن ناترسم و ئەو رۆژەشی دەمرم، شیعر هەتیو دەبێت، عەشق بێکەس، وشە غەمێکی ئەزەلی لە رۆحیدا دروست دەبێت، گوڵی قەسیدە شکۆفە ناکات، شیعر عەشقی بیر دەچێتەوە، هەموو دنیاش منی لە بیر دەچێتەوە جگە لە ژنێکی رەشپۆش بە نهێنی بۆم دەگریێ.

تێبینی: ئەم نووسینە سێ بڕگەییە لە سێ قۆناغی جیاوازدا نووسراون. بڕگەی یەکەمی مێژووی نووسینی بۆ دیسامبەری 2014 دەگەڕێتەوە. بڕگەی دووەم بۆ رۆژی 4-2-2018 و بە بۆنەی رۆژی جیهانی نەخۆشی شێرپەنجەوە نووسراوە. بڕگەی کۆتایی لە کۆتایی مانگی ئاپریلی 2019 لە مۆڵ ئەسکەندەنافی لە شاری ستۆکهۆڵم نووسراوە.

Previous
Next
Kurdish