ئه‌م دوو شیعره‌م خوێنده‌وه …. له‌تیف بێوار
زمان تاکه ئامرازی شاعیره بۆ ده‌ربڕین، چه‌ندێك شاعیر هه‌ستناسك بێت به‌ڵام گه‌ر نه‌توانێت به‌سه‌ر زمانی نووسینی شیعردا زاڵ بێت، ئه‌وا شیعره‌که له‌ق ده‌بێت و بگره جارانێکیش له ناوه‌راستی شیعردا شاعیر خۆی لێ ون ده‌بێت و یان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ره‌تا یان به بارێکی تردا قه‌سیده‌که به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌بات.
باشتره له‌مبواره‌دا په‌یوه‌ندی هه‌بێت له نیوان بڵاوکارو شاعیردا بۆ روونکردنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت گوڕینی هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌و پێداجوونه‌وه.
له‌گه‌ڵ یه‌که‌م خوێندنه‌وه بۆ شیعری (سلێمانی) خوێنه‌ر فریو ده‌خوات و به‌ر وێنه‌ی سه‌رنجڕاکێش و ناسك ده‌که‌وێت و ده‌ڵێت زۆر شیعرێکی جوانه، به‌ڵام که زیاتر بیخوێنیته‌وه ناتهباییهکانیت بۆ روونتر ده‌بێته‌وه.
گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له شیعری (سلێمانی) ده‌بینین شاعیر له دوو کۆپله‌دا توشی سهرلێتێكچوونی زمانه‌وانی بووه‌و هه‌رواش ده‌رده‌که‌وێت له‌و دوو کۆپله‌یه‌دا ته‌واو مانا ناپێکێت.
کۆپله‌ی یه‌که‌م:
سلێمانی له سوچێكیا
مه‌ستوورێكی خه‌وتووه
له‌ناو پێخه‌فی
ئاوازه خۆڵ لێنیشتووه‌كانیا
سه‌رنج/ له ئاکامی تێگهشتنمهوه بۆ ئه‌م ده‌قه بۆم هه‌یه بپرسم ئایا (شاری سلێمانی له سوچێکی خۆیدا مهستوورێکی خه‌وتووه؟) که ئه‌مه‌یه مانای کۆپله، ئه‌گه‌ر واش بێت نه‌ده‌بوو وشه‌ی سلێمانی دووباره بکرێته‌وه چونکه ناونیشانه‌که‌ی (سلێمانی)یه، به‌ڵام واش هه‌ر پێکهاته‌ی رسته‌که هه‌ڵه‌یه‌و وشه‌ی مهستوورێك ده‌بوو مهستوورهیهك بووایه، که‌واته کۆپله‌که ئاوها داده‌ڕێژرێته‌وه تا له رووی زمانه‌وه دروست بێت:
له سوچێكیا
له‌ناو پێخه‌فی
ئاوازه خۆڵ لێنیشتووه‌كانیا
مه‌ستووره‌یه‌كی خه‌وتووه
دووه‌م کۆپله:
له‌ملاوه
ئینجانه‌یه‌كه په‌نهانه‌كانی
پڕه له گوڵی بئ سێبه‌ر
ئه‌م کۆپلهیهش ناته‌بایی مانا‌و زمانیش ده‌خولقێنێت، چونکه یا ده‌بوو ئینجانه‌که په‌نهان بێت به ته‌نیا، یان گوڵه‌کان بێ سێبه‌ر بوونایه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا جوانتر و گونجاوتر بوو له رووی دروستی داڕشتنی زمانه‌وه بینووسیایه: ئینجانه‌یه‌کی په‌نهانه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ند واژه‌و وێنه‌یه‌کی ناگونجاو له‌گه‌ڵ یه‌کدا به‌کارهاتوون بۆ سلێمانی که بازدانی تێدا ده‌بینرێت له که‌ره‌سه‌یه‌کی شیعریه‌وه بۆ یه‌کێکی تری پێچه‌وانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی شاعیر سلێمانی به‌م شتانه ده‌چوێنێت:
مه‌ستوور، کتێب، بنه توو، ئینجانه، سپێده
بۆ زیاتر خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی شاعیر لێره‌دا دامناوه‌ته‌وه:
سلێمانی
سلێمانی له سوچێكیا
مه‌ستوورێكی خه‌وتووه
له‌ناو پێخه‌فی
ئاوازه خۆڵ لێنیشتووه‌كانیا
له سوچێكی تری
كتێبێكه به‌رده‌وام ده‌نووسرێته‌وه
له‌ناو خۆشی‌دا
بنه توویه‌كی سووره
تاجه گوڵینه‌ی خه‌مێكی دووری له‌سه‌ره
له‌ملاوه
ئینجانه‌یه‌كه په‌نهانه‌كانی
پڕه له گوڵی بئ سێبه‌ر
له‌ولاشه‌وه
سپێده‌یه‌كه وه‌ك دڵی ئاو خه‌مڵاوه
باڵای سنهوبهرێكه
تا گه‌ردنی به‌رزی هه‌ور
هه‌ڵكشاوه
…………………………………….
له هه‌مان کاتیش‌دا شیعرێکی ترمان پێشچاو ده‌که‌وێت که شیعرێکی جوان و تۆکمه‌یه، له‌سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی شاعیره‌که‌ی زانیویه‌تی چی به‌کاردێنێت و ده‌یه‌وێت چی بڵێت، هه‌رچه‌نده نزیکه له شێوازی شیعره‌کانی (فروخ) به‌ڵام ته‌واو بۆنی موعاناتهکانی شاعیرێکی کوردی مێینه‌ی لیدێت، ئه‌و شیعره‌ش له ژیر ناونیشانی (له خۆتا وهرمگێڕهوه)یه، جێی ده‌ستخۆشییه
تاکه سه‌رنجی زمانه‌وانی له‌سه‌ر ئه‌م شیعره ئه‌م دێڕه‌یه:
زاڵمانه چاو له فرمێسكه‌كانت ئه‌به‌ستم
که ده‌بوو ئاوها بووایه:
زاڵمانه چاو له فرمێسكه‌كانت ئه‌نوقێنم. یان داده‌خه‌م، چونکه کورد ئاوها ده‌ڵێت.
تا نووسینێکی تر هه‌مووان شادمان و سه‌رکه‌وتوو بن.