Skip to Content

ناساندنی رۆمانی پێ پەتییەکان.. نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

ناساندنی رۆمانی پێ پەتییەکان.. نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

Be First!
by ئەیلوول 21, 2026 General, Literature
image_print


کۆمۆنیستە میسرییەکان پێنج ساڵ لە کەمپی ئەشکەنجەدا
نووسەر: تاهیر عەبدولحەکیم
چاپ: دار بن خەلدون
ژمارەی لاپەڕەکان: ٢٩٠

کۆمەڵێک ماشێنی تۆکمەو داخراو، پارێزراو بە کۆمەڵێکی زۆری چەکداری دەسەڵات. لە نیوەشەودا و لە نێو دڵی بیاباندا رێ دەبڕێت بەرەوە زیندانی الواحات الخارجة. ١٢٠ کۆمۆنیستی کەلەپچەکراوی جەستە شکێنراوی دەستی جەلادەکان، بەڵام خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵایین.. بێباکانە دەنگ هەڵدەبڕن و سروود دەڵێن..

لە قووڵایی مێژووەوە، زریانێک هەڵدەکات
دونیایەک سەرلەنوێ لەدایک دەبێت
دونیایەک بەدەستی شۆڕشگێڕان دروستکراوە
مرۆڤە بەهێز و ئازادەکان
بە بازوی خەم و ژانەوە
تۆزی کۆنەپەرستی دەبەین بەئاسمانا
مردین لە ژێردەستی کۆلۆنیالزما
بە ئیرادەوە بنیاتی دەنێیین
پارتی کۆمۆنیستی میسری

ڕۆمانی «الأقدام العارية» (پێ پەتییەکان) بەرهەمی نووسەری دیاری میسری طاهر عبد الحكيم ە. لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ابن خلدون ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بەشی زۆری ئەم رۆمانە بە شێوەیەکی نهێنی لە زیندان نووسراوە و رەوانەی دەرەوەیان کردووە تا ئەو کاتەی نووسەر ئازاد بووە، دوواتر کاری زیاتری لەسەر کردووەو پاش پانزە ساڵ لە ئازاد بوونەکەی بڵاویان کردۆتەوە.
حزبی شوعی لە ئابی ١٩٦٥ خۆی هەڵوەشانەوە بە بیانۆی یەکبونی هێزە سۆشیالیستییەکانەوە. خۆشبەختانە نووسەر زوو توانیتی کۆی دەستنووسەکان لەدەستی بەرپرسانی حزب بکاتەوە نەوەکە چارەنووسی ئەم رۆمانەش بەهەمان چارەنووسی حزبی شوعی دەبوو.
ڕۆمانەکە تا ڕادەیەکی زۆر شێوازی ئۆتۆبایۆگرافی (ژیننامەی خۆیی) هەیە. نووسەر تێیدا ئاوڕ لە ئەزموونی خۆی دەداتەوە لەگەڵ بزووتنەوەی چەپ لە میسر، کە ئەمیش یەکێک بوو لەوانەی بەر هەڵمەتی ناسرێکان ( جمال عبدالناسر) کەوت کە لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٩ دەستگیرکردنی فراوانی کۆمۆنیست و چەپەکانی میسری دەستی پێکرد (ئەوەی پێی دەگوترێت «مجزرة ١٩٥٩). عەبدولناسر هەڵمەتێکی گەورەی دژی مارکسیستەکان دەستپێکرد وەک بەشێک لە ململانێی فراوانتری دژی چەپی عەرەبی (لە میسر، سووریا و عێراق). نووسەر خۆی یەکێک بووە لەو زیندانیانە.
زیندانییەکان پێنج ساڵ (تا ئایاری ١٩٦٤) لە زیندان و کەمپەکانی ئەشکەنجەدا مانەوەو بەشيکیان لە ژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا بە شکۆوە گیان بەخشییە باوڕەکەیان. ئازادکردنیان بە ماوەیەکی کەم پێش سەردانەکەی خروشۆڤ سەرۆکی ئەو کاتەی سۆڤییەت بۆ میسر ڕوویدا. ئەو قۆناغە بە یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکانی سەرکوتکردنی ئازادیی بیروڕا لە مێژووی هاوچەرخی میسردا دەژمێردرێت.

ناونیشانی پەڕتووکەکە:
ناوی «پێ پەتییەکان» هێمایەکە بۆ ڕووتی، بێدەسەڵاتی و ئازادی لە هەمان کاتدا، هەروەها ئاماژەیە بۆ چوونە ناو قووڵایی زیندان و چۆنییەتی داماڵینی مرۆڤ لە مرۆڤبون.
ئەم رۆمانە بەیەکێک لە گرنگترین و ناسراوترین بەرهەمەکانی ئەدەبی زیندان دەناسرێت شانبەشانی رۆمانی ( القوقعة-.. مصطفى خليفة و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-.. عبدالرحمن مونیف) لە جیهانی عەرەبیدا، تایبەتمەندییەک هەردوو رۆمانی القوقعة و الأقدام العارية لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مونیف جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەم دوو رۆمانە لە ناو زیندا نووسراون و راستەو خۆ مێژوویەک بە ناوو جوغرافیاوە دەگوازنەوە بۆمان وەک سوریا و میسر، بە پێچەوانەی رۆمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زادەی خەیاڵەو شوێن هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
نووسەر دەیەوێت مێژووی خەباتی کۆمۆنیستەکان بپارێزێت لە شێواندن و درۆی لایەنگرانی ڕاست. سەرەتا وەک بەڵگەنامەیەک بۆ هەڵمەتی سیاسی دەرەوە نووسرابوو، بەڵام بوو بە کتێبێکی تەواو کە هەموو لایەنە سیاسی، دەروونی و مرۆیییەکانی ئەو ماوەیە تۆمار دەکات.
ئەم بەرهەمە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئەدەبی زیندان لە میسردا و وێنایەکی ڕاستەوخۆ دەدات لەسەر چۆنیەتی مامەڵەی ڕژێمی ناسری لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی چەپ.
پێ پەتییەکان بەڵگەنامەیەکی چڕوپڕی دۆکیۆمێنتاری تاهیر عەبدولحەکیمە کە نزیکەی 15 ساڵ پاش رووداوەکان دەیکاتە گەواهیدەرێکی بێرکابەر بەسەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەی ناسرێکانەوە کە چۆن بەناوی نەتەوەو دژە ئیمپریالیزمەوە دژایەتی چەپ و کۆمۆنیستەکانین دەکرد نەک هەر لە میسر بەڵکوو لە عێراق و سوریاش.
نووسەر ئەندامێکی باڵای حزبی شوعی میسر بوو کە لە کامپی ئەشکەنجەدان لە زیندانی (أوردي أبو زعبل) بۆ زیندانی (الواحات الخارجة) دوورخرابوونەوە. ئەرکی سەرەکی ئەو کە لە ناو زیندانەکەدا پێ سپێردرابوو، ئاراستەکردنی پڕوپاگەندە و گەیاندن بوو بۆ دەرەوەی چوار دیوارەکان، بەرەو ڕای گشتی ناوخۆیی و عەرەبی و نێودەوڵەتی، لە ڕێگەی نامە و ڕاپۆرت و لێدوانەکانەوە کە ئەو بارودۆخە سەختەی کە زیندانیانی سیاسی تێیدا دەژین ئاشکرا دەکرد.
نووسین لەناو زینداندا لەلای ئیدارە تاوانێکی سزادراو بوو وە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و مەترسیدار بوو. ئەم کارە بە نهێنی لە درەنگانی شەودا ئەنجام دەدرا، پاش ئەوەی سیستەمی “تەمام” کۆتایی دەهات و گڵۆپەکان دەکوژێنرانەوە، سیستەمێکی پاسەوانی ناوخۆیی لەلایەن زیندانێکانەوە بۆ ئاگادارکردنەوە لە هاتنی پاسەوانەکان بەڕێوە دەچوو. قەڵەم و کاغەز لە حەشارگەیەکی نهێنی لە سووچێکی زینداندا دەشاردرایەوە دواتر دەهێنرانە دەرەوە. وشەی “بلوهم” وەک وشەی نهێنی لەهەموو زیندان و گرتووخانەکان نیشانەی هاوبەش بوو، واتە مەترسی نزیکە و پێویست بە شاردنەوەی هەموو شتێک دەگەیەنێت.
نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئیعتباری کتێبەکە لەوەدایە کە تۆمارێکی مێژوویی قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی گەلەکەیەتی، وەڕاستییەکان بە ناوی ڕاستەقینەوە تۆمارکراون. ئەو پێگەو هەڵوێستە لادەرانەی کەسانێک ئەمڕۆ هەیانە لەبەرانبەر خەبات و تێکۆشانی دوێنێییدا دەخاتە روو.
ئەم رۆمانە مێژووییە ئەوەند ورد تۆماری رووداوەکانی ناو زیندانی کردووە سەرباری تۆمارکردنی ناوی جەلادەکان و پاڵەوانەکانی ناو زیندان کە چۆن تاوەکوو مردن بەگژ جەلادەکاندا چوونەتەوە، چۆن تا دووا هەناسە نکۆڵییان لە کۆمەنیست بوونی خۆیان نەکردووە، زۆرترین شیعر سرودەکانیشی نووسیوەتەوە لەوانەی لە کاتی رووبەڕوبونەوەی جەلادەکاندا وتراون یان بە نهێنی نووسراونەتەوە..

لە شۆڕشی دژ بە ستەمکاران
زەحەمتکێشان لەگەڵمانن
ژیان بنیاتدەنێین
لە خوێن و تەمەنمان
هەستن و سەر هەڵبڕن
بە بازوویەکی پتەوەوە
بیڕوخێنن قەڵای ستەم
ئەوەتانێ بەیانی هات و بانگمان دەکات
وەرن ئاڵاکان بەرزکەنەوە
کە بە خوێنمان سوورهەڵگەڕاوە
بە بازوویەکی پتەوەوە
بیڕوخێنن قەڵای ستەم
ئەوەتانێ بەیانی هات و بانگمان دەکات
وەرن ئاڵاکان بەرزکەنەوە
کە بە خوێنمان سوورهەڵگەڕاوە

نووسەر لەم رۆمانەدا نەک تەنها ئەزموونی زیندان دۆکیۆمێنت دەکات، بەڵکو ڕەخنەیەکی ڕۆشنبیری ڕاشکاوانە و بوێرانە لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی میسری دەگرێت کە خۆشی سەربەو رێبازەیە. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی پێشووی میسر سەرەڕای زۆربوونی ڕێکخراوەکانی، لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە دابەش بوو بەسەر دوو ئاراستەی سەرەکیدا:
یەکەم ڕەوت: کەوتنە ژێر هەژموونی راستگەراییەوە بەبێ دیدێکی ستراتیجی لە کاری ڕۆژانە و ئەرکە دەستبەجێکان نقوومبون، بەدوای کۆکردنەوەی ئەزموون و توانای تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجی ستراتیجی دەگەڕێت و بەم شێوەیە ئەم ڕەوتە کلکی بزووتنەوەی لیبراڵ بۆرژوازی نەتەوەیی بوو.
ڕەوتی دووەم: چەپێکی ڕادیکاڵ کە جەخت لەسەر ئامانجی ستراتیجی دەکاتەوە و پێناسەی دەکات، ململانێی تاکتیکی پشتگوێ دەخات و لەبەر ئەوە گۆشەگیری و نەتوانینی مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی ڕۆژانەدا بەسەریدا زاڵ دەبێت.
هەردوو مەیل نازانستین و نامۆن بۆ مارکسیزم لینینیزم کە زانستی خوێندنەوە و گۆڕینی واقیعە، بۆیە هەردوو مەیل نەیانتوانی لە سروشتی ئەو قۆناغە شۆڕشگێڕییە تێبگەن کە کۆمەڵگای میسر پێیدا تێدەپەڕێت و بەرنامەیەک دابڕێژن کە بە شێوەیەکی تاکتیکی و ستراتیجی وەڵامی سروشتی ئەو سەردەمە و پێداویستییەکانی بداتەوە.
تاهیر عەبدولحەکیم کۆتایی بە رۆمانەکەی دينيت بەم بانگەوازە:
شەڕەکەمان بەردەوامە، لە ناو دڵی بیابانی وشک و برینگەوە دەنگمان هەڵدەبڕین بۆ هەموو ئازادیخوازانی جیهان کە هاوپشتیمانبن بۆ:
لە پێناوی شکستپێهێنانی برسێتی و بێبەشی و دەربەدەری
لە پێناوی شکستپێهێنانی ئەو مردنەی کە لەزیندانەکاندا بەسەرماندا سەپێنراوە
لە پێناوی لە ناوبردنی هەوڵی ويرانکردنی ڕۆحی مرۆڤ
لە پێناوی لەناوبردنی سیاسەتی “ژیانت یان بیروباوەڕەکانت”.
لە پێناوی شکستپێهێنانی سووتاندنی فیکر و ویژدان
لە پێناوی گەڕاندنەوەی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتی
ئازادی قسەکردن و کەرامەتی قسەکردن…

لە کۆتاییدا دەبێت بووترێت:
ئەم رۆمانەو ئەزموونی ژیان و ميژوو ئەوەی نیشان داویین نە هاو نەتەوەیی، نە هاو ئاینیی، نە هاونیشتمانی تاوەکوو ئێستا نەیانتوانییە بتپارێزن لە تاکڕەویی فکریی و عەقیدەتی.
لە قووڵایی ناخی مرۆڤایەتیدا جیاوازی بیروڕا، ئایین و نەتەوە و رەگەز نابێت ببێتە هۆی ئازار و سووکایەتی. چونکە مێژوو بە خوێن و فرمێسک پێشانی داوە کە هەر تاکڕەوییەکی فکری تەنها سەرکوت و نادادی لێدەکەوێتەوە. مرۆڤ، لە هەر ڕەنگ و باوەڕێکدا بێت، شایستەی ئازادی و شکۆیە.

ئەم بابەتە لە رۆژنامەی رەوت بەشی بانێژەی ئەدەب و هونەر ژمارە ٤٢ بڵاوکراوەتەوە.

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە.

Previous
Next

Leave a Reply