
کورتەچیرۆک: گەلەکۆمە.. نووسینی: ئامانج شێروانی
ئەم خەڵکە وەکوو شارەمێروولە بەم ناوە بڵاو ببوونەوە، ئەویان دارێک لە دەستی، ئەمیان بەردێک، کەس کەسی نەدەناسی، هەر هەموویان تووڕە و بێزار، هەر هەموویان دەیانقیژاند. «هەی بێئابڕوو»، «دەک داوەشێی لەگەر خۆت و جلکەکانت»، «بەڕەڵڵاییە، بەڕەڵڵایی». هیچ کەسێکیان نەیان دەزانی بۆچی وا دەکەن، بەڵام هیچ گومانیشیان نەبوو کە ئەوەی دەیکەن مافی خۆیانە و کارێکی دروستە.
مێردمنداڵێک داچەماوە و بەردێکی زلی هەڵگرتەوە، پاڵێکی بەم وەنا، پاڵێکی تری بەوی تریانەوە وەنا و خۆی گەیاندە پێشی پێشەوە، تا هێزی تێدابوو ڕای وەشاند، شڵپ بەر شانی لای ڕاستی کەوت، هاواری ڕۆژەڕێیەک بەرز بووەوە. دەنگی ئەڵڵاهو ئەکبەر گوێیەکانی خوایە گەورەکەیانی کاس کرد.
پیرەمێردێک، وەک ئەوەی بیری چووبێتەوە کە تا چەند ساتێکیش پێش ئێستا خۆی بەسەر گۆچانەکەی دەستی چەماندبووەوە، گۆچانەکەی خۆی بەرزکردەوە و تا هێزی تێدابوو بەرەو لای هەڵدا و بە نەرمەغارێکەوە چەند هەنگاوێکی هەڵهێنا، پێش ئەوەی بیری بکەوێتەوە کە پیر و پەککەوتەیە و شڵپ لە شوێنی خۆی بکەوێت.
ئەم دڵە ناسکەی وەکوو داری بیی ناو ئاو هەڵدەلەرزی، تاسا بوو، تۆقی بوو، ئەوە چ ڕۆژێکی ڕەشە بە سەریدا هاتووە. دەبێت چی قەوما بێت. ئاخۆ دەبێت ئاپۆڕەی ئەم خەڵکە لە چییەوە بێت! هەر دوێنێ بوو، بە هەمان تیشێرت، بە هەمان تەننووڕە، لە هەمان شوێن، لە هەمان کات، هەر ڕێک بەم ڕێیەدا تێپەڕیبوو. ئاخۆ دەبێت جیاوازیی ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێ چی بێت!
ئاوڕێکی دواوەی داوە، سەلکە پیازێکی بینی، کە ڕێک وەک دەفرە فڕیوەکان بەرەو ڕووی دەهات، پێ ڕانەگەیشت خۆی لا بدات، سەلکە پیاز ڕێک بەر چەناگەی کەوت و ناو دەم و لووتی پڕ کرد لە خوێن، بۆڕە و هاواری گەیشتە کەلەکەی ئاسمانێ! لە بەختی ڕەشی وی، هیچ کەسێک نەبوو هاوارەکەی ببیستێ و شتێکی بۆ بکات! دار، بەرد، تەماتە، هێلکە، دەستکەللا، پێڵاو، کەوش، تف، بەڵغەم، کتومت وەکوو باران بەسەری دەبارین. ئای، ئەم ڕۆژە ڕەشە چەند درێژە!
پێلاقەیەک لەم لاوە، بەرپێنەیەک لەو لاوە، مستێک لەپشتەوە، هەر بابایە و مستێک، شەقێک، پێلاقەیەکی دەخێوێنێتێ. خۆی پێ نەگیرا و کەوتە سەر زەوییەکە. مست و شەق و پێلاقە بەلێزمە دابارییە سەری. قیژەی ڕۆژە ڕێیەک بەرز بووەوە. ئاسمان چاوەکانی پڕ بوو لە گریان، باڵەخانەکان هەترەشیان چوو، باڵندەکان بەتەوسەوە سەیری ئەم دیمەنە خوێناوییەیان دەکرد و کەوتبوونە قاژەقاژ.
بەرچاوی بەرەبەرە تاریکتر دادەهات، دەنگی ئەو خەڵکە تا دەهات نزمتر دەبووەوە و دەنگی هەناسەشی بەرزتر، هەر قامچییەک، هەر پێلاقەیەک هەنگاوێک زیاتر بەرەو بوورانەوەی دەبرد. هەستی دەکرد کە وەک باڵندەکان وا باڵ دەگرێت، وەک باڵەخانەکان بە تاقی ئاسمانەوە هەڵدەفرێت، وەک خۆر ئاوا دەبێت. لەسەرەوە سەیری ئەم خەڵکەی دەکرد کە کەوتبوونە گیانی لاشە خوێناوییەکەی، ئای ئەوە چ ڕوودەدات.
ئاسمان تا دەهات تاریکتر دەبوو، خۆر پەیتا پەیتا بەرەو زەردەپەڕ هەنگاوی دەنا، ئەم خەڵکەش هەر ماندوو نەدەبوون، هەر وازیان نەدەهێنا. هاوار و قیژە نەما لە دەمی ئەم کچە دەرنەچێت، خوێن نەما لە لاشە بێگەردەکەی فیچقە نەکات! ئەوە چ دڕندەییەکە، ئەوە چ دواکەوتووییەکە!
لە گەرمەی ئەم گەلەکۆمەیەدا بوون، کە دەنگی ئەڵڵاهوئەکبەر لە منارەی مزگەوتەکانەوە بەرز بووەوە، هەرە ڕیش سپییەکەیان، هەر ئەو کەسەی کە چەند ساتێک بەر لە ئێستا بەردێکی لە تەپڵی سەرکی دابوو، هاواری لێ بڵند بوو: «پەرتەی لێ بکەن دەی، با ڕۆژووەکەمان بشکێنین و نوێژەکەمان نەچێت!»