
سێ شیعری بڵاونه‌كراوه‌ی جه‌لالی میرزا كه‌ریم
ڕازی دووری
وه‌ك ئه‌و گوڵه‌م
خه‌ریكی سیسبوون و هه‌ڵوه‌رینم
له چله‌ی هاوینا
تینووی یه‌ك تنوكه ئاوم
ئاره‌زووی دیتنت ئه‌كه‌م
ئه‌ی ئه‌وگیانه‌ی
به‌هاتنت!
بیابانی هه‌ڵقرچاوی گه‌رمی ژینم
ئه‌كه‌یته‌وه وه‌رزی به‌هار.
***
من له خۆزگه‌ی بینینیه‌وه‌تا
ئوقره و ئارامم له‌به‌ر هه‌ڵگیراوه
كه‌چی ژیله‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ت
جارێكی تر به‌بای نائومێدی
گه‌ش ئه‌بێته‌وه و ئه‌بێته پشكۆ
به یادگارا ئه‌چزێ
به‌ڕووی خه‌ماویما ئه‌پژێ
ناچار هه‌مدیس
وه‌ك جارانم
له‌گه‌ڵ یادا، ئه‌بمه هاوده‌م
شه‌و و ڕۆژم
هه‌ر خه‌مه و خه‌م.
***
به‌ڵام تیشكی یه‌ك تۆز بڕوا
هه‌میشه ئه‌مهێنێ و ئه‌مبا
بۆ خولیایه‌ك
بۆ دڵنیایی بڕوایه‌ك
كه نه‌ك ئێستا.. بگره سبه‌ی
گیانه! ئه‌بێ هه‌ر پێم بگه‌ی.
***
باخۆر هه‌ڵبێ
گوڵاڵه‌ی باخمان بپشكوێ
ئه‌و ساكه به‌یه‌كترئه‌گه‌ین
جوانی سروشت تێر ماچ ئه‌كه‌ین
به‌سته‌ی زیندووی دڵمان ئه‌ڵێین
به‌ره‌و به‌هه‌شت هه‌نگاو ئه‌نێین.
1968
————————————————-
نه‌مری خۆر
نازانم بۆ؟
خۆر پیرنابێ، قه‌ت نامرێ
بۆچی تیشكه زێڕینه‌كانی كزنابێ
ناكوژێته‌وه..
بۆچی هه‌رده‌م..
به‌ری ئاسۆش بگیرێ به‌ته‌م
ئه‌م هه‌ر هه‌ڵدێ
بۆچی ئه‌گه‌ر
سه‌راپای زه‌وی.. به‌رگی ڕه‌شی پۆشیبێ؟
چیا تاریك
گۆماو لیته
گوڵ ته‌زیوی ژێر به‌فربێ
خۆر هه‌ر هه‌ڵدێ
بۆچی ئه‌گه‌ر، ئێمه‌ی مرۆڤ
بگرین.. بگرین
فرمێسك له‌چاومان قه‌ت نه‌سڕین
كه‌چی هێشتا خۆر
وه‌كو جارانی هه‌ر هه‌ڵدێ
بۆچی مناڵ
گه‌وره ئه‌بێ و به ساڵا ئه‌چێ و پیر ئه‌بێ
كانی ئه‌ته‌قێ و دواجاریش وشك ئه‌بێ
هه‌موو شتێ ئه‌بێ و ئه‌مرێ
كه‌چی خۆر هه‌تادوایی..
تاكۆتایی
ئاوابوو‌نی بۆ نییه و هه‌ر هه‌ڵدێ.
***
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌لای ئێمه
له‌به‌ر چاو‌مان ون بێ.. ئاوابێ
لای خه‌ڵكی تر
تازه هه‌ڵدێ
به‌شێك له‌م زه‌ویه جێ دێڵێ
نه‌ء، به‌شێكی ئه‌م زه‌ویه
ئه‌و جێ دێڵێ
ئه‌گینا ئه‌و تیشكی گه‌شی
ئاوابوو‌نی قه‌ت بۆ نییه
تاسه‌ر ئه‌ژی
كوژانه‌وه‌شی بۆ نییه.
***
نهێنی ئه‌م نه‌مریه‌ی خۆر
له‌وه‌دایه نه‌جووڵاوی جێی خۆیه‌تی
به‌ندی ته‌م و په‌ڵه‌ی هه‌وری چڵكن نییه
خولیای بیری ڕه‌شی ونبوون نییه.
***
ئێمه‌ش!
ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆر
بیری گه‌شمان
نه‌جووڵاوی جێگای خۆی بێ
گه‌ر سه‌ربه‌ست بین
بابشمرین
مانای پیربوون قه‌ت نازانین
هه‌ست ئه‌كه‌ین و باش ئه‌زانین
مایه‌ی ڕاستیی ژیانین.
1958
———————————————————————–
هاوارێك
ئه‌ی ده‌نگی كپكراوی ده‌روون!
بێره جووڵه..
ئه‌ی یادی ماته‌مینی ڕۆژگاری به‌سه‌رچوو
ژیله‌ی خامۆشی ئه‌مڕۆم بێنه‌ره ورووژم
ئه‌ی ئاوازی خه‌مناكی ڕابوردوو
ئه‌ی گیانی تاساوی مردوو
بێنه جۆشی پڕ له سۆز، به‌سته‌ی زیندوو
ئه‌ی چاوی نوستوو
تۆش پێڵووی نیشتوو
ئه‌ی له‌شی ماندوو
جووڵه‌یه‌ك! ته‌زوو!
بام به‌سه‌رچێ، دوێنێ.. ڕابوردوو
ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ مه‌به‌سته
سبه‌ینێیی پڕ خۆزگه و به‌سته.
***
ئه‌ی ئاده‌میزاد..
تۆی خوڵقێنه‌ر،
خوڵقێنه‌ری خه‌مناكی خه‌ست
خوڵقێنه‌ری دنیای شادی
هێنانه‌دی خواست و مه‌به‌ست
تۆی بزه و گریان
تۆی مه‌رگ و ژیان.
***
سه‌رم سوڕماوه له‌ئاده‌میزاد
له قوڵپی گریانی
منی ئاده‌میزاد.. سه‌رم سوڕماوه
له خۆم.. گریانم
له‌وه‌ی جار و بار شاد، كامه‌رانم.
***
سه‌رم سوڕماوه
به‌ڵام.. وته‌یه‌ك.. سۆزێك.. هاوارێك
له‌ناخی دڵا.. واهاتۆته جۆش
هاتۆته بزوان
به‌ره‌و ڕشتنی شه‌پۆلی دووان
ده‌ی ڕه‌هێڵه..
بام سه‌راپای ئه‌م ڕێگا وێڵه
بێته چراخان
به‌ره‌و مه‌ڵبه‌ندی پڕ شادی ژیان.
***
بادوور بڕۆین
دوورتر له‌خۆر
بام خه‌مناكی به‌جێ بێڵین
بام ئاگری ده‌ر بشێلین
دوور .. دوور بڕۆین
به‌سه ئیتر، بام خه‌م نه‌خۆین
به‌ره‌و مه‌ڵبه‌ندی شادی ژین
هه‌نگاوبنێین.. بڕۆین.. بڕۆین..
1958
تێبینی:
له 26/5/2022 له سلێمانی ده‌فته‌رێكی كۆچكردووم له خوشكی جه‌لالی میرزا كه‌ریم، ڕووناك خان، به‌چاوڕوونی: (ئاری قادر میرزا كه‌ریم، سه‌رخێڵ سیروان نه‌ورۆڵی) وه‌رگرتووه، چه‌ند شیعرێكی بڵاونه‌كراوه‌ی تێدایه. ناوه ناوه بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه.
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر