Skip to Content

چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر )دا-1-.. ناڵە حەسەن

چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر )دا-1-.. ناڵە حەسەن

Closed
by ئاب 21, 2023 General, Literature

_ بەشی یەکەم


بۆ قسەکردن لەو چەمکانە واتە ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) ، پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ ئەفسانە و فەلسەفەی یۆنانی کۆن ، چونکە لەنێو شارستانیەتی ئەوسای گریک ئەفسانە ڕۆڵێکی سەرەکی و گرینگی هەبوو تەنانەت سەرچاوەو بنەمایەکیش بوو بۆ فەلسەفەی گریک ، لەنێو ئەفسانەکانیش دا ( ئیلیادە و ئۆدیسە )ی هۆمیرۆس . کە بە چڕی ئیشی لەسەر گومان و وڕوژاندنی پرسیار و دوالیزمی هاودژ دەکرد . چونکە قارەمانەکان تێکەڵاویەک بوون لە مرۆڤ و خوداوەند یان دونیای میتافیزیکی ڕۆحانی و دونیای مادی ، هەروەک لە کۆڕەکەی د. شاهۆ سەعید بە ناوی ( جوانناسی گریکی لە ئەفسانەوە بۆ فەلسەفە ) ، کە لەوێدا باس لەوە دەکات کە ( پرسیار و وتووێژ یەکێکن لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەفسانە .. یان دەڵێ قارەمانەکانی نێو ئەفسانەی گریک هەمیشە کەسێکی نیگەران و پڕ گومان بوون ، نەک هەر لە حیوار دابوون لەگەڵ کاراکتەرەکانیتر بەڵکو ، لەگەڵ خوداش لە وتوێژ دابوون تەنانەت هەندێجار ڕەخنەیان لە بڕیارەکانی خودا دەگرت ..! ) ، بە مانایەک ئەوەش هێمایە بۆ حەقیقەتی( ڕێژەیی نەک حەقیقەتی ڕەها ) ، ئەفسانەی گریک هێندە کاریگەری هەبوو بەسەر بیرکردنەوە و بونیادی فەلسەفەی ئەوکات بە ئەندازەیەک گەورەترین پرسیاری لای فەیلەسوفەکان دروست کردووە ، بەشێک لە فەلسەفەی( سوقرات و ئەفلاتوون ) وەڵامدانەوە بووە بەو پرسیارانە . یان ئیشکردن لەسەر ئەو پارادۆکس و دوالیزمە هاودژانەی وەک خێر و شەڕ ، نێر و مێ ، ڕووناکی و تاریکی ، ڕۆح و جەستە و زۆریتر ، ئەو چەمکانە لە دەورانی پێش مۆدێرنە بە تایبەت لە شیعر و ئەدەبیاتی قوتابخانەکانی ( ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم ) وەک پێویست کاریان لەسەر نەدەکرا ، هۆکارەکەش لەو دەورانە لەژێر کاریگەری ئایین و ئایدیۆلۆژیاکانەوە باوەڕیان بە تاکڕەوی و حەقیقەتی ڕەها هەبوو ، ئەمەش مانایەک بۆ گومان و پرسیار ناهێڵێتەوە ، لەلایەکیتر لە دەورانی ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم زیاتر پەیوەندی نووسەرەکان بە دونیای دەرەوە بوو ، ئیشکردن لەسەر دونیای واقیع و سروشت و جیهانی دەرەوە ، کەمتر پەیوەندییەکان ڕووە و ناوەوە بوون . بۆیە داهێنان و ڕووبەری جوانی لەم قوتابخانانە دەگەنە ئاستێکی وەستان و چەقبەستوو ، بەمانایەک لە پەیوەندی نێوان ژیرخان و سەرخانی کۆمەڵگە ،، ئەدەب و هونەر وەک ڕەگەزێکی سەرەکی سەرخانی کۆمەڵگە دەگاتە ئاستێک بەتایبەت دوای شۆڕشی فەرەنسا و پێشکەوتنی شارستانییەت و دروستبوونی شار و گەشەی مانیفاکتۆرەکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ، ئەدەب و شیعری ئەوکات لەچاو پێشکەوتنەکان لەدواوە دەبێت ، بۆیە ئەدەب و هونەری ئەوکات وەک بەشێک لەسەرخانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئەم هەلومەرجە و ئەم ئالوگۆڕانە نەیتوانی وەڵامدەرەوە بێت هاوکات بەهۆی داهێنانەکانی( سیگمۆند فرۆید )یش بە تایبەت شیکردنەوەی خەونەکان ،، کاریگەری زۆی دانا لەسەر ئەوەی ئاراستە و پەیوەندییەکان ڕووە و ناوەوە بەرەو خەون و ڕووبەری ناخودئاگایی و گەشەدان بە زمانی شیعر و نووسین لە رێگای بەکارهێنانی هێما و وێنە و میتافۆرەوە . بۆ ئەوەی ئەدەب و هونەریش لەگەڵ ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان هاوتەریب بڕوات و دوانەکەوێت ، بە دیدگا و میتۆد و بیرکردنەوەی نوێ بۆ زمان و بەرجەستەکردنی جوانی لەئاستێکی بەرز .. لە سەدەی نۆزدەیەم لەژێر کاریگەری بیرکردنەکانی ڤیکتۆر هۆگۆ ڕێبازی ( هونەر بۆ هونەر ) دامەزرا ، پاشان قوتابخانەی پارناس ، دوای ئەوە بۆدلێر و هاورێکانی وەک ، مالارمی و ڤارلین قوتابخانەی ( سیمبولیزم ) یان دامەزراند ، دوای ئەوە هەر لە فەڕەنسا داداییەکان و سوریالیستەکان پەیدا بوون ، ئایندەییەکان لە ئیتالیا و فۆرمالیستەکانیش لە ڕووس . خاڵێکی هاوبەش لەنێو ئەو قوتابخانانەی دەورانی مۆدێرنە ئەوەبوو بەشێوەیەکی جڕتر ئیشیان لەسەر زمان دەکرد بە شێوەیەکی گەوهەری گرینگیان بە زانست و بونیادی زمان و جوانناسی دەدا ، هاوکات لە قوتابخانە ئەدەبیەکانی دەورانی مۆدێرنە بەجۆرێک لە جۆرەکان گەڕانەوەیەک بوو بۆ شارستانیەت و ئەفسانە و فەلسەفەی گریک ، بەتایبەت لە پەیوەند بە چەمکەکانی گومان و پرسیار و دوالیزمە دژەکان ( پارادۆکس ) و گونجاندنی ئەم دوالیزمانە بەیەکەوە ، دواتریش لە دەورانی پۆستمۆدێرن ئەم چەمکانە لەنێو شیعر و ئەدەبیات دا تۆختر ئیشیان لەسەر کرا و بە تایبەت ( گومان ) و بیرکردنەوەی ( ڕێژەیی ) گرینگی زێتری پێدرا ، بەتایبەت دوای ئەوەی بیردۆزی ڕێژەیی لای( ئانیشتایین ) داهێنرا ، چەمکەکانی گومان و پرسیار وڕوژاندن چوونە ئاستێکی باڵاتر لەنێو ڕووبەری زمان و بیرکردنەوەکان چوونە ئاستێکی سەرووتر ، بۆچیش لە پۆستمۆدێرنە ئەو چەمکانە گرینگی زێتریان پێدرا چونکە لە دەورانی مۆدێرنە چەمکەکانی گومان و پرسیار و بیرکردنەوەی ڕێژەیی پاشەکشەیان پێکرابوو ، واتە کەمتر پەیڕەو دەکران ، گوتاری تاکڕەوی شوێنی گوتاری فرە ڕەهەندی گرتبوویەوە ، لەژێر کاریگەری ئایین و ئایدیۆلۆژییەکان ، ( یەک قسەکەر و یەک چیڕۆک و یەک ئەفسانە ) باوی هەبوو ، بەمانایەک گەڕانەوە بۆ حەقیقەتی ڕەها ، هەربۆیە لەم دەورانە دوو جەنگی جیهانی هاتنە ئارا و چەندین دیکتاتۆر سەریان هەڵدا وەک ( هیتلەر و ناپلیۆن و مۆسۆلۆنی … ) ، ئەمانە لەژیر کاریگەری و بیرکردنەوەی تاکڕەوی و تۆتالیتاریستانە ئیشیان دەکرد ، بۆیە لە سەردەمی پۆستمۆدێرنە دووبارە گرینگی بە بیرکردنەوەی ڕێژەیی درایەوە و گومان لە ئاستێکی بەرین و بە چڕی ئیشی لەسەر کرا ، بەو مەبەستەی حەقیقەت لە یەککاتدا لای هیچ کەسێک و لای هیچ ئایین و ئایدیۆلۆژیایەک نییە ، ئیش لەسەر گوتار و ئارگومێنتی فرە ڕەهەندی کراو ( پێکەوە ژیان ) جێگەی سەرکوت و ڕەشکردنەوەی ئەویتری گرتەوە ، تا ئاستی ئەوەی چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) هاوکات لەگەڵ گەمە زمانەوانییەکان بوون بە پێکهاتە و سیمای شیعری پۆستمۆدێرنی . هەر لەوەی سوقرات دەڵێ ( مرۆڤ هیچ نازانێت پێویستە خۆی فێربکات ) ، یان ئەلبێرت کامۆ لە ( ئەفسانەی سیزێف ) لەشوێنێک دەڵێت ( ژیان خالییە لە مانا ..! ) ، ئەم ڕوانگە و تێڕوانینانە گەورەترین گومانن بۆ مرۆڤ و ژیان و دونیای دەرەوە . ئەم چەمکانەش پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ یەکدا هەیە ، چونکە هەموو پرسیارێک گومانێکی گەورەی لە پشتە هەموو گومانێکیش مەعریفە و وشیارییەکی گەورەی لە پشتە هاوکات ، پارادۆکسیش واتە گونجاندنی چەمکە دژەکان بەیەکەوە و دروستکردنی پەیوەندی و هارمۆنیایەک لە نیوانیان بۆ مەبەست و ئامانجی دیاریکراو ، ئەمەش لە مەعریفەیەک و گومانێکی قووڵ سەرچاوە دەگرێت ، چونکە لە ئەنجامی هەڵنەکردن و نەگونجانی هاودژەکان ژیان و پەیوەندییەکان دەچنە بارێکی نا تەندروست و توندوتیژی برەوەی پێدەدرێت ، هەروەک فرۆید لە داهێنانی چەمکەکانی ( ئیرۆس و ساناتۆس ) واتە ( ژیاندۆستی و مەرگدۆستی ) کە پێیوایە لە بیرکردنەوە و مێشکی مرۆڤ ئەم دوو چەمکە بە شێوەیەکی تەریب ئامادەییان هەیە و لە غیابی هەر یەکێکیان مرۆڤ تووشی ناڕێکی دەروونی دەبێت ، ئەم چەمکانەش لەنێو زمانی شیعریدا جوانیەکی بێوێنە بەرجەستە دەکەن ، لەپاڵ ئەم چەمکانە ( یاخیبوون )یش ڕۆلێکی گرینگ دەبینێت لەنێو داهێنان و نوێگەریدا ، چونکە هیچ نووسەر و شاعیرێک ناتوانن نوێگەر بن ئەگەر کەسێکی یاخی و بە گومانەوە لە ئەدەبی خۆیان و دەوروبەریان نەڕوانن ، وەکچۆن( یاخیبوون و نوێگەری ) دوو چەمکن هاوتەریب و ئاوێزانی یەکترین و چەمکەکانی ( گومان و یاخیبوون )یش بەهەمانشێوە ، وەکچۆن کامۆ لە کتێبی ( مرۆڤی یاخی )دا دەڵێت ( مرۆڤی پووجگەرا ، دواتر یاخی ، باوەڕی بە هیچ بڕوایەکی ڕەها یان بوونەوەر و یان مرۆڤێکی ڕەها نییە ، بەلای ئەوەوە حەقیقەتەکان ڕێژەیین نەک ڕەها..! ) هەروەک لە پێشتر باسمان لەوە کرد کە ڕوانین بە دیدی حەقیقەتی ڕێژەیی یانی ڕوانین بە دیدێکی گوماناوی ، بۆیە دەبینین چەمکی یاخیبوون و گومانیش هاوتەریب و ڕێکن بەیەکەوە ، ئینجا بەدوای ئەم دەستپێک و سەرەتایەمان لە بارەی چەمکەکانی باسمان کردن ، دێین خوێندنەوەیەک بۆ چەند شیعرێکی ( ئیمان یادەوەری ) شاعیر دەکەین ، هەوڵدەدەین لەنێو شیعرەکانی دیوە شاراوەکان و کاریگەری ئەم چەمکانە لەنێو زمانی شیعری ئەم شاعیرەمان بەدەربخەین . ئیمان یادەوەر شاعیرێکە ئەزموونێک و تەمەنێکی کورتی هەیە لەنێو دونیای شیعر ، نزیکەی( پێنج ) ساڵێکە دەنووسێت و شیعرەکانی لە سۆشیال میدیا و لە هەندێک لە ڕۆژنامە و سایتەکان بڵاودەکاتەوە ، شاعیرێکی لاوە و بەم تەمەنە کورتەی توانیویەتی چەندین دەقی شیعری ناوازە و جوانمان پێشکەش بکات ( لەوانە دەرد لەبەرد کەوتووە تۆش لەمن ، جەستەی ژیان بە دەمی مەرگەوە ، پڕم لە هیچ ، شانۆی مەرگ ، خۆم لەتۆ دادەکەنم ، بەم دواییەش زەوی شاعیرەکان و چەند دەقێکی تر ) ، ئیمان یادەوەر تا ئیستا دوو خەڵاتی وەرگرتووە ، لە ڤیستیڤالی ( شەن ) بە شیعری ( خۆم لەتۆ دادەکەنم ) خەڵاتی دووەمی وەرگرتووە ، لە ڤیستیڤالی ( مەلای جەباری ) بە شیعری ( زەوی شاعیرەکان ) بە هاوبەشی لەگەڵ دەقێکی تر خەڵاتی یەکەمیان وەرگرتووە . ئیمان یادەوەر بە شێوەیەکی بەرچاو ئیشی لەسەر چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) کردووە ، تا ئاستی ئەوەی سیمایەکی جوانییان بە شیعرەکانی بەخشیوە ، هاوکات وەک شاعیرێک و بوونێکی یاخیش دەردەکەوێت لەنێو دەقە شیعرییەکانی ، ئەمەش تا ئاستێکی باش جیای دەکاتەوە لە شاعیرانی هاوتەمەن و سەردەمی خۆی ، دەتوانم بڵێم بە دیدێک و فۆرمێکی جیاوازتر دەنووسێت ، شاعیرانەتر مامەڵە لەگەڵ زمان دەکات ، قووڵتر مەبەستەکانی دەردەبڕێت ، مەبەستمە ئەوە بڵێم ئەو شاعیرەمان بە سەرەتایەکی جوان دەستی پێکردووە توانایەکی شاراوەی شیعری نایابی تیا دەبیندرێت . هەوڵدەدەین لەم لێکۆڵینەوەمان خوێندنەوە بۆ چەند شیعرێکی بکەین .
_ شیعری ( دەرد لەبەرد کەوتووە تۆش لە من )
گەر لەم تایتلە بڕوانین ، دەستەواژە و دەربڕینێکی شیعری نایاب و جوان دەبینین ، شاعیر زیرەکانە دوو وێنەی نەخشاندووە ، وێنەیەک ( کەوتنی ئەو لەخۆی ) ، وێنەیەکیتر ( کەوتنی دەرد لەبەرد ) ، بە مەبەستیش جێگۆڕکێی بە شوێنی وێنەکان کردووە ، بەمانایەک وێنەی دووەمی بۆ ئەوە نەخشاندووە تا ناوەڕۆک و قووڵایی هێماکانی وێنەی یەکەم پێشان بدات ، مەبەستییەتی بڵێت / کەوتن و جیابوونەوەی تۆ لەمن وەک دەرد و ئازارەکانی بەرد وایە یان وەک کەوتنی دەرد لەبەرد وایە ، واتە کەوتنی تۆ لەمن هێندە ئازارێکی بەسۆیە بەردیش دێنێتە قسە و ئەسەف و غەمگینە بۆم ، لەتاو ئەم کەوتنەی تۆ دەرد و ئازاری لێدەکەوێت ، دێمەنێکی شیعری جوان دەربڕینێکی شیعری و ماناو مەبەستێکی قووڵ . ئیدی ئەم ئازار و وێنە شیعرییە پڕ لە ئیستاتیکایە دەروازەیەکە بۆ چوونە نێو دەقە شیعرییەکە ، لە سەرەتای دەقەکە دەڵێت :
گریانێک بە گەروومەوە لکاوە
نازانم لە دڵمەوە سەردەکەوێت بۆ سەرم
یاخود لە سەرمەوە دەیەوێت بگاتە دڵم
قوڕگی گرتووم دەمەوێت بڵێم من کێم .. ناتوانم
دەنگم لە ئەشکەوتی سەرمدا دەنگ دەداتەوە
لەسەر ئەم دیواری ونبوونە دەنووسم بمدۆزەرەوە
بەڵام ئەوەی ونی کردم نایخوێنێتەوە …!
کەوتنی ئەو لە خۆی ، ئازارێکی هێندە قووڵ بوو پڕی کردووە لە نیگەرانی و گومان ، هەموو شتێکی بیر بردۆتەوە تەنانەت ناوی خۆیی و شوناسی خۆیشی ، ( دەمەوێت بڵێم من کێم ، بەڵام ناتوانم ! ) ، چونکە هێندە نیگەران و نائومێدە هەموو شتێکی بیرچۆتەوە تەنانەت ، ئەو گومانەی بە گەرووی لکاوە نازانێ لە دڵییەوە سەردەکەوێت بۆ سەری یان لە سەریەوە دەگاتە دڵی ؟ ، هاوکات قوڕگی گرتووە و ناتوانێت هیچ بڵێت ، لەلایەکیترەوە دەنگی لە ئەشکەوتی سەری دەنگدەداتەوە ، سەدای دەنگ دانەوەکە وەک ئەوە وایە سەری لەنێو گێژاوی دەنگدانەوە وەک گێژەن لوول دەخوات ، لەناو نائومێدی و ئەم ونبوونە دەنووسێت / بمدۆزەرەوە ! بەڵام حەیف .. ئەوکەسەی لەو بەربۆتەوە ، ئەوەی ئەمی ونکردووە نایخوێنێتەوە ! شاعیر وردە وردە و قووڵتر ئەم نیگەرانی و ئازارەکانی کەوتنی ئەو لە خۆی پێشان دەدات و لە دیمەنی دوای ئەوە دەڵێت :
وشەکان لەسەر زارم بوونە بەرد
ئەم دیواری وشانە تا عەرش بەرز بوونەتەوە
نە ئەجەل دەیڕوخێنێت و نە هاودڵێک دەیکات بە کۆشک
دەنگێک بە پەردەی گوێیەکانمەوە نووساوە
با دونیا بیبیستێت من نایبیستم
ئەوەی بانگم دەکات با دڵی بنێرێت نەک دەنگی !
لە پشتی ئەم دیمەنە شیعرییەش گومانێکی گەورە هەست پێدەکرێت ، گومان لەوە دەکات ئەو کەسەی خۆشیویستووە ئاگاداری چیڕۆکی شەونخونی و بێداری و خەم و ئازاری ئەو بێت ، گومان دەکات چیڕۆکی ئەم عەشقەی ئەو بووبێتن بە بەشێک لە خەیاڵ و خەمەکانی ئەو ، وشەکانی ئەم عەشقەی ئەم باوەشیان بۆ ناکاتەوە و لە دەفتەری یادەوەری خۆی نایان نووسێتەوە ، بۆیە وشەکانی بستیک لێی دوورناکەونەوە هەر لەسەر زاری خۆی دەمێننەوە و دەبن بە بەرد ، دەبن بە بەرد و دیوارێک دروست دەکەن ، دیوارەکەش تا عەرش بەرز دەبێتەوە ، ئیتر ئەمیش نائومێدانە هەر دەبێ سەیری دیوارەکە و بوون بە بەردی وشەکانی بکات و ئەو خەمەش سەراپا جەستە و مێشکی داگیرکردووە ، کە نە ئەجەل دەیکوژێت و نە کەسیش دیوار و بەردی وشەکانی دەکا بە کۆشک ! دەنگێکیش بە پەردەی گوێیەکانی نووساوە ، ئەو بە گومانە لەوەی ئەو دەنگە هی ئەو بێت بۆیە گومانەکەی بەوە دەردەخات و دەڵێت : دونیا دەیبیستێت بەڵام من نایبیستم ، بە ئەسەفەوە دەڵێت : ئەوەی بانگم دەکات با دڵی بنێرێت نەک دەنگی ! ، ڕەنگە ئەو دەنگە تەنها گومانێک بێت و هیچیتر ، شاعیر لەنێو قووڵاییەکاندا زێتر بەنێو ململانێو کەوتنی ئەو لەخۆی دەچیتە خوارەوە و دەڵێت :
سێبەرێک هات و جێی هێشتم
ڕەنگی خوێنم تاریک بووە
بەو چەکوشەی دووری پیای کێشام
لە سەرمدا جگە لە دەنگدانەوەی دەنگی برینەکانم
هیچیتر نابیستم !
دیمەنێکی شیعری جوان و گومانێکی قووڵ .. لە دیمەنی پێشوو نیگەران و بە گومانە لەوەی وشەکانی بگەن بە ئەو و ببن بە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی ئەو ، یان گومان لەو دەنگە دوورانە کە دەگاتە گوێی ئەو نایبیستێت ،، لێرە گومانەکانی تۆختر دەردەخات نیگەرانیەکانی قووڵتر دەبنەوە بەوەی ( ڕەنگە ئەوکەسە هەربوونی نەبێت ! یان کەسێکی خەیاڵی و وەهمی بێت ،، بە سێبەر وێنەی دەکات ، سێبەریش وێنەی خەیاڵی کەسەکانە دەکرێت وەهمێکی گەورە بێت ، دەڵێت : سێبەرێک هات و جێێ هێشتم ،، ئەم جێهێشتنە هێندە کاریلێکردووە ڕەنگی خوێنی تاریک کردووە ، لە سوورەوە گۆڕاوە بۆ ڕەش ، ئەوەش هێمایە بۆ ئازار و خەمێکی قووڵ ، کە وەک چەکوشێک بەر سەری کەوتووە ئێستا لەتاو ئەم خەم و ئازارە لەنێو سەر و مێشک و خەیاڵیا جگە لە دەنگدانەوەی دەنگی برینەکانی هیچیتر نابیستێت ..! ئیتر لەنێو ئەم گومان و نائومێدی و خەم و نیگەرانیانە دێت شاعیرانە پرسیارێک دەوڕوژێنێت ، دەیەوێت لە پشتی ئەو پرسیارەوە خەمە گەورەکانی کەوتنی ئەو لە خۆی وێنا بکات و دەڵێت :
دەزانی خەمی چیمە ئەی دۆست ؟
بمرم و مردووشۆریش نەیبینێت
ئەو خۆشەویستییەی وەک خۆرێکی زەرد
لە ڕوخساری ماتما هەڵهات
بۆ دواجار لەگەڵ خۆما ئاوابێت !
کاتێک پرسیارەکە دەکات و دەڵیت ئەی دۆست ، دەکرێت ئەو دۆستە هەرکەسێک بێت ، ئەوی وەهمی بێت ، ئەوی خوێنەر ، هەرکەسێک ، کەسەکە شوناس و بوونی نادیارە ، شاعیر دەیەوێ لە پشتی پرسیارەکەی ئەو خەمە قووڵە پێشان بدات کەوا ،، ئەو خۆشەویستییەی وەک خۆرێکی زەرد لە نێو ڕوخسار و چاوەکانی هەڵهات ، ئاوابێت و نەک هەموو خەڵک بەڵکو مردووشۆریش نەیبینێت ! دوای ئەوە بە هەمان هەناسەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت :
شیعرێک لە سکمایە لەخۆم باڵاتر
دەڵێی من منداڵی ئەوم و ئەویش منداڵی جیهان
دەزانم لە دایک ببێت من لە هەناویدا دەدۆزنەوە
دەبی ئەم هەموو برینە بەچی دابخەم ؟
پەنا بۆ کراسی کام گۆرانی ببەم ؟
بیکەم بە بەر ئازارەکانمەوە
خەمەکان منیان لەخۆ هەڵکێشاوە …!
خۆی ئەگەر لە ڕووی تەکنیکی و زمانەوانی سەیری بکەین ، وا دەزانین ناڕێکییەک یان هەڵەیەکی تەکنیکی و زمانەوانی هەیە ، چونکە شوێنی لە دایکبوونی شیعر مێشک و ڕووبەری خەیاڵە نەک سک .. بەڵام شاعیر وەک کچێک یان ئافرەتێک ، هەستی مێیینەی خۆی و کردەی مناڵبوون وێنا دەکات ، شیعر هێندە لێیەوە نزیکە وەک کۆرپە و جگەرگۆشەی خۆی خۆشی دەوێت و لێی دەڕوانێت ،، دەربڕینی ئەم هەستە مێینەیەش دواتر قسەی زێتری لەبارەوە دەکەین ، ئیدی کۆرپەیەکی شیعری لە سک و منداڵدانییەتی ، دەڵێی من منداڵی ئەوم و ئەویش منداڵی جیهان ،، لێرە دەیەوێت لە پشتی ئەم دەربڕینەوە باسی گەورەیی و بەرینی رووبەری شیعرمان بۆ بکات ، وەک ئەوەی ئێمە لە نووسینەکانمان هەمیشە تاکیدیمان لەوە کردۆتەوە کە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ، ئەویش دەیەوێت مەبەستێکی لەو شێوە بە تەعبیر و دەستەواژەکانی خۆی دەرببڕێت ، دەیەوێت پێمان بڵێت ،، لەگەڵ ئەوەی ئەو شیعرە لەنێو سکی مندایە ، بەڵام هێندە دڵ میهرەبان و گەورەیە ڕێگە دەدات من لەنێو ئەودا قسەکانم و خەم و ئازار و نیگەرانیەکانم دەربڕم و وەک ئەوەی من منداڵی ئەو بم و ئەویش منداڵی هەموو جیهان ، کە مەبەستی ئەو ڕووبەرە گەردوونییەی شیعرە . دواییش دەوێت ئەم بوونە گەردوونیە وەکو شاعیرێک بکات بە شوناسی خۆی و دەڵێت ، دەزانم گەر لەدایک بێت و من لە هەناویدا دەدۆزنەوە ! ، خۆی منداڵ بە دایک و باوکی دەناسرێتەوە ، کاتێک پێچەوانەکەی ڕاست دەبێت ئەوکاتە منداڵەکە داهێنانێکی گەورە بکات یان لەشوێنێکی بەرز و بڵند و دیار بێت ، ئێ ئەویش دەڵێت ، ئەو منداڵەی لە سکمایە و لە خۆم باڵاتر ، وەک ئەوەی من منداڵی ئەو بم و ئەویش منداڵی جیهان ، مادەم وەک منداڵی جیهان وایە کەواتە شوناسی ئەو منداڵە کە شیعرە لە ئاستێکی بەرز و وەک بوونێکی گەردوونی وایە . ئیتر دەیەوێت ئەو بوونە گەردوونە بکات بە شوناسی خۆی بەوەی کە دەڵێت ، من لە هەناویدا دەدۆزنەوە ،، ئێ بێگومان نیشتیمانی شاعیر هەناو و ماڵی شیعرە . دوای ئەوە دوو پرسیاری یەکبەدوای یەک دەکات و دەڵێت : دەمی ئەو هەموو برینە بە چی دابخەم ؟ پەنا بۆ کراسی کام گۆرانی ببەم ؟ ئێمە گوتمان هەموو پرسیارێکی گەورە گومانێکی گەورەی لە پشتە ، ئەوەتا لە پشتی ئەو پرسیارانە گەورەترین گومان و خەم و نائومێدی دەبینین .. ئاخر دۆشداماوە ! نازانێت دەمی ئەم هەموو برینانەی بەچی دابخات و بێدەنگیان کات ، یان پەنا بۆ کراسی کام گۆرانی بەرێت ؟ لێرە مۆسیقا و گۆرانی وەک هێما و هۆکارێک بۆ ئارامکردنەوەی ناخ و دەروون بەڵام ئەو خەمەکانی هێندە گەورەن نازانێت کام میلۆدی و گۆرانی ئارامی دەکاتەوە ، چونکە خەمەکانی هێندە گەورە و بەسۆن ، ئەو هیچی بۆ ناکرێت چونکە خەمەکان ئەویان لەخۆ هەڵکێشاوە ، واتە هیچ کراسێک ئەو ئارام ناکاتەوە چونکە خۆی بووە بە کراسی خەمەکانی ! شاعیر لە دیماهی شیعرەکەی لەناو هەمان گومان دەمێنیتەوە بەڵکو قووڵتر تەعبیری لێدەکات و دەڵێت :
دەزانم پێش پیر بوون
لۆچی هەزار و یەک خەیاڵت
وەک مشار پێستی ناوەوەم دەبڕێت
بەرلەوەی بمرم .. نا من نامرم
بیرکردنەوە لە تۆ دەمکوژێت
بەڵام ڕوون نییە من دەدۆڕێم
کێ ناڵێت ڕۆژێک ، ئێوارانێک
گۆرانی فیشەکێک
شین بە شایی هەموو خەیاڵەکانت ناگێڕێت ؟!
لە سەرەتای ئەم کۆپلەیە کە کۆتایی شیعرەکەیەتی ، بە دەربڕین و جوانیەکی شاعیرانە باس لە ئازارەکانی کەوتنی ئەو دەکات لە خۆیدا و دەڵێت : دەزانم پێش پیربوون ، لۆچی هەزار و یەک خەیاڵت ، وەک مشار پێستی ناوەوەم دەبڕێت ، دیمەنێک و دەربڕینێکی شیعری جوان ، هێندە بەنێو خەمەکانی ڕۆچووە وەک ئەوەی بەدەم ئازارەکانی وڕێنە بکات و دەیەوێت شتێک لە جەشنی نهێنییەک یان وەسیەتێک بکات و دەڵێت : ئەگەر مردم بەڵام لەم چرکە ساتە بە ئاگا دێتەوە و نهێنیەکە یان قسەکە تەواو ناکات و وەک هاوارێک دەڵێت : نا من نامرم .. بیرکردنەوە لەتۆ دەمکوژێت ،، واتە ئەو یەقینە لەوەی بە مردنی خۆیی و مردنێکی ئاسایی نامریت بەڵکو بیرکردنەوە لەو یان جیابوونەوە و کەوتنی ئەو لە خۆیدا دەیکوژێت ! دواتر ئەم شێوە مردنە لە وێنەیەکی گوماناوی پێشان دەدات و دەڵێت ؟ کێ ناڵێت ؟! ڕۆژێک ئێوارانێک ، گۆرانی فیشەکێک ، شین بە شایی هەموو خەیاڵەکانت ناگێڕێت ؟!ئیتر ئەم دیمەنەی دوایی کە هەم هەڵگری پرسیارێکی گەورە و گومانێکی گەورەیە لە هەمانکات ، لە پشتی ئەم پرسیار و گومانەش دیمەنێکی تراژیدی وێنا کردووە ، کە ئەگەری ئەوە هەیە ڕۆژێک ئێوارەیەک بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت و گۆرانی لێرە مەبەستی لە دەنگی فیشەکەکەیە بگات بەگوێی ئەو ، ئیدی شایی و هەستە خۆشییەکانی لێبکات بە شین .. لە هەمانکات لەنێو هەناوی ئەم دیمەنە تراژیدییە پارادۆکسێکی ناوازەی لەنێوان دوالیزمی هاودژی ( شین و شایی ) داهێناوە ، گونجان و ئاوێتەبوونیان لە یەک ڕستە و دەستەواژەی شیعری بۆ داهێنان و بەرجەستەکردنی ڕووبەرێکی گەورە لە جوانی .

_ شیعری ( شانۆی مەرگ )
هەروەک ئیمان یادەوەر خۆی دەڵێت ، لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە شیعر بڵاودەکاتەوە ، واتە نزیکەی پێنج ساڵێک دەبێت هەوڵەکانی لەم ڕووبەرە چڕبوونەتەوە ، وە یەکەمین شیعریش ئەم شیعرەی سەرەوە بووە بە ناوی ( شانۆی مەرگ ) کە بۆ ئازار و موعانەتەکانی خۆیی و تەواوی کچان و ژنان نووسیویەتی ، وە لەم دواییەش لە گۆڤارێکی ئەلیکترۆنی بە ناوی ( ئایندەسازی ) بڵاویکردۆتەوە هاوکات لە ئەکاونتەکەی خۆیشی لە ( فەیسبووک ) ، سەرەتا شیعرەکە بەوە دەست پێدەکات و دەڵێت :
من ماڵی خاتوونێک دەزانم
لەوبەر کۆڵانەکەوە ئازارەکانیت پێدەگات
ڕۆژانە لای بەقاڵەکە
بە کیلۆ خەم دەکڕێ و دەیخوات
ئەو بە فرمێسک ، فەرش و قاپەکان دەشوات
بە پەڕۆی خۆزگە خەونەکانی
گەردوو تۆزی شووشەی پەنجەرەکە لا دەبات
بە کڵپەی ئاگری ناخی خواردن لێدەنێت
کەلوپەلی نێو کەوەنتەرەکەشی ماتن
کە ڕۆژانە .. گوێیان لە ئاهوو داخی دەبێت
دیوارەکان نەفرەت لە خۆیان دەکەن
کە دەبینن
وەستاون لە جێی خۆیان هیچیان بۆ ناکرێت ..!
بەر لەوەی باس لە ناوەڕۆک و مەبەست و زمان و دەستەواژە شیعریەکانی ئەم دەقە بکەین ، بە پێویستی دەزانم بۆ وە بیرهێنانەوەی خوێنەر باسی بابەتێکی گرینگ بکەم ئەویش ، بابەتی ( شیعر و گێندەر .. ڕەگەز ) واتە پەیوەندی شیعر و ڕەگەز یان ( ئەدەبی ژنانە و ئەدەبی پیاوانە ) ، ئێمە لە زۆر شوێن لە نیو کتێب و وتار و دیمانەکانمان ، ئەم پۆلینکردنەی شیعرمان بە ناوی شیعری ژنانە و شیعری پیاوانە ، یان پۆلینکردنی شیعر لەژێر هەر کاریگەریەکیتر بێت بۆ نموونە ( ئەدەبی کرێکاری ) یان ( ئەدەبی نەتەوەیی ) یان ( ئەدەبی ئیسلامی ) هەتادوایی ، هەموو ئەم پۆلین کردنانەمان ڕەت کردۆتەوە ، بە هۆکاری کە ئەدەب و شیعر بوونێکی گەردوونییان هەیە و هاوتەریبن لەگەڵ ژیان و بەها مرۆیی و مرۆڤایەتیدا ، ناتوانین بەهیچ هۆکارێکی رەگەزی یان ئایینی یان ئایدیۆلۆژی ، ڕووبەرە گەردوونیەکەی بچووک بکەینەوە و چوارچێوەو بازنەیەکی بە دەوردا بکێشین . بۆ نموونە شاعیرێکی ئافرەت وەک دەنگێکی مێ دەتوانێت هەست و خەون و خەمەکان و خۆزگەکانی خۆی بە زمانی شیعری بەرجەستە بکات بەبێ ئەوەی بڵێین ژنە شاعیر یان ئەدەبی ژنانە بۆ شاعیرێکی پیاویش بە هەمانشێوە ، ئەوەتا ئەم شیعرەی خاتوو ئیمان نموونەیەکی زیندووە بۆ ئەو قسەو بیرکردنەوانەی ئێمە ، کە بە زمانێکی شیعری نایاب و پڕ چێژ و ئیستاتیکا ، خەمە کچانەییەکان و مێیینەیی خۆی دەربڕیوە ، مامەڵەی لەگەڵ خەم و خەون و خۆزگە سەربڕاوەکانی خاتوونێک کردووە ، کە لە چوار چێوەی چواردیواردا ڕۆژانە ئازار و خەمەکانی خۆی دەنووسێتەوە ، مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلەکانی چێشتخانە و کارەکانی چێشت لێنان و پاککردنەوە و حاجات شۆردن و ئەوکارە ڕۆژانەییانەی کە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان تەنها بەکاری ئافرەت داندراون و ناوبراون ، بە زمانێکی چەند شاعیرانە و بە ئیستاتیکایەکی چەند نایاب دەڵێت : بە پەڕۆی خۆزگە و خەونەکانی گەردوو تۆزی شووشەی پەنجەرەکە لادەبات ، یان بە کڵپەی ئاگری ناخی خواردن لێدەنێت ..! بەڕاستی جوانکاری و داهێنانی گەورە لە پشتی ئەم دەستەواژە و ڕستە شیعرییانە دەبیندرێن ، خەم و هەستێکی ژنانە ، بەکارهێنانی وشەکان لەشوێنی گونجاو و واتادار ، ئیدی گەر بەم شیعرە بڵێین شیعری ژنانە ،، ئایا بچووک کردنەوەی ڕووبەری شیعر نییە ؟ ئایا دابڕانی شیعر نییە لە ڕووبەرە گەردوونیەکەی ؟ ئیدی لە کۆتایی ئەم کۆپلەیە خەمەکان و نائومێدییەکان قووڵتر پێشان دەدات بەوەی : دیوارەکان نەفرەت لە خۆیان دەکەن کە تەنها سەیرکەرن و هیچیتر ، واتە بەهۆی ئەم ستەم و چەوساندنەوەیەی سەر ژنان و ئەم ناهەقی و نابەرابەرییە دیوارەکانیش خەمبار و نائومێدن ..! هەر لە درێژەی گێڕانەوەی ئەم چیڕۆکە تراژیدییە لە شوێنێکی تر دەڵێت :
تەنیایی بە تاڵەکانی پرچیا هەڵواسیوە و
بێتاقەتی دەهۆنێتەوە
گۆڕستانێک لە چاوەکانیەتی و بە سەدەیەک بەهار
دیارە ئەم خاتوونە هەر پارچەیەک لە جەستەی یان هەر ئەندامێک لە لەشی هێما و دەربڕی خەمێکی گەورەن ، خودی ئەم خاتوونەش هێمایە بۆ ژن یان جنسی مێینە ، ئەوەتا تەنیایی بە تاڵەکانی قژی هەڵواسیوە و چاوکانیشی گۆڕستانێکن بە سەدەیەک بەهارەوە ، لێرەدا پارادۆکسێکی ناوازەی لەنێوان دوو چەمکی هاودژ و داهێناوە ، دوو چەمکی ناتەبای پێکە لکاندووە لە وێنەیەکی شیعری جوان بۆ مەبەستێکی تایبەت ،، گۆڕستان و بەهار ، نائومێدی و ئومێد ، مردن و لەدایکبوونەوە ! .. گۆڕستانێک لە چاوەکانیەتی و بە سەدەیەک بەهار ! دەربڕینێک و ڕستە و دەستەواژەیەکی شیعری جوان پڕ هارمانیا و پڕ مانا و مەبەستی گەورە . شاعیر بە هەستێکی مرۆییانە خەمەکان بە ڕەهەندی جیاواز لە ئاستێکی بەرین باس دەکات لە دەرگای زۆرێک لە خەمەکان دەدات بە هەوراز و نشێوەکان دەڕوات تا لە کۆتایی دەقەکە دەڵێت :
هەرخۆی شانۆکار و سیناریست و دەرهێنەر
ڕۆڵی بوون و نەبوون دەگێڕێت
ئومێدێک لە پشتی ڕەشی چاوەکانیەوە پرشنگ دەدات
بەو هیوایەی ڕۆژێک لە جێی خۆر
ژیان هەڵبێت ..!
لە دیماهی ئەو شیعرە ، ڕۆڵی ئافرەت و جنسی مێیینەمان لەنێو ژیان و گەردوون بۆ ڕەسم دەکات ، کە ئافرەت سەرچاوەی ژیان و بوونە ! هەر خۆی خوڵقێنەر و بکەر و بزوێنەری ژیانە ،، نەک هەر ژیان بەڵکو مردنیش ، واتە ( بوون و نەبوون ) هەرخۆی هەموو شتێکە بە مردنیشەوە ، لێرەش پارادۆکسێکی نایاب لە نێوان بوون نەبوون یان مردن و ژیان وێنا کراوە ، کۆتاییەکەش بە ئومێدێکی گەورە کۆتایی پێدەهێنێت ، بەو هیوایەی ڕۆژێک لە جیاتی خۆت ژیان هەڵبێت ..! ئەم ئومێد و هیوایەش هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان . جوانی ئەم دەقە لەوەدایە بە هەستێکی مێیینە داپۆشراو و بە هەستێکی گەورەی مرۆیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری و ئیشکردنێکی تۆخ لەسەر پارادۆکس و چەمکە دژەکان ، خودی جەستەی دەقەکە پارادۆکسێکی گەورەی تیایە ئەویش ئەوەیە ، هەموو دەقەکە لەسەر نائومێدی ئیش دەکات بەڵام لە کۆتایی ئومێدێک و خۆزگەیەکی گەشمان دەخاتە بەردەم هیوا دەخوازی ڕۆژێک لە جیاتی خۆر ژیان هەڵبێت …!

                                                    ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣

                            ماویەتی

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish