عەشق / لەنێو سێبەری مردن و                            
 لەنێو بازنە شینەکانی شێتبوون دا
 ترسناکترین وشەی دۆزەخی و
 بێهوودەترین ڕەنگی لێوەکانی خۆرنشینە
 کە / جۆگەلەی ئاگر بەژێر پیتەکانیدا دەڕوات  
 دارمێوێکە چوار وەرزی ساڵ 
 هێشوە ترێی تەنیایی دەگڕێ
 لە نیوان بۆشایی پیتەکاندا
 زیندانێکی گەورە هەیە
 لە ناوەڕاستی یەکێک لە ژوورەکانیش
 پەتێکی ئەستوور هەڵواسراوە
 عەشق / خەونەکانی پڕ کردووم لە فۆبیا
 چاوەکانم پڕ لە بەفر و
 سییەکانیشم پڕ لە با
 عەشق / هاواری شەپۆلەکانە 
 لەناو بێدەنگی سروشتدا
 تاڤگەی زەردەخەنەیە 
 لە لێواری ڕووباری تووڕەبووندا
 جەستە تێکشکاوەکەی وەهمە 
 لەنێو خەیاڵی جەلادێکی دڵ مردوودا 
 ( ع .. ە .. ش .. ق )
 ع / عەنکەبووتێکە یەکبەیەک دەمارەکانی عاتیفە 
      دەقرتێنێ 
 ە / ئەستێرەیەکە پڕ لە وردە گەڵای نائومێدی و
     پڕ لە کولیکە سوورە و حاجیلۆکە قژ زەردەکانی 
     خۆکوشتن
 ش / شەوێکی تەماوی و تاریکە 
       وەک شەوە ڕەشەکانی بەر لەدایکبوونی خۆرەتاو
 ق / قوڕقوشمێکی ژەهراوییە 
      بەقوڕگی ژیان دەچێتە خوارەوە
 عەشق / ژیان و مردنە لەنێو سەدەفی ڕووناکیدا
         مردنی ڕووناکییە لەنێو سەدەفی ژیاندا
         ڕووناکی ژیانە لەنێو سەدەفی مردندا 
 لەگەڵ ئەوەش / سیحراویترین و ئایرۆنیترین
  پارادۆکسی ئەم وشەیە 
 لەوەدایە 
 گەر عەشق نەبێ 
 ڕووبارەکان و
 درەختەکان و
 کاتژمێرەکان / هەموویان دەمرن
 شیعریش وەک کچۆڵە نامرادەکان 
 ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدا
 گەر عەشق نەبێ
 ئەستێرەکان و 
 باڵندەکان و 
 باخچەکان / هەموویان دەمرن
 پەپوولەکانیش بێماڵئاوا گوڵەکان لەنێو مەرکانەکاندا 
 بە تەنیا جێدەهێڵن
 گەر عەشق نەبێ 
 ئاگر و 
 ئاو و 
 ئەستێرەکان / هەموویان دەمرن
 سپیدەش لە گۆڕستانی نێو دارستانێک دا
 لە سەعات بیستوپێنجی مردنی کات
 بەدیار مەرگێکی ناکام
 هێدی هێدی / بەستە لاوژەییەکانی 
 دەست پێدەکاتەوە
 گەر عەشق نەبێ
  ژیان و سروشت و سەوزایی
 قەڵەم و شیعر و خەون 
 دواجار …
 ئێمەش / هەموومان بەیەکەوە دەمرین …!
   سیپتەمبەری ٢٠١٩
  ناڵە حەسەن

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن )
-	ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە 
گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . 
- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە .
- دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ 
- ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . 
- یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) 
- ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە .
- لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە .
- یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت .
- لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت .
- بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) .
- لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون .
 
( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون 
١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم )     ١٩٩٣ شیعر 
٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح )     ١٩٩٦ شیعر 
٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو )     ١٩٩٩
٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر )     ٢٠٠٣ شیعر 
٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن )    ٢٠٠٧ شیعر 
٦/ ( نەرسیسیزم )    ٢٠٠٦ وەرگێڕان 
٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون )    ٢٠١١ لێکۆڵینەوە
٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی )    ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە 
٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە )    ٢٠١٤ شیعر 
١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە 
چاپی ئەنتەرنێت .
١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر )    ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە .
١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان .
١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن )   ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن )
چاپی ئەنتەرنێت .
١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن )  شیعر ٢٠١٩
١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم )   ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) .
١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر )   ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە  .
١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا )   ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە .
١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە )   ٢٠٢١  شیعر .
١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە )   ٢٠٢١  شیعر .
٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت )   ٢٠٢١  وردە شیعر .
٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم   ٢٠٢١  شیعر .
٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم  ٢٠٢١ شیعر ،
ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ .
١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین )  .. لێکۆڵینەوە .
٢/ ( خەونی من )  ..  شیعر 
٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن )  .. شیعر .