
کاتی خستنەڕووی مەرجەکانە.. دژوار عەبدولقادر
ئیسرائیل بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بە پشتیوانی ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و لە بێدەنگی و پێخۆشبوونی بەشێکی وڵاتانی عەرەبی، هەردوو ملیشیای وابەستەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە غەزە و لوبنان لە پەلوپۆ خست و گەڕاندووەتەوە قۆناغی گاگۆڵەی دوا تەمەن. هەنووکە شەڕەکە لەسەر حوسیەکانە، تا لەپەلوپۆیان بخات. ئەوەتە چەند ڕۆژێکە ئەمریکا باشی لێ هەڵپێچاون و بە گوفتار پێیان دەڵی خاک و خۆڵتان لە تورەگە دەکەم، ئەگەر لەو سەمایەی خۆتان بە دوزەلەی ئێران بەردەوام بن، هەر ئەوەندەش نە، بە ئاشکرا بە ئێرانی گوت، هەر جووڵەیەکی حوسییەکان دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانانی، ئێران بەبەرپرسیار دەزانێ و بۆیان خراپ دەبێت.
لەم نێوەندە دەبێت عێراقیەکان لە کرۆکی پەیامەکان بگەن کە ناوە ناوە بەرپرسانی ئەمریکا ڕاستەخۆ پێیان ڕادەگەیەنن، ئەگەر ئەوە نەکەن کە دەیەوێ، لە دوای حوسییەکان نۆرەیان دێت، بە هاتنی نۆرەی ئەوانیش شەڕ دەگاتە سەر سنوورەکانی ئێران کە حەتمەن پڕیشکی ئەو شەڕە ئەویش دەگرێتەوە. هەن دەڵێن ئێرانییەکان زیرەکن و دەتوانن برینی خۆیان تیمار بکەن، ئەو تیمار کردنە هەروا بەو ئاسانییە بە دی نایەت، بەڵکو دەبێت دەستوورێکی نوێی بۆ بنووسرێتەوە و دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن و واقیعیەتی پێکهاتەی ئێران لەبەرچاو بگیردرێت.
ڕاستە سەرۆکی ئەمریکا و زۆربەی تیمەکەی بە چاوی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکەن کە ئەنجام هەر وابووە و هەر وادەبێت، بەڵام ئەگەر بازرگانیش بن، خۆ لەسایەی ئەو سیستمە کە ئەوان بە پەنجەشێری جەستەی ناوچەکە وەسفی دەکەن، بازرگانییەکەیان مەیسەر نابێت. واتە لەپێناو ئەو بازرگانییەی دەیخوازن، دەبێت نەخشەی ناوچەکە بگۆڕن، وەک ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناوە ناوە پاتەی دەکاتەوە. یەکێک لەو کارێکتەرانەی ئامادەیە و جیهانیش قەرزاریەتی، گەلی کوردستانە، چ بەو غەدرەی لە ئەنجامی شەڕی یەکەمی جیهان لە جەستەیان دا، چ بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە بەریکەوتووە. کەواتە سەرکردایەتی سیاسی کورد نابێت چیدیکە خۆی بکاتە دینگەی ڕاگرتنی وڵاتێک کاتێک دەستی خۆی دەبینێ، بێجگە لەوەی کۆمەڵێک ناتۆرەت بۆ دروست دەکات، بە هەموو جۆرە چەکێک، تا بەچەکی برسیکردن ڕادەگات شەڕی دەکات و خاک و سامانی داگیر دەکات. بۆیە لەو دەرفەتەی هاتووەتە پێش، دەخوازێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە یەکگرتوویی مەرجەکانی خۆی لەسەر مێزی بەرپرسانی عێراق دابنێت کە نایەوێ بەهۆی ڕەفتار و کرداری ملیشیایەک کە هیچ خێری بۆ عێراقی فیدراڵ نییە، خەڵک و ئەو پەیڕەوەی سیستمی عێراقی نوێی لەسەر بونیادنراوە، دووجاری داڕمان بێت و باشووری کوردستانی پێوە بسۆژێت، چونکە وەک گوتم ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر مافەکانی نەیەتە وەڵام، سبەینێ هیچ سوودی نابێت، نەخاسمە هەر لەسەردەمی سیستمی پاشایەتییەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، جۆرەها ئەزموونی لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە هەیە و هەمووی لەگەڵیدا تاقیکردووەتەوە، تا رادەیەک ئەوە بۆ پارچەکانی دیکەش دروستە و نابێت بە کزە بایەک کە بەرەنجامی باهۆزە گەورەکەیە، سنگی خۆیانی لێ بکەنەوە و بەناوی برایەتی خۆشحاڵی خۆیان نیشان بدەن، هاوکات لەوبارەوە ئەزموونیشیان هەیە، بۆیە کاتی خستنەڕووی مەرجەکانە، بەمانایەکی دیکە دەبێت ئەوە بە ڕاشکاوی لەگەڵ دۆستەکان بخرێنەڕوو، بەتایبەتی خۆشیان زۆرجار ئەگەر بۆ دڵدانەوەش بێت، ئەوەیان راگەیاندووە کە کورد باشترین دۆست و هاوپەیمانە؛ ئەوەس بەو مانایە دێت کە دەتوانێ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان بکات.