کوڕە کەڕ و لاڵ.. نەوزاد بەندی
کوڕە گەورەکەم، حاڵەتی ئۆتیزمی هەیە، هەر ئیشێکی ماڵمان هەبێ، ئەڵێ بابه کوڕە کەڕ و لاڵ بانگ بکە..!
ئەڵێم کوڕم! نابێ پێی بڵێی کوڕە کەڕ و لاڵ،.. عەیبە ..پێی ناخۆشە..
ئەڵێ :ئەی خۆ گوێی لێ نییە، ئیتر چۆن پێی ناخۆشە..؟
ئەڵێم : ئەگەر گوێیشی لێ نەبێ، ئەبێ ڕێزی لێبگرین..پێی بڵێ وەستای سەتەلایت و کارەبا ..
لە ڕاستیدا هۆکاری هۆگربوونی کوڕەکەم بەو وەستای سەتەلایت و کارەبایە، ڕێز و هێمنیی و ڕەوشتی بەرزێتی .. پێشتر کە وەستایەکمان بانگ ئەکرد، پێش خۆمان دەردەپەڕییە ژوورەوە، بە پێڵاوەوە،فەرش و دار و بەری پیس ئەکرد، دانەیەکمان لێ وون بوو، لە موساعید مەتبەخ دۆزیمانەوە، ئەیووت بزانم ئەمڕۆ بە نیازن چی بخۆن .. دانەیەکی تریان خۆی کردبوو بە ژووری کوڕەکەما، ئەیووت ئەم پلەیستەیشنەی تۆ زۆر خاوە، ڤێرژنەکەی بگۆڕە !
بەلام کوڕە کەڕ و لاڵ وەک ئەوان نەبوو، بە ڕێزەوە لەبەر دەرگا ڕائەوەستا، هەتا خۆمان پێش ئەکەوتین و ڕێگامان نیشان ئەدا، پێڵاوەکانی لە دەرەوە دادەنا و سەری دادەخست و بە ڕێز و حورمەتەوە هەنگاوی دەنا ..
هیچ گلەیی و گازندەیەکی نەبوو، بە هێمنیی کارەکەی جێبەجێ دەکرد..لێی نەدەکردیت بە کۆڵی شێر، منەتی دنیای بەسەردا نەدەکردیت، کە ئەمووت ئەو قاعیدەی گڵۆپە، یان ئەو ئێڵ ئێن بییە کۆن بووە، بۆچی نایگۆڕیت ؟ ..لەگەڵ ئەوەی کە بیگۆڕیایه قازانجێ خۆی تیا بوو، بەڵام بە ئاماژە ئەیووت پێویست ناکا، هیچ عەیبی نییە . .ئەوە لە کاتێکدا وەستاکانی تر بێ پرسی خۆت قاعیدەی گڵۆپ و ئێڵ ئێن بی بۆ ئەگۆڕیت و پارەیەکی زۆری لەسەر حیساب ئەکردیت.
ئەم کوڕە کەڕ و لاڵە، دوای ئەوەی ئیشێکی تاقەتپڕوکێنی لە کارەبا و سینی سەتەلایتەکەدا ئەکرد، نرخێکی زۆر کەمی داوا دەکرد .. ئەمووت کەمە .. بە ئاماژە ئەیووت نا نا.. من تەنها حەقی خۆم وەرئەگرم لەوە زیاتر حەرامە ..
کاتێ داوەتم ئەکرد بۆ نانی نیوەڕۆ، قبوڵی نەدەکرد و به زمانی ئاماژە تێی دەگەیاندم کە ناتوانێ و کاری هەیه ..لە کاتێکدا دڵنیا بووم هیچ کارێکی نەبوو، دڵنیا بووم زۆریش برسی بوو، بەڵام حەزی نەدەکرد ئەرکێکی زیاترم لەسەر دروست بکا و پارەی زیاترم پێ خەرج بکات.
کوڕە ئۆتیزمەکەم، لە کاتی تێکچوونی گەرمکەر و گیزەر و هەموو ئامێرێکی تری ماڵەکەماندا، یەکسەر ئەیووت باوکە، بڕۆ کوڕه کەڕ و لاڵ بانگ بکە با بۆمان چاک بکاتەوە ..
ئەمووت کوڕم، ئەو وەستای کارەبا و سەتەلایتە، لە گەرمکەر و گیزەر و ئامێرەکانی تر نازانێت ..
ئیتر هەم کوڕە ئۆتیزمەکەم و هەم خۆیشم زۆر ئاڵودەی ڕەوشتی بەرز و پیشەگەریی و شارستانیی کوڕە کەڕ و لاڵ بوو بووین ..چی وای لەم کوڕە کردووە لە ئەلفەوە تاکو یاء لە ئێمە جودا بێ؟ چی وای لێکردووە چاو و ڕاو و دزی و درۆ و فێڵ و ساختەچێتیی نەزانێ ؟ چی وای لێکردووە دەستی دەستیت پێ نەکا و مێشکێت لێ نەگا بە گامێشێک و پارەی زیادەت لێ وەرنەگرێت ؟ چۆن ئەم کوڕە دوور کەوتۆتەوە لە شەڕ و مۆڕە و سوکایەتیی و بێ ڕێزیی و پۆزلێدان و کاتکوشتنی موشتەرییەکانی ؟ چۆن لەناو ئەم میللەتەدایە و هیچ شتێکی لەم میلەتە ناچێ ؟ بۆچی فزوڵییەت و چاو و ڕاو و سیخوڕیی و چاوحیزیی و هەموو سیفەتە ناشیرینەکانی تیا نییە؟ بۆچی لە ژێر پەردەی دین و ناسیاویی و متمانەدا، هیچ جۆره شمشێر و خەنجەرێکی حەشار نەداوە بیدات لە قوربانییەکانی ؟
وەڵامەکەی زۆر ئاسانە ..
چونکە ئەم کوڕه کەڕ و لاڵە.. هیچ جنێو و فێڵ و فڕ و داو و تەڵە و فاک و فیکێکی خەڵکەکە نەچووە بە گوێچکەیدا .. هیچ زوڵم و ناپیاویی و نامەردیی و ناکەس بەچەییەکی نەبیستووە و نەچۆتە ناو هەست و هۆشیی و لاپەڕەی ویژدانی پیس نەبووە .. وانەکانی دزیی و دەستبڕین و کاتکوشتن و سوکایەتیی و بێ متمانەیی و تێرنەخواردن و چاوچنۆکیی و حیزفرسەتیی وەرنەگرتووە .. کۆرسەکانی خۆخۆریی و براکوژیی و کێبڕکێی ناشەریفانە و حیزبایەتیی و بنەماڵەیی و تیرەگەریی و لووتبەرزیی وەرنەگرتووە .. زانکۆ و پەیمانگاکانی خۆپەرستیی و فشکەریی و پۆزلێدان و کافریی و مونافیقیی و خۆ دەوڵەمەنکردنی خێرا و زۆڵێتییدا نەخوێندووە..
هەر بۆیە خۆم و کوڕە ئۆتیزمەکەم، عاشقی ڕەفتار و هەڵس و کەوت و ڕەوشتی کوڕە کەڕ و لاڵەکە بوو بووین ..
بە جۆرێک هەردووکمان حەزمان ئەکرد ئێمەیش کەڕ و لاڵ بووینایه بۆ ئەوەی وەکو ئەو بە جوانیی و پاکیی و متمانە و پیشەگەریی بماینایەتەوە ..
لە کۆتاییدا چارەسەری دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کوردم دۆزییەوە .. بەڵێ .. پێویستە کار بەدەستانی کورد ، کەڕ و لاڵ بکرێن و لەبەردەم ئەو وەستایەدا بکرێن به شاگرد بۆ ئەوەی فێری ئەدەب و وەفا و پاکیی و چاکیی و خۆنەویستیی و پیشەگەریی ببن .. پێویستە لەسەرەوە بۆ خوارەوە، سەرۆکی حوکمەت و وەزیرەکان و سەرۆک حیزبەکان و بەڕێوەبەره گشتییەکان هەتا بچوکترین کاربەدەست و خاوان پیشەو بازرگانی ئەم کۆمەڵگایه، کەڕ و لاڵ بکرێن و .. کۆرسێک لەلای کوڕە کەڕ و لاڵ بخوێنن.. کۆرسێک لەسەر چۆنێتیی گەڕانەوە بۆ مرۆڤایەتیی و پێکەوە ژیان و وازهێنان لە لوتبەرزیی و خوێنمژین و گیرفانبڕینی یەکتریی ..کۆرسێک لەسەر ڕێزگرتن و بە هەند وەرگرتنی بار و دۆخی هەژاران و نەدارانی کۆمەڵگا .. کۆرسێک لەسەر ئەوەی ئەوەندەی کارەکانمان مافمان هەبێ و .. سامان و داهاتی گشتی لەسەر خۆمان و ماڵ و مناڵمان تاپۆ نەکەین ..
ئای چەند پێویستمان بەوەیه کوڕە کەڕ و لاڵ یەک بە یەکمان هەڵوەشێنێ و .. بۆگەناوی ناخمان ڕابدا و .. کەڵبە ناشیرینەکانمان لێبکاتەوە و.. دڕکی ڕق و ئێرەیی و خۆخۆریی و چڵێسیی دڵ و دەروونمان بژار بکات و .. بمانکات بە کەسانێکی نۆرماڵی وەکو خۆی ..
