Skip to Content

بۆچی (داهێنان، یاخیبوون و ژن)؟.. نە‌وال ئەلسە‌عداوی.. وە‌رگێڕان/ رۆزا حە‌مەساڵح

بۆچی (داهێنان، یاخیبوون و ژن)؟.. نە‌وال ئەلسە‌عداوی.. وە‌رگێڕان/ رۆزا حە‌مەساڵح

Closed
by شوبات 3, 2023 General, Opinion, Women

ئەم سێ وشەیە؛ داهێنان، یاخیبوون و ژن، لای زۆرێک لە پیاوانی جیهان، نەک بە تەنها پیاوانی عەرەب، بگرە لای هەندێك لە ژنانیش دەبێتە هۆی توڕەبوون یان لانی کەم دڵەڕاوکێی، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی سیستەمی کۆیلایەتییەوە، ئەم سێ وشەیە پەیوەست کراوە بە ئەهریمەنەوە، کە هۆکاری سەرپێچی و یاخیبوون و هاندانی ژنانە بۆ گوناهکردن، یان وەرگرتنی مەعریفە.
پەیوەندییەک لە نێوان داهێنان و زانین (گوناهکردن)دا هەیە، یاخود هۆشیاريی بوون بەو نادادپەروەريی و ئەو جیاکارییەی لە نێوان مرۆڤەکاندا دەگوزەرێت. نەزانین فەزیڵەت بوو (ئێستاش هەروایە)، لێرەوە پەیوەندیی نێوان یاخیبوون و داهێنان و هۆشیاريی دێتە ئاراوە. یەکەم داهێنەر و یەکەم یاخیبوو لە مێژوودا ژن بوو، چونکە لە یاخیبوون و بەدەستهێنانی زانیندا، پێش پیاوە‌كە‌ی كە‌وت، ئەگەر داهێنان و یاخیبوونی ژن نەبووایە، مرۆڤ و مرۆڤایەتی بوونی نەدەبوو.
ئەگەر لە سەرەتاوە داهێنان و یاخیبوونی ژنان نەبووایە، ئێمە نەدەبووین و نەدەهاتینە بوون، کەواتە بۆچی ئەم سێ وشەیە، ئەم هەموو ناڕەزایەتی و توڕەیی و دڵەڕاوکێیەی لێدەکەوێتەوە، کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە و لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە سیاسییە ئایینییە “فەندەمێنتاڵەکان”، ئیتر چ ئیسلامی بێت، یان مەسیحی، یان جوولەکە، یان هیندۆسی، یان بودایی ….هتد، تا دێت زیاتر دەبێت.
شتێکی سروشتییە، کە ئەو سیستمەی سیاسییەی لەسەر بنەمای هێز وەستاوە، نەك دادپەروەريی، پشت بە هێزێکی غەیبی ببەستێت، و “ئایین” وەك چەكێك لە دژی ژن و پیاوی کۆیلە بەكاربهێنێت، هەروەها کارێکی سروشتیشە، کە پیاوان و ژنانی چەوساوە، “ئایین” وەک چەکێک لە دژی حوکمڕانانی دەوڵەت، یان خێزان بەکاربهێنن، ئیتر بەپێی تێگەیشتنی هەر یەکێکیان بۆ مانای ئایین.

ئه‌مه‌ ئه‌و ململانێیه،‌ که‌ تاکو ئه‌مڕۆ تێیدا ده‌ژین، ململانێیه‌ک هێندەی کۆیلایەتیى کۆنە، ململانێیه‌کی مۆدێرنیشە، که‌ له‌گه‌ڵ گەشەسەندنی سیسته‌می سیاسی و ئابوری و کلتوری و میدیا، گه‌شه‌ده‌کات.

١/ وێرانکردنی عەقڵ:

سەردەمی مۆدێرن و سەردەمی پاش مۆدێرن بە پێشکەوتنی کەرەستەکانی ڕاگەیاندن و هۆکارەکانی پەیوەندی جیادەکرێتەوە، کە بە سەردەمی زانیاريی ناودەبرێت، لەم سەردەمەدا چەکی ڕاگەیاندن زۆر مەترسیدارترە لە چەکی سەربازيی. چونکە وێرانکردنی عەقڵ، یان هۆشیاريی ساختە زۆر مەترسیدارترە لە وێرانکردنی باڵەخانە و دام و دەزگاکان. وێرانکردنی عەقڵ وا لە مرۆڤ دەکات (ژن بێت، یان پیاو) لە هاوڕێی خۆی بدات لە بری ئەوەی لە دوژمن بدات، میللەت لە رێگای ڕاگەیاندنەوە چەواشەدەکرێت بەوەی کە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی بووەستێتەوە.

وێرانكردنی عەقڵ وا لە ژن دەکات کە باوەر بە بیری کۆیلایەتی بهێنێت، دەکرێت بە ئامرازێک بە دەست پیاوێکەوە یاخود هاوسەرەکەی، لێیبدات و سوکایەتی پێبکات و لە کارەکردندا لە ناو ماڵ و لە دەرەوەی ماڵیش وەک کۆیلە لێیبڕوانرێت، لەژێر ناوی ئایین و کولتور و ناسنامە و ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەريی … هتد.

سروشتی مرۆڤ وایە ئیدی (ژن بێت، یان پیاو) یاخیببێت و دژی یاساکانی نادادپەروەريی ڕاپەڕێت، بەڵام وێرانکردنی عەقڵ وا لە زۆرێک لە ژنان دەکات، کە قبوڵی ئەو ستەمانە بکەن کە لێیان دەکرێت، وەک ئەوەی یاسایەکی خودایی، یان سروشتی بێت، کە لەگەڵ سروشتی ژنانەدا ڕێکبکەوێت، هەر بۆیە بە پێی ئەو یاسایە ژن نابێت شۆرش بکات، یاخود یاخی ببێت، هەندێ جاریش دەبێت گۆێڕایەڵی دۆخی ژیانی بێت و ستەم و لێدانیش قبوڵبکات، و تەنانەت ئەگەرلەو پێناوەشدا مردبێت نابێت بەرگريی لە خۆی بکات.

چەند ڕۆژێک، یان هەفتەیەک لەمەوبەر لێرە لە قاهیرە، دوو کچ لە بیستەکانی تەمەنیاندا خۆیان کوشت، ئەو دوو کچە گیانی خۆیان کردە قوربانی ئەو بیرۆکانەی، کە بەتەواوی عەقڵییەتیانی وێرانکردبوو، گوایە دەموچاوی ژن عەورەتە و دەبێت بە نیقاب داپۆشرێت، هەروەها گوێڕایەڵیی ژن بۆ پیاو ئەرکێکی ئایینییە، تەنانەت گەر ئەوە پاڵنەرێکیش بێت بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت.

کاتێک ژن دەبێتە دژی خۆی، ئێمە دەبێت چی بکەین؟ ئەمە یەکێکە لەو کارە سەختە گرنگانەی کە ڕووبەڕووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنان لە تەواوی جیهاندا دەبێتەوە، بە تایبەتی لە وڵاتە عەرەبییەکاندا، نەک لەبەر ئەوەی لە ناو ئایینی ئیسلامدا ژنان زیاتر دەچەوسێنەوە، یان ئایینێکە دیموکراسیی تێیدا کەمە، یاخود لە چاو ئایینەکانی تردا زیاتر بێتوانایە لە گەشەکردن، وەک ئەوەی هەندێک لە بیرمەندانی ئەوروپی و ئەمریکی بانگەشەی دەکەن؛ بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە کە وڵاتە عەرەبییەکانمان بۆ چەندین سەدە کەوتنە ژێر هەژموونی کۆلۆنیالیزمی دەرەکی و ستەمکارە ناوخۆیەکانیانەوە، ئەمەش وای کرد کە ئەو پەرەسەندنە سروشتییە سیاسيی و ئابووريی و کۆمەڵایەتيی و کولتورییەی تێکبدات، کە لە وڵاتانی دیکەدا ڕوودەدات. ئەمڕۆ وڵاتە عەرەبییەکانمان بەدەست داگیرکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عێراق و فەلەستین دەناڵێنن، هەروەها شەڕی دڕندەیی ئابووریی جیهانگیریی سەرمایەداری، کە بە ڕەهایی زۆرینەی ژنان و پیاوان و گەنجانی وڵاتەکانمانیان کردووە بە پەیکەرێکی بێڕۆح، کە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، هیچ هیوایەکیان بە ژیان نەماوە جگە لە کۆچکردن بەدوای کار و بژێوی ژیان، یان هەڵهاتن لە دەسەت سیستەمە دیکتاتۆریەکان.

٢/ فراوانبوونی چەمکی داهێنان:

داهێنان هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە، ژیانی سیاسيی و کۆمەڵایەتيی و کەلتوريی و ئاینيی. بزووتنەوەکانی ژنان لە جیهان و لە وڵاتانی ئێمەدا، تا ڕادەیەک گەشەیانکردووە تاوەکو لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکاندا هاوسەنگبن، هەروەها بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوور و کۆتوبەندانەی کە لە ڕابردوودا ھاوە‌ڵیان بوون.

بزووتنەوەکانی ژنان چیتر بە‌ تەنها لە ژناندا قەتیسنەبوون، بەڵکو پیاوانیشی لە خۆگرتووە،‌ کە شەڕی هەمان سیستەمی چینایەتیی پیاوسالاری و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەش دەکەن و بەرهەڵستی شەڕ و جیهانگیرین، ژنان لە هەموو بوارەکانی داهێنانی هزری و فەلسەفی و بە بواری ئایینیشەوە ڕۆڵی خۆیان ھە‌بووە‌، لێکدانەوەی ئایینی بۆ ئایەتەکان چیتر بە تەنها لە ناو پیاواندا قەتیس نییە، بە‌ڵكو ژنانیش ھاتوونە‌تە‌ ناو ئە‌م بوارە و داهێنانێکی نوێی هزريی لە لێکدانەوەی تەورات و ئینجیل و قورئان و کتێبە ئایینیەکانی دیکەدا هێناوەتە ئاراوە، پشت بە جەوهەری ئایین یان ڕۆحی دەق دە‌بەستن ، دە‌قە‌كان دە‌گێڕنە‌وە‌ بۆ کات و شوێنی خۆی و شیکردنەوە‌ بۆ هۆکارەکانی دابە‌زینی ئایە‌تە‌كان و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندييه گۆراوە‌كان بەسەر دەقە جێگیرەکاندا دە‌كە‌ن.

ژن بواری هزری تیۆريی تێپەڕاند بۆ بواری پراکتیک و کردار، ئەو توانی پێگەی خۆی لە ناو کڵێسادا داگیربكات، کە لە‌ رابردوودا تەنیا بۆ پیاوان سنوورداربوو، خۆ ڕەنگە بەم زوانەش گوێبیستی ئەوە بین، کە ژنێک پێگەی پاپا لە ڤاتیکان داگیربکات. ھە‌روە‌ھا ژنی موسڵمانیش توانیوێتی ڕۆڵی ئیمام ببینێت‌، خۆ ڕەنگە بەم نزیكانە‌ گوێبیستی ئەوەش بینن کە ژنێک پۆستی شێخی ئەزهەر وە‌ربگرێت، کە ئە‌مە‌ش دە‌كرێت بە هەڵبژاردن بێت، نەک بە دامە‌زراندن.

هەروەها ژنان توانیویانە‌ بڕۆنە‌ ناو گۆڕە‌بانی سیاسەتەوە و خۆیان بۆ سەرۆکایەتی دەوڵەت کاندیدکردووە‌، ئەم هەوڵانەش وای كردووە كە‌ مشتومڕ لەسەر تواناکانی ژنان درووستبكات کە پێشوتر بە تەنها بۆ پیاوان بە ڕەوا بینراوە، ئەمە‌ لە ئێران و جەزائیر و میسر و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامیش ڕوویداوە‌.

كارە‌كە‌ لە‌وە‌دا نییە‌ كە‌ ژن بێت یان پیاو، ئە‌وە‌ش بەس نییە كە‌ دە‌بێت مرۆڤ ژن بێت، بۆ ئە‌وە‌ی حاکمێکی دادپەروەربێت، نموونەی ژنان هەن كە‌ وەک مارگریت تاچەر یان کۆندۆلیزا رایس و نموونە‌ی دیكە‌ش کە بە‌ جە‌ستە‌ ژنن، بەڵام عەقڵێت و بیرکردنەوەیان جیاوازییەکی ئە‌وتۆی نییە‌ لەگەڵ عەقڵی جۆرج بۆش و دۆناڵد رامسفێڵد و ئە‌وانی تر.

لێرەدا گرنگیی داهێنان لە‌وە‌دایە،‌ کە سەرکەوتووبێت لە لابردنی پە‌ردە‌ لەسەر عەقڵی ژنان و پیاوان، ئەوا عەقڵییەتانەی کە بە هزری چینایەتيی کۆنەپەرستيی پیاوسالاريی وێرانبووە‌، ئیدی چ لە بواری سیاسيی بێت، یان ئابوريی، یان فەرهەنگيی یان ئاینيی و بوارە‌كانی تریشدا.

داهێنان ئە‌و كاتە سە‌ركە‌توو دە‌بێت كە بتوانێت سیستەمی باو و کۆنەپارێز و نۆرم و پرنسیپە کۆنەکانی کۆمەڵگە تێكبشكێنێت، سیستەمێکی نوێی پێشكە‌وتوخواز بهێنێتە ئاراوە كە‌ زیاتر دادپە‌روە‌رانە و ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانە بێت.

بەڵام هەمیشە قۆناغێک لە نێوان ھە‌ردوو سیستمە‌ی کۆن و نوێدا بوونی هەیە، قۆناغێکی گواستنەوەی پێویست، پشێويی، یاخیبوون، یان ئاژاوە لەخۆدەگرێت، ئەمەش ماوەیەکی کورتخایەنە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێ و گومان لە ناخی زۆرینەی مرۆڤەکاندا دەخولقێنێت، جگە لە ژن و پیاوە داهێنەرەکان.

ھێشتا وشەی یاخیبوون، یان ئاژاوەنانەوە وشەیەکی نێگەتیفانەیە، زۆرجار دەیبەسنەوە بە حاڵەتی شێتی، وەک چۆن داهێنان بەستراوەتەوە بە شێتییەوە، بە تایبەت لە دۆخی ژناندا؛ من لەو کاتەوەی دەستم بە پێنووسەوە گرتووە و دەنووسم لە دژی ئە‌و زوڵم و ستە‌مانە‌ی كە‌ لە‌ ژنان دە‌كرێت، بە كە‌سێكی شێت تۆمەتبار دەکرێم. چەند رۆژێك لەمەوبەر لە ناو پەرلەمانی میسردا یەكێك لە پیاوەكانی دە‌سە‌ڵات تەنیا لە‌ بە‌ر خۆكاندید كردنم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە شێت وەسفیكردم، لە‌ كاتێكدا وەسفی هیچ كام لە پیاوە كاندیدكراوە‌كانی تری بەم شێوەیە نەكرد.
ھە‌نوكە‌ بیردۆزی ئاژاوە بووە‌ بە بەشێک لە زانستی گەردونناسی نوێ، وە‌ عەقڵی مرۆڤ دركی بە‌وە‌ كردووە‌ کە سیستە‌می ناڕێک بەشێکە لە خودی سیستە‌م، وە‌ك چۆن شەو بەشێکە لە ڕۆژ، مردن بەشێکە لە سوڕی ژیان، شێتیش بەشێکە لە عەقڵ و داهێنان.

٣/ دیالەکتیک و پرسیاری نوێ:
لەگەڵ هەر داهێنانێکی نوێدا ململانێیەک لە نێوان کۆن و نوێدا درووستدەبێت، لە نێوان کۆیلایەتی و ڕزگاریيدا، لە نێوان ناداديی و دادپەروەریدا، لە نێوان لۆژیک و نالۆژیکیدا، نوێ سەردەکەوێت و عەقڵ زاڵ دەبێت بەسەر کارە نابەجێکاندا و پرسیاری نوێ و نامۆ دەردەکەون.
قۆناغەکانی ململانێ پێویستن، کارێکی ئەرێنین مادام ململانێکان دەبێتە هۆی دیالۆگ و مشتومڕ نەک هۆی کوشتن و خوێنڕشتن.

لەم دواییانەدا لە میسر مشتومڕ لە دەوری ئەو پرسیارەدا درووستبوو: ئایا دروستە ژن ببێتە سەرۆکی دەوڵەت؟ وەک هەمیشە پێشەواکانی ئاین دابەش بوون؛ شێخی ئەزهەر (دکتۆر: محەمەد سەید تەنتاويی) ڕایگەیاند: کە دروستە ئافرەت لە ئیسلامدا پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار وەربگرێت، لە کاتێکدا بەرێزی موفتی (دکتۆر. عەلی جومعە) ڕایگەیاند: کە ئیسلام بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ژنان نادات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک دەوڵەت، کاتێک لێیان پرسی: بۆچی؟ گووتی: بەهۆی سروشتی فیزیۆلۆژی ژنەوە، ئەوی لە کاتی سوڕی مانگانەدا پێوەی دەناڵێت!

ڕەنگە مامۆستای موفتی نەڕۆیشتبێتە گوندەکەی من، یان بۆهیچ گوندێکی دیکەی میسر، تا بزانێت سوڕی مانگانە لە خۆرهەڵاتن تا خۆرئاوابوون ڕێگری لە کارکردنی ژنانی جوتیار ناکات، بەڵکو ژنی جوتیار لە کاتی کارکردندا منداڵەکەی لەناو کێڵگەدا دەبێت، بە تەور ناوکەداوی منداڵەکە دەبڕێت، وێڵاشەکەی لە زەوێکەدا دەنێژێت، کۆرپەکەی دەخاتە ناو سەبەتەکەی سەر سەریەوە و لەسەر پێی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، تاوەکو ژەمی ئێوارە بۆ خێزانەکەی درووستبکات.

پرسیارێکی تر هاتە ئاراوە: ئایا درووستە ئافرەت بەرنوێژی (ئیمام) نوێژکەرەکان لە مزگەوتدا بکات؟ هەروەها لێرەشدا بۆچوونەکان دابەشبوون؛ زۆربەی پیاوەکان دژایەتیانکرد، هەروەها هەندێک لە ژنانیش، لەوانە دکتۆر سوعاد ساڵح، ڕاگری کۆلێژی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی ئەزهەر، گووتی: مەرجەکانی بەرنوێژیکردن لە ئیسلامدا بریتین لە عەقڵ و باڵغبوون و پیاوێتی؛ بۆیە درووست نییە ئافرەت بەرنوێژی بکات. بۆچی؟ چونکە جەستەی ژن لە کاتی کڕنۆش و سوجدە بردن لەبەردەم پیاواندا ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە پیاوان بوروژێن و کاری خراپەبکەن.
ئەم لۆژیکە لە سەر بیرۆکەی باڵاپۆشکردنی ژنان بۆ دوورکەوتنەوەیان لە فیتنە و خراپەکاریش دەگونجێت، وەک ئەوەی ڕەوشتی پیاوان ئەوەندە ناسک بێت کاتێک چاویان دەکەوێتە سەر دەموچاوی ژنێک، یان جووڵەی جەستەی ژنێک لەکاتی کرنوش بردندا توشی هەڵە دەبن. کەواته لێرەدا گرفتەکە لە ژنەکەدا نییە، بەڵکو ڕەوەشتی ناسکی پیاوانە، کە جنس و شەهوەت سەرقاڵی کردون تەنانەت لە کاتێکدا کە لە نوێژدان و لە بەردەم خودادا کرنوشدەبەن. هەر بۆیە وا باشترە چاکسازيی لە ڕەوشتی پیاواندا بکرێت، نەک ژنان دابڕێنن و لە پشتی پەردەوە بیانشارنەوە، یان ڕێگری کارکردنیان لێبگیرێت ئیدی لە هەر بوارێکدا بێت.

بەڵام سیستەمی کۆیلایەتی (چینی باوک سالاريی) لە سەرەتای درووستبوونیەوە تا ئەمڕۆ، خراپەکاری ئەخلاقی و جیاکاری جێندەری بەرهەم هێناوە؛ پیاو مافی خۆیەتی لە دەرەوەی هاوسەرگیری هەموو ئارەزووە سێکسییەکانی و ڕابواردنە زۆرەکانی جێبەجێبکات، بەبێ ئەوەی لە ڕوی یاسایی و ئایینی و نەریتییەوە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.
لێرەدا دەمەوێت باس لە ڕوداوێک بکەم کە لە ژیانی گەنجێکی میسریدا ڕویداوە، ئەو لە بواری هونەردا کاردەکات (ئەحمەد ئەلفیشاوی)، ئەو گەنجە ئامادە نەبوو کچەکەی بخاتە سەر ناوی خۆی، سەرەڕای دانپێدانانی بە پەیوەندی سێکسی نێوان خۆی و دایکی کچەکەی ئەندازیار (خاتوو هیند ئەلحناوی)، ئەو گەنجە سەرەڕای پێشێلکردنی بنەما بنەڕەتیەکانی ڕەوشت و چاکە، پەنای بۆ یاسا و شەریعەت و داب و نەریت برد.
هەزاران ژن لە وڵاتی ئێمەدا هەن، هەزاران منداڵیش کە بوون بە قوربانی خراپەکاريی ئەخلاقی پیاوان، ئەم جیابوونەوەی نێوان دەسەڵاتی پیاوسالاريی و بەرپرسیارێتييە، ئەم بۆشایە مەترسیدارە لە سیستەمی کۆیلایەتیدا کە تاوەکو ئەمڕۆش زاڵە، بە تایبەت لە ناو خێزانی پیاوسالاردا؛ کە تەنیا ناوی باوک تێیدا خاوەن شەرەف و ڕێز و کەرامەتە، لە کاتێکدا ناوی دایک هیچ شەرەف و ڕێز و کەرامەتێکی نییە. زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لەم کێشەیە دەربازبوون و منداڵ تێیدا مافی خۆیەتی ناوی دایکی هەڵبگرێت و هەمان ڕێز و شەرەفی لێبگیرێت وەک هەر منداڵێکی تر.

(٤) یاسای خێزانی باوکسالاريی
لە وڵاتی ئێمەدا یاسای خێزانی باوکسالاريی هەر وەک یاسایەکی کۆیلایەتی دەمێنێتەوە، تاوانبار لە”پیاو” ئازاد دەکات چونکە بەهێزترینە، سزای قوربانییەکان لە “منداڵ و ژن” دەدات چونکە لاوازترینن.
بزووتنەوەکانی ژنان لە وڵاتی ئێمەدا لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە تا ئەمڕۆکە شەڕی ئەم یاسایەیان کردووە، سەرەڕای ئەو هەموارکردنە کەمانەی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕوویانداوە، بەڵام کرۆکی یاساکە هێشتا هەر کۆیلایەتییە، لەگەڵ بنەماکانی ڕەوشت و دادپەروەریدا ناگونجێت، پیاوێکی پیر لە حەفتاکان یان هەشتاکانی تەمەنیدا دەتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی دیکە بکات و بە پارە لە بازاڕەکانی هاوسەرگیریدا بیکڕێت (بەپێی ئەو کاریکاتێرەی کە لە ڕۆژنامەی ئەلئەهرامدا لە ٦ی ئایاری ٢٠٠٥ بڵاوکرایەوە، کە تێیدا وێنای دوو پیاوی پیر دەخاتە بەر دیدەمان، پارەی پلەبەرزبوونەوەی موچەیان لە ١٥٪ وەرگرتووە، یەکەم بیرۆکەیەک کە بە خەیاڵایاندا هاتووە ئەوەیە کە هاوسەرگیريی لە گەڵ ژنێکی دیکە بکەن).

لە گەشتێکمدا بۆ وڵاتی جەزائیر، بۆم دەرکەوت کە بزووتنەوەی ژنانی جەزائیر بەم دوایيە سەرکەوتوو بووە لە هەموارکردنەوەی پانزە مادە لە یاسای خێزانی، سەرەڕای ناڕەزایەتی ڕەوتە ئیسلامییە فەندەمێنتاڵەکان، گرنگترینی ئەم هەموارکردنانە ئەوەیە کە مێرد مافی ڕەهای نەبیت بۆ جیابوونەوە و فرەژنی، چیتر ئەو مافەی نییە بچێتە دادگا و ئەم کارە بکات وەک چۆن هاوسەرەکەی ئەو مافەی نییە، هەروەها مێرد یان باوک چیتر سەرۆکی خێزان نییە، بەڵکو ئەندامانی خێزان بە پێی لێهاتوویی و ڕەوایی سەرۆک خێزانی خۆیان هەڵدەبژێرن ( ئیدی باوک بێت، یان دایک) نەک بەپێی ڕەگەز. ئەم دەستکاریکردنە زۆر گرنگە، چونکە بنا‌‌‌‌غەکانی دیموکراسی سەرەتایی لە ناو خانەی کۆمەڵایەتیدا خێزانە، دیموکراسی ڕاستەقینە ڕەفتارێکی مرۆڤە لە دایکبوونییەوە تاوەکو مردن ، تەنیا بڕیارێک نییە کە لە لایەن پەرلەمان یان سەرۆک دەربچێت، دیموکراسی تەنیا چوون بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان یان سەرۆک نییە، بەڵکو ئەوەیە مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە بتوانێت بە پراکتیزەکردن لە هەڵبژاردنەکانیدا ئازادبێت.

بزووتنەوەی ژنان لە میسر نەیتوانی شتێکی هاوشێوەی ئەو کارانە بەدەستبهێنێت کە بزووتنەوەی ژنانی جەزائیر بەدەستیان هێناوە؛ ژنانی جەزائیر شەڕی دژی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسایان کرد، لە خۆپیشاندانەکاندا دژی ڕەوتی ئایینی تیرۆریستی ڕژانە سەر شەقامەکان، ڕوبەڕوی مەرگ و سوتاندن و سەربڕین بوونەوە، بەڵام ئازایانە و بوێرانە بەردەوام بوون لە خەبات و تێکۆشان و درێژەدان بە داهێنانەکان لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوریدا؛ داهێنان بە بێ ئازایەتی نایەتە ئاراوە، ئەو بە خوێن و جەستەی خۆی باجی داهێنانی داوە؛ چونکە داهێنان باجی دەوێت، زۆر جار باجی گەورەشی دەوێت.
یاسای خێزانی باوکسالاری لە وڵاتانی عەرەبی ئێمەدا ئەو کۆڵەکەیە یان ئەو بڕبڕەی پشتەیە کە سیستەمی چینی باوکسالاريی جەختی لە سەر دەکات و دەمێنێتەوە، کە بە یەکسانی خەفەت بە ژنان و هەژاران دەدات، وە لە دەسەڵاتە ستەمکارە ناوخۆیەکان و هێزی کۆلۆنیالیزمی نێودەوڵەتیدا بەرجەستە بووە.

(٥) ئازادکردنی تاوانبار
لێرەدا ئەو بەرهەڵستييه بەهێزەی کە بەرامبەر هەر گۆڕانکارییەک لەم یاسایەدا ڕوودەدات، بە تایبەت لەلایەن ڕەوتە سیاسییە ئایينیە فەندەمێنتاڵەکانەوە؛ زۆرجار ئایینەکان خزمەت بە سیاسەت دەکەن، سیاسەتیش لە سەردەمی کۆیلایەتییەوە هەمیشە ئاغای بەهێز لە سەر حەق دەبینێت ئەگەر هەڵەش بکات. وەک چۆن تاوانبار لە ناو خێزانە بچوکە باوکسالارەکاندا ئازاد دەکرێت، بە هەمان شێوە تاوانبار لە ناو شانۆی سیاسی نێودەوڵەتیدا ئازاد دەکرێت.
ئایا جۆرج بوش یان ئیرێڵ شارۆن لەسەر تاوانەکانی جەنگ لە عێراق و فەلەستین و ئەفغانستان و چەندان وڵاتی دیکە دادگایی کران؟! جۆرج بوش (وەک فەرمانڕەواکانی دیکە) هێزی خۆی لە ڕەوتە فەندەمێنتاڵەکانی مەسیحی، جوولەکە، ئیسلامی و ڕەوتەکانی دیکەوە وەردەگرێت، بەرنامە سیاسییەکەی لەسەر بنەمای ئەوەیە کە ناوی دەنێت پاراستنی فێرکاریەکانی کڵێسا بە مەبەستی پاراستنی بەها و نەریتە خێزانییەکان.
لێرەوە لێکچوونی نێوان بەرنامەکانی جۆرج بۆش و ئوسامە بن لادن و دەسەڵاتی تاڵیبان و قاعیدە و هێزە ئایینیە سیاسیەکانی دیکە دەردەکەوێت کە لەگەڵ سەرهەڵدانی هێزەکانی سەرمایەداری و جیهانگیری نوێدا پێشکەوت. هەردووکیان (جۆرج بوش و بن لادن) دوو دیوی یەک دراون، سەرەڕای جیاوازی زمان و ئایین و نەتەوە.

(٦) بەرەو هاوپشتیی جیهانی و شوناسی مرۆڤبوون

ئەوەی هیوا و گەشبینیمان پێدەبەخشێت، سەرەڕای ئەو دابڕانەی کە تێیدا دەژین لە هەموو بوارەکاندا، بریتییە لەم هاوپشتییە جیهانیەی نێوان گەلان، ژن و پیاو، باکوور و باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بەبێ گوێدانە جیاوازیەکان. هەروەها ئەم داهێنانە سیاسی و هزرییانەی ژن و پیاو لە سەرجەم پسپۆڕی و ئاراستەکاندا، ئەم بەرزڕاگرتنەی هاوپشتی و ئەو فاکتەرانەی کە گەلانی جیهان و ژن و پیاو و گەنجان کۆدەکاتەوە، بەبێ گوێدانە ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و چین و نەتەوە و ڕەگەزنامە… هتد.

بزووتنەوەی جەماوەری جیهانی دژ بە جەنگ و جیهانگیری سودی لە بزووتنەوەکانی ژنان وەرگرتووە، وە لە هزری ژنان کە پێشینەیان هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو جیاکاریە بۆماوانەی کە لە کۆیلایەتییەوە ماونەتەوە، جیاکاری نێوان ژیانی گشتی و ژیانی تایبەتی ناو خێزانی هەڵوەشاندەوە، هەروەها لە نێوان داهێنەرە فەلسەفييەکانی بواری بیرکردنەوە و تيۆریدا و داهێنەرە جەستەیەکانی بواری سەما و ڕیتم و مۆسیقا و گۆرانی و پەیکەرسازی و نیگارکێشانیش.
پاشان هەڵوەشاندنەوەی جیاکاریی نێوان کاری هونەريی و ئەدەبيی، لە نێوان کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە نێوان خەباتی ناوخۆیی و خەباتی جیهانیدا، لە نێوان فۆرم و جەوهەرەکەی، لە نێوان سوبێکت و ئۆبێکتدا، لە نێوان ڕۆح و جەستەدا، لە نێوان خودی تاک و خودی بە کۆمەڵ، لە نێوان ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا، و لە نێوان ئیگۆ و ئەوی دیکەدا.

چیتر نووسینی داهێنەرانە، مۆسیقا، یان سەما بەس قسە نییە، بەڵکو کرداری لەگەڵدایە، بەڵکو دیواری نێوان گفتار و کردار، تیۆر و پراکتیکی هەڵوەشاندەوە. بزووتنەوەی سیاسی ژنان لە توانایدایە بە ڕووی بزوتنەوەکانی تردا بکرێتەوە، فرەلایەنی ببێتە بنەما نەک تاکلایەنی و گۆشەگیری لە سەر خود، ڕێکخراوەکە ئاسۆیی و فراوان بێت، نەک داخراوبێت.

ئەم هاوپشتییە جیهانییە نوێیە لەم هۆڵەدا بەرجەستەبووە، ئەم کۆنفرانسەی کە خەباتی نێوان سەماکارێکی سویدی وخەباتی فەیلەسوفێکی هیندی و مامۆستایەکی زانکۆی عەرەبی و شاعیرێکی ژن لە نەیجیریا و نووسەرێک و دکتۆرێک و توێژەریک و مۆسیقاژەنێک و ڕۆژنامەنووسێک و نیگارکێشێک و پەیکەرتاشێک و ڕۆماننووسێک لە میسر و هۆڵەندا و ئوردن و بەلجیکا و سوریا و عێراق و فەلەستین و لوبنان و کاریبیان و پاکستان و ئینگلتەرا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و کینیا و باشوری ئەفریقا و ئەمریکای باکور و ئەمریکای لاتین و نەرویج و سۆماڵ و ئەڵمانیا و ئیماراتی عەرەبی و بەحرین و ئیسپانیا و وڵاتانی دیکەی جیهان کە نوێنەرایەتی لێدەکەن، کۆدەکاتەوە. بەشێوەیەک داهێنانی سیاسی لەدژی شەڕ و کۆلۆنیالیزم، لەگەڵ خەبات لەدژی زمانی باوکسالاریی چینایەتی و هۆشیاریی ساختە، یەکدەگرنەوە. لێرەدا؛ دووبەرەکی و جیاوازییە بۆماوەییەکانی نێوان ئایین و نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگەکان و جۆرەکان، نێوان ژنان و پیاوان، دەتوێنەوە و نامێنن.
داهێنانی ژنانە لەم هۆڵەدا؛ جیاکاری ناکات لە نێوان یاخیبوونی سیاسیی گشتی و یاخیبوونی کەسایەتی لە ناو ماڵدا، یاخود لەنێوان بەرەنگاریی لەدژی ستەمی ئابووری و ستەمی سێکسی. داهێنانی ژنانە؛ جەخت لەوە دەکاتەوە کە باشترین ئینتیما بریتییە لە ئینتیما بۆ مرۆڤایەتی و بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری و خۆشەویستی و ئاشتی. تاکە شوناسە کە ژن و پیاوە داهێنەرەکانی سەرجەم وڵاتان کۆدەکاتەوە، کە ئێمە خەونی پێوەدەبینین و هەوڵ دەدەین لە داهاتوویەکی نزیک یان دووردا بەدەستی بهێنین.


ــــــــــــــــــــــــ
بەشێک لە پەرتوکی ( لە سەر ژن و ئایین و ڕەوشت) نووسينى د.نە‌وال ئەلسە‌عداوی .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish