
گاڵتەجاڕیی کوردبوونی سومەری.. سوداد ڕەسووڵ
لەم چەند ساڵەی دوایی چەند نووسەرێکی کورد کەوتوونەتە ساغکردنەوەی زمانی سومەری و پەیوەندیی بە زمانی ئەمرۆی کوردییەوە، ساغکردنەوەکان و شیکردنەوەکان ئەوەندە سەرەتایی و سادەن، ئەوەی زانستی زمان و مێژوو و میتۆدی زانستی بێت تێیدا نییە. هەر بابەتێکی زانستی، ئەگەر کەسێکی ناپسپۆر قسەی لەسەر کرد دەبێ چۆن قسەی لەسەر بکات، هەر چۆن لێی بکۆڵێتەوە وەک کەسێک نابێ کە هەموو ژیانی خەریکی لێکۆڵینەوە بووە لەم بوارەدا. بۆ نموونە لە زانکۆکانی ئەوروپا بەشی تایبەت بە زمانە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا هەیە، وەک ئاشووری، سومەری، ئەکەدی، ئارامی، .. کاتێک پسپۆرێک لەسەر یەکێک لەم زمانانە قسە دەکات، کەسێکە بەکالۆریۆسی لە مێژووە، ماستەر و دکتۆرای لە مێژووی کۆنە، تێزی دکتۆراکەی لێکۆڵێنەوەیە لە سەر لایەنیکی زمانەوانیی یەکێک لەم زمانە کۆنانە، ئەوجا بە ترسەوە قسەی لەسەر دەکات و ڕای خۆی دەدات، دەستەواژەکانی وەک: پێم وایە، وای بۆ دەچم، بە ئیحتیمالی زۆر، لەوانەیە، .. بەکار دێنێت، چونکە لە بابەتی مێژوو نابێ بەشێوەی بنبڕ و یەکلاکەرەوە حوکم بدەی و بڵێی پاشماوەی ئەم زمانە کۆنە ئەمڕۆ ئەم زمانەیە. پەیوەندیی نێوان ئەم زمانانە کارێکی یەکجار ئاڵۆز و دژوارە، هەتا وشەیەک ساغ بکەیەوە دەبێ ئەم هەموو هەزار ساڵە گۆڕانی زمان ڕەچاو بکەی. ئەم بوارە لە زانست پێی دەگوترێ زمانەوانیی مێژوویی Historical Linguistics دەبێ ئەو کەسە تەواو بە سیستەمی دەنگسازی و ڕێزمان و وشەسازیی ئەو زمانە کۆنە شارەزا بێت، کاتێک ئەو زمانە کۆنە لەگەڵ زمانێکی ئەمڕۆ بەراورد دەکات، دەبێ تەواو لە گۆڕانە دەنگییەکانی ئەم هەموو هەزار ساڵە ئاگادار بێت کە ئەم زمانە نوێیە پێیدا تێپەڕیوە، ئەوجا ئەگەر بتوانێ چەند وشەیەک ساغ بکاتەوە. زمانێکی وەک سومەری کە پێنج هەزار ساڵ تەمەنیەتی ئەوەندە کۆنە، لە هەموو ناوەندە ئەکادیمییەکانی زمانە کۆنەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە خێزانە زمانەکەی دەستنیشان بکەن، بۆ نموونە ئەکەدی و بابلی و فینیقی و کەنعانی و ئارامی، ساغ کراونەتەوە سەر بە خێزانە زمانە سامییەکانن، ئاڤێستایی و فارسیی کۆن و پەهلەوی سەر بە خێزانە زمانە هیندۆ ئەوروپییەکانن، کە لەناو ئەم خێزانەش سەر بە کۆمەڵە زمانە ئێرانییە کۆنەکانە، کە زمانی مردوون و ئەمڕۆ کەس قسەی پێ ناکات، بەڵام سومەری، دوای ئەم هەموو ساڵە لێکۆڵینەوە، هێشتا بۆیان ساغ نەبووتەوە کە سەر بە چ خێزانە زمانێکە، کەچی کوردێک کە پسپۆری لە زمانی سۆمەری نییە و هیچ توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لە زمانە کۆنەکانیش نەکردووە، هاتووە بە بەراوردێكی سەرپێی چەند وشەیەکی کۆنی سومەری لەگەڵ کوردیی ئەمرۆی دەکات و دەڵێ زمانی سومەری، کوردییە و سومەرەکانیش کوردن!. یەکێک لەم نووسەرە کوردانە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن و پێکەنیناوی ئەسڵی ناوی “سومەر” مان بۆ ساغ دەکاتەوە دەڵێ: ئەم ناوە لە دوو وشەی کوردی سۆ+ مەر، پێک هاتووە: سۆ لە سۆری کوردییەوە هاتووە و مەر – یش لە مەردومی فارسی، پێکەوە واتە میللەتی سۆر! بەڕاستی ئەم جۆرە لێکدانەوەیە بۆ ناوی سومەری جێگەی پێکەنین و بەزەیی پێداهاتنەوەشە. ئەو وشە سومەرییانەش کە لەگەڵ کوردی بەراوردی دەکەن هەر لەم جۆرە شیکردنەوانەیە، هیچ شیکردنەوەیەکی زمانەوانیی مێژوویی تێدا نییە، هەر بۆ خۆی لێی تێ دەگا و قەناعەت بە خۆی دێنی کە ئەمە کوردییە. ئەم نووسەر و توێژەرە کوردانە بەم جۆرە لێکدانەوە سادەیە بۆ ناوی گەلانی کۆن و زمانەکانیان، ئەوەندە شارەزان دەتوانن کۆدی هەموو زمانە کۆنەکان بکەنەوە، هەمووشی ئەسڵی دەگەڕێننەوە بۆ زمانی کوردی و بۆ کورد. بەڕاستی ئەمە گاڵتەجاڕییە بە زانستی مێژوو، نابێ ڕێگە بدرێ ئەم مێژووە کۆنە ئەوەندە سووک بکرێ.
کوردناسی ئینگلیز درایڤهر Driver توێژینەوەیەکی لەبارەی ئەسڵی ناوی کورد هەیە و له ساڵی 1922 بڵاوی کردووەتهوه. بۆ ساغکردنەوەی ناوی کورد ئەوەندە بەوردی بە سەرچاوەکاندا هاتووە لە ناوی کارداکا Kardaka دەستی پێ کردووە کە سومەرییەکان بە گوتییەکانیان گوتووە، دواتر هەموو ناوەکانی دی کە لای ئاشووری و یۆنانی و ئارامی هاتووە ئاماژەی پێ داوە، لای ئاشوورییەکان ناوەکانی: کورتی، گورتوو و قورتی، لای یۆنانییەکان: کوردوئین و کاردۆخی، لای ئارامییەکان: کاردۆ و کەردۆ، ئەوجا لە کۆتایی پێی وایە دەرکەوتنی ناوی کورد لە مێژوودا گۆڕانی دەنگیی کارداکای سومەرییە دواتر لای گەلانی دی بە شێوەیی جیاواز گۆ کراوە تا گەیشتووە بە سەردەمی ئیسلام بووە بە کورد و الأکراد؛ بەم هەموو وردەکارییە شیکردنەوەی بۆ ناوەکە کردووە، هێشتا تەواو دڵنیا نییە، پێی وایە ئەمە تەنیا بۆچوونە. لێکۆڵینەوە لە مێژووی کۆن و ساغکردنەوەی وشەی زمانەکان دەبێ بەم شێوەیە ساغ بکرێتەوە.
هەموو کوردێک پێی خۆشە ڕەگوڕیشەی مێژووی کورد و زمانەکەی لە مێژووی کۆن بدۆزرێتەوە، بەڵام نەک بەم گاڵتەجاڕییە. بە میتۆدیكی زانستی و لەلایەن توێژەری شارەزا و پسپۆر بە زمانە کۆنەکان، بەراوردێكی زمانەوانییانەی بۆ بکرێ نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی سومەری بکرێ بە کورد.
ئەوانەی هەوڵ دەدەن سومەری بکەن بە کورد، هیچ بنەما و ئامانجێکی زانستییان نییە، هەستی نەتەوەیی پاڵیان پێوە دەنێ ئەم جۆرە لێکدانەوە بۆ وشەکان بکەن بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت زمانی سومەری بە کوردییەوە گرێ بدەن. ئەم خوێندنەوە ناسیۆنالیستییە بۆ مێژووی کۆن زۆر هەڵەیە، هەڵەیەکی میتۆدییە، نابێ کەسی ئەکادیمی بکەوێتە بەر شەپۆلی هەست و سۆزی نەتەوەیی و پێی وابێ ئیدی ئەسڵی کورد لە مێژوو دۆزرایەوە و سومەرییە. یان هەر شوێنەوارێک لە کوردستان دۆزرایەوە هەر چەند کۆن بێ، بێ لێکۆڵینەوە یەکسەر مۆری کوردبوونی لێ بدرێ.
لە سەرەتاکانی سەدەی ببیستەم عەرەب و تورک و فارسیش ئەم جۆرە خوێندنەوانەیان بۆ مێژووی کۆن کرددووە و سەرکەوتوو نەبوون، چونکە ئەمە بەشێک بوو لە پرۆژەی دەوڵەت – نەتەوە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەیان شەرعیەتیان بە ڕەسانەیەتی خۆیان لەسەر ئەم خاکە دەدا، بۆ ئەوەی نیشان بدەن ئەوان هەر لەبەرەبەیانی مێژووەوە لەسەر ئەم خاکە نیشتەجێن و هەر ئەوانیش دەبێ حوکمی ئەم وڵاتە بکەن و کەسی دی بۆ نییە خۆی بە خاوەنی بزانێ. ئەگەر کتێبە مێژووییەکانی سەردەمی بەعسی عەرەبی لە عێراق و سووریا بخوێنییەوە، هەرچی ئەقوامی سامی هەیە کە ڕووی لە میزۆپۆتامیا کردووە وەک بابلی، ئەکەدی، ئاشووری، ئارامی، فینیقی، کەنعانی، .. هەموویان بە ئەقوامی عەرەبی ناو بردووە، ئەمە لەکاتێکدا ئەوانە نە عەرەب بوون و نە زمانەکەشیان عەرەبی بووە، بەڵام ئەوەندە هەیە زمانەکەیان هاوڕیشەیە لەگەڵ زمانی عەرەبی، وەک هاوڕیشەیی زمانی کوردی و فارسی لەگەڵ زمانی پەهلەوی و ئاڤێستایی. تورکەکانیش لە دوای دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەی تورکیا، لە سییەکانی سەدەی بیستەم هەر بۆ ئەوەی مێژووێکی کۆن بۆ نەتەوەی تورک لە سەر خاکی ئەنادۆڵ دروست بکەن، دەستیان بە هەمان پرۆژەی مێژووسازی و نەتەوەسازی کرد، هەرچی ئەقوامی کۆنی نیشتەجیی خاکی ئەنادۆڵ بوو وەک هووری و هیتییەکان، تەنانەت سومەرییەکانیشیان بە تورک دادەنا، ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ڕەچەڵەکی تورک و زمانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سومەرییەکان، تورک گەلێکی زۆر کۆنن لەسەر ئەم خاکە و زمانی تورکییش کۆنترین زمانی دنیایە و هەموو زمانەکانیش هەر لە زمانی تورکییەوە پەیدا بوون، بۆ ئەمەش ئەتاتورک لە سییەکانی سەدەی بیستەم تیۆرێکی بۆ زمانی تورکی داهێنا بە ناوی “تیۆری زمانی خۆر” کە گوایە زمانی تورکی وەک خۆر وایە و زمانەکانی دی هەموو لەم زمانە خۆرەوە تیشکیان داوەتەوە و پەیدا بوون. دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانیش هەمان پرۆژە و بەرنامەی بۆ نەتەوەی فارس هەبوو، لە عەرەب و تورک زیاتر هەموو شتێکیان بە ئێرانی کرد، هەرچی مێژووی کۆن هەیە لەسەر خاکی ئێران هەموویان کرد بە ئێرانی و موڵکی فارس، تەنانەت بە کورد دەڵێن کۆنترین گەلی بە ئەسڵ ئێرانی و ئاریایی، بۆ ئەوەی بڵێن کورد ئێرانییە و زمانەکەشی سەر بە زمانێکی ئێرانییە و لەهجەیەکی فارسییە، لەهجەش تەنیا بۆ ئاخاوتنە و بۆ نووسین و خوێندن نییە، کوردیش نەتەوە نییە، کوردستانیش هەر وڵاتی ئێرانە بۆیە مافی جودابوونەوەی لە ئێران نییە. کاتێک بە چاوێکی ئەکادیمی سەیری ئەم پرۆژە دەوڵەت – نەتەوانە دەکرێ، مرۆڤ پێکەنینی پێیان دێ، هەر بۆ ئەوەی ڕەچەڵەكێکی کۆن بۆ خۆیان دروست بکەن ئەم هەموو تەزویرەیان لە مێژوودا کرد، کە ئێستا ڕۆشنبیرەکانی خۆیان گاڵتە بەم هەموو مێژووە ساختانە دەکەن و ڕەخنەی لێ دەگرن کە ئەمانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نەبووە، بە ئامانجی سیاسی بوون، پرۆژەی نەتەوەسازی و دەوڵەت- نەتەوە بووە.
ئەمڕۆ وەک دیارە کوردیش دەیەوێ هەمان پرۆژەی نەتەوەسازیی ئەم دەوڵەت – نەتەوانە بۆ خۆی دووبارە بکاتەوە، هەوڵ دەدات مێژووێکی کۆن بۆ خۆی دروست بکات لە سەر وەهم و ئەفسانە و دوور لە هەموو بنەما زانستییەکانی مێژووی کۆن، دەیەوێ هەرچی قەومی ناسامی هەیە لە میزۆپۆتامیای کۆن وەک سومەری، گوتی، لولو، کاشی، میتانی، هووری، هیتی،.. هەمووی بکات بە کورد، تەنانەت مرۆڤی نیاندەرتالی ئەشکەوتی شانەدەریش کە ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستایە دەیکات بە کورد، کە ئەمە بەڕاستی گاڵتەجاڕییە، چونکە مرۆڤی نیاندەرتال، لە چاخی بەردین ژیاوە، نەتەوەی نەبووە، هەروەها زمانیشی دیار نیییە چی بووە، کەواتە ئەمە چی کوردییە؟
شوێنەواری ئەشکەوتی شانەدەر و دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی کۆن لەم ئەشکەوتەی کوردستان، مێژووێکی گرنگە بۆ مێژووی کوردستان، کە ئەم خاکە هەر لە کۆنەوە مرۆڤی لێ ژیاوە، و لانکەی مرۆڤایەتی بووە، ئەم دۆزینەوەیە شانازییە بۆ ئەم وڵاتە و ئەو خەڵکەی لەم وڵاتە دەژین. بوونی ئەم هەموو گەلە کۆنە بە زمانی جیاواز لەسەر خاکی کوردستان، دووبارە دەوڵەمەندیی مێژووی ئەم خاکە نیشان دەدات، کورد کە ئەمڕۆ نیشتەجێی ئەم خاکەیە وەک نەتەوە، ئیحتیمالی هەیە لە نەوەی یەکێک لەم گەلە کۆنانە بێت و زمانەکەشی بگەڕێتەوە بۆ یەکێک لەم زمانە کۆنانە. ئەگەر بەم شێوەیە ئەم مێژووە کۆنە بخوێنینەوە، بۆ مێژووی کۆنی کورد زیاتر سوودی دەبێت و لە دنیای ئەکادیمیش بەڕێزەوە لێمانی قبوڵ دەکەن.
بێگومان کورد پەیوەندیی لەگەڵ گەلە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا هەیە، ئەمەش ئاساییە چونکە کورد لەمێژە نیشتەجێی ئەم خاکەیە، ئەگەر پەیوەندیی زمانی و فەرهەنگی هەبێت، ئەمانە دەبێ کەسێکی پسپۆری شارەزا بە زمانە کۆنەکان و بە میتۆدی زانستیی مێژووی کۆن لێی بکۆڵێتەوە و ساغی بکاتەوە، ئەمە کاری خەڵکێکی ناپسپۆر نییە، هەر کەسێک دوو کتێبی مێژووی کۆن بخوێنێتەوە و بانگەشەی ئەوە بکات ئەسڵ و ڕەچەڵەکی کورد و زمانەکەیم دۆزیەوە. بەتایبەت کۆنترین گەلی میزۆپۆتامیا کە سومەرییەکانن و بنیاتنەری یەکەم شارستانیەتن لە مێژووی مرۆڤایەتی، و داهێنەری یەکەم خەت بۆ نووسین لە مێژوودا، گرێدانی کورد بەم گەلە کۆنە و بەم میتۆدە نازانستیە، تەنیا مێژووی خۆمان ناشیرین دەکەین و لە ناوەندە ئەکادیمییەکانیش دەبین بە گاڵتەجاڕی خەڵک و جێگەی پێکەنین و نوکتەمان لەسەر دەکەن.
سوداد ڕەسووڵ