Skip to Content

لەلای من (ئەژی حەمە نوری) باشترین ئەکتەری فێستێڤاڵی شانۆی هەولێر بوو.. کامەران حاجی ئەلیاس

لەلای من (ئەژی حەمە نوری) باشترین ئەکتەری فێستێڤاڵی شانۆی هەولێر بوو.. کامەران حاجی ئەلیاس

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 8, 2022 General, Literature


دەنگ و جەستە دوو توخمی سەرەکی ئەکتەرەن لە نواندنی شانۆ و سینمادا، دەتوانین بڵێین تەواوکەری یەکتەرین بۆ ئەوەی ئەکتەر رۆڵەکەی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەرجەستە بکات، بە تایبەتی لە شانۆدا ئەکتەری سەرکەتوو هەموو توانستەکانی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی لە ئەکتەرەکانی تر جیاوازتر بێت، ئەمەش زیاتر لە رێگەی دەنگ وجەستەوە دەبێت چەمکی جەستەی ئەکتەر لەسەر شانۆ لە هەموو جۆرەکانی شانۆگەری جێگیر نییە بەڵکو لەپێشڤەچوون و گۆرنکاری دایە لەگەڵ پێشڤەچوونی یاساکانی کۆمەڵایەتی ژیانە وە بەپێی ئەو روداوانەی لە شانۆگەرییەکەدا روودەدەن، ئەکتەری شانۆ کاتێ کردارەکان لە چوارچێوەی کەسایەتیەکە دیار دەکات و داهێنان دەکات بەپێی کردارە جەستەیی و دەرونی بەم شێوەیە کەسایەتیە درامییەکان لەسەر تەختەی شانۆ بە جوڵەو دەنگ دەردەکەون.
دوای بێدەنگییەکی زۆر ، لە جوڵەی شانۆیی لە شاری هەولێر،لە رۆژانی 12- 18-11-2022 حەفتەمین فێستێڤاڵی نێوەدەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ ،لەلایەن بەرێوەبەرایەتی رۆَشنبیری هونەر- هەولێر بەرێوەبەرایەتی هونەری شانۆ سازکرا، سەرەتای فیستێڤاڵ بە وتاری کردنەوەی فێستێڤاڵ لەلایەن سەرۆکی فێستێڤال هونەرمەند “هیوا سوعاد” دەستیپێکرد ، پاشان وتاری هەریەک لەبەرێزان “ئومێد خۆشناو” پارێزگای هەولێر و” د.سالار عوسمان” بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان پێشکەش کران ،لە کۆتایی وتارەکان دا پەیامی بەرێز “تۆبیاس بیانکۆنی” سەرۆکی ئینستیتویەتی جیهانی شانۆ پێشکەش کرا، ئەنجا رێز لە شانۆکاری پێشەنگی کورد (سەباح عەبدولڕەحمان) نراو خەڵاتی ئاڵتوونی پێشکەش کرا.
لە فێستێڤاڵەدا (15) نمایشی شانۆیی پێشکەش کران ، کە چەندین گروپی شانۆیی لە هەرێم و دەرەوەی هەرێم بەشداربوون وەکو (میسر، ئێران ، عومان ،تونس،روسیا، ئۆکرانیا،ئوردن،عێراق) لە هەرێمی کوردستان لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی ، هەڵەبجە) بەشدار بوون، لە میانی بەرێوەچوونی فێستێڤاڵدا رێز لە شانۆکاری پێشەنگی کورد (سەباح عەبدولڕەحمان) نرا لەگەڵ بەرێوە چوونی چەندین کۆڕی رەخنەیی و تەوەری هزری ، لەلایەن چەنیدین شانۆکارانی کورد و عەرەب .
دوای هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی فێستیڤاڵ لەلایەن لیژنەی دادوەران، خەڵاتی باشترین ئەکتەر، دەرھێنەر، سینۆگرافیا و باشترین نمایش بەم شێوەی خوارەوە بوو:
باشترین ئەکتەری کچ درا بە “رەیحانە رەزی” لە شانۆگەری “مانستەر” لە وڵاتی ئێران.
باشترین ئەکتەری کوڕ درابە ” محەمد شوقی ” لە شانۆگەری “روبە” لە وڵاتی تونس.
باشترین سینۆگرافیا دەرابە “شیراز ” لە شانۆگەری “شەوگار گۆرانی خۆی ئەڵێت” هەولێر، کوردسان.
باشترین دەرهێنان درا بە “ڕاڤیار نەوزاد و هێدی ئیسماعیل” لە شانۆگەری ” سروودێک بۆ ئێکاروس” هەڵبجە ،کوردستان
باشترین نمایش درابە “ئەلبێرت کامۆس” لە شانۆگەری “کالیگۆلا” لە وڵاتی ئۆکرانیا.
بێگومان من ئەوە باش دەزانم ، لیژنەی دادوەری و بینەرانی شانۆی لە کاتی هەڵسەنگاندن و بینینی شانۆگەرەیان ،ئەوان هیچ پەیوەندیان بە بارودۆخی دەروەی نمایشەکەکان دا نییە،ئاخۆ تپیپە شانۆییەکە تووشی چ گرفتێک بۆتەوە یان تووشی هەرکێشەیەک دەبێتەوە لە کاتی نمایشکردن دا ، بەهەمان شێوەش بۆ ئەکتەرەیش ، چونکە کەشێکی گونجاو بە تایبەتی باری دەروونی پێش نمایش بۆ ئەکتەر زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی رۆڵەی بە جوانی بەرجەستە بکات، بەڵام من کاتێ دەبینم ئەکتەرێک لەو رۆژەی باوکی کۆچی دواییکرد بێت لە هەمان رۆژ دا بێتە سەر تەختەی شانۆ رۆڵ بگیرێت وسەرکەوتووش بێت ،ئەوە لەلای من زۆرگرنگە بەتایبەتی ئەگەر رۆڵێکی بەزمەساتیش ببینێ ، من (ئەژی حەمەنوری )م لە شانۆگەری “شالیرو جادوگەرانی ماکبێس” لە سەرتەختەی شانۆ وەکو ئەوەی رۆڵەکەی (بەهلول) داوای لێدەکات پێدەکەنێت بەڵی بۆ چەندین جاریش پێدەکەنێت بێ ئەوەی کۆچکردنی باوکی کاریگەری نەرێنی لەسەر نواندنەکەی بکات ،من پرسیار دەکەم چ ئەکتەرێک دەتوانێت ئازیزترین کەسی کۆچی دوایی بکات لە هەمان رۆژ بێتە سەر تەختەی شانۆ رۆڵی کارکتەرێکی کۆمیدی ببینێت و پێبکەنێت “ئەژی حەمە نوری” هونەرمەند لەپێناو خۆشەویستی بۆشانۆ لەپێناو رێزگرتن لە هاورێکانی لە ستاڤی شانۆگەری (شالیرو جادوگەرانی ماکبێس) ئەو قوربانییەیدا ئەو بۆنمایشەکە ئێوارەکەی لە شاری سلێمانییەوە گەیشتە شاری هەولێر ،دوای نمایشەکەشی بەشەو گەرایەوە شاری سلێمانی.
بۆیە دەڵێم هونەرمەند “ئەژی حەمە نوری” باشترین ئەکتەری کوڕە، لەحەفتەمین فێستێڤاڵی هەولێری نێودەوڵەتی بۆ شانۆ ،لە باوەڕەم کە خەڵاتی باشترین ئەکتەریشی لەلایەن بینەرانەوە، بەدەستی هێناوە، لێرەوە لەو کاتەی دەست خۆشی لە تەواوی بەشداربووانی فێستێڤال دەکەم بەتایبەتی بۆ ستاڤی شانۆگەری (شالیر و جادووگارانی ماکبێس) رێز و خۆشەویستی بێ پایانم ئاراستەی هونەرمەند “ئەژی حەمە نوری” دەکەم بەهیوای بەرهەمی باشتر و سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازم دوور بێت لە هەموو ناخۆشییەک.

Previous
Next
Kurdish