Skip to Content

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان… رەسوڵ بەختیار

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان… رەسوڵ بەختیار

Closed
by نیسان 20, 2022 General, Literature


(١)
خۆم لەچیرۆکە نادزمەوە، بەڵام دەکرێ لەپێشەکیدا باس لەو شوێنە بکەم، تیایدا دەمەوێ پێی ئاشنا بن، ئەم شارەی تیایدا دەژیم، جیا لەهەموو شارەکانی دیکەی جیهان، شەقامەکانی بازنەییە، هەر کەسێک لەگوندێک و شارێکی ئەم وڵاتەوە بێ، یاخود لەوڵاتێکی دیکەوە هاتبێ ئەگەر یەکێکی ئەم شارەی لەگەڵدا نەبێ، تەنیا لەبازنەیەکدا دەسوڕێتەوە، لەو شوێنەی هەنگاوی ناوە، دەگەڕێتەوە هەمان شوێن، تەنیا یەکێک لەسوودەکانی ئەم شەقامانە ئەوەیە، بەهیچ شێوەیەک ون نابی، تەنیا خولانەوە و ماندووبوونت زیاتر دەبێ.
هەر یەکێکی بیانی پێ بنێتە سەر ئەم شەقامە بازنەییانە، زوو وەڕس دەبێ، دەبینێ خەڵک گرنگی بەهیچ نادەن، وەک ئەوەی تەنیا لەبازنەیەکدا دەخولێنەوە، سەرەتا رقی لەخەڵکەکەی دەبێتەوە، کەچی کاتێک یەکێک دەدوێنێ، هەست بەوە دەکا، هەڵەبووە لەبڕیاردانی رقلێبوونەوە، بۆیە دەیەوێ لایەنە شاراوەکان بدۆزێتەوە، کاتێک لەو شتانە دەکۆڵێتەوە، دەبینێ بۆتە یەکێک لەخەڵکی ئەم شارە، زۆرجاریش هەیە، لەشارەکانی دیکە باس لەو شارە دەکرێ، ئەو وەک خەڵکی دێنرینی وەڵام دەداتەوە، یەکێک لەخەسڵەتەکانی شەقامە بازنییەکان ئەوەیە، زوو زوو ئاشنایەتیت، لەگەڵ خەڵکی دیکە دەبێت، عەرەبەکانی ناوەڕاست وباشووری عێراق، لەپاش راکردنیان بۆ ئەم شارە، واقیان وڕما کاتێک لەو شەقامە بازنەییانە دەسوڕانەوە،
ئەگەر کوڕێک بەدوای کچێکەوە بێ، تەنیا لەشەقامە بازنەییەکانی هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێ، ئەو کچەی بەتامەزرۆوە بیبینێ، ئەوا لەیەکێک لەشەقامە بازنەییەکان، ئەوڕۆش نەبێ، بۆ رۆژێکی دیکە، رێککەوتێک دێ، ئەگەر لەنزیکەوەش نەبێ، ئەوا لەدوورەوە هەر دەبێنێ.
وەنەبێ ئەم شارە تەنیا لەبازنەیەکدا، نەخێر ئەم شارە سەدان شەقامی بازنەیی لاوەکی و دەیان شەقامی بازنەیی گشتی و مەزنی تیادایە، هەر گەڕەکێکی نێو هەر شەقامێکی بازنەیی لاوەکی، هەندی شارۆچکەیەکە، شەقامە بازنە مەزنەکانیشی بەقەد شارێکی گەورەیە.
جوانی شارەکە، بەشەقامە بازنەییەکانییەتی، هەموو پاڵەوانانی نێو ئەو شەقامانە رۆڵیان هەبووە، لەپێشخستنی هونەر و رۆشنبیری وڵات، بەڵام زۆر بەدەگمەن هەر یەک لەوانە دێن، باسێکی کورت لەپاڵەوانییەتییەکەی بکات، هەردەم دەیەوێ، خەڵک بابەت و هونەر و ئازایەتییەکەی باس بکات، وەک زۆرێک لەخەڵکی شارەکانی دیکە نین، مێشێک بکەنە گامێشێک.
ئێستا ئەو شەقامە بازنەییانە بۆتە سەنتەری بازرگانی، هەرچی هیندی و بەنگلادیشی و نیپالی و چینی، هۆڵەندی و ئەورووپی بەگشتی لەنێو ئەو شەقامە بازنەییانە بەرژەوەندییان هەیە، ئەوە جگە لەعەرەبی و عێراقی و سووری و لوبنانی، خۆیان بەخەڵکی نێو ئەو شەقامە بازنەییانە دەزانن، زۆرجار کاتێک لەیەکێک لەچایخانەکان، کە دادەنیشی، دەبینی خەڵکی رەسەنی نیو شەقامە بازنەییەکان بەدەگمەن دەبیندرێ،
ئەوەی خراپە زۆرێک لەو بیانیانە کاتێک هەڵەیەک دەکەن و دەبێتە بنێشتە خۆشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵک بەگشتی هەموو تۆمەتەکان دەخەنە پاڵ خەڵکی رەسەنی نێو شەڤامە بازنەییەکان.
راستە چیرۆکەکەمان پەیوەندی بەشەقامە بازنەییەکانە، کەچی هەر پاڵەوانێکی ئەو نێوەندە، ئەگەر لەدوورترێن شوێنی جیهان بێ، هەردەم لەنێو شەوانی سوور بێ، یان یەکێک بێ لەدەوڵەمەندەکانی شەقامە راستەکان، کەچی هەموو کات بیری لەلای یەکێک لەشەقامە بازنەییە لاوەکییەکانە، ئاکاری کوڕی دەرمانسازەکەی سەنتەری شار، زۆرجار لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆڕ بەوردی دەگەڕێ، تا یەکێک بدۆزێتەوە، خەڵکی ئەو شەقامە بازنەییانە بێ، پێی سەیر بوو لەنێو چەند وێنەیەک هاوڕێیەکی قۆناغی سەرەتایی دۆزییەوە، یەکسەر بێ سێ و دوو تەلەفۆنی بۆ خاوەن وێنەکە کرد، کە لەفەیسبووک هاوڕێییەتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر ژمارەی هاوڕێیەکەی پێدا، ئەویش لەوڵاتێک دەژێا سەرجەم شەقامەکان راست راستە و هیچ خوار و خێچییەکی تیادا نابیندرێ، یەکسەر تەلەفۆنی کرد، بەڵام وەڵام نەبوو، دووبارەی کردەوە، چەند جارێکی دیکە دووبارەی کردەوە، بەڵام هەر وەڵام نەبوو، لەکۆتایدا بێ ئومێد بوو، چەند کاتژمێرێکی پێچوو، زەنگی تەلەفۆنەکەی لێیدا، کاتێک وەڵامی دایەوە، ئافرەتێک بەزمانێکی بیانی گوتی: تەلەفۆنت کردبوو.
ئاکار:بەڵێ، ئەمە ژمارەی هاوڕێیەکمە بەناوی دانەر؟ ئەو خەڵکی نێو شەقامە بازنەییەکانە؟
ئافرەتە بیانییەکە: بەڵێ، ژمارەی دانەرە، بەڵام ئەو لەکارهاتۆتەوە، زۆر ماندووە و خەوی لێکەوت، بۆیەش وەڵامم دایەوە، چونکە چەندینجار تەلەفۆنت کردووە.
ئاکاڕ: باشە کاتێک لەخەو هەڵسا پێیڕابگەیەنە، کە ئاکاری هاوڕێی قۆناغی سەرەتایی بەتامەزرۆیە لەگەڵت بدوێ.
ئاکار زۆر تامەزرۆ بوو، قسە لەگەڵ دانەر بکات، بڕیاریدا ئەگەر شەویش دابێ، نەخەوێ تا ئەو کاتەی دانەر تەلەفۆن دەکاتەوە، هەرچۆنێک بێ خۆی سەرقاڵکرد بەکاری نووسینگە و وێنەیادگارییەکانی ئەو وڵاتەی تیادا نیشەچێیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک سۆزی پێ نەدەبەخشی، هیچ یادگارییەکی قووڵی لەگەڵدا نەبوو، دوای چەند کاتژمێرێکی دیکە، زەنگی تەلەفۆنەکەی ئاکار لێیدایەوە، یەکسەر وەڵامی دایەوە: هەلەو دانەر چۆنی.
دانەر: تۆ کێی؟
ئاکار: من ئاکارم، لەسەرەتایی پێکەوە دەمانخوێند.
دانەر: نازانم بیرم نەماوە، بەڵام بەڕێز دەکرێ هەندێک وەسفی خۆت و شەقامە بازنەییەکان بکەیت، لەبیرم نەماوە، ئەوکاتەی چوومە هەندەران، تەمەنم بیست ساڵان بوو، من ئێستا تەمەنم شەست ساڵە، چل ساڵە من لەئاوارەیی و پەناهەندەیی دام.
ئاکار ئاخێکی هەڵکێشا:راست دەکەی، من ئەو هاوڕێیەتم لەدوای قوتابخانە شەڕە بەردمان لەگەڵ منداڵانی گەڕەکی نێو شەقامە بازنەیەکی دیکە دەکرد، چەند جارێک سەری هەردووکمان شکاوە.
دانەر بێدەنگ بوو، وەک ئەوەی هاتبێتەوە سەردەمی منداڵی، ئاکار تەنیا گوێی لەپرمەی گریان بوو، بۆیە ئەویش دەستی بەگریان کرد، وەک ئەوەی لەزینداندا یەکتریان دۆزیبێتەوە و باوەش بەیەکتردا بکەن.
دوای هێوربوونەوە، ئەوجارەیان ورد و درشتی هەموو شتێکی سەردەمی نێو شەقامە بازنەییەکان باسکرد.
زۆرێک لەوانەی خەڵکی شەقامە بازنەییەکانن وەک زۆرێک لەخەڵکی شەقامە راستەکان کەوتوونەتە شوێنە لابەلایەکانی دونیا، شڤان یەکێکە لەوانەی وەک بازرگانێک دەچێتە زۆرێک لەوڵاتان، ئەو رۆژە لەدانیشتنێکدا گوتی:لەیەکێک لە فرۆکەخانەکان کاتێک دابەزیم، لەهۆڵی پێشوازی پۆلیسێک داوای پاسەپۆرتی لێکردم، کاتێک بینی خەڵکی یەکێک لەگەڕەکەکانی شەقامە بازنەییەکانم، فرمێسک لەچاوانی هاتەخوار، واقم وڕما، پۆلیسەکە بەدەنگێکی نووساوەوە گوتی: داوات لێدەکەم، ئەمڕۆ ئێوارە، کاتێک دەوامم تەواو بوو، دەبێ بێی بۆ ماڵی ئێمە، چونکە، هاوسەرەکەشم وەکخۆم خەڵکی گەڕەکەکانی نێو شەقامە بازنەییەکانە، رۆژ نییە، لەیادی شەقامە بازنەییەکان، چاوانی پڕ فرمێسک نەبێ،

Previous
Next
Kurdish