Skip to Content

“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”.. ئازاد حەمە

“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”.. ئازاد حەمە

Closed
by شوبات 16, 2026 General, Opinion

“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”
سهراب سپهری

بە لەبەرچاوگرتنی سێبەری فەلسەفیی نێو دەقە شیعرییەکانی سهراپ سپهری، پێمانوایە، سەمەرەییەکە لە شیعری (ئەو) دا لەوەدایە، کە نەگوتراوەکانی ناو شیعرەکانی هەروەک نەگوتراو دەمێننەوە. ئەمە، کە لە دەقە شیعرییە جیهانییەکاندا مایەی سەرنجی زۆرە لای (ئەو)یش نامۆ نییە. بەڵام تیشک خستنە سەر نەگوتراوەکانی ناو شیعر هەر ئەو لایەنە ناگرێتەوە، ئەوەش، کە وشەی ڕۆژانە و وشەی شیعریی دژبەرن. بۆیە دەپرسین: شیعر لە ڕوانگەی چییەوە لەبەرچاو بگیرێت؟ بەپێی ئەوەی ئەم گوزارە شیعرییەی سهراپ ڕێگە بە لێکدانەوەی دیکە دەدات؛ ئەوی لەم نووسینە کورتە دەگوترێت پەیپردنە بەو دیکەیە.
بەپێی ئەو گۆشەنیگایەی سەرەوە، زەردەخەنە لە گوزارە شیعرییەکەدا هەڵقوڵاوی ڕٶچوونەناو جۆرێکە لە جوانکاریی، کە بەردەوامیی هەیە. وەکیتر،زەردەخەنە ئاماژەیە لەسەر گومان، جا پەژراندنی (پەسەندکردنی) گومان بارێکە بە هەموو کەس هەڵناگیرێت. پەژرێنراویشە( سەلمێنراوە)، کە زەردەخەنە بارستایی نییە، لێ پڕ پڕیشە لە قووڵایی.
لەم سەرەتایەوە، دەخوازین بزانیین شیعرنووسین لە چی دەچێت؟ لە نووسینەوەی مەرگ؟ بۆ نا! لێ بۆن و بەرامی مەرگ لەناو شیعردا پەیبردنە بە نەگوتراوەکانی ناو خودی ژیان. بۆیە شیعر و نەگوتراوەکان مەرگ یەکیان دەخات، لەوە بگەڕێتەوە بێدەنگیی کۆیاندەکاتەوە. ئەوەی لەو دەربڕینە شیعرییەی سهراب سپهری دا(“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”) بەدیدەکەین ئەوە نییە، کە “شیعر بناغەدانەری بوونە لە ڕێگەی وشەوە”؟ ئەمە بەو مانایە دێت زمان تێڕامانی فەلسەفیی دەگوازێتەوە ناو بوونمان.
سهراپ سپهری ئەو دێڕە شیعرییە بەجۆرێک دەنووسێت، وەک بڵێێت: شیعر هەرخۆی جەوهەر essence ی خۆیەتی. گشت ئەوەی لای سەرەوەش گوترا زادەی ئەوە بوو، کە لەمیانەی ئەم گوزارە شیعرییەوە سهراپ سپهری مەتەڵێک دەگێڕێتەوە کە تا ئەوپەڕی سەرسامئامێزە: باری کاروانێک دەبێتە زەردەخەنە. بەڵێ ئەمە بۆ شیعر ڕەوایە. ئەی بۆ ژیان؟ ژیان والە شیعر دەکات ئاوارەبێت؛ شیعر شتێک بڵێت و ژیان شتێکی دی.
شیعر هەردەم لە دەربەدەرییدایە؛ کۆچەرە، ئێستا لێرەیە تاوێکی دی لەوێیە. ئەو بارگرانییەی شیعر دەیژیێت بەس خۆی تێیدەگات، کەم شت لەم گەردوونە وەک شیعر سەختییەکان دەژیت، کاتەکانی تەمومژاویانە بەسەردەبات؛ گەر وانەبێت چۆن ئەو دێڕەی سهراب سپهری لەدایکدەبێت.
شیعر لە گەڕانە بەدوای خاڵی وەرچەرخاندا؟ گەر بەڵێ، کەواتە شیعر دەزانێت چیدەکات!! شیعر کە زانی چیدەکات کەوابێت شیعر تەقەلایە بۆ وەرچەرخان. نەخێر وانییە. کاتێک سهراپ دەڵێت: “بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”لەو چرکەساتەدا شیعر بۆ سهراپ ڕووداوێکە؛ بیرکردنەوەیە. کەواتە شیعر دەکارێت ببێتە چەمکێکی فەلسەفیی. بەڵێ شیعر بیرکردنەوەیە، ڕاوی جەوهەری خۆی بەدەستی خۆی دەکات. ئەمە وادەکات بڵێین: شیعرنووسین داوای جۆرێک لە روناکبیریی لە شاعیر دەکات؛ ئەو روناکبیرییەی والە شاعیر دەکات لە ڕەچەڵەکی بەفر، ئاسمان، مێژووی هەناسە و ڕەنگ بەئاگابێت. باشە بۆ؟ چونکە شیعر شوێنی ڕاستەقینەی شاردنەوەی نهێنییەکانی جیهانە.
ناتوانین سەبارەت بە چییەتی شیعر هەردەم یەکدەنگ بین. لێ هەردەم هاوکۆکین سەبارەت بەوەی شیعر بەردەوامیی هەیە، هیچ نەبێت لەبەر جەوهەرە شیعرییەکەی. لەبەرئەوە هەق بە پۆل دۆمانە Paul de Man کە”تێڕامانی ئۆنتۆلۆژی”دەکاتە بناغە بۆ بابەتە ئەدەبییەکان. لێرەوە ئەوەش دەڵێێن،کە دووڕیانەکانی شیعرگەرایی سهراپ ،لەو تێگەیشتنە شیعرییەی هێمایبۆکراوە، بەرەو شوێنێکمان دەبات هێجگار دوورە، لێ هیچ کات دوورتر نییە لە خۆمان؛ لە بێدەنگیی و تارماییەکانمان. شیعرەکانی سهراپ خۆمانن لە جۆری وشە، شوێنکەوتەی ئەو نەریتەن کە باش باش شارەزان لە دڵته‌زین، چەشتنی دەردەسەری، هەڵماڵینی نهێنیی سروشت و ڕەچەڵەکی ڕەنگ.
لەسەر ئەو بناغەیەی لایسەرەوە بێت، شیعر بێگەرد و بێوەیە و هەر لەناو ئەو بێگەردیی و بێوەییەی خۆیشیدا دەمێنێتەوە؛ بۆیە ڕاستەقینەیە. کەم شتیش هێندەی شیعر ڕاستەقینەیە. شیعر، کە لەنێوان بوون و هیچبووندا هەردەم لە جەنگێکی بەردەوامدایە،هەرئەوەش چییەتی(ماهیەتیessence) یەکەی پێکدێنێت.
سەرئەنجام، شیعری سهراپ ڕێگایەکە بۆ دەربازبوون لە گوناهێک، کە چییەتیی خۆی بە جوانکاریی دەچوێنێت. چونکە تێگەیشتنی شیعریی سهراپ زادەی ئەوەیە بێکۆتایی و مەحاڵ لە دەوروخولماندان. سهراپ لەمیانەی ئەو گوزارە شیعرییەیەوە لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی شیعرەوە بێدەنگییمان، بنەما و توخمەکانی شیعرنووسین دەستکاریکات.
کۆتا گوتن ئاڕاستەی شیعرنووسینی ئێستای کوردیماندەکەم. گەر ئەوە وابێت،کە“دەبێت لە جەوهەری شیعرەوە لە جەوهەری زمان تێبگەین”لەم حاڵەتەدا چۆن دەکرێت دادوەریی بەسەر شیعری هاوچەرخمانەوە بکەین؟ بەداخەوە شیعری هاوچەرخی کوردی لە دۆخێکی نالەباردایە. شیعر وەک ناشیعر خۆینمایشدەکات و بەدەریشە لە هزر. وەکیتریش، شیعر بیرناکاتەوە، بۆیە زۆرێک لە دەقە شیعرییە هاوچەرخەکانمان لە ڕووی زمانەوانیی و جوانکارییەوە ناکاریگەرن.
ڕوون نییە شیعری هاوچەرخی کوردی زەمینەسازی بۆ چ شتێک دەکات! شیعریش لە ئێستای ئێمەدا هەروەک سیاسەت و شتەکانیترمان کارەستبارە؛ بەشدارە لە کارەساتباریی، لەکاتێکا شیعری کوردی دەبوو پرسی چییەتی شیعر و چییەتی زمان یەکخات. بۆیە شیعری ئێستامان”شیعرێکە هێشتا نییە”(نەهاتووەتە پێکهێنان). شیعری لەم جۆرە ناشیعرە؛ جارێ ماویەتی ببێتە شیعر. گەر کۆپلە شیعرێک، یان دێڕە شیعرێک لێرە یان لەوێ بەرچاوکەن شیعربوونیان تیابێت؛ هزر بەرهەمهێنەربن، ئەمە بەو مانایە نییە، شیعری هەنووکەی کوردی هەژاریی شیعریی ئێمەی بنەبڕکردووە. شیعری کوردی ئەمڕۆمان،ئەوەی ناوی شیعری هاوچەرخی لێدەنرێت، نەک هەر بێ هزرە، لەڕووی جوانکاریشەوە دەستکورتە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next