
ناساندێکی کورتی کتێبی (تۆفانی چاو)
پەندێکی کۆنی میسری هەیە دەڵێت: (گرفتێکی زۆر گەورەیە، لە ناخەوە باوەڕت وا بێت، هەموو ئەوەی بە سەرت دێن، بە هۆی چاوی پیسەوەیە، بەڵام هەرگیز نەزانی کە کەرێتیی خۆت سەبەبکارە.) ئەم پەندەی میسرییەکان جەخت لە گرینگیی فەلسەفەی بەرپرسیارێتی دەکاتەوە. ئەوەی گرینگە بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە پێویستە لە ئاست کارەکانی دا بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، بە شێوەیەکی عەقڵانی شکستەکان بۆ هۆکارەکان بگەڕێنێتەوە و هەرگیز خۆی وەک هۆکاری سەرەکی یان بەشێک لە هۆکارەکان نەدزێتەوە، هەمیشە مرۆڤێکی بەپاساو نەبێت بۆ هەموو کەوتنێک، یان خێرا بیانووی حازربەدەستی پێ نەبێت بۆ هەموو ئەنجامێکی خراپ و نەخوازراو و بەمە بەرپرسیارێتی لە شانی خۆی نەتەکێنێت، هەمیشە خەڵکی تر نەکاتە هۆکاری دۆڕان و سەرنەکەوتنی، چونکە تا مرۆڤ بەو شێوەیە بیر بکاتەوە، گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ژیانی دا ڕوو نادات و نایەوێت ڕوو بدات.
(تۆفانی چاو) ناونیشانی کتێبێکی سێ بەرگییە، کە بریتییە لە توێژینەوەیەكی فرەڕەهەند لە سەر ئاماژە و نیگا جیاجیاكانی چاو. ئەمەی ئێستا چاپ بووە بریتییە لە بەرگی یەکەم لە ژێر ناوی (مرۆڤ و چاوپیسی) کە بە سەر چەند ناونیشانێکی جیاواز، بەڵام پەیوەست بە یەک لە حەوت بەش دا دەکرێینەوە، تێکڕای ناونیشانەکان دەیانەوێ بە دەوری ئەو بابەتە دا بسووڕێنەوە، کە ئاخۆ مرۆڤ چی لە چاوپیسی داوە و چۆن ئەمەی داهێناوە و باوەڕی پێ هێناوە، یاخود ئەم بابەتە بۆچی و چۆن سەری هەڵداوە و بڵاو بووەتەوە و درێژ بووەتەوە و چیرۆکەکانی بەردەوام بوون و لە مێژەوە تا ئەم سەردەمە هاتوون و پێ دەچێت بەردەوامیش بن.
کورتەی پلانی کتێبەکە
بە کورتی لە بەشی یەکەم دا، پرسیاری چاوە پیسەكان بۆ؟ بەشێنەیی دەمانخاتە بەر هۆی هەڵبژاردنی ئەم بابەتە و دەروازەیەكمان بۆ ئەو مەبەستە کردوەتەوە، لەم دەروازەیە دا ڕەخنە لەو ناوەندە ڕۆشنبیرییە گیراوە كە ئەم جۆرە باسانەی خستوەتە پەراوێزەوە و ئەو هۆكارانە ڕوون كراوەتەوە كە بۆچی نووسەران و توێژەرانی كورد بە شێوەیەكی جیدی و ئەكادیمی و زانستی بایەخ بەم جۆرە توێژینەوانە نادەن و خۆیان لە قەرەی باسكردن لەم جۆرە دیاردانە نەداوە و نادەن.
لە بەشی دوەم دا گێڕانەوەیەکی مێژوویی دەخەینە ڕوو، لەم گێڕانەوەیە دا ئاماژە بە بۆچوونی پەیامبەرێک و فەیلەسووفێک دەکەین، بە گەڕانەوە بۆ بۆچوونی ئەم دوانە هەوڵ دراوە ئاشنایەتییەک بە بۆچوونی ئایینی و فەلسەفی لە سەر دیاردەی چاوپیسی دروست بکرێت.
لە بەشی سێیەمیش دا ئاماژە بە تێڕوانینى خەڵكى ئەمڕۆ دەکەین لە بارەی ئەم دیاردەیە و تێی دا سێ کۆمەڵەمان جیا کردوەتەوە.
لە بەشی چوارەم دا لە ژێر ناوی چاوپیسى و دیدگاى ڕۆشنبیران، باسمان لە تێڕوانین و هەڵوێستی ڕۆشنبیران و خوێندەواران کردوە لە بارەی چاوپیسییەوە، لەم بەشە دا ڕەخنە لەو دیدگا نازانستی و سەرپێییانە گیراوە كە هەندێ لە ڕۆشنبیران و نووسەران لە چیرۆك و سەرگوزەشتە و نووسینە ڕۆژنامەیییە جۆراوجۆرەكانیان باسیان لە دیاردەی چاوپیسی كردوە.
لە بەشی پێنجەم دا چاوپیسى و دەرکەوتنی وەک باوەڕێک لە ئەدەبی کوردی دا بووەتە بابەتی توێژینەوەکە و چەندین تێکستمان لە ئەدەبی کوردی دا هەڵداوەتەوە و بوونی ئەم باوەڕەمان دۆزیوەتەوە.
لە بەشی شەشەمیش دا باسمان لە چاوپیسى و لێكدانەوەكانى خەڵكانى ئاسایی کردوە و ئەو تێڕوانینە سادە و ساكار و نازانستییانەی خەڵكی ئاسایی لە سەر دیاردەی چاوپیسی هەیانە، خراوەتە ڕوو، دواتر لێكدانەوە بۆ هۆكاری سەرهەڵدانیان كراوە، بۆ بەشی حەوتەمیش وەکوو دوایین بەشی ئەم بەرگەی کتێبەکە، دواین قسە و کۆمەڵێک پرسیارمان لە سەر ئەم بابەتە خستووەتە ڕوو، بە چەند پرسیارێك هەوڵ دراوە پێوەندییەك لە نێوان ئەم بەشە و بەشەكانی داهاتوو دا ببەسترێت، ئەویش بۆ تیشك خستنە سەر لایەنە ناڕوون و نادیارەكانی ئەم بەشە لە سەر دیاردەی چاوپیسی. پاش ئەویش پوختە و ئەنجامی بەرهەمهاتووی ئەم بەرگەمان نووسیوە و ئینجا سەرچاوەكانمان داناوە.
گرینگیی توێژینەوەکە
ئەم بابەتە کەموزۆر و بە پێی دۆخی ژیان و ئەو دەورووبەرەی مرۆڤ تێی دا دەژی، گرینگیی خۆی هەیە و لای خەڵکێکی زۆر بە هەند وەرگیراوە، ئەگەر پێشتر چیرۆکەکانی لە ناو میللەتان دا دەماودەمیان دەکرد و بڵاو دەبوونەوە و بەبایەخەوە وەردەگیران، ئەمڕۆ لەوەیش زێدەتر تێ پەڕیوە و ئەو شەپۆلە هۆشیارییەی لە پشتییەوە ڕێنماییکارانی گەشەپێدانی مرۆیی بە کتێب و نامیلکە و هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو خۆراکی پێ دەدەن، لە سۆسیالمیدیا و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت، بەردەوام بابەتی ئامۆژگاریی ئەوە پەخش و بڵاو دەکەنەوە: هەموو کات دوعا بکە، نهێنیی خۆشەبەختیت بە چواردەورت مەڵێ، باسی پارە و سامانت مەکە، وێنەی منداڵەکەت و خۆشگوزەرانیت مەخەرە بەر چاو، با کەس نەزانێت چۆن دەژیت و …هتد.
نووسەری مەغریبی (ئەلئەخ ڕەشید) ئامارێکی بڵاو کردوەتەوە و دەڵێت:
(سەنتەری بیۆ بۆ توێژینەوە، ئامارێكی سەبارەت بە باوەڕبوون بە جادوو لە وڵاتانی ئیسلامیی بڵاو کردوەتەوە، لە توونس لە سەدا هەشتاونۆی بەشداربوانی ئامارەکە باوەڕیان پێی بووە، لە مەغریبیش لە سەدا حەفتاوهەشت بووە، بۆ پرسی بڕوابوون بە چاوپیسی و ئێرەیی لە توونس لە سەدا نەوەت بوو، مەغریبیەكان لە سەدا هەشتا بڕوایان بە چاوی پیس هەبووە.) هەروەها نووسەر جارێکی تر لەو کتێبە دەڵێت (لە جیهانی ئیسلام دا باوەڕبوون بە چاوی پیس و جادوو كێشەیەكە لای خەڵكی و بووەتە هۆی نەمانی متمانەی نێوانیان، خەڵکێکی زۆر بڕوای وایە دراوسێكانیان هۆكاری ئەوەن کە ژنیان بۆ نایەت و ئەوان جادوویان لێ كردوون، بەشێکی زۆر كچان دەڵێن جادوو هۆكاری شوونەكردن و شكستیانە لە پێوەندیی ژن و مێردایەتی یان سۆزدارییان.) ئەمانەمان تەنها وەک خاڵێکی گرینگ خستە ڕوو، دەنا لە توێژینەوەکە دا ئاماژە بە چەند خاڵێکی تری گرینگ کراوە.
هێڵە فکرییەکانی کتێبەکە لە چەند بۆچوونێکی خێرا دا
١- ئەگەر هیچ زانیارییەکمان لە بارەی شتێکەوە نەبێ، بە دڵنیایی زۆر زەحمەتە ئەوەی دەیڵێین ڕاستی بپێکێت یان بتوانین خۆمان لە هەڵە لا بدەین، بۆیە بەر لە هەر شتێک پێویستە ئەوە ڕابگەین کە زانیاریمان لە سەر ئەو بابەتە نییە، ئینجا هەوڵ بدەین تەندروستانە بیر لە بابەتەکە بکەینەوە، بۆ ئەوەی بابەتەکە لە کەشێکی ناڕەخنەیی و وەک ڕاستیی ڕەها دەرنەکەوێت، ئێمە کە تەنها بە زانیارییە پێشینەیییەکان و بڕیاری پێشوەخت لە شتەکان دەدوێین، دەبێ بزانین ئەوە تەنها هەستکردنەوە بە بوونی ئەو دیاردانە نەک بیرکردنەوە لێیان.
٢- ئەوە ئێمە نیین تەنها کە سەیری دیاردەکان دەکەین و دەخوازین بیریان لێ بکەینەوە و بڕیاریان لە بارەوە بدەین، بەڵکوو ئێمە خۆیشمان لە ناو دیاردەکان داین، بۆیە بیرکردنەوە لێیان، واتە بیرکردنەوە لە خۆیشمان. بیرکردنەوەیش لە خۆمان ئیمکانی گۆڕینی جیهان باشتر دەکات. ئەو دیاردەیەی لێرە دا لێی دەدوێین تەنها بابەتێک نییە بۆ بیرکردنەوە و گۆڕینی سەنگ و فۆڕمەکەی، بەڵکوو بەر لەوە ئەو بابەتە خۆی کاریگەریی لە سەرمان هەبووە و نیگای گۆڕیوین. ئەوە تەنها ئێمە نیین بایەخ بە دیاردەکان دەدەین، بەڵكوو ئەوە ئەوانیش فیشار لە بینین و ڕوانینمان دەکەن.
٣- ڕەنگە هۆکاری ئەوەی کە ناتوانین تەندروستانە و جیدی بیر لە دیاردەیەک بکەینەوە، ئەوە بێت کە هێندە لەو دیاردەیەوە نزیکین کە ئێمە لە ناوی دا تواوینەتەوە، یان هێندە نزیکین کە ئیتر هەستی پێ ناکەین، ئەم هەستپێنەکردنە هەستی ئاشنایەتیی تەواوەتییە کە کردوویەتی بە بەشێک لە خۆمان و ئیتر بۆ ئێمە شتێکی نامۆ نییە، کە نامۆ نییە واتە سەرساممان ناکات و شتێکی تێ دا نییە تووشی شۆکمان بکات و ڕامان بچەڵکێنێت، کە ئەوەیش نەبوو ئەوا ئەو بابەتە بەتەواوی بۆمان جێگەی بایەخ و گرینگیدان نابێت و پرسیاری لە بارەوە ناکەین، هەر وەک چۆن مرۆڤ پرسیار لە بارەی زۆر ئاشناکانی خۆیەوە ناکات.
کتێبی (تۆفانی چاو) توێژینەوەیەكی فرەڕەهەند لە سەر ئاماژە و نیگا جیاجیاكانی چاو، زنجیرەی ١٠٥ی کتێبە چاپکراوەکانی ناوەندنی کولتوورە بۆ چالاکیی ئەدەبیی و فەرهەنگی لە شاری هەولێر و بەپشتیوانیی د.هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٥ کە دووتوێی ٣٢٧ لاپەڕەی قەبارە مامناوەند دا چاپ کراوە.
