
بۆچی خوێندەواریی میدیایی؟.. ئاراس سەعید
“پێویستمان بەم هەموو زانیاریە نەبوو، ئێمە لەناوەڕاستی زەریایەکدا خەریکین نوقم دەبین؛لە زانیاری…”
Marguerite Duras
L’ amant de la Chine du Nord
پێشەکی
ـــــــــــــــ
مرۆڤی ئەم سەردەمە بەوە لە مرۆڤی سەردەمەکەی پێش خۆی جیادەکرێتەوە کە لە ناوتۆڕێکی ئاڵۆزی تەکنیکدا دەژی. قۆناغی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی قۆناغی دوای دەرکەوتنی میدیای نوێی و سەردەمی تەقینەوەی زانیارییەکانە، قۆناغێکە تێیدا میدیا خۆی لکاندووە بەکۆی کۆمەڵگەیی مۆدێرنەوە و هاوکات وەکوو عەمباری زانییاری و زمان حاڵی سەردەمەکەش دەردەکەوێت. هەر بۆیە چەمکی خوێندەواری لە ئێستادا زۆر لە مانا تەقلیدییەکەی فراوانترە کە تەنها لە توانای خوێندنەوە و نووسین و بڕوانامەیەک کوورت دەکرایەوە. لە دوونیای ئەمڕۆدا چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ و کارامەیی لە درووست بەکارهێنانی کارامەیییەکە و ئەگەر کەسێک نەزانێت چۆن مامەڵەی درووست لەگەڵ میدیا بکات ئەوا بە نەخوێندەوار دادەنرێت. لە جیهانێکدا کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی لێشاوی گەورەی زانیاری دەبینەوە، یان وەک ئەوەی مارگرێت دیوراس ئێژێت: “ئێمە لەناوەڕاستی زەریایەک لە زانیاری خەریکین نوقم دەبین” جا بۆ ئەوەی فێری مەلەوانی ببین و نەخنکێین، خوێنەواری میدیایی کارامەیییەکی جەوهەرییە.
با نموونەیەک بهێنینەوە، وابیهێنە بەرچاوت لە بازاڕێکی گەورەی قەرەباڵغدایت کە هەموو جۆرە کاڵایەک بە مارکە و کوالێتی و نرخی جیاوازەوە نمایش دەکرێت. بۆ ئەوەی باشترین کاڵا هەڵبژێریت، پێویستە کوالیتی کاڵاکان بناسیتەوە و نرخەکان بەراورد بکەیت و متمانەت بە ڕیکلامەکانی فرۆشیارەکان نەبێت. لەجیهانێکدا میدیا بووە بەپێویستییەک و تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیان، هەر لە منداڵان و هەرزەکاران و گەورەساڵانەوە کاتێکی زۆر بە شێوەی ئۆنلاین و لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبەن و زانیاری لێوە وەردەگرن و بەر پەیام و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەکەون، کە کاریگەری لەسەر عەقڵ و تەندرووستی جەستەیی و دەروونیان هەیە و ڕێگرە لەوەی ببنە هاووڵاتی هۆشیار و ڕۆشنبیر، خوێندەواری میدیایی بەتەواوی هەمان ئەو کارامەییە کە لەنموونەی بازاڕیکردنەکەدا پێویستمانە.
ڕەنگە بەسەر هەمووماندا هاتبێت کە لە کاتی گەڕان بۆ هەواڵێک لە سایت و پەیجەکانی هەواڵ یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تووشی هەواڵی سەیر و سەمەرە یان تەنانەت هەواڵی ناڕاست بووین و بڵاومان کردۆتەوە بەبێ ئەوەی وردبینیمان بۆ کردبێت و بزانین کە لەبنەمادا ئەو هەوڵە ڕاستە یان ناڕاستە، بەڵام دوای ماوەیەک بۆمان دەرکەوتووە کە هەواڵەکە لە دەنگۆیەک زیاتر هیچی تر نییە! ئەمە تاکتیکی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، کە بە پێی ئامانج و مەبەستی خۆیان ناوەڕۆک دەشێوێنن و واقیع لەقاڵب دەدەن و بڵاوی دەکەنەوە، هەر بۆیە گەربمانەوێت لە ڕاستی یان ناڕاستی هەواڵ و زانیارییەکان تێبگەین، دەبێت خوێندەواری میدییایمان هەبێت.
خوێندەواریی میدیایی چییە؟
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
“بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگایەک، سود لە یەک ڕەوشی سادە وەربگرن: سەرەتا دەستیان لەکتێب دووربخەنەوە، دواتر سەریان ڕۆبنێنە ناو تەلەفزیۆنەوە”
کارل پۆپەر
خوێنەواریی میدیایی / Media Literacy دیدێکی ناسەنی/ مەعریفیی و ڕەخنەگرانەیە کە یارمەتیمان دەدات لە ناسین و شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی پەیامە میدیاییە جۆربەجۆرەکان. هەموو بەرهەمێکی میدیایی بە ئامانجێک بڵاودەکرێتەوە، لە دونیای ئەمڕۆدا نەخوێنەوارەکان زۆر بە ئاسانی دەبنەنێچیری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تەنها ئەوانەی خوێندەواری میدیاییان هەیە دەتوانن پەیامە ئاڵۆزەکان ڕاڤەبکەن و ئامانجە شارەوەکانی پشت پەیامێک بدۆزنەوە کە لە ناوەڕۆکی تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامە، گۆڤار، کتێب، ڕیکلام، تابلۆی بازرگانی، ئینتەرنێت و میدیای نوێیدا هاتووە. بەکوردی و پوختی، خوێندەواری میدیا، توانای شیکردنەوە و ڕەخنەکردنی زیرەکانەی پەیامەکانی میدیایە، کارامەییەکە یارمەتیمان دەدات لە ناسینەوەی هەواڵ و زانیاری ساختە و تێگەیشتن لە مەبەست و نیازە شاراوەکان لە دەقی پەیامێکدا. بەزۆری میدیا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەبێت و هۆکاری ناردنی پەیامەکە و ئامانجەکانی بشارێتەوە.
میدیاناسی
ــــــــــــــــــ
میدیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دونیای ئەمڕۆدا. ئێمە لە ڕێگەی میدیاوە دەستمان بە زانیاری دەگات و پەیوەندیمان لەگەڵ جیهانی دەوروبەرمان دەبەستین. ئایا تائێستا بیرت لەوە کردۆتەوە کە جۆرە جیاوازەکانی میدیا چین و چۆن کاریگەریی لەسەر ئێمە بەجێدەهێڵن؟ میدیای مۆدێرن چ لێکچوون و جیاوازییەکی لەگەڵ میدیای تەقلیدی وەک ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەیە؟ هەرچەندە میدیا لە سەردەمی کۆنەوە بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە هەواڵەکانی ڕۆژ بوونی هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ میدیا ئیمتیازاتی تایبەتی بەدەستهێناوە و ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی ناسنامە و کەسایەتی مرۆڤدا هەیە.
بۆ نموونە/ تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەربگرین، ئەم تۆڕە زانیاری و ئارەزووەکانت وەردەگرێت و بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد شیکارییان دەکات و هەوڵدەدات بۆ ماوەیەکی زۆر سەرقاڵت بکات. ئەم پلاتفۆرمە بە شێوەیەک دروست کراوە کە ئالوودە بێت لەگەڵیدا، کاتێک دەچیتە ناو ئەم ئەپەوە، کۆتایی بە زانیاری و ناوەڕۆکی نوێ نایەت. بینینی هەر پۆستێکی نوێ یان شوێنکەوتنی هەر لاپەڕەیەکی نوێ پەنجەرەیەکی نوێ لە ناوەڕۆکەکەت بۆ دەکاتەوە، وە چیرۆکەکە کۆتایی نایەت کاتێک ئەم ئەپە دادەخەیت، ئاگادارکردنەوەکانی ڕات دەکێشنەوە کاتێک شتێکی نوێ بڵاودەبێتەوە، بۆ ئەوەی لەدەستت نەچێت!
وەزیفەی میدیا سەرنجڕاکێشان و ئالوودەکردنە. هەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندن و هەموو تۆڕێک هەوڵدەدات سەرنجی زیاتر ڕابکێشێت لە شەڕی سەرنجدان. هەربۆیە هۆشیاری و تێگەیشتنمان لەم تایبەتمەندییەی میدیا هەنگاوێک بەرەو پێشەوەمان دەبات.
تایبەتمەندییەکی دیکەی میدیا توانای قایلاندن و ئاراستەکردنی شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکە. لێرەدا دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە میدیا چ تەکنیکێک بەکاردەهێنێت بۆ ڕازیکردنی بینەر. چۆن دەتوانن بیرۆکەیەک یان باوەڕێکی درۆینە وەکوو ڕاستی دەربخەن؟
لەم نێوەندەدا، نابێت چاوپۆشی لە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی میدیا بکەین، وەکو بازرگانی ئۆنلاین، پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڕێکانت لە دوورەوە و تەنانەت دۆزینەوەی هاوڕێ کۆنەکان، فێربوونی کارامەیی نوێ، پێدانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی پەیامی هوشیاری هتد. ئەم ئەرکە ئەرێنی و گشتگیرانەی میدیا نهێنی دەسەڵاتەکەیەتی. لە جیهانی مۆدێرندا میدیا هێزی سەردەمەکەیە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بسڕدرێتەوە و هەروەها ناشتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
لەودیو پەنجەرە جادووییەکەوە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تەلەفزیۆن بۆ ئێمە لە منداڵیدا وەک پەنجەرەیەکی جادوویی دەردەکەوت کە مرۆڤە بچووکەکانی تێدا دەژیان. بەڵام وا دیارە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵان و گەیشتن بە تەمەنی دوو ساڵی، دەست دەکەن بە تێگەیشتن لە تەلەفزیۆن وەک میدیایەک. وردە وردە و لە نێوان تەمەنی سێ بۆ پێنج ساڵیدا، جیاکارییەکانی نێوان تەلەفزیۆن و ژیانی ڕاستەقینە زیاتر نەرم و نیان دەبن. هەروەک چۆن منداڵانی بچووک پێیان وایە کە هەموو ئەوەی لە تەلەفزیۆنەکان نمایش دەکرێن ڕاستەقینەن، منداڵانی کەمێک گەورەتر ڕەنگە تەواو پێچەوانەکەی بیربکەنەوە. لە دەوروبەری تەمەنی پێنج ساڵیدا، منداڵان بە گشتی کاردانەوەی بەرچاوتر نیشان دەدەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەلەفزیۆن هەندێکجار ڕاستەقینە و هەندێکجاریش نا. منداڵان لە تەمەنی ناوەڕاستی منداڵیدا (لە تەمەنی هەشت بۆ نۆ ساڵان) زیاتر ئاگاداری پاڵنەرەکانی بەرهەمهێنەرانی تەلەفزیۆن دەبن و لە ڕاستیدا تاڕادەیەک گومانیان لێدەبێت. ئەمە بۆ دوونیای ئەمڕۆش هەمان شتە، بۆ ئەوانەی خوێنەواری میدیایان نیە وادەزانن ئەوەی لەشاشەکەوە بەری دەکەوێت ڕاستەقینە، ئەمە جادووی شاشەیە، بەڵام ئەوانەی خوێنەواری میدیاییان هەیە توانایی کەشفکردن و خالیکردنەوەی جادووی شاشەکەیان هەیە و دنیای دەرەوەی شاشەکە وەک خۆی دەبینن.
شاشە و جیهانی سێبەرەکان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
یەکێک لەسەرەنجڕاکێشترین چیرۆکی ئەدەبیاتی فەلسەفەی ڕۆژئاوا (متیافۆڕی ئەشکەوت)ی (پلاتۆن)ە، کە هەزاران ساڵ پێش لە دایکبوونی پێشکەوتووترین و بەربڵاوترین فۆڕمەکانی تەکنەلۆژیا خراوەتەڕوو، بەدوان لەسەر سیستەمی دووانەی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی. هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی دنیای شاشە و فەزای ڤێرچواڵ، ئەفلاتوون، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بەلێهاتوویی لاسایی حەقیقەتیان دەکردەوە و سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد.
پلاتۆن، لە کتێبی حەوتەمی کۆماردا گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەنووسێت: وای دابنێ کۆمەڵێک کەس لەنێو ئەشکەوتێکدا دەژین، دەرگای ئەشکەوتە لەسەرەوەیە و لەوانەوە دوورە، دەرگاکەش هێندەی پانیی ئەشکەوتەکەیە و ڕووناکی لەوێوە بە نێو ئەشکەوتەکە دەگات. ئەو کۆمەڵە مرۆڤە لە منداڵییەوە لەوێ دانراون، مل و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە و ناتوانن ئاوڕ بدەنەوە. ڕوناکیش بۆ نێو ئەشکەوتەکە لە ئاگرێکەوە دێت کە لە پشتیانەوە هەڵکراوە. لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێکی درێژ هەیە. وای دابنێ لەبەردەم ئەو ڕاڕەوەدا، وەکوو چیغی بەردەم شانۆی بووکەشووشە بۆ هەڵسوڕانی بووکەڵەکان، دیوارێکی نزم هەڵچنراوە. وای دابنێ هەندێک کەس لەودیو دیوارەکەوە پەیکەری مرۆڤ یان ئاژەڵیان بەکۆڵەوەیە و لە بەرد و تەختە و شتی دیکە داتاشراون و هاتووچۆ دەکەن. هەندێکیان دەدوێن و هەندێکی دیکەیان بێدەنگن. ئەوەی پلاتۆ باسی دەکات سەیرە، کەسانی نێو ئەشکەوتەکەش سەیرن. ئەوان لە ئێمە دەچن. ئایا بێجگە لە سێبەری خۆیان و ئەوانی دیکە، کە لە ڕووناکی ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەردەمیان دەریدەخات، هیچی دیکە دەبینن؟ ئەگەر نەتوانن ئاوڕبدەنەوە چۆن دەبینن؟ ئەی لەبارەی ئەو بابەتەوە، کە تەنیا سێبەرەکانیان دەردەکەون؟ ئەگەر لەگەڵ یەکدا دوان، لەم باوەڕەدا نیت تەنیا ناوی ئەو شتانە بزانن، کە لەسەر دیوار، سێبەرەکەی دەبینن؟ ئەگەر ئەشکەوتەکە دەنگ بداتەوە، لەو باوەڕەدانیت کە لەگەڵ دەنگدانەوەکەدا سێبەرێک ببینن، وا هەست دەکەن دەنگەکە لە سێبەرەکەوە دەرچووە؟ کەوابوو بۆ کەسانی نێو ئەشکەوتەکە ڕاستی بێجگە لە سێبەرەکانی سەردیوارەکەی بەردەمیان هیچی دیکە نییە[ئەفلاتوون، کۆمار، بەشی حەوتەم، و/محەمەد کەمال، ل 229].
دەکرێت دوونیای شاشە، بە میتافۆری ئەشکەوت بچوێنین، دەرگیربوون بە فەزای شاشە پشتکردنە لە حەقیقەت و ڕووکردنە شاشە، ڕووکردنە لە دیوارەکانی ناوەوەی ئەشکەوت. دنیای شاشە وەکوو دۆگمەکانی ئەشکەوت فریودەرە و هەمان تەکنیکی هەیە، سەرەتا وا هەست دەکەین ئەوەی دەیبینین ڕاستەقینەیە، ئەو دەنگانەی لە شتەکانەوە دەردەچن هەمان دەنگی وێنەکانە، بەڵام لەبنەمادا ئەوەی دەیبنین سێبەری شتەکانە لە دنیای شاشەدا. پیشەسازی لەبەرگرتنەوە بەو شێوەیە واقیع لەقاڵبدەدات کە خۆی دەیەوێت، ئەوەی بەریدەکەوین فۆڕمێکی بێ ناوەڕۆکە، کە لەبنەمادا جەوهەر و واقیعی شتێکی دیکەیە. بەدیدی پلاتۆن لەبەرگرتنەوە حەقیقەت نییە و نابێتە حەقیقەتیش. لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، ناتوانین درەخت بناسین، ئەوانەی لە ئەشکەوتەکدا نیشتەجێن، تەنیا لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، درەخت دەناسن، بەڵام درەخت شتێکی دیکەیە. چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە. فەزای شاشە هاومانایە لەگەڵ هەریەک لەو دەستەواژەی (درۆزنەکان، نمایشکارە بووکەڵەییەکان، سۆفیستەکان و وەهمگەرەکان) هەموو ئەوانەی لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار)دا ئیدانەکراون، کە بەهەمان شێوەی شاعیران و دروستکەرانی دیکەی وێنە کە واقیع ساختە دەکات و بەو هۆیەوە پەردە لەسەر ڕاستییەکان دادەپۆشێت. وەکوو ئەوەی “سێلین برایۆن” دەیڵێت: “ئەگەر فەزای شاشە لەسەردەمی پلاتۆندا هەبووایە، بێگومان لە شاری ئایدیاڵی (فەیلەسوف_شا) قەدەغە دەکرا. چاپەمەنی و تەلەفزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت چی دەکەن، جگە لە دووبارەکردنەوە و لەبەرگرتنەوەی ڕووداوەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لە فەزای شاشەدا.