
پچڕان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر
(١)
پچڕانی هەنگاو
لە حەزی گەڕیدەیەک
بۆ مانەوە
باڵی مەلێکە
گوڵاوی هەموو باخەکانی هەڵگرت..و..
وونبوو
(٢)
هەر دڵۆپێ
لە چاوی هەور
وشەیەکە
ئاسمان
بە ئەڤین
بۆ زەمینێکی
دڵڕەقی نوسی
(٣)
بۆ پرسیار
دەربارەی ئازاری پچران
لە گەڵای وەریو
ببپرسە
چۆن
شاخوێنبەرەکانی جەستەی
تێکشکاوو
وەریوی
لە پەلی سەوزی دارێ
ئەبێتەوە
(٤)
پچڕانی بیرەوەری شارێ
لەو منداڵانەی
لە زەریادا
نوقوم بوون
تا ئێستاش
ڕایەڵەی خەونیان
لە قەدی دارسنەوبەرە
شەقار شەقارەکانی چیاکان
ناپچڕێ
پۆرترەیتی
ئەو ئافرەتانەش
مەدالیای
پیاوە زیندەبەچاڵەکانیان
لێ ناپچڕێ
ئەو کؤچەرانەش
لە ژێر پرچی
سپی خەونەکانیان
هەرچەندیان کرد
پۆلە کۆتری ڕەشی
ڕۆحیان
لە خاکی زڕی
وێرانە فیردەوس
ناپچڕێ
(٥)
هاوڕام لەگەڵ کازیوە
نمە باران
هەڵمی ئاو نیە
نە هەوریش
تۆپەڵە تەم
بە شیعر بەڵگەم هەیە
هەر دڵۆپە بارانێ
چنگێ مێوژی شیعرە
لە ووردە هەور!
(٦)
لە زەمەنی پچڕانا…
با خۆشبەختی بکەین
بە پیشە
بە خۆشەویستیش
ئالوودە بین
لە عیشقیشا
وەک کڵپە
لە کلۆ پشکۆدا
بتوێینەوە
(٧)
تیشکێ
کە ئە خزێ
لە تاشە بەردی
ئەستێرەکانی خەو
ژێی گیتاری بارانێکە
پڕ بوو
لە خوێنی ڕژاوی با
(٨)
با چی ئەبێ ببێ
لە ژێر تەرزە مانگی ژوانت
(٩)
وەک خزانی ئەفسانەی
شەو
لە چیای خەیاڵا
بەدواتا گەڕام
بە ڵام وەک ئەوسا
پریاسکەکەم
گوڵە نێرگزی
خۆری تیا نیە
نە چڕاکانی ساڵەکانیشم
ڕەوشەنتر
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی سویدی
Marcus Larsson / Hav i månsken