
لە ئاوێنەی خەیاڵدا.. شیعری: ستیڤان شەمزینی
من
لە قەسیدەیەکی بێ ناونیشان دەچم
رۆژگار ئەمنووسێتەوە
لە ئاوازێکی غەمگین ئەچم
مۆسیقارێکی سەرکەش دەیژەنێ
لە گوڵێکی سوور ئەچم
لە باخچەی عەشقدا سەوز بووە
لە گۆرانییەکی نامراد دەچم
لە قورگی تاساودا نایەتە دەرەوە
لە کۆترێکی تەریک و باڵشکاو ئەچم
هێلانەکەی بۆ ئەبەد لێ ون بووە
لە شاعیرێکی بێ هیوا و شێت ئەچم
تەنیا چیرۆکی نامۆیی خۆی دەنووسێتەوە
لە قەرەجێکی ئەسمەری بێ نیشتمان ئەچم
چوون لەم غەریبییە سەر ئەنێمەوە
ئەم غوربەتە
هەر رۆژەی پارچەیەک لە رۆحم دەوەرێنێ
ئەم غوربەتە
هەموو بەیانییەک گەڵایەک لە باڵام دەکاتەوە
ئەم غوربەتە
هەموو عەسرێ خەندەیەک لە لێوم دەدزێ
ئەم غوربەتە
هەموو ئێوارەیەک شادی لە خەیاڵەکانم دەتۆرێنێ
لەم غوربەتەدا
چاوەڕێم شەوێک تۆ بێی
لە دڵی پەروانەیی خۆتدا
گشت پارچە شکاوەکانی رۆحم کۆبکەیتەوە
هەموو شەوەکانم بێ تۆ یەڵدایە
یەڵدای من هەموو شەوێکە
شەوێک وەرە، کۆتایی بهێنە
بەو شەوە درێژانەی بڕانەوەیان نییە
شەوی یەڵدایە
سەدان شەو لە یەڵدای خۆمدا
بە دیار هاتنی تۆوە
مۆمی رۆحم داگیرساند
شەوی یەڵدایە
سەدان شەو لە تاریکیی بێ تۆیدا
بە کڵپەی پڕ گڕی دڵم
سەراپای جەستەی خۆم سووتاند
گەر تۆ بێی، چراکان خامۆش نابن، ئەستێرەکان کۆچ ناکەن
ئەگەر تۆ بێی دەریاکان لە شەپۆل ناوەستن، دەرگاکان داناخرێن
گەر تۆ بێی، شەو ماڵی بۆ پشتی تیشکی هەتاو دەگوازێتەوە
ئێوارە زەرد هەڵدەگەڕێ و سەری بۆ تاریکی گەردون هەڵدەگرێ
گەر تۆ بێی، من بەر لەوەی کراسی کۆچێکی سوور لەبەر بکەم
وەک مۆم، بۆ رووناکی هەنگاوەکانت هێدی هێدی ئەتوێمەوە
لە پەنجەرەی ژیانەوە سەیری مەرگ ئەکەم
لە نزیکەوە گۆڕی خۆم دەبینم
بە خەتێکی درشت لەسەری نوسراوە
ئەم لە رووبەڕووبوونەوەی مەرگدا ژیا
لە ململانێی ژیاندا مرد
دەمەوێ دوو دێڕی تریش زیاد بکەم
ئای چەند بارێکی قورس بووم لە تابووتی ژیاندا
هەروەک رەشەبا هاتم و بە چەشنی بروسکە تێپەڕیم
چەند سەفەرێکی کورت بوو، ژیان!!