زنجیره‌یه‌ك گوتار له باره‌ی ناسنامه (7-8) به‌ختیار عه‌لی
ناسنامه له نێوان یه‌كێتی سیاسی و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییدا
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
—————————-
قسه‌یه‌كی جوانی (نه‌سر حامد ئه‌بوزێد) له باره‌ی ناسنامه‌وه هه‌یه، ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ناسنامه وه‌ك پێدراوێكی كۆنكریت و نه‌گۆڕ دابنێین، ئه‌وه ژه‌هرێكی كوشنده‌یه.. ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌بوزێد به تایبه‌تی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزممان بیر ده‌خاته‌وه، به مانایه‌كی دیكه ئه‌و قسه‌یه له لایه‌ك ناسنامه وه‌ك ئایدیۆلۆجیا وه‌رده‌گرێت، له‌لایه‌كی دیكه ناسنامه و ناسیونالیزم له پیرۆزیی و ناوازه‌یدا ده‌بینێته‌وه، هه‌موو له‌یه‌كنزیكردنه‌وه‌یه‌كی ناسنامه و ناسیونالیزمیش دیدێكی دۆگمایانه به ناسنامه ده‌به‌خشێت، چونكه خودی ناسیونالیزم له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جگه له داكۆكیكردنێكی ناوازه، جگه له پرنسیبێكی سیاسی پیرۆز شتێكی دیكه نییه! ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌وه داكۆكیكردنی ناوازه‌یی ناسیونالیزمه پێیوایه ده‌بێ یه‌كێتییه‌كی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی به‌یه‌كه‌وه بگونجێنین، واته ده‌بێ یه‌كێتی سیاسی له سه‌ر یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زرا بێت، ئه‌وانه‌ی له نێو یه‌ك چوارچێوه‌ی سیاسی‌دا ده‌ژین، ده‌بێ بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كۆیان بكاته‌وه، ده‌بێ پیرۆزیی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كیان بخات، به‌و مانایه‌ش ده‌بێ ناسنامه‌یه‌كی پته‌و و نه‌گۆڕیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش جاڕدانی مه‌رگی ناسنامه و دابڕانی ناسنامه‌یه له گه‌شه‌كردن و پێكه‌وه ژیان و كرانه‌وه و به‌ره‌وپێشچوون، دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌دا.
(به‌ختیار عه‌لی محه‌مه‌د) ساڵی 1960 له شاری سلێمانی گه‌ڕه‌كی (ئیبراهیم پاشا) له دایكبووه، قۆناغی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی (شێخ سه‌لام) خوێندووه، دواتر ناوه‌ندی ئه‌زمڕ و دواناوه‌ندی هه‌ڵكه‌وتی هه‌ر له سلێمانی ته‌واو كردووه، له زانكۆی سلێمانی چۆته به‌شی (جیۆلۆجی- زه‌وی ناسی) و كاتێك زانكۆی سلێمانی گوازراوه‌ته‌وه بۆ شاری هه‌ولێر ئه‌ویش له هه‌ولێر درێژه به خوێندن ده‌دات، له سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا له خۆپێشاندانی قوتابیاندا به‌شدار ده‌بێت و بریندار ده‌بێت و بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته زیندانی به‌عسییانه‌وه، پاش ده‌رچوونی له زیندان به یه‌كجاری واز له زانكۆ ده‌هێنێ و هه‌ر له‌و كاته‌دا چامه‌ی (نیشتمان) بڵاو ده‌كاته‌وه، له ساڵی 1985 روو له چیاكانی سه‌ر سنور و كوردستانی ئێران ده‌كات، له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی خوێناوی عیراق و ئیران ده‌ستنوسی یه‌كه‌مین رۆمانی به ناوی (مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌م) ئاماده ده‌كات و وه‌ك ده‌ستنوس ده‌مێنێته‌وه و پاشان له دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 به چاپی ده‌گه‌یه‌نێت… له ساڵی 1994 روو له دیمه‌شق- سوریا ده‌كات و دوای نۆ مانگ له مانه‌وه‌ی له‌وێ ده‌چێته ئه‌ڵمانیا تا ساڵی 1999 له شاری فرانكفۆرت ده‌مێنێته‌وه، پاشان بۆ شاری كۆڵن ده‌گوازێته‌وه… نوسه‌ر وه‌ك بیروڕا دژ به ئایدیۆلۆجیای تۆتۆلیتار و بیر ته‌سكی ئه‌ده‌بی و سیاسی و فه‌لسه‌فی وه‌ستاوه، بره‌و به بیری عه‌لمانی ئازاد و چه‌مكی جیاوازی و دیموكراسی ده‌دا. نزیكه‌ی (30) كتێبی له شیعر و رۆمان و لێكۆڵینه‌وه چاپ و بڵاو كردۆته‌وه، به‌رهه‌مه‌كانی بۆ سه‌ر زمانی فارسی، عه‌ره‌بی، توركی، ئینگلیزی، سویدی، ئه‌ڵمانی ته‌رجه‌مه‌كراون، له سایه‌ی وه‌رگێڕانی رۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا) بۆ زمانی ئه‌ڵمانی له 10/12/2017 خه‌ڵاتی (نیلی زاكس)ی له شاری (دۆرتمۆند) پێبه‌خشراوه.
(به‌ختیار عه‌لی) یه‌كێكه له‌و نوسه‌ر و ره‌خنه‌گرانه‌ی دنیا، كه به شێوه‌یه‌كی مۆدێرن دژ به بیر ته‌سكی ئایدیۆلۆجی و فه‌لسه‌فی قسان ده‌كات، بۆیه له پێناسه‌ی ناسنامه‌ی كوردیدا ئه‌و یه‌كیه‌تییه سیاسییه‌ی باسمان كرد و ئه‌و بنبه‌ستبوونه ده‌خاته به‌ر به‌دواداچوون و ره‌خنه‌ی فیكرییه‌وه… بێگومان له قسه‌كردن له باره‌ی ناسنامه و چه‌مكی ناسنامه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نابێ ئه‌و یه‌كێتییه سیاسییه‌ی نێوان ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزم و ناسنامه له بیر بكه‌ین، چونكه گرنگترین شت بۆ سیستمی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وه‌یه، كه كۆمه‌ڵگا خانه خانه بكات، پرۆسه‌ی خانه خانه‌كردنی كۆمه‌ڵگا جگه له تێكه‌ڵكردنی ناسنامه و ناسیونالیزم، شتێكی دیكه نییه، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌میشه ئایدیۆلۆجیای سیاسی و ناسیونالیزم تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌خاته نێو ئه‌و خانانه‌ی بۆی ئاماده كردووه، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش له كایه‌ی ئایدیۆلۆجیای سیاسی و ناسیونالیزمی كوردیدا هه‌وڵی ناساندنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌درێت و ناسنامه‌یه‌كی دیاریكراویان پێده‌به‌خشرێت! به‌ڵام مرۆڤ نابێ له كایه‌ی سیاسیی‌دا بۆ ناسنامه‌ی خۆی بگه‌ڕێت، به‌ڵكو وه‌ك به‌ختیار عه‌لی له كتێبی (جوانییه‌كانی ناڕێكی، ل126، 147،212)دا ده‌ڵێت: مرۆڤ ده‌بێ له مێژوو و ئایین و سیاسه‌تدا بۆ ماناكانی بوونی خۆی بگه‌ڕێت. چونكه كێشه‌ی مرۆڤ له دیدی به‌ختیار عه‌لیدا به پله‌ی یه‌كه‌م وه‌ك چۆن (عه‌لی حه‌رب) ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ خۆیدایه، كه‌سێك نه‌توانێ خۆی دروست بكات، كه‌سێك نه‌توانێ خۆی ئازاد بكات، ناتوانێ له ئازادكردنی كه‌سانی دیكه‌دا یان له گۆڕینی واقیع و بونیادنانی كۆمه‌ڵگادا به‌شداری هه‌بێت… له كتێبی جوانییه‌كانی ناڕێكیدا پێیوایه مێژووی ئێمه‌ی كورد مێژووی توانه‌وه‌ی خوده له ئه‌ویدیدا، مێژووی تێڕامانی خوده له ئه‌وانیدیدا، گه‌ر چاوێك هه‌بێت ئێمه له رێگایه‌وه سه‌یری خۆمان بكه‌ین، ئه‌و چاوه‌یه، كه له ئه‌وانیدیكه قه‌رزكراوه…
خۆرهه‌ڵات له مێژوو به‌ده‌ره، ئه‌و قسه‌یه به‌و مانایه‌یه، كه سیاسه‌ت له خۆرهه‌ڵاتدا ئه‌و كه‌ره‌سه و رێگره‌یه كه ناهێلێ مێژوو ده‌ست پێبكات. سیاسه‌ت هه‌رگیز له خۆرهه‌ڵات ئه‌وه نه‌بووه، كه بانگده‌رانی جاڕی بۆ ده‌ده‌ن، سیاسه‌ت به‌وه شكاوه‌ته‌وه كه مرۆڤه‌كان له جوغزی ناسنامه‌یه‌كی ته‌سكدا، له جوغزی شه‌ڕێكی دوورودرێژی مان و نه‌ماندا قه‌تیس بكات…
له كتێبی (له دیاره‌وه بۆ نادیار)دا ده‌ڵێت: كاتێك كلتوری كوردی، پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كانی له فیكردا ده‌كوژێت، ناتوانێ له سیاسه‌تدا به ده‌ستی بهێنێته‌وه. وه‌ك ده‌بینین پرسیاری جه‌وهه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی كوردی له فیكردا ونه، وه‌ك چۆن پرسیاری تاكی كوردی له ناسنامه‌دا نادیاره! ناسیونالیزمی كوردی هه‌رگیز بیری له پرسیاری جه‌وهه‌ری نه‌كردۆته‌وه، وه‌ك چۆن تاكی كوردی بیری له جیاوازی و مرۆڤایه‌تیبوونی ناسنامه نه‌كردۆته‌وه، هه‌رگیز ناسیونالیزمی كوردی پرسیاری خۆی له خه‌ونی گه‌وره‌دا نابینێته‌وه، وه‌ك چۆن تاكی كوردی تایبه‌تمه‌ندی ناسنامه به هه‌ند نازانێت… ناسیونالیزمی كوردی به درێژایی مێژوو دراسه‌كردنی خه‌ونی گه‌وره‌ی به ئه‌ركی خۆی نه‌زانیووه، به درێژایی ده‌یان ساڵی مێژوو مرۆڤی كوردی بۆ خه‌ونی گه‌وره ئاماده نه‌كردووه… به‌ڵكو پشتی به فاكته‌ره غه‌یبی و خورافییه‌كانه‌وه به‌ستووه، هێزی ناسیونالیزمی كوردی له بری ئه‌وه‌ی ئومێدی خۆی له سه‌ر ئه‌رزی واقیع بونیاد بنێت، له بری ئه‌وه‌ی ئومێدی راسته‌قینه به تاكی كوردی ببه‌خشێت، خورافه‌تبازی كردۆته پیشه، له بری ئه‌وه‌ی ترسی له واقیع هه‌بێت، ترسی له سه‌ر خورافه‌ت بونیاد ناوه… ناسیونالیزمی كوردی به هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی فه‌رامۆش كردووه، به هه‌موو مێژووی خۆی به هیچ جۆرێك نه له رووی ده‌روونی و نه له رووی فیكری و سیاسی و عه‌قڵییه‌وه تاكی كوردی بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت ئاماده نه‌كردووه، وه‌ك چۆن نه جیهان، نه ده‌وروبه‌ری خۆی بۆ رووداوێكی له‌و جۆره ئاماده نه‌كردووه.
كۆی ئه‌و قسانه بۆ ئه‌وه نییه، وێنه‌ی ناسیونالیزمی كوردی به قه‌ڵه‌مێكی ره‌ش بكێشم، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه ره‌نگه‌كانی ناسنامه وه‌ك چه‌مكێكی نزیك له چه‌مكی ناسیونالیزم له دیدی به‌ختیار عه‌لی دیاری بكه‌م… به‌ڵام هه‌رگیز من له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكانه دژ نایه‌مه‌وه، كه له یه‌ك شوێن و زێددا له دایكبوون، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه ناگونجێم كه ناسنامه له ناسیونالیزمی كوردی ده‌گرێ، ناسیونالیزم وه‌ك كۆنكریت و نه‌گۆڕ سه‌یر ده‌كات، نه‌ك وه‌ك راپرسییه‌كی رۆژانه!
به‌ڵام ناسنامه له دیدی به‌ختیار عه‌لی نزیكه له ته‌ماشاكردنی نه‌ته‌وه وه‌ك راپرسییه‌كی رۆژانه، نزیكه له بوونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له داكۆكیكردنی هه‌تا هه‌تایی له ژیان، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه تاكه كه‌سه رۆژانه هه‌ڵوێستی خۆی به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه دیاری ده‌كات، ئه‌وه تاكه كه‌سه رۆژانه دیدی خۆی بۆ ناسیونالیزم، ناسنامه… نوێ ده‌كاته‌وه. وه‌ك ده‌ركه‌وتووه چه‌مكی ناسنامه چ وه‌ك چه‌مكێكی سێنترال و چ وه‌ك چه‌مكێكی ئایدیال، ترسناكترین چه‌مكه كه بشێ هه‌ردوو رۆڵی پۆزه‌تیف و نێگه‌تیف پراكتیزه بكات. دوێنێ رۆڵی كاریگه‌ری له هوشیاركردنه‌وه‌ی گه‌لان و پراكتیزه‌كردنی خود ده‌گێڕا! ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام له كێشه و ململانێ و وێرانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كاندا تۆخ ده‌كرێته‌وه…
به‌ختیار عه‌لی له كتێبی (چێژی مه‌رگدۆستی، ناوه‌ندی رۆشنبیریی و هونه‌ری ئه‌ندێشه- سلێمانی، ل 80) ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه، كه هه‌میشه گه‌لانی ده‌ستڕۆیشتوو، هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی داگیركا‌ر وێنه‌یٍه‌ك بۆ خۆی ده‌كێشێ (یان به مانایه‌كی دیكه رووییه‌كی ناسنامه‌ی خۆی پێشان ده‌دا) كه دواتر كه‌سانی بنده‌ست ده‌بنه كۆیله‌ی ئه‌و وێنه‌یه و كۆیله‌ی ئه‌و رووه له ناسنامه، كۆی په‌رچه‌كرداره‌كانیشیان ده‌بێته وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و وێنه‌یه، خه‌ڵكانی بنده‌ست له به‌ر رۆشنایی ئه‌و وێنه‌یه چاوه‌ڕوانیه‌كی تایبه‌ت په‌روه‌رده ده‌كه‌ن! هه‌ر له‌و كتێبه‌دا نموونه‌یه‌كی زۆر جوان ده‌هێنێته‌وه، نموونه‌ی داگیركاری ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، نموونه‌یه‌ك كه به‌مڕۆش راده‌گات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێ له سایه‌ی حیزبی به‌عس هه‌موو شێوه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌یبه‌تی خۆیان و ئاڕاسته و مانای خۆیان له ده‌ستده‌ده‌ن و ده‌بنه پاشكۆی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس. له‌و نموونه‌یه‌دا باشترین پرۆفیسۆر ئه‌وه نییه، كه باش بیر ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه باشتر بۆته به‌عسی… ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌مڕۆی پێپێوانه بكه‌ین، هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵی ناوێت، زۆر روونه ده‌یه‌وێت بڵێت، ئه‌وه ناسنامه‌ی به‌عسییانه‌یه به پێی فاكته ناوه‌كی و بیركردنه‌وه و هه‌ست و ئاره‌زوو و دنیابینیه‌كانی گوزارشت له خۆی ده‌كات، ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ره‌های به‌عسییه‌ته به پێی كاریگه‌ره ده‌ره‌كی و گۆڕانكاره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خۆی ده‌نوێنێ.
خۆبه‌ستنه‌وه‌ی كوردی به وێنه‌ی به‌عسه‌وه، ته‌ماهیبوون به ناسنامه‌ی به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی ره‌های به‌عسییه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ی گوزارشت له كۆمه‌ڵێ كاره‌ساتی مرۆیی ده‌كات، جگه له‌وه‌ی بێنرخكردنی مرۆڤی لێده‌بێته‌وه، جگه له‌وه‌ی ده‌لاله‌ت له شۆفێنییه‌ت ده‌كات، جگه له‌وه‌ی سته‌م و زۆرداری و ملهوڕی ده‌نوێنێ… هه‌ڵگری باوه‌ڕێكیشه كه پێیوایه حه‌قیقه‌تی ره‌ها ته‌نها لای ئه‌وه، ئه‌و نوێنه‌ری راستی و باشترینه… به‌ڵام ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه جگه له تووندوتیژی و دواكه‌وتن و هه‌ژاری، جگه له تاك ناسنامه‌یی و ره‌سه‌نایه‌تی بێ بنه‌ما هیچی دیكه نییه! ئه‌مڕۆ دنیا، دنیای بیروڕای جیاواز و فره كلتووری و فره ناسنامه و كرانه‌وه و ره‌نگاوڕه‌نگییه، دنیای داهێنان و ئازادی و تێپه‌ڕاندن و بونیادنانه‌وه‌یه، نه‌ك بنبه‌ستبوون و تووندوتیژی و ته‌نگژه‌سازی و نه‌گونجان! كه‌واته ئێمه‌ی كورد له به‌رده‌م دروستكردن و پێكهێنان و هاوگونجانین، له به‌رده‌م قبوڵكردنی جیاوازیداین…